خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی”با زۆر شت لە گەڵ خۆی نابا”

ناساندنی کتێبی”با زۆر شت لە گەڵ خۆی نابا”

?ناساندنی کتێبی”با زۆر شت لە گەڵ خۆی نابا” تێکڕای کورتە وتەیەکی تایبەتی نووسەر, هێمن عەبدوڵلا پوور، دەزگای چاپەمەنی گوتار،۱۳۹‎٦

?چیرۆکەکانی ئەو کۆمەڵە چیرۆکە لە بارودۆخێکدا نووسراون کە هیچ مەودایەک بۆ مانەوە لە ژووری تاقەکەسیدا نەدەما و ئاڵۆزی و توندوتیژی گەلێک وا لە نێو کۆمەڵگای ئینسایدا بەردەوام ڕووی دەدا، نووسەری بەرەو ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دەرەوەی دونیای خۆی و کەلکەلە گشتیکانی ناو کۆمەڵگا، هەڵبەت بە زمانی چیرۆک، هان دەدا. بە دڵنیاییەوە لە زۆربەی چیرۆکەکانی ئەو کۆمەڵە چیرۆکەدا شوێن ی ئەو بەرەنگاربوونەوەیە بە ڕوونی دیارە.

با زۆر شت لە گەڵ خۆی نابا

?ئەو کۆمەڵە چیرۆکە سەرجەم حەوت چیرۆک و کورتە چیرۆکی لەخۆی گرتووە و لە ٨٦ لاپەڕەدا لە لایەن چاپەمەنی گوتار لە چاپ دراوە.

 

✨کورتە وتەیەکی تایبەتی نووسەر بۆ “ماڵی کتێبی کوردی” بە بۆنەی چاپی کتێبی”با زۆر شت لەگەڵ خۆی نابا”✨

?من دەنووسم؛ خۆم بە هاوڕێی وشە و ڕستە و دێڕ دەزانم. هەڵبەت ئەوەی‌ کە ئەوان چەندە من بە هاوڕێی خۆیان دەزانن، ئەوە نەک بۆ من بەڵکوو بەجوانی بۆ کەس ڕوون نییە؛ بەڵام بە ئەرخەیانییەوە دەتوانم بڵێم کە ئەوانە کەرەستەی پێک‌هاتنی یەکێک لەگەورەترین دڵخۆشییەکانی منن؛ کەرەستەی پێوەندی نێوان من و بیرۆکە و شادی و سەرخۆشی و خەم و ماتەمینەکانم؛ کەرەستەی پێوەندی نێوان دونیای ئێستای من و دەیان دونیای تایبەت و ئاسایی کە یان تێیاندا ژیاوم یان لێیان هەڵاتووم و یان هەوڵم بۆ وەدی هاتنیان داوە. ئەو دونیایانه‌ی وا زۆر جار بە دەستیانەوە یان لە ناخی دڵمەوە گریاوم یان لە قووڵایی دڵمەوە بە شاگەمە و کایه و گاڵتەکانیان پێکەنیوم، یان هێندێک جاریش بێ‌دەسەڵات تەنیا بە چاو تێبڕین و سەر ڕاوەشاندنێک، لە بەجێ‌هینانی ئەرکی ڕاستەقینە، خۆم پەڕاندۆتەوە.
هەروەک گوتم خۆم بە هاوڕێی وشە و ڕستە و دێڕ دەزانم و بۆ هەڵویست گرتنم بەرانبەر به دونیای خۆم و دەرەوە هیچی دیکە جگە لەوانە شک نابەم و لە پێناو ئەو هاوڕێیەتییەدا زۆر جار تووشی سەرلێ‌شێواوی و ئاڵۆزییەکی سەیر و سەمەرە هاتووم. بۆ وێنە هێندێک جار وشە بۆتە یەکێک لە نۆتەکانی مۆسیقا و دەست لە ناو دەستی نۆتەکانی دیکە لە ڕەشبەڵەکی خۆشیەکانمدا، لەناکاو ماڕشی ماتەمینی سەرەخۆشی منداڵێکیان ژەندووە و سەر لەبەری دونیای منیان تێکەڵ به دژوازییەک لە نێوان بەجێ‌هێنانی ئەرکی مرۆڤایەتی و دابڕان لەو ئەرکە کردووە و بوونەته بەستێنێکی بەردەوام بۆ نەخشاندنی شێتانەی چەندین وشە و ڕستە و دێڕی وەدەنگهاتوو لە ناخی بیرۆکەکانم بەسەر سینگی لاپەڕەکانمەوە. ئەوجار لاپەڕەکانم بوونه‌ته لانکەیەکی شل و شەوێق بۆ حەوانەوەی یەک لە چەندین زام؛ یەک لە دەیان بیرۆکە و یەک لە سەدان خەون و چاوەڕوانی کەڵەکەکراوی وەدینەهاتووی نێو مێشکمدا.
ئێستاش ئەوە ئێوە و ئەوەش دونیای چیرۆکەکانی دووهەمین کۆمەڵە چیرۆکم. بەو هیوایە کە بتوانن لە مێژووی چیرۆکی کوردیدا، جێیەکی هەرچەند چکۆلە بۆخۆیان بکەنەوە و ڕەنگی هەرمانیان لێ بنیشی.

لە گەڵ ڕێزمدا
هێمن عەبدوڵلا پوور

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *