خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕانانی کتێبی «ڕێڤینگ» بەرهەمی عەباس غەزاڵی

ڕانانی کتێبی «ڕێڤینگ» بەرهەمی عەباس غەزاڵی

ڕانانی کتێبی ڕێڤینگ بەرهەمی عەباس غەزاڵی

مەهیار ئەحمەدی/ خوێندکاری بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان لە سنە

کتێبی ڕێڤینگ، نووسینی عەباس غەزاڵی میرخان، بە تیراژی ۱۰۰۰ دانە و لە قەبارەی لاپەڕەی ۲۱ × ۱۴٫۵ لە دووتۆی ۱۸۴ لاپەڕە بە کوردیی ناوەندی لە لایەن چاپ و بڵاوگەی کۆمەڵگای فەرهەنگیی ئەحمەدێ خانی-یەوە و بە ژمارەی سپاردنی ۱۰۷۷ی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە زستانی ۲۰۲۳ی زایینی بڵاوکراوەتەوە.

ئەم کتێبە دەچێتە خانەی سەفەرنامەی فەرهەنگییەوە و ئەگەر بمانەوێ ڕانانێک لەسەر ئەم کتێبە بنووسین باشتر وایە سەرەتا بە ناوی کتێبەکەوە (ڕێڤینگ) دەست‌پێبکەین و بزانین بە چ واتایەکە و لە کام زاراوە و شوێنەوە هاتووە و بۆچی عەباس غەزاڵی بۆ سەفەرنامەکەی ئەو ناوەی بەکارهێناوە. لە لاپەڕەیەکی پێش دەستپێکی کتێبەکەدا غەزاڵی بەم شێوەیە باس لەم ناوە دەکات: «”ڕێڤینگ” واژەیەکی کۆنی کوردیی ناوچەی بادینان و بنزاری بارزانە. ئەم وشەیە لە زاراوەی کورمانجیی سەروو بە واتای ڕێبوار دێت. لە مانا زمانییەکەیدا واتە کەسێک کە بە ڕێگەیەکدا دەڕوات، بەڵام لە واتا ئەدەبییەکەیدا ئاماژە بە کەسێک دەکات کە لەسەر باوەڕ و ڕێبازێکە، لەم سەفەرە فەرهەنگییەمدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەم ناوەم بۆ سەفەرنامەکەم هەڵبژاردووە».

ئەگەر بڕوانینە پێڕستی کتێبەکە، دەردەکەوێت کە هەر لە لاپەڕەی ژمارە یەکەوە بە بەراییەک سەبارەت بە سەفەرەوە دەست‌پێدەکات. لە لاپەڕەی ۵دا بەشی یەکەمی سەفەر بۆ سنە و لە لاپەڕەی ۲۸ـەوە بەشی دووهەمی سەفەری سنەی نووسیوەتەوە. لە درێژەدا باسی ئەم شوێنانەدا دەکات: فڕۆکەخانەی هەولێر، تاران، ساوە، هەمەدان، کرماشان، ڕەوانسەر، جوانڕۆ، پاوە، گەڕانەوە بۆ کرماشان، کۆنگرەی گەشەی هەورامان لە زانکۆی ڕازی، گەڕانەوە بۆ تاران و بەرەو ماڵ. لە کۆتایی گەشتەکەیدا پاشکۆیەکی داناوە و پاشان ئەلبوومی وێنە و پێڕستی ناوەکان دوابەشی کتێبەکە پێک دەهێنن.

عەباس غەزاڵی

لە بەشی “بەرایی” کتێبەکەدا عەباس غەزاڵی بە باسکردنی گرنگایەتیی سەفەرەوە دەستپێدەکات و دەڵێ: «سەفەر مەودای بیر و بەرینایی دیدی مرۆڤ بەرینتر دەکات. سەفەر قوتابخانەیەکی گەڕۆکە کە وانەی ژیان و زانستی لێ‌وەردەگرین. هەروەها باس لەوەدەکات نەتەوەگەلێک کە سەفەری زۆرتریان کردووە، زووتر و زۆرتر پێشکەوتوونە». هەروەهاش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو گەڕیدانەی کە سەردانی کوردستانیان کردووە لەبارەی کوردەوە نووسیویانە، کەچی وەک کێشەیەک ئاماژە بەوە دەکات کە بۆچی کوردەکان کەمتر لەبارەی خۆیانەوە نووسیویانە و کەمتر سەفەریان کردووە تا گەلانی‌تر بناسن؟! لە لاپەڕەی دووهەمەوە باسی لەوەکردووە کە ئەمە بە ئەرکی کورد دەزانێ کە قەڵەمی هەڵ‌بگرێت و کۆمەڵگای خۆی بە جیهان بناسێنێت و ئەم سەفەرەشی بەم نیگایەوە کردووە و ئەم کتێبەی نووسیوە تا وەک کەسێک کە سەفەری بۆ چەند وڵاتی دیکەی جیهان کردووە، سەفەرێکیش بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات بکا و گەشتنامەیەک لەو بارەوە بنووسێت.

لاپەڕەی ۵ کە بەشی یەکەمی سەفەرەکەیە بۆ سنە بە شیعرێکی مامۆستا هێمنەوە سەبارەت بە سنە دەستپێدەکات و شاری سنە بە شاری هونەر و فەرهەنگ ناودەبات. پێش لە هەموو شتێک بە باسی میعماریی شارەوە دەستپێدەکات. لە درێژەدا دەبینین کە بۆ زۆربەی ئەو شارانە کە لە سەفەرنامەکەدا هاتوون، بە تێروتەسەلی باسی میعماریی کردووە و زۆر جێگەی سەرنجی بووە. میعماریی سنە وەک میراتێکی کۆنی سەردەمی سەفەوی و قاجاڕ پێناسە دەکات. هەروەها یەک بە یەک ناوی هەموو بینا کۆن و مێژووییەکان کە میعمارییەکی تایبەتیان هەیە دەهێنێت. لە لاپەڕەی ژمارە ۶ باسی پیشەسازیی دەستیی سنە دەکات کە وەک هونەرێکە لە دیاردە شارستانییەکانی ئەم‌ شارە. لاپەڕەی دوایی بە باسی گرنگیی مۆسیقای سنەوە دەستپێدەکات کە لە سەرەتادا ناوی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی وەکوو کەسایەتییەکی ناوداری جیهانی دێنێت. هەروەها لە لاپەڕەی هەشتەمدا ئاماژە بە دەستنیشان‌کردنی شاری سنە لە لایەن یونسکۆوە وەک شاری مۆسیقا دەکات و دەڵێ کە لەوکاتەدا نامەی پیرۆزباییم بۆ سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە سنە (د. ڕەحمەت سادقی) بەڕێ کردووە.

هەر سەبارەت بە سنە ئاماژە دەکات بۆ بایەخی سینەما و شانۆی سنە و مامۆستا بەهمەن قوبادییەوە کە وەک هاوڕێ و هاوکاری خۆی ناوی لێ‌دەبات. لە لاپەڕەی ژمارە ۱۰، مەریوان وەکوو شارێکی هەرە گرنگ لە باری شانۆی سەر شەقامەوە دەناسێنێت. دیسان دەگەڕێتەوە بۆ باسی شاری سنە و خەڵکانی ئەم شارە بە ژینگەدۆست ناودەبات. لە کۆتاییی لاپەرەی ۱۱دا باسی مامۆستا هادی زیائوددینی کراوە کە شاکارەکانی لە جیهاندا ناسراون و نموونەکانی پەیکەری مەیدانی ئازادیی سنە و پەیکەری مەستوورەی ئەردەڵانن.

لە لاپەڕەی شازدەوە باسی زانکۆی کوردستان دەستپێدەکات، کە من خۆم وەکوو خوێندکاری بەشی کوردیی ئەم زانکۆیە، زۆر سەرنجی ڕاکێشام و بۆم گرنگ بوو. غەزاڵی نووسیوە لە ساڵی ۲۰۱۸دا ڕێوڕەسمێک بەناوی “یادی خاتوونێک” بۆ ڕێزلێنان لە دایە مەعسوومە (خێزانی بەوەفای مامۆستا هەژار) پێکهاتبوو. هەروەها دەستخۆشی لە سەرپەرەشتی ئەم ڕێوڕەسمە کاک ماجید مەردۆخ، و هەروەها سەرۆکی زانکۆ و مامۆستایانی بەشی کوردی دەکات کە هەوڵیان بۆ بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە دابوو. بە باسی پێشکەشکردنی وتارێک لە لایەن خۆیەوە دەستپێدەکا کە بە باسی پێگەی بەرزی ژن لە ناو کۆمەڵگا و بایەخێک کە ئایینەکان بە ژنیان داوە، دەکات. هەروەها لە لاپەڕەی ۱۸دا باسی لێهاتوویی و زیرەکیی ژنانی کورد دەکات و بە شانازییەوە ناویان دێنێت. لەدوای ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ باسی مامۆستا هەژار و سپاس و ڕێزی بۆ مەعسوومە خانم دەردەبڕێ و باسی فیداکاری و تێکۆشانەکەی دەکات شان‌بەشانی مامۆستا هەژار.

دواتە دیسانەوە دەست دەکاتەوە بە باسکردن لەسەر زانکۆی کوردستان. ئەو سەردانی بەشە جۆربەجۆرەکانی زانکۆی کردووە و پێی وایە لە ئاستێکی بەرزی جیهانیدایە. لە درێژەدا ئاماژە بۆ دوو ناوەندی کوردیی زانکۆی کوردستان دەکات کە یەکەمیان توێژینگەی کوردستانناسییە و لە ڕووی چەندایەتی و چۆنیەتیی کتێبی کوردییەوە، گەورەترین کتێبخانەی ئێرانە. دووهەمیان بەشی زمان و ئەدەبی کوردییە کە لە ساڵی ۲۰۱۵دا کراوەتەوە و ئێستا ۱۵۰ قوتابیی هەیە. پاشان باسی د. بەختیار سەجادی دەکات کە نووسەری بەرنامەی خوێندنی ئەم بەشە بووە لە ساڵی ۲۰۰۱ و دواتر وەک سەرۆکی هەمان بەش لە ساڵی ۲۰۱۵ بۆ ۲۰۲۰ کاری کردووە و دەڵێ ئێستا چوار مامۆستای شارەزا لەو بەشەدا وانە دەڵێنەوە. لە درێژەدا تیشک دەخاتە سەر گۆڤارێکی کوردی (پژوهشنامە ادبیات کردی) کە یەکەمین گۆڤاری کوردیی خاوەن تایبەتمەندیی ئیمپەکت فاکتۆرە کە لە کوردیدا بە هاوکۆلکەی کاریگەری ناسراوە (IF).

دوایی باسی هۆڵەکانی زانکۆ و پەیکەری مامۆستا نالی لە زانکۆدا دەکات. دیسانەوە لە لاپەڕەگەلی ۲۴ و ۲۵دا ئاوڕ لە جێگە و پێگەی زمانی کوردی لە زانکۆی کوردستان ئەداتەوە کە زۆر بایەخی پێ ئەدرێت و بۆی سەرنجڕاکێش بووە. غەزاڵی لێرەدا پەنجە دەخاتە سەر گرنگایەتیی پەروەردە بە زمانی دایک کە باشترین کەرەستەی فێرکاری و ڕاهێنانە بۆ مرۆڤ. هەروەها باسی ئەم کێشەیە دەکات کە لە زانکۆدا نابێ ئەولەوییەت پارە بێت و نابێ بەو هۆیەوە زمانی دایک بخرێتە پەراوێزەوە، چونکە لە وەها هەلومەرجێکدا کاری زانستی و فێرکردن بە دڵنیاییەوە بە باشی جێبەجێ ناکرێت.

لە لاپەڕەی ۲۸ـی کتێبەکە بەم لاوە باسی بەشی دووهەمی سەفەرەکە دەکات بۆ سنە کە وەک میوان بۆ ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ناودارانی کورد بانگهێشت کراوە کە کۆنگرەیەکی گەورە بوو و کەسایەتیی ناسراوی کورد لە زۆر شوێنەوە میوانی ئەو کۆنگرەیە بوون. ئەو ڕێوڕەسمە بە مەبەستی ڕێزلێنان لە ۳۰ کەسایەتیی ناوداری کورد بەڕێوە چوو. بەشێکی تری کتێبەکەی غەزاڵی کە بۆ من جێگەی سەرنج بوو ئاماژە بە ڕێوڕەسمی دەرچوونی یەکەم خولی قوتابیانی بەشی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستان بوو. وێڕای باسکردن لە بایەخ و کاریگەریی بەشی کوردیی ئەم زانکۆیە، دەستخۆشی لە مامۆستایانی ئەم بەشە دەکات. نووسەری کتێبەکە پێی وایە ئاستی کارناسی (بەکالۆریۆس) بۆ خوێندنی کوردی بە تەواوی مافی زمانی کوردیی تێدا ناگۆنجێت و دەبێ تا ئاستگەلی بەرزتریش بڕوات و پێی وایە پێویستە بە بایەخێکی زۆرەوە بۆی بڕوانین. لە لاپەڕەی ۳۳ و ۳۴ی کتێبەکەدا دەقی سوێندنامەی دەرچووانی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی زانکۆی کوردستانی نووسیوەتەوە کە لە ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەکە لە لایەن د. بەختیار سەجادییەوە و بە ئامادەبوونی خوێندکاران و مامۆستایانی بەشەکەوە خوێندرایەوە.

لە دوای کۆتاییی ئەم ڕێوڕەسمە نووسەر سنە بەجێ دەهێڵێت و لەسەر بانگهێشتی زانکۆی ڕازی کرماشان، بەرەو تاران بەڕێ کەوێت. بەر لە سەفەری بۆ تاران کەڵک لەم دەرفەتە وەردەگرێت و تەرخانی دەکات بۆ ناساندنی شاری هەولێر و بە باسی مێژوو، میعماری، ئابووری، جووتیاری و مۆسیقای شاری هەولێر تەواوی دەکات. لە لاپەڕەی ۵۱ تا ۵۳ باسی بیرەوەرییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان دەکات و باسی فڕۆکەخانەی هەولێر و چاوپێکەوتن لەگەڵ چەند کەسایەتیی ناودار دەکات.

لە لاپەڕەی ٥٤ بەم لاوە باسی سەفەری تاران دەکات. لە ڕووی وتەکانییەوە دیارە کە تاران شارێکی نامۆ نەبووە بۆی و پێشتریش سەفەری ئەوێی کردووە. سەرەتا باسی نازناوی تاران (شاری چنارستان) و مێژووی بەپایتەخت‌بوونی ئەم شارە دەکات. دواتر باسی سەردانی خۆی دەکات بۆ مۆزەخانەکانی تاران و ئاوڕ لە میعماریی بیناکان دەداتەوە. دوایی دێتە سەر مۆسیقا و بە ستایشەوە باسی دەنگە جیهانییەکەی هونەرمەندی گەورەی ئێران واتە شەجەریان دەکات. هەروەها باسی سەردانی خۆی دەکا بۆ ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی (ثالث) کە بە ناوی شاعیری گەورەی ئەدەبی فارسی مەهدی ئەخەوانی سالیسەوە دانراوە. دواتر چاوپێکەوتنێکی خۆی لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی فەرهەنگی و مامۆستای زانکۆ دەگێڕێتەوە و ئەو باسە دەخاتە بەرچاو کە پەیوەندیی زانکۆ و دەسەڵاتدارەکان لە سیاسەتدانان دەبێ گونجاوتر بێت و لەم بارەوە باسی حکوومەتی هەرێم، ئێران و عێراق دەکات.  

نووسەر کە تاران بە جێ دێڵی و ڕوو لە کرماشان دەکا لە یەکەمین وێستگەی سەفەرەکەیدا بە شاری ساوەدا تێدەپەڕێ. لێرەدا دەکەوێتەوە بیری بیرەوەرییەکانی لەو ناوچەیە و چەند لاپەڕەی بۆ تەرخان دەکات. کە دەگاتە هەمەدان، باسی مێژووی مادەکان دەکات کە لە هەمەدانەوە دەستپێدەکا و بە شارێکی مێژوویی و میعماریی کۆنەوە ناوی دەبات. باسی سروشتی هەمەدان و کەسایەتییەکی گرنگ وەک ئەبوو عەلی سیناش لەبیر ناکات و شرۆڤەی تەواوی لەسەر ئەدات. ئاماژەیەکیش بۆ مامۆستا هەژار دەکاتەوە کە لە دوای زیاتر لە هەزار ساڵ کتێبی (قانون در طب)ی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی. لە باسی شیعردا ئاماژەیەکی تێروتەسەلیش بۆ شاعیری گەورە بابا تاهیر دەکات. لە کرماشان باسی مێژوو و جوغرافیای شارەکە دەکا و باسی چەند شوێنی گەشتیاری کرماشان دەکات.

نووسەر شاری کرماشان بەرەو ڕەوانسەر بۆ بەشداریکردن لە گەشتی هەورامان بەجێ دێڵێ. باسی ڕەوانسەر و گرنگایەتیی ئەو شارە لە مێژووی کورددا دەکات و باسی هۆزی جاف لەم شارە دەکات کە بە گەورەترین هۆزی کورد ناسراوە. لە دوای ڕەوانسەر دێتە سەر وەسفی جوانڕۆ و ئاوڕ لە مێژوو، مێعماری، گەشتیاریی ئەو شارەش دەکات. دواتر کە دەگاتە پاوە، پێش لە هەموو شتێک، سروشتە جوانەکەی وەسف دەکات کە تامەزرۆی بینینی بووە. بیناسازی و میعماریی پاوە زۆر سەرنجی ڕاکێشاوە و بە جوانی وەکوو شانەی هەنگوین پێناسەی دەکات. غەزاڵی لێرەشدا دیسانەوە جەخت لە گرنگایەتیی پەروەردە بە زمانی کوردی دەکاتەوە و پێی وایە هەورامی دەبێ وەک زاراوەیەکی گرنگی کوردی بایەخی پێ‌بدرێت. لە لاپەڕەی ۱۰۴دا باسی تەریقەتی نەقشبەندی و کاریگەرییەکانی لەم ناوچە دەکات. لەدوای باسی هونەری دەستی و جل‌وبەرگ و گوێز و هەناری هەورامان، وەبیرمان دێنێتەوە کە دەبێ بگەڕێتەوە بۆ کرماشان و زانکۆی ڕازی.

لە لاپەڕەی ۱۱۱ـەوە باسی کۆنگرەی گەشەی هەورامان لە زانکۆی ڕازی دەستپێدەکات. باس لەوە دەکات کە یەکێک لە وتاربێژان بووە و دەعوەت کراوە بۆ قسەکردن. لاپەڕەی ۱۱۳ تا ۱۱۷ تەرخان کراوە بۆ قسەکانی لەم کۆنگرە کە پیرۆزباییی خۆی دەردەبڕێ بۆ تۆماری جیهانیی هەورامان، و ئاماژە دەکات کە دەبێ زیاتر بایەخی پێ‌بدرێت و پەرەبستێنێ. لە دوای کۆنگرە دەگەڕێتەوە سەر باسی کرماشان و گرنگیدانی خەڵکەکەی بە زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردی. باسی کەسایەتیگەلێکی بەرز لەم بوارە دەکات وەکوو د. محەمەدعەلی سوڵتانی و کەیهان کەلهوڕ کە خەڵاتی جیهانیی گێرمیی وەرگرتووە. لە باسی شیعردا باس لە شاعیری گەورەی کرماشان پەرتەو کرماشانی دەکات و دوایی ئەم شارە بە شاری فرە‌ئایینزا ناو دەبات. بە باسی شارەکانی ئیلام و لوڕستانەوە کۆتایی بەم بەشەش دێنێت.

لە تاران باسی سەردانی خۆی دەکات بۆ ئەنستیتۆی کورد و دوایی (باغ کتاب) و چەندین مۆزەخانەی وەک مۆزەی میللی شۆڕشی ئێران و دیفاعی موقەددەس کە گەورەترین مۆزەخانەی جەنگیی ڕۆژاوای ئاسیایە، ناولێ‌دەبات. لەم مۆزەیەدا دیسان باس لە بیرەوەرییەکانی خۆی دەکات لە سەردەمی شۆڕشی کورد لە کوردستانی عێراقدا بە ئامانجی بەدەست‌هێنانی مافەکانی گەلی کورد. نووسەر پێی وایە شەڕ بۆ هیج لایەک قازانجی تێدا نییە و پێویستە توانا ئینسانی و ماددییەکان لە ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانیی خەڵکدا بەکاربهێنرین. بە باسێکی تێروتەسەل لەسەر ژینگەی تاران و سەردانی باخی سەعدئاباد کۆتایی بەم بەشەش دێنێ و بە سەردێڕی “بەرەو ماڵ” کۆتاییی سەفەرەکەی ڕادەگەیێنێت.

بەشی پاشکۆی کتێبی ناوبراو هەڵگری چەندین پەیام و نامەیە کە نووسەر بۆ بۆنە جیاجیاکان نووسیونی. بۆ نموونە، ژمارەی ۲ی پاشکۆکە تەرخان کراوە بۆ شەهرام نازی بە ناوی «ئاوازەی سوڵتانی ئاواز لە قەڵای هەولێر». پاشکۆکانی تر تەرخان کراون بۆ ئەو نامانەی بۆ بنەماڵەی محەممەد ڕەزا شەجەریان و تۆماری جیهانیی نووسیونی. لێرەدا ئاماژە بۆ شاری پاوە دەکا و هیواخوازە لە کاندیدبوونی بۆ ۱۰ شاری سەرتری جیهان لە بواری ژینگەوە، سەرکەوتوو بێت ئەلبوومی وێنەکان دواهەمین بەشی ناوەرۆکی کتێبەکە پێک دەهێنێت و تێیدا کۆمەڵە وێنەیەکی وێستگە جیاجیاکانی سەفەرەکەی و هەروەهاش سەفەرەکانی پێشووتری خۆی بۆ فەڕانسە، تورکیە و ئەمریکا و سەردانی کەسایەتییە ناودارەکانی کوردی بڵاوکردۆتەوە. هەندێ لەو کەسایەتیانە بریتین لە د. قوتبەددین سادقی، شەهرام نازری، کەلیموڵڵا تەوەحودی، یاشار کەماڵ و تەنانەت ئەکتەری بەناوبانگ ڕۆبێرت دێنیرۆ.

ئەگەر بمانهەوێ ئەم کتێبە لە باری شێوازی زمانییەوە هەڵبسەنگێنین، دەردەکەوێ کە بە زمانێکی ساکار، پاراو و ڕوون نووسراوە و هەر ئەم خاڵەش بۆتە هۆی ئەوەی کە کاتێک وەسفی سروشت، میعماری، شەقامەکان و تەنانەت خەڵکانی ئەو شارانە کە سەفەری بۆیان کردووە دەکات، خوێنەر بە ڕوونی لێی تێ‌بگات و لە لایەکەوە بۆی شیرین و دڵنەواز بێت و لە لایەکی تریشەوە دیمەنی دیدارەکان بە چاو هەست پێبکات. کاتێک بە وردی بیرەوەرییەکانی لەو شارانەدا دەگیڕێتەوە، خوێنەر پێی‌خۆشە بە زووترین‌کات بۆخۆی هەستێت و بڕوات سەردانێکی ئەو شار و ناوچانە بکات و بە چاوی خۆی ئەو شوێنگەلە ببینێت کە غەزاڵی وەسفیان دەکات. هەروەها ئەم نووسەرە لە نووسینی پاراگراف و بەندگەلی ناهاوچەشن کە زۆر کورت و زۆر درێژن و ئەتوانین وەک کێشەیەکی نووسینی کوردی ناوی ببەین، دەستی پاراستووە و بە جوانی و ڕێکوپێکی و ڕادەیەکی پێوانە، دێڕەکان و پاراگرافەکانی نووسیوەتەوە.

گەرچی نووسەر بۆخۆی ئەم کتێبە وەک سەفەرنامە پێناسە دەکات، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەگەلێکی وردتر و شیکارانەوە بۆی بڕوانین، ئەبینین کە کتێبەکە هەڵگری کۆمەڵێ تایبەتمەندییە کە لە ئاستی سەفەرنامەیەکی ئاساییدا نامێنێت. سەفەرنامەکان زیاتر بیرەوەری و بەسەرهاتگەلێکن کە بە مێشکی نووسەردا دێن. بەڵام هەندێکیان بەتەنیا ئەتوانن لەم ئاستە زیاتر بەرز ببنەوە و ببنە بەرهەمێکی فەرهەنگی و ئەدەبی بۆ زمانێک یا کۆمەڵگایەک. لەم بەرهەمەی بەردەستدا عەباس غەزاڵی بە باشی توانیویەتی سەفەرنامەکەی لەو ڕەنگی بیرەوەرییە بەباشی دەربێنێت و بیکاتە بەرهەمێکی فەرهەنگی-ئەدەبی بۆ خوێنەر و بەردەنگی کتێبەکە. هەر وەک بۆخۆی لە دەقی کتێبەکەشدا ئاماژەی پێی کردووە، گەلێک کە نەتوانێ سەبارەت بە خۆی قەڵەم هەڵبگرێت و بنووسێت، زیندوو نییە.  

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *