خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / “مسافران مرگ” و بیانوویەک بۆ نووسین

“مسافران مرگ” و بیانوویەک بۆ نووسین


ناسنامه‌ی کتێب: “مسافران مرگ”، بیره‌وه‌رییه‌کانی کۆمه‌ڵێک له‌وانه‌ی له‌سه‌فه‌ری مه‌رگ گه‌ڕانه‌وه‌ (ئه‌نفال)، ژماره‌یه‌ک له‌ شایه‌تحاڵانی عه‌ره‌ب و یه‌ک له‌ جه‌لادانی هۆلۆکۆستی کوردان، عارف قوربانی، وه‌رگێڕ: مورته‌زا مورادی، نه‌شری ماهتابی غه‌رب، ۲۰۱۹.

ئاکۆ جەلیلیان 

“مسافران مرگ” و بیانوویەک بۆ نووسین

هر که‌سێک کوردی بزانێ ده‌رفه‌تی به‌شداری له‌م ماراتۆنه‌ی مه‌رگه‌ی هه‌یه‌…

نووسین جارجار پێویستی بە هانده‌ر و هۆکارێکی تایبەت نییە، جارجار پێویست ناکا قسه‌، ڕووداو یان پرسێک و … هاندەر بێ بۆ نووسین بەڵام مرۆڤی ئامانجدار و ئەو کەسانەی کە تا هەست بە ئێش نەکەن و پرسێک بە پێویست نەزانن دەست بۆ قەڵەم نابەن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە نووسراوەکانیان تا ساڵەها هەر دەمێنێتەوە. پێویستبوون، دەستنیشانکردنی دروست، ڕوونکردنەوە و ڕاکێشانی بیر و هزری به‌رده‌نگ بۆ کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا و لە ئەنجامدا ئاراستەکردنی ڕێکاری بەکەڵک و کاریگەر یەک لە بناغە سەرەکییەکانی نووسینە و کەسانێک لەم بوارەدا سەرکەوتوو ده‌بن کە ئەم خاڵە ئاماژەپێدراوانە وەک یەکەمایەتی و بنەما و بناغه‌ی کاری خۆیان بەرچاو بگرن.

ئەم قسەیەی من زیاتر ڕوو لەنەوەی گەنج و خاوەنبیر دەکات کە دەتوانن پێشەنگی ڕێگای ئازادی و مرۆڤایەتی بن.

ڕاشکاوانە دەڵێم نەوەی ئێمە (ئەو بەشەی کە خۆی وەک نووسەر و چالاکی فەرهەنگی و … دەستنیشان دەکات) نەوەیەکی تەمبەڵ و بێ بیر و فکر بووین بەڵام داوا له‌ئێوه ده‌که‌م وەک ئێمە نەبن و ڕێگای هەڵەی ئێمە درێژە پێ مەدەن.

لەسەرەتای پێگەیشتنی بیر و هزری ئێمەدا زۆر ڕووداوی کاریگەر قەومان کە تەنانەت نەمانتوانی شرۆڤەیەکی دروستیان بۆ بکەین؛ هەڵوەشانەوەی ده‌سه‌ڵاتی جەمسەری کۆمۆنیست، گواستنەوەی دەسەڵات لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری ئیسلامی، هەشت ساڵ شەڕی وێرانکەر، سەردەمی پاش شەڕ و … نەوەی ئێمە نەیویست و نەیتوانی لەم ڕووداوانەوە وانە فێر بێت، بابەتێک بنووسێ و یان ئەزموونێک بە دەست بێنێ لە حاڵێکدا لایه‌نه‌کانی دیکە زۆرترین بەرژەوەندی و کەڵکیان لەم ڕووداوانە وەرگرت.

شەڕمان زۆر لێ نزیک بوو، یان باشتر بڵێم شەر لەسەر خوانی ئێمە بوو، قاپەکانمان بە گوللەی تفەنگ ڕازێنرابوونەوە، مەرمێی فیشەک گەردەنەی ئێمە بوو بەڵام نەمانتوانی و یان نەیانویست زیاتر لەمە بزانین و پرسیار بکەین؛ شەڕ بۆ چی؟!

لێ گەڕێین…

ماوەیەکە کۆمەڵەکتێبیکی چواربەرگی لەژێر ناوی #مسافران_مرگ کە وەرگێڕانی کۆمەڵەکتێبی شایەتحاڵەکانی ئەنفالە بە قەڵەمی بەڕێز عارف قوربانی و وەرگێڕانی مورتەزا مورادی (ئارما) لەچاپ دراوە و هاتۆتە نێو بازاری کتێب.

بەڕای من ئەنفال دەیتوانێ بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی گەلێکی ستەملێکراو و تەنانەت و سەد ئەڵبەت قەبووڵکەری ستەم خاڵێکی بادانەوە بێت. ئەوەی کە دەڵێم قەبووڵکەری ستەم و چۆک پێ دادراو و هەمیشە تەسلیم قەت سووکایەتی نییە بەڵکوو ڕاستییەکە کە هەمیشە نەفیمان کردووە. ئێمە خۆمان لەپشت دروشم و ڕستەی زۆر سووکتر حەشار داوە… باسی کام ئازایەتی دەکەین؟! تا دەمانەوێ ئاماژە بە خاڵێک بکەین خێرا دەڵێن: کوردەکان هەموو جۆرە مردنێکیان ئەزموون کردووە بەڵام قەت لە ترسان نەمردوون!!!

دروشمێکی فانتەزیا، بێ کەڵک، بێ بنەما و بێ ناوەرۆک کە وەک ئەوەیە منداڵێک بە نوقڵەمژە سەرقاڵ بکەی. بەداخەوە گەلی ئێمە هەزاران جار لەترسان مردوون. لە قسەکانی مسافرانی مەرگدا بە ئاسانی و لەگەڵ خوێن و گۆشتدا هەست بەم جۆرە مردنە دەکرێ و پێویستیش بە هێنانی بورهان و هۆکار ناکات. کاتێک قسەکانی “گەلاویژ ئادەم کەریم” یەک لە مسافرانی مەرگ ده‌خوێنمه‌وه‌ کە بەهۆی کیمیابارانی هەڵەبجە لەگەڵ بنەماڵەی دێنە ئێران و پاش هەوراز و نشێوێکی زۆر بە هیوای عافواتەوە لە کەمپی سەریاسەوە بەرەو سەفەری مەرگ دەچن… هەستێکی زۆر سەیر سەرتاپێی لەشم دادەگرێ، ناوبراو وەک ڕۆماننووسێکی لێزان لایەنە حەشاردراوەکانی سەفەری مەرگی خۆی دەگێڕێتەوە و لە ئەنجامدا دەڵێت: “خەسووم دەیەویست تەرمەکەی ئەکرەمی کوڕی بخواتەوە تا بەڵکوو تەرمی مێردەکەم نەبێتە خۆراکی سەگە ڕەشەکان…

خۆزگە لەباتی ئەوەی کە پاش خوێندنەوەی چیرۆکەکە دڵمان بتەقێ، بیر و هزرمان بتەقنەوە و لەباتی دەربڕینی هاودەردی و هاوخەمی بیر بکەینەوە بۆچی وەها ژیانێکی تاڵ و پڕ لەنەهامەتییان لەمەرگ پێ باشتر بووە؟! بۆچی زۆرینەی بەندکراوانی تۆپزاوا و نۆگرەسەلمان خۆزگەیان بە حاڵی مردووان خواستووە بەڵام لەو لایشەوە دۆعایان کردووە کاتێک جەلادەکان دێن ناویان لەنێو لیستی مەرگدا نەخوێننەوە! لەبەرچی؟! ئەگەرچی زانیویانە چارەنووسی زۆربەیان مەرگە بۆچی ئامادە نەبوونە شۆڕشێک بکەن؟ مەگەر ژمارەی جەلادان لە مسافرانی مەرگ زۆرتر بوو؟!

بەڕای من هۆکاری تەنیا “ترس”ە، ترس و ترس و ترس. و ئێمە ئێستاش ترسەنۆکین، هێشتا ئەم خووە خراپمان لا ماوەتەوە و تا کاتێک ئه‌م خووه‌مان به‌لاوه‌ نه‌نێین هیچێکی کەمتر لە هیچین.

لە هەندێ شوێنی کتێبەکەدا نووسەر بە هەستێکی بەپرسیار و بە گلەییەوە پرسیار دەکات: “ئەی ئێوە چیتان کرد؟ بۆ هیچتان نەکرد؟ و لەوەڵامدا دەمێننەوە و دەڵێن: “مەگەر چیمان لە دەست دەهات؟ هیچمان پێ نەدەکرا…”

هاوشێوەی ئەم پرسیارانە لە دەقی کتێبەکەدا زۆرە و جوان دیارە عارف قوربانی و هەروەها وەرگێڕی بەرهەمەکە دەیانەوێ ئێمەی بەردەنگ تێ بگەین:

دەبێ ئەنفال لە مانشێتی هەواڵێک بێتە دەرێ و لە ڕوانگەی ڕووداوێکی ڕەشی کۆمەڵایەتییەوە چاوی لێ بکەین، دەربڕینی هاوخەمی بۆ ئەنفالکراوان هیچ کەڵکی نییە و پێویستە بیرێک بۆ حاڵی خۆمان بکەینەوە کە بە هەزاران شێوەی جۆراوجۆر ئەنفال دەکرێین…

مەگەر یەک لە بنەماکانی سەرهەڵدانی ئیسرائیل هۆلۆکۆست نەبوو؟ ئێمە بۆ نەمانتوانی؟! من دەڵیم بی فکر بووین؛ ترسەنۆک بووین؛ بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆمانمان لا گرنگتر بوو…

گەلی ئێمە خەفەتخواردنی پێ خۆشە و چێژی لێ وەردەگرێ و پێی وایە خەفەتخواردن دیاردەیەکە کە دەکرێ شانازی پێوە بکات؛ هێشتا شانازی بە ڕابردووی پڕ لە هەوراز و نشێوی گەلەکەمان دەکەین بێ ئەوەی شرۆڤە و ڕێکارێکمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەبێت!!! چۆن قبووڵ بکه‌ین ئازاین؟! ئازایه‌تی له‌چیدا ده‌بینین؟!

ئەگەر هۆنراوە بەهێز و پڕ لە ڕۆشنگەرییەکانی ئیمپەراتۆری شیعری کوردی، “شێرکۆ بێکەس” نەبا ئەنفال لە ئاستی گەورەی خۆیدا تەنانەت کەمتر لە مانشێتی هەواڵیکیش دەبوو؛ لەو شوێنەیدا کە دەڵێ:

چیتان بۆ بگێڕمەوە؟!

ئاخر زریکە چۆن ئەگێڕدرێتەوە؟!

قیژە چۆن ئەنووسرێتەوە؟!

عەرعەر چۆن ئەخوێنرێتەوە؟!

ئەبی خۆڵ قسە بکات خۆڵ!

ئەبێ چاڵ قسە بکات چاڵ!

مار و مێروو بیگێڕنەوە…

ئەڵێی ئیمپەراتۆر تەنیا دەربازبووی ڕاستەقینەی ئەم کارەساتەیە کە هۆنراوەکانی وەک سرپەیەکی گۆم و ناڕوون لەنێو گەردەلوولی دەسەڵات و بەرژەوەندی و پلە و پۆست و … ناگاتە هیچ ئەنجامێک، ژانرێکە کە هەموو کەس ناتوانن لێی تێ بگەن مەگەر ئەوانەی خۆیان دەردەدار بن، خۆیان دەرد بن…

مخابن…

بەڵام عارف قوربانی نە وەک ژانرێک، نە وەک ڕزگاربوویەکی ئەنفال بەڵکوو وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی بیرمەند و لێزان دەردەکەوێ و بە کۆکردنەوەی بیرەوەریی ئەوانەی لەسەفەری مەرگ گەڕانەوە ئەنفالی کردۆتەوە مێژوویەک. وێڕای هەڕەشەکان و نامیهرەبانییەکان هەوڵ دەدا ڕوانگەیەکی هەمەلایەنەی لەسەر ئەنفال هەبێ، هەر بۆیە کتێبی “مسافران مرگ” بایەخی ئەوەی هەیە هەزاران جار بخوێنرێتەوە و وانەی لێ وەربگیردرێ…

ناوەندی بڵاوکردنەوە: پەخشانگای کتێبی ماد، سنە، چوارڕێیانی شەهیدان، شارەکتێبی عیزەتی، قاتی یەکەم، تەلەفون: ۰۹۱۸۵۳۱۱۳۳۷

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *