خانه / ناساندن و ڕه‌خنه‌ / ناساندنی کتێبی ئیسلام و دەوڵەتی سێکیۆلار

ناساندنی کتێبی ئیسلام و دەوڵەتی سێکیۆلار

ناساندنی کتێبی “ئیسلام و دەوڵەتی سێکیۆلار” و ئاوڕدانەوەیەک لە وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە لە زمانی وەرگێڕەوە

ناسنامەی کتێب: ئیسلام و دەوڵەتی سێکیۆلار، عەبدوڵلا ئەحمەد ئەلنعیم، وەرگێر: دوکتۆر ئازاد حاجی ئاقایی، دەزگای چاپەمەنی چاودێر، ساڵی چاپ ۲۰۱۷

 د.ئازاد حاجی ئاقایی(دوکتۆرای زانستی سیاسی)

?پرۆسەی بە مۆدێڕنکردن و ڕادیکاڵ بوونی ئیسلام لە کوردستان لە ساڵانی ١٩٨٠-ەوە لە ژێر ناوی جیهادی نیشتمانی لە دژی ڕژێمی بەعس یەکەم هەنگاوەکانی خۆی بڕی و بە وەدیار کەوتنی گرووپی ئەنساری ئیسلام بەرەیەکی نوێی لە جیهادیی ئەنتەرناسیۆنال پەروەردە کرد.

?ئەم قۆناخە لەگەڵ زرینگانەوەی زایەڵەی ئەلقاعیدە وتیرۆریزمی ئیسلامی وەک دەستەواژەیەکی جیهانی هاوکات بوو،ڕەنگە هەر ئەم قۆناخەش ڕێخۆشکەری پەڕینەوەی بەرەی دووهەمی ئیسلامخوازە ڕادیکاڵەکانی کوردستان بۆ هەنگاوەکانی تیرۆریزمی جیهادی دەسنیشان بکات کە خۆی لە ناو ئایدیای پێکهێنانی دەوڵەتێکی ئیسلامیدا دۆزییەوە؛ دراوسێیەتی هەزار کیلۆمەتری کوردستان لەگەل ئەم دەوڵەتە وایکرد جگە لەوەیکە نزیکەی ٢٠٠٠ کورد لە هەر چوارلای کوردستان بچنە ناو ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوەیە، بەڵکو ئایدیای دەوڵەتی ئیسلامی کە لە دوای داڕمانی خەلافەتی عوسمانی وەک دەنگێکی کپکراو سەیر دەکرا، سەر لە نوێ بگەڕێتەوە ناو وێژمانی سیاسی جیهانی ئیسلام و تەنانەت کوردستانیش.

?دەکرێ ئەم قۆناخە نوێیەی لەدایکبوونی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام وەک خاڵێکی وەرچەرخان بۆ ئایدیای ئیسلامی سیاسی دەسنیشان بکرێت.

?شەنکردنی لایەنە فکرییەکانی دیاردەیەک بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرەو مەترسیەکانی دواڕۆژی ئەم چەمکە ئایینی-سیاسیە وادەکا هەر لە ئێستاوە تێڕامانێکی ستراتێژیانە یان پێداچونەوەیەکی دوور لە‌ دەمارگرژی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئایین و‌سیاسەت، پەیوەندییەکانی دەوڵەت ‌و ئایین لە پانتای هزری وڵاتدا سەر لە نوێ ڕێک بخرێتەوە.

?گێڕانەوەی ئەم کتێبەش لەم خاڵەوە دەست پێدەکا؛ واتە خستنە ژێرپرسیاری خەونی مەترسیداری دەوڵەتێکی ئیسلامی- کە بانگەشەی بوونی مافی سەپاندنی پڕەنسیپەکانی شەریعەت لە ڕێگای هێزی زۆرەملییانەوە دەکا.

?عەبدوڵا ئەحمەد النعیم بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆرەکانی جۆن رۆڵز و لە ئاستێکی کەمتر هابرماس، هەوڵدەدا چوارچێوەکانی بەڵگەهێنانەوەی ئەم کتێبە لەدەسپێکدا لە سەر بنەمای دوو چەمکی عەقڵی مەدەنی و عەقڵی گشتی دامەزرێنێ. ئەم دوو چەمکە لە تەواوی ئەم کتیبەدا بنەمایەک بۆ قەبوڵکردنی فرەدەنگی،کرانەوەی دەرگا ڕووەو قەبوڵکردنی مافەکانی‌مرۆڤ، دیموکراسی و لە کۆتاییدا دوورکەوتنەوە لە پڕەنسیپی ئایینی بۆ بڕیاری سیاسی وکۆمەڵایەتی دەکاتەوە.

?تێزێکیتر کە ئەم کتێبەی لە سەر دامەزراوە؛ بریتیە لە جیاوازی شەریعەت و ئایین وە ئەوەی کە پڕەنسیپەکانی شەریعەت بەردەوام هەڵقوڵاوی تەفسیرەکانی مرۆڤ لە قورئان و سوننەت-ن.

?کتێەکە لە حەوت بەش پێکهاتووە و لە بەشی یەکەم دا باس لەوەدا دەکات کە بۆ موسوڵمانان پێویستیان بە دەوڵەتێکی سێکیۆلارە؟ دووهەم بەشی ئەم کتێبە لە ڕوانگەیەکی دیرۆکیەوە پەیوەندی ئایین و دەوڵەت لە سەردەمی ئیسلامیدا شرۆڤە دەکات. بەشی سێهەمیش دەستورخوازی، مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون لە ڕوانگەی بەها ئیسلامی وتێڕوانینە ئەمڕۆییەکان دەخاتە ژێرلێکۆڵینەوە.
نووسەر لە بەشی چوار، پێنج و شەشەمی ئەم کتێبەدا ئەزمونی وڵاتانی هیندستان، تورکیا و ئەندونێزیا لە ڕوبەڕوبونەوەیان لە گەڵ سێکیۆلاریزم و ئایین بە وردی شرۆڤە دەکات و لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی ئەم دەوڵەتانە لەسەر پرسی ئایین و سێکیۆلاریزم شەن دەکات.

?نووسەر لە بەشی حەوتەمی کتێبەکەدا وەک دەرەنجام، هەوڵی ئەوە دەدا ترس و دڵەڕاوکێی موسوڵمانان لە چەمکی سێکیۆلاریزم بڕەوێنێتەوە. بەم مەبەستە چەمکی پێشنیارکراوی دەوڵەتی سێکیۆلار، وەک ڕوانگەیەکی بەدیل بۆ تێگەیشتن لە سێکیۆلاریزم و دەوڵەتی سێکیۆلار پێشکەشدەکا و لە جیاتی خولقاندنی دووفاقییەکی تووندوتۆڵی نێوان ئایین و سێکیۆلاریزم کە ئیسلام دەخاتە ناو پانتایەکی تەواو تاکەکەسی تایبەتەوە، لە ڕێگای جیاکردنەوەی ئیسلام لە دەوڵەت و بە یاساو ڕێساکردنەوەی دەوری ئایین لە سیاسەت، خوازیاری هاوسەنگکردنی ئەم دوو چەمکە پێکەوەیە.

?جێگای ئاماژەیە ئەم کتێبە وەرگێڕانی کتێبی “Islam and the Secular State (Negotiating the Future of Shari`a)” نووسینی عەبدوڵلا ئەحمەد ئەلنعیم لە چاپکراوەکانی زانکۆی هارواردە.

داگرتنیPDF تەواوی دەقەکە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

“باڵندەکانی دەم با” و فرەگوتاری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *