خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕانانی کتێبی «جەمعییەتی تەعالیی کوردستان»

ڕانانی کتێبی «جەمعییەتی تەعالیی کوردستان»

ناسنامەی کتێب: جەمعییەتی تەعالیی کوردستان، ئیسماعیل گوێڵداش، وەرگێڕانی زریان ڕۆژهەڵاتی، سلێمانی: بنکەی ژین، ٢٠١١.

ڕانانی کتێبی «جەمعییەتی تەعالیی کوردستان»

فەرشاد سەلیمی_ لێکۆڵەری مێژوو و ئەندامی دەستەی نووسەرانی ماڵی کتێبی کوردی

«هەر مێژوویەک، مێژووی هاوچەرخە» بێندتۆ کرووچە

کتێبی «جەمعییەتی تەعالیی کوردستان»، وەرگێڕاوی کوردیی کتێبی ” KURDISTAN TEALI CEMIYETI[1]“، بەرهەمێکی ٥٠٢ لاپەڕەییە لە قەبارەی ئاساییدا، کە بە زمانی تورکی نووسراوە و ناوەڕۆکی لە شەش بەش، و بەشی بەڵگەکان پێکهاتووە. ئەم کتێبە کە بەرهەمی “ئیسماعیل گوێڵداش”ە و لە لایەن “زریان ڕۆژهەڵاتی”وە وەرگێڕدراوەتە سەر کوردیی ناوەندی و بنکەی ژین چاپی کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە سەبارەت بە «جەمعییەتی تەعالیی کوردستان»، کە لە پێکهاتەیەکی کرۆنۆلۆژیکی و شیکاریدا، تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕێکخراوە، وەک یەکێک لە سەرەتاییترین ڕیکخراوەکانی ڕەوتی ناسیوناڵیزمی کوردی و بە پێی بەڵگە و سەرچاوە مێژووییەکان، لە ڕەهەندە جیاوازەکانی، هەر لە سەرهەڵدان و دامەزراندنییەوە تا گەشە کردن، دابەشبوون و کۆتاییهاتنی، دەکۆڵێتەوە.

ناساندنی ناوەڕۆکی کتێب

بەشی یەکەم: دامەزراندنی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان[۲]

بەشی یەکەم، بە ئاوڕدانەوە لە باری ڕامیاریی کۆتاساڵەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگای کوردی لەو سەردەمەدا، یەکەم قۆناغی سەرهەڵدانی بیر و تێکۆشانی نەتەوەیی چاڵاکوانانی کورد، دەکاتە دەرگایەک بۆ چوونە نێو باسی چۆنییەتی دامەزراندنی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان. ئەم بەشە لە چوار سەردێڕدا؛ سەرەتا بە سەردێڕی دامەزراندن؛ مژاری دامەزراندنی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی مۆندرۆس لە ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩١٨دا باسدەکات و ڕا جیاوازەکان سەبارەت بە کات و ساتی دامەزراندنی دەگوازێتەوە و ئەو هەل و مەرجە شەن و کەو دەکات کە لە ساڵانی بەرەو ڕووخان و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری عوسمانیدا، سیاسەتوانان و ڕۆشنبیرانی کوردیان بەرەو بیری نەتەوایەتی ئاراستە کرد.

سەردێڕی دووهەم بە ناوی، دامەزرێنەکان؛ باس لەو کەسایەتیە سیاسی و ڕۆشنبیرانە دەکات کە لە دامەزراندن و ڕێکخستنی کۆمەڵەکەدا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە. سەیید عەبدولقادر ئەفەندی (سەرۆک)، حوسەین شوکری بەگ (نووسەری گشتی)، د. محەمەد شوکری بەگ، بابانزادە حیکمەت بەگ و عەزیز بەگ، پێنج ئەندامی دەستەی دامەزرێنرن کە لەم بەشەدا بە وردی لاپەڕەکانی ژیان و چالاکییەکانیان لە دامەزراندنی جەمعییەتی تەعالیی کوردستاندا هەڵدەدرێتەوە و لە دووتوێی باسی ژیانی ئەم کەسایەتییانەدا، باس لە زۆر ڕۆشنبیر و کەسایەتی دیکەی کورد دەکرێت کە لەو سەردەمەدا وەک ئەندام و تێکۆشەری ئەو کۆمەڵە یان ڕێکخراوە هاوشێوەکانی ڕۆڵیان گێڕاوە، بە تایبەت لیستی ١٦٧ کەس لە ئەندامانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان. هەروەها باسی چەندین ڕیکخراوەی دیکەی کوردی وەک، کۆمەڵەی هێڤی، لەم بەشەدا دەکرێت.

سەردێڕی سێهەم، تایبەتە بە جەمعییەتی تەعمیمی مەعاریف و نەشریاتی کورد؛ کە ساڵی ١٩١٩ز وەک لەقی ڕاگەیاندن و پەروەردە و زانست و هونەری جەمعییەتی تەعالیی کوردستان دامەزراوە، دامەزرێنەرانیشی بریتی بوون لە کەسایەتییە ڕووناکبیرەکانی نێو جەمعییەتی تەعالیی کوردستان.

جەمعییەتی تەعالیی ژنانی کوردستان، سەردێڕی چوارەمە کە باس لەو کۆمەڵە وەک ڕێکخراوەی تایبەت بە ژنانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان دەکات. جەمعییەتی ژنان کە ساڵی ١٩١٩ز دامەزراوە، دەبێتە ناوەندێک بۆ ڕاکشانی ژنانی کورد بەرەو گۆڕەپانی چالاکیی ڕێکخراوەیی و چەندین ژنی ناوداری وەک ئەنجوم یامولکی خانم (سەرۆکی جەمعییەت) ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. گەشە پێدانی ئاستی ژنانی کورد، دروستکردنی شوناسێکی ڕێکخراوەیی بۆ ژنانی کورد، ڕیفورمی کولتووری لە ژیانی بنەماڵە و یارمەتیدانی منداڵە هەتیو و بێوەژنەکانی کورد وەک ئامانجە سەرەکییەکان جەمعییەت دانراون.

 

بەشی دووەم: ناوەڕۆکی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان و ئەو هێزانەی وا ناکۆکیان لە گەڵیدا هەبوە

 بەشی دووەم کە هەلومەرجی قۆناغی دوای دامەزراندنی جەمعییەت و کار و چالاکییەکانی لەو پێناوەدا دەخاتە بەر باس و شرۆڤە کردن، دوو سەردێڕ لە خۆ دەگرێت.

سەردێڕی یەکەم لە ژێر ناوی ناوەڕۆک؛ بە ئاماژەدان بە قۆناغی کۆتاساڵی شەڕی یەکەمی جێهانی و دوای شەڕ، بە تیشک خستنە سەر باروودۆخی تێکچووی گشتیی ئیمپراتۆریی عوسمانی لەو سەردەمەدا، باس لە ڕۆڵی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان وەک ڕێکخروەیەکی سەردەمیانە و چەند ڕەهەندی دەکات کە توانیویەتی وشیاریی نەتەوەیی کورد ڕێک بخات و گەشەی پێ بدات و بوەتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ڕووناکبیران، سیاتەتڤانان، ئەفسەرانی پلە بەرز و بێرۆکرات و دیپلۆماتە کوردەکان، کە بە ئاگاییەوە هەوڵی هەمەچەشنیان بۆ پاراستنی شوناسی مێژوویی و نەتەوەیی کورد داوە و ویستوویانە هەنگاوێکی یەکگرتوو و پتەو بۆ قۆناغی دوای ئیمپراتۆریی عوسمانی بنێن. بەرنامە و پەیڕەوی جەمعییەت و شێوازی ڕێکخستنی کار و چالاکییەکانیان و هەروەها چۆنییەتی هەڵوێستی جەمعییەت بەرامبەر بە ڕووداو و مژارە جۆراوجۆرەکانی ناوماڵی کورد و بابەتەکانی تایبەت بە پەیوەندیی کورد بە نەتەوەکانی دیکە و دۆخی گشتیی جیهانییەوە لەم بەشەدا باسدەکرێن. نووسەر بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی زیاتری تەوەرەکان زۆر جار پشت بە چەندین سەرچاوە و بەڵگە دەبەستێت. بەرەو پێشچوونی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان وەکوو میراتگێڕی ڕێکخراوە و بیرۆکە کوردییەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم، لە ماڤخوازیی گەلی کورد تا بیری ئازادیی کوردستان و بونیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی لە قۆناغی دوای شەڕی یەکەمی جیهانیدا بابەتێکی سەرەکیی دیکەیە کە هاوکات لە لایەن نووسەرەوە بە دیدیکێ خەسارناسانەوە هەڵدەسەنگێندرێت و هۆکارەکانی بە ئامانج نەگەیشتنی لە دیدی خۆی و دیکەی لێکۆڵەرانەوە دیاری دەکرێت. چەسپاندنی ماڤی گەلی کورد لە پەیماننامەی سێڤەردا دەسکەوتێکی گرنگی سیاسی و دیپلۆماسی ئەندامانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان بوو کە لەم بەشەدا تیشک دەخرێتە سەری بەڵام دیسانەوە قورسایی زیاتری چاڵاکیی جەمعییەت لە بواری پەروەردە و فێرکاری و کۆکردنەوەی میراتی ئەدەبی و مێژوونوسیدا  دەستنیشان دەکات.

ئەو هێزانەی کە جەمعییەتی تەعالیی کوردستان ناکۆکیی لە گەڵیاندا هەبووە؛ سەردێڕی دووهەمی ئەم بەشەیە کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر دژیەاتی و ناکۆکیی جووڵانەوە کەماڵیستییەکانی وەک جووڵانەوەی مودافەعەی حقووقی تورک و هێزەکانی قوای میللییە بەرامبەر بە جەمعییەتی تەعالیی کوردستان و هەوڵ و چالاکییەکانی. چۆنییەت و میکانیزمی ڕووبەڕووبوونەوەی ناوەند و ڕێکخراوە کەماڵیستییەکان بە تایبەت هەوڵەکانی موستەفا کەماڵ دژ بە بیری کوردایەتی بە گشتی و تێکۆشانەکانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان بە تایبەت، ئەو بابەتە زۆر گرنگەیە کە لەم بەشەدا بە ڕوونی و پشت ئەستوور بە بەڵگە و زانیارییە مێژووییەکان دەکەوێتە بەر باس و هەڵسەنگاندن. شێوازی هەڵسوکەوتی حکوومەتی عوسمانی بەرامبەر بە جەمعییەتی تەعالیی کوردستان لە بەشداریپێکردنیان لە ئەنجوومەنی سەڵتەنەتدا تا نیگەرانی و ناڕازیبوون لە ئەدا و کارەکانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان لە ناوچەکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ بەرگریکردن لەو ڕەوتە و لە قەڵەمدانی وەک ڕێکخراوەیەکی نایاسایی و ناڕەوا، مژارێکی چارەنووسسازی دیکەیە کە بە وردی هێڵەکانی سیاسەتی حکوومەت بەرامبەر بە بیری ماڤخوازیی کوردی بە تایبەت ویستی بونیاتنانی دەوڵەتی کورد، تێدا دیاری دەکرێت و لەم بەشەدا ئاوڕی لێدراوەتەوە.

 

بەشی سێهەم: کاریگەریی جەنگی جیهانی لە سەر کۆمەڵگای کوردی و هەڵوێستی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان

  گۆڕانکاری و دەرهاویشتە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی لە بازنەی سنوورەکانی عوسمانیدا، هەر لە دارمانی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەوە تا دابەشبوونی پانتایی دەسەڵاتەکەی و گۆڕینی دیمۆگرافیا و سنووربەندیی ناوچەکە، بە تایبەت چارەنووسی کورد لەو نێوانەدا و هەوڵ و هەڵوێستەکانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان، وەک سیمایەکی کاریگەری ئیلیتی کوردی، مژارە سەرەکییەکانی ئەم بەشە پێکدێنن.

تێکچوونی باری ئاسایی ژیانی کوردەکان و کۆچی ناچاری و زۆرەملی تا گواستنەوە و بەجێهێشتنی زێدی کۆنی خۆیان و تەنانەت بڵاوبوونەوەی نەخۆشینی گشتگیر و قات و قڕی کە بە هۆی جەنگ و سیاسەتەکانی کاتی جەنگ و دوای جەنگ بە تایبەت سیاسەتە شۆڤینییەکانی ئیتیحاد و تەرەقی بەرۆکی کۆمەڵگای کوردیان گرت، بوونە ڕۆژەڤی هەڵوێستەکانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان، کە لە دووتوێی باسەکەدا چۆنییەتیی هەڵوێستی جەمعییەت بەرامبەر ئەم دیاردانە ڕوون و شرۆڤە کراون.

نووسینەکە لە درێژەدا دەپەرژێتە سەر نەوت و پێگەی ستراتیژیی کوردستان، وەک دوو هۆکاری سەرەکیی ئاراستەی سیاسەتی دەوڵەتە ناوچەیی و زلهێزەکان کە ڕۆڵێکی گرنگیشی لە ڕێککەوتن و یاریە سیاسییەکانی دوای شەڕی یەکەمدا گێڕا.

 

بەشی چوارەم: جەمعییەتی تەعالیی کوردستان و بەندەکانی ویلسن

پێشنیارەکانی ودرۆ ویلسن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ڕێکخستنەوەی جیهانی دوای جەنگی یەکەم، کە بە جاڕنامەی ١٤ مادەیی ویلسن ناسراوە، و بە ئاشکرا باسی ماڤی چارەی خۆنووسینی گەلانی تێدا هاتووە و چۆنییەتی هەڵوێستی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان، بەرامبەر بەم دەرفەتە بۆ گەیشتن بە ماڤ و ویستی نەتەوەیی کوردان، مژاری بەشی جوارەمی کتێبەکە پێکدێنێت.   جمووجووڵ و تەقالاکانی جەمعییەت بۆ کەڵک وەرگرتن لە مادەی ١٢ی جاڕنامەی ویلسن کە سەبارەتە بەو نەتەوانەی لە سنووری دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون و داوای سەربەخۆییان بە ماڤی ڕەوا ناسراوە، بە وردی لێکدراوەتەوە و چۆنییەتی هەڵسوکەوتی جەمعییەت لە گەڵ ئەو هەلە مێژوویەدا باسکراوە. دواییش باس لە هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕێگر لە جێبەجێبوونی ئەو ڕاگەیندراوە دەکرێت کە لاوازیی کۆمەڵگای کوردی، دژایەتیکردنی لە لایەن کاربەدەستانی حکوومەتی عوسمانی و ناتەبابوونی وڵاتانی زلهێزی ئەورووپایی لە گەڵیدا وەک خاڵە سەرەکییەکانی دیاریکراون. لە درێژەی ئەم بەشەدا بە پێی بەڵگەکان هەوڵی جەمعییەت وەک؛ ناردنی نامە و داواکاری بۆ وڵاتان تا پێکهێنانی وەفد و دانووستان لە گەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتانی خاوەن دەسەڵات و ئامادە بوون لە کۆبوونە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان، بۆ گەیاندنی داواکاریی ماڤی گەلی کورد بە پێی مادەکانی ویلسن و دیکەی جاڕنامە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکار لە ماڤی گەلان، بە باشی ڕوونکراوەتەوە و وێڕای ئاماژە بە تەمەنی کورتی ئەم جاڕنامە، کاریگەرییەکانی لە سەر وروژاندنی زیاتری هەست و ویستی نەتەوەیی کوردان پیشان دراوە. لەم بەشەدا هاوکات دیوێکی دیکەی دژبەر بە هەوڵ و تێکۆشانەکانی کورد و جەمعییەتی تەعالیی کوردستان باسکراوە کە ئەویش دیپلوماسییەت و کاری سیاسی و سەربازیی کەماڵیستەکانە لە هەر دوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا بۆ نەزۆک کردنی ویستی نەتەوەیی گەلی کورد.

 

بەشی پێنجەم: جەمعییەتی تەعالیی کوردستان و پەیماننامەی سێڤەر

هەلوێستی جەمعییەت بەرامبەر بە پەیماننامەی سێڤەر کە ١٠ی ئابی ١٩٢٠ ئیمزا کرا، وەک بەڵگەیەکی دیپلۆماسیی نێونەتەوەیی کە بۆ یەکەم جار باسی پێدانی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردی تێدا هاتووە، بابەتی ئەم بەشە لە خۆ دەگرێت. پەیماننامەی سێڤەر بێجگە لەوەی کە وێستگەیەکی گرنگی مێژووی سیاسی هاوچەرخی کوردە، بە بۆنەی ئامادەبوونی نوێنەرانی کوردی سەر بە جەمعییەتی تەعالیی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاشتیی پاریسدا کە لە لایەن شەریف پاشاوە سەرپەرشتی کراون، پێگەیەکی گرنگیشی لە مێژووی کار و چالاکییەکانی جەمعییەتدا هەیە و ئەم بەشە هەوڵدەدا خاڵ و هێڵە چارەنووسسازەکانی ئەو دیاردە مێژووییە بە وردبینی و تیشک خستنە سەر هەموو ڕەهەندەکانی دیاری بکات.

بابەتەکە لە درێژەدا باس لە وردەکارییەکانی چۆنییەتی هەڵبژاردنی شەریف پاشا وەک نوێنەری کورد و جەمعییەت لە کۆنفرانسی پاریس و پەیوەندیی لە گەڵ ڕێکخراوە کوردییەکانی دیکەی وەک؛ “جەمعییەتی ئیستقلالی کورد” لە قاهیرە کە لە کۆنفرانسدا “عارف پاشا” نوێنەرایەتیی کردووە و هەروەها حکوومەتی کوردیی شێخ مەحموودی بەرزنجی کە وەفدی ڕەوانەی پاریس کردووە و لە کۆتاییشدا هەموویان شەریف پاشایان وەک نوێنەری سەرجەم لایەنەکان قبووڵ کردووە، دەکات. دواتریش هەوڵ و کۆبوونەوە و پەیوەندیکردنەکانی وەفدی کوردی و شەریف پاشا لەو پێناوەدا و سەرەنجام هۆکارەکانی کشانەوەی شەریف پاشا لە نوینەرایەتیکردنی کورد لەو کونفرانسەدا دەورووژێنێت.

لە بابەتێکی دیکەدا باسی ئەو کێشە و گرفتانە دێتە ئاراوە کە لە کۆنفرانسدا بێ وڵام و چارەسەر ماونەتەوە و لە سەرووی هەموویانەوە کێشەی سنوور و خاک لە نێوان کورد و ئەرمەندا، دیاردەیەک کە بوو بە هۆی کەڵک وەرگرتنی کەماڵییەکان لە ناکۆکیی نێوان کورد و ئەرمەن و یارمەتیی پتەوتر کردنی پێگەی کەماڵییەکانی لە ناوچە کوردنشینەکان دا.

تێبینی شیکاری و ڕەخنەگرانەی نووسەر، چەند لاپەڕەیەکی دی ئەم بەشە پێکدێنن سەبارەت بەوەی کە چۆن لاوازیی دیپلۆماسییەتی کوردی و نەبوونی ستراتیژی تۆکمە لە لایەک و ئامانج و سیاسەتەکانی وڵاتانی ئەورووپی بە تایبەت ئینگلیز و فەرەنسا ئەم هەلە زێڕینەیان بۆ کورد لە ناوبرد و سەرەنجام لە پەیمانی لۆزان دا، بە قازانجی وڵاتی تورکیا و کەماڵیستەکان شکایەوە.

 

بەشی شەشەم: دابەشبوون و کۆتایی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان

بەشی شەشەم کۆتا بەشی کتێبەکەیە کە لە سێ سەردێڕدا، باس لە دواپەردەکانی خەبات و چارەنووسی ئەو ڕێکخراوە کوردییە دەکات و بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەئامێز و خەسارناسانەوە باس لە هۆکارەکانی کۆتایی هاتنی ئەو خەباتە پرشنگدارە تەمەن کورتە دێنێتە ئاراوە.

دابەشبوون؛ سەردێڕی یەکەمە کە سەرهەڵدانی دوو بیری جیاوازی سەربەخۆیی خوازی و ئۆتۆنۆمی خوازی وەک خاڵی دەسپێکی دابەشبوونی جەمعییەت دەستنیشان دەکات، کە بوو بە هۆی دروستبوونی دوو بێرۆکەی لێکترازاو لە ئاست دۆسیەی کورد لە بازنەی سنوورەکانی عوسمانیدا و دوای تێهەڵچوون و مشت و مڕێکی زۆر و زەقترکردنەوەی ناکۆکییەکانی ناو جەمعییەت، لێکدابڕان و دابەشبوونی ڕێکخراوەکەی لە دوایین مانگەکانی ساڵی ١٩١٩ و سەرەتای ساڵی ١٩٢٠دا بە دوای خۆیدا هێنا. دواتریش دامەزراندنی فیرقەی میللەتی کورد (کورد میللەت فیرقەسی) و تەشکیلاتی ئیجتماعییەی کورد وەک دوو ڕێکخراوەی سەربەخۆیی خواز بە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی دابەشبوونی جەمعییەت دەناسێندرێ، کە هۆکارەکانی لە دیدی نووسەرەوە بۆ گەشەنەکردنی تەواوی بیرێکی نەتەوایەتیی پشت ئەستوور بە ستراتیژ و بنەمایەکی تیۆریکیی قووڵ و درێژەی ناکۆکی و بەربەرەکانێی خێڵەکی و عەشیەریی دەگەڕێتەوە.

دامەزراندنی جەمعییەتی تەشکیلاتی ئیجتیماعییە؛ دووهەمین سەردێڕی بەشی پێنجەم، تایبەتە بە ناساندنی ئەم ڕێکخراوە نوێیە کە بەرهەمی دابەشبوون و لێکترازانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان بوو. ئەم ڕێکخراوە کە لایەنە سەربەخۆیی خوازەکانی کوردی وەک: کەماڵ فەوزی، ئەکرەم جەمیل پاشا، دوکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت، ئەمین عالی بەردخان و … لە خۆ دەگرت، لە درێژەی بابەتەکدا، تەشکیلات و ڕێکخستنەکان و بەرنامە و ئامانجەکانی دەناسێندرێن و هەروەها باسی پەرچەکردارەکانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بەم ڕێکخراوە دەکات. لە کۆتایی بابەتەکەشدا تیشک دەخرێتە سەر خاڵە ئەرێنییەکانی جەمعییەتی تەشکیلاتی ئیجتیماعییە لە ئاست ڕێکخستنی زیاتری بیر و ویستی سەربەخۆیی خوازی، وەک داڕشتنی یەکەمین ئاڵا و قووڵکردنەوەی چالاکییەکانی بۆ نێوخۆی کۆمەڵگای کوردی.

 

سەردێڕی سێهەمی بەشی شەشەم، داخستنی جەمعییەتی تەعالیی کوردستانە؛ کە دواپەردەی ژیانی ئەو ڕێکخراوە کاریگەر و مێژووییە باسدەکات و تێکڕای دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی داخستنی کە ناکۆکی ناوخۆیی و گوشاری دەرەکی (تورکی _ کەماڵیستی)، و یەکگرتوونەبوون و لاوازیی گوتاری سیاسیی کوردی خولقاندیان، لە کۆتاییدا بە تێبینییەکی خەسارناسی ئاوڕ لە ئەزموونی جەمعییەت دەداتەوە و وێڕای تیشک خستنە سەر کاریگەرییە مێژووییەکانی جەمعییەت لە سەر ڕەوتی ناسیونالیزمی کوردی و پێشخستنی وشیاری نەتەوایەتی و گەشەپێدانی شوناسی کوردایەتی، کۆی ئەو هۆکار و فاکتەرانەی کە بوونە ڕێگر لە بەردەوامبوونی ئەزموونی جەمعییەت ڕوون دەکاتەوە؛ کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی و بیری کەماڵیستی تێکڕای ناتەبایی نێوماڵی کورد و دانەبڕانی تەواوی کورد لە پێبەندی بە دەزگای خەلافەت، لە سەرەوەی هەموویانن. بەم هۆکارانەوە جەمعییەت لە ساڵی ١٩٢٢ دا، واتا ساڵێک پێش ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا هەڵدەوەشێتەوە، کەچی لە دووتوویی باسەکەدا هاتووە کە شێوازی داخستتنی هەمێشەیی جەمعییەت هێشتا نادیارە.

 

بەشی بەڵگەکان

بەشی بەڵگەکان پاشکۆیەکە بریتی لە: بەیاننامەی جەمعییەتی هێڤی تەلەبەی کورد، بەیاننامەی جەمعییەتی تەعمیمی مەعاریف و نەشرییاتی کورد، نیزامنامەی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان، پێڕەوی ناوخۆی جەمعییەت، یادداشتی شەریف پاشا سەبارەت بە داواکانی گەلی کورد لە کۆنفرانسی پاریس و چەند بەڵگەیەکی مێژوویی دیکە، کە دەتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و لەبەر دەست بۆ زۆر توێژینەوە و شیکاریی مێژوویی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە کار بێت.

 تێبینی و هەڵسەنگاندن:

کتێبی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان، وەکوو بەرهەمێکی مێژوویی، هەڵگری زۆربەی ئەو تایبەتمەندییانەیە کە پێویستە لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و ئاکادیمیکدا ڕەچاو بکرێن، هەر لە شێوازی داڕشتنەوە تا پابەندبوون بە بەڵگە و سەرچاوە دەستە یەکەمەکان و خۆ دوورگرتن لە حەز و ویستی کەسی لە گواستنەوەی زانیاری و هەڵسەنگاندنی بابەتەکاندا.

ڕوویەکی دیکەی گرنگی ئەم بەرهەمە ئەوەیە کە لە ڕوانگەی مێتۆدەوە، وەکوو لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی، تەنیا لە بازنەی مێتۆدی وەسفی و گێڕانەوەی ڕەهادا قەتیس نەماوە، بەڵکوو تێکڕای باسکردنی دیاردە و ڕووداوە مێژووییەکان، هەوڵی بۆ لێکدانەوە و شێکاریی بابەت و تەوەرەکان داوە و لە چەندین ڕوانگەی جیاواز و تەنانەت دژبەیەکیش تیشکی خستۆتە سەر مژارەکانی.

ڕوانگەی خەسارناسانەی نووسەر، هێڵێکی بەردەوامی نێو بەرهەمەکەیە، کە لە چەندین ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، ئابووری، هزری و کۆمەڵناسیی سیاسییەوە هەوڵی داوە لە ڕێگەی هۆکارناسییەکی قووڵەوە، لە مانای دیاردەکان بگات و قۆناغە جیاوازەکانی ئەزموونی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان بەو ئامراز و پێوەرانە شرۆڤە بکات.

ئەگەر ئەم وتەیەی بێندتۆ کرووچە، فەیلەسووفی مێژووی ئیتالی بە هەند وەرگرین کە “هەر مێژوویەک، مێژووی هاوچەرخە”، دەتوانین بە دیدێکی ورد، ڕەنگدانەوەی ئەم وتە لە کتێبەکەدا ببینین، بەو مانایە کە کتێبی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان، وێڕای تیشک خستنە سەر قۆناغێکی گرنگی مێژوویی بزاڤی نەتەوەیی کورد، بەرهەمێکی پڕ لە زانیاری و مەعریفەیە بۆ ژیانی سیاسی ئەوڕۆی کورد و زۆربەی تێبینی و شیکارییەکانی توێژەر وامان پیشان دەدەن کە هەمووی ئەو تێفکرین و بەدوداچوونانە وەک وڵامدانەوەیەکن بۆ پرسیارە هەنووکەییەکان.

بە گشتی ئەم کتێبە، بەرهەمێکی بەنرخی مێژووییە کە کەلێنێکی گەورەی لە کتێبخانەی مێژووی هاوچەرخی کورددا پڕ کردۆتەوە و پێویستە خوێندکاران و لێکۆڵەرانی مێژووی کورد بە باشی کەڵکی لێ وەرگرن.

بەرامبەر بە هەوڵ و چالاکیە بێ­وچان و بەپێزەکانی بنکەی ژین لە پێناو بونیاتنانی کتێبخانە و ئەرشیڤی مێژووی کورد و کوردستان بە شێوازێکی سەردەمیانە و ئاکادیمیک، ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینی خۆمان ڕادەگەینین و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.

______________________

[۱]. Ismail Goldas, KURDISTAN TEALI CEMIYETI, Doz basim ve yayinciluk Ltd., Sti, Istanbul, 1991.

[۲]. لەم نووسراوەدا، لە هەر جێگایەک کە ناوی “جەمعییەت” هاتووە، مەبەست ” جەمعییەتی تەعالیی کوردستان”ە.

داگرتنی PDFی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

.

.ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *