خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / با هەموومان ڕۆمانی کەوتنی ئاسمانەکان بخوێنینەوە

با هەموومان ڕۆمانی کەوتنی ئاسمانەکان بخوێنینەوە

با هەموومان ڕۆمانی کەوتنی ئاسمانەکان بخوێنینەوە

سەلاح ئاشتی

لەمێژە ڕۆمان دەخوێنمەوە. زۆر جار لەگەڵ نووسەرانی چاوتیژ و قوژبن‌پشکن لە کەلێن و قوژبنی ژیان‌ خوردبوومەوە و بە هەزاربەهەزاری کۆڵانەکانی‌دا تێپەڕیوم. زۆرم دنیا لەگەڵ قوونەکەو کردوون. بە سەر تەرمی خەمەکانیان‌دا گریاوم و شینم لەگەڵ گێڕاون… بوومە سەرچۆپی‌کێشی ئەو شادی و ئۆخژنانەی زاوزێیان پێ‌کردوون و پێیان گەیاندوون و ڕەشبەڵەکیان پێ‌گێڕاون… لەگەڵ هەستی تەزیویان بەسەر تاسان و داماوی‌دا کەوتووم… کە چاویان تۆڕی ڕووداوێکی لەناکاوی بەسەر کشاوە، من بەجارێک کوێر بووم و موقراییم داهاتووە… بە دەم پێکەنینیانەوە تریقاومەوە و هێندەی دڵ لەخۆبوونەوە قاقام بە قاقا داگیرساندووە… بە دەنگ و ڕەنگی دایک و باوک و چپەی ئافرەت و جریوەی منداڵان سەدان کۆلکەزێڕینەم بەدەستی خۆم تەنیوە… بەڵام هەتا ئێستا هیچ نووسەرێک هێندەی مامۆستا جەبار جەمال غەریب، تەلی تاری شعووری نەئەنگاوتووم. وا ڕۆنەچووە بە هەناوی ژیان و مرۆڤ‌دا خۆشەوە بێ! زۆربەی ئەو دیمەن و وێنواندنانەی ڕستەکانی پێ‌داڕشتوون تایبەتی خودی نووسەرن، شی‌کردنەوەی ئەون بۆ ڕۆبردنی بیری ئادەمیزاد بە ناخی ڕەوتی ڕووداوەکان‌دا… هونەری تێککردنەوەی ڕووداوەکانی وا تێکبەزاندوون کە خۆی فۆرمێکی خۆکردە. نووسەر بێ‌ئەوەی خۆی ڕاپسکێنێ و بە هەزار تەقەڵ و تیک‌ودروومان ڕووداوەکان بەرێتەوە سەریەک تەکنیکی ڕۆمانی سەردەمی بۆ خستووینە سەر کەشەفێکی زێڕی دەسکردی کوردی، کە نیشانەی شارەزایی و ناسینی خودی گەوهەری گێڕانەوەیە… زۆر جار لە خۆشیی داڕشتنی جوانی و ناکامیی قارەمانەکانی فرمێسکم لە چاوان زاوە و هەزاران ئافەرینم ناردووە بۆ ئەم ئەندیشە و قەڵەمە… لە دڵی خۆم‌دا ئەوەندەی دیکە بە زمانە ڕەسەنەکەم نازیوم و دڵخۆش بووم و وێراومە بڵێم چۆن دەکرێ شاکاری پێ بخوڵقێ… ڕەنگە کەسێک کورد نەبێ هێندە هەست بە گرژ و خاو بوونەوەی دەمارەکانی ئەم ژیانە خێرلەخۆنەدیوەی ئێمە نەکا…خۆزگە لە خۆزگەداری دنیایە هەموو کوردێک ئەم دەریای ڕۆمانەی بە گیان و دڵ هەست پێ‌کردبا و تیژباڵی ڕووحی خۆی تێوەردابا و بەرەو پەڕۆچکەی کەلام تێهەڵبووبا… لام وایە بێتوو کۆمەڵێک وەرگێڕی ورد و وریا ئەم گۆشەیە لە ژیانی ئێمە بۆ خەڵکی جیهان بگێڕنەوە، بەشی هەرە زۆری دنیا سەری سوڕ دەمێنێ…

هیوادارم توولی عومری نووسەر هێندەی خۆی پێی خۆشە درێژ بێ یان بە دەردی ژنان دەڵێن هەزار ساڵ بێ. مامۆستا جەبار جەمال نەک هەر نووسەر بەڵکوو شاعیرێکە هەورازی زۆربەی شاعیرانی هاوتەمەنی.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *