خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «تۆمارەکانی کورد: هەرێم، ڕاپەڕین و نەتەوەخوازی»

ناساندنی کتێبی «تۆمارەکانی کورد: هەرێم، ڕاپەڕین و نەتەوەخوازی»

Records of the Kurds: Territory, Revolt and Nationalism, 1831-1979; British Documentary Sources, Anita Burdett, Cambridge, 2015.

ناسنامەی کتێب: “تۆمارەکانی کورد: هەرێم، ڕاپەڕین و نەتەوەخوازی ١٨٣١-١٩٧٩؛ سەرچاوە بەڵگەییەکانی بەریتانیا، ١٣ بەرگ، ئانیتا بێردیت، کێمبریج، ٢٠١٥.

پێشەکیی ئێدیتۆر (ئانیتا بێردیت)

ناساندنی کتێبی «تۆمارەکانی کورد: هەرێم، ڕاپەڕین و نەتەوەخوازی ١٨٣١-١٩٧٩»

پوختە

ئەم بەرهەمە ١٣ بەرگییە، کە لە ٩هەزار لاپەڕە بەڵگەی دەقاودوق پێکهاتووە؛ کۆکراوەیەکی بەرفراوان و پێکهاتەمەندە لە تۆمارەکان، کە بە مەبەستی کەڵک وەرگرتنیان لە لایەن بیرمەندان، توێژەرانی زانستی و ئاکادیمیسەنەکان بۆ ئافراندنی بنەمایەکی میژوونووسانەی دیرۆکی کورد لە بازنەی سەردەمی بەڵگەکاندا، بەرهەمهاتووە.

بەڵگەکان تیشک دەخەنە سەر بەراییترین ڕاپەڕینەکانی خەڵکی کورد بەرامبەر دەسەڵاتە ناوچەیی و ناوەندییەکان، و هەروەها پەیوەندیی ناوخۆییان لە گەڵ هۆزەکانی دەراوسێ و گرووپە قەومییەکانی دی لە خاڵە وەرچەرخانە مێژوویەکاندا، هەر لە ئاخێزگرتنی هەستی نەتەوایەتی لە بەستێنی کۆمەڵێک سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی جیاواز و لێکدابڕاوی سەدەی نۆزدەهەمەوە، تا پەرەسەندنی بۆ بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی دیار و سەقامگیر کە لە ئاکامی شەڕی یەکەمی جیهانیدا هاتە ئاراوە.

گەرچێ رەنگە وا باس بکرێت کە وروژاندنی بەردەوام و بەرچاوی مژاری “داهاتووی کوردستان” وەک تەوەرێکی ئاڵۆز و کێشە لە سەری نێونەتەوەیی، لە ساڵانی ١٩١٩ و ١٩٢٠ەوە ڕووی دابێت، بەڵام وێڕای ئەم تێبینە، دەکرێت لە نێو ئەرشیڤە فەرمییەکانی بەریتانیادا، سەبارەت بە کورد، گەلێک بابەت و زانیاری گرنگی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم دەستنیشان بکەیت کە وەک دۆسییەیەکی درێژخایەن و بەردەوامی مێژوویی باسی لێ دەکەن.

ڕوانگەی بەڵگەکان سەبارەت بە ڕەهەندەکانی نەتەوەخوازیی و هەرێمی کوردان، لە سەر بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە ناوچەکەدا دەقی گرتووە و هەڵگری دوو تایبەتمەندیی دەمارگرژیی هاوچەرخ و خێوەری تاکەکەسیی نووسەرەکانیانن. ڕوانگەی سەرەکییان مکۆڕبوونە لە سەر پەیوەندیی بەربڵاوی دیپلۆماتیکی حکوومەتی بەریتانیا لە گەڵ ئێران، ڕووسیا و تورکیا، سەرەتا لە ڕیگای چاودێریکردنی ناکۆکیی سنوورە نێونەتەوەییەکان و مژارە سەرحەدییەکان؛ دووهەم لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی بابەتەکانی بەرەنگاریی ستراتیژیک، دژ بە هەر ئەگەرێکی جێی مەترسی بۆ سەر ئیمپراتووریی هیندی بەریتانیا، و سێهەم لە ئاستی بازرگانیدا، بە مەبەستی دامەزراندنی تۆڕەکانی بازرگانیی خۆجێیی و ناوچەیی.

بەریتانیای مەزن، بە دوای سەپاندنی باڵادەستیی ناوچەیی خۆی بە شێوازێکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ نەبوو، لەم ڕووەوە دەتوانیت بڵێی ئەم بەڵگانە تا ڕادەیەک بێلایەن و دوور لە دەمارگیریی پابەند بە بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکانی بەریتانیا، ئاوڕ لە مێژووی کورد دەدەنەوە؛ هەروەها ئاستێک لە هاوسۆزیی جاربەجاری هەندێ لە کاربەدەستان بەرامبەر دۆخی کورد لە تۆمارەکانیاندا بەدی دەکرێت.

بایەخی بەڵگەیی

«تۆمارەکانی کورد: هەرێم، ڕاپەڕین و نەتەوەخوازی ١٨٣١-١٩٧٩»، لە دووتوێی یەکێک لە پڕناوەڕۆکترین کۆمەڵە بەڵگانەی کە تا ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، ڕاپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە جوگرافیای کوردستان دەخاتە بەردەست. ئەم بەرهەمە هەڵگری کۆمەڵێک زانیاریی فرەچەشنە سەبارەت بە؛ ڕێڕەو و لەوەڕگەکانی کوێستانەکانی کوردستان، قڵاکانی، شارەدێکان، گوندەکان، و شارە گەورە و بچوکەکانی و سەرچاوە سروشتییەکانی وەک: ئاو و نەوت و تایبەتمەندییە بازرگانییەکان، ڕێگاکان، تەنگەڵانەکان، دوندەکان، زنجیرە کێوەکان، گردەکان، پردەکان، دۆڵەکان، دەشتەکان، ساراکان، زۆنگاوەکان و نموونەکانی تری هاوشێوەیان. تەنانەت نموونەکانی زەویناسی، ڕووەکناسی و زیندەوەرناسیی ناوچەکەی تێیدا بە تۆکمەیی پۆلینکراون.

 ئەم کۆمەڵە گەلێک بەڵگەی بایەخداری، وەک نووسراوەکانی ڕێکخراوە و کەسایەتییە دیارەکانی کوردی ئەو سەردەمەی لە خۆ گرتووە کە بە وردی چۆنییەتی کاریگەرییەکانی شەڕ و پاش‌ـ‌شەڕی جێهانیی یەکەم لە سەر شوناس و یەکگرتنی سیاسیی خەڵکی کوردستان دەردەخەن.

یەکێ لە ڕەهەندە گرنگەکانی دیکەی ئەم بەرهەمە، ڕوانگەی پێشکەشکراویەتی سەبارەت بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان لە سەردەمێکی مێژوویی بەرفراواندا. ناکۆکییەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی و هەروەها هەڵسووکەوتیان لە گەڵ کۆمەڵگاکانی دەراوسێ و پەیوەندیی زۆرجار ئاڵۆزیان لە گەڵ دەوڵەتە جیاوازەکان و نوێنەرانیان پیشان دەدات. هەروەها تۆمارێکی زۆر گرنگ لە گەشە و پێشکەوتنی هەنگاو بە هەنگاوی بزاڤی کوردی لە درێژایی سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمدا دەخاتە بەردەست.

ئەگەرچی “پرسی کورد”، بەردەوام لە ئارادا بووە، و هاوکات وەک مژارێکی مێژوونووسانەشە دەرکەوتووە، بەڵام توێژینەوەی سنوورداری ئەم بوارە، کە زۆرجار تووشی گوشار و بەربەستی دەوڵەتانی ناوچەکە دەبێتەوە، وا بە خێرایی گۆڕانی بەسەردا دێت و تۆمارەکانی کورد، وەک بەربڵاوترین سەرچاوەیەکی بەڵگەیی کە تاکوو ئێستا بڵاوکراوەتەوە، ئەم ڕەوتە بەهێزتر دەکات و دەرفەتی دەستپێڕاگەیشتی ڕاستەوخۆی زانایان لە هەموو جێهانەوە بەم بەڵگە پربایەخە ئینگلیزیانە دەڕەخسێنێت.

ئەم بەرهەمە ١٣ بەرگییە لە؛ کۆی بەڵگە گرێدراوەکان بە کورد و کوردستان وەک دیاردەیەکی هەرێمی لەو سەردەمەدا، کە لە تۆمارەکانی حکوومەتی هیند لە کتێبخانەی بریتانیادا، و هەروەها تۆمارەکانی نووسینگەی کاروباری دەرەوە، نووسینگەی جەنگ، نووسینگەی هیند، نووسینگەی کۆلۆنیاڵ و کابینە، کە لە ئەرشیفی نەتەوەییدا ڕێگای بەدواداچوون و دەستخستنیان ڕەخساوە، بێجگە لە ڕەشنووس و بەڵگە دووپاتکراوەکان، پێکهاتووە.

ناوەڕۆکی بەرگەکان   (١٣ بەرگ)

بەرگی ١ (١٨٣١-١٨٥٥)

  • لەم قۆناغەدا لانیکەم دوو سەرهەڵدانی گەورەی کورد ڕوویاندا کە دەرهاویشتەی ڕاستەوخۆی شەری ۱۸۲۸-١٨٢٩ی رووس-عوسمانی بوون.

  • لە ساڵی ١٨٣٨ بەدواوە، بەرپرسانی بەریتانیایی ئاوڕ لە مژارێک بە ناوی “پرسی کورد” دەدەنەوە، بەتایبەت لە لێدوانەکانیان سەبارەت بە کۆچکردنی ئازاد.

  • ساڵی ١٨٤٦-١٨٤٧ چەند ڕاپەڕینێکی دی بە سەرکردایەتیی بەدرخان لە وان ڕوویاندا و  بوو بە هۆی پەرچەکردارێکی توند، کە نموونەیەکی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆری بەگەکان لە ساڵانی ١٨٤٩ تا ١٨٥٢دا بوو.

  • سەرهەڵدانی جزیرە لە ساڵی ١٨٥٤دا.

بەرگی ٢ (١٨٥٦-١٨٧٨)

  • دیاریکردنی کاریگەریی گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی دەسەڵاتی عوسمانی و هەڵکشانی بەرژەوەندی نێونەتەوەیی پاش پەیمانی ١٩٥٦ی پاریس، لە سەر کورد و کوردستان.

  • پەرەسەندنی خەباتی کوردی بە هەڵگیرسانی ڕاپەڕینی بەهێزی ١٨٥٦ی وان و سەرهەڵدانێکی دیکەی ساڵی ١٨٥٨-١٨٥٩ بە ڕیبەرایەتیی بەدرخان‌.

  • خێراتربوونی ڕەوتی ئاڵۆزییەکان لە ساڵی ١٨٧٦ەوە کە سەرەتا بە هۆی ملنەدانی کوردەکان بە خزمەتی سەپێنراو لە سوپای عوسمانیدا سەریهەڵدا و وەک باسدەکرێت تا ساڵی ١٨٧٨ چەند بەشێک لە ناوچەکە، بە تایبەت سنووری خارپوت، کەوتوونەتە دۆخێکی پاشاگەردانییەوە.

  • شۆڕشی دێرسیم ١٨٧٨-١٨٧٩.

بەرگی ٣ (١٨٧٩-١٨٩٩)

  • سەرەتای ساڵی ١٨٧٩، دۆخێکی شڵەژاو باڵی بەسەر ویلایەتی وان‌دا کێشا. لە مانگی ئۆگۆستدا، کوردانی حەکاری بە سەرکردایەتیی شێخ عوبەیدوڵڵا ڕاپەڕین.

  • توندتربوونی چالاکییە سەربازییەکان و سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزی لە سنوورەکانی ئێران و عوسمانی لە ساڵی ١٨٨١دا، بوو بە هۆی دژواری و زویری کوردان و هەوڵدانیان بۆ دەربازبوون لە سنوورەکان، کە بەو بۆنەوە، ڕاپۆرتەکان باس لە پەڕینەوەی ۱۰۰ هزار بنەماڵەی کورد لە ئێرانەوە بۆ نێو سنووری دەسەڵاتی عوسمانی دەکەن.

  • دۆخێکی ئاڵۆز و تێکچوو لە ١٨٨٣ وە تا ١٨٨٧ درێژەی کێشا، کە بوو بە هۆی جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری لە هەندێ ناوچەی وەک حەکاری‌دا. ئەم دۆخە ساڵی  ١٨٩٠بە لەشکرکێشییەکی ئامانجداری عوسمانی بە مەبەستی چەوساندنەوەی کوردان کۆتایی هات.

  • ساڵی ١٨٩٤، پێکدادانە ناوخۆییەکانی کورد سەریهەڵدا.

بەرگی ٤ (١٩٠٠-١٩١٤)

  •  ئابی ١٩٠٥، هێزە کوردییەکان بە رێبەرایەتیی ئیبراهیم پاشا گەیشتنە دەروازەکانی دیاربەکر.

  • کانوونی دووهەمی ١٩٠٥، کوردەکان داواکارییەکیان بۆ حکوومەتی خاون شکۆ بەرزکردەوە، کە ڕاستەوخۆ بیانخەنە ژێڕ ڕکێفی پاراستنی دەوڵەتی بەریتانیا.

  • شۆڕشی تورکانی لاو، ساڵی ١٩٠٨.

  • سەرهەڵدانەکانی ١٩١٠ی مووش، ١٩١١ی خۆیت، و ڕێبەرایەتیی سمکۆ (کە لە ١٩١٣ەوە دەستیپێکرد)؛ هەموو بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی لە کۆمیتەی ئیتیحاد و تەرەقی یەکیان گرتەوە.

  • سەرهەڵدانی شەڕی یەکەمی جێهانی.

بەرگی ۵ (١٩١٤-١٩٢٠)

  • مێجەر نۆیل بە مەبەستی پەیوەندی گرتن و نزیکبوونەوە لە شێخ مەحموود و نوێنەرایەتی کردنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە سلێمانیدا وەک بەرپرسی تایبەت ڕاسپێڕدرا. شێخ مەحموود سەرەتا وێڕای سنوورداربوونی دەسەڵاتەکانی، وەک حاکم دەستنیشان کرا، بەڵام ساڵی ١٩١٩، بەرامبەر بەریتانیا ڕاوەستا و سەرکردایەتیی کۆمەڵێک سەرهەڵدانی لە ئەستۆ گرت.

  • کابینە لە نوامبری ١٩١٩دا بە مەبەستێکی دیار، سیاسەتی “جێگیرکردنی بازنەیەک دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیی کوردیی لە سنوورە عەربیەکانی ویلایەتی مووسڵ” وەک ئەجیندایەک دیاری کرد. بەڵام پێچەوانەی ئەم ئامانجە، لە کانوونی دووهەمی ١٩٢٠دا، سیاسەتی بڕیارنەدان سەبارەت بە کوردستان دەرکرا، کە بریتی بوو لە ئیزن نەدان بۆ لکاندنی بە خاکی تورکیا و پالپشتی نەکردن لە دابەشبوونی. هەروەها، لۆرد کۆرزن لە کۆنفرانسی سان ریمۆ لە نیسانی ١٩٢٠دا، بە دڕدۆنگی و گۆمانەوە باس لە ئاراستەی داهاتووی کوردستان دەکات.

بەرگی ٦ (١٩٢١-١٩٢٦)

  • شکستی هەوڵە دیپلۆماتیکییەکانی هاوپەیمانان، لە دانانی چارەسەرێکی کاریگەر بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی، بوو بە هۆی زنجیرەیەک ڕاپەڕین لە سنووری ویلایەتە پێشووەکانی کوردستاندا کە بە چالاکییە سەربازییەکانی سمکۆ دەستیپێکرد.

  • پاشگەزبوونەوەی هاوپەیمانان لە ڕیککەوتنی ١٩٢٣ی کۆنفرانسی لۆزان، چارەسەری دیپلۆماتیکیی دەوڵەتی کوردستانی بە قازانجی دەوڵەتی کەماڵیست تێکشکاند.

  • موستەفا کەماڵ ئەتاتورک ساڵێ ١٩٢٣ کۆتایی بە حکوومەتی عوسمانی هێنا.

  • ڕاپەڕینە گەورەکان تەشەنەیان کردەوە، بە تایبەت ساڵی ١٩٢٥ بە شۆرشی شێخ سەعیدی پیران و هەروەها ڕاپەڕینی دێرسیم‌ لە تورکیا، کە بوو بە هۆی ڕاگەیاندنی یاسای سەربازی بە سەر ئەم ناوچانەدا.

  • پاشەکشە و تاراندنی سمکۆ بەرەو عێراق لە کۆتایی ١٩٢٦دا.

بەرگی ٧ (١٩٢٧-١٩٢٩)

  •  حوزەیرانی ١٩٢٧، یەکێک لە بەرپرسان رایگەیاند کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، گەیشتۆتە دۆخێکی تەنگانە.

  • ڕوانگە و سیاسەتەکانی حکوومەتی کەماڵیستی، وەک؛ بەرنامەی ڕاگواستنی بە کۆمەڵ تێکڕای ئۆپراسیونی سەرکوتکردنی خەباتکارە نەتەوەییەکان لە تەممووز تا کانوونی یەکەمی ١٩٢٧.

  • ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردان و دامەزراندنی کۆماری ئارارات لە ١٩٢٧ دا.

  • خەمڵاندنی دەرئەنجامەکانی شکستی کوردانی ئێران لە ڕاپەڕینی مەنگووڕ لە ساڵی ١٩٢٩دا.

بەرگی ٨ (١٩٣٠-١٩٣٩)

  • ئەم بەرگە، پێداچوونەوەیەکی بەڕچاوی سیاسەت و بەڵێنەکانی بەریتانیای لە ئاست کوردان، لە بواری هاوکارییەکانی ئەنگلۆ- عێراقی لە ئابی ١٩٣٠دا، لە خۆ گرتووە.

  • کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی کورد و داڕشتنی بەرنامەی ڕاپەڕێنێکی جەماوەریی دژ بە عەرب لە عێراق لە ساڵی ١٩٣١دا.

  • شۆڕشی خۆیبوون لە نێوان ساڵانی ١٩٢٩-١٩٣١ ڕوویدا و بوو بە هۆی هەوڵ بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی کوردستان لە ساڵانی ١٩٣١-١٩٣٢دا.

  • کۆچی زۆرەملی لە قۆناغی ساڵانی ١٩٣٩-١٩٤٥دا، کە بە پێی خەمڵاندێک ٧٠٠ هەزار کورد لە درێژەیدا گیانیان لە دەستدا.

بەرگی ٩ (١٩٤١-١٩٤٤)

  • ڕووماڵکردنی قۆناغی شەڕی جیهانیی دووهەم کە لە دڕێژەیدا هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق بە چری کەوتنە ژێر داگیرکاریی وڵاتانی هاوپەیمان.

  • کانوونی ١٩٤١ ڕاپەڕینێکی کوردی، بە داکۆکیی لایەنە ئاسووری و کلدانییەکان، لە ئێڕان ڕوویدا، کە بوو بە هۆی پێکدادانێکی سەربازیی قووڵ لە گەڵ هێزەکانی ئێران و بە شکستی کوردەکان لە کانوونی دووهەمی ١٩٤٢دا کۆتایی پێهات.

  • درێژەکێشانی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژئاوای ئێران، بە تایبەت لە نێو کوردانی پێشڕەوی ڕەزاییە لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کانوونی دووهەمی ۱۹۴۲٫

  • ئالۆزیی نێو کوردان لە پاییزی ١٩٤٢دا، لەشکرکێشی و چاودێریی سەربازیی ئێرانی لە کوردستان بە دوای خۆیدا هێنا.

  • زۆربوونی ئەو ڕووداوانەی کە بەرۆکی کوردانیان گرتبوو، وەک هێرش بۆ سەر گوندی مازلۆ، ئەویان دەردەخست کە ئەگەر ڕووسەکان پێشنیاری هەرچەشنە بەرنگارییەکیان دابا، ئەوان لە هێرشکردن پاشگەز دەبوونەوە. دۆخی سنوورەکان لە ئابی ١٩٤٣دا، پیشاندەری نەبوونی هیچ جۆرە چاودێری و کونتڕۆڵێک بوو کە ڕێگای بۆ تەراتێن و پەڵامارەکانی دواتر و هێرشی سنووربەزێنی کوردان خۆش دەکرد.

بەرگی ١٠ (١٩٤٥-١٩٥٠)

  • لە ساڵی ١٩٤٥ەوە باروودۆخی کوردانی عێراق کەوتە ژێر کاریگەریی قووڵی چاڵاکییەکانی مەلا موستەفا. ڕاپۆرتێکی کەپتن ستۆک، ڕاوێژکاری سیاسی لە هەولێر، لە “کۆنفیدراسیۆنی بارزان” وەک ” کوردستانی خۆبەڕێوەبەر” کە لەسەر دەستی مەلا موستەفا دامەزراوە، ناودەبات.

  • گەشتە ناوچەییەکانی کاربەدەستانی بەریتانی لە کۆتایی ١٩٤٥دا، بە مەبەستی بەراوردکردنی هەڵسوکەوتی نێوان بەرپرسانی خۆجێی و مەلا موستەفا.

  • ئەم قۆناغە، هەروەها سەردەمی پێکهێنانی پارتە سیاسییە بەرهەڵستکارەکان بوو، بۆ نموونە: “پارتی دیموکراتی کوردستان”، دامەزراوی ساڵی ١٩٤٦.

  • سەرهەڵدانی ئەزموونی تەمەن کورتی “کۆماری کوردستان” لە مەهابادی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ساڵی ١٩٤٦. لانیکەم تا ساڵی ١٩٤٩، مەهاباد بوو بە لانکە و ناوەندی سەرەکیی بزاڤی ناسیۆنالیستی کوردی.

بەرگی ١١ (١٩٥١-١٩٦٥)

  • سەرهەڵدانی ١٩٥٤ی بارزان.

  •  ساڵی ١٩٥٦شا ‌هێرشێکی بۆ سەر کوردانی جوامری ئەنجام دا.

  • کوودەتای ١٩٥٦ی عێراق.

  • شوباتی ١٩٦١ زۆربەی کوردانی عێراق بڕیاریان دا بە سەرکردایەتیی مەلا موستەفا بارزانی شۆڕشێک دەستپێبکەن.

  • ساڵی ١٩٦٣ یارمەتییەکانی ئێڕان گەیشتە دەست کوردەکانی عێراق.

  • ساڵی ١٩٦٤ پێشنیاری ئاگربەست لە لایەن کوردەکانی عێراق ڕەتکرایەوە و بوو بە هۆی تەشەنەی زیاتری ئاگری شەر لە ساڵی ١٩٦٥دا.

بەرگی ١٢ (١٩٦٦-١٩٧٩)

  • ئەم قۆناغە بە کۆنفرانسێکی ستراتیژیکی عێراق لە ساڵی ١٩٦٦دا دەستیپێکرد، بەو ئەجیندایە کە کوردەکان لە تەواوی ناوچە نەوتییەکانی عێراق بسڕنەوە، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هاوکات دەوڵەتی باڵای بەریتانیا بێ لایەنی خۆی لە پرسی کورد لە عێراقدا ڕاگەیاند.

  • نیسانی ١٩٦٦، مەلا موستەفا بارزانی لیستێک لە داواکارییەکانی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کرد.

  • کوودەتای عێراق لە ساڵی ١٩٦٨دا..
  • زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کورد لە درێژەی ساڵانی ١٩٧٠-١٩٧٦ لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە لە زێدی خۆیان دەرکران، وێڕای باروودۆخی ساڵی ١٩٧٠، داواکاریی دەوڵەتی عیراق بۆ دانووستان لە لایەن مەلا موستەفاوە قبووڵکرا.

  • ساڵی ١٩٧٣، گرژیی ڕوو لە هەڵچوونی نێوان کوردان و حکوومەتی عێراق ئاشکرا بوو، و سەدام حسەین لە ئاداری ١٩٧٤دا ئۆلتیماتۆمێکی بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند.

  • پەنابەرانی کوردی عێراقی لە ئێراندا و جێگیرکردنی زۆرەملییان لە ساڵانی ١٩٧٦-١٩٧٧دا، کاریگەرییەکی لە سەر پەیوەندیی بەربڵاوی نێوان بەریتانیا، ئێران و عێراق دانا.

  • شوباتی ١٩٧٩، ڕژیمی پەهلەوی دوای کردنەوەی نووسینگەی بنکەی حیزبی دیموکرات لە مەهاباد دا، ئەو پارتەی بە دژە-شۆڕش ناوبرد.

بەرگی ١٣ (نەخشەکان)

  •   نەخشەکان هەڵگری کۆمەڵێك زانیاری هەمە ڕەنگن سەبارەت بە گۆرانکاریی هەرێمی و جوگرافییایی مەڵبەندە کوردییەکان لە سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمدا، بە تایبەت ئەو ناوچانەی کە زیاتر بوونەتە پانتایی مململانێ و کەوتوونەتە بەر شاڵاوی گۆڕان و وەرچەرخان. ژمارەیەك لە نەخشەكان باس لە چڕیی دانیشتووانی ناوچەكانی كوردستان دەکەن، کە لە ماوەی نێوان ساڵانی ۱۸۳۰ بۆ ۱۹۷۹ هەندێك ناوچە چۆڵتر بوون و هەندێكیشیان ژمارەی دانیشتووانیان بەرز بووەتەوە.

وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە بۆ کوردی: فه‌رشاد سه‌لیمی/ سه‌رنووسه‌ری ماڵی کتێبی کوردی

*لەم تێکستی سەرچاوەدا، چەند هەڵەیەک سەبارەت بە ناوە تایبەتییەکان و ساڵەکان بەدی کرا، کە لە وەرگێڕاندا ڕاستکراونەتەوە.

سەرچاوە: Cambridge University Press

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *