خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / هێمن و هەستی پێی مردن

هێمن و هەستی پێی مردن

هێمن و هەستی پێی مردن

سەلاحەددین ئاشتی

بەپێی پێداچوونەوەی زەمانی ڕابردوو، وا دیارە ڕۆژی پێنج‌شەممە ۲۸ / ۱ / ٦۵ بوو کە لەگەڵ خوابەخشیوان کاک عەلی‌حەسەنیانی و مارفاغا شێخاغایی چووینە ورمێ. هەر کەس بە شوێن کارێک‌دا؛ کاک عەلی کە وەکیل بوو بۆ دادگوستەری و منیش کە دەفتەرداری بووم بە شوێنی‌دا. دوای ئەوەی لە کاران بووینەوە، هەرسێکمان لە دەفتەری گۆواری سروە و لای مامۆستا هێمن یەکترمان گرتەوە.

لەوێ قسە و باسێکی زۆر کرا و لە گەرمەی قسان‌دا کاک عەلی حەسەنیانی گوتی مامۆستا ئاواتێکم هەیە و نەزرم کردووە ئەگەر بێتە دی، سەرلەنوێ گومبەزی “بداغ سوڵتان”ی چاک دەکەمەوە. قسەی دیکەش هاتن و ڕۆیشتن و لەو دەمەی‌دا برادەر مورتەزا – کە دواتر بە ئیسفەندیاری ڕەحیم‌مەشایی دەرچوو – کاک عەلی و مارفاغای بانگ کردنە ژوورەکەی دیکە و مامۆستا هێمن و بەندە ماینەوە.

مامۆستا سیغاری دەکێشا و گوتی دا ڕۆڵە سەلاح ئەتۆش سیغارێکی تێکە.

گوتم بەڵێ و سیغارێکم هەڵبەست و دامگیرساند و مژێکی چاکم لێدا؛ باش بوو، نەرم بوو؛ سەرم بۆ لەقاند و گوتم خۆشە…

مامۆستا هێندێکی قسە کرد و وردەورده وای هێنا باداتەوە سەر قسەکانی کاک عەلی و گوتی سەلاح ئەرێ‌ لە عەلی حاڵی بووی، گوتی چی؟

عەرزم کرد کێهایان؟ گوتی کوڕە ئەوەنێ گوتی گومبەزی سەر بداغ ‌سوڵتانی چا دەکاتەوە! گوتم باشە کوێی خراپ بوو؟!

گوتی ڕۆڵە ئەوە دەڵێ لە دڵم‌دایە ئەگەر هێمن مرد گومبەزی لەسەر ساز دەکەم! ئەوەندەی بزانە هێمن گومبەز و بارگای ناوێ…!

بەڕاستی هەروەک لە سەربانێکەوە بەرمدەنەوە پێم وابوو؛ چونکە بە هیچ لەونێک قسەکەی کاک عەلی هەر بۆنی بۆچوونەکەی مامۆستای لێ نەدەهات.

وەجواب هاتم و گوتم وەڵڵاهی هەر قەت ئەوەی بە دڵی‌دا نەهاتووە و لەخۆڕا بۆ وا دەفەرمووی و بێ‌بەڵا بی کوا وایە و…

گوتی باشە با وا نەبێ؛ ئەگەر عەلی هاتەوە پێی نەڵێی. گوتم وەڵڵا هەر پێی دەڵێم ؛ ئێستا نا تاوێکی دیکە! پێکەنی و گوتی: هەی بەدفەڕ…

کاک عەلی و مارفاغا هاتنەوە و لە سرت‌وخورتان بوونەوە و گوتیان دەی با بڕۆینەوە بۆ مەهاباد!

مامۆستا فەرمووی: عەلی گیان با سەلاح ئەوشۆ لێرە بێ، هەر ئەمن و دایە‌خانم ( لە زمان خەڵک و ئێمەمانانەوە وای بە خێزانی دەگوت) لە ماڵین و بەتەنێین؛ با لێرە بێ …

کاک عەلی گوتی مامۆستا بەخودای لە “بۆکان”ێ پەروەندەمان هەیە و دەبێ سەلاح بێتەوە و خێرا بچێتە بۆکانێ و زوو لە دادگوستەری بێ.

مامۆستا چەندین جاری دووپات کردەوە کە نەچمەوە و سەرەنجام کاک عەلی بەناسەرسەنگی ڕووی دە من کرد و گوتی ئەگەر هەروا بێ بۆخۆم دەچم… . گوتم نابێ؛ مامۆستا گیان ئەوجار بەتەنێ دێمەوە و لێرە دەبم.

فەرمووی ئەمن دەڵێم ئەوشۆ مەچۆوە و ئەتۆ دەڵێی بۆ جارێکی دی بێ. بڕۆ دەگەڵ تۆشم نەکرد، چاوت دەرێ.

هەموومان پێکەنین و بەرەو مەهاباد بووینەوە.

لە مەودای ڕێیە بۆچوونەکەی مامۆستا هێمنم لەسەر قسەکەی کاک عەلی گێڕایەوە. زۆری پێ تێکچوو! گوتی هەی ماڵت نەشێوێ، ئەدی بۆ لەوێ نەتگێڕاوە؟

گوتم مامۆستا گوتی لێرە لێی گەڕێ… مارفاغا گوتی کاک عەلی مامۆستا بشمرێ ئەوە سەلاحی هەیە و دەیباتە بەهەشتێ، ئەتۆ بێ‌کەسی! کاک عەلی گوتی ئەمنیش داوێنی مامۆستا هێمنی دەگرم و هەرسێکمان لێک‌هەڵنابڕێین… . وێکڕامان تێر بەم قسەیە پێکەنین…

بەڵێ ڕۆژی جومعە‌ چوومە بۆکان و شەوێ لە ماڵی خزمێکم مامەوە و بۆ بەیانی کاتێک وەدەرکەوتم تا بچمە دادگوستەری و کاروباری پەروەندەکە ڕاپەڕێنم، کە کاک عەلی تێیدا وەکیل بوو، لە نیزیک فەلەکەی فەرمانداری چاوم بە عەلی‌خانی ئەمیری، کوڕی کاک فەتاحی ‌ئەمیری و موحسینی ئەمیری، خوشکەزای کاک فەتاح کەوت، کە دیار بوو لە مەهابادەوە هاتبوو. دوای‌ چاک‌وخۆشی لەگەڵیان، گوتم موحسین ئەوە چۆنە لێرەی؟ ئەویش تازەلاوێک بوو زۆری لە دەربڕینی ئەو خەبەرانە نەدەزانی، بۆیە گوتی وەڵڵا لەبەر خاڵۆژنم هاتووم، چونکە مامۆستا هێمنی مامی مردووە!

(لە دەروونی خۆم‌دا هارووژام: ئەی هاوار! ڕوح لە جێیەکی سەخت‌دایە و نایەتە‌دەر!)

گوتم موحسین گیان تازە هەتا دوای ‌نیوەڕۆیە لەکنی بووین، هیچی نەبوو.

گوتی بەڵێ ڕاستە؛ دوێنێ ‌‌شەوێ سەکتەی کردووە!

نازانم چۆن چوومە دادگوستەری و چۆنم کارەکە ڕاپەڕاند. بەهەڵەداوان خۆم گەیاندە ماڵی مامۆستا حەقیقی هەتا خەبەرێکی ئەسەحم وەگیر کەوێ. کە دەروازەیان لێ‌کردمەوە و لە ژوورەکەی مامۆستام ڕوانی و دیتم چەند کەسێکی لێیە، بەندی جەرگ‌ودڵم پسا. چوومە ژوور و سڵاویان ئەستاندمەوە و قسەی دیکەم بۆ نەکرا.

مامۆستا حەقیقی دواندمی. هیچم بۆ نەگوترا؛ نوتقم بەسترابوو!

شەربێکیان ئاو بۆ هێنام و پاش تاوێک ئەهوەن بوومەوە و تەواوی نەقڵی دیدارەکەی خۆمانم بۆ گێڕانەوە.

مامۆستا فەرمووی دە دڵی چەقیوە بۆیە قسەکەی کاک عەلی وا لێکداوەتەوە و گوتووشێتی ئەتۆ لەوێ بی. جارێ مەعلوومیش نییە خەبەرەکە چۆنە، ئەوە ڕاوەستاوین بزانین ماڵە سوڵتاناغای شێخاغایی جوابمان دەدەنەوە کە هەتا کوێی ڕاستە؟! ڕاست لەو قسانە‌دا بوو وڵامیان دایەوە و گوتیان هێمن کۆچ‌وباری لێ‌ناوە و خەبەرەکە تەواوە.

بێدەنگییەک وەکوو مەرگ بەسام باڵی بە سەر وەتاغەکەی مامۆستا حەقیقی کێشا و خەمێکی لێڵ پۆنگاوی خواردەوە…

ماوەیەک پێ‌چوو؛ مامۆستا فەرمووی ئەوە سروەی ژمارە چواریش هاتووە و خۆ لەوێش‌دا هەر باسی نەمانی هێمنە! دا ڕۆڵە سەلاح بیخوێنەوە.

سەیر ئەوەیە لەو غەزەلەی مامۆستا هێمن تەنیا دوو بەیت چاپ کرابوو کە دەستم پێکرد:

گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرن ڕابوارد، ئاخۆ

مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر؟!

بەیتەکەی دیکەم بۆ نەخوێندرایەوە و لە بانگێم دا و کردم بە بابەڕۆ و هەموو وێکڕا بەدووم‌دا لە قوڵپی گریانیان دا…

قەتم نەپرسیوە ئەرێ مەرگی “هێمن”ی چەند ساڵی بە سەردا تێپەڕیوە! چونکە هەتا ئەوێ ڕۆژێ گڵەبانی چاوم دەکەن و هەتا یادی بکرێ تەرمەکەیم لە بەردەستییە و هێشتا لە دارەتەرمیم هەڵنەبەستووە. وام داناوە وێکڕا بنێژرێین؛ هەرچی هەمە بە باری ئەدەبی‌دا لەوی‌ڕایە، ناهەقم مەگرن.

ڕوحی هەمیشە شاد بێ، سەت‌ هەزار هێندەی خەمەکانی.

__________

تێبینی: ۲۸ / ۱ / ۹۵ ئەم بیرەوەرییەم نووسیمە و ڕۆژی هەینی۱۷/ ۱ /۹۷ لەسەر ویستی حەوتەنامەی “ئاڵا” لە شاری سنە، پێی‌داچوومەوە و ئامادەم کرد بۆ چاپ. کاک خوسرەو مەعرووفی دەڵێ وەک لە بیرم مابێ، شەوی پێنج‌شەممە لەسەر جومعە ۲۹ /۱ / ٦۵، مامۆستا هێمن کۆچی‌دوایی کرد و ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە مەهاباد نێژرا و لەگەڵی هاوڕام. بەڕێزیان زۆری یاریدە دام بۆ ڕوون بوونەوەی ئەم نووسینە و پڕ بەدڵ سپاسی دەکەم.

سەرچاوە: حەوتەنامەی ئاڵا، شنبه ۸ اردیبهشت ۱۳۹۷/شماره۷/ سال دوم

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *