خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «هونەرەکانی چیرۆکنووسین»

ناساندنی کتێبی «هونەرەکانی چیرۆکنووسین»

ناساندنی کتێبی «هونەرەکانی چیرۆکنووسین» بەرهەمی دوکتۆر حەمە مەنتک

ناسنامەی کتێب: «هونەرەکانی چیرۆکنووسین»، د. حەمە مەنتک، چاپەمەنی مێخه‌ک، هەولێر ٢٠۱۸.

دوکتۆر حەمە مەنتک

چیرۆكی نوێ بە کۆمەڵێ پێوەر و پێوانە لە هەقایەتی فۆلکۆری و چیرۆکی کۆن جودا دەکرێتەوە. ئەم پێوەرانە بێگومان یاسا نین، دەمەوێ بڵێم چیرۆكنووسین قالب و یاسا و هاوکێشەی نییە، تاکوو هەر کەسێک بیەوێت چیرۆکێکی نوێ بنووسێت، پێڕەویان لێ بکات و دەقەکە بنووسێت. کە دەڵێم پێوەر مەبەستم لە هێندێ کارسازییە، خۆ دەزانم لە هەقایەتی فۆلکلۆری کوردیش ڕووداو، شوێن، ناونیشان، دەسپێك، کارەکتەر…تاد هەن، بەڵام لە چیرۆکی نوێدا چیرۆکنووس چۆن دەتوانێ ڕووداوسازی، کارەکتەرسازی…تاد بکات، ئەوە گرینگە و پێوەرە.

لە ئەزموونی خوێندنەوەی چەند ساڵەمدا، گەلێ کتێبم لەبارەی هونەرەکانی چیرۆکنووسینەوە بەرچاو دەکەوت و دەمخوێندنەوە. هەمیشە بیرم لەوە دەکردەوە بۆ کورد خاوەنی کتێبێکی لەو جۆرە نییە. ئاگەداری هەوڵەکانی “حسەین عارف”م لە ناوەڕاستی سەدەی بیست، بە کورتی و سەرپێییانە لەبارەی هێندێ لە هونەرەکانی چیرۆکنووسینەوە نووسیبووی. هاوکات لێرە و لەوێ بە وتار لەبارەی هێندێکیانەوە نووسراون، بۆ نموونە (عەبدوڵڵا سەڕاج) کۆمەڵێ وتاری لەو بارەیەوە نووسی، دواتر لە کتێبێکدا چاپی کردن. بەڵام هەموویان باسی توخمەیلی وەکوو: ڕووداو، کات، شوێن، کارەکتەر…تاد دەکەن، ناچنە ناو هونەر و تەکنیکی دیکە.

یەکێک لە پڕۆژە جوانەکانی کتێبخانەی فارسیی، پڕۆژەکەی وەشانخانەی ڕەسیش (نشر رسش) بە ناوی (کارگەی چیرۆك)، کە هێندەی من ئاگەدار بم زنجیرەیەك کتێبیان لەبارەی هونەر و تەکنیکەکانی چیرۆکەوە بڵاوکردۆتەوە، کە من نۆ ژمارەم هەن. هەر ژمارەی تایبەتە بە هونەرێك، یان تەکنیکێکی چیرۆك. ئەم کتێبەی من هەوڵێکە بۆ ناساندنی بیستوپێنج هونەر و تەکنیکی چیرۆک. هەر یەکێکم لەوانە لە ڕووی تیۆرییەوە بەرباس داوە، زۆریشیانم بە نموونەی چیرۆکی کوردی، یان بیانی پراکتیک کردووە. دەبێ ئەوە بڵێم خوێندنەوەی ئەم کتێبە کەس ناکا بە چیرۆکنووس و کەسیش ناکا بە ڕەخنەگری چیرۆک، بەڵام بەرچاوڕوونی و شارەزایی دەداتە خوێنەر، کە چیرۆکنووس چۆن لە چیرۆکەکەیدا کاری لەبارەی هەریەك لەوانە کردووە. لەلایەکی دیکەوە من جارێ هەر ئەوەندەم لە تاقەت هەبووە، توخمەیلی وەکوو: ڕووداو، شوێن، کات، کارەکتەرم بە قەستی باس نەکرد، چونکە لەناو زانکۆکان نامە و تێزی ماستەر و دکتۆرایان زۆر لەبارەوە نووسراوە، زۆربەیشیان کراون بە کتێب، نەمویست بکەومە پاتکردنەوەی هێندی شت.

دەبی دان بەوەدا بنێین کتێبخانەی کوردی لە کۆی چەشنە ئەدەبییەکان بە گشتی و هونەری هەر یەک لەو چەشنانە لە ڕووی تیۆرییەوە زۆر هەژارە، بۆیەیش پێویستیمان بە شرۆڤەکردن و شیکردنەوەی هەر یەک لەو چەشنانە لە ڕووی تیۆرییەوە هەیە.

ئەم کتێبە جگە لەوەی بۆ چیرۆکنووسانی کورد بە کەڵکە، چونکە بە وردی و بە شێوەیەکی ئەکادیمی، ئەم هونەرانەی بەر باس داون و نموونەی بۆ خستوونەتە ڕوو، هاوکات بۆ نووسەرانێکی تازەکاریش گرنگە، کە دەیانەوێت سەرەودەرە لە هونەری چیرۆکنووسین دەربکەن و دەست بە چیرۆکنووسین بکەن؛ کتێبەکە لەو ڕووەوە دەتوانێت ڕێنیشاندەرێکی گەلێ باش بێت.

? ببنه‌ ئه‌ندامی ماڵی کتێبی کوردی:

https://t.me/kurdishbookhouse

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *