خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی ڕاڤەی «مەسنەوی مەعنەوی» بڵاوکرایەوە.

کتێبی ڕاڤەی «مەسنەوی مەعنەوی» بڵاوکرایەوە.

کتێبی ڕاڤەی «مەسنەوی مەعنەوی» بڵاوکرایەوە.

ناسنامەی کتێب: ڕاڤەی «مەسنەوی مەعنەوی»، فەخرەدین ئامێدیان، چاپەمەنیی ڕوونیا، سنە ۱۳۹۹.

فەخرەدین ئامێدیان

مەولەوی، ئەو ئاوره هەڵکراوەی نێو بێشەڵانی ئەندێشه، بوورکانی هەڵکراوی دڵ و گیان، ئەو ڕەحمەته بێ سنووره و ئەو گیانه بەرزه خەمڕەوێنه، ئەو دەوای چ دەرد و ئازاری گیانی شەیدای مرۆڤه ڕادەچڵەکێنێ. مەولەوی، دەنگی بلوێرێکه که له سەرەتای ڕسکانی مرۆڤەوه، له سەر لێوی پەروەردگار ڕۆنیشتووه و هەناسەی ئەو ڕادەگوێزێ. منداڵێکه که دەمی به سنگی خواوه ناوه و شیری ژیانی لێ هەڵدەمژێ.

کوا دەست و قەڵەمێک دەتوانێ ئەو ڕۆحه بەرزه و ئەو گیانه شەیدایە پەسن بکا و ڕاڤەی بکا و بیناسێ و بیناسێنێ؟ گیانێکی بچووک که مێرووله ئاسا، له پێدەشتی ئەو شاخه زەردوماهەدا مڵومۆیەتی، کوا دەزانێ ئەو شاخه چ شاخێکه و ئەو گیانه چ گیانێکه. وەک مەلە نەزانێک خۆم هاویشته نێو ئەم دەریا بێ بنه و چاوی هیوام له دەستی پڕ له بەزەیی ئەو گیانه بەرزه بوو. له سەر دڵۆپێک سوار بووم و له دەریایەک ڕۆچووم، که هیچم لێ نەدەزانی؛ نه زەبر و تینی، نه ڕق و قینی، نه هێور بوون و نەرم و نیانی، پێم فام نەدەکرا. ئەوەی که بوو نوقم بوون و شەیدایی بوو؛ خۆشەویستی و ئەڤین بوو؛ دڵاوایی و دلۆڤانی بوو. جارێ به قەمچی شەپۆل، جارێ به پرشەی ئەوین، مەستی دەکردم، له خۆم و گش کەس نامۆی دەکردم؛ تاوێکی‌تر له گەڵ هەموو ناتەبا و پارادۆکسەکانی عالەم کۆی دەکردمەوه و جووتی دەکردم. گیانی هەموو ئەڤینداران و ئاشقانی عالەم، له ئادەمەوه تا ئێستام لەو گیانه پاک و پیرۆز و بێخەوشەدا دەناسییەوه.

ئێستا که دەستی دلۆڤانی شەپۆلێک، گیانی بێ وزه و بێ ورەی خستوومەته لێوارێکەوه، نازانم خەو بوو یان خەیاڵ، یان راستەقینه. بریا زمان گرێی نەبایە و ئەو سەیرانه له وتن نەهاتووەی باس بکردایە. بەڵام مخابن، نه وشه و نه پەیڤ، له خۆیاندا نابینن، که به گژ ئەو عەنقایەدا بچن. تەنیا دەتوانم بڵێم:

دەڕوخێنم بینای پەیڤ و دەنگ و باس/بەبێ وان ڕازی دڵت بۆ دەکەم باس

سەرەتا که بیرۆکەی ڕاڤەی مەسنەوی مەعنەوی مەولانا کەوته نێو مێشکم، ڕاستەکەی، له خۆمڕا نەدەدی که به گژ ئەو عەنقایەدا بچم. وتم باشتر ئەوەیە که یەکێک لەو شەرحانەی که له نێو بازاڕی کتێبدان، وەرگێڕمەوە سەر زمانی کوردی. سەرەتا شەرحی کەریم زەمانیم هەڵبژارد. پێشتر ئەم شەرحەم خوێندبووەوه، بەڵام نەک به چاوی وەرگێڕانەوە. بەڵکوو تەنیا بۆ فام کردنی باشتری مەسنەوی خوێندبوومەوه. که ئەم جاره تێیدا ڕامام و وردبوومەوە و وەردم دایەوه، تێگەیشتم که ئەم بەڕێزه، شەرحی کەبیری ئەنقەرەوی داناوه و هەمان شت که ئەو نووسیویە، ئەمیش نووسیویەتەوه. ڕاستەکەی به کارێکی باشم نەزانی و پێم خۆش نەبوو که ئەوه وەربگێڕمەوه سەر زمانی کوردی.

پاشان له شەرحی نیکلسۆندا وردبوومەوه. ئەم شەرحه گەلێک زانایانه و ورد و پڕ ناوەرۆکه. زۆرتر بۆ ئەو کەسانەیە که خۆیان شارەزای مەسنەوین و زانیاری زۆرتریان پێ دەدات. هەروەها، مامۆستای هێژا نیکلسۆن، زۆرتر به بۆچوونێکی ئیبنی عەرەبیانەوه، ڕاڤەی مەسنەوی کردووه. که به دڵنیاییەوه وا نییە و بیری مەولانا زۆر لەوەی ئیبنی عەرەبی جیاوازه و ئەگەر شێوازی مەولانا بخرێتە ژێر سێبەری تیۆری ئیبنی عەرەبییەوه، هەڵەیەکی زۆر گەورەیە.

شەرحەکانی‌ترم یەک به یەک لێکدایەوه و تێیاندا ورد بوومەوه. هەستم کرد ئەگەر خۆم ناوی خوای لێ بێنم و پشت به خوا ببەستم، ڕەنگه بتوانم به شێوازێکی کوردانه ڕاڤەی بکەم. بۆیە قۆڵم لێ هەڵماڵی و له ناوەڕاستی ساڵی ۱۳۹۳ەوه خەریکی ئەم کاره بووم. شێوازی من ئەوە بوو که خۆم فێری مەسنەوی بم، جا ئەوەی که فێری دەبم به کوردی دەینووسم. قەد ئەوه ناڵێم که ویستوومه مەسنەوی فێری کەس بکەم. من خۆم له خزمەت مەولانادا شاگردێکی تازەکاری کرچ و کاڵ و پێنەگەیشتووم. مەسنەوی، دەریایەکی بێ بنه که من وەکوو مەله نەزانێک خۆم هاوێشتۆته نێو باوەشی پڕ له بەزەیی  ئەو گەوره پیاوه.

مەسنەوی جۆرێک فۆمی شیعرییە. بەڵام لەو کاتەوه که مەولانا مەسنەوی دانا، ناوی مەسنەوی، ئەگەر ناوێکی‌تری به شوێندا نەیێ، بۆ مەسنەوی مەعنەوی مەولانا تەرخان دەکرێ. «مەسنەوی، گەورەترین حەماسەی ڕۆحانی مرۆڤه» (غزليات شمس تبریزی، تصحیح شفیعی کدکنی، ج۱، ص۳۸). مەسنەوی یەکێک له هەره گرنگترین میراتگەلی بیر و ئەندێشه و گەشەی گیانی مرۆڤه. مەسنەوی، گەورەترین ئەزموونی سەرووسروشتی مرۆڤه له نێو جیهانی ئاو و گڵدا. مەسنەوی، نه تەنیا له باری زمان و وشەوه، بەڵکوو له باری بەربڵاوی ئەندێشەی مرۆڤ و تازه و نوێ بوونی واتاگەلی بێ وێنەوه، دەریایەکی بێ بن و بەرفراوانه که خوێنەر له خۆیدا نوقم دەکات. له باری شێوازی دانانەوه، بێ وێنەترین ئاسەوار و بەرهەمی ئینسانییە که تا ئەو جێگەی من خوێندبێتم و لەسەر کۆڵابێتمەوه، هیچ ئاسەوارێکی ئێنسانی‌تر، بەم شێوازه دانەنراوه.

ئەم کتێبه هێژا و گرنگ و بەنرخه، هیچ ناوێکی له سەر دانەنراوه. ئەوەش که پێی دەڵێن مەسنەوی، بریتیە له فۆرمی شیعری ئەم بەرهەمه. هەروەها له هیچ یەک لەو شێواز و ئێسلۆبانەی که هەم جاران و هەم ئێستاش باون، پێڕەوی نەکردووه؛ واته: تەنانەت به ناوی خودا و بیسمیلڵاوه دەس پێ ناکا. هەروەها کۆتایی ئەم کتێبەش وەکوو هیچ کتێبێکی­تر نییە. بەڵکوو له ڕاستیدا کۆتایی مەسنەوی، بێ کۆتاییە. ئەگەر کەسێک به ڕاستی بتوانی له مەسنەوی بگات و فامی بکات، دەزانێ که «مەسنەوی، له باری فۆرم و ڕواڵەتیشەوه بەهێزترین و گەورەترین ئاسەواری زمانی فارسییە»(هەمان پێشوو). بەشی هەره زۆری مەسنەوی، بریتیە له هەندێ چیرۆکی ئاسایی و بگره بڕێ جار، سووک و کەم نرخ که به دەست و پەنجەی مرۆڤێکی کامڵی وەکوو مەولانا، بۆته زێڕ و ئاڵتوون و گەوهەرێکی نایاب و بێ وێنه. مەولانا له نێو دڵی ئەم چیرۆکانەدا، بەرزترین ماناگەلی ئینسانی و عیرفانی دەرهێناوه. زۆربەی چیرۆکەکانی مەسنەوی، هەر ئەو ڕاز و حەکایەتانەن که دایە و باوه پیرەکان له شەوانی زستاندا بۆ منداڵانیان دەگێڕایەوه و درێژی شەو و ساردی زستانیان پێ تێدەپەڕاند. بەڵام هەر ئەو چیرۆکانه، له نێو مەسنەویدا، هەڵگری قووڵترین و ئاستەمترین واتاگەلی کەلامی و عیرفانین. واتاگەلێک که ڕەنگه بۆ ڕوون کردنەوه و دەربڕینی هەر یەکەیان، سەدان کتێب پێویست بێ. بەڵام مەولانا به سیحری زمان و قەڵەمی، توانیویە ئەو مانایانه بۆ خەڵکێکی نەخوێندەوار و نەزان دەرببڕێ. ماناگەلێک وەکوو: وەحدەتی وجوود، جەبر و ئێختیار، عەشق، فەنا و بەقا، پیر و مورشید و موردید، ڕەزا و قەدەر و قەزا… .

مەسنەوی، پێکهاتەیەکی ئاڵۆز و بزۆزی هەیە. ڕووبارێکی به جۆش و کوڵه که هەدا دان و دامران ناناسێ. ڕەوتی چیرۆکەکان، بەردەوام له گۆڕاندان. لەناو دڵی هەر چیڕۆکێکدا، حیکایەتێکی‌تر سەر هەڵدێنێ. له مانایەکەوه بۆ مانایە‌کی‌تر باز دەدا؛ چیرۆک به چیرۆکەوه گرێ دەدا، خوێنەر مەست و شەیدا، به شوێن خۆیدا ڕادەکێشێ. که ئاگات له خۆت نەما، نازانی له کوێڕا هاتووی و بۆ کوێ دەڕۆی. وەکوو دەریایەک له ناو خۆیت دەگرێ و به هەرلادا که بییەوێ، تاوت دەدا و دەتڕفێنێ. بێژەر، له یەک چیرۆک، چەن فامی جۆربەجۆر دەردێنێ. له کاتێکدا دڵت له سەر مانا و فامێک دادەمرکێ، خێرا، دژ بەرەکەی دێنێتە کایەوه و تووشی چەلێنجت (کۆسپ) دەکا. هەر بابەتێک له ڕەهەندی جۆراوجۆرەوه لێک دەداتەوه. چوونکه بڕوای ئەوەیە که ڕاستەقینه بێ کۆتایی و بێ ڕەهەنده و هەڵەیە ئەگەر تەنیا له یەک بارەوه لێی بڕوانین. له ئەدەبی جیهانیدا بۆ هەر ئافرێنەرێک، دەتوانین فۆرمگەلێکی تایبەت دیاری بکەین و ئاسەوارەکانی لەو فۆرمانەدا پۆلێن بکەین، بێجگه مەسنەوی که وەکوو چۆمێک له گەڕایە و هەردەم بیچم و قەواره و فۆرمێک دەگرێته خۆی.

مەبەستی مەولانا له چیرۆکەکانی مەسنەوی، حیکایەت و چیرۆک بۆ ڕابواردن نییە. بەڵکوو مەبەستی ڕوونکردنەوە و پیشان دانی بابەت و ناوەرۆکی ئاڵۆزو پڕگرفنچکه. بۆیە مەولانا زۆر گوێ ناداته سەرچاوه و ژێدەری چیرۆکەکان. هەروەها به ویستی خۆی دەیانگۆڕێ و سەرەتا و کۆتاییەکی جیاوازیان بۆ ڕەچاو دەکات. تەنانەت ئەو سەربهورده مێژووییانەش، له لای مەولانادا ڕاس و دروست بوونیان زۆر گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە باشتر و بەدەوتر مانا بگوازێتەوه و خوێنەر تێ بگات.

کاتێ مەولانا، وەکوو بلوێر له سەر لێوی یار جووت دەبوو، ئەوەی دەبوایە بیڵێ، دەیگوت؛ خۆی دەفەرمێ:

با لب دمساز خود گر جفتمی/همچو نی من گفتنی‌ها گفتمی(مەسنەوی، د۱/ ۲۷)

ئەو لێوه که لەسەر ڕۆدەنیشت، حیسامەدینی چەلەبی بوو. ئەفڵاکی دەڵێ: «هەرجار حەزرەتی خوداوەندگار (مەولانا) به هۆی جەزبەی ئەو سوڵتانی مێرخاسانەوه (حیسامەدین)، شەیدا دەبوو و له کاتی سەما و حەمام و دانیشتن و خەوتن و ڕۆیشتن و وەستاندا خەریکی هۆنینەوەی مەسنەوی دەبو. جاری وا هەبوو له سەرەتای شەوەوه تا خۆکەوتن بەردەوام خەریکی هۆنینەوەی مەسنەوی دەبوو و حەزرەتی چەلەبی حیسامەدین به خێرایی دەینووسیەوه و له کۆتاییدا هەموویانی به دەنگێکی خۆش و بەرز، بۆ حەزرەتی مەولانا دەخوێندەوه» (افلاکی، مناقب العارفین، ج۲، ص۷۴۲).

پاش دوایی هاتنی دەفتەری یەکەم، هەروەک بێژرا، به هۆی کۆچی دوایی خێزانی حیسامەدینەوه، ماوەی دوو ساڵ واز له مەسنەوی دێنێ و پاش ئەوەی حیسامەدین دێتەوه سەر دۆخی ئاسایی خۆی، داوێنی مەولانا دەگرێ و دیسانەوه تکای لێ دەکات که درێژه به مەسنەوی بدەن. ئەم ڕووداوه، به پێی ئەوەی که له مەسنەویدا هەیە، له بەرواری ۶۶۲ کۆچیدا بووه:

مثنوی که صیقل ارواح بود/بازگشتش روز استفتاح بود

مطلع تاریخ این سودا و سود/سال اندر ششصد و شصت و دو بود(مەسنەوی، د۲/ ۶-۷)

پاش ئەمه، مەولانا تا مانگەلی کۆتایی ژیانی، له سەر دانانی مەسنەوی بەردەوام بووه و هیچ گرفتێکی تێ نەکەوتووه. دەفتەری یەکەمی مەسنەوی له مەودای نێوان ساڵانی ۶۵۷-۶۶۰ی کۆچیدا دانراوه. دەفتەری دووەم له ۶۶۲-۶۷۲ که گوایە کۆتایی ژیانی مەولانایە، بەردەوام بووه. ڕوون نییه که بۆچی مەولانا دەفتەری شەشەمی تەواو نەکردووه. ڕەنگه ویستبێتی بەردەوام بوونی ئەم سەفەره و بێ ئەنجام بوونی پیشان بدات. پێم وایە ئەگەر ژیانی مەولانا زۆرتری پێوه بایە، مەسنەوی گەلێک زۆرتر لەمه دەبوو. مەسنەوی ئەزموونێکی بێ کۆتایی و بێ ئەنجامی مەولانایە. مەولانا گەیشتبوو به عالەمێکی بێ بن وبێ کۆتایی که هیچ خەمی خاڵی بوونەوه و دوایی هاتنی قسەکانی نەبوو؛ خۆی دەفەرمێ:

گر کنی مر غير را حبر و سنی/خویش را بدخو و خالی می‌کنی

متصل شد چون دلت با آن عدن/هين بگو مهراس از خالی شدن

امر قل زين آمدش کای راستین/هرچه می‌خواهی بگو، دریاست این

تۆژینەوه لەسەر مەولانا، له چەن ڕەهەندەوه سەرنج ڕاکێشه: یەکەم ئەوەی که گەورەترینی شاعیری عیرفانی ئیسلامه و دووەم ئەوەی که هیچ بابەتێک له بابەتەگەلی سەرەکی فەلسەفه و دین نییە که باسی له سەر نەکردبێ و لێکی نەدابێتەوه. «تۆژینەوه له سەر مەولانا، تۆژینەوەیە له سەر گرنگترین دەسکەوتگەلی فەلسەفی و دینی له ئیسلامدا»(خلیفه عبدالحکیم، عرفان مولوی، ص۳). «مەسنەوی مەولانا کاکڵەیەکی ئاڵۆز و پڕ گرفنچکه له سەرلەبەری ئەندێشه فەلسەفی و کەڵامی و عیرفانییەکانی دونیای ئیسلام، هەر له سەرەتاوه تا سەدەی حەوتەم»(هەمان پێشوو، ل ۱۱). بێ گومان، لێک دانەوەی هەموو ئەو بابەتانەی که پێوەندییان به مەولاناوه هەیە، کارێکی له ڕادەبەدەر گەورەیە و پێویستی به ساڵەها کار و ڕەش کردنەوەی دەیان هەزار لاپەڕه هەیە. بۆیە لەم دەسپێکەدا تەنیا به چەن خاڵی سەرەکی ئاماژە دەکەم و ئەو ژێدەرانەی که خوێنەر دەتوانێ بەهرەیان لێ وەربگرێ، ناویان دێنم.

مەسنەوی، کتێبێکی فێرکارییە و مەولانا لەم بەرهەمەیدا ویستوویە شاگرد و موریدەکانی له ڕاستەقینەی ژیان و عیرفان و هەروەها پێوەندی نێوان مرۆڤ و خودا و نێوان خودی مرۆڤ و کاینات ڕوون بکاتەوه. ئەوەی که جێگای ڕامانه، ئەوەیە که مەولانا نەیویستووه چەندوچوونی ژیان کاریگەرییەکی ئەوتۆ و دیار له سەر مەسنەوی دابنێ. زۆر کەس وەکوو ڕەخنه دەڵێن که مەولانا که لەسەردەمێکی ئاڵۆز و پڕ له کارەساتدا ژیاوه، کەمترین ئاوڕی له ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی نەداوەتەوه؛ وەکوو ئەوەی که هیچ ئاسەوارێک له هێرشی مەنگوولەکان و بارودۆخی دونیای ئیسلام و ناتاتۆلیا، له مەسنەویدا دەرناکەوێ. ڕەنگه بۆ ئەوانەی له نێو ئاسەواره کۆندا به شوێند ڕوون کردنەوەی مێژوودا دەگەڕێن، ئەمە جێگای ڕەخنه بێ، بەڵام ئەمه پیشاندەری ئەوەیە که مەولانا له نێو خۆیدا سەفەرێکی دوور و درێژی دەس پێکردووه و بەرهەمی ئەو سەفەرەی، کتێبێکی وەکوو مەسنەوییە. مەولانا ڕۆچنەیەکی بۆ کراوەتەوه و لەوێدا سەری له دونیایەکی‌تر دەرهێناوه و ئەگەرچی لەگەڵ گیروگرفتی دونیاش دەستەویەخەیە، کەچی، هیچ یەک لەو گیروگرفتانه، ئیزنی ئەوەیان نییە بڕۆنه نێو ئەو عالەمه پاک و بێخەوشه.

هەموو ئەو باسانەی که مەولانا دەیانهێنێتە ئاراوه، له سەر ئەستوون و کۆڵەکەی قورئان و حەدیس دانراون. قورئان، گرنگترین پێوەر و پێودانگی نرخاندنی قسەکانی مەولانایە. ئاماژەی مەولانا به قسەی هۆزانانی‌تر، تەنیا وەکوو بەڵگە و شایەتییە و نه هیچی‌تر. هەندێ واتا و مانا که مەولانا ئاماژەیان پێ دەدات، ڕەنگه له سەرەتای ئیسلامدا بەو چەشنەی که دواتر له سەریان کۆڵاونەتەوه، باس نەکرابێتن و بایەخێکی زۆریان پێ نەدرابێ، بەڵام له سەدەکانی دواییدا، زۆربەی ئەو باسانە، کەوتنه بەر باس و لێکدانەوەی بیرمەندانی ئیسلامی. لێرەدا ئاماژه به هەندێ لەو بابەتانه دەدەین:

سەبارەت به کاری ئافراندنی خودا، دوو زاراوەمان دەکەوێته بەرچاو: خەلق و ئەمر. به گوێرەی لێکدانەوەی بیرمەندانی ئیسلامی، ئەو دوو وشە بۆ ئاماژه به عالەمی سروشت و عالەمی گیان، به کار دەبرێن. کاتێ له پێغەمبەر سەبارەت به ڕۆح (گیان) دەپرسن، قورئان له وەڵامدا دەفەرمێ: وَيَسۡ‍َٔلُونَكَ عَنِ ٱلرُّوحِۖ قُلِ ٱلرُّوحُ مِنۡ أَمۡرِ رَبِّي(سوورەی ئەسرا/ ۸۵) ؛ ئەم ئایەته وەکوو کلیبی ناسینی لەگەزی «گیان» دەناسرێ، که ڕۆح یان گیان، له عالەمی ئەمرەوه سەرچاوه دەگرێ. ئەم عالەمەش بریتیە له عالەمی ئیراده یان ڕۆح، له بەرانبەر عالەمی سروشتدا. وادیاره که ئەم بۆچوونه به دروست زانراوه؛ چوونکه هەموو زانایان و فیلسووف و عارفانی ئیسلامی داکۆکی له سەر دەکەن و لەم سۆنگەوه چییەتی گیان و تەنانەت خودایان لێ فام کردووه. مەولەویش دەڵێ:

بی جهت دان عالم امر ای صنم/بی جهت­تر باشد آمر لاجرم

عالم خلق است با سوی و جهات/بی جهت دان عالم امر و صفات(مثنوی، د۴/ ۳۶۹۳-۳۶۹۲)

عالەمی ئەمر، به پێچەوانەی عالەمی خەلق، خاوەن ڕەهەند و لایەن نییە. ڕۆح که لە عالەمی ئەمره، به هەمان چەشن.

له عالەمی ئەمردا، فره چەشنی نییە. ڕاستەقینه یەکێکه و بەم پێیەش ئەرواحی مرۆڤ، له هەمان کاتدا که به فره دیارن، کەچی هەموویان یەکێکن و فره چەشنی بەرهەمی کات و شوێنه. ئەم دووانەش تەنیا له عالەمی خەلقدا بەدی دەکرێن. مەولانا ئەم واتایەی به ئایەگەلی قورئان سەلماندووه که فەرمێ: وَهُوَ ٱلَّذِيٓ أَنشَأَكُم مِّن نَّفۡسٖ وَٰحِدَةٖ( سوورەی ئەنعام/ ۹۸). هەروەها: مَّا خَلۡقُكُمۡ وَلَا بَعۡثُكُمۡ إِلَّا كَنَفۡسٖ وَٰحِدَةٍۚ (سوورەی لوقمان/ ۲۸). لەم یەکەتی ڕۆحەوه، که به پێی چییەتی زاتی خۆی، تەنیا به وێنەهێناوە، پیشان دەدرێ، مەولانا زۆرجار دەرەنجامگەلی زۆر بەنرخی لێ دەردێنێ. وەکوو ئەوەی که له قورئاندا دەفەرمێ: لَا نُفَرِّقُ بَيۡنَ أَحَدٖ مِّنۡهُمۡ( سوورەی بەقەره/ ۱۳۶ هەروەها ئایەی ۲۸۵). بەم چەشنه ڕاڤەی ئەم ئایەته دەکات:

ده چراغ ار حاضر آيد در مكان/هر يكي باشد به صورت، غيرِ آن

فرق نَتـوان كرد نورِ هر يكـي/چون به نورش روي آري، بي‌شكي

گر تو صد سيب و صد آبي بِشمُري/صد نماند، يك شود چون بِفشُري

در معاني، قسمت و اعـداد نيست/در معاني تجزيه و افراد نيست

اتحـاد يار با ياران خوَش است/پاي معني گير، صورت سَركَش است

صورتِ سركَش، گدازان كن به رَنج/تا ببيني زيرِ او وحـدت چو گنـج

وَر تو نگدازي، عـنايت‌هاي او/خود گدازد، اي دلم مولاي او

او نمايد به دلـها خويـش را/او بدوزد خرقـه‌ي درويش را

منبسط بوديم و يك جوهر همه/بي سر و بي پا بُديم آن سر همه

يك گُهر بوديم همچـون آفتاب/بي‌گره بوديم و صافي، همچو آب

چون به صورت آمد آن نورِ سَرِه /شد عدد چون سايه‌هاي كُنگَرِه

كنـگره ويران كنيد از منجنيق/تا رود فرق از ميانِ ايـن فريـق (بڕوانه ڕاڤەی بەیتگەلی ۶۷۸-۶۸۹ لەم دەفتەره)

  مەولانا ئەم واتایەی به پێی جۆرێک ڕوانین به تیشکی جیهانگیری ڕاستەقینه، له هەموو دینەکاندا دەزانێ. هەر له سەر بنەمای ئەم بیرەیە که گیانی ئاسانگری و بەخشندەیی له سەر سەرلەبەری مەسنەویدا زاڵه. بەم بۆنەیە که «نیکلسۆن، مەولەوی سەرتر له دانتە دەزانێ. چوونکه دانته له کۆمێدیای ئیلاهیدا، محەممەد و یارەکانی دەخاته نێو دۆژەهـ، کەچی مەولانا که چەن ساڵ پاش له دایکبوونی دانته، کۆچی دوایی دەکات، هەموو پێغەمبەرەکان بەیەکێک دەزانێ و له باری مرۆڤدۆستییەوه سەرتر له دانته ڕادەوەستێ» (خلیفه عبدالحکیم، عرفان مولوی، ص ۱۷).

مەولەوی دەفەرمێ که ماک و سەرچاوه و بناوانی فرەچەشنی، چەمکی شوێن یان مەکانه. بابەت و پرسی یەکەتی و فرەچەشنی، یان ژوور و خوار، هەموویان له سۆنگەی شوێنەوه دێنه دی. ڕەهەندی ئاژەڵی مرۆڤ، واته گیانی ئاژەڵی مرۆڤ، بۆته هۆی فرە چەشنی و جیاوازی؛ کەچی جەوهەری گیانی هەمووی مرۆڤ، یەکێکه. کاتێ سەبارەت بەوانەی گەیشتوونەته ڕاستەقینەی وجوودی خۆیان، دەپەیڤێ، به ئاماژه به ئایەتی وَهُوَ ٱلَّذِيٓ أَنشَأَكُم مِّن نَّفۡسٖ وَٰحِدَةٖ( سوورەی ئەنعام/ ۹۸) و حەدیسی رشَّ عَلَیهِم مِن نوُرِهِ، دەفەرمێ:

چون ازيشان مجتمع بینی دو یار/هم یکی باشند و هم ششصد هزار

بـر مثـال مـوجهـا اعـدادشان/در عـدد آورده بـاشد بـادشان

مـفتـرق شد آفتـاب جـانهـا/در درونِ روزنِ ابـدانـهـا

چون نظر در قرص داری خود یکست/وآنکه شد محجوب ابدان در شکست

تفـرقه در روح حـیـوانی بـود/نفس واحـد روح انسانی بـود

چـونکه حـق رش علیهم نورُهُ/مفترق هرگز نگردد نور او(مثنوی، د۲/ ۱۸۴-۱۸۹)

پاشان ئاماژه به چەمکی «شوێن» دەکات و دەڵێ:

تو مکانی، اصل تو در لامکان/این دکان بربند و بگشا آن دو کان(مثنوی، د۲/ ۶۱۲)

چەمکی «کات»یش وەکوو «شوێن» پێوەندییەکی به گەوهەری گیانەوه نییە:

لامکانی که در او نور خداست/ماضی و مستقبل و حال از کجاست؟

ماضی و مستقبلش نسبت به توست/هردو یک چيزند و پنداری که دوست(مثنوی، د۳/ ۱۱۵۱-۱۱۵۲)

کات و شوێن، دوو تایبەتمەندی عالەمی خەلقن. جەوهەری گیان سەر به عالەمی بێ «بێ کات» و «بێ شوێن»ه. هەروەها ئەم دوو دیارده دەبنه هۆی فره چەشنی و سەرچاوەی هەموو «چەند و چوون»ەکانن. ئەو پرسانەی که لەم عالەمەدا، واته عالەمی خەلق، دێنه ئاراوه، له عالەمی «ئەمر»دا جێگە و پێگەیان نییە. له ڕاستیدا مەولانا ئەم عالەمی خەلقه، به بوارێک له بوارەکانی پەروەدەی مرۆڤ دەزانێ. گیان بۆ ڕاهاتن دەبێ لەم بوارەشدا تێپەڕێ و سەرتر بڕوا و بڕواته قۆناغێکی‌تر. لەو قۆناغەش دەبێ تێپەڕێ و بڕوا بەرەو مەبەست و ئامانجێک، که شوێنی گەڕانەوەی هەموو گیانێکه:

از جمـادی مُـردم و نـامـی شدم/وز نما مُـردم ز حیـوان سر زدم

مُـردم از حیـوانـی و آدم شـدم/پس چه ترسم، کی ز مردن کم شدم؟

حمله‌ی ديگـر بميـرم از بشـر/تـا بـرآرم از مـلائـک بـال و پـر

بـار دیگـر از ملـک پـران شوم/آنچه انـدر وهـم نـایـد آن شوم

پس عدم‌گردم، عدم­چون ارغنون/گـویـدم کـانَّا الیـه راجعـون(مثنوی، د۳/ ۳۹۰۱-۳۹۰۶)

 

ئەو ڕەهەندانەی مەولانا له سەریان ئاخافتووه، هەموو ئەو بابەت و پرسانەن که له عالەمی ئیسلامدا، هەر له سەرەتاوه تا سەردەمی مەولانا، له ئارادا بوون. ئەوەی که لەم دەسپێکەدا باس کرا، تەنیا مشتێک بوو له دەشتێک. شیکردنەوەی هەمووی ئەو بابەتانه، جێگەی خۆی دەوێ؛ هەرچەن لەم ڕاڤەیەدا که پێشکەشی خوێنەرانی کورد دەکرێ، هەر یەک لەوانه له جێگەی خۆیاندا تاوتوێ دەکرێن. بۆیە پتر لەمه به پێویستی نازانم که له سەری بڕۆم.

ئەدەبی کوردی، بۆ خۆی دەریا و کانگایەکی بەربڵاو و هەراوه له واتاگەلی ورد و پڕ کاکڵەی عیرفانی. به پێی ئەو نەخته زانیارییەی که له ئەدەبی کوردیم هەبوو، وام به باشتر زانی که بۆ فام کردنی باشتر و تێگەیشتنی وردتر، له ئەدەبی بەراورد کەڵک وەربگرم. بۆیە تا ئەو جێگەی که ڕێگەی هەبوو، له شیعری کوردی کەڵکم وەرگرتووه.

بەر لەوەی که ئاوڕ له هەریەک له ڕاڤەکان بدەمەوه، به شێوازێکی فێنۆمێنۆلۆجیکاڵ، له خودی مانای بەیتەکاندا ورد دەبوومەوه. هانم دەدا که پێوەندییەک له نێوان بەشە جواروجۆر و پرژ و بڵاوەکانی مەسنەویدا ببینمەوه. به جێی کەڵکوەرگرتن له ڕا و بۆچوونی مامۆستانی پێشوو، له خودی مەسنەوی و هەروەها له خودی بەرهەمەکانی مەولانا، له مەبەستی شیعرەکان بگەم. پاش ئەوە، بۆ پوخت و پاراوتر کردنی، سەیری ڕاڤەکانی‌ترم دەکرد که بزانم ئەوان چییان وتووه. له هەر شوێنێکدا که بۆچوونەکەم له بۆچوونی ئەوانی‌تر جیاواز بووبێ، هیچ سڵم نەکردۆتەوه. دڵنیام که ئەو گیانه پیرۆزه، خۆی دەستی دڵ و قەڵەممی گرتووه و ڕاستەڕێی پێ نواندووم.

بۆ هەر بەیتێک، له پەراوێزدا، مانای وشەم داناوه و یەک به یەکی وشه دژوارەکانم مانا کردۆتەوه. هەروەها هەموو بەیتەکانم به ڕێنووسی کوردی ڵاتین نووسیوەتەوه. هۆی ئەم کارەش ئەوەیە که شێوازی خوێندنەوەی مەسنەوی، له گەڵ ئەوەی که ئەمڕۆ خەڵکی فارس زمان دەئاخێون، جیاوازی زۆری هەیە. خوێندنەوەی مەسنەوی تەنانەت بۆ خوێندەوارانی فارس زمان، کارێکی دژوار و ئاستەمه؛ چه بگا به کوردێک که باش فارسی نازانێ. هەروەها مەولانا به گوێرەی کێشی شیعری، پێکهاتەی زۆرێک له وشەکانی تێکداوه و بۆ دروست خوێندنەوەی شیعرەکان، دەبێ به شێوازێکی تایبەت وشەکان بخوێندرێنەوه. بۆیە وام به باش زانی که ئەم ڕێنووسەشی لێ زیاد کەم.

پاش ئەمە، کورتەمانایە. له کورته مانادا مانای شیعرەکەم نووسیوه. هانم داوه که پاچڤەی شیعرەکان به شیعر نەبێ؛ بەڵام ڕەنگه بڕێ جار له دەستم دەرچووبێ، که هیوادارم حەیای خۆم نەبردبێ و ئەگەر کەموکووڕیەکیش تێیدایە، چاوم له بەزەیی خوێنەرانی هێژای کورد بووه.

دواتر گەیشتوومەتە ڕاڤەی شیعرەکان. بۆ هەر شێعرێک که به پێویستم زانیبێ، به گوێرەی توانی خۆم و نیازی بەیتەکه، ڕاڤەم کردووه و لێکم داوەتەوه و هانم داوه که پێوەندی بەیتەکه له گەڵ سەرلەبەری مەسنەوی و هەروەها له گەڵ بیر و بۆچوونی مەولانا و هەندێ جاریش، بۆچوونی عارفانی گەورەتری بنرخێنم و تا پێم دەکرێ و تا ڕێگەی هەیە، ڕوونی بکەمەوه.

ئەو دەقەی که من هەڵمبژاردووه، ئەوەیە که مامۆستا هێژا و ڕۆژهەڵاتناسی ئەورووپی، ئارنۆڵد نیکلسۆن ئامادەی کردووه. بێ گومان ئەم دەقە باشترین دەقێکه که تا ئێستا ئاماده کراوه. ژمارەی بەیتەکانی ئەم دەفتەره، ۴۰۰۳ بەیته. که له گەڵ شەرحی نیکلسۆن و هەروەها دەقەکانی‌تریشدا بەراورد کراوه و تەنیا له یەک میسرەعدا به گوێرەی نوسخەی دوکتۆر ئێستێعڵامی بەیتەکەم گۆڕاوه و هەر لەوێشدا ئاماژەم پێ کردووه.

هیوادارم که خوای گەوره یارمەتیم بدات و ڕێگەم بدات که دەفتەرگەلی‌تری مەولاناش ڕاڤه بکەم و پێشکەش به کتێبخانەی کوردی بکەم. هیوادارم که شەرمەزاری گیانی پاکی مەولانا و گیانی پیرۆزی مامۆستایانی زمانی کوردی نەبووبێتم.

داگرتنی PDF

.❗️ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *