خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «خەییامی هەژارانە»

ناساندنی کتێبی «خەییامی هەژارانە»

ناساندنی کتێبی «خەییامی هەژارانە»

ناسنامەی کتێب: «خەییامی هەژارانە؛ چوارینە فارسی و کوردییەکانی خەییام و هەژار»، لێکۆڵینەوەی سەلاحەددین ئاشتی، چاپەمەنی مادیار، سنە ۱۳۹۹.

ئەو زەمانەی خەییام زاتی کردووە بیر لە داهاتن و خوڵقان و نەهێنییەکانی جیهان بکاتەوە و بە دڕدۆنگی و سەرسوڕمانەوە لە کاری کاولەدنیا بڕوانێ، بێ‌گومان تان‌وپۆی بیری تەسک و کەم‌هەوێن و زل‌کوێرانە بۆ شێوازی دینداری و خوداناسی، سەرپاکی جەغزی ژیانی داگرتووە. کە وا نەبووبا، خەییام هەر لە سەردەمی خۆی‌دا بەڕاشکاوی بۆچوونەکانی دەردەبڕین و حەشاری نەدەدان و تەنیا لە حوجرەی فەقێیان‌ لای جێ‌باوەڕانی بە سرتە نەیدەدرکاندن.

ئەم پرسیارانەی ورووژاندوونی و ئەو “بۆ” گەورانەی لە چوارچێوەی چەند چوارینەیەک‌دا کردوونی بە هەوێنی ڕوانینی فەلسەفییانەی بۆ وەرگرتنەوەی وڵامەکانی، گۆمی بە ڕووکەش مەندی دین پێیان شڵەقاوە و زریکەی بە ڕواڵەت‌پەرستان کردووە…

ئەم بیر و ڕوانینە لە ئەندەروونی ئادەمی‌دا وا ڕیشەدار دەرکەوتووە، کە دواتر هەرچی هاتووە و ئەم شکە فەلسەفییەی بەدڵەوە لکاوە، مادامێکی چێژەی وێژەی بووبێ، چوارینەیەکی نزیک لەم ڕوانگەیەی داوەتە پاڵ خەییام و مەبەستێکی بە زمانییەوە هەڵبەستووە، بۆیە دیمەنگایەکی سەیر و ناتەبا و ناهاوسەنگ و نایەکدەنگ بەدی هاتووە!

لە دەقی ئەم کتێبەی”خەییامی هەژارانە”دا، هەوڵ دراوە ئەوەندەی دەگونجێ تەپ‌وتۆزی ئەم گرێیە لەسەر ماکی سەرەکی لابدرێ. کتێبەکەش هەر بۆیە ناوی هەژارانەیە نەک خەییامانە تا لای خوێنەری کورد ڕوون بێ کە “هەژار”یش وەکوو بەرەکانی ڕابردوو، گەلێک لە بۆچوونەکانی خۆی تێکەڵ کردووە و هەم بە باری زمان و هەم نێوەرۆ‌ک‌دا ڕەنگی خۆی لێ هەڵپڕژاندووە. ئەمە بەم مانایە نییە هەژار دەرەقەتی وەرگێڕانی چوارینە بە ڕەسەن گیراوەکان نەهاتبێ، بەپێچەوانە سەرەڕای سەرکەوتنی، چی هەیە و نییە با ئی خەییامیش نەبووبێ، تێکیهەڵشێلاون و حەوترینگەیەکی خۆماڵییانەی پێ ساز کردوون و ئەمەش باس و بابەتێکی تایبەتە.

لەم چاپە تازە ڕێک و جێ‌سەرنجەی وەشانخانەی مادیاردا، کە دەبێتە چاپی پێنجەم و بۆ ئەم ناوەندە چاپی یەکەمە، چی وردەکاریی ڕێنووسی و ڕێزمانییە وەبەرچاو گیراوە و وێڕای دۆزرانەوەی هاوتای یەک لەو حەوت چوارینە کوردییەی فارسییەکەیان نەدۆزرابوویەوە، چەندین تێبینیی تازەش خراونە بەردەست.

ئەم کارە کە بە لێکۆڵینەوەیەکی سەردەمییانە ناسراوە، لەلایەکەوە دەکەوێتە خانەی ئەدەبی بەراوردکاری و لەلایەکی دیکەشەوە کارێکە بۆ پێکەوە هەڵسەنگاندنی شێخ سەلام و گۆران و کامەران بەدرخان و هەژار لە ڕووبەری زمانێک‌دا و هەنگاوێکە بۆ گەشە و نەشەی وێژەی کوردی.

لەسەر بەرگی پشتەوەی ئەم کتێبەدا هاتووە: مێژووی وەرگێڕانی چوارینەکانی خەیام لە زمانی فارسییەوە بۆ زمانەکانی‌تر به هەوڵ‌دانی ئێدوارد فیتز جڕاڵدەوە لە ساڵی ۱۸۵۹ دەست پێدەکا. تەشەنەی وەرگێڕانی چوارینەکان بۆ زمانەکانی‌ تری وەک کوردی، فەرەنسی، ئاڵمانی و عەرەبیش نیشاندەری پێشوازی کردنی خوێنەران لە واتایەکە لە ژیان کە خەییام تێی‌گەیشتووە. کامران عالی بەدرخان لەناو کوردا وەک یەکەم کەس چوارینەکانی خەییامی کردووە بە کوردی و دوای ئەو شێخ سەلام و دواتر مامۆستا گۆران ئەم ڕێگایەیان بڕیوە، تاکوو گەیوەتە مامۆستا هەژار؛ ئەویش بە وەرگێڕانی چوارینەکان، ئەم ڕەوتەی لە ڕووی جوانیناسی و ناواخن و کەشی شێعرەکان گەیاندۆتە لووتکەی خۆی. ئەم بەرهەمە تەنیا نووسینەوەی چوارینەکانی خەییام نییە بە کوردی، بەڵکوو نووسەر بە هەوڵی بێ‌وچانی خۆی وەرگێڕانەکانی هەر چوار شاعیری گەورەی کوردی لە خەییام بە لایەنی جیاوازی تەکنیکی و شێعرییەوە بەراورد و شی‌کردۆتەوە. جیهانی چوارینەکانی ئەم کتێبە جیهانێکی سەیرە و هەر سازەی لە ئاوازێکەوە ئەژەنێ، بەڵام ئەوەی گرینگە زاڵبوونی زایەڵەی ئەو ئانتۆلۆژیایە لە ژیانە کە پێویستە بێ خەم بژین، خۆش بژین، کە دوای مەرگی ئێمەش ڕۆژ و شەو و مانگ و ساڵ بێ‌پسانەوە دێن و دەچن.

 ?لە بەشێکی کتێبەکەدا هاتووە:

١. هەژار:

خەو بەسیە، بەیانە، هەستە چاوکاڵی شەپاڵ!
گفتێکی شیرین بکە مەزەی بادەی تاڵ!
کاروانی ژیان دەئاژوێ ڕوو بە نەمان،
هاکا من و تۆش دەبینەوە خەون و خەیاڵ

٢. خەییام:

وقتِ سحر است، خیز ای مایهٔ ناز!
نرمک نرمک، باده خور و چنگ نواز؛
کاین‌ها که بجایند، نپایند دراز؛
و آن‌ها که شدند کس نمی‌آید باز!

۳. کامران بەدرخان:

سپێدەیە، ڕابە هۆ گەوهەرێ ناز!
نەرم‌نەرم، شەرابێ ڤەخوە ب نای و ساز!
ئێن د خەوێ‌دە ڤەشارتینە، زانین
ژ ئێن بۆری، کەس ڤەناگەرە، چوون بێ‌ئاواز!

? داگرتنی فایلی دەنگی

.❗️ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *