خانه / ناساندن و ڕه‌خنه‌ / ناساندنی کتێبی وشەناسیی زمانی کوردی

ناساندنی کتێبی وشەناسیی زمانی کوردی

ناسنامەی کتێب:وشەناسیی زمانی کوردی، نووسەر: سەعید کەرەمی، توێژینگەی کوردستان ناسی،۱۳۹٦

ئەم بەرهەمە لێکۆڵینەوەیەکی چڕە بە زمانی کوردی لە بازنەی زانستی وشەناسیدا. زانستی وشەناسیی یان مۆرفۆلۆژی یەکێکە لە ژێرلقەکانی زمانناسی کە لە ئاستی مۆرفیم و وشەدا لە زمان دەکۆڵێتەوە.

هەرچەند لە بواری وشەناسی زمانی کوردیدا کاری زۆر کراوە بەڵام بە دەگمەن نەبێت هەموویان بە ڕێبازێکی کلاسیکی و کۆن بابەتەکانیان ورووژاندووە، بۆ وێنە هەر لە سەرەتاوە بە پێ بەشەکانی ئاخاوتن واتە: ناو، کردار، ئاوەڵناو و ئاوەڵکردار بابەتەکانیان دابەش کردووە، هەر ئەمەش بابەتەکەی لێیان ئاڵۆز کردووە. هەروەها سنووری نێوان ڕستەسازی(سینتەکس) و وشەناسیان ڕەچاو نەکردووە و هەردووکیان پێکەوە تێکەڵ کردووە و هەروەها جاجاریش لە بابەتی واچناسی و دەنگ‌ناسی و واتاناسیشیان تێکەڵ‌کردووە. تەنانەت هاتوون ناوی “وشەسازی”یان بۆ ئەم زانستە هەڵبژاردووە و لە بەرانبەری morphologyەوە دایانناوە کە بەرانبەرێکی ناڕێک و ناتەواوە. چونکە “وشەسازی” بۆ خۆی ژێربەشێکە لە زانستی وشەناسی و یەکێکە لە بابەتەکانی نەک هەمووی وشەناسی. سەرەڕای ئەمانە هیچکات باری فێرکاری و ڕاهێنان لە بەرهەمە پێشووەکاندا ڕەچاو نەکراوە.

بەڵام ئەم بەرهەمە کە عینوانی” وشەناسیی زمانی کوردی” بۆی هەڵبژێرراوە یەکەمین بەرهەمە کە نووسەرەکەی تێیدا تێکۆشاوە زانستی وشەناسی لە بیچمی کتێب‌دەقێکدا(textbook) بەرهەم‌ بهێبنێت. واتە وێڕای ئەوەی هەوڵدراوە لە ڕوانگەیەکی نوێی زمانناسانەوە بابەتەکان بوروژێنرێت و پێوەرە نوێیەکانی زمانەوانی تێیدا ڕەچاو بکرێت، لایەنی فێرکاری و ڕاهێنان لەسەرجەمی ئەم بەرهەمەدا لەبەرچاو گیراوە و ڕیزبەندی بابەتەکان بە جۆرێک چنراون کە سەرەتا خوێنەر لەگەڵ چەمک و زاراوە نوێیەکانی وشەناسیدا ئاشنا دەکات و پاشان وردەوردە بابەتە سەرەتایی و بناغەییەکان دەداتە بەرباس و ئەمجار بەرەبەرە دەگوێزێتەوە بۆ بابەتە سەخت و دژوارەکان.

لەباری زمانییەوە نووسەر تێکۆشاوە بە زمانێکی سادە و پاراو و دوور لە هەرچەشنە خوازە و ئیستعارەیەک بابەتەکان شی بکاتەوە. یەکێک لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم بەرهەمە ئەوەیە کە نووسەر هەوڵی داوە بە شێوەیەکی خۆماڵی و کوردیی ڕەسەن زاراوەهایەکی لەباری وشەناسی دابتاشێت بە جۆرێک کە کەمتر ڕەنگ و بۆنی وەرگێڕانی پێوەدیار بێت.

پێکهاتە و پاژبەندی ئەم پەرتووکە بەم چەشنەیە: پاژی یەکەم بۆ پێناسەی ئەو چەمکە سەرەکییانەی وا لە وشەناسیدا پێویستن و تا کۆتایی ئەم بەرهەمە کەرەستەی بەردەستە. پاژی دووهەم بۆ مژاری بەرهەمهێنی و دەست‌نیشان کردنی ئەو پێڕەوانەی کە بە شێوەی گشتی بۆ داهێنانی وشە لە زمانی کوردیدا سوودی لێ دەبینرێت. پاژی سێهەم بۆ جیاوازی ڕەفتاری گیرەکی وشەگەردان و وشەداڕێژ پێکەوە و جیاوازییان لەگەڵ نووسەکدا. پاژی چوارەم و پێنجەم بە ڕیزەوە بۆ بابەتە گەردانییەکانی کردار و ناو تەرخان کراوە. پاژی شەشەم بۆ بابەتی داڕشتن و پاژی حەوتەم بۆ شێوازەکانی لێکدانی ناو، ئاوەڵناو و کردار. پاژی هەشتەم بۆ چۆنیەتی ڕیزبەندیی تەواوی مۆرفیمەکان لە ئاستی وشەدا.

لەم بەرهەمەدا چەندها بابەتی تازە کە لە سەرچاوە پێشووەکاندا کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە یان هەر باس نەکراوە خراوەتە بەرباس وەکوو بابەتی نووسەک(Clitic)، دۆخ(case)، ڕێکەوتن(agreement)، و ڕیزبەندی مۆرفیم(morpheme order)و …

لەم بەرهەمەدا کەمتر نووسەر خۆی بە بیرۆکەوە خجڵاندووە و تێکۆشاوە بە شێوەیەکی تەوسیفی-شیکارانە بابەتەکان ڕوون بکاتەوە و بە گشتی خوێنەر لەگەڵ چەمکە سەرەکییەکانی وشەناسی بە گشتی و وشەناسی زمانی کوردی بە تایبەتی ئاشنا بکات. کەرەستەی بەردەستی ئەم پەڕتووکە بە شێوەی گشتی، شێوە یەکگرتووی کرمانجیی ناوەڕاستە، ئیدی لە لقەکان و شێوەزار و بنزارەکانی‌تری زمانی کوردی بەس لەو جێگایانەدا وا پێویست بووە نموونە هێنراوەتەوە.

ئەم بەرهەمە بەرهەمی #توێژینگەی_کوردستان‌ناسی یەکە لە ساڵی ۹٦ دا پاش دووجار داوەری لەلایەن پەخشانگای زانستگای کوردستانەوە بە چاپ گەیشتووە. لە ڕێکەوتی ۹٦/۱۲/۲۰ شدا لە زانستگای کوردستان بەشی زمان و ئەدەبی کوردی، کۆڕی هەڵسەنگاندنی بۆ گیرا و لە لایەن سێ مامۆستای زمانەوان: د. #یادگار_کەریمی، د. #ڕەحمان_وەیسی و د. #زانیار_نەقشبەندی یەوە هەڵسەنگێندرا.

ماڵی کتێبی کوردی، پیرۆزبایی دەرچوونی ئەم بەرهەمە زانستیە لە نووسەر و لێکۆڵەری هێژا سەعید کەرەمی و توێژینگەی کوردستانناسی زانستگای کوردستان و سەرجەم هۆگرانی زمانی کوردی دەکات.
هیوادارین هەوڵ و توێژینەوە مێتۆدیک و زانستیەکانی توێژینگەی کوردستان ناسی ببنە بنەمایەکی قورس بۆ پتەوترکردنی کۆڵەکەکانی زمانی کوردی و کردنەوەی دەرگا نوێ و ئاکادیمیەکانی زانستی زمانناسی هاوچەرخ بە ڕووی زمانی کوردی دا.

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *