خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی “باوە توان و چەند چیرۆکی تر” نووسینی گی دۆ مۆپاسان

ناساندنی کتێبی “باوە توان و چەند چیرۆکی تر” نووسینی گی دۆ مۆپاسان

ناسنامە: “باوە توان و چەند چیرۆکی تر”، گی دۆ مۆپاسان، ساسان ئاهەنگەری و ئاکۆ عەبباسی،چاپەمەنی “بیریار”، سەقز ساڵی چاپ: ۱۳۹۷

 

یوونس ڕه‌زایی

کتێبی “باوە توان و چەند چیرۆکی تر” نوێ‌ترین بەرهەمی دوو وەرگێڕی بە توانا و بە مرخ کاک “ساسان ئاهەنگەری” و کاک “ئاکۆ عەبباسی”یە. ئەو بەرهەمە سەرجەم دوازدە چیرۆک، ژیان‌نامەیەک و وتارێک لە سەر تایبەتمەندی‌یەکانی چیرۆکی نووسەری ناوداری فەڕانسەوی “گی دۆ مۆپاسان”ی گرتووەتە خۆ.

زۆر جار لە باسی چیرۆک و شێوازەکانی نووسین‌دا، زەمزەمەیەک دەبیسترێ؛ کە تێی‌دا ناوی مۆپاسانیش دەنگ دەداتەوە، شتێک لە گوێن ئەوەی وەبیر چێژێکی ناخۆشی سەردەمێکی کۆن بکەونەوە، سەرێک رادەوەشێنن و خۆ لە خوێندنەوەی دەبوێرن و بە پاساوی ئەوەی کاتی خوێندنەوەی بەرهەمی نوێتر و شێوازی تازەترە، تخوونی بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە ناکەون.
بە چەند هۆ پیم وایە خوێندنەوەی ئەو کتێبە سەرەڕای ئەو قسانە کە بە راست و بە جێش نین، بۆ هەموو نووسەرانی ئێستا پێویستە.

ئەو گوتەیە لە ریشەوە راستە کە پاش مۆپاسان زۆر ئەزموونی دیکە لە پانتایی چیرۆک نووسی جیهان دا دەرکەوتوون و ناسین و خوێندنەوەی کۆی ئەوانە شتێک نییە کە نووسەری بەرەی نوێ خۆی لێ ببوێرێ. بەڵام خوێندنەوەی مۆپاسان کە تا ئێستا بە شێوەیەکی پوخت و پاراو نەکراوەتە کوردی لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە خوێندنەوەی کۆمەڵێک ئەزموونی ئەو نووسەرە گەورەیە دەڕوازەیەکە بۆ ناسینی یەکێک لە دامەزرێنەران و پەرەپێدەرانی هونەری کورتە چیرۆک نووسین.

روانینی ورد و پەروەردەی کەسایەتی بە نامێی مۆپاسان، لەگەڵ پێکهاتەی پتەوی چیرۆک، ئەزموونێکی بە کەڵکە بۆ نووسەری بەرەی نوێ و چون لە وتاری تایبەتمەندی‌یەکانی چیرۆکی مۆپاسان هەر لەو کتێبەدا بە وردی باسی شێوە و چەشنی نووسینی ئەو نووسەرە ورووژاوە پێویست نییە دووپاتیان بکەمەوە.

ئەوەی زیاتر دڵی منی خۆش کرد و بە خوێندنەوەی هانی دام ئەو بەرهەمە بە پێزە بناسێنێم، زمانی نە تەنیا پوخت و پاراو، بەڵکوو زۆر دەوڵەمەند و رازاوەی ئەو کتێبەیە، کە وەرگێڕەکان بە زەوقی ئەدەبی لە لایەک و زمان ناسین و زمان زانینی خۆیان لە لایەکی دیکەوە، بەرهەمێکی تایبەتیان ئامادە کردووە و بە باش‌ترین و هونەرمەندانەترین شێوە زمان، هەست و بیری مۆپاسانیان راگوێزتووە و بە کوردی، باشی دەرەقەتی هاتوون. زمانێک کە لە هیچ رستەیەکی دا هەست ناکەی سستی و دەڵەمەیی پێوە دیار بێ.

ئەوان تەنیا حەولیان نەداوە واتاکانی چیرۆکی مۆپاسان رابگوێزن، بەڵکوو مکووڕ بوون لەسەر ئەوەی واتاکانی مۆپاسان بێننە ماڵی زمانی کوردی‌یەوە. بە جوانکاری‌یە کینایی و خوازەیی و سەمبولیکەکانی زمانی کوردی بیڕازێننەوە. زمانێک کە هەست دەکەی لە بەر لێشاوی زۆری زاراوەی تایبەتی زمانی کوردی و هێنانەوەی پەند و مەسەلی خۆماڵی، دەتگەڕێنێتەوە بۆ زمانی رەسەن و لە سەر زارانی تیپ و چینە جودا جوداکانی کۆمەڵگای خۆمان، هەڵبەت بە پاراستنی تێم و فەزای کولتووری سەرەکی چیرۆکەکان. بێ گومان بۆ هەر کام لەو باسانە بە دەیان نموونە لە چیرۆکەکان‌دا دەتوانین بخەینە بەر چاوی خوێنەران و بۆوەی ئەو بابەتە لەوە زێاتر خۆ لەبەر یەک نەکێشێتەوە، منیش کورتی دەبڕمەوە و پێشنیار دەکەم ” باوە توان و چەند چیرۆکی تر” لە بەرهەمەکانی مۆپاسان بە وەرگێڕانی ساسان ئاهەنگەری و ئاکۆ عەبباسی بخوێننەوە.

ماڵی کتێبی کوردی: ئەو كۆمەڵەچیرۆكە دوازدە كورتەچیرۆكی لە خۆ گرتووە، لە پاشكۆی كتێبەكەشدا سەربوردە و تایبەتمەندی چیرۆكەكانی مۆپاسان بە وردی باس كراوە. جێی ئاماژەیە هەموو چیرۆكەكان لەگەڵ تەرجومەی دەقی ئینگلیسییەكەشی بەراورد كراون و دواتر لەگەڵ تەرجومە كوردییەكە پێك گیراون. ئەو كۆمەڵە چیرۆكە لەنێو نزیكەی دووسەد چیرۆكی مۆپاساندا هەڵبژێردراون، یەكێك لە فاكتەرەكانی هەڵبژاردنیان ئەوە بووە كە تا ئەو جێیەی دەكرێ ئەو چیرۆكانە هەڵبژێردرێن كە تا ئێستا بە فارسی و كوردی تەرجومە نەكرابێتنەوە. بەشی ژیاننامەی مۆپاسان كورتكراوەیەكە لە كتێبی ”ژیان و بەرهەمی مۆپاسان”* بە قەڵەمی ئێدواڕد مێنیلە كە تا ئەمڕۆش باشترین كتێبێكە لەسەر ژیانی مۆپاسان نووسراوە.

___________________________

*Edouard Maynil, la vie et l’œuvre de Guy de Maupassant, mercure de france

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *