خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / خوێندنەوەیێک لەسەر کتێبی “سەفەرە میوان”

خوێندنەوەیێک لەسەر کتێبی “سەفەرە میوان”

خوێندنەوەیێک لەسەر کتێبی “سەفەرە میوان”

شەیدا مەحموودی

وێڕای سپاس و دەسخۆشی بۆ خاتوونی چالاک و نووسەر لەدوای خوێندنەوەی ئەم کورتەچیرۆکانە چەند پرسیار مێشکی ورووژاندم و کۆمەڵێک باسی گرنگی سەبارەت بە ژنان و کۆمەڵگا خۆیان هاویشتە مێشک که بەپێی توانا ئەوەندەی بۆم بکرێ ئاماژەی پێ دەکەم.

لە شانۆی ژیاندا ژن دەورگێڕە یا دەرهێنەر؟

دەوری ژنان لە پێکهاتەی ژیانی لە کۆمەڵگا چەندە کاریگەرە؟

ژن چۆن خۆی دەبینی؟

پیاو چۆن سەیری ژن دەکا ئایا شێوەڕوانینی خودی ژن شوێن لەسەر ڕۆانگەی پیاوەکان دانانێ؟

ژن دە چیدا خۆی دەدۆزێتەوە و ئایا چاخ و ڕەوتە جیاوازەکان بیرۆکەی ژنانیان گۆڕیوە؟ ئەو خۆدیتنەوە چۆن مسۆگەر دەبێ؟

بەکورتی بیروڕای خۆم سەبارەت بە پرسیاری کۆتایی دەردبڕم.

بەڕێز خاتوو هوشیار بە چەند شێوازی جوان و جیا ویستوویە بە هاوڕەگەزکانی خۆی بسەلمێنێ مێینەبوون بەربەستێک بو بیر و هزری ئاواڵا نییە.

تەوەرێک کە جێگەی سرنج و تێڕامانە بەشی دەروونناسییەکەیەتی و بەتایبەت خۆناسی و خۆدیتنەوەیە کە دەکرێ بگوترێ ڕۆڵێکی بنچینەیی لە هێزی متمانە و وەغیرەتهاتن و هەنگاونانە بەرەو پێش.

خاتوو هوشیار بەشێوەیەکی دەرووناسانە و فەلسەفی دە هەناوی چیروکەکانیدا باسگەلی پێوەندیداری هێناوەته ئاراوه.

چەند ماکە و توخمی چاکسازی بیرۆکەی ژن کە بریتینه لە بیرکردنەوەی جیاواز، ڕوانگەی جیاواز، بڕیاری جیاواز و هەڵوێستی جیاواز کە هەنگاوی سەرەکین بۆ ڕاچڵەکان و گۆڕاکاری و پێشکەوتنە.

۱- بیرکردنەوەی جیاواز چۆن بێچم دەگرێ

بێگومان باری پەروەردەیی و چێوەی ژیان و دەوری کەسانی دەوروبەر وەک دایک و باوک و بنەماڵە و قوتابخانە و مامۆستاکان بەگشتی کۆمەڵگا، شوێندانەرێکی سەرەکین بەڵام ئەوەی گرینگە ئایا گەیشتووینەتە ئاستێک حەز بکەین بیروکەی گەورەترمان بۆ ژیان هەبێ کە ئەم پرسیارە سەرەتایەیەکی ئەرێنی و خۆشبینانەیە بۆ وەدەستهێنانی وەڵام و بەدوادا چوونە

لێرەدا هەست بە کەموکوڕی زانیاری و زانست، هاندەرێکی بەرچاوە، گەڵاڵەداڕشتن و بەرنامەریزی بۆ خوێندنەوە کاریگەری هەیە بۆ وەدەستهێنانی ئامانج کەواتە خوێندنەوە و فێربوون خاڵی وەرچەرخانە و دەسپێکی قۆناغێکی تەژی لە ئەزموون و فێربوون کە بیرکردنەوەیەکی قووڵی بەدوودا دێ.

۲- ڕوانگەی جیاواز کاتێ مسۆگەر دەبێ کە بیرۆکە و زەینمان گۆڕابێ ناکرێ بە باڵی شکاو هەڵفڕین چۆنیەتی ڕوانین بە ژیان شوێنێکی زۆر بەرچاوی هەیە لە چۆنیەتی ژینکردن و بەختەوەری و ڕەزامەندی و دڵخۆشی.

سەرکەوتنەکان بەگشتی دەگەڕێنەوە جۆری بیر و هزری خۆمان کە شانسی نین و بە حەول و تەقەللا و ماندووبوون دەکرێ وەدەستیان بێنین.

هەر کات ڕادەی زانیاری و ئەزموون بچێتە سەر، ئەوە بیر و زەین ڕۆشن و ئاواڵا دەبێتەوە و لە کپی و مەنگی و ماتی دێتە دەر، بەر لە هەموو کە خۆی هان دەدا بۆ پێشکەوتن و دواتر کەسانی دەوروبەر و دواتر کۆمەڵگا و هتد …

کەواتە بێنووهێناوە و ڕەگەز و دۆخ و بواری کۆمەڵایەتی و ئابووری و … ناتوانن بەربەست بن بۆ ئەندێشەی گەورە و ژیانێکی مانادارتر و کەڵک و بەهرەوەرگرتن لە دەرفەت و تەمەن.

۳- بڕیاری جیاواز بۆ هەر بڕیار و کار و بەرنامەیەک ئەگەر ئاگاهانە و بەپێی پێوەرێکی بنەمایی و بنەڕەتی و پەسندکروا دابڕێژێ و بێگومان دەسکەوتێکی باشی لێ دەکەوێتەوە.

ڕێکخستنی ئەرک و بەنامەکانی ژیان کە بریتین لە ئیشی تاکەکەسی و دەرەکی و گشتیەکان کە سەرچاوەی هەنگاوێکی ساف و بەبڕشتە و دیمەنی داهاتوویەکی ڕووناکی لێ دەبیندرێ

وەلانانی عادەتە ناپەسندەکان، هەر مرۆڤێک خۆی بەباشی دەیانزانێ و دەتوانێ بەربژێریان بکا.

تا ئەو کاتەی کات بەفیڕۆدان و بێهودەکارییەکانمان وەلا نەنێین ناتوانین بڵێین کەسێکی ئەرکناسین.

کەوایە یەکێ لە ڕێکارەکانی دروست بۆ بەرز بیرکردنەوە کە خۆی جیا لەو مژاره نییه و بەڕێوەبەرایەتی کات و پێناسەی ئارمانج و پێشخستن و دەسنیشانکردنی بەرنامه گرنگەکان و هەڵسەنگاندن و لە کۆتادا عەمەلیکردنی و ئیجڕای ئەو بڕیارەیە کە دەکرێ گۆڕانکارییەکی شیاو و سەرەکی بخاتە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵکا بەگشتی.

وەک خاتوو هوشیار لە لاپەڕەی ۲۱ دا بەو ڕستەیە حەول دەدا کۆی ئەو باسە بە بەردەنگ ڕاگەیێنێ ” بینینی ڕۆحێکی ئاشنا، سەرەتایی بزووتنەوەی هەستە و درووستبوونی پرسیار”

باس لە پرسیار و بە دووداچوون و دیتنەوە دەکا. کە لە بواری دەرووناسییەوە دەکرێ بە خۆدیتنەوە و یا دیتنەوەی ونبووەکانی کە لاپاجەی تەماوی و لێڵ بۆ بیر و هزر چێ دەکەن و هۆکارگەلی هاڵۆزی و شڵەژان و دڵەڕاوکێن و مەهار و هەوساری ئەوانە جگە بە هێزی بیر و هزر و ئاوەز مسۆگەر نابێ.

هێز و وزە لەنێو دەروونەوە سەر هەڵدەدا و ئاراستە و ئاقاری ڕوانین و ژیانمان دێنێتە ژێر باڵی خۆی.

هەمووی ئەو ڕەوت و ڕێسایە ڕینمایی شاڕێی بە کەماڵگەیشتن و ئامانجخوازیە، کە ڕەنگ و تام و بۆی ژیان دەگۆڕێ و بەردەوام لەدووی پڕکردنەوەی بۆشایی و کەموکوڕیەکاندا دەگەڕێ و بە مەعریفەت و تێگەیشتنێکی بەرفرەتر پڕیان دەکاتەوە، کە دەسکەوتی ئەوە ژیانێکی ئاسوودەیە.

” لە مرۆڤ وایە گەشەی ژیانێکی نوێ لەپێناو دونیایی دەرەوەیەتی” لاپەڕی ( ۳۲)

چاکسازی دەروون پڕبەهاترین و کاریگەرترین و لەوانەیە ئەستەمترین و هەستیار ترین ئەرکی هەر مرۆڤێک بێ. ژیان بەرەو ئەقڵ و هزر و ئاوەزخوازی ئاوڕ دەداتەوە

” کە پەردەی سەر چاوت لا دەچێ جیهان جلێکی نوێ لەبەر دەکا” لاپەڕەی ۸

ئەوکات ئەو دروشمە دێتە دی کە بە چاویلکەی نوێ دەڕوانین و ئەو بەری جیهانێکی تر سەر هەڵدێنێ و بەواتایەکی تر جیهانبینییەکی جیاوازت هەیە

کە بریتین لە ئەخلاق و ئەرزیشەکان و نۆڕم و هەست و سۆز و هتد …

کاتێ چییەتی (هویت)ی خۆمان بۆ دەرکەوت و بەهامان پێ بەخشی ژیان دەکەوێتە جووڵە و حەڕەکە و مانادار دەبێ
ئەو کاتەیە سیفەتی بەرزی، مان و هیوا لە ژیاندا خۆ دەردەخا و دەبێ بە هەوێنی هەموو سەرکەوتنەکانمان.

۴- هەڵوێستی جیاواز

“ڕێبواری مەڵبەندە نوییەکان حەزی گەڕانەوەیان بۆ ڕابڕدوو دەمرێ” لاپەڕەی ۳۸

بەکردەوەکردن و وەدەرخستی ئاکارەی بەنرخ لە کردەدا تەعریف دەکرێ. کەم و زۆری وتە و ئاکار و هەڵوێستەکانمان چییەتیی ئیمە پێناسە دەکەن. هەر کات سەمەرەی حەول و زەحمەت و بیر و هزرمان هاتە گۆڕەپانی کردەوە و عەمەل و لە پێستی دروشم هاتە دەر ژیان دەکەوێتە خولخولەی مانا و پەردە لەسەر چاو لا دەچێ و کوردکوتەنی بەرچاوی دەبێتەوە

ڕووناکی و دووربوونەوە لە وەهم و تەم و ڕەشایی. نزیکبوونەوە لە ڕاستی و حەقیقەتەکان کاتێکە کە قەبارەی زانیاریەکان لە مێشکدا فرە دەبێ. نەفسبەرزی و چەمهەڵگری و نەرمینوێنی بەرز دەبێتەوە.

وەک ئاگادارین خەمۆکی باوترین نەخۆشیی دەروونی و دیاری سەردەمی پێشکەوتنە دەکرێ گوڕینی ڕوانگە و بیر و باوەڕ و بڕیاری شیاو و باشترین چارەسەر و دەرمان و ئەم دیاردە ناخۆشە بێ. کەسانی ئامانجدار و لە حاڵی جووڵە لە مەنگی و کپیدا نامێننەوە و دە جەریان ژیندا بە ڕەوتێکی دڵخواز و ڕەزامەندانە بەرەو پێش دەچن.

ئەوەش مسۆگەر نابێ تا ئەو کاتەی بیرۆکە ئەرێکانمان بەهێز نەکەین.

بە خوێندنەوه ژیانێکی تر هەر ڕۆژێکت نوییە”

لاپەڕەی ۴۳


هاجەر هووشیار

هاجەر هووشیار لە دێی خانکەندی سەر بە چۆمی مەجیدخان، نزیک میاندواو لەدایکبووم. ڕێکەوتەکەی لە ناسنامەی فەڕمیمدا نووسراوە حەوتی خەرمانانی ۵۷. لە ساڵی ٦۲ یان ۳ هاتینە بۆکان. لە بنەماڵەیەکی ئایینی و هەر وەها گیرۆدەی داب و نەریتی زاڵی سەردەمی خۆماندا گەورە بووم. ئەم حەزی خوێندنەوەیەش دەگەڕێتەوە سەر گیرۆدەیی دایکم و بابم بۆ زانست و فێربوون.

هەوەڵین خولیای کوردی خوێندنەوەم بە گوڤاری سروە بوو و عاشقی قەڵەمی جەلالی مەلەکشا ببووم. لە فارسی و کوردی هەرچی دەستم کەوتبا شێعرم لەبەر دەکردن و شێعرنووسینیشم تاقی کردبووەوە.

هەر لە کاتی قوتابخانەدا ئینشا نووسینم باش بوو و بە ۱۰ لاپەڕە دەمنووسی. چونکە دواتریش ماڵمان کۆچێکی ۱۰ ساڵەی کردەوە بۆ خانکەندی و تێکەڵاو بە بیرەوەری هاوینانەی سروشتی ئەوێ ببووم کە خۆشترین ئاشنایی بوو خۆشتر لە ئاشنایی مرۆڤەکان، لە نووسینەکانمدا سروشت هەمیشە پڕڕەنگە.

ساڵی ۷۸ چوومە (تربیت معلم) لە تەورێز و کاردانی و کارناسی و ئەڕشەدم لە کۆمەڵناسیدا خوێند و ئێستاش ۲۳ ساڵە مامۆستای قوتابخانەکانی بۆکانم. دوای ئەوەی مێردم کرد و منداڵەکانم کەمێک لە کڵ هاتنە دەر کەوتمەوە سەر خوێندنەوە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی وا ناسیمن بۆ نەقد و لێدوان لەسەر کتێب، بەشدار بووم. دواتر چوومە ناو بازنەی چیرۆکنووسان و قەڵەمم بۆ چیرۆکنووسی تاقی کردەوە. لە چەند گوڤاردا لێدوان و وەرگێرانم بڵاو کردەوە. لە وەرگێڕانی۲ کۆوتاری فەلسەفی، لەگەڵ چەند هاوکار و مامۆستایانی شارەزا هاوکاریم کرد و ئێستاش و تا کۆتاساتەکانی ژیانم خەریک فێربوونم.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *