خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / زەردەخەنە / عەزیز وەلیانی

زەردەخەنە / عەزیز وەلیانی

زەردەخەنە

عەزیز وەلیانی

ماری ‌ئانتوانت هاوژینی لویی شازدەهەم، لە بەرهەیوانی کۆشک و بارەگای ئیمپراتور، بێ خەم و خەیاڵ، دەیڕوانی. لەپڕ چاوی کەوت بە ئاپۆرەی بێ‌ئەژماری ئاتاج و بێ‌ئەنوایان کە لەبەر دەم نانەواخانە بە ڕیز هەڵوێستاون تا بڕەنانێکیان بەرکەوێ. ئانتوانت لە ڕووی نەفامی و بێ‌ئاگایی لە بارودۆخی خەڵکی فەڕانسە، ڕووی لە پێش‌خزمەتەکانی کرد و گوتی:” ئەرێ خەڵک بۆچی لە بری نان ”کیک” ناخۆن؟!!

بەڵێ! خەڵکی فەڕانسە کە لە زوڵم و غەدری لە ڕادەبەدەر و گەندەڵیی بێ‌سنووری حاکمان، تەواو وە زاڵە هاتبوون، بە تێکڕایی کەوتنە خۆ و شۆڕشی مەزنی فەڕانسەیان وەڕێ خست.

لە ساڵی ۱۷۹۳ زایینی، بنەماڵەی ئیمپراتور کەوتنە بەر لافای شۆڕش. لەو ساڵەدا ماری ئانتوانت لە مەیدانی کۆنکۆردی پاریس، ملی کەوتە بەر تیغی تیژی “گیۆتین” و سەریان پەڕاند.

ئێستا پاش تێپەڕینی ۲۲۷ ساڵ لەم ڕووداوە، یەکێ لە بەرپرسانی وەزاڕەتی بازرگانی، پاش گرانی لە گرێژنەدەرچووی نرخی مریشک دەفەرمێ: “وا باشە خەڵک لەمەودوا لە جیاتی مامر ڕوو بکەنە خواردنی ماسی.”!!

ماری ئانتوانت و بنەماڵەکەی، تووک و نزا و ویست و هاواری خەڵکیان قەت نەبیست. تۆ بڵێی…

***

لە کتێبی ”رستم‌التواریخ”دا هاتووە: پەیتا‌پەیتا هەواڵی بەدفەڕی و لاساریی سەربزێوان لە مازندەران، بەرگوێی خاوەن‌دەسەڵاتی پایەبەرز کەریم‌خانی زەند دەگەیشت. بەڕێزیان فەرمانی دا بە ”زەکی‌خان”ی بێ‌ڕەحم و دڵ‌ڕژد تا شەڕفرۆشانی کەللەڕەق و زاڵمانی ئەوێندەرێ دمکوت و تەمێ بکا تا دامرکێن و ناوچەکەیان بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی زەندییە.

خاوەن‌شکۆ (کەریم‌خان) گەلێ جار دەیدیت و دەیبیستەوە کە زەکی‌خان سەری بە نوێژانەوە چووە و وەک بڵێین سەری بچێ نوێژی ناچێ. شەونوێژ دەگێڕێتەوە و خۆ دەپارێزێ لە ئاکاری دژ بە شەریعەت و دین!

“زەکی‌خان”ی ڕیاباز بە لەشکرێکی پۆشتە و تەیار، لەگەڵکوو گەیشتە مازندەران، سەرەتا ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی بەدەسەڵات و گوێ‌لەمست و لایەنگری خانەدانی ”زەندییە”ی کۆ کردنەوە کە لە نێویان‌دا، ڕێزدار “حوسێن‌قوڵی‌خان” بەرچاوترینیان بوو. زەکی‌خان بۆ نیشان دانی زەبر‌و‌زەنگی خۆی، بێ بڕ‌وبیانوو بە ئازار و ئەشکەنجەی بێ ئامان هەموویانی خستنە بەر تیغی تیژی شیر و دەبان و قەڵت‌و‌بڕی کردن.

کەسێک گێڕایەوە: ”خۆم لە وێ بووم کە هەشتا کەس لە خەڵکی “چاردەکەلاتە”، دەست‌بەستراو و داماو هێنایەنە خزمەت ئەو پیاوە دڵ‌ڕەقە. ڕووی لە جەللاد کرد و گوڕڕاندی کە سەری گشتیان بپەڕێنێ! جەللاد کە سەری چوارانی لە لەش جیا کردەوە، دەست و قاچی کەوتنە لەرزین و شیر لە دەستی کەوتە خوار. “زەکی‌خان”ی بێ‌بەش لە ڕوحم و بەزە، کەوتە خۆ و دەستی‌دایە شیری خوێناوی جەللاد و بە تەنیا دایانگژایە و سەری حەفتا و شەش کەسی تری پەڕاند و ئەو شوێنە دارماڵ بوو لە پڕیشک و جەڵتەی خوێن.

کە هاتەوە سەر تەختی خونکاری، دای لە قاقای پێکەنین و بە خۆی‌دا هەڵدەکوت. کاتی نوێژ بوو، هەستایە پێ و دەست‌نوێژی هەڵگرت و نوێژی دابەست و پاشان کەوتە نزا و پاڕانەوە و مناجات.

کاتێ هەواڵی وردەکاری دەست‌کیسی و جەردەیی و کرداری نامرۆڤانەی “زەکی‌خان” لە بارەگای خاوەن‌شکۆ دەنگی دایەوە، دەست‌بەجێ، پایەبەرزی دلۆڤان، ڕایسپارد خێرا بێتەوە بارەگا.

کاتێ خستییە بەر پرسیار و جواب کە بۆچ ئەم کوشتارەت وەڕێ خست و بە فەرتەنە و پیلان وا بەدناومان دەکەی؟ زەکی‌خان هاتە جواب و گوتی: من خوڵقاوی خوێنم و چێژ و خۆشیی من لە خوێن ڕشتنە. تۆ کە واتدەزانی بۆچ منت دەست‌نیشان کرد؟ خاوەن‌شکۆ لە وڵام‌دا فەرمووی: ئاخر من بە سەهوو چووم و فریوی ئەم هەمووە نوێژ و تاعەتەی تۆم خوارد!!

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری مەهاباد

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *