خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / پاڵەوانی هەزارڕوو دیوی دووەمی دەروونناسی

پاڵەوانی هەزارڕوو دیوی دووەمی دەروونناسی

پاڵەوانی هەزارڕوو دیوی دووەمی دەروونناسی

خوێندنەوەی عەباس حەسەن

ئەم کتێبە سەرەڕای دەوڵەمەندی سەرچاوەکانی گوزارش لە باسێکی ناوازەی دنیای ئەفسانە و هەورازوو نشێوی گەشتی خەیاڵ و خەون و بابەتە دەروونییەکان دەکات، هەرچەند جۆزیف کامبڵ وەک نووسەر و یەکێکە لە کۆڵەکەکانی بواری ئەفسانەناسی دەستڕەنگینی هیچی کەمترنییە لە ناوە دیارەکانی ئەفسانەناسی وەک جیمس فریزەر و ئۆتۆ ڕانک و میرچا ئیلیادە، سەرباری ئەو هەمووەش ناوێکە لە نێو هەموو ناوە دیارەکانی دنیای میتۆلۆژیدا ناوازە و دیارە. ئەوەی جۆزیف کامبڵی لە زۆربەی توێژەرانی تر جیادەکردەوە، بڕوابوونێتی بە زیندوویی ونەمری ئەفسانە و نوێبوونەوەی بەپێی کات و سەردەمە جیاوازەکان، لە سۆنگەی بڕوای ئەوەوە، ئەفسانە هەموو سەردەمێک زیندوو دەبێتەوە، خوێنی نوێ بە دەمارەکانیدا دەگوزەرێ،  چونکە بڕوای وابوو هەتا سەرکێشی هەبێت، ئەفسانە هەیە، هەروەها دەیگووت هەموو دەقە ئەفسانەییەکان خوێندنەوەن بۆ ژیانی مرۆڤایەتی. ئەو بڕوای بە میتافۆربوونی ئەفسانە هەبوو، ئەوەی هەزاران ساڵ پێش ئێستە ڕوویداوە، گەڕانەوەیەکی زیندووانەیە بۆ مانا شارەکانی ئەو بەسەرهاتە، نەک خودی بەسەرهاتەکان، بۆ میتافۆر و سیمبول و نیشانەکانی. ئەوەی هەزاران ساڵ پێش ئێستە ڕوویداوە دەکرێ لێرەشدا بە رەمزیەتێکی نوێ ڕوو بداتەوە. گەشتی کامبڵ خۆی گەشتێکی ئەفسانەیییە بەدوای ماناکانی ژیان و میتافۆرەکانی، بەخشینی ژیانێکی نوێیە بە ئەفسانە، بە هێشتنەوەی بە زیندوویی، بە گونجاندنی لەگەڵ سەردەم، هەر بۆیەش سینەماناسان بە گرنگ و جیدییەوە دەیانڕوانییە کتێبی پاڵەوانی هەزارڕوو، تەنانەت کاریگەری ئەم کتێبە وای لە نووسەر و سیناریست و سینەماناس کریستۆفەر فۆگلەر کردووە بە پشتیوانی پاڵەوانی هەزارڕوو، کتێبی ( گەشتی نووسەر) بنووسێت، کە ئەمیش کتێبێکە بۆ سیناریست و سینەماناسان لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پاڵەوان و شێوەکانی دروستکردنی پاڵەوانی چیرۆکە سینەماییەکان.

کتێبی پاڵەوانی هەزارڕوو هەڵدانەوەی رووە رۆشنەکانی پاڵەوانە، گەشتی پاڵەوانە بۆ ئەودیوی خەیاڵ، کێشانی بازنەی دەستپێکردن و کۆتایی، ئەو بازنەیەکی کامبڵ بە سێ قۆناغی سەرەکی دەستنیشانی دەکات (دەرچوون و تێپەڕبوون بە تەگەرەکان، کەوتنە نێو ئەزموونێکی سەخت لە نێوان ژیان و مەرگ، پاشان گەڕانەوە، گەڕانەوەیەک بە مەشخەڵ و  سەرکەوتوویی). لای کامبڵ گەشتی ئەفسانەیی موزیک ئاسا بەرزبوونەوە و نزمبوونەی تێدایە، سەرکەوتن بۆ ئاسمان و دابەزین بۆ قوڵایی زەوی، هارمۆنی ژیان لە هارمۆنیایی ئەفسانەوە سەرچاوە دەگرێ، جۆزیف هەر لەسەرەتای ئەم کتێبەوە دەڵێ (لە هەموو ئانووسات و لە سایەی هەموو بارودۆخێکدا، بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەفسانە مرۆییەکان سەریان هەڵداوە، هەروەها وروژێنەرێک بوون بۆ هەموو ئەو چالاکییە جەستەیی و ڕۆحیانەی کە مرۆڤ ئەنجامی داون، زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین ئەفسانە ئەو دەرگا نهێنییەیە وزەی جیهانی لێوە دەردەپەڕێ. ئەو وزەیەی کۆتایی نایە و دەڕژێتە نێو دەریای کولتووری مرۆڤایەتییەوە)[۱].

جۆزیف کامبڵ لەم کتێبەدا کە لەژێر کاریگەری دەروونناسی بەناوبانگ یۆنگ کاردەکات، بەڵام هەندێ کاریگەری فرۆیدیشی پێوەیە، ئەو لێرەدا هەوڵ دەدات سنوورە دیارەکانی نێوان ئەفسانە و دەروونناسی دەستنیشان بکات، هەر بۆیە دەڵێ گەشتی پاڵەوان کە ڕوودەدات یان بەڕێکەوتە یان خۆبەخۆیی، یان تامەزرۆییە بۆ باوەشی دایک یان بێبەشبوونە، ترسە لە دابڕان و لەدەستدان. بۆیە زۆرجار دەرچوونەکان ڕێکەوتی لە پشتەوەیە، بانگەشەیەکی دەرەکی یان ناوەکی وا لە پاڵەوان دەکات دەرچێ و بەرەو مەنزڵگەیەک بڕوات بۆ بەجێهێنانی ئەرکێ، هەندێ جار ئەو بانگەشەیە لە خەو یان لە لایەن هێزێکی میتافیزیقی یان خواییی یان کۆمەڵگاوە دەبێت.

سەرتاپای کتێبی پاڵەوانی هەزارڕوو گەڕانە بەدوای وەڵامی پرسیارێکی شاراوە، ئایا شتێک هەیە لە پشتەوەی گەڕانی پاڵەواندا بێت؟!، بەڵێ ڕزگارکردنە، پاڵەوان ڕزگارکەرە و یارمەتیدەری کۆمەڵگایە، گرنگ نییە کێیە نێرە یان مێیە، زۆربەی پاڵەوانانی کامبڵ مرۆڤن، کەچی پاڵەوانانی نووسەرانی وەک ئۆتۆ ڕانک یان ریگلان دەکرێ خوا بێت یان جانەوەر یان مرۆڤ، کامبڵ بڕوای بە یەک پاڵەوان هەیە و فرە پاڵەوانی رەت دەکاتەوە، چون بڕوای وایە هەموو سەردەم و مێژووەکان هەموویان یەک کەسن و زەمەن و سەردەم و ئەرکەکانیان دەگۆڕێ،  پاڵەوان لە گەشتێکی بەردەوامە، ئاماژەی گەشت کرۆکی هەموو باسەکانی جۆزیف کامبڵە، ئەو بڕوای وایە ژیان سەرتاپا گەشتێکی بەردەوامە مرۆڤ لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر دەبات، لە ئاستێکەوە بۆ ئاستێکی تر، لەدایکبوون، کۆرپەیی، هەرزەکاری، گەورەبوون و پیری و مەرگ ، لە دووبارە بوونەوەی ئەم بازنەیەدا ژیان دەچێتە خەیاڵەوە، ئەگەر لە واقیع بازنە کۆتایی بێت، ئەوە لە خەیاڵدا بازنە بەردەوامیە،  هەر بۆیە ڕۆحی ئەفسانە ڕاناوەستێ. مرۆڤ لە ژیانیشدا هەموو ئەو بازنانە تەی دەکات، دەست پێدەکات، دەردەپەڕێ و ململانێ دەکات ، تووشی گرفت دەبێ، بەسەریاندا زاڵ دەبێ و دووبارە بە سەرکەوتوویی دەگەڕێتەوە. جۆزیف کامبڵ هەموو ئەمانە وەک گەشتێکی بەردەوام دەبینێت، بۆیە بڕوای وایە مرۆڤ لە هەموو ساتەکانی ژیان لە خەیاڵ و خەون و واقیعدا ئەو رووخسارەیە ئەم گەردشە تەواو دەکات، کاتێ پاڵەوان دەبێتە هەزارڕوو، واتە هەر دیاردەیەکی ژیان پاڵەوانی خۆی هەیە، بەڵام لە دووبارەی زەمەن و شوێنن نەک ناووئەرک و فۆرمەکەیان.

دەرپەڕین… کە یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی پاڵەوان دەرچوون و ڕۆیشتن بەرەو ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکانی ژیانە، واتە ئەوەی کە کۆمەڵگا خستوویەتییە سەرشانی کە دەبێ جێبەجێی بکات و ئەنجامی بدات، بۆ نموونە بودا، مەسیح ، پێغەمبەر، کاوە، بە بەهانەی هەمەچەشن دەست دەکەن بە ئەنجامدانی پڕۆژەیەک خۆی لە بەجێهێنانی ئەرکێک دەبینێ یان رزگارکردنە، یان گەیاندنی پەیامێکە، یان هەڵدانەوەی پەردەیە لەسەر تاریکییەکان، زۆربەی ئەم پاڵەوانانە لە کەشوهەوایەکی تایبەت و لە دایک و باوکێکی ناوازە دێنە دنیاوە، هەمیشە ناتەواوییەک هەیە، لە خۆیەوە ڕوونادات، پاڵەوانان خەون دەبینن، یان ڕووداوێ وا لە پاڵەوان دەکات دەست بکات بە ئەکشنێک… بۆیە هەریەک لەم دەستپێکردنە لە پشتەوەی ڕووداوێ هەیە، هەمیشە لەم کردارەدا ڕێگرێ یان دێوێ، یان دڕندەیەک هەیە دەبێ بەسەریدا زاڵ بێ، هەستی دەردناکی یەکەمین جیابوونە لە کۆمەڵگا ( فرۆید دەڵێ هەستی یەکەمین جودایی لە باوەشی دایک)، پاڵەوانان زۆربەیان بە دەست کۆمەڵێ قەیران و بەدبەختی دەناڵێن، بۆیە چەند ئەزموونێکی سەرەکی هەیە زۆربەی پاڵەوانان پێیدا تێدەپەڕن: ئەزموونی دەسەلات، سامان، شەهوەت…هەر پاڵەوانێ کە دەردەچێ و پەیامێک دەخاتە سەرشانی بەم سێ ئەزموونەدا تێدەپەڕێ، زۆربەیان دەکەونە بەردەم تەماح و سەرنجی سامان و شەهوەت و دەسەڵات.. بەڵام پاڵەوانی بەهێز هەموو ئەمانە وەلاوە دەنێ، ئەوەی جێگەی سەرنجە کامبڵ لە روانگەی فرۆیدەوە ئەم باسەی وروژاندووە، دەڵێ پاڵەوان وەک منداڵ وایە پێی خۆش نییە باوەشی دایک بە جێبهێڵێت، پاش ئەمە سەروەری و گەیشتن بە گەورەیی ساتێکە تێیدا پاڵەوان دەبێ زنجیرەیەک ئەزموون ئەنجام بدات، ئەم قۆناغە بریتییە لە سەرنجڕاکێشترین قۆناغەکانی جەربەزەیی ئەفسانەیی، ئەم قۆناغە بووەتە هۆی لە دایکبوونی دنیای ئەدەب و ئەزموون و کارەساتە پەرجوودارەکان، هەمان ئەو یارمەتیدەرە غەیبیانە پێش هاتنیان بۆ ئەم شوێنە، چاویان بە پاڵەوان کەوتووە و یارمەتیی غەیبیان داوە و ئامۆژگارییان پێشکەش کردووە. ئێستەش هەر یارمەتی دەدەن، بەڵام بە ئامۆژگاریی سیحرئامێز و کارکەرانی نهێنی. ئەگەری ئەوەش هەیە لێرەدا بۆ یەکەمین جار پاڵەوان تێبگات کەوا لە هەموو شوێنی هێزێک هەیە یارمەتی دەدات تا ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکات کە لە سەرووی توانای مرۆڤەوەن. یەکێ لە ناسراوترین نموونەکانی ئەمە چیرۆکی گەڕانی سایکی Psyche بەدوای خۆشەویستی لە دەستچووی کیوپیدە Cupid.

جۆزیف کامبڵ

دواین ئاستی پاڵەوان گەڕانەوەیە، کامبڵ دەڵێ (کاتێ ئیتر پاڵەوان هەموو ئەو ئەرکانەی لێی داوا کرابوو جێبەجێی کرد و چووە نێو سەرچاوەوە، ئەو یارمەتییەشی بەدەستهێنا کە کەسایەتییە نێرینە و مێینە و مرۆیی و ئاژەڵییەکان داوایان لێ کردبوو، ئەوەی لە بەردەمی دەمێنێتەوە گەڕانەوەیە، دەبێ لەگەڵ ئەو سیمبولەی کە ژیان دەگۆڕێت ڕێگەی گەڕانەوە بگرێتە بەر) وایە ئەرکی پاڵەوان ئەو کاتە کۆتایی دێت کە بتوانی میللەت، مرۆڤ، شازادە، وڵات لە دەستی مێردەزمەکان، دوژمنان، دێوەکان، دڕندەکان، خەونی هەمیشەیی ڕزگار بکات، ئەمە وا دەکات پاڵەوان شتێکی پێ بێت کە ژیان نوێ بکاتەوە، گۆی زەوی و وشکایی و نەبوونی نەهێڵێت. بەڵام هەندێ جاریش ڕوودەدات پاڵەوان لەو کارەی کە دەیکات لاملی بکات. بۆ نموونە بوداش پاش ئەوەی سەرکەوت، کەوتە گومانەوە ئایا ئەم پەیامە شایانی ئەوەیە بەسەر کەسانی تردا بڵاوبکرێتەوە..

پاش وردەبوونەوەیەکی دوورودرێژ لەسەر باسە قوڵەکانی پاڵەوان و ئەرک و گەڕانەوەی، لقی دووەمی کتێبەکە تەرخانە بۆ باسکردنی بازنەی پەیدابوونی گەردوون، لێرەش باسوخواسێکی دوورودرێژ هەیە لەسەر شێوەی وردەبوونەوە لە ناوەڕۆکەکانی گەردوون و دروستبوون و بە مێربوون و نێربوون و دووڕەگەزی ژیان و دیاردەکان، کە پەیوەندییەکی قوڵیان بە خەون و دەروون و دژەکانەوە هەیە، جۆزیف کامبڵ وانەیەکی بەرفراوانمان پێشکەش دەکات لەسەر ئەرک و بوون و دەرکەوتنی پاڵەوان و هەموو دیاردەکانی سروشت و گەردوون و ئاین. ئەفسانە تەنیا بیانوویەکە بۆ چوونە نێو گرفتە دەروونییەکانی مرۆڤ لەگەڵ بوون و ژیانی خۆی و هەڵکشان بەرەو لوتکەکانی دروستبوون.

سەڵاح حەسەن پاڵەوان

دواجار دەستخۆشی لە نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا کاک سەڵاح حەسەن پاڵەوان دەکەم بۆ ئەو هەموو ماندووبوونە لە وەرگێڕانی کتێبێکی ئاوەها سەخت و زاراوەساز و تژی بە مانا گرنگەکانی ئەفسانە و ئاین و دەروونناسی،زۆر وردبینانە مامەڵەی لەگەڵ زاراوەکاندا کردووە.

_____________

سەرچاوە:

پاڵەوانی هەزارڕوو، جۆزیف کامبڵ، وەرگێرانی: سەڵاح حەسەن پاڵەوان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ٢٠٢٠

[۱] – جۆزیف کامبڵ، پاڵەوانی هەزارڕوو، وەرگێڕانی: سەڵاح حەسەن پاڵەوان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠٢٠، لا٢٠-٢١

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

حیکایەتی چلشەوەی قەلەندەران

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *