خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ریچارد براتیگان وەکو سازێکی نەساز

ریچارد براتیگان وەکو سازێکی نەساز

ریچارد براتیگان وەکو سازێکی نەساز

ریچارد براتیگان لە ساڵی ١٩٣٥ لە تاکۆمای واشینگتۆن لە بنەماڵەیەکی کرێکاردا هاتە دنیا و لە ناو هەژاری و نەداری­د­ا گەورە بوو. لە ٢٠ ساڵان براتیگان ماڵ بە جێ ئەهێڵێ و بۆ سان فرانسیسکۆ ئەڕوا. هەر لەوێ لە دەیەی ٦٠ی زایینی بەرهەمەکانی بڵاو ئەکاتەوە و ناوبانگ دەرئەکات.

لە ساڵی ٦١ و لە میانەی سەفەرێک­دا لە گەڵ ژنی یەکەم و کچەکەی، یەکێ لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی ئەنووسێ. براتیگان بە نووسینی رۆمانی “راوی خاتوونەک لە ئامریکا” گەیشتە لوتکەی سەرکەوتن و لە لای زۆرێک لە رەخنەگران، ئەو کتێبە بە باشترین بەرهەمی براتیگان تێتە حەسباندن کە کاتی بڵاوبوونەوەی، لە ساڵی ۶۷، زیاتر لە دوو ملوێن بەرگی لێ فرۆشرا.

براتیگان لە ژینگەی دژەکولتوری دەیەی ٦٠ هەناسەی کێشا و لەو سەردەمەدا بەرهەمەکانی نووسی. بە گشتی براتیگان وەک پردێک سەیر ئەکرێ لە مابەین بزاڤی بیت لە پەنجاکان و شۆڕشی گەنجان لە دەیەی شەست­دا. رواڵەت و رەوشتی بەڵاجەوی براتیگان وای کرد کە لە لایەن هەندێ کەسەوە وەکو “نووسەری هیپی” بناسرێ، بەڵام بۆ نووسەرێ که‌ وا بەرهەمەکانی تژییە لە ماخولیا و سەرنج­دان بە مەرگ و گۆڕان، ئەو ناوە نەشیاوە.

براتیگان بە گاڵتەوه جارێ وتبووی: “بە نووسینی شێعر دەستم پێ کرد، بەو هیوایەی فێر بم چۆن رستەیەک بنووسم. چونکە بە راستی گەرەکم بوو رۆمان بنووسم… شێعر دڵدارم بوو، بەڵام هیچ کات نەبووە هاوسەرم.” دواتر هەوڵەکانی لە سەر نووسینی پەخشان چڕ کردەوە و پاش ماوەیەک دووری “کەم کەم سەر لە نوو لە گەڵ شێعر ئەچووینە دەرەوە، بەڵام ئەم جارە ئەمزانی چۆن رستەیەک بنووسم و هەموو شتێ جیاواز بوو. ئیتر شێعر بوو بە هاوژینم”.

شێعرەکانی براتیگان زۆر جار کورت، پڕنوکتە، دوور لە شێوازی نەریتی شێعر و بەعزە جارێکیش مناڵانەیە. شێعرەکانی زۆرتر لە پەخشان ئەچن و پەخشانی براتیگان لە رۆمانەکانی­دا لە شێعر نزیک ئەبێتەوە. هەندێ جار خەیاڵ لە شێعرەکانی براتیگان­دا سەرسوڕهێنەرە و خوێنەر لە وێنە و مێتافۆری براتیگان ماقی ئەپەڕێ.

دەنگی شاعێرانەی براتیگان ساکار و راستەوخۆیە. بەو هۆیە، دەس پێ­گەیشتن بە بۆچوونەکانی براتیگان ئاسانە. یەکەمین کۆمەڵە شێعری گرینگی براتیگان (حەبی بەرگیری و کارەساتی کانگای سپرینگهیڵ) لە ساڵی ١٩٦٨ بڵاو بۆوە. پاش ئەو کۆمەڵە شێعرە و بە درێژایی یەک دەیە، بازاڕی شێعرەکانی براتیگان گەرم بوو. لێ دواتر شێعرەکانی براتیگان لە خەیاڵ و ئیلهام خاڵی بوون و نەیانتوانی سەرنجی خوێنەری ئامریکایی رابکێشن. هەر بۆیە لە کۆتایی دەیەی ٧٠ ناوبانگی ئەو نووسەرە رووی لە کزبوون کرد و مامۆستا هێمن وتەنی، براتیگان بوو بە “سازی ناسازی هەڵپەسێراو”.

ناسەرکەوتوویی بەرهەمەکانی بووە هۆکارێ تا براتیگان لەو چەن ساڵەی دوایی ژیانی­دا بە وتەی دۆستەکانی رۆژ لە دوای رۆژ خۆی تەریک­تر بخاتەوە و خەمۆک­تر بێ. تا ئەوەی باقڵ براتیگان لە سێپتامبری ١٩٨٤، لە تەمەنی ٤٩ ساڵان، دوور لە چاوی خزم و ئاشنا خۆی کوشت و تەرمەکەی چەن حەفتە دواتر واتە لە ٢٥ی ئۆکتۆبر دۆزرایەوە. براتیگان جارێ نووسیبووی: “هەر کەس لە مێژوودا جێگەیەکی هەیە، جێگەی من لە ناو هەورەکانە.”

به گشتی براتیگان ١٠ کۆمەڵە شێعری بڵاو کردووەتەوە. لە ناو ئەو کۆمەڵە شێعرانە، شێعری هاوبەشیش ئەبینرێت و جاری وا بووە شێعرێک لە چەن جێگەدا هاتووە. بڕێ لە شێعرەکانی براتیگان له‌و کۆمەڵە شێعرانەدا چاپ نەکراوە و بە ناوی “شێعرە کۆنەکراوەکان” ئەناسرێن. بۆ وەرگێڕاندنی ئەم هەڵبژاردەیە لەو دە کۆمەڵە شێعرە و ئەوانەی کۆنەکراویش کەڵک وەرگیراوە. سەرچاوەی سەرەکی بۆ ئەم وەرگێڕانە، دەقی ئێنگڵیسی شێعرەکانی براتیگان بووە کە لە سەر ماڵپەڕی “American Dust[1]” دەست ئەکەوێ.

 

لووتم خەریکە پیر ئەبێ

بەڵێ.

مەیزەیەکی دێرخێز و درێژ لە مانگی سێپتامبر

لە ناو ئاوێنەدا

ئەڵێ ئەوە راستە.

من ٣١ ساڵمە و

لووتم خەریکە پیر

ئەبێ.

لە نزیک

یەک ئینچ

خوارەوەی پردی لووتم

دەس پێ ئەکات و پیرانە

تا ئینچێ­تر کەم و زیاد

بەرەو خوار ئەچێت و

ئەوێستێ.

شوکر باقی لووتم

بە بەراورد

جوانە.

ئاخۆ کەنیشکەکان

پەسەنم ئەکەن

بە لووتێکی پیرەوە.

ئیسە ئەیانژنەوم

ئەو سەڵیتە دڵرەقانە!

“جوان­خاسە

بەڵام پیرە

لووتی.”

________________________

[۱] – www.brautigan .net

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *