خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕۆمانی «شوانی کورد» چاپ و بڵاوکرایەوە

ڕۆمانی «شوانی کورد» چاپ و بڵاوکرایەوە

ڕۆمانی «شوانی کورد» چاپ و بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «شوانی کورد»، عەرەبێ شەمۆ، پێشەکی و وەرگێڕان بۆ کوردیی ناوەڕاست د. محەممەد خزری ئەقدەم، چاپەمەنی خانی، سەقز ۱۴۰۰.

ماکسیم گورکی: «گەلی کورد بە زمانی نووسەری خۆی، واتە عەرەبێ شەمۆ دێتەدوو».

سەدەی بیستەم، سەدەی بەرەوڕووبوونەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەک لەوان کوردە لەگەڵ چەمک و دیاردەگەلی جیهانی مۆدێرن؛ لەو سەدەیەدایە کە هاوتەریب لەگەڵ ئاڵوگۆڕی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی، ڕەهەندەکانی تری ژیان و یەک لەوان وێژە و ئەدەبییات تووشی گۆڕان ئەبن بە جۆرێک کە هەندێ ژانر کاڵ ئەبنەوە و هەندێ تریش پەرە ئەستێنن.

شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی هەرکام لەم نەتەوانە لەگەڵ ئەم جیهانە تازەیە لە بەراورد لەگەڵ ئەوی تردا جیاواز بووە. هەندێ لەم گەلانە ڕاستەخۆ و بەشێ تریشیان ناڕاستەوخۆ هاتوونەتە ناو ئەم مەیدانەوە.

هەڵکەوتی جوگرافیاییی کورد بە جۆرێک بووە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆی نەگونجاوە تێکەڵاوی فەرهەنگ و میراتی ئەورووپی و دنیای نوێباو بێ. لێرەدایە کە بنەماڵە میران و بژاردەکانی ئەم گەلە کە لە دوو ناوەندی گرنگی ئەوسا، واتە ئیرەوان و ئەستەمبووڵ بوون، دەورێکی بەرچاویان گێڕاوە بۆ ئەم ئاشنایی و تێکەڵاوی و گواستنەوە فەرهەنگییە؛ بەم هۆیە ئەبینین یەکەم کارەکان لەلایەن ڕۆشنبیرانی کوردی نیشتەجێی ئەم دوو ناوەندەوە سەرهەڵئەدات، ئیتر هەر لە یەکەم کورتەچیرۆکی کوردییەوە بگرە کە لە ۱۹۱۳ و لە گۆڤاری “ڕۆژی کورد”ی ئەستەمبووڵ, لەلایەن “فوئاد تەمۆ”وە بڵاو کراوەتەوە، تا ئەگاتە یەکەم ڕۆمان کە لە ۱۹۳۵ لە ئیرەوان و بە پێنووسی نووسەر و ڕۆشنبیری کوردی کوردستانی سۆڤێت، عەرەبێ شەمۆ(۱۸۹۷-۱۹۸۷)، یەکەم ڕۆمانی کوردی بە ناوی “شوانی کورد” لە دایک ئەبێت و نووسەر تێیدا وەک کوردێک بەسەرهاتەکانی خۆی و خەڵکەکەی ئەگێڕێتەوە.

بەگشتی، شوانی کورد ڕۆمانێکی مێژووییە کە لەژێر کارتێکەری ستایل و تێمی ئەدەبی گێڕانەوەی ئەوکاتی سۆڤێت نووسراوە و ئەکرێ لە چەندین گۆشەنیگای، نیشتمانی، چینایەتی، مێژوویی، پۆست کۆلۆنیالیسیم, کۆمەڵایەتییەوە سەیر بکرێ.

 جیا لە ناوەرۆکی ئەم کارە، ڕێکەوت و مێژووی لەدایکبوونی ئەم بەرهەمە بووەتە هۆی ئەوەی وا لەلایەن خەڵکانی بیانی و ڕۆژهەڵاتناسەوە گرنگی پێ بدرێت و بۆ سەر چەندین زمان وەربگێردرێت.

ئەگەرچی یەکەم جار و لە سەردەمی کوڕی زانیاریی کورد (۱۹۷۵)، نەمر مامۆستا شوکور مستەفا، بە وەرگێڕانی “دمدم”، دەبێتە پردێک بۆ گواستنەوەی ئەدەبییاتی کوردانی سۆڤێت بۆ ئاخێوەرانی کوردیی ناوەڕاست، مخابن یەکەم بەرهەم و باقی بەرهەمەکانی تری عەرەبێ شەمۆ و قەڵەمبەدەستانی دیکەی ئەو ناوچەیە تۆزی فەرامۆشییان لێ ئەنیشێت.

لە پێناو وەبیرهێنانەوە و گرێدانی خەیاڵی ئاخێوەرانی کوردیی ناوەڕاست لەتەك وێژە و مێژوو و مێراتی کەلتووریی کوردانی سۆڤێت و ئەرمەنستان، لە ساڵی ۱۳۸۹ یەکەم جار ڕۆمانی شوانی کورد لەلایەن د. محەممەد خزری ئەقدەم بە بە زمانێکی ڕەسەن و پاراو و بە کەڵکوەرتن لە هەر سێک مێتۆدی وەرگێڕان، واتە دەقاودەق، مەیلەوئازد و تەواو ئازاد داڕێژرایەوە سەر کوردیی ناوەڕاست و پێشەکیی لەسەر نووسراوە.

 ئێستاکە چاپیێکی تری ئەم بەرهەمە بە داڕشتی کوردیی ناوەڕاست(سۆرانی)، بە پێداچوونەوەیەکی تازەوە لەلایەن چاپەمەنیی” خانی” بڵاو کراوەتەوە.

شیاوی باسە,ئەم کارە هەتا ئێستا دوو جار هاتووەتە سەر پیتی کوردی-عەرەبی، کە جاری یەکەم لە ۱۹۸۹ و بە سەرپەرشتیی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس، لەلایەن د. موحسین ئەحمەد عومەر و جاری دوویەمیش لە ۲۰۱۷ لەلایەن زنارێ مەلێ وە ئەم کارە کراوە.

عەرەبێ شەمۆ

پێویستە بگوترێ جیالە شوانی کورد، شەمۆ خاوەنی چەندین ڕۆمانی ترە وەکوو بەربانگ، ژیانا بەختەوەر،. وێڕای ئەوانە، عەرەبێ شەمۆ قەڵمی لە شانۆنامەنووسیشدا گەڕاندووە و شانۆی” کوردێن ئەرمەنستانێ”ی پێ بەرهەم هێناوە. جیالەوە, ناوبراو نووسەری یەکەمین کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بووە بە ناوی”خۆبەخۆ هینبوونا زمانێ کوردی”، کە ئەم کارەیشی لە ساڵی ۱۹۲۸ بە هاوکاریی زمانناسی ئاسووری “ئیسحاق مارگۆلۆڤ” بڵاو کردووەتەوە بۆ تێپەڕین لە پیتی ئەرمەنی لەناو کوردانی مەڵبەندی ئەرمەنستانا. هاوکات لەگەڵ قەناتێ کۆردۆ ڕۆحێکی نوێی بەبەر بواری کوردناسی لە وڵاتانی یەکیەتیی سۆڤێتدا کردووە و یەکێ بووە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ڕۆژنامەی “ڕێیاتازە”.

لە بەشێکی ڕۆمانەکە هاتووە: “…له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی ته‌به‌قی زێڕینی ڕۆژ له‌ ژووران و کۆساڵان، ده‌شت و نواڵان زێڕوه‌شان ده‌بوون و گیای به‌یارانیش چه‌شنی هه‌ودای هاوریشم مۆنج‌‌مۆنج ده‌دره‌وشانه‌وه‌. کۆده‌ و به‌یار وه‌ک نووته‌که‌شه‌وانی زستان ترسێنه‌ر بوون و که‌ده‌ر به‌ سه‌ریاندا ده‌باری؛ ئه‌وان پڕ بوون له‌ ئێسک‌وپرووسک و باڵ‌‌وناڵی گیانله‌به‌ران، به‌ جۆرێک که‌ ڕێبواری ڕێ هه‌ستی ده‌کرد به‌ شه‌ڕگه‌دا تێده‌په‌ڕێ. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سه‌رێنی ده‌سه‌ڵاتداریی تاشناکاندا، ئه‌و شوێنانه‌ ببوونه‌ حه‌شارگه‌ی ئه‌شقیا و ئازادیخوازانی کورد و ئه‌رمه‌ن”.

 ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *