خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «تەفسیری سووڕەی یاسین» بڵاوکرایەوە

کتێبی «تەفسیری سووڕەی یاسین» بڵاوکرایەوە

کتێبی «تەفسیری سووڕەی یاسین» بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «تەفسیری سووڕەی یاسین»، عەللامە مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان، چاپەمەنی کوردستان، سنە ۱۴۰۰.

عەللامە مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان

  ئەم کتێبە وەک لە سەرەتا و کۆتاییەکەی دەردەکەوێ، ساڵی ۱۳۶۴ی هەتاوی نووسراوە و بەرهەمی هەشت مانگ کار و زەحمەت و حەول و تەقالای نووسەرە.

 هەوەڵ بەرهەمی تەفسیری: ئەو کتێبە هەوەڵ‌بەرهەمی مامۆستا ئەحمەدیان لە بواری تەفسیری قورئانی پیرۆز دایە (و دواتریش مامۆستا تەفسیری سووڕەی فاتیحای ساڵی ۱۳۷۳ نووسیوە کە هەر ئەو ساڵە چاپ بووە و دوای ئەوەش سووڕەی بەقەڕەی تەفسیر کردووە).

زمانی نووسینی ئەو بەرهەمە: مامۆستا ئەو تەفسیرەی (وەک هەموو بەرهەمە تەفسیرییەکانی دیکەی)، بە زمانی کوردی نووسیوە.

باسە سەرەتاییەکان: نووسەر لە پێشەکییەکی تێروتەسەل (لە ۴۰ لاپەڕەدا)، هۆی نووسینی ئەو تەفسیرە و هەروەها ئەوە کە چیی هاندەری بووە بۆ نووسینی و هەروەها چەند بابەت لە پەیوەندی لەگەڵ تەفسیری قورئانی پیرۆز وەک ئامانجەکان لە تەفسیری قورئان و هەروەها باس‌کردن لە ئیعجازی قورئان (ئیعجازی عیلمی، ئیعجازی ڕیازی و عەدەدی، ئیعجازی سروشتی)، هەروەها چییەتی و چلۆنایەتیی ڕووکاری دەرەوە و ڕووکاری ژوورەوەی ئایەتەکانی «سووڕەی یاسین»ی هێناوتە بەر باس.

 ئاستی ئاگاداریی نووسەر سەبارەت بە تەفسیرەکانی پێشتر: نووسەر بۆ نووسینی ئەو تەفسیرە، کەڵکی لە گشت تەفسیرە گرینگ و بەناوبانگەکان (ی کۆن و هاوچەرخ) وەرگرتووە و لە زۆرێک لە بابەتە لێڵ و گرێدارەکان‌دا، بەوردی سرنجی داوەتە ڕای زانایانی هەرەگەورەی بواری تەفسیر و ئەوەش دیارە شارەزایی و زاڵ‌بوونی نووسەر بەسەر تەفسیرەکان و ڕای زانایانی هەرەگەورەی بواری تەفسیر ـ لە بابەتە جیاجیاکان ـ دا دەردەخا. دیارە یەکەمین تایبەتمەندی بۆ تەفسیری گونجاو و بەجێ، ئاگاداریی ورد و بەربڵاو لە سەر ڕای پێشینیانی بواری تەفسیرە و نووسەری تەفسیری بەرباس، وەک ئاشکرایە لەو بوارەدا بەتەواوی خاوەن ئەو تایبەنمەندییە هەیە. ئەو تەفسیرانەی لەو کتێبەدا کەڵکیان لێ‌وەرگیراوە، بریتین لە: تفسیر بیضاوی، تفسیر کبیر، تفسر کشاف، تفسیر ابن کثیر، تفسیر ابوالفتوح رازی، تفسیر طبری؛ لە تەفسیرە هاوچەرخەکانیش: تفسیر المنار، تفسیر المراغی، روح البیان و تفسیر فی الظلال.

 شێوازی گشتیی ئەو تەفسیرە: دەکرێ ئەو تەفسیرە بە «تەفسیری پێکهاتەخوازانە» ناوببەین؛ نووسەر ئەو سووڕەتەی دابەش‌کردووە بە سەر پێنج بەش‌دا و لە پێنج بەشیش‌دا ئەو سووڕەتەی تەفسیرکردووە. هەر کام لە بەشەکانیش، لەخۆگری کۆیەک ئایەتن و کۆی ئایەتەکانی هەر کام لە بەشەکانیش، باس لە دوو بابەتی هابەش واتا «پێغەمبەرایەتی» و «ڕۆژی دوایی» دەکەن. ئەو لایەنەی ئەو تەفسیرە، زۆر دەکرێ جێی باس بێت. دیارە باس‌کردن لەو بابەتە و بەگشتی باس‌کردن لە سەر ئەو بەرهەمە، بەوردی و بە شێوەی بەربڵاو، پێویستی بە پسپۆڕیی لە بواری تەفسیر دایە. لە هەر کام لە پێنج بەشەی ئەو تەفسیرەدا، ڕەوتی تەفسیرکردنی ئایەتەکانی هەر کام لە بەشەکان هاوبەشە: سەرەتا «مانای ساکاری ئایەتەکان»ی تایبەت بە بەشەکان بەدەستەوەدراوە، دواتر «مانای تێکڕای ئایەتەکان»ی هەر کام لە بەشەکان باس‌کراون و دواتر چەندێک وشە و مەبەستی پێویست شی‌کراوەتەوە و دواتریش باسەکانی تایبەت بەو وشە و مەبەستانە بەتێروتەسەلی هاتووەتە بەر باس.

ڕای پێشینیان و ڕای نووسەر: نووسەر حەولی نەداوە سەبارەت بە هەموو بابەتەکان «ڕای تایبەتیی خۆی» بخاتەڕوو؛ بەڵکوو لەو شوێنانە کە لای وابووە پێشتر ئایتێک یان بابەتێک لە پەیوەندی لەگەڵ ئایەتێک «بەدروستی» تەفسیرنەکراوە، وێڕای قووڵ‌بوونەوە لە بابەتەکە و گێڕانەوەی ڕای زانایانی پێشووی بواری تەفسیر، لە سەر بناغەی سەرچاوەکانی ئایینی ئیسلام و وێڕای ژیرایەتی و دیارە حەول و تەقالای زەینیی زۆر نەک لە ماوەی نووسین بەڵکوو لە ماوەیەکی کاتیی زۆر پێشتر و بەبەردەوامی، گرێکانی کردووەتەوە و لێڵاییەکانی ڕوون‌کردووەتەوە و ئەوەش بە سرنج‌دان و وردبوونەوە لەو بەشانەی «ڕای تایبەت» هاتووەتە ئاراوە، هەست دەکرێ و فام‌دەکرێ.

بەرەوڕووبوونەوەی ڕەخنەیی: ئەوە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەو تەفسیرەیە و بەگشتی لە دوو بواردا نووسەر بە شێوەی ڕەخنەگرانە لەگەڵ بابەتەکان بەرەوڕوو بووەتەوە؛ یەکەم، بەرانبەر ڕای نادروستی زانایانی پێشووی بواری تەفسیر. دووهەم، بەرانبەر بیروبڕوا ڕەمەکییەکان و خوڕافاتەکان؛ بۆ وێنە: سەبارەت بە باسە چەوتەکان تایبەت بە جندۆکە و شەیتان و هات‌ونەهات و کاتی دنیا تێک‌چوون و هی دیکە.

لە باری لێکۆڵینەوەییەوە: ئەو کتێبە هەرچەند لە بواری تەفسیردا نووسراوە، بەڵام لە بواری لێکۆڵینەوش‌دا (دیارە لە پەیوەندی لەگەڵ تەفسیری ئەو سووڕەیە و ئایەتەکانی ئەو سووڕەیە)، بەرهەمێکی گەلێک باییدارە. ئەو بەرهەمە هاوچەشنی بەرهەمە لێکۆڵینەوەییەکانی مامۆستا (کە بە زمانی فارسی نووسراون)، لە بواری شێوازی لێکۆڵینەوەدا بەرهەمێکی پڕپیت‌وبەرەکەت و گەلێک بایەخدارە و بەربڵاوی و وردبینی لە لێکۆڵینەوەی بابەتەکان دوو تایبەتمەندیی گشتی لەو بەرهەمەدان. لە سەرلەبەری لاپەڕەکانی ئەو کتێبەدا، بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکان، کەڵک لە سەرچاوەکان وەرگیراوە، ئەویش نەک هەموو چەشنە سەرچاوەیەک، بەڵکوو سەرچاوە سەرەکییەکان و سەرچاوە هەرە گرینگەکان لە بوارە جیاجیاکان‌دا. ئەو لایەنە خۆی دەرخەری سەرچاوەناسیی بەربڵاوی نووسەر لە بوارە جیاجیاکان و هەروەها زانایی سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو سەرچاوانەیە.

 لە باری زمانییەوە: لە باری زمان و داڕشت و دەربڕینەوە، «تەفسیری سووڕەی یاسین» خاوەن زمانێکی کوردیی پەتی و لە هەمان کات‌دا ڕوون و ڕەوان و پاراوە؛ وێڕای ئەوەش، بە هۆی هێنانە بەرباسی بابەتە زانستییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ تەفسیرکردنی ئەو سووڕەیە بەگشتی و تەفسیرکردنی ئایەتەکانی ئەو سووڕەیە بەتایبەتی، ڕادەیەکی زۆر زاراوە و چەمکی زانستی تێدا لەکارکراوە و بەشێکی زۆر لە هاوتای ئەو زاراوە و چەمکانەش وێدەچێ مامۆستا خۆی دایهێنابێ؛ بۆ وێنە: لە دێڕێک لە لاپەڕە ۳۷دا، سێ وشەی «پرزۆڵ»، «تیتۆڵ» و «بنچینەکان» وەک هاوتای «اتم»، «سلول» و «عناصر» لەکارکراون. ئەو تایبەتمەندییە زمانییەی ئەو بەرهەمە، لە کۆی لاپەڕەکانی ئەو بەرهەمەدا، بەرچاوە و دیارە ئەوە خۆی دەتوانێ بابەتێک بۆ لێکۆڵینەوەی بەربڵاو بێت. کۆبوونەوەی هاوکاتی ڕوون‌بێژی و زمانی زانستی و کوردیی پەتی، بەرهەمێکی درەوشاوەی لە باری زمانییەوە لێ‌کەوتووەتەوە.

 ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

“باڵندەکانی دەم با” و فرەگوتاری

یک نظر

  1. چۆن دەکرێ ئەم کتێبە و کتێبەکانی تر بگاتە دەستمان؟

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *