خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / شێعر و ژیان؛ وت‌ووێژ دەگەڵ «مامۆستا شەریف»

شێعر و ژیان؛ وت‌ووێژ دەگەڵ «مامۆستا شەریف»

شێعر و ژیان؛ وت‌ووێژ دەگەڵ «مامۆستا شەریف»

ئامادەکردنی: سوارە فتووحی

دە قولباب دەكەم، زۆری پێ ناچێ، كە دەرگا بچووكەكە دەكرێتەوە و سیمایەكی خوێن شیرین و رەزاسووک و كورتەباڵا و لاواز، كە رانك و چۆغەیەكی سوورگوێزی مەرەزی لە بەر دایە، لە بەرامبەرم رادەوستێ. ڕوو خۆش و بێ‌ریا و لێو بەبزە، خوڵقیكی گەرم و گوڕ و ڕامووسان، ھەر دەڵێی دۆستێكی گیانی گیانین و ساڵگارێكە یەكترمان نەدیوە.

ھەر چەند بزەی لە لێو نە دەبـڕا بەڵام خەمێكی قووڵ و شاراوە دە سیمای‌دا به‌دی دەكرا. زۆر بە پەلە بوو، پێم وابوو شەپۆلی قسە و دەردی دڵ، لە دەروونی دا، ئەوەندە پەنگاوی خواردۆتەوە، بۆیە بە گورج و گۆڵی و دەست و برد، دوو كورسیلەی بچكۆڵانەی پـڕ دایە و ھەر لە نێو حەوشە لە بەر گەرمای خۆرەتاوەكە رۆنیشتین. ھاواری كرد؛ تا چامان بۆ بێنین. پاش ماوەیەكی كورت، مێرمنداڵێكی خوێن شیرین و رەزا سووك بە كەشەفێك چاوە ھاتە لامان و گوتی: ئەوەش ” گۆران”ی كوڕمە.

جگەرەیەكی داگیرساند و ھەنیسكی دا و ئاخێكی ھەڵكێشا. سەرەتای قسەكانمان بە یاد و بیرەوەری شاعیری خوالێ‌خۆش‌بوو كاك مارف و ھونەرمەندانی خۆشەویست، كاك جەعفەری قازی و كاك سەرتیپ دەست‌پێ‌كرا.

مامۆستا فەرمووی: كە لە دەرگا درا، پێم وابوو ئەوە چاوەڕوانیم كۆتایی ھات و “مارف”م لێ وەژوور كەوت و ژومارەكانی پێشووی “سروە” كە داوام لێ‌كردبوو، بۆی ھێناوم. بەڵام كە “سروە”كانم بە دەست تۆوە دی، بـڕوام بە كۆچی مارف ھێنا.

ئاخاوتن، ھەڵس‌وكەوت و بیر و فیكری، ھەمووی ھەر جوان و شیرین و پـڕ لە مانا بوون. خۆ بە كەم گرتن و تەوازوع لە قسەكانی دا دەباری. مرۆڤێك بوو بێ غەل و غەش، بێ شیلە و پیلە و راست و بێ رەمز و گرێ قسەی دەكرد.

گوتم: مامۆستا لە مێژ بوو بە ئاواتەوە بووم بێمە لات و لە خزمەتت‌دا دانیشم، چون بەڕاستی نەك ھەر خۆم، بەڵكوو ئاگام لە سەدان كەس بگرە زۆر زیاتریش ھەیە كە “ملوانكەی شین”یان بۆ بووبێتە ڕەوڕەوە تا زمانی شیرینی كوردی فێر بن و وە داره‌دارە بكەون.

پێم خۆش بوو ئەگەر ئیزن بفەرمووی دانیشتنێك‌مان ھەبێ تا خوێنەرانی گۆڤاری سروە زیاتر له‌گەڵ دونیا و دەروونی شاعیرانەی ئێوە ئاشنا بن.

ھەرچەند جاری ھەوەڵ بە نییەتی ئەوە چووبوومە خزمەتی تا بۆ ماوەیەكی كورت له‌لای بمێنمەوە و قەرار و مەدارێك ببەستین و رۆژی دانیشتن‌مان بۆ وت‌ووێژ دیاری بكەین، بەڵام دەروونی ئەوەندە تەژی و رووباری وشەی ھێندە ڕوون و رەوان بوو، كە تەنانەت بۆ چركەیەكیش ھەستم بە تێپەربوونی كات و زەمان و ماندوویەتی لەش نەكرد. بەڵام تاریكی شەو حوكمی ھەڵبـڕانی بە دەستەوە بوو، بەربینگی پێ گرتین. بە ناچاری تا جارێكی تر ماڵاوایی‌مان كرد.

لە دانیشتنی رۆژی دواترمان‌دا، ھێندێكم پرسیار ئامادە كردبوو، بەڵام ئەو ھەر بەو ھەستە خۆ بە كەم زانین و تەوازوعەوە كە ھەی‌بوو، له‌پێش‌دا پرسیارەكانی بۆ رێكوپێك كردم و مافی پیرۆزی مامۆستایەتی خستە ئەستۆم.

ھەر بەو بۆنەوە پـڕبه‌دڵ سپاسی دەكەم و ھیوادارم رۆحی گەورەی ئەو مەزنە پیاوانە لە ئاسمانی ھەراوی كەلتوور و كەلەپووری نەتەوەكەمان دا ھەر بمێنێ و خودا ئەو كەسایەتیانە بۆ گەلەكەمان بپارێزێ. «سوارە فتووحی»

پ- تكایە لە ژیانی ئاسایی خۆتان بدوێن.

و- بە داخەوە ژیانی ئاساییم نەبووە. جا لە چی بدوێم؟! ناوەكەم عەڕەبی یە و شۆرەتم فارسی‌یە و شێعرەكانم كوردین. نازناویشم وەبەر نەكەوتووە! ژیانێكی واشم نەبووە باسی بكەم.

پ- ئیدی ئەوە نەبوو، كاك سەیید محەممەد شەریف حوسێن پەناھی، بۆ وا بە ناھومێدی باسی ژیان دەكەی؟ بەڕاستی چۆنە نازناوت بۆ خۆت ھەڵنەبژاردووە؟

و- ئەگەرچی لە میراتی ماڵی بابم تەنیا ئەو ناوەم وەبەر كەوتووە و تەنیا یادگارێكە كە لە بابم بۆم ماوەتەوە، كاتێ زانیم نێوەكەم عەڕەبی یە، قەدەرێ لە بیری وەی دا بووم كە نازناوێكی كوردی ھەڵبژێرم، بەڵام خوالێخۆشبوو مامۆستا ھێمن كاتێ پێشەكی بۆ دەرفتەری ملوانكەی شین نووسی، لە بەر ئەوەی بە مێھرەبانی لە چوار جێگا دا ناوی ھێنابووم، ئیدی دڵم نەھات نازناو ھەڵبژێرم.

پ- پێم خۆشە پرسیار نەكەم و ھەر بۆ خۆت قسە بكەی، ئەمن لە خاڵێكی تایبەتی دەگەڕێم كە نەمدیوە و ناشزانم چییە تا بیكەمە پرسیار، كەوابوو وا باشە سرنج بدەمە قسەكانت، بەڵكوو زوو بگەمە ئەو مەبەستە تایبەتی‌یە كە باسم كرد. تەنانەت ئەو بیرەوەرییانەی كە بە بێ‌بایەخیان دەزانی، ئەوانیش ھەر بگێڕەوە. دەمەوێ قسەكانت بە وردی بەراورد بكەم و لێكیان دەمەوە. باشترە باسەكەمان خۆماڵی بێ، زۆریان پرسیوە شێعر چییە و تاریفی چییە؟ چون ئەو پرسیارانە كۆنن و دەكەونە جەغزی دووپات كردنەوە.

و- ھەرچی تاریفی شێعرم خوێندۆتەوە، لە‌‌بەرم كردوون بۆ رۆژی وا! بەڵام بە داخەوە تۆش ھەر راست ئەو پرسیارەت وەلانا.

پ- مەگەر شێعر ھەر ئەوە نییە كە پازدە ساڵە پەڕیوەی كردووی؟ ئەوە نییە دەستی پێ ھەڵگرتووی لە ھەموو خزم و شار و كەس و كارت؟ كەوابوو ئەمەش تاریفی ئەمڕۆیانە بۆ شێعر. پاشان لە جێگای خۆی دا بە وردی باسی شێعر دەكەین. ژیانیش ھەر شێعرە و شێعریش بۆ ژیانە. دەی لە گەڵ دووری لە شاركەت و خزم و كەسانت چۆن رادەبوێری؟ بفەرموو ھەر چۆن بوو سنەت بە جێ ھێشت و مه‌ھابادت بۆ ژیان ھەڵبژارد؟

و- پێم خۆش بوو لە مەكتەبی ھەژار و ھێمن دا زیاتر فێر بم. چون پێم وایە ئەم زاراوەیە یەكێ لە كەرەسەی گرینگی كوردی نووسینە. بەڵام تا دە ساڵان لە سای داری بی دانەنیشتم! ئاھی غەریبیم ھەڵنەكێشا!* و بار و بنەم پێچاوە كە بگەرێمەوە بۆ سنە. زۆر بە نابەدڵی وەڕێ كەوتم. دەتگوت ھێشتا لەو خاكە تێر نەبووم، ھەر بەو بۆنەوە شێعری ماڵاواییم بە ناوی (پردی سوور) نووسی، بەڵام كۆچەكەم چەند ساڵان وە پاش كەوت و ھەتا ئەو ساڵ سەری نەگرت.

پ- دیارە شێعر لای تۆ ئەوەندە بایەخی ھەبووە كە پازدە ساڵان رەنجی دووری بۆ بكێشی. چۆن بوو ھەستت بەوە كرد ئەم كەمایەسی‌یە (واتا زمان) لە كاری ھونەریت دا ھەیە؟ پێت وابوو لە نێو ئەو خەڵكەدا باشتر زمان فێر دەبی؟

و- بە ڕێنوێنی مامۆستا ھێمن ھاتمە ئەم شارە كە چەند ساڵان لێرە بم و فێری ئەو زاراوەیە بم. دوایە كە “سروە” دامەزرا ، مامۆستا چەن نامەیەكی فارسی بە خەتی خۆی بۆ فەرمانداری مەھاباد و ئوستانداری نووسی و رایسپارد كە لە دایرەكەی خۆمەوە بمنێرنە “سروە” بەڵام ئەو ئیزنەیان نەدامێ و نەشمزانی لە بەر چی.

پ- زۆرت پێ ناخۆش بوو كە بەرگری ئەوەیان لێ كردی كە بچی بۆ سروە؟

و- بەڵێ پێم ناخۆش بوو و لە پاشان زانیم كە ئەو بەرگری یە چەندەی زەرەر لێ داوام، ئەڵبەت “سروە” ھەر لە سەرەتاوە زۆر كەسی دڵسۆزی تێدابوون. ئەو ساڵانە كە “مارف” لەوێ بوو، پێم وابوو كە بۆ خۆم لەوێم. ئێجگار بە كار و باری خەڵكەوە ماندوو بوو. زۆری دڵسۆزی بۆ دەكردن. بۆ منیش زۆر دڵسۆز بوو، “مارف” كە مرد، ئەمنیش دیسان مردم. ئاخر داخەكەی كۆچی دوایی مامۆستا ھێمنی تازە كردەوە. خۆتان چاك دەزانن چمان بە سەر ھاتووە، ئەرێ شێعرەكانی “مارف” چاپ ناكەن؟

پ- با جارێ لە خەمی گەورە گەڕێین، شێعریش وەلا نێین و بـڕۆینە سەر باسی ژیانت خۆت. ئەمن پرسیارت لێ دەكەم و دەتبزوێنم بەڵام تۆ وڵامەكانت كورت و كرمانجی‌یە. كاكە گیان؛ باسەكە مەبە بۆ لاڕێ!

و- بەڵێ، بە چاوان. ببوورە! باسی غەریبی و دووربوونمان دەكرد، دەزانی تەنانەت ھەر دارێ لە ئاو و ھەوای تایبەتیی و خاكی خۆی دا نشونەما دەكا؟ میوان كە دەچێ بۆ شارێك و لەوێ دەمێنێتەوە، ئیدی پێی دەگوترێ غەریب. دیارە ھێندێ جیاوازی بەرچاو لە ھەڵس و كەوتو جوڵانەوەكان دا ھەیە، من لەو شارە ھەستم بە غەریبایەتی نەكردووە و دەبێ بڵێم ئێرە بۆ من قوتابخانەی شێعر و زمان بووە و منیش قوتابی‌یەكی تامەزرۆ بووم، نە وەكوو غەریب.

پ- بەڵێ، بە راستی ھەر وایە. بۆیە لە فۆلكلۆری وڵاتانیش دا جێگەی غەریبان ھەر گۆشە و كەنارە و ھەر ئەو جیاوازی‌یە بەرچاوانەیە كە غەریب لە سووچێ دەپەستێوێ. چونكوو ئەو بە ھەوای ڕاھێنان، یانی بە داب و نەریت و فەرھەنگی ناوچەیەكی تر پەروەردە بووە، خانووش نیە كە بیرووخێنی و سەر لە نوێ بە كەیفی خۆت سازی كەیەوە. دیارە فەرق و جیاوازی فەرھەنگی ھەمیشە ھەیە. بەڵام لە ھەندەران و لە دوور وڵات ئەو جیاوازی یە دەگاتە ئەوپەڕی. ئەوەتا مامۆستا ھێمن لە مەڕ غەریبی دەفەرمێ:” یادی یاران و وڵاتم، رۆژ و شەو / لێی حەرام كردم، قەرار و خورد و خەو” جا ھەر تەمی دووری و فیراقی لە خزم و زێد و بیرەوەری‌یەكانە كە دڵی غەریب دەتەنێ، وا نیە؟!

و- بۆ خۆت فەرمووت كە بایەخی زۆرم بە شێعر داوە. دەردی دووریم بە فیدای چاوی شیعر كردووە جا چۆن لە شاری شێعردا ھەست بە غەریبی دەكەم؟ بۆیە ئەگەر دارە خورماكەی گەرمێنیش بم و بـڕێك گەڵام سیس بووبێ، بە شانازی‌یەوە دەڵێم: ویشك نەبووم و ھەر بە فێر بوونی زمان، گەشەم كردووە. یانی لەم شارەدا، لە قوتابخانەی “ھەژار” و “ھێمن”دا خۆم زیندوو راگرتووە. پاش دە ساڵان، وردە وردە ئارەزووی گەڕانەوە بۆ شارەكەم كەوتە دڵم. بەڵام تا تەماكەم رەنگی راستی بە خۆ گرت، پازدە ساڵی خایاند.

پ- دەڵێن شێعری ھەر شاعیرێك پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی‌یەوە ھەیە، جا بۆیە تكام ئەوەیە لە ژیانی خۆت بدوێی یانی ھەر لە سەردەمی منداڵی‌یەوە دەست پێ بكە. ئەمن لەو بابەتانە دەگەڕێم كە رووحی ئێوەی ھاژاندووە و بۆتە ھۆی شاعیری‌تان.

و- بابم ناوی سەیید مەحیەددین بوو. دووكانی عەتاری ھەبوو. ماڵمان لە گەڕەكی ئاغازەمان لە شاری سنە دا بوو. پازدەی گەڵاڕێزانی ۱۳۳۳ ھاتوومەتە دونیاوە. بابی خۆمم نەدیوە، گوایە كەمتر لە یەك ساڵم تەمەن بووە كە بابم بە ھۆی نەخۆشی لە دونیا دەرچووە. لە منداڵی دا پێیان دەگوتم سەرەخۆرە! یانی ئەتۆ پێت ناوەتە دونیا، بابمان كۆچی دوایی كردووە.

پ- یانی دایكت وای پێ دەگوتی؟!

و- نا، ئەو ھەرگیز وای پێ نەگوتم، تەنانەت ئەگەر كەسێكیش وای پێ دەگوتم، زۆری پێ ناخۆش دەبوو. منداڵەكان وایان دەگوت. ئەوانیش لە خوشكی گەورەم فێر ببوون. سێ خوشك و برایەكم ھەیە كە من لە ھەمووان چكۆڵەترم. كاكم تەمەنی ھەر ھەشت ساڵ بوو كە بابم كۆچی دوایی كرد.

پ- جا بەڕاستی باب كە نەما، ئەركی سەرشانی دایك قورس‌تر دەبێ. جێگای بابیش دەبێ بگرێتەوە و بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەو كەلێنە بەتاڵە، دڵسۆزی و مێھرەبانیی دایكانەی بۆ منداڵەكانی دەبێتە دوو ھێندە، وا نیە؟!

و- نەوەڵا، بەشی من وا نەبوو. چون بەداخەوە دایكم بۆ خۆی نەخۆش بوو و دەبوو ئاگاداری لێ بكرێ و نەیدەتوانی منداڵەكانی بلاوێنێتەوە. ماوەیەكی بەردەوام گیرۆدەی دەردێكی نادیار بوو، زۆر كەم دەتدیت ساغ بێ. ھەموو بیرەوەری من لە دایكم ھەر ئەوەندە كە دەمدی بە ھۆی نەخۆشی، ھەمیشە لە جێ و بان دا كەوتبوو و تاقەی ماڵەكەمان دایمە پـڕ بوون لە دەرمان. باشم لە بیرە، زۆر تامەزرۆی مێھرەبانیی دایكانە و دەس بە سەر داكێشانی بووم، بەڵام ئەو ھەمیشە لە جێگادا دەیناڵاند و ئەمنیش لە سووچێ بە پەژارەوە كایەم دەكرد. تەمەنم ھەشت ساڵان بوو كە نیوەشەوێك بە دەنگی ھاواری كاكم لە خەو ڕاپەریم. چرای ژوورەكەمان ھەڵكرابوو، كاكم بە گریانەوە خوشكەكانی بانگ دەكرد:” ھەستن، ھەستن دایكمان مردووە.”

پ- پاشان چیتان بە سەر ھات؟ كێ دەستی بە سەر داگرتن و چاوەدێری دەكردن؟

و- ئەو دەمەی دایكم كۆچی دوایی كرد، خوشكەكانم ھەر كام دوو یا سێ ساڵ لە من گەورەتر بوون، بەڵام كاكم شازدە ساڵانە بوو. بە شوێن دایكم دا ئەو بوو بە گەورەی ماڵ. وەبیرم نایە ھەرگیز لە گەڵ من و خوشكەكانم بە زمانی خۆش یا ئاسایی قسەی كردبێ. زۆر بە سام و ھەیبەت بوو. ھەمیشە بە تووڕەیی لەگەڵمان دەدوا. ژوورەكەمان بە پەردەیەكی سپی دووبەش كرابوو. بەشێكی لە جیاتی پەستوو، كە بۆ چێشت لێنان جودا كرابۆوە، من و خوشكەكانم لەو بەشەی دا دادەنیشتین. بەڵام كاكم لە بەشەكەی دیكەدا كە گەورەتر بوو دادەنیشت.

پ- لە گەڵ تۆ چۆن دەجوڵاوە و چۆن دەدوا؟

و- كاكم قەت ناوی نەدەبردین، بەڵكوو لە سەر ھەر كاممان ژمارەیەكی دانابوو، یانی ژمارەی یەك تا سێ. ئەمن ژمارە سێ بووم. قەتیش لە گەڵ ئێمە نانی نەدەخوارد. لە سەر مەجوعمە. واتە كەشەفی گەورە، نانمان لە بەر دەستی دادەنا. ئەگەر كاری خۆی نەبا قەت نەیدەدوانیدین. ئێمە دەبوو بە سرتە لە گەڵ یەك قسە بكەین تا قەڵس نەبێ. ئەگەر قەند یا چامان تەواو دەبوو، كەس نەیدەوێرا پێی بڵێ. پشكمان دەھاویشت، وەبەر ھەر كەس كەوتبا، دەبوو چووبا بە ترس و لەرزەوە گوتبای قەند نەماوە. كاكم بەستەزمانە، بۆ خۆشی ھەر نازی شێوا بوو. ئەویش ھەر منداڵ بوو. رەنگە لەوەی دەترسا كە نەتوانێ ئەركی بەرێوەبردنی ماڵ بە جێ بھێنێ.

پ- ئەڵبەت ئەویش رۆحی بریندار بوو. بەو تەمەنەوە تێر كردنی زگی چوار برسی ھەروا سووك و سانا نیە، وایە؟

و- بەڵێ، وایە. ئەو ئاكارانەی ھەمووی ھەر بە ھۆی ڕۆحی برینداری بووە. خۆ من نەمدەزانی باب چیە، چونكوو نەمدی بوو. تامی نازی بابم نەچێشتبوو كە لە دەستی دەم داغی بە دڵمەوە بنووسێ. ھەر دەمزانی منداڵی جیرانان بابیان ھەیە و ئەمن نیمە. بەڵام كاكم لێی قەومابوو، كاكم نازداری بابم بوو، ئەو تامی مێھرەبانیی دایك و بابی دەزانی، نە من. جا لە پاشان باشتر بۆم روون بۆوە كە برینی دڵی ئەو بەستەزمانە چەندە لە من بە ئێش‌تر بووە. تازە دەزانم چی كێشاوە. ئەمن تا نەبووم بە باب، تا پێوەندی نێوان دایك و منداڵم نەدیت، نەمزانی بە منداڵی چەندە ھەناسە سارد و ھەژار بووم. نەمزانی بوو كە ڕادەی خەمی كاكم یا خوشكی گەورەترم چەندە لە دەردی من گەورە تر بووە . دە راستی دا ئەوە ئەوان بوون كە نازیان شێوا بوو، نەك من.

پ- بەڵێ، وایە. دەردی ئەو كەسەی كە لە ھەوەڵەوە شتێكی نیە، لە گەڵ ئەو كەسەی كە لە پێشدا ھەیبووە و خووی پێگرتووە و پاشن لە دەستی داوە، جیاوازی یەكجار زۆرە. ئەو تەنیا خەمی ئەوە دەخوا كە ئەو شتەی نیە، بەڵام ئەوی دیكە خەمی لە ناو چوونی ھەیە. كەوا بوو خەمی كاكت گەورەتر بووە و نەمانی دایك و باب چزەی لە جەرگی ھێناوە. پێم خۆشە باسی رووداوی ئەو ساڵانە بكەی. خاڵێكم وەبەرچاو ھات.

و- چیە؟ چ خاڵێكت دیوەتەوە؟

پ- خۆ بـڕیار نەبوو جێگەكەمان بگۆرینەوە و ئەتۆ پرسیار بكەی و من وەڵام بدەمەوە. باشە قەیدێ ناكا، پێت دەڵێم. بەڵام لە پێشدا ئەو پرسیارەش بە وردی وەڵام بدەوە. دەمەوێ بزانم لە تەمەنی سەرەتای منداڵی دا چۆن ھەستت بەوەی دەكرد كە تامەزرۆی لاواندنەوەی دایكانەی؟ ئەوە ھەر قسەكەی خۆت بوو كە بۆم بوو بە پرسیار و دەمەوێ بزانم دەكرێ بە وشە ئەو ھەستە دەرببـڕدرێ؟ یا لەو بابەتانەیە كە ناخرێتە ناو چوارچێوەی وشەكان و ناگوترێ؟

و- رەنگە تا ئێستا ئەم بیرەوەری یەم بۆ جارێكیش وەبیر نەھات بێیەوە، چونكوو تا ئێستا كەس ئەو پرسیارەی لێ نەكردووم. ھێشتا دایكم مابوو، لە بیرمە رۆژێ لە حەوشەی مالی خۆمان دانیشتبووم، نازانم خەو گرتبوومی یان خەم دەورەی دابووم. سەرم لە سەر بەردی پێپلیكانەكانێ دانابوو. منداڵەكان پرسیاریان كرد: ئەوە چیە، نەخۆشی؟ گوتم: ئەرێ نەخۆشم. لەو ساتەدا پێم خۆش بوو دایكم بێ و لە باوەشم كا و بمباتەوە ژوورێ. ھەرچەند دەمزانی لە جێگادا كەوتووە و ناتوانێ ھەستێ بەڵام بەراستی تینووی ئامێزی بووم. ھەر بۆیە گوتم بەڵێ نەخۆشم كە منداڵەكان ئەو خەبەرەی بۆ بەرن. بەڵام سوودی نەبوو. باجە كیشوەری ژنە جیران كە ھاتبوو سەری دایكم بدا، ھات لە باوەشی گرتم و ماچی كردم و بردمییە ژوور، جا ئەو توونیەتیەشم ھەر نەشكا و ئارەزووی ئەوەم ھەر دە دڵ دا ما.

پ- زۆر باشە ئەو خاڵەی باسم كرد، شێعری كۆڵان بوو. لە نێو قسەكانت دا ھەڵم ھێنجا. لە بیرتە باسی جیاوازی نێوان خەمی خۆت و كاكت كە گێڕاوە، فەرمووت: بابم نەدیوە تا برینی كۆچی دوایی ئەو لە سەر دڵم ببێتە گرێ، جا ھەر ئەو قسەت وەبیر شێعری كۆڵانی ھێناومەوە، بە تایبەت دە وڵامی ئاخرین پرسیاردا ئەوەم زیاتر بۆ روون بووە كە ئەو كوڕە بچكۆڵەی لە شێعری كۆڵان دا باسی دەكەی، ھەر خۆتانن. وایە؟ ئەدی بۆ مات بووی؟ ببوورە ئەگەر ناڕەحەتم كردی.

و- تكا دەكەم. ئێوە ببوورن. بەڵێ، وایە شێعری كۆڵان قسەی دڵی خۆمە بەڵام ئەو پەیوەندی‌یەم تا ئەمڕۆ نەدۆزیبۆوە. ئەرێ نەچینە سەر باسی شێعر؟

پ- ئەگەر لە بیرت بێ، منداڵێ بووی سێ/چوار ساڵە. ئەمن ھەرچی حەول دەدەم بەرەو دونای منداڵی بتگێڕمەوە بەڵام دیسان دەبێوە شاعیر و دەچیتەوە سەر باسی ھونەری و زانستی. مەگەر باسی ئەوەت نەكرد كە دەگەڵ خوشكەكانت لەو دیوی پەردەی ژوورەكەتان دانیشتبووی؟ مەگەر نێویان نەنابووی ژمارە سێ؟ دەی دوایە چیتان بە سەر ھاتەوە؟ خەرجی ماڵ لە ئەستۆی كێ بوو؟ ھەرچی لە بیرت ماوە بۆمان بگێـڕەوە.

و- كەم وا ھەبوو برسیەتی بكێشین، بەڵام بێ ناز بووین و ھەمیشە رەنگ زەرد و ڕەنگ پەڕیو. جگری دایك، خوشكی یازدە ساڵانە و جێگری باب، كاكی شازدە ساڵە بوو. ماڵەكەمان دوو نھۆم و زۆر گەورە بوو. شەش دیومان كرێ گرتەی تێدا بوو و بە پارەی كرێی ئەوانە دەژیاین. خزمەكانمان بە دەگمەن یارمەتییان دەداین. ئەو داھاتە كەمەش بەشی ئەوەی نەدەكرد كە خوشكەكانم دەرس بخوێنن. ھەر من و كاكم دەرسمان دەخوێند . ئێستاش دیمەنی حەوشەی ماڵەكەمانم لە بەرچاوە كە حەوزی تێدابوو. دارە سێو و گوڵ باخی بۆنخۆش، حەوشەكەمانی زاراندبۆوە و ماڵمان لە گەرەكی ئاغا زەمان بوو، بە شێوەی مێعماریی كۆن ساز كرابوو. ھەیوان و ژێرخانی گەورەی ھەبوو. دیوی ئێمە زۆر گەورە بوو، دەوراندەوری ھەر تاقەی سەرچەماوەی لە گێچ بـڕدراو بوون و پەنجەرەكانیشی بە شێوەی عرووسی (ئورووسی) ساز كرابوون. سەرەوەیان كەوانی و پـڕ بوون لە نەخش و نیگاری لە دار ساز كراو. شووشەی ورد وردی رەنگاورەنگی تێ گیرابوو. بەیانان بە جریوە جریوی چۆلەكەی سەر دارەكان وەخەبەر دەھاتین. خۆر كە لە پەنجەرەكانی دەدا، ئەو ھەموو نەخشە بە رەنگی شووشەكانی خۆیانەوە، دەكەوتنە سەر گێچی دیوارەكان و لە گەڵ خۆرەتاو، بە دەوری ژوورەكەدا دەگەڕان یان دەھاتنە خوار و لە گەڵ نەخش و گوڵی فەڕشەكان تێكەڵ دەبوون. لە بەرچاوی خەیاڵاویی منداڵانەم دا، وێنەی ئاسكە كێوی و كۆترەكانی نەخشی فەڕشەكان، لە بەر تیشكی خۆرەتاوەكەدا وەڕێ دەكەوتن. ناو بە ناو ڕەنگی سپی كۆترەكان دەگۆڕدران و ھەر تاوێ رەنگی شووشەیەكیان دەكەوتە سەر. بەڵام ئەو ھەموو رەنگ و نەخشە، ھیچیان جوان نەبوون. ھیچیان رەنگی بەزەیی و مێھرەبانیی دایك و بابیان پێوە نەبوو. ماڵەكەمان زۆر سارد بوو. سێ چوار ساڵ پاش ئەوەی كە كاكم بوو بە گەورەی ماڵ، ئەو خانووەی فرۆشت.

پ- باسی بەڕێوەچوونمان دەكرد. ھاوینان كە لە خوێندن دەبوونەوە، دەگەڵ كاكت كارت نەدەكرد؟

و- چەند ھاوین، كاكم لە كەبابخانە كاری دەكرد یانی بڵیتی سینەمای دەفرۆشت. خوشكەكانم كڵاویان دەچنی و ئەمنیش بە شەقام و قاوەخانەكان دا دەسووڕامەوەو دەمفرۆشتن. دوایە كچەكان فێری تەون بوون و فەرشیان دەچنی. منیش ھاوینان دەچوومە دووكانی یەكێك لە خزمەكان كارم دەكرد. ساڵێكیش چوومە كوورەخانە. زۆر ناخۆش بوو. بەڵام بە قەدەر كاری بەردەوامی خوشكەكانم گران نەبوو، چون سەرەڕای حەول دان بۆ داھاتی ژیان، بەو جەستە لاواز و دەستە بچكۆڵانەوە، ئەركی گرانی كاری ماڵیشیان لە ئەستۆ بوو.

پ- بەڵێ، دەزانم! پێم وایە ئەم ئازارە لە شێعرێك دا رەنگی داوەتەوە. دیسان مات بووی، وەبیر چی كەوتوویەتەوە؟

و- ھەر من و كاكم دەرسمان دەخوێند. لە قوتابخانە، وێنەی منیان دەویست بۆ سەر كارنمانە. رۆژێ كاكم وێنەی منداڵیی خۆی دامێ بۆیان بەرم. بانگیان كردمە دیوی مامۆستایان. مودیر بـڕێك تووڕە بوو. چاویان لە خۆم و وێنەكە دەكرد و دەیانگوت ئەمە بۆ خۆت نیت و وێنەی كاكتە. ئەمنیش لە ترسی كاكم نەمدەوێرا بڵێم وایە، ھەر دەمگوت ھی خۆمە و لە شەرمان سەرم دادەخست. ئەوانیش وێـڕای من چاویان لە كەوشە گەورە و فش و فۆڵەكانم دەكرد كە چەندە لە لاقم گەورەتر و ھەر لینگێكی دوو لینگ گۆرەویم تێی ئاخنیبوو تا نەپووچێتەوە. پاش ماوەیەك، مودیر گوتی: باشە بـڕۆ بیبەوە، حاشا لە وێنەش.

پ- ئەو سەردەمەی كە قوتابی بووی چ ئاواتێكت دە دڵ دا ھەبوو؟

و- ئاواتی ئەو دەم؟

پ- بەڵێ. چ ئاواتێكت لە دڵ دا بوو؟ وەك منداڵەكانی ئەو سەردەمە ئارەزووی چ شتێكت ھەبوو؟ ئە ساڵانە دڵت چی دەویست؟ تۆپ؟ دووچەرخە؟ بەرگی تازە؟

و- بە منداڵی قەتم بەرگی تازە نەبووە. ھەمیشە جل و بەرگی كاكم دەدرا بە خەیات تا بۆم چكۆڵە كەنەوە. ئەویش بە پیاوەتی خۆی ھەڵی دەوەشاندەوەو پارچە رەنگ پەڕیوەكەی ئاوەژوو دەكردەوەو دەیدرۆوە. جا لە بەر ئەوەی بە ئاوەژوویی دوورابۆوە، رەنگی لیباسم قەت وە ھی كەس نەدەچوو. جا منداڵی وشیاریش سەرنجیان دەدایە و دەیانگوت: دیارە خەیاتەكە ناشی یە و چەپ و راستی پارچە نازانێ!

پ- كەوا بوو وەكوو زۆربەی منداڵان كە خەون بە تۆپ و دووچەرخەوە دەبینن، بەڵام ئێوە ھەر خەونتان بە لیباسی تازەوە دەدیت؟

و- نەوەڵا، زۆرتر خەونم بە دایکمەوە دەبینی. ئارەزووشم ھەر ئەوە بوو كە دایكم بگەڕێتەوە. ئاخر زۆر ھەناسە سارد بووم و ھەستم بە تەنیایی یەكی قوڵ دەكرد.

پ- دەتوانین بڵێین كە شێعری لانەی بایە قوش رەنگدانەوەی ئازارەكانی دەروونتە؟

و- راست وایە. ئەوە دووھەمین شێعرمە.

پ- ئەدی بۆ لەوێدا كچێك نەقشی سەرەكی دەگێـڕێ؟

و- ئەو رۆژانەی ھەوەڵ كە زۆر بێ ئارام بووم و دەگریام، دەیانگوت: عەیبە، تۆ كوڕی. تۆ پیاوی، چۆن كوڕ بۆ دایكی دەگری؟

پ- جا رەنگە تۆش بـڕوات بەوە ھێنابێ كە عەیبە، كوڕ بۆ دایكی پەرۆش بێ؟! ھەر بۆیە بە زمانی كچێكەوە ھەستی خۆت دەربـڕیوە؟

و- نا، لە بەر ئەوەی خوشكەكانم لە من ھەژارتر بوون. رۆژێ خوشكی نێوەنجیم پرسی: ئەرێ شەریف! كاتێ دەنگی دەركە دێ ئەتۆ ڕاناچەنی؟ چاوەڕێ نیت ئەگەر دەركی حەوشە دەركێتەوە، دایكمان بێتەوە؟ كوڵ گرتمی، دڵم پـڕ بوو، نەمتوانی جوابی بدەمەوە.

پ- باسی ئەوەت كرد كە ھەر لە منداڵییەوە تا گەورە بووی، لە ماڵێ دا ئیزنی قسە كردنی ئاساییت نەبووە. با بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی دەرس خوێندن. لە قوتابخانە چۆن بووی؟ نێوانت دەگەڵ مامۆستاكانت چۆن بوو، دەگەڵیان دەدوای و قسەت دەكرد؟

و- قسە چی، ھەر قسەم پێ نەدەكرا. قەتیش بانگیان نەدەكردم بۆ دەرس لێپرسینەوە. قوتابییەكی خراپ نەبووم. بەڵام زمانم تێك دەھاڵا و ئەژنۆم دەلەرزی. ھەر بۆیە ئەگەر مامۆستایەك بۆ جاری یەكەم و بۆ دەرس پرسینەوە بانگی كردبام، كە ئاوای دەدیتم، خێرا دەیگوت: بـڕۆ دانیشە! دەتگوت گوێی لە دڵەكوتەم بووە، ئیدی بانگی نەدەكردمەوە. ساڵەكانی كۆتایی قوتابخانە بوو كە لە لایەن رادیۆ سنەوە، كێ بەر كێیەكی چیرۆك نووسی بەڕێوەچوو، لەو كێ بەر كێیەدا سەركەوتم و وەك خەڵات، دوو سكەی زێـڕم وەرگرت. بەرپرسی بەرمانە ویستی بە ھۆی ئەو سەركەوتنەوە، وت و وێژم لە گەڵ بكا و قسەكانم تۆمار بكات، بەڵام وەھا وە لاڵەپەتە كەوتم، تەنانەت نەمتوانی خۆشم بناسێنم. ئاغای موزەففەر كەوسەری سەرێكی ڕاوەشاند. بەڵام دە كۆتایی دا، ھێند دە خۆم نووسام، تا توانیم نێوی خۆم و قوتابخانەكەم بدركێنم.

پ- كامە مامۆستای قوتابخانەی تۆ باشتر بوو و توانی شوێن لە سەر ئێوە دابنێ؟

و- ئەڵبەت ھەموویان ھەر باش بوون، بەڵام مامۆستاكانی ساڵانی كۆتایی قوتابخانەم زۆریان ھان دام بۆ نووسین. رێنوێنی ئەوەیان دەكردم كە چ كتێبێك بخوێنمەوە.

پ- سەر و بنی وڵامی پرسیارەكەت بە دوو رستەی كورت وێك ھێناوە. دەی جا ئەگەر بیرەوەرییەكی دەیكەت لە قوتابخانە ھەیە، بۆمانی بگێـڕەوە.

و- مامۆستای پۆلی یەكەمی سەرەتاییمان خانمێك بوو. بەڵام مامۆستاكانی دیكەمان ھەمووی ھەر پیاو بوون. سەرەتای ساڵ كە مامۆستاكان دەگۆڕدران و پرسیاریان لە منداڵەكان دەكرد و لە ئیش و كاری باب و بنەماڵەی قوتابییەكانیان دەكۆڵییەوە، كە دەگەیشتە من، ئیدی ھیچ قسەم پێ نەدەكرا و منداڵەكانی ھاوپۆلم لە جیاتی من وڵامی مامۆستایان دەداوە و دەیانگوت: مامۆستا؛ شەریف دایك و بابی نیە، ئەمنیش ھەموو جارێ پاش ئەو قسەیە موچـڕكم بە لەش دا دەھات و دڵم دەگوشرا.

پ- نازانم تا ئەمڕۆ زانست تا چ رادەیەك لە پێوەندی نێوان مێشك و دڵی كۆڵیوەتەوە، بەڵام ئەو پەیوەندییە ھەر لە ھەوەڵەوە ھەست پێكراوە. لە خۆڕا نەیانگوتووە: دڵی تەنگە، دڵی دەگیرێت، ھەر وەكوو دەڵێن ھێلانەی ھەستی ئینسان لە دڵی ئەو دا چێ كراوەو لە فولكلۆر و ئەدەبیات دا، زۆرتر نێوی دڵ دێنن تا مێشك و بیر. دەی جا باسی بیرەوەری مامۆستاكانت دەكرد.

و- بیرەوەرییەكی ئەوتۆم نیە. ئەگەرچی مامۆستاتانی ساڵەكانی كۆتایی قوتابخانە زۆریان ڕێنوێنی دەكردم و بۆ نووسین ھانیان دەدام بەڵام مامۆستای پۆلی پێنجەمی سەرەتایی یەكەم كەس بوو كە بۆ نووسین ھانی دام و توانای خۆمی پێ ناساندم. جارێ وەرزی بەھاری دابووینێ تا بیكەینە بابەتی نووسینی ئینشا، لە پاش نووسین كە نۆرەی من ھات تا بیخوێنمەوە، ھەموو منداڵەكانی بێدەنگ كرد و سرنجی وانی بۆ گوێ دێری ئینشای راكێشا و دوو جاریشی پێ خوێندمەوە.

پێم وابێ، جیاوازی نووسراوەی من لە گەڵ قوتابییەكانی دیكە تەنیا ھەر ئەوە بوو، كە گوتبووم ھەموو وەرزێ ھەر جوانە و زستانیش ئاوایە و پاییزیش ئاوا. ئەو مامۆستایە بە ڕەحمەت بێ، زۆری رێنوێنی دەكردم كە پاشان ھەر ئەو ئامۆژگاریانەی وی بۆ ھەموو ساڵەكانی خوێندن بە كارم ھات. بەراستی ھەر لە دڵەوە خۆشم دەویست.

پ- چۆن دەزانی كۆچی دوایی كردووە؟ مەگەر پاش كۆتایی ھێنان بە خوێند ھەر پەیوەندیت دەگەڵ نەپساندبۆوە، كە دەفەرمووی بە ڕەحمەت بێ؟

و- بەڵێ دەزانم كە فەوتی كردووە و بە داخەوە ئەو ساڵەی نەگەیاندە ئاخر. لە نیوەی ساڵ دا فەوتی كرد. باشم لە بیرە، رۆژێ كاكم ھاتەوە ماڵم زستان بوو، ئەمن نەخۆش بووم و لە بن كورسی گەرم دا نوستبووم. بانگی كردم و گوتی: ھەستە، ھەستە، مامۆستاكەت كوژراوە! پێم وابوو گاڵتە دەكا و ھەر دەیەوێ بەو قسە جێگا و بانی نەخۆشی بە جێ بھێڵم. بەڵام دڵم ئۆقرەی نەگرت و پاش ماوەیەك وەڕێ كەوتم و چوومە ماڵی ئەوان كە لە ئاخری شەقامی سیرووس بوو و لە ماڵی ئێمە زۆر دوور نەبوو، كە گەیشتمە ئەو گەڕەكە، لە دوورەوە دیتم كە ئەوە جەماوەرێكی زۆر كوچەكەیان گرتبوو. منداڵەكانی ھاوقوتابی خۆمم دیت كە ھەموویان بە سۆراوی فرمێسك چاویان سوور ھەڵگەڕاوە، ئیدی خاترجەمیان كردم كە ھەواڵەكە راستە.

پ- لە سەر چی كوژرابوو؟

و- پاشان كە پرسیم، گوتیان: راوی پێ خۆش بووە و زۆر جاران دەچوو بۆ راوێ، ئەو رۆژەی لە ماڵێ خەریكی خاوێن كردنەوەی تفەنگەكەی بووە كە لە نەكاو فیشەكێ لە دەستی دەرچووە و وەخۆی كەوتووە. بەڵام پاشان ئەوە بوو بە دەنگۆ و ئەو قسە كەوتە سەر زاری منداڵەكان كە نەخێر ئەو ڕووداوە وا نیە، بەڵكە كوشتوویانە. دیارە ئەوانیش ئەو قسەیان ھەر لە گەورەكان بیستبوو كە ئەوەیان دەگوت كە گۆیا لە بەر ھێندێ بیر و ڕای تایبەتی خۆی، زۆردارانی سەردەمی پاشایەتی ھێرشیان كردۆتە سەرماڵێ و كوشتوویانە. جا ئێستاش نازانم لەو دوو قسەیە كێھەیان راست بوو.

پ- جا ئەوە ھەر جەنابت ئەو مامۆستایەت ئاوا خۆش دەویست یا ھەموو منداڵەكان؟

و- ھەموومان ھەر خۆشمان دەویست. موبسیر كە بـڕێك لە ئێمە گەورەتر بوو ھەر رۆژێك باش كوژرانی مامۆستا پارچەی رەش و چەپكێك گوڵی سووری ھێنا قوتابخانە و میز و كورسیی مامۆستاكەمانی پێ رازاندەوە. ئەو زۆرتر لە منداڵەكانی دیكە، زۆر زیاتر بە پەرۆش بوو و تا قەدەرێ ھەموو رۆژێ چینێكی بۆ دەگریا. رەنگە بە پێی تەمەنی ئاگاداریی زیاتری لە سەر چۆنییەتی ژیانی مامۆستا و ئەو رووداوە ھەبووبێ كە ئاوا بە كوڵ بۆی دەگریا و بۆی بە پەرۆش بوو.

پ- ئەو رووداوە دەگەرێتەوە بۆ چەند ساڵ لەوە پێش؟ ناوی ئەو مامۆستایە چ بوو؟

و- دەبێتە سی و سێ ساڵ لەمەربەر، یانی زستانی ۱۳۴۴ و ناویشی خوا لێخۆشبوو ئیرەج وەزیری بوو. ئەو موبسیرەی كەلاسیش كە بۆم باس كردی، ناوی جەلال زارعی بوو و مەدرەسەكەمان ناوی حیرەت سەججادی بوو كە لە گەڕەكی ئاغەزەمانە و ئێستاكە ئەو قوتابخانەیە لەو شوێنە نەماوەو لە جێگایەكی ترە.

پ- باشە ئەو مامۆستایەتان بۆ وا خۆش دەویست؟

و- لە بەر زۆر شتان. دڵسۆز بوو، تووڕە نەدەبوو، ئاگای لە قوتابییە رەش و ڕووتەكان بوو، تەنانەت كەرەسەی نووسینی بۆ وەردەگرتن. زۆر جوانی دەرس دەكوتەوە. فێری دەكردین قووڵ بیر بكەینەوە و ھەرچی ئینسانە خۆشمان بوێ. باسی ئەوەشم كرد كە بۆ دەرسی ئینشا زۆر یارمەتی داین، بە تایبەت بە منەوە زۆر ماندوو بوو.

پ – هیچ بیره‌وه‌ری‌یه‌کی تایبه‌تی و یا نووسراوه‌یه‌کی له‌پاش خۆی به‌جێ نه‌هێشت؟

و – ئه‌و ڕۆژانه، مودیر و مامۆستاکانی دیکه‌ش ئه‌م پرسیاره‌یان لێ ده‌کردین و ده‌یان‌کوت ئه‌رێ هیچی نه‌ده‌نووسی و پاشان ده‌نێو کووره‌که‌ی باوێ و بیسووتێنێ؟ به‌ڵام ئێمه هیچمان نه‌دیبوو.

پ – مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو؛ له‌سه‌ر ته‌خته ڕه‌شه‌که‌ی سه‌ر دیواری که‌لاس، ده‌س‌خه‌تی به‌جێ نه‌مابوو؟ یانی ئه‌و فێری نه‌کردن (ئا – وێنه‌ی ئازادی)؟

و – ئای له شۆڕه‌ لاوی ئه‌م ده‌وره! خۆ ته‌واوی ته‌نراوی ژیانمت ڕیشاڵ ڕیشاڵ کرده‌وه پیاو… جه‌نابت له خاڵ و به‌ڵگه ده‌گه‌ڕێی یان تان‌وپۆی شیعره‌کانم ده‌رده‌کێشی؟ باشه، قه‌یدی نیه! کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری هه‌ر وایه! ئێستا تۆ (سواره)ی و ئه‌منیش پیاده! ئه‌رێ، باسی شیعر نه‌که‌ین؟!

پ – هه‌رچی ئاماژه‌ت به میهره‌بانی کرد، به‌لای منه‌وه کورت بوو. پێم خۆشه به‌وه‌ردی و به‌ربڵاوتر باسی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی خۆشه‌ویستی بکه‌ی.

و – مرۆڤ، له سه‌ره‌تای ژیانی منداڵی‌دا، ده‌گه‌ڵ هه‌ناسه و بژیوی ژیان، بۆ به‌رده‌وامی ژیانی ئاسایی خۆی، پێویستی ئێجگار زۆری به میهره‌بانی و خۆش‌ویستن له‌لایه‌ن دایک و بابه‌وه هه‌یه. بێ‌به‌شی له‌م پێداویستی‌یه گرینگ و ئاسایی‌یه، ده‌بێته هۆی برینداربوونی ڕۆح و مرۆڤ تووشی ده‌ردێکی له‌بڕان‌نه‌هاتووی بێ‌هه‌توان ده‌کا و ئه‌م توونیه‌تی‌یه بێ‌بڕانه‌وه، ده‌بێ به هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌و مرۆڤه، هه‌ست به‌وه‌ی بکا که هه‌میشه سه‌رگه‌ردان و چاوه‌ڕوان و بێ‌ئارامه، به شوێن خۆشه‌ویستی‌دا و به کوێره‌ڕێگاکانی تاریکی‌دا ڕێ‌ ده‌برێت و ده‌یه‌وێ به هه‌ر شێوه‌یه‌ک، تاسه و توونیه‌تیی بشکێ. جا له درێژه‌ی ئه‌و ڕێگایانه‌دا، جارناجار تووشی ئاماناجێ دێ، جارجاریش هه‌ر هه‌واری خاڵی‌یه و هیچی تر…

پ – یانی چی هێندێ جار تووشێ ئامانجێ ده‌بێ و هێندێ جار نابێ؟

و – مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئه‌و ڕۆحه برینداره، هه‌میشه باوه‌شی ئاوه‌ڵایه و چاوه‌نواڕی ئامێزی گه‌رمی میهره‌بانی ڕاسته‌قینه و خۆشه‌ویستی دایکانه‌یه، تا ئه‌وه‌ی که سه‌ری له سه‌ر شانی دانێ و ئارام بگرێ. زۆرجار تووشی ده‌بێ؛ به‌ڵام دوایه ده‌زانێ که درۆیه، فریو دراوه؛ ئه‌و میهره‌بانی‌یه، هه‌ر ڕواڵه‌ت بووه. له په‌ناشه‌وه، زۆرجاریش تووشی ده‌بێ و ئۆگری ده‌بێ. جا کورته‌ی مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه، که له هیچ‌کات و وه‌رزێکی ته‌مه‌نی‌دا، تازی ئیدی ئه‌و توونیایه‌تی‌یه ناشکێ و ئه‌و تاسه‌یه هه‌ر به‌رده‌وامه…

پ – به‌ڵێ! تێ‌گه‌یشتم. مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه؛ ئه‌گه‌ر که‌سێ به منداڵی له شیله‌ی شیرینی خۆشه‌ویستی دایک و باب تێر نه‌کرێ، ئیدی بێ‌سه‌مه‌ره! تازه، ده‌روونی ته‌ژی خۆشه‌ویستی و دلۆڤانی نابێ؟!

و – به‌ڵێ، وایه! تازه ئه‌و که‌لێنه پڕ نابێته‌وه. ئه‌و گرێ‌یه ده‌بێ به گرێ‌پووچکه و قه‌تیش ناکرێته‌وه.

پ – ئه‌گه‌ر ئه‌و باسه په‌یوه‌ند بده‌ینه‌وه به جه‌نابت، ئه‌و بابه‌ته چۆن لێک‌ده‌ده‌یه‌وه؟

و – به‌و توونیه‌تی به‌رده‌وامه، جارێ تووشی ئاڵ‌وگۆڕێکی ڕۆحی بووم. ته‌مه‌نم هه‌ژده ساڵ ده‌بوو؛ یانێ ڕووداوێ، وه‌کوو سێڵاوێ له ناکاو هات و به‌ره‌و ده‌ریای شیعری بردم. ئه‌و ڕووداوه، دیمه‌نێکی خۆشه‌ویستی بوو که تووشی بووم و ئیدی هه‌ر ئه‌وه بوو به شیعر. یانی پاشان، هه‌ر ئه‌و ڕووداوه، گه‌ڵاڵه‌ی ته‌واوی پاش‌ماوه‌ی ژیانی بۆ داڕشتم.

پ – باش‌تر وایه، پتری شی بکه‌یه‌وه. چۆن له ناکاو هات و گه‌ڵاڵه‌ی ته‌واوی ژیانی بۆ داڕشتی؟

و – به‌گشتی، مرۆڤ، چ کوڕ بێ و چ کچ، بۆخۆی به‌ته‌نیایی مرۆڤێکی ناته‌واوه! به‌بێ ئاواڵه‌که‌ی، ته‌واو نیه و له مه‌ودای ته‌مه‌نی ژیانی ته‌نیایی‌دا، به‌شوێن نیوه‌که‌ی دیکه‌ی‌دا سه‌رگه‌ردانه و لێی ده‌گه‌ڕێ… ئه‌وکاته که ئاواڵه‌که‌ی دیتراوه، له “کوت” ده‌رده‌چێ و هه‌ریه‌ک له‌وان ده‌بنه مرۆڤێکی ته‌واو و له‌وه به‌دواوه، به‌شی دووهه‌می ژیان‌یان ده‌ست‌ پێ‌ده‌کا…

پ – وه‌ڵامه‌که‌ت بوو به باسێکی زانستی و داوێنی زۆر که‌سان ده‌گرێته‌وه! ئه‌و ڕووداوه کاتی‌یه، به‌سه‌ر زۆربه‌ی زۆری مرۆڤه‌کان‌دا دێ. به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئه‌گه‌ر بکرێ، جیاوازی به‌شه‌که‌ی خۆت، یانی خاڵه تایبه‌تی‌یه‌که‌ی، ده‌رکه‌وێت و بکرێته وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌م!

و – شتێکی ڕوونه؛ مرۆڤێ که هه‌ژده ساڵ چاوه‌ڕوانی میهره‌بانی بێ و بۆ خۆشی نه‌زانێ که بێ‌به‌شی له ناز و ئامێزی گه‌رمی دایک و باب، له‌کاتی خۆی‌دا، ڕۆحی ئاوه‌ها برین‌دار کردووه و به‌جارێ، کانیی میهره‌بانی بۆ بۆته تراویلکه، جا له‌و حاڵه‌دا که سه‌رچاوه‌ی خۆشه‌ویستی له چاوی گراوێک‌دا ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌و توونیایه‌تی‌یه، ئه‌و پێداویستی‌یه گرینگه، وای لێ‌ده‌کا؛ ته‌واوی دونیاکه‌ی ببێته ئه‌و که‌سه. یانی خۆشه‌ویستی ئه‌و گورچوو بڕتره، گه‌ڕم‌وگوڕتره. چونکوو ئه‌و خۆشه‌ویستی‌یه، ته‌نانه‌ت که‌لێنی چۆڵ‌وهۆڵی میهره‌بانی دایک و بابیشی بۆ پڕ کردۆته‌وه. جا که‌وابوو، ئه‌و ئۆگری‌یه توند و تیژتره، چونکوو ئه‌وه‌ی که له منداڵی‌دا ونی کردبوو، ئێستا دۆزیویه‌ته‌وه. ئه‌و ئه‌وینه، ته‌نیا ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر تینی لاوه‌تی، جا ئاشکرایه ئه‌و هێزه، ڕۆحی مه‌ندی ئه‌و مرۆڤه، چۆن ده‌هه‌ژێنێ. ڕه‌نگه به ڕواڵه‌ت، ئه‌و پێوه‌ندی‌یه دوورادووره و ئه‌و دونیا شیرینه، ئاکارێکی لاوانه بێ! به‌ڵام ئه‌گه‌ر له نه‌کاو تێک‌بچێ، ده‌بێ ئه‌و بابه‌ته چۆن لێک‌ ده‌ینه‌وه؟ بڵێن ئه‌و کوڕه به‌ته‌واوی تێک‌ ده‌ڕووخێ و شوێن له‌سه‌ر ڕۆح و گیانی داده‌نێ؟ یا ده‌ی‌هه‌ژێنێ و ده‌یگۆڕێ و ده‌یکا به مرۆڤێکی جیاواز له هاوته‌مه‌نه‌کانی؛ واتا دڵ‌ناسک‌تر، خه‌یاڵاوی‌تر و تینووتر به خۆشه‌ویستی یا هه‌ر ناوێکی دیکه‌ی که ئێوه پێ‌تان باش‌تره له سه‌ری دابنێن.

پ – جا کورت و کرمانجی بفه‌رموون؛ ده‌یکا به شاعیر و ئه‌ها! به‌ڵام به‌ڕاستی، دابڕان و پسانی ئه‌و پێوه‌ندی‌یه، بۆ ئه‌و مرۆڤه، جه‌رگبڕه! دیاره که ڕووخانی کۆشکی عاتیفه و میهره‌بانی، له تافی لاوی‌دا، ده‌و هه‌ل‌ومه‌رجه‌دا که ئێوه‌ی تێ‌دا ژیاون، زۆر دژوار بووه! کاتێ ئه‌و دونیا شێرینه که تازه ده‌یهه‌ویست چرۆ ده‌ر بکا و به‌ری هه‌بێ، تێک‌ ده‌قرمێ و به وێنه‌ی بۆرکانێ که هه‌ژده ساڵه خۆی ده‌خواته‌وه، سه‌رهه‌ڵ‌ده‌دا و به‌رهه‌می ئه‌و بۆرکان و گۆڕان و نائارامی‌یه، ده‌بێ به شیعر. دوایه چی؟

و – دوایه‌ش به وێنه‌ی چه‌خماخه‌ی چرایه‌کی ئه‌فسانه‌یی ڕێگای ژیانی بۆ ڕوون کردمه‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌رچی ئه‌و هونه‌ره، هه‌تا ئه‌مڕۆ، هه‌ر به‌ره‌و هه‌ڵدێران و سارای چه‌رمه‌سه‌ریی بردووم، هێشتاش له‌قه‌ده‌ر گیانم، خۆشم ده‌وێ. به وته‌ی خۆتان، ژیانیشم کردووه به قوربانی چاوی جوانی شیعر.

پ – جا باشه یانی هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه، کانیله‌ی شیعر له ده‌روونتا هه‌ڵ‌قوڵی؟ یا پاشان؟

و – به‌ڵێ! ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و ڕۆژانه، یانی له‌باتی ئه‌و گراوه، یان به شوێن ئه‌ودا، ئیدی شیعرم خۆش ویست و بووم به ئۆگری شیعر، که ئیدی نه‌توانێ به‌یه‌کجاری لێم زیز بێ! هه‌ر پاش دوو ڕۆژ له دوای ئه‌و ڕووداوه تاڵه، واتا ئه‌و لێک‌دابڕانه، که به‌جارێ په‌شۆکاندمی، شه‌وێ زۆرم هه‌ست به‌وه‌ی ده‌کرد که ده‌بێ شتێک بنووسم و نیازم به نووسینه. یه‌که‌م جار بوو که هه‌ستێکی وام له خۆم‌دا به‌دی ده‌کرد. جا چ له‌باری ڕۆحی‌یه‌وه، چ له‌باری نووسینه‌وه. ئه‌و شه‌وه، یه‌که‌م شیعرم نووسی. یانێ وشه‌کان، ده‌سته ده‌سته وه‌کوو هێرشی ده‌سته‌ی په‌پووله، به‌ده‌م سه‌ماکردنه‌وه، ده‌هاتن و له‌سه‌ر ده‌فته‌ره‌که‌م‌دا، به ڕیز ده‌نیشتنه‌وه. بێ‌وه‌ی حه‌ولێ بده‌م، بێ‌وه‌ ڕاوه‌ستم و بیری لێ‌بکه‌مه‌وه. بۆخۆشم زۆرم پێ سه‌یر بوو که چۆن ئاوا به دوای یه‌ک‌دا، ئه‌و خه‌یاڵ و ئاهه‌نگ و سۆزه، ده‌بوون به وشه و به‌پێچه‌وانه‌ی نامه‌نووسین و وتار و شتی وا، بیرم له هیچ دێڕێکی نه‌ده‌کرده‌وه! به‌کورتی، وشه‌کان ده‌هاتن که بیاننووسمه‌وه.

پ – ئه‌و شیعره‌ت بڵاو کرده‌وه؟ یانی له ملوانکه‌دا و یا… به چاپت گه‌یاند؟!

و – پاش حه‌وتوویه‌ک، یه‌کێ له دۆستان، ئه‌و شێعره‌ی به نێوی (ئاشنا) بۆ ڕادیۆ سنه نارد و پێشوازیشی لێ کرا، چه‌ن جاریش خوێندراوه. به‌ڵام به زاراوه‌ی ئه‌رده‌ڵانی هۆنراوه‌ته‌وه. دوایه چه‌ن دێڕێکم پاش گۆڕینی زاراوه‌که‌ی له شیعری (هه‌ڵاڵه) و (په‌پووله‌ی خه‌یال) لە (ملوانکه‌ی شین)دا جێ کردۆته‌وه، ئه‌ڵبه‌ت به‌شێکی زۆری هه‌روا ماوه و بڵاو نه‌بۆته‌وه…

پ – که‌وابوو، دیتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی خۆشه‌ویستی و ئه‌وینداری به شوێن تینوویه‌تی هه‌ژده ساڵه‌ی میهره‌بانی‌ دا، دونیای لاوه‌تی شیرین کردی و به تێک‌چوونی ئه‌و پێوه‌ندی‌یه دوورادووره، تێکی ڕووخاندنی. ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌کی به‌رچاوه. جا خۆت پێت وایه چێ کردنی دونیای ئاوا دروسته؟

و – ئه‌ی چۆن دروست نیه! ئه‌وه‌نده به کووچه و کۆڵانی منداڵی و لاوێتی‌دا هێنات و بردم، شه‌که‌ت بووم و ئه‌وه‌ی لێی ده‌گه‌ڕێی، درکاندم! ئیدی چۆن هه‌ڵه‌یه و دروست نیه؟!

پ – له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به هه‌ڵه‌ی ده‌زانم، چۆن به‌ڵگه‌ی به‌رچاوترم دیوه‌ته‌وه. ڕه‌نگه بێ‌ئه‌وه‌ی که خۆت بزانی، له ته‌واوی ته‌مه‌نت‌دا حه‌ولت داوه که بێده‌نگی به‌سامی ئه‌و ساڵانه بشکێنی. له منداڵی‌دا، که‌س فێری قسه کردنی ئاسایی نه‌کردی، مه‌گه‌ر له ته‌واوی ساله‌کانی قوتابخانه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی ڕسته‌یه‌ک دڵت نه‌دەله‌رزی؟ که‌وابوو، حه‌ولت داوه ئه‌و که‌لێنانه پڕ که‌یه‌وه. یانی ویستووته لانی که‌م، زمانی قه‌ڵه‌مه‌که‌ت، شیرین‌ڕاوێژ و پاراو بێ. پێت وا نیه وا بێ؟

و – زۆر سه‌یره ئێستا زانیم بۆچی ده‌ڵێن؛ خامه‌گه‌رانی گۆڤاران، به‌ڕاستی شاعیر به‌زێنن! چه‌ند بابه‌ت و خاڵی باشت په‌یدا کرد، به‌ڵام ده‌توانم هه‌ر ئه‌وه‌ی بڵێم که له‌نێوان ئه‌و خاڵه تایبه‌تی‌یانه‌ دا، ته‌نیا یه‌ک‌یان ده‌بێته به‌ڵگه، بۆچوونه‌ ژووری دونیای شیعر، هه‌رچه‌ند بۆخۆشمان نازانین کامه‌یانه. چونکوو کارێکی زۆر ساده نیه. له شوێنی وا، ده‌بێ کارناسه‌کانی به‌ئه‌زموونی مرۆڤناسی و ڕه‌وانناسی قامکی له‌سه‌ر دابنێن و بڵێن ئه‌و خاڵه‌یه…

پ – به‌رچاوترین ڕووداوی ژیانی ئه‌ده‌بی ئێوه چیه؟

و – ئاشنایی له‌گه‌ڵ شێعر و که‌سایه‌تی ئینسانی و ئه‌ده‌بی مامۆستا هێمن بوو. دیاره ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌خته‌وه‌ری‌یه‌م تووش نه‌بووبا، شیعره‌کانم له‌نێو گاڵته و گه‌پی کوڕه جیرانی بێ‌ئه‌زموون‌دا ون ده‌بوون و چاپم نه‌ده‌کردن. ڕه‌نگه هه‌ر ڕێگای هونه‌ریشم نه‌گرتبا. هه‌ر ئه‌و خۆمی به خۆم ناساند.

پ – پێم وایه تا ئێره‌ی باسه‌که‌مان، یانی ئه‌و هه‌موو پرسیار و وه‌ڵام و شی‌کردنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، که له‌سه‌ر ژیان و ده‌رباره‌ی شیعره‌کانت کردمان، مامۆستا هێمن له چوار وشه‌ی ڕسته‌یه‌ک‌دا، له پێشه‌کی (ملوانکه‌ی شین)دا پوخت و پاراو فه‌رموویه‌تی: (کوڵ و کۆی ده‌روونی خۆنی)… ڕای خۆت له‌م باره‌وه چیه؟

و – به‌ڕاستی وایه! ده‌بوو زانیباشی. بۆخۆم زۆرم پێ سه‌یر بوو ئه‌و ده‌فته‌ره شڕه‌ی پڕ له هه‌ڵه‌ی لاوێکی لاوێکی کوردی نه‌زانی بێ‌ئه‌زموون، چی تێ‌دابوو که مامۆستا هێمن دیبووی و هه‌ستی پێکردبوو، به‌ڵام خاوه‌نه‌که‌ی، و ده‌وروبه‌ری نەیانده‌زانی؟ یان بۆچی ئاوا هانی دام و په‌له‌ی لێ‌کردم بۆ چاپ‌ کردنیان؟ فارس کوته‌نی: (ئه‌وه‌ی لاوان له ئاوێنه‌دا ده‌یبینن، پیر له خشتی کاڵ‌دا ده‌ی‌بینێ) به‌ڕاستی چۆنی ده‌زانی که ئه‌و به‌رهه‌مه کرچ‌وکاڵه، ئاوا پێشوازیی لێده‌کرێ؟

پ – مه‌به‌ستتان له پێشوازی چیه؟

و – ئه‌گه‌ر یه‌که‌م جار ملوانکه بڵاو کراوه، بێ‌پسانه‌وه چوار جاری دیکه‌ش له‌چاپ درایه‌وه یانی بوو به پێنج چاپ که سه‌رجه‌م بیست و سێ هه‌زار دانه بوو. دوایه‌ش بێ ئاگاداری و ڕه‌زامه‌ندی خۆم، هه‌ر به‌و هه‌ڵه و په‌ڵه‌ی چاپه‌کانی هه‌وه‌ڵه‌وه، هه‌روا که خۆتان سه‌رنجی نموونه‌کان‌تان دا، په‌یتا په‌یتا به حه‌وت چاپی جۆربه‌جۆر، به ناته‌واوی بڵاویان کردۆه‌ته‌وه. هه‌ر پاش ساڵێک بڵاوبوونه‌وه‌ی ملوانکه، هونه‌رمه‌ندی لێهاتوو “مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی” پێنج شیعری له‌و به‌رهه‌مه‌ی بۆ گۆرانی و مه‌قام هه‌ڵبژارد و پاشانیش هونه‌رمه‌ندانی خۆشخوانی دیکه‌ی کورد، پتر له سی ئاهه‌نگیان له شیعره‌کانی ئه‌و به‌رهه‌مه ساز کردووه که پێم‌وایه هه‌ریه‌ک له‌وانه، بۆخۆیان جۆرێ پێشوازی بن.

پ – باسی ئیش و کاری خۆی بۆ نه‌کردین.

و – پاش دوازده ساڵ ده‌رس خوێندن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که خه‌رج و به‌رجی زانکۆم نه‌بوو، نه‌م‌توانی درێژه به خویندن بده‌م. له دایره‌ی بنه‌ماڵه هه‌ژاره‌کان دامه‌زرام و چارده ساڵان کارم یارمه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی واته (مەدەدکاری ئیجتماعی) بووم. به‌داخه‌وه ماوه‌یه‌ک ئه‌و دایره به‌نرخه هه‌ر ناو و ڕواڵه‌ته‌که‌ی ما، ئه‌منیش که ئاوام دیت و له‌لایه‌کی تریشه‌وه، سه‌ودای کاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری‌یان خستبووه سه‌رم، به‌ یه‌کجاری له‌و دایره دڵسارد بوومه‌وه و به‌جێم هێشت و له‌وێ ده‌رباز بووم.

به‌ڵێ! ده‌توانم بڵێم ویستم لاسایی مامۆستا هێمن بکه‌مه‌وه. به‌لای خۆمه‌وه بڕیارم دا ئه‌وه‌نده‌ی ته‌مه‌نم ماوه، قۆڵم هه‌ڵماڵم بۆ په‌ره‌ی هونه‌ره‌کانی دیکه‌ی کورد. ویستم ئاواته‌کانی مامۆستا هێمن به‌جێ‌بێنم. هه‌ڵبه‌ت، بناغه‌ی ئه‌م بیره، ئه‌وه بوو که هێندێ له دۆستانی ئه‌ده‌بی، زۆریان کوت ئه‌تۆ بڕۆ، ئێمه پشتیوانین، زۆریان کوت ده‌بێ جووڵانه‌وه‌یه‌کی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی بخرێته وڵات. ساڵی ۱۳۶۸ پاش حه‌ولێکی زۆر، به ڕواڵه‌ت بووم به به‌رپرسی به‌شی هونه‌ری ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی مه‌هاباد. به‌رده‌وام، ئه‌و کاره‌م دوو ساڵی خایاند. ته‌نیا له به‌شه‌کانی خه‌ت و شانۆگه‌ری و مۆسیقادا بڕێک سه‌رکه‌وتم. ئه‌و ده‌می؛ شه‌پکه توند و که‌ڵ به مووبه‌ند بوو. نه‌مده‌زانی ئه‌گه‌ر پیوا بۆخۆی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات نه‌بوو، تاوێ له بێشکه‌ی ئازادی‌دا ڕایده‌ژێنن و تاوێ گۆچانی ئاتاتورکی بۆ هه‌ڵده‌گرن. داوای دامه‌زرانی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی سه‌ربه‌خۆ و ده‌رکردنی گۆڤاری کوردیم کرد.

سه‌رتان نه‌ئێشێنم؛ دیقیان پێ کردم و ده‌ریان په‌ڕاندم. ئه‌وجا، پشتیوانه‌کانم له دووره‌وه پێ‌ده‌که‌نین. ته‌نیا قازانجی ئه‌و دوو ساله‌م، ئه‌زموون وه‌رگرتن بوو که له ڕاده‌ی بێ‌ده‌سه‌ڵاتی خۆمان گه‌یشتم، هه‌ر به شوێن من‌دا، کوڕه‌کانی دیکه ژیرانه چوونه مه‌یدان و نیوه‌ی مافه‌کانیان وه‌رگرت. به‌ڵام ئه‌وه حه‌وت ساڵ تێپه‌ڕیوه و هیشتا ژماره‌ی یه‌که‌می ئه‌و گۆڤاره، هه‌ر به‌ڕێوه‌یه و ڕه‌نگه هه‌ر به‌ڕێوه‌ش بێ. به‌رهه‌می باخی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه، که یه‌که‌م پشتیوانی پێشکه‌وتی زمانه‌که‌مانه و هه‌میشه ڕازێنه‌ره‌وه‌ی چاپه‌مه‌نییه‌کانه، به لاره‌ملی ئاراسته‌ی گۆڤاره‌کانی دیکه‌ی وڵات ده‌کرێ تا له‌و خه‌له‌وخه‌رمانه خۆڕایی‌یه، چه‌نده‌ی چاپ چه‌نده‌ی چاڵ بکرێ.

له نیوه‌ی ساڵی ۱۳۷۰ به‌و لاوه، ده‌فته‌رداری قوتابخانه‌م.

چه‌رمه‌سه‌ری نان و ده‌رمان، یه‌کێ له کۆسپه گه‌وره‌کانی ڕێگای هونه‌رم بووه. سه‌ره‌ڕای کاری دایره یا قوتابخانه، پازده ساڵه خه‌ریکی ئیشی دارتاشیم و بێ‌پسانه‌وه حه‌ولم دواه.

ڕه‌نگه ترسی له دایره وه‌ده‌رنان و هه‌روه‌ها مه‌عاشی که‌می کارمه‌ندی و ده‌سکورتی و گرانی ئه‌م چه‌ن ساڵه، هانی داوم بۆ ئه‌و کاره. زۆر جار، له چنگی قه‌رزوقۆڵه‌ی ڕزگار کردووم. له دارتاشخانه‌که‌م‌دا، کڕنۆشم بۆ دارگوێز بردووه و سه‌رم بۆ زه‌خت و سه‌ختی ژیان دانه‌نواندووه. گۆران کوته‌نی (شیعرم نه‌فرۆشت بۆ نان). له‌نێو ته‌پ‌وتۆزدا ژیاوم و ڕێزی پێنووسم ڕاگرتووه.

پ – له‌باره‌ی ژیانی هاوبه‌شی‌یه‌وه، هیچ نه‌گێڕاوه.

و – له ته‌مه‌نی بیست و نۆ ساڵی‌دا له شاری مه‌هاباد، ژیانی هاوبه‌شیم ده‌سپێکرد. خێزانم، ناوی (مه‌عسووم)ه. جودا له ئه‌رکی کابانه‌تی و هاوزمانی، به دڵسۆزی و میهره‌بانی، بڕێک له خه‌مه‌کانی بێ‌دایکی بۆ قه‌ره‌بوو کردوومه‌وه. سه‌مه‌ره‌ی ژیانی هاوبه‌شیمان، ته‌نیا کوڕێکه به ناوی (گۆران)که ئێستا چارده ساڵی ته‌مه‌نه.

پ – یه‌که‌م ترووسکی خولقانی شیعرتان چ سه‌رده‌مێکه؟

و – پێم‌وایه، له به‌شی لێک‌دانه‌وه‌ی شیعر و ژیانم‌دا، ئه‌و پرسیاره‌م وه‌ڵام داوه‌ته‌وه. له ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵی‌دا، ڕه‌نگ‌دانه‌وه‌ی ڕووداوێکی عاتیفی، که زۆری کار له‌سه‌ر دڵم کرد و شوێنی له‌سه‌ر هه‌ستم دانا، ده‌توانم بڵێم؛ یه‌که‌م ترووسکی شیعرم بوو.

پ – حه‌ز ده‌که‌م بزانم که ئێوه چۆن ده‌ڕواننه شێعر؟ نه‌خشی شێعر له‌سه‌ر کۆمه‌ڵ چۆن ده‌بینن؟

و – شێعریش وه‌کوو هونه‌ره‌کانی دیکه، پێ‌داویستی ڕۆحی مرۆڤه، شان به شانی هونه‌ری مۆسیقا، له‌نێو جه‌ماوه‌ردا په‌ره‌ی گرتووه. له‌باره‌ی شێعره‌وه، ڕسته‌یه‌ک هه‌یه، ده‌ڵێن (شیعر، تایبه‌ت به گه‌لانی دواکه‌وتوویه و کۆمه‌ڵی پێش‌که‌وتوو، لایه‌نگری شیعر نین!). به ڕای من، ئه‌و قسه‌یه هه‌ڵه‌یه نازانم کێهه زانای لێ‌هاتوو ئه‌م ڕسته‌یه‌ی داڕشتووه یا چۆن ئه‌و بابه‌ته‌ی تاقی کردوه‌ته‌وه؟ چونکوو ئه‌گه‌ر مرۆڤ، له به‌رانبه‌ری خه‌ڵکه‌وه، قسه‌یه‌کی کرد یا ڕایه‌کی ده‌ربڕی، ده‌بێ وته‌که‌ی ڕاسته‌وخۆ پشتیوانی زانستی هه‌بێ. لانی که‌م ژیرانه بێ.

پ – به‌ڵگه‌ی ئێوه چیه بۆ هه‌ڵه بوونی ئه‌و قسه‌یه؟

و – ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕاده‌ی مرۆڤایه‌تی یا لاواز بوونی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵه. له دونیای پاره‌داره‌کاندا، له‌مێژساڵه، مرۆڤایه‌تی کوژراوه، گه‌رچی له‌سه‌ر خاکه‌که‌ی، په‌یکه‌ره‌ی ئازادی دانراوه. له‌وێ هه‌ستی مرۆڤایه‌تی کاڵ بووه‌ته‌وه و به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێ. شیعریش بۆ مرۆڤی کۆمه‌ڵێکی به هه‌ست و عاتیفه‌یه. وا نیه؟ ئه‌وانه که نانی سه‌ر سفره‌که‌یان، به خوێن ڕشتنی ئینسانی جیهانی سێهه‌م به تاڵان‌کردنی خه‌زێنه و داهاتی وڵاته هه‌ژاره‌کان دابین ده‌که‌ن، شیعریان بۆ چیه؟ بۆچی مه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو هاوار و خوێن و سووتان و وێران‌کاری‌یه، به گه‌ڵاڵای خۆیان ده‌خولقێ، هه‌ستی وانه ده‌بزێوێ؟ جا چۆن شێعر، دڵی وانه ده‌له‌رزێنێ و ده‌یانبزێوێ. که‌وابوو؛ بژی مرۆڤایه‌تی! بژی شیعر!

ئینسانی ڕۆژئاوا، به ده‌نگی سازێ، یا خه‌یاڵی ناسکی هونه‌رمه‌ندێ، جا له هه‌ر به‌رهه‌مێکی هونه‌ری‌دا، چ وێنه‌یەکی بایه‌خ‌دار یا شیعرێکی له‌بار، دڵی داده‌خورپێ. خوێنی مرۆڤایه‌تی وه‌جۆش دێ و ئه‌و هونه‌ره هه‌ستی ده‌بزێوێ. له بیرمان نه‌چێ که له وڵاتانی پێشکه‌وتوودا، ئینسانی ڕاسته‌قینه‌ش هه‌ڵده‌که‌وێ. هه‌روا که له نێو خۆشمان‌دا، مرۆڤی بێ‌هه‌ست، به ده‌گمه‌ن هه‌ڵ‌ده‌که‌وێ.

به‌بڕوای من، هه‌بوونی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و تێ‌گه‌یشتن له ناخی هونه‌ر و هه‌ست به ئازاره‌کانی مرۆڤ، سنووری نێوان مرۆڤایه‌تی و دڕندایه‌تی‌یه. جا پاره‌داره بێ‌خه‌مه‌کانی وڵاتانی پێش‌که‌وتوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هونه‌ر به ته‌رازووی دۆلار هه‌ڵ‌ده‌سه‌نگێنن، پێیان وایه؛ شێعر، تایبه‌ت به گه‌لانی دواکه‌وتوویه. به‌ڵام ئینسانی جیهانی سێهه‌م، هونه‌ره‌که‌ی به پێوانه‌ی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و سه‌ری کاسی به سینه‌ی شیعره‌وه ده‌نێ، له زیندوو بوون و خورپه‌ی دڵی مرۆڤایه‌تی خاترجه‌م ده‌بێ و شه‌که‌تی ساتێکی پێ ده‌حه‌سێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و تاریفه‌ی که مامۆستا هه‌ژار بۆ شێعری کوردی، سه‌رنجی بده‌ینێ، ئه‌م مه‌به‌سته‌مان، ئاشکراتر ده‌بێ. مامۆستا فه‌رموویه‌تی: (شێعر ئه‌وه‌یه که شوێن له‌سه‌ر مرۆڤی به‌هه‌ست دابنێ) نه‌یکوتووه مرۆڤ، فه‌رموویه‌تی (مرۆڤی به‌هه‌ست) له وڵاتی خۆشمان‌دا، هه‌روا که ئاماژه‌مان پێکرد، مرۆڤی بێ‌هه‌ست هه‌ڵده‌که‌وێ. ئینسانی وا هه‌یه؛ دژ به جه‌ماوه‌ره‌که ڕاده‌وه‌ستێ و شاعیرێکی هه‌ڵکه‌وته په‌سه‌ند ناکا. ده‌ڵێ شێعری ئه‌و شاعیره، هیچ نیه! زۆر جار بیستوومه؛ خاوه‌ن ڕایان، به سه‌رسووڕمانه‌وه کوتوویانه (چۆن فڵانه‌که‌س ئه‌و شێعرانه‌ی به‌دڵ نیه؟! چۆن ئه‌و شاعیره په‌سه‌ند ناکا؟ دیاره ئه‌و کابرایه درۆ ده‌کا و خۆی هه‌ڵده‌کێشێ، مافی ئه‌و شاعیره له بن‌پێ ده‌نێ، بۆ ئه‌وه‌ی بۆخۆی سه‌روگه‌ردنێ بڵیندتر دیاری بکا)

به‌ڵام من پێم وایه بڕێکیان درۆ ناکه‌ن. ئه‌وانیش مرۆڤن، به‌ڵام مرۆڤی به‌هه‌ست نین، ئه‌وانه‌ن که مامۆستا هه‌ژار ئیشاره‌ی بۆ کردوون. پێی ئه‌و تاقمه ده‌گرێته‌وه که به‌ڕاستی شێعر، شوێن له‌سه‌ر دڵی به‌ردین و ڕه‌قی ئه‌وانه ناکات، چون هیچ هه‌ستێک ده‌خۆیان‌دا شک نابه‌ن.

پ – ئایا چوارچێوه‌ی به‌رته‌سکی وه‌زن و قافیه و قوفڵ و قه‌رازه‌ی کلاسیک، هه‌مبه‌ری ڕووباری وشه‌ی ئێوه ڕانه‌وه‌ستاوه؟ ئایا شێعره‌کانی ملوانکه‌ی شین یا شێعره‌کانی “بێ‌هێلانه”ی ئێوه هه‌موو به شێوه‌ی کلاسیکن؟

و – شێعره‌کانی ملوانکه و شێعره‌کانی دیکه‌ش، به‌شێکیان بڕگه‌یی یا په‌نجه‌یین و به‌شی زۆریان عه‌رووزین که له‌م کورته‌ باسه‌دا ناگونجێ. به‌ڵام هه‌رگیز هیچ‌کام له‌و بابه‌تانه‌ی ئاماژه‌تان پێی کرد، له‌مپه‌ری کاری هونه‌ریم نه‌بووه. ئێستا بووه‌ته داب، ده‌ڵێن “کۆت و زنجیری عه‌رووز و قافیه!” عه‌رووز و قافیه، ئامرازن، ئامانج نین! زمان، که‌ره‌سه‌یه، ئامانج نیه. ئه‌و بابه‌تانه‌ی ناوتان برد، که‌ره‌سه‌ی پیرۆزی شێعرن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که پێوه‌ندی‌یان به‌و هونه‌ره‌وه هه‌یه. په‌یکه‌ره‌ی له مه‌ڕمه‌ڕ داتاشراوێ ده‌یبینین که له مه‌یدانی شارێ دانراوه، ئایا ده‌کرێ ئێمه ئه‌و کاره هونه‌رمه‌ندانه و بایه‌خ‌داره، په‌سه‌ند نه‌که‌ین، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامرازی تاشینی به‌رده‌که، ته‌شووی ژه‌نگ‌ هێناوی ناله‌بار بووه؟! یا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌نده‌که‌ی مانوو کردووه؟! جا با شوێنی ته‌شووه‌که‌ش به په‌یکه‌ره‌که‌وه دیار بێ. له هه‌ڵ‌سه‌نگاندنی هونه‌ره‌که‌دا، بۆچی ده‌بێ ئه‌و ئامرازه له‌به‌رچاو بگرین و له‌په‌نای په‌یکه‌ره‌که‌ی دابنێین؟ ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ی کلاسیک به‌رته‌سکه، بۆچی بۆ حافز یا نالی، ئه‌وه‌نده به‌رین و شیرینه؟ شوێن‌دانان و بایه‌خی شێعر گرینگه، نه ئامراز و که‌ره‌سه‌ی خولقاندنی به‌رهه‌م. پێم وایه، له‌م ده‌رفه‌ته کورت و باسه ناته‌واوه‌دا، ئه‌م چه‌ن وته‌یه، مه‌به‌سته‌که‌ی نه‌پێکابێ. ئه‌و شتانه ئامرازن، به‌ڵام ئامرازی شاردراوه‌ن، که‌ره‌سه‌ی نادیارن. یانی له شیعره‌که‌دا نابینرێن. ته‌نیا هه‌ستیان پێ ده‌کرێ. زۆریش قورس و ناله‌بار نین. که‌وابوو، مۆسیقای شێعریش، ئامرازێکه؛ له‌پێش‌دا شاعیر، به‌و ئاهه‌نگه سیحراوی‌یه، مه‌لی خه‌یاڵی هه‌ڵ‌ده‌فڕێ، ئه‌وجار ڕاوی وشه‌ی پێ ده‌کرێ. پاشان، هه‌ر به‌و ئاهه‌نگه له‌پیت سازکراوه، سه‌رنجی خوێنه‌ر و گوێ‌گر ڕاده‌کێشێ و ئارام‌یان ده‌کا و خه‌یاڵ‌یان له بیری دیکه، خاوێن ده‌کاته‌وه و ئاماده‌یان ده‌کا، جا ورده ورده قسه‌ی خۆی ده‌کا و په‌یامه‌که‌ی ڕاده‌گه‌یێنێ. ئێمه به ده‌نگی مۆسیقای سازێ موچڕکمان به‌ له‌ش‌دا دێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و مووسیقایه به پیته‌کان خولقابێ، چۆن ده‌بێ بڵێین (کۆت و زه‌نجیر) ئه‌م قسانه، زاربه‌زار هاتووه، بناغه‌ی زانستیی نیه، یانی به شێوه‌ی لێکۆڵینه‌وه له‌نێو خه‌ڵک‌دا به‌ گشتی تاقی نه‌کراوه‌ته‌وه، ڕای خه‌ڵکی و بیروڕای جه‌ماوه‌ر نه‌خراوه‌ته به‌ر گه‌ڵاڵه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی گشتی. ویستی خه‌ڵک وه‌به‌رچاو نه‌گیراوه. به‌ چی‌ ڕا بزانین کام شێعره که گه‌ل‌په‌سه‌نده و خه‌ڵک، پێی خۆشه؟ جا ئه‌وه‌یه که بابه‌ته‌که، پێوه‌ندیی هه‌یه به ئه‌زموونی تاکه‌یی و سه‌لیقه‌ی تایبه‌تی دانه‌ره‌که‌ی. هاکا بوو به چه‌رخێ، که ئه‌م شۆڕشه فه‌رهه‌نگی‌یه ده‌س‌ پێکراوه و هێشتا له گه‌رماوگه‌رمی بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ داین. ئه‌وه چه‌رخێکی ته‌واوه، کۆت و زنجیری مۆسیقای شێعر و عه‌رووز له ده‌ست و پێی شاعیران کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام جه‌ماوه‌ریش چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن که شاکاره‌کانی شیعری پێ بخولقێ. تازه خاوه‌ن‌ڕایان بۆیان ده‌رکه‌وتووه چ زه‌برێکی ڕووخێنه‌ریان له هونه‌ری مۆسیقا داوه. ئه‌و ڕۆژه‌ی کۆت و زنجیری عه‌رووز و قافیه‌یان پساند و دیارده‌ی شیعری سپیی پێ هاته مه‌یدان، بیریان له موسیقاکه‌یان نه‌کردبووه‌وه.

بۆچی موسیقا ده‌بێ هه‌ر خه‌یاڵه ڕووته‌که‌ی تێ‌دا بێ؟ ئه‌دی په‌یامه‌که‌ی چی؟ گه‌وره‌ترین هونه‌رمه‌ندی بلیمه‌تی مووسیقای ئێرانی یانی (شه‌جه‌ریان) له‌م زه‌مانه پڕئازاره‌دا، ناچاره له مه‌قامه‌کانی‌دا شێعر و ده‌ردی هه‌زار ساڵ پێش بکاته به‌سته و ئاواز. نه‌ده‌بوو ئه‌و هونه‌ره به‌رزه، ئاوێنه‌ی ده‌ردی لاوی به‌ره‌ی ئه‌مڕۆ بوایه؟ باسه‌که چوو بۆ لاڕێ. ئه‌م هه‌ویره، ئاوی زۆری ده‌وێ، هه‌ر به‌شێکی جێگای باسێکی دوور و درێژه و پرسیاره‌کانی ئێوه‌ش هه‌مه‌ڕه‌نگن.

پ – ئیلهام، که‌ره‌سه‌ی بنه‌ڕه‌تی شاعیره. تاریفی ئێوه بۆ ئیلهام چیه؟

و – بۆخۆت ده‌زانی که‌ره‌سه‌ی بنه‌ڕه‌تی شاعیری، دڵێکی ناسکه، بیرێکی قووڵه، چاوێکی تیژ و دووربینه.

ئیلهام، له بناغه‌دا، وشه‌یێکی پیرۆزی ئایینی‌یه. عه‌ره‌ب و فارس هێناویانه ناو ئه‌ده‌بیات. ئه‌گه‌ر به‌و مانا که له ئایین‌دا هه‌یه‌تی، که‌ڵکی لێ‌وه‌رگیرێ و بریتی بێ له په‌یامێکی نهێنی ئاسمانی، هه‌رگیز له شێعردا شتی وا نیه! ئیلهام به‌و مه‌رجه‌ی له شیعردا دروسته، که به مانای “دڵ داهاتن” بێ. ئه‌ویش له ده‌روونه‌وه، نه‌ک له ئاسمانه‌وه. که‌وابوو، برووسکه‌ی هه‌ر دیارده‌یێ که له ئاکاما بێ به هۆی خولقاندنی به‌رهه‌مێ، ئه‌وه ئیلهامه.ئه‌گه‌ر شتێ، یانی ده‌نگێ، ڕه‌نگێ، دیمه‌نێ کار له‌سه‌ر دڵ بکات؛ به‌م شێوه‌یه، که به‌هۆی ئه‌و دیارده‌یه، پێوه‌ندی له‌نێوان بیرگه‌ی نهێنی و بیرگه‌ی وریا دامه‌زرێ، دیاره برووسکه‌یێک لێدراوه که هه‌ودای پێوه‌ندی به‌ستراوه. ئاشکرایه برووسکه‌که‌یه، ده‌بێته هۆی خولقاندنی به‌رهه‌می هونه‌ری. جا لێره‌دا به دیارده‌که ده‌ڵێین: سه‌رچاوه‌ی ئیلهام. برووسکه‌که‌ش ده‌بێ به ئیلهام. کاره‌ساته‌که‌ش ده‌بێ به ئیلهام وه‌رگرتن. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، جاری وا هه‌یه بیرگه‌ی نهێنی یا بیرگه‌ی ده‌روون، بۆخۆیه‌تی. یانی ڕووداوێ فه‌رامۆش‌ کراوه، به‌ڵام شوێنی له‌سه‌ر ئه‌و بیرگه‌یه داناوه. پاش ده‌یان ساڵ، ئه‌گه‌ر خه‌یاڵ ده‌تباته‌وه، له‌ناکاو تووشی ده‌بی و ئه‌و دیارده له‌مێژینه، ده‌بێ به‌هۆی برووسکه‌ی پێوه‌ندی و داهێنان و به‌رهه‌می تازه.

پ – له داڕشتنی شێعر، نه‌خشی چاو، واتا (دیتن) زاڵتره یا بیر و فکر؟

و – دیتن نا! بۆ شاعیر، دیتن نابێته هۆی برووسکه‌ی شێعر له ده‌روونی‌دا. پێم وایه بڵێین (ڕوانین) باش‌تره. جه‌نابت، ڕه‌نگه ده جار ئه‌منت دیبێ، به‌ڵام نه‌زانی خاڵێ به ڕوومه‌تمه‌وه هه‌یه یان نه. ئه‌گه‌ر هه‌یه، له لای چه‌په‌وه‌یه یان ڕاست؟ که‌وابوو، ڕوانین یا ته‌ماشا کردن، که دیتنێکه به سه‌رنجه‌وه له داڕژتنی شیعردا ده‌وری هه‌یه، له ده‌روونی شاعیران‌دا شوێن داده‌نێ، ده‌بێ به مووچڕکی له‌ش و کزه‌ی جه‌رگ و له‌رزینی دڵ. واتا به چه‌شنێ بۆی ده‌ڕوانی و نیگاهی و هۆشی له‌سه‌ر سه‌قامگیر ده‌بێ، که به جوانی هه‌ستی پێده‌کات.

له خولقاندنی شێعردا، بیستن، له‌قه‌ده‌ر ته‌ماشا کردن، ده‌وری هه‌یه. جا ئه‌گه‌ر باده‌ینه‌وه بۆ لای پرسیاره‌که و بزانین ڕوانین یا بیر و فکر، کام‌یان له خولقاندنی شێعردا ده‌وری گرینگ‌یان هه‌یه؟ ده‌بێ بڵێین هیچ‌یان. ته‌نانه‌ت بیر و خه‌یاڵیش ناگه‌نه ڕاده‌ی هه‌ست‌ پێ‌کردن و ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ست، ده‌وری گرینگ‌یان نیه.

پ – ئیبداع، واتا داهێنان، ده شێعردا چۆن به‌راورد ده‌که‌ن؟ یانی به چ شیعرێ ده‌ڵێن ئیبداعی تێدایه؟

و – ئه‌گه‌ر داهێنان بناسێنین و له یه‌ک دوو ڕسته‌دا تاریفی که‌ین، دوایه به‌رهه‌می تازه‌ی داهێنه‌رێ له چوارچێوه‌ی تاریفه‌که‌دا بگونجێ؛ ئه‌و به‌رهه‌مه، داهێنانی تێ‌دا نیه. به کورتی، یانی ئه‌م تاریفه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه بۆ داهێنان، شێعره‌که‌ی سبه‌ینێی ئه‌و بگرێته‌وه، ئه‌و به‌رهه‌مه ناچێته ڕیزی داهێنانه‌وه. چونکوو داهێنان ئه‌وه‌یه که له‌پێش‌دا بیر و خه‌یاڵی که‌سێکی تر بۆ لای نه‌چووبێ و له چوارچێوه‌ی دانراوی پێشوودا نه‌گونجێ. ئه‌و که‌سانه‌ی خوێندنه‌وه‌یان له‌سه‌ر گه‌ڵاڵه‌یێکی زانستی دیاری‌کراو بێ و ته‌نیا ئه‌و به‌رهه‌مانه بخوێننه‌وه که له‌گه‌ڵ بۆچوون و شێوازی خۆیان پێوه‌ندی هه‌بێ، هێزی داهێنانی ئه‌وانه پته‌وتر ده‌بێ. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر گه‌یشتنه هه‌ر شتێ، خوێندیانه‌وه؛ ئه‌و به‌رهه‌مانه چۆن له‌گه‌ڵ چنراوی ڕۆحی ئه‌وان جیاوازی‌یان هه‌یه، له ڕێگای لاده‌ده‌ن و سه‌ریان لێ ده‌شێوێنێ، مه‌گه‌ر ناڵێن هاواڵی خه‌راپ، شوێنی ناحه‌ز له‌سه‌ر مرۆڤ داده‌نێ!
داهێنان، تایبه‌تی به به‌شێکی جیاوازه‌وه نیه. له بابه‌ت‌دا، له کاکڵ و چوارچێوه‌دا، له وه‌زن و مۆسیقادا، له ته‌واوی ڕازێنه‌وه ڕواڵه‌تی‌یه‌کان‌دا، ده‌کرێ داهێنه‌ری بکرێ و شیرین‌کاری بکه‌ین. به‌ڵام لێره‌دا، توانای داهێنان و هێزی داهێنه‌ری، پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه به هێزی هه‌ڵ‌که‌وتووی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌وه. ڕاده‌ی ئه‌و توانایی‌یه‌ش جیاوازه.

پ – بۆچی شیعر له‌چاو به‌شه‌کانی تری هونه‌ر، ئه‌وه‌نده له‌نێو ئێمه‌دا بازاڕی خۆشه؟! ده‌بێ بڵێم به‌داخه‌وه زۆربه‌ی هونه‌رمه‌نده‌کانمان، گرینگی پێویست به به‌شه‌کانی‌تری هونه‌ر ناده‌ن و به‌ڕاشکاوی ده‌توانم بڵێم که هه‌ر له‌مه‌ڕ هونه‌ره‌کانی دیکه ئاگاداریێکی ئه‌وتۆیان نیه. ڕه‌نگه بڵێم هه‌ر به‌ته‌واوی نامۆن و ته‌نیا هونه‌ره‌که‌ی خۆیان به هێند ده‌گرن. بۆ وێنه، هه‌ر خۆم زۆر جار هه‌ستم به‌وه کردووه و دیتوومه کاتێ نوێنگه‌ی وێنه‌گه‌ری یا په‌یکه‌رتاشی داده‌مه‌زرێ و یا ئه‌وه شانۆیه‌ک به‌ڕێوه ده‌چێ، به‌شداری هومه‌رمه‌نده‌کان له‌م شوێنانه، زۆر به‌رچاو نیه. ئێوه ئه‌و بابه‌ته چۆن ده‌بینن؟

و – مۆسیقا، به‌گشتی، غه‌یری ئه‌وه‌ی که له‌زه‌تێ به ڕۆح ده‌دا و کار له‌سه‌ر هه‌ست ده‌کات، مرۆڤ ده‌باته خه‌یاڵه‌وه. له شیعریش‌داکه پیوه‌ندی پیته‌کان و ژماره و چۆنیه‌تی چنینی بڕگه‌کان، ده‌وری مۆسیقا ده‌گێڕن، ئه‌و هه‌سته‌ی که مۆسیقای ساز ده‌یدا به گوێگر، مۆسیقای شیعریش، که‌م تا کورتێک ئه‌و هه‌سته ده‌دا به خوێنه‌ر. ئه‌گه‌رچی ناگاته ڕاده‌ی ده‌نگی ساز، به‌ڵام هه‌رچی بێ، سه‌رنج‌ڕاکێش و بزوێنه‌ره و ده‌وره‌که‌ی به‌رچاوه. شێعر که بۆخۆشی بیر و خه‌یاڵ و قسه‌شی تێدایه. که‌وابوو، پتر له هونه‌ری مۆسیقا، مرۆڤ ده‌هه‌ژێنێ. خه‌ڵکی ڕۆژئاوا ڕۆحی مرۆڤایه‌تی خۆیان هێشتا پاراستووه. بۆیه حه‌زیان له شیعر و مۆسیقایه. له وڵاتی ئێمه‌ش‌دا، خه‌م و ئازاری ئینسان‌به‌زێن، زۆرن. شێعر و مۆسیقاش، وه‌کوو ده‌رمان، سوکنایی ده‌ده‌ن به‌و ده‌ردانه.

پێشوازی به‌رچاویش بۆیه له هونه‌ره‌کانی دیکه ناکرێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه هونه‌ره‌کانی دیکه له وڵاتی ئێمه په‌ره‌گر نه‌بووه، له‌به‌ر بێ‌ده‌ره‌تانی و نه‌بوونی که‌ره‌سه‌ی بنه‌ڕه‌تی پێویست. مامۆستامان زۆر که‌من. شوێنی پێشانگا ڕێگه‌ی باشی نیشاندان و نواندنی به‌رهه‌می هونەرمەندیش کەمە. بۆیە لە نێو خەڵکیش دا پەرەی نەگرتووە. بەرهەمی وێنه‌گر یان مۆسیقازانێکی هه‌ژار، کوا ده‌توانن به ئاسانی و به‌ربڵاوی شێعر، بگاته ده‌ستی هونه‌ردۆستان. ده‌نگه‌به‌ره‌کان، واتا ڕاگه‌یه‌نه‌ره گشتی‌یه‌کانیش، به‌ لای ده‌مێکه‌وه یا به گۆشه‌ی چاوێ، له دووره‌وه ده‌ڕواننه هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند، بۆیه وایه.

پ – گۆران، زمانی شیعر و فۆرم و ناوه‌رۆکی شیعری کوردی به‌ته‌واوی گۆڕی و له‌جیاتی وه‌زنی عه‌رووزی عه‌ره‌بی، وه‌زنی سیلابی هێنایه مه‌یدان و زمانێکی ڕه‌وان و ته‌ژی له وێنه‌ی ڕیاڵیستی ساده، به‌ڵام قووڵ و پڕ له مانای هێنایه ناو شیعری کوردی. ئێوه به‌گشتی ڕاتان له‌سه‌ر گۆران و شوێن پێی ئه‌و ده ئه‌ده‌بیات‌دا چیه؟

و – “ئه‌و ده‌ریایه، له‌م بایه*دا ناگونجێ”. ده‌رفه‌ت که‌مه. (گۆران) و باسی لایه‌نێکی که‌سایه‌تی هونه‌ری و ئینسانی ئه‌و شاعیره، باسێکی سه‌ربه‌خۆی ده‌وێ. (سروشت و ده‌روون) به‌رهه‌مێکی چاپ‌کراوی (گۆران)ه که له‌قه‌ده‌ر (فرمێسک و هونه‌ر) یان (به‌هه‌شت و یادگار) شیعری تێدایه. ته‌واوی شیعره‌کانی (سروشت و ده‌روون) عه‌رووزین. له دوو به‌رهه‌مه‌که‌ی دیکه‌ش‌دا که ناوم بردن، شێعری عه‌رووزی هه‌یه. عه‌رووز تایبه‌ت به عه‌ره‌ب نیه، شیعری زمانه‌کانی هێند و ئورووپایی هه‌ر هه‌موویان به‌و چه‌شنه‌یه. یانێ کورت و بڵیندی بڕگه‌یه، وه‌زنه‌که‌ی پێک دێنێ. وه‌زنی بڕگه‌یی شێوه‌ی (گۆران) پێش ئه‌ویش هه‌ر هه‌بووه. به‌یت و باوی زۆر کۆنم بیستووه که به‌و وه‌زنه‌یه. له نیوه‌ی زیاتری شێعری کلاسیکی کوردی و شیعری زۆربه‌ی گۆرانی، هه‌ورامی و سۆرانی، هه‌ر ئه‌و وه‌زنه‌یه. به‌ر له گۆران، مه‌وله‌وی و قانع و… به‌کاریان هێناوه.

گومانێکم هه‌یه و به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنی مێژوویی یا زانستیم بۆ نابینرێته‌وه و ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌زموون لێمی قه‌بووڵ فه‌رموون، که ئه‌زموونیش پله‌ی خۆی له زانست‌دا هه‌یه. جا نازانم له ئه‌نجام‌دا ئه‌م فه‌رزیه، به‌ڵگه‌ی زانستی له‌سه‌ر ده‌درێ یا نه!

“پێم وایه وه‌زنی بڕگه‌یی گۆران وه‌کوو (گه‌شتی هه‌ورامان) و (گه‌شتی قه‌ره‌داغ) و (به ئاسمانه‌وه ئه‌ستێره‌م دیوه) که وه‌زنی زۆربه‌ی گۆرانی‌یه‌کانی فۆلکۆری سۆرانی، هه‌ورامی و زاراوه‌ی ناوچه‌کانی دیکه‌شه. هه‌ر وه‌زنی عه‌رووزی (فَع لَن فَعولُن) یا (مُستَفعلُن فَه) بووبێ که گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. یانێ نه‌زمی بڕگه‌ی کورت و بڵیند شێواوه و ته‌نیا ژماره‌ی بڕگه‌کان و کورته ڕاوه‌ستانی نێوان پێنج بڕگه‌ی ماوه‌ته‌وه. فه‌رزه‌که‌ش له‌سه‌ر ئه‌م سێ لقه دامه‌زراوه:

یه‌که‌م دووپات بوونه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زنه له ژیانی ڕۆژانه‌دا و ڕاهاتنی گوێی بیسه‌رانی ڕابوردوو. کوردیش ڕۆژ و شه‌و پێنج که‌ڕه‌ت له بانگی مزگه‌وت‌دا گوێی له (الله اکبر) ده‌بێ. هه‌ڤده که‌ڕه‌تیش له نوێژدا، هه‌ر که‌ڕه‌تێ چه‌ن جار دووپاتی ده‌کاته‌وه و گوێی به ئه‌و ئاهه‌نگ و ژماره‌ی بڕگه‌یه، ڕادێ و عاده‌تی پێ‌ده‌کا. له‌باری وه‌زنه‌وه، (الله اکبر) ده‌بێته (مُستَفعلُن فَع) یا (- – ل – -) که وه‌زنێکی ده‌وری‌یه و هه‌ر میسره‌عێ له شیعره‌که‌ش ده بڕگه‌یه و له‌نێوان هه‌ر به‌شێکی‌دا، ڕاده‌وه‌ستن. (حافز)یش چه‌ن غه‌زه‌ڵی له‌م وه‌زنه‌دا هه‌یه.
دووهه‌م، که‌ڵک‌لێ‌وه‌رگرتنی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر. هه‌رچی میرزاکانی قه‌دیم، نامه‌گۆڕینه‌وه‌یان کردووه، له‌م وه‌زنه که‌ڵک‌یان وه‌رگرتووه، به‌ڵام جێگا جێگا تێکیان داوه. یانی ته‌واوی مه‌رجی کورت و بڵیندی بڕگه‌کانیان وه‌به‌رچاو نه‌گرتووه. به‌شێکی هه‌ره زۆری گۆرانی فۆلکۆری کوردی، سۆرانی و هه‌ورامی هه‌ر ئه‌و وه‌زنه‌یه. جار وایه دروسته، جاری وایه نه‌زمی بڕگه‌کان تێک چووه. به‌شی هه‌ره زۆری شێعری کلاسیکی کوردیش هه‌ر ئه‌و وه‌زنه‌یه. بۆیه له ته‌رازووی عه‌رووزدا داینانێن و پێی ده‌ڵێن بڕگه‌یی. سێهه‌م ئه‌وه‌یه که؛ وێک‌چوونی زۆری ئه‌و دوو وه‌زنه و جیاوازی که‌میان بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که پێم‌ وابێ هه‌ر یه‌کن. یانی ژماره‌ی بڕگه‌کان “ده”ن. وه‌زنه‌که ده‌وری‌یه. ته‌نیا بڕگه کورته‌که‌ی جێگا ده‌گۆڕێ و ئازاده. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و وه‌زنه عه‌رووزی‌یه بێ، که ئه‌م کورته ئاڵ‌وگۆڕه‌ی به‌سه‌ردا هاتووه. چون وه‌زن شتێکی ساده‌یه و زۆر زوو مرۆڤ وه‌ریده‌گرێ و لاسایی ده‌کاته‌وه.

ئه‌گه‌رچی گۆران وه‌کوو (شێخ نووری) نووسه‌ر نه‌بوو، به‌ڵام به ئاڵا هه‌ڵ‌گری ئه‌و شۆڕشه‌ی، به شێعره ناسکه‌کانیه‌وه، سه‌رچاوه‌ی شێعری ئه‌مڕۆی کورده. (گۆران)یش که‌م ژیا، به‌ڵام چاکی ڕێگا خۆش کرد. ئه‌و قه‌ده‌رانه گوێم له شریتی ده‌نگی گۆران بوو که شێعرێکی له کۆڕێک‌دا ده‌خوێنده‌وه، ده‌رباره‌ی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی بوو. زۆرم پێ سه‌یر بوو ئه‌و شێعره‌یان له سه‌رجه‌می دیوانه‌که‌ی‌دا چاپ نه‌کردووه. دیاره ده‌بێ شیعری دیکه‌شی هه‌بێ که هێشتا کۆ نه‌کراوه‌ته‌وه.

پ – شیعری زۆربه‌ی شاعیرانی سه‌رده‌می ئێستا که ده‌خوێنیه‌وه، مرۆڤ هه‌ست به بابه‌ت و شتی تازه ده‌و شیعرانه‌دا ناکا و به قه‌ولی (کاک جه‌لال مه‌له‌کشا) ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر چه‌ند پارچه شێعری چه‌ند شاعیر به‌دوای یه‌ک‌دا بنووسی و ناوی شاعیرانی ژێری پاک که‌یه‌وه، بۆت لێک نه‌بێته‌وه کام شیعر هی کام شاعیر بوو. یا به واتایه‌کی تر، ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ، که‌م به‌دی ده‌کرێ. ڕای ئێوه چیه؟

و – جووڵانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی تایبه‌ت به شێعر، دوو به‌شی جیاوازی هه‌یه. هه‌ر به‌شێکی له بواری تایبه‌تی خۆی‌دا ده‌ڕوا.

یه‌که‌م، ڕه‌وتی به‌رده‌وام یا شێعری پایه‌دار، که له په‌یدا بوونی یه‌که‌م شێعری فۆلکلۆری جوانه‌وه ده‌ستی پێکراوه. یانی له‌و ڕۆژه‌وه، یه‌که‌م شیعری به‌هێزی خۆماڵی خوڵقاوه، ده‌ستی پێکراوه. شوانێکی نه‌ناسراو، دێڕێکی هه‌ست‌ بزوێنی کوتووه، پاش هه‌زاران ساڵ گه‌یشتۆته ده‌ستی ئێمه. ته‌نیا ناوچه‌ی خوڵقاندنی ئه‌و شیعرانه‌ش دیارن و به‌س. ئیدی نه مێژووی نووسینی ئاشکرایه و نه ناوی وێژه‌ره‌که‌ی. ئه‌و ڕه‌وتی ئاسایی‌یه ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. یانی ڕه‌نگه ئه‌مڕۆ تاقه شیعرێ خوڵقابێ و من و ئێوه بێ‌خه‌به‌ر بین. به‌ڵام ئه‌وه‌نده جوان و گیان‌دار بێ، که وێنه‌ی شیعری گۆرین** هه‌تا هه‌تایه بمێنێته‌وه و شیعرێکی گه‌ل‌ په‌سه‌ند و ڕاسته‌قینه بێ. که‌وابوو ئه‌و شێعره‌ش له ڕیزی به‌شی یه‌که‌م واتا ڕه‌وتی به‌ردوام یا شێعری پایه‌دار دا جێگا ده‌گرێ. سه‌یر ئه‌وه‌یه، دانه‌ره‌کانیش‌یان تا زیندوون، ڕه‌نگه نه‌زانن له‌نێو شیعره‌کان‌یاندا به‌رهه‌می هه‌ڵ‌که‌وته‌یان خوڵقاندووه.
تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و شێعرانه ده‌بن به ئاوی حه‌یات بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه و ناهێڵن تازه بمرن! (شێعری په‌تی به وێنه‌ی کوردی ئاواره، یا به وێنه‌ی باڵنده‌کانی کۆچه‌ری، تێلی په‌رژینی به‌سامی هیچ سنوورێکی ناناسن. شار به شار و زار به زار، ده‌گه‌ڕێن و بڵاو ده‌بنه‌وه. چاپیشیان نه‌که‌ن، هه‌ر بڵاو ده‌بنه‌وه.

پ – به‌ڵێ. وایه. ئینسانه‌کان دێنه سه‌ر دونیا و له‌م چه‌شنه شیعرانه ده‌خوڵقێ و ده‌که‌ونه سه‌ر زاران و دوایه ده‌خرێنه ناو خه‌زێنه‌ی ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و گه‌له. ئه‌دی به‌شی دووهه‌م چۆنه؟ چونکوو به ڕه‌وتی به‌رده‌وام، ئه‌و جووره شیعرانه‌ت ناو برد.

و – به‌ڵێ! ئه‌وه شیعری ڕه‌وتی به‌رده‌وام بوو. شیعری پایه‌دار بوو.

دوایه ده‌گه‌ینه به‌شی دووهه‌م که باش‌تره ناوی بێنین: ڕه‌وتی شیعری ده‌سکرد. ڕۆژێ پیری دونیادیده، هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ (مامۆستا قاله‌مه‌ڕه) فه‌رمووی: “براله! هێندێ شیعر هه‌یه، به ته‌شی ده‌یڕێسن!” ئه‌و قسه‌یه‌م زۆر پێ جوان بوو. پێم سه‌یر نه‌بوو شمشاڵ‌ژه‌نێکی هه‌شتا ساڵه‌ی شاران‌گه‌ڕاوی نه‌خوێنده‌وار، کورت و کوردانه ئاوا به شیرینی ڕای خۆی ده‌رباره‌ی شێعر ده‌ربڕێ. ئه‌وه‌م پێ سه‌یر بوو که ده‌بوو ئه‌دیبێ ئه‌و قسه‌ی کردبا، نه هونه‌رمه‌ندی مۆسیقا. لێره‌دا قاله‌مه‌ڕه زمانی به “خوری” ته‌شبیه کردووه. یانی ئه‌تۆ بێنی به دانسته، مووبه‌موو وشه‌کان به ئامرازێک لێک ببه‌ستی و به زۆری وێنه و ڕازێنه‌ری پێوه هه‌ڵواسی. جا ئه‌وه‌یه شیعری ده‌سکرد.
تاوه‌کوو هونه‌رمه‌ندێ، دڵی ئاوری تێ‌به‌رنه‌بێ، شێعری دڵ‌ته‌زێن نانووسرێ که شوێن له‌سه‌ر هه‌ستی ئینسانه‌کانی دیکه دابنێ. تاقه شێعرێکی پڕ هه‌ست له‌ لایه‌ن هه‌ر که‌سێکه بخوڵقێ. خاوه‌نه‌که‌ی شاعیره. حه‌ولدان بۆ به‌رهه‌می زۆره که ده‌بێته هۆی نووسینی شیعری ده‌سکرد و به وته‌ی ئێوه شتی تازه‌ی تێدانابێ. با ئێمه سه‌د شاعیرمان هه‌بێ و هه‌ر یه‌کێ تاقه شیعرێکی په‌تی و پڕهه‌ستیان خوڵقاندبێ، له‌وه باشتره که چوار پێنج شاعیرمان هه‌بێ و حه‌ول بده‌ن که به‌رهه‌م‌یان زۆر و دیوانه‌که‌یان پڕ بێ. لێره‌دایه که شیعری ده‌سکرد په‌یدا ده‌بن و وه‌کوو به‌رهه‌می دارێک ده‌چن. خۆ شیعر، به‌رهه‌می کشت‌وکاڵی نیه، ده‌غڵ و دانیش نیه که خه‌رمانی پڕ پیت و به‌ره‌که‌تی به شانازیه‌وه هه‌ڵده‌ینه‌وه. با که‌م بێ و جه‌م‌وجۆر بێ، نه‌ک زۆر بێ و بۆر بێ.

پ – به‌ڵێ وایه. بابه‌تاهیر شیعری که‌مه، به‌ڵام جوانه. به قه‌ولی ئێوه، شیعره‌کانی پایه‌داره. به‌ڵام به‌شێکی ئه‌م پرسیاره بێ‌وه‌ڵام مایه‌وه؛ باسی نزیکی شێوازه‌کان و ده‌نگی سه‌ربه‌خۆت نه‌کرد.

و – له‌و بابه‌ته‌وه که پرسیتان شێعری چه‌ند که‌س له په‌نایه‌ک داینێن، نازانین کامه‌یان هی کامیانه، ئه‌وه به بڕوای من، نابێته عه‌یب بۆ ئه‌و شیعرانه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه ناوه‌رۆکی شیعری لاوه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه، زۆر شت وه‌ده‌ر ده‌که‌ون. ئه‌وانه شاعیری هاوچه‌رخن و له وڵاتێک‌دا ده‌ژین. هاوفه‌رهه‌نگ و هاوته‌مه‌نن یان ته‌مه‌نیان لێک نزیکه. که‌وابوو ده‌رده‌کانیان، ئازاره‌کانیان و ئاره‌زووه‌کانیان، هه‌ر یه‌کن. خه‌رمانی یه‌ک خه‌م به سه‌ریاندا دابه‌ش کراوه. به‌شه خه‌فه‌تی هه‌ر کامیان وه‌کوو ئه‌وه‌ی دیکه ده‌چێ. هه‌ستی ده‌روونی شیعره‌کانیش که له هه‌ڵبژاردنی وشه‌کان‌دا ده‌رده‌که‌وێ، دیارن، سکاڵاکان و هاواره‌کان وێک ده‌چن. وشه‌ی سه‌یر هه‌ڵ‌ده‌بژێرن که ئاوێنه‌ی هه‌سته‌که‌یانه. بۆخۆم زۆر به سه‌رنجه‌وه ته‌نانه‌ت چه‌ن جار شیعرێکی تازه‌ی ئه‌و لاوانه ده‌خوێنمه‌وه، ده‌مه‌وێ چێژی لێ وه‌رگرم کاتێ بۆ وێنه سه‌رنج ده‌ده‌مه وشه‌ی “تۆقینه‌وه”، هه‌ست به ده‌نگی گرمه و ئاگر و خوێن و دووکه‌ڵ و که‌پ و تۆز و هاوار و گریان ده‌که‌م. ئه‌گه‌ر شیعره‌کان‌مان خۆش بوێ و جوانیان بخوێنینه‌وه، زۆریان باشن. ئه‌گه‌رچی له باری وه‌زنه‌وه یا ژماره‌ی بڕگه‌وه یه‌کن. جا چ بوو خۆ قسه، به وه‌زن نابێ به شیعر! ته‌واوی شانامه‌ی فێرده‌وسی، هه‌مووی یه‌ک وه‌زنه. هی خه‌یام، یه‌ک وه‌زنه. هی بابه تاهیر که ناوتان هێنا، یه‌ک وه‌زنه. ئه‌گه‌ریش ئه‌م قسانه‌ی من ده‌رباره‌ی شێعری لاوه‌کان، به پاکانه ده‌زانن، لێره‌ش‌دا هه‌ر ئه‌وان بێ‌تاوانن. کێ فێری کردوون؟ کام کتێبی بێ‌هه‌ڵه‌ی فێر کردن و بارهێنان هه‌یه تا بیخوێنن. کام به‌رنامه‌ی ته‌له‌وزیۆن بۆ هونه‌ری وان ته‌رخان کراوه؟ ئه‌زموونه‌کانیان له کوێ وه‌رگرن. کاتێ تاقی‌کاری و لێپرسینه‌وه له قوتابی هه‌یه، که له‌پێش‌دا شتێکی فێر کرابێ.

پ – باسی ده‌نگی سه‌ربه‌خۆت له‌بیر ماوه؟

و – ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ له‌و ڕوانگه‌وه که ئێوه ده‌تانه‌وێ یا خه‌ڵک ده‌یه‌وێ، پێم وایه وه‌گیر ناکه‌وێ! دونیا زۆر کۆنه، بابه‌ته‌کان زۆر که‌من. ده‌شتوانین قه‌تاریان که‌ین و بیانبژێرین دیوانی حافزیش بۆخۆی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دیوانی بیست و چوار شاعیری پێش خۆیه‌تی، ڕه‌نگه هاوچه‌رخ و هاوده‌ردیشی تێدا بێ. حافزیش ده‌نگی سه‌ربه‌خۆی نیه. به ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێ. بۆخۆم ته‌نیا شاعیرێ ده‌ناسم، که بابه‌ت و شێواز و هه‌موو شتێکی ده‌ڵێن تازه‌یه و هه‌میشه خولقێنه‌ر و داهێنه‌ره، ئه‌ویش [ئاڵدۆپالاتسکی/ALDOPALATSKI] شاعیری هاوچه‌رخی ئیتالیایی‌یه که ده‌ڵێن هیچ شاعیرێ شوێنی له‌سه‌ر دانه‌ناوه و ئیلهامی له شیعری که‌سیش وه‌رنه‌گرتووه. بۆخۆشی، هۆی سه‌رکه‌وتنی خۆی درکاندووه: ده‌ڵێ: “ئه‌من پشتم به بیر و خه‌یاڵی خۆم به‌ستووه. بابه‌تی شیعره‌کانم له کووچه‌ی خۆمان‌دا ده‌بینمه‌وه. زۆر جاریش چوومه‌ته کتێبخانه گه‌وره‌کان، به‌ڵام تا دیوانی قورسی شاعیره‌کانم هه‌ڵداوه‌ته‌وه، پاش چه‌ن ساتێ وه‌ڕه‌ز بووم و دڵم گیراوه و هه‌ڵاتووم!” ئه‌مه قسه‌ی “ئالدۆپالاتسی بوو. جارێکیش کوتوویه: “ئه‌من قه‌ت یه‌ک سه‌عاتیشم بۆ خوێندنه‌وه ته‌رخان نه‌کردووه”. پێم وابێ له وڵاتی ئێمه‌دا هه‌ر شاعیرێ شیعرێکی له گۆڤارێک‌دا چاپ کردبێ و جگه‌رگۆشه‌یێکی خستبێته به‌ر چاوی خوێنه‌ران، ده‌نگی تایبه‌تی و سه‌ربه‌خۆی هه‌یه. هه‌ر گوڵێ، عه‌تر و بۆنی خۆی هه‌یه، ده‌نگی خۆی هه‌یه. هه‌ر قامکێ ،خوێنی خۆی لێدێ. ئه‌گه‌ر به وردی شیعر بخوێنینه‌وه، زیاتر چێژی لێ وه‌رده‌گرین.
——-

(۱) ئاماژه‌یه به شیعرێکی فۆلکلۆری “تا که‌ی دانیشم له سای داری بی/ تا که‌ی هه‌ڵ‌کێشم ئاهی غه‌ریبی”

* بایه: کاسه، ده‌فر، قاپ

** ئه‌و که‌سه‌ی باس‌مان کرد.

سەرچاوە: گۆڤاری سروە ژمارە ١٥٢،١٥٣،١٥٤

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

“باڵندەکانی دەم با” و فرەگوتاری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *