خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / چیم لە بیر ماوە لەسەر سەگوەڕ

چیم لە بیر ماوە لەسەر سەگوەڕ

چیم لە بیر ماوە لەسەر سەگوەڕ

مام جەلال

چیرۆکنووسی گەورەی کورد، مامۆستا محەمەد موکریم بە هۆی سەگوەڕەوە باشتر ناسی. وەختێ کە لە دەست زۆڵم و زۆر و ستەمی داگیرکەران ڕای کرد خۆی گەیاندە برا شۆڕشگێڕەکانی خۆی، سەنگەری خەباتی ئەدەبیی خستە پاڵ سەنگەری پێشمەرگایەتی، هاتە ناوچەی ڕزگارکراوی ی.ن.ک.

بەش بە حاڵی خۆم، زۆرم پێ خۆش بوو کە ئەو ئەدیبە ڕۆناکبیرە لایەنی ناوچەی «ی.ن.ک» هەڵبژاردووە و نیازیشی درێژەپێدانی خەباتی شۆڕشگێڕانەیە. تا بە ئازادی قەڵەمە تیژەکەی بخاتە کار، هەر بۆیەش زۆرم پێ خۆش بوو کە ڕۆمانی سەگوەڕی بۆ چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەڵام زۆری نەخایاند دەنگی تووڕەیی و ناڕەزایی لە نێو هەندێ کادیر و پێشمەرگەی «ی.ن.ک» دا دژی سەگوەڕ بەرز بووەوە پرتە و بۆڵە لەملا و ئەولا پەیدا بوو.

لەو سەردەمەدا منیش کە دەمێک بوو لە دڵ و دەروونی خۆمدا دروشمی «دابینکردنی ئازادی و ژیان»م بۆ نووسەران و ئەدیبان خەمڵاندبوو، هەلەکەم قۆستەوە، بۆ چاکتر و بەدەنگ بەرزتر دەربڕینی دروشمەکە و بەرزتر کردنەوەی ئالاکەی، بۆیە دەتوانین بڵێین هیچ نەبێ سەگوەڕ ئەو کەڵکەی هەبوو.

کەڵکی تری بڵاو کردنەوەی سەگەوەڕ ئەوە بوو کە بووە مایەی قسە و باس و مشتومڕ و لێدوان و گفتگۆ، ئەوی ڕاستی بێ منیش بەشداریم تێدا کرد، هەم لەگەڵ پێشمەرگە نارازییەکان و هەم لەگەڵ کادیر و نووسەرانی «ی.ن.ک»یش ئەو ڕاستییەمان بۆ هەمووان دووپات کردەوە، کە دەبێ «ی.ن.ک» هەڵگر و بەدیهێنەری دروشمی دابینکردنی ژیان بێت بۆ نووسەران و ئەدیبان کەڵکە زۆر و زەوندەکانی ئەو دروشمەم نیشان دان. لە وڵامی هەندێ پێشمەرگەدا پرسیم کە مامۆستا موکری چی تێ گرتون؟ گولله یان گوتە….

گوتیان شتی وای نووسیوە بە دڵمان نییە دژی «ی.ن.ک»یشە

لە وڵام دا گوتم:

دژی «ی.ن.ک» تێدا نییە. بەڵام گەر بەدڵتان نییە. بە هەمان چەکی مامۆستا موکری بەرەنگاری ببنەوە. ئێوەش لە سەر «سەگەوەڕ» بنووسن و چیتان پێ هەڵەیە نیشانی بدەن و چیتان پێ باشە دەری ببڕن.

ئەم ڕاستییەشم بۆ ڕوونکردنەوە کە مانا ڕاستەقینەکەی ئازادی ئەوەیە بەسەربەستی و بێ‌ترس و لەرز، نووسەر بتوانێ بیر و بۆچوونەکانی دەربڕێ، ئەمە مافی هەموو مرۆڤێکە، ئەوەی بەدڵی کاربەدەستان و حیزبەکانە، ئەوەی بە دڵیشیان نییە، بە ڕەخنەی سازەند و ڕەخنە لە خۆ گرتن و دەستنیشانکردنی کەموکۆڕی و ناتەواوییەکان و دەربڕینی ئاوات و خواستەکانیش، ئەگینا کام دیکتاتۆر زوێر دەبێ لە مەدح و سەنا و پێ‌هەڵگوتن و شاباش بەسەر لێداندا؟ کە بەڕاستی ئەو جورە ڕەفتارە هی چاوەشی سیاسییە نەک نووسەر و بیرڕووناک‌ و ئەدیب و مرۆڤی سەرڕاست… هەموو حکومەتە دیکتاتۆرەکان و کاربەدەستە زۆردار و دەستڕۆیشتووەکان و پوڵدارەکان بۆ داپۆشینی زۆڵم و زۆر و خەیانەت و ڕاووڕووت و دزی و تاوانەکانی خۆیان، دەتوانن دەمی هەندێ نووسەر و خوێنەر چەور بکەن و بە پووڵ و پارە ویژدانیان بمرێنن، یا بنوێنن و ناوبەناویش وایان لێ بکەن پێیاندا هەڵبدەن و درۆ و دەلەسەیان بۆ بڕازێننەوە. بەڵام ئەوانە ئازاد نین. بەڵکو چاوەشی سیاسی و چاوەشی ئەدیبن. ئازادی مافی پیرۆزی مرۆڤە، ئەدیبانی ڕاستەقینە هەمیشە دەبێ بۆ دەربڕینی ڕاستییەکان و بەرپەرچدانەوەی هەڵە و چەوتییەکان بکەونە کار. ئەمە ماڤێکی پیرۆزی هەموو ئینسانێکە کە حەق بۆ سوودی خەڵک و نیشتمان و مرۆڤایەتی و خودی ئینسان بەکار بێنێت.

لە چاپکردنەوی سەگەوەڕیش چاکەیەکی تر دەبینم، ئەویش ئەوەیە، سات و سەردەمێکی شوڕشە نوێیە پیرۆزەکەمان دێنێتەوە یاد و هانمان دەداتەوە بۆ بەکارهێنانی مافی پیرۆزی ئازادیی بیروڕا و سەربەستیی باوەڕ و بۆ چوون، بەو بۆنەشەوە دەمەوێ سەرلەنوێ داوا بکەمەوە لە:

۱- ی.ن.ک و دەزگاکانی بۆ بەرزترکردنەوە و بووژاندنەوەی دروشمی (دابینکردنی ئازادی و ژیان بۆ نووسەران و ئەدیبان و بیرڕووناکان، بۆ بەدیهێنانی ئەو دروشمە و جێبەجێکردنیشی)

۲-نووسەر و ئەدیبانش بۆ ئەوەی قەڵەمەکانیان تیژ کەنەوە و بیریان جۆش دەنەوە، بۆ بەکارهێنانی گیروگرفتەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریی و ئابووری و نیشتمانی و نەتەوایەتی و چینایەتی و خۆیییایەتی… بۆ ئەوەی بەو پەڕی سەربەستییەوە، ڕەخنە بگرن، کەمکورتییەکان دەستنیشان بکەن و چارەشیان بۆ دیاری بکەن، تاکوو رەخنەکەیان ڕەخنەی سازدانەوە و داهێنەر و گەشەپێدەر بێت. وەک چاککردنی نەخۆشییەکە و دابینکردنی دەرمان، نەک بۆ مراندنی نەخۆشەکە…

۱۹۸۸/۹/۸

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *