خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / کتێبی “جەنگاوەرکان پیشەیان مردنە” بڵاوكرايه‌وه‌

کتێبی “جەنگاوەرکان پیشەیان مردنە” بڵاوكرايه‌وه‌

کتێبی “جەنگاوەرکان پیشەیان مردنە”ی ئالان پەری چاپ و بڵاوكرايه‌وه‌

ئالان پەری

پێگه‌ی هه‌واڵنێری ماڵی کتێبی کوردی- بڵاوکراوەکانی نووسیار لە یەکەمین دەرکەوتنیدا لە زنجیرە کتێبێ ”خەرمانەی نووسیار” کە تا ئێستا سێ کتێبیان ئامادەیە. کتێبی (جەنگاوەرکان پیشەیان مردنە) ی ئالان پەری چاپ و بڵاو دەکاتەوە.

ئەم بەرهەمە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابرودوودا نووسراون و لە دوتوێی ١١٣ لەپەڕەدا پێک هاتووە لە ٢٦ چیرۆکە شیعر کە ئەزموونێکی نوێی شاعیرە. هاوکات نووسەر ئەحمەدی مەلا پێشەکی بۆ کتێبەکەی نووسیوە. لە نێو دەقەکاندا چەند کاری ئیلێسترەیشن لە لایەن هونەرمەند خاتوو سابات عەباس نەخشێنراوە.

ئالان پەری خاوەنی چەندین کتێبی شیعریە هەروەها و کاری وەرگێڕانی کردووە کە دواترینیان کاری وەرگێڕانی کتێبی شاعیری دانیمارکی نیلس هاو ”شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە” بوو.

نووسەر ئەحمەدی مەلا لە دەستپێکی پێشەکی بۆ کتێبی جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە بەم جۆرە دەنووسێت:

ئالان پەری دەنگێکە زۆربەمان دەقەکانیمان خوێندووه‌تەوە. یەکێکە لەو شاعیرانەی کە گوێ بۆ دەنگی خۆی ڕاده‌دێرێت. بە زمانێکی جودا و سوریالیئامێز کێش و سەروا لەدوای خۆیه‌وه‌ وەکوو دوو نەیار بە جێ دەهێڵێت و دەچێتە نێو ڕیتم و وێنەی نوێوە. ئەم دەنگە لە خڵتەکانی شیعری کوردی خۆی پاک کردووه‌تەوە. لەبەر سێبەری دەنگی کەسدا دەقەکانی نانووسێتەوە، بەڵکوو وەکوو هەموو شاعیرێکی ساغڵەم گوێ لە ناخی خۆی (هەواری ڕاستەقینەی وێنەکان) ده‌گرێت.

تێکستێک لە کتێەکە:

”جەنگاوەرەکان عاشقن، بێهیوا و تا ئەوپەڕی بیر لە ژیان ناکەنەوە، بۆ گوڵ دەجەنگێن بێ ئەوەی فریای بۆنکردنی بکەون، بۆ یار خۆیان بە کوشت دەدەن بێ ئەوەی لێوی کیژێک بگەزن. بێڕەحمن بەرانبەر بە خۆیان، شاعیرانە خەباتی مردن دەکەن. ئەوان قوربانیی دەستێکی نامۆن، یان مەرگپێشی خەونن، ئەوان ئێشکگری برینەکانن، وشە ساڕێژ دەکەنەوە لە هەڵواسین، باخ ئازاد دەکەن، دڵ دەچێنن، شەڕانگێزن، بەڵێ شەڕانگێزن بۆ مانەوەی بۆنی تەڕی باران، بۆ مانەوەی مرۆڤی گەشتیار لەسەر مانگ؛ جه‌نگاوه‌ره‌کان بۆ نه‌هێشتنی پیربوونی زه‌وی ده‌چنه‌ به‌ره‌کانی جه‌نگ.”

بڵاوکراوەکانی_نووسیار Nûsyar Books

لە هەوڵێکی نوێ و لەژێر ئەو کەلێنە زۆرەی دونیای چاپ و بڵاوکردنەوەدا، ”نووسیار” هەوڵ دەدات ببێتە دەروازەیەک بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بە چەندین زمانی جیهانی. ئەم خانەیە دەبێتە پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و چەندین کتێب بە زمانی کوردی و زمانەکانی تر بڵاودەکاتەوە، هەروەها جەخت لەسەر کاری وەرگێڕانیش دەکات لە زمانەکانی تر بۆ کوردی و بە پێچەوانەوە. خانەیەکی سەربەخۆیە و تەنها ئامانجی گەیاندنی ڕۆشنبیرییە و ئیشکردنە لە سەر بەدەرخستنی ڕۆشنبیری و دیدی جیاواز و دونیای جوانییەکان.

وەک کارێکی نوێ بڵاکراوەکانی”نووسیار” هەڵدەستێت بە دابینکردنی ژمارەی پێناسەی هەر کتێبێک کە بە ژمارەی ISBN ناسراوە یان ژمارەی نێودەوڵەتی کە نووسینگەی تایبەتی خۆی هەیە کە سەر بە ڕێکخراوێکی نێودەڵەتییە بە سپاردن و پێدانی ئەوژمارەیە، هەتا لە زۆربەی تۆڕەکانی نێت یان فرۆشگاکانی کتێب و کتێبخانەکان کتێبکە پێناسەی خۆی هەبێت. بڵاوکراوەکانی نووسیار لە ئێستادا ئەو کۆدەی دەستەبەر کردووە لەلایەن سەنتەری کتێبخانەکانی دانیمارک و هەروەها کتێبەکانی نووسیار لە ئەرشیفی کتێبخانەی شانشینی دانیمارک پارێزراو دەبن.

سەرەتا بە دوو پرۆژە دێتە مەیدانی چاپ و بڵاوکردنەوە:

پرۆژەی زنجیرە کتێبی (خەرمانەی نووسیار) کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی کتێبی شیعری و دەق و چیرۆک و کورتە ڕۆمان.

پرۆژەی (نووسیار) بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی چەندین کتێبی جیاواز لە زۆربەی بوارەکانی ڕۆشنبیری و فەلسەفە و هونەر و وەرگێڕان.

بڵاوکراوەکانی نووسیار لە کۆتایی ساڵی ۲۰۱۸ دامەزراوە.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *