خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ئێستا ژیان نیشتیمانمە

ئێستا ژیان نیشتیمانمە

ئێستا ژیان نیشتیمانمە

بەختیار عەلی

نۆرمان میللەر لە تێکستێکیدا دەڵێت « مردن زۆر سەخت نییە، تا ئێستا کەس نییە نەیتوانیبێت بمرێت». بەڵام ئەم وەسفە بۆ هەموو کەس دروست نییە… بەبڕوای من شێرکۆ لەوانەیە چەندە بیەوێت، چەندە هەوڵبدات ناتوانێت بمرێت. کورتکردنەوەو وەسفکردنی شێرکۆ لەکارە سەختەکانە. من رستەیەک شکنابەم لەوەسفیدا باسیبکەم، دێڕێکی کنۆت هامبسون نەبێت کە دەڵێت «بلیمەت چەخماخەیەکە، گرمەکەی سەدان ساڵ دەنگدەداتەوە». ڕاستە ئەمڕۆ چیتر روناکی ئەو چەخماخەیە نابینین، بەڵام بەدڵنیاییەوە گرمەی تا سەدان ساڵی ترو ڕەنگە تا دوا کورد لەسەر ئەم ئەستێرەیە بەردەوام بێت. مردنی کتوپڕ نەبوو، لەو جێگایەدا هات کە دەبوو بێت، وەک خۆی، وەک رووداوێک، وەک شتێک دوای خۆی رەنگی دونیا دەگۆڕێت… مردنی وەک شتێک دێت کە پێشتر زۆر بیری لێکرابێتەوە، وەک پلانی بۆ کێشرابێت، وەک ساتێک بێت، لەمێژە خۆی بزانێت لەکوێدایەو کەی دێت. مردن هەمیشە بەشێکی گرنگی جیهانبینی شێرکۆ بووە، بەڵام شێرکۆ لەو شاعیرانەیە کە دەتوانین بەشاعیرانی ژیان ناویان بەرین. زۆر لەسەر مردوەکانی نوسیوە، نا بۆ ئەوەی مردنیان بگێڕێتەوە، بەڵکو بۆئەوەی زیندوویانبکاتەوە… نوسین لای شێرکۆ، پرۆسەی ژیان بەبەرداکردن بووە. نوسین لای ئەو بەدروستکردنی ژیانەوە گرێدراوە. سەردەمی شێرکۆ، بەمڕۆشەوە سەردەمی مردن‌و کارەساتە گەورەکان بوو. بەرامبەر بەدەسەڵاتی ڕەهای مەرگ، شیعری شێرکۆ سەمبولی دەسەڵاتی ڕەهای ژیانە. ئەو بەژیانی ڕەها، بەژیانێک کە دەکرێت بەبەری هەموو مردوەکاندا، بەبەری هەموو بێگیانەکاندا، وەڵامی مەرگ دەداتەوە، بەرامبەر بەبێنرخبوونی مرۆڤ، شیعری شێرکۆ گۆرانییەکی بەردەوام‌و ستایشکردنێکی بێوچانی جوانییەکانی مرۆڤە. هەموو شتێک لەشیعری شێرکۆدا دەژی‌و وەک مرۆڤ دەنوێنێت. نیشتیمانی شێرکۆ، نیشتیمان نییە بەمانا ناسیونالیستییە تەسکەکەی، بەڵکو هەموو ئەو شوێن‌و سنوورانەیە کە هێزی ژیان دەستی دەگاتێ. لەشیعری ئەودا بەردەکان، چیاکان، باڵندەکان پێکڕا وەک ئێمە زیندوون، وەک ئێمە هاواردەکەن، دەترسن‌و دەژین‌و بۆ مانا دەگەڕێن . «گۆران» یش وەک شێرکۆ عاشقی ژیان بوو، بەڵام گۆران کوڕی ڕۆژگاری کارەساتە گەورەکان نەبوو… گرنگیی شێرکۆ لەوەدایە لەناوەڕاستی هەموو گەردەلوول‌و کارەساتەکاندا ستایشی ژیان دەکات، ئەو تەنیا وابەستەی زیندوێتی خۆی نییە، بەڵکو وابەستەی لادان‌و شکاندنی هەر قاڵبێکە کە بوونمان گەمارۆدەدات، شیعری ئەو هیچ نییە جگە لەبەربوونی وزەی ناکۆتای ژیان لەزیندانە گەورەکانی خۆی. شێرکۆ لەسیاسەتیشدا نوێنەری هاواری ژیانە، نەوەک هاواری ئایدۆلۆژیایەک یان بەرەیەک. ئەو شاعیری ڕووداوە گەورەکان‌و شتە بچوکەکانیش بوو، هیچ کات لەزمانی شیعر بەولاوە زمانێکی تری نەبوو، شیعری ئەو بریتییە لەسەفەرێکی بێوچان‌و قووڵ‌و پڕ لەسەرسامی بەناو شتەکان‌و پەیوەندییە نهێنییەکانیاندا. یەکێک بوو لەو شاعیرە کەمانەی مێژوو کە دەتوانن هەموو شتێک بکەن بەشیعر… لەهەر شت سەختترو گرنگتر بۆ من، هێزی شێرکۆ بوو لەسەر گۆڕینی سیاسەت بۆ شیعر. سیاسەت لای شێرکۆ بەشێک بوو لەدونیابینییە شیعرییەکەی، هیچ کات بەچاوی سیاسی سەیری شیعری نەدەکرد، بەڵکو هەمیشە بەچاوی شاعیر سەیری سیاسەتی دەکرد… هیچ کات هەستم نەکردوە، لەوە بپرسێت خەڵک لەسەر خۆی، لەسەر هەڵوێستی، لەسەر بڕواکانی چی دەڵێن، بەڵام هەمیشە دوودڵی ئەوەبوو لەسەر شیعری چی دەگووترێت. نە پێش ئەوو نە دوای ئەو کەسێکمان نییە بەوجۆرە دیلی شیعر بووبێت. شێرکۆ شاعیر نەبوو، بەڵکو کارخانەیەکی گەورەو سەرسوڕهێنەری شیعر بوو. هێزێکی بێوێنەی هەبوو، شیعر لەهەموو فۆرم‌و شێوەو ئەگەرەکانیدا تاقیبکاتەوە، شیعر تا ئەوپەڕی سنوورەکانی مەحاڵ ڕابکێشێت، هەمان بیرۆکەو هەمان ئایدیا لەسەدان وێنەی جیاوازدا دابڕێژێت. ئەو هەمیشە لێرەیە… لەو مرۆڤانەیە کە تەنیا لەدایکدەبێت، مردنی هیچ نییە جگە لەمیتافۆرێکی شیعری، لەمەجازێک کە هیچ کات ناتوانین وەک حەقیقەت وەریبگرین… لەگەڵ شێرکۆدا مردن هیچ کات ناتوانێت وەزیفەی تەواوەتی خۆی تەواوبکات، ئەو وەک هەموو نوسەرە گەورەکان یەک لەشی نییە، بەڵکو زیاد لەلەشێکی هەیە، مردن تەنیا دەتوانێت فۆرمێکی جەستەی بسڕێتەوە، بەڵام فۆرمەکانی تری هەمیشە لێرەن … ئەو لەو ڕۆحانەیە چەندە مردن لەڕاڕەوەکانی کات‌و شوێندا دوای بکەوێت، بەجۆرێک لەجۆرەکان زیندوودەبێتەوەو سەرهەڵدەداتەوە، ئەو وەک هەموو شاعیرەکان پتر لەسەرابە تا لەگۆشت. ئەوەی شێرکۆی کرد بەکاراکتەرێکی گەورە، ئەو توانا گەورەیەی بوو، هەمیشە لەسەرەتاوە دەستپێبکاتەوە، شیعر لای شێرکۆ ئەزموونێک نییە سەرەتاو کۆتایی هەبێت، بەڵکو هەر خودی ژیانە لەجوڵە ئەبەدییەکەیدا. ڕەنگە هەموو سەرسامبووبین بەتوانای لەسەر نەوەستان، لەسەر نوسین، بەڵام خۆی نا، خۆی یەکێکە لەوانەی هەمیشە لەسەرەتاوە دەستپێدەکەنەوە، بۆ ئەو ژیان ئەوەبوو بنوسێت، نەوەک هەناسەبدات. ئەو لەو مردووانەیە کە بەردەوام دەگەڕێنەوە، هەمیشە شتێکی نوێی تێدایە دەبێت بانگیبکەین‌و بیبینین.

ئەو تەنیا مرۆڤێک نەبوو بەهەزاران قەسیدەوە، بەڵکو مرۆڤێکە سەردەمەکانی داهاتوو، ئەو ڕۆژگارانەی کە دێن، هەرگیز تێرنابن لەسەیرکردنی.

زۆر ناڕۆم گەر بڵێم شێرکۆ تەنیا روانگەییەکی راستەقینە بوو، تاکە ڕوانگەییەک تا کۆتا بەوەفا بوو بۆ ئەو گیانی داهێنانەی ڕوانگە بانگەشەی بۆ دەکرد، تاکە روانگەییەکیش کە ڕوانگە دیلی نەکرد . لەساتێکدا ناوی ئەو تەواو بەسەر ناوی روانگەدا سەرکەوت، هێزی ڕوانین‌و بینینی لەوە گەورەتر بوو لەهیچ ڕێباز یان قاڵبێک یاخود فۆرمێکدا ببەسترێتەوە. وەک هەموو نوسەرێکی گەورە توانای هەبوو سەر بەهیچ ڕێبازو قوتابخانەیەک نەبێت، ڕوانگە لەئەزموونی سەرەتایی شێرکۆدا، ساتێکی ترازانە لەمێژووی پێش خۆی… ساتێکی هەستکردنە بەلەدایکبوونی دونیایەک کە پێویستی بەدەنگێک هەیە ببێتە نوێنەرو قسەکەری، بەهەڵگری پارادۆکس‌و ناکۆکییەکانی، بەگوزارشتکەرێک لەئومێدە ترساوەکانی. بەبڕوای من ڕوانگە هیچ کات قوتابخانە یان رێباز نەبووە، بەڵکو ناونانێکی میتۆلۆگییە بۆ لەدایکبوونی دونیایەکی نوێ، بۆ ساتێک هەست بەئاوابوونی جیهانێک دەکەین‌و خۆمان لەبەردەم گەرداوی ڕۆژگارێکی نوێدا دەبینین.

جیاوازی نێوان شێرکۆو هەموو شیعری پێش خۆی بەپلەی یەکەم لەوەدایە، کە شاعیرانی دی هەموو بەجۆرێک لەجۆرەکان لەناو جیهانێکی ئامادەدا لەدایکدەبوون، لەناو سیستمێکی زمان‌و وێناکردنی پێشوەخت ئەزموونکراودا، لەناو فۆرمێکی شیعرو شێوەیەکی تێڕوانیندا کە مێژووییەکی دێرینەی بوو، ئەفسانەی شێرکۆ لەوەوە دەستپێدەکات کە دوای دوو دیوانی یەکەمی بەجۆرێکی رادیکال، لەناکاو، وەک بازێکی ئەفسانەیی شیعرەکانی «من تێنوێتیم بەگڕ دەشکێ» دەنوسێت، باز بەرەو جیهانێکی نوێ‌و زمانێکی نوێ دەدات کە پێشتر نەبووەو تاقینەکراوەتەوە. «من تینوێتیم بە گڕ دەشکێ» لەگەڵ «لەخەوما»ی جەمیل سائیب ، دوو گرنگترین کاری ئەدەبی سەدەی بیستی ئێمەن… لەبەرئەوەی لەهەردووکیاندا بەجۆرێکی ڕادیکال شکاندنی گۆشەنیگاو سیستمی وێناکردنی دونیا هەیە. «من تینوێتیم بەگڕ دەشکێت» ساتی لەدایکبوونی ڕاستەقینەی شێرکۆیە، ساتی جیابوونەوەی گەورەیەتی لەگۆران، ساتی پچڕانی شیعری کوردییە لەچەند سەدەیەک ڕابوردووی خۆی… بەبڕوای من هەڵەیەکی گەورەیە دروستبوونی ئەم ساتە تەنیا بگێڕینەوە بۆ کاریگەریی شیعری عەرەبی نوێ لەسەر نوسەرانی ئەو دەم، بەپێچەوانەوە، ئەو ساتە ساتی پەیوەندی راستەقینەی ئەدەبیاتی ئێمەیە بەکەلەپوورێکی کۆن‌و دێرین‌و چەپێنراوی خۆی، ساتی لەدایکبوونی ڕاستەقینەی زمانە بەمانا هەرە گەورەو بێسنوورو فەنتازییەکەی … شێرکۆ ساتی هاتنەگۆی زمانێکە بەدرێژایی مێژوو بەچاوی بەستراوەوە قسەیکردوە. ساتی پەیوەندیکردنی زمانە بەقووڵاییە شاردراوەکانی خۆیەوە، ساتی دۆزینەوەی زمانە بۆ ئازادی خۆی، ئازادییەک کە حەتمەن پێش هەموو جۆرە ئازادییەکی تر دەکەوێت. ئەمجۆرە شۆڕشە تەنیا لەقووڵایی زمان خۆیدا دەکرێت، کاریگەرییەکانی دەرەوە هەرچییەک‌و هەرچۆنێک بن، تەنیا مۆتیڤن‌و هیچی تر … نوێگەریی شێرکۆ ناشوبهێنرێت بەهیچ جۆرێک لەنوێگەرییەکانی تر لەئەدەبیاتی دەوروبەردا، شێرکۆ تەنیا داهێنەری فۆرمێکی نوێی شیعر نییە، بەڵکو ساتێکی گەورەترو ئەفسانەییترە، ساتی دۆزینەوەی زمانە بۆ جەستەی خۆی، بۆ ناکۆتابوونی خۆی، بۆ سنوورە دوورو ئەگەرە بێشومارەکانی ناوی … لەگەڵ شێرکۆدا زمانی کوردی لەزمانێکەوە کە تەنیا لەمەودای تەسکدا بەکاردەهێنرێت، تەنیا لەسەر لۆکاڵ ئیشدەکات، لەبۆ گەیاندن دەجوڵێتەوە، دەبێتە زمانێکی یۆنفێرسال، زمانێک بۆ هەموو شتێک، بۆ هەموو سەرکێشییەک، بۆ هەموو جۆرە گوزارشتێک، واتە توانای گوزارشتی لەئەبستراکت دەگاتە هەمان توانای بۆ گوزارشت لەدونیای واقعی‌و مەتریالی، سیفەتێک ڕێگا بەوەچەکانی دوای شێرکۆ دەدات، دەرگای بیرکردنەوەی تیوریی لەزمانی کوردیدا بکەنەوە، کارێک کە بێ ئەزموونی شێرکۆ نەکردەو ئەستەم بوو. ڕۆڵی مارتن لۆتەر لەئازادکردنی زمانە ئەوروپییەکاندا لەچنگی لاتینی چەند گەورەیە، ڕۆڵی شێرکۆ لەڕزگارکردنی زمانی کوردیدا لەمێژووی خنکاوی خۆی، لەدەسەڵاتی زمانەکانی دەوروبەر هێندە گەورەیە.

شیعری شێرکۆو ئەزموونە هەرە گەورەو نەبڕاوەکەی، ئەو هەوڵە داستانئامێزە بۆ باوەشکردن بەهەموو گەردوندا لەڕێگای شیعرەوە، بۆ نزیکبوونەوە لەهەموو شتێک لەڕێگای شیعرەوە، بۆ گۆڕینی شیعر بۆ خاڵێک دونیا لێوەی دەست پێدەکات، گوزارشتە لەو لەرینەوە گەورەو شەپۆلانە مەزنەی زمان دەتوانێت وەک دەریا لەناو خۆیدا دروستیبکات. گەر زۆر وردبینەوە دەبینین کە ئەوە شێرکۆ نییە زمان بەکاردەهێنێت تا قسەبکات، بەڵکو زمانە شێرکۆ بەکاردەهێنێت تا گوزارشت لەگەورەیی‌و بێسنووریی خۆی بکات… ئەوە شێرکۆ نییە لەڕێگای زمانەوە خۆی ئازاد دەکات، بەڵکو زمانە لەڕێگای شێرکۆوە ئازاد دەبێت.

شیعری شێرکۆ وەڵامێکی گەورەیە بۆ چەندین سەدە لەبێدەنگی قووڵ‌و گەورە. ئەو بەهەزاران لاپەڕە لەشیعر، وەڵامی سەدان ساڵ لەبێدەنگی ئێمە دەداتەوە. شێرکۆ دێت‌و یەکەم ئاوڕدانەوەی لەدوای خۆی، مێژووییەکی لاوازو خاڵی دەبینیت، دنیایەک شتەکان تێیدا بێدەنگن… لەشیعری کلاسیکیدا جگە لەسۆزو عاتیفەی عاشقانە هیچی تر قسەی نەکردوە، عاتیفەی چەپێنراوی مرۆڤ بەجۆرێک بەسەر فەنتازیای شیعردا زاڵبووە، تەواوی دونیاو هەستەکان‌و شتەکانی تری بێدەنگکردوە. شیعری شێرکۆ وەڵامێکی گەورەیە بۆ ئەو بیابانە مێژووییە بەرینە… ڕزگارکردنی شیعرە لەوەی تەنیا گوزارشتێکی عاتیفییانە بێت بۆ وەسفی یارو گلەیی بێت لەدووری ئەو. شێرکۆ دووری نێوان «وشەکان»‌و «شتەکان» بەجۆرێکی قووڵ دەدۆزێتەوە، ئەو فاسیلە گەورەیە هەست پێدەکات کە لەنێوان شیعرو بووندا دروستبووە. شیعری شێرکۆ لەبری گوزارشتێکی عاتیفیانەی کلاسیکی، دەبێتە نزیکبوونەوەیەکی گەورە لەگەردون. هەموو ئەو ڕووبەرانەی لەئەزموونی کلاسیکیدا بێدەنگ‌و شاردراوەن لەشیعری شێرکۆدا شوێنی خۆیان وەردەگرنەوە، شیعری شێرکۆ هاتنەگۆیەکی نوێی وشەکان‌و دەرکەوتەی ڕوخسارێکی دیکەی شتەکانە، هەم چالاکبوونەوەی وشەیە، هەم ڕزگاربوونی شتەکانە لەمردن‌و فەرامۆشی.
لەڕاستیدا شتێک نییە ناوی کۆتایی قسەکردن بێت لەسەر شێرکۆ… لەهەر جێگایەک هەستبکەین شتێکمان لەسەر شێرکۆ گووتووە، هەر لەو جێگایەدا دەبێت دووبارە بیخوێنینەوەو بەسەر دونیا ئاڵۆزو فرە ڕێ‌و فرە چینەکەیدا بچینەوە… ئەو بەتەنیا شاعیرێک نییە هاتبێت‌و بڕوات ، سەردەمێک بوو بەهەموو جەنجاڵییەکانییەوە، جیهانێک بوو بەهەموو پارادۆکسە گەورەکانییەوە، جیهانێک لەڕێگای ئەوەوەو تەنیا لەژێر باڵی خودێکی فرە رەنگ‌و فرە باڵی وەک ئەودا، دەیتوانی گوزارشت لەترس‌و ئومێدو خەونەکانی خۆی بکات.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆڕوو «لەیەکەوەدایو سەروو ئەدەبیاتی هامچەرخی هەورامی» زانکۆ کورساننە لوا ڕاوە

یک نظر

  1. زور خوشحال بووم که دووباره سه باره ت به شیرکپ بیکه س نووسیوتانه سپاس
    ئایا نووسراوه تان بو بنیرم چاپی ده که ن؟من روژهه لاتیم قه له م لیره ممنوعه ناتوانین به کوردی بنووسین.١٣٨٠که چوومه لای شیرکوبیکه س له سلیمانی قه ول وابوو کتیبم بوبدا له چاپ به لام من چه ندسال گیرام ڪتیبه که م هه روا ماوه.جاری مه جالی چاپ نیه.جاروبار شتان بوده نیرم له چاپی بده ن.ده م هه وی ئیستا ژیان نیشتمانه بکه م به فارسی ؟مه جال هه یه؟ براتان هه لگورد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *