خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کۆری پەردەلادان و واژۆی کتێبی شیعری «گۆرانییەک بۆ تەنیایی داهۆڵەکان» بەڕێوەچوو

کۆری پەردەلادان و واژۆی کتێبی شیعری «گۆرانییەک بۆ تەنیایی داهۆڵەکان» بەڕێوەچوو

کۆری پەردەلادان و واژۆی کتێبی شیعری «گۆرانییەک بۆ تەنیایی داهۆڵەکان» بەڕێوەچوو

لە ڕێکەوتی ۱۱ی جۆزەردانی ۲۷۲۲ لە هۆڵی سینەما بەهمەنی شاری سنە کۆری پەردەلادان و واژۆی کتێبی شیعری «گۆرانییەک بۆ تەنیایی داهۆڵەکان» لە قەڵەمی محەمەد موەفەقی بەڕێوەچوو کە لێرەدا ئاماژەیەک بە ناوەرۆکی کۆڕەکە دەکەم. لە ئەم کۆڕە سێ کەس وەکو ڕەخنەگر بەشدارییان کردبوو کە بریتی بوون لە «دوکتۆر کەمال خالق‌پەنا»، «کاوان محەمەدپوور» و «دوکتۆر ئومێد وەرزەندە».

کتێبی «گۆرانییەک بۆ تەنیایی داهۆڵەکان» یەکەمین کتێبی شیعری محەمەد موەفەقی‌یە کە لە لایەن «چاپەمەنی مانگ» چاپ و بڵاو کرایەوە و لێرەش بەگشتی ڕاپۆرتێکم ئەبێت لەسەر سێ ڕەخنەگری بانگهێشت‌کراو بۆ ئەم کۆڕە کە ئاماژەم پێیان دا.

نینا که‌ریمی

لە سەرەتای مەراسیمەکە «نینا که‌ریمی» وەکو پێشکەشکار دەستی بە قسەکردن کرد و لە ماوەی ئەو چەن خولەکە لە قسەکانیدا ئاماژەی بە کەسایەتی محەمەد موەفەقی کرد و وتی: «ئەم شاعیرە ئەگەر ئەو وەسواسە ئیدئالیستییانەی نەبوایە، ئەبوا ئێستا چەندەمین کتێبی شیعری لێ بڵاو بکرابایتەوە. محەمەد موەفەقی تا ئێستا لە شیعر وەکو ئامرازێک کەڵکی لێ وەرنەگرتووە و زمانێکی ڕاستوێژانەی لە کارەکانیدا هەیە».

پاش بانگهێشت کردنی ڕەخنەگران لە لایەن پێشکەشکار، سەرەتا دوکتۆر کەمال خالق پەنا دەستی بە قسەکردن کرد. ناوبراو سەرەتا ئاماژەی بە ئەو قسەیەی پێشکەشکارەکە دا کە وتبووی کاک محەمەد تا ئێستا لە شیعر وەکو ئامرازێک کەڵکی وەرنەگرتووە و پێی وابوو کە بە پێچەوانەوە لە ئەم کتێبەدا ئەمە ڕووی داوە و شاعیر لە ئەم شیعرەدا محەمەد موەفەقی وەکو ئامرازێک بەکار دێنێت و لە وتەکانی دا زیاتر تیشکی دەخستە سەر ئەو دۆخە مێژووییەی کە ئەو شیعرانەی تێدا داڕێژراوە.

بەشێک لە وتارەکانی دوکتۆر کەمال خالق پەنا:

«ئێمە دوو ڕەوتی شیعری پۆست مۆدێڕنمان هەیە کە سەرەتا لە ساڵانی شەستەکان لە ئەمریکاوە سەری هەڵداوە. یەکێکی ڕەوتی شیعری تاکەکەسی‌مان هەیە واتا شەخسی و ئەوی دیکە شیعری غەیری تاکەکەسی واتا غەیری شەخسی. ڕەوتە شەخسییەکەی پێی ئەڵێن «ئیعترافی» واتا دان پێدانان. ئەو ڕەوتی دیکەش کە غەیری شەخسی یا «خودئیرجاعە» کە مێتاشێعرە و بە شێعرێک ئەڵێن کە لەسەر شێعر ئەنووسرێت. ئەم کتێبە شێعرە، شێعری غەیری شەخسی تێدا هەیە بەڵام بە دەگمەن، بۆیە ئەڵێم ئیعترافی کە خودی سووژە شاعیری کردۆتە ئامرازێک بۆ قسەکردن لەسەر خۆی. کەواتە جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئەم محەمەد موەفەقی‌یە کە لێرە دانیشتووە لەگەڵ ئەو شاعیرەی کە خەریکە لە ئەم کتێبەدا قسە دەکات. ئەو شاعیرەی کە خەریکە لە ئەم کتێبەدا قسە دەکات، خەریکە کەڵکی نابەجێ وەردەگرێ لە محەمەد موەفەقی و ئەوی کردۆتە ئامرازێک بۆ قسەکردن لە خۆی. واتا لە زۆر جێگەدا ئەم شاعیرە ئەیهەوێ وەڵامێک بداتەوە بە ئەو بۆشاییە مێژووییە کە تا ئێستا ئێمە لەگەڵیدا ڕووبەڕوو بووینەتەوە. سووژە لێرەدا ئەزموونی تاکەکەسی خۆی بۆتە ئامرازێک کە خۆی لە خۆی سووژە سڕینەوەی کردووە بۆ ئەوەی ئەم کۆمەڵە شێعرە پێک بێنێت. دروستە کە ناوی کتێبەکەی ناوەتە گۆرانییەک بۆ تەنیایی داهۆڵەکان، بەڵام ئەمە شینگێڕییە نەک گۆرانی. لەسەر داهۆڵ دوو بۆچوون هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە داهۆڵ تەماشاکەرێکی بێ دەسەڵاتە و ئەوی دیکە بەرکارێکی هەستیارە. لێرەدا خودی شاعیرەکە داهۆڵێکە لە جۆری دووهەمی بۆچوونەکەیه، واتا شاعیرەکە لە ئەم کتێبەدا بەرکارێکی کارتێکراوی هەستیارە و بۆیە ئەڵێم کە ئەم شاعیرە درۆ ئەکات و خۆی هەڵئەکێشێت. درۆ ئەکات لەبەر ئەوەی ئەو خۆهەڵکێشانە و بۆشاییانەی خۆی پاسا بدات. لە بەشێکی ئەم شێعرەدا ئەڵێت: «ئەم شێعرە پێشکەشە بە ئەو ژنانەی کە ڕۆژێک خۆشم ویستوون». من دڵنیام کە هیچ ژنێک ئەم شاعیرەی خۆش نەویستووە، چونکە ئەگەر ژنێک ئەم شاعیرەی خۆش بویستبای، ئەم شێعرانەی نەئەگوت. کەواتە ئەمە شاعیرێکی ناکامە کە بە شێوەیەکی بوون ناسانە خەریکە قسە لەسەر خۆی ئەکات و تەنها بەو هۆکارەوە کە کەس خۆشی نەویستووە، ڕووبەڕووی بونبەستێک بۆتەوە لە ژیاندا و من نازانم تا ئێستا چۆن خۆی نەکوشتووە؟ لە ئەم کتێبەدا یەکێک لە ئەو وشانەی کە زۆر دووپات دەبێتەوە وشەی بونبەستە. کەواتە ئەم کتێبە گۆرانییەک نیە بۆ تەنیایی بەڵکو گۆرانییەکە بۆ گەڕانەوە بۆ منداڵدانی دایکی. چونکە لە جێگەیەک لە ئەم کتێبەدا ئەڵێت: «خۆزگە بە دەم ئاڵۆزی قژتەوە با ئەیبردم بەرەو دوا…دواتر…دواتر لە ڕەمزی باڵغ بوون». بۆیە ئەڵێم ئەو پرسیارە مێژووییەی کە شاعیر ئەیهەوێ وەڵامێکی بۆ بدۆزێتەوە وەڵامی ناکامی و ڕووخان و تێکچوونە.

دۆخی ئێستای ئەم شاعیرە کە ڕووبەڕووی ئەبێتەوە چیە؟ ئەمە یەکێکە لە ئەو ڕەخنانەی کە لە شاعیرانی بەرەی چوار دەیگرم. دۆخی ئێستای ئەم شێعرە بنەماڵەیە و سێگۆشەی ئۆدیپی دایک و کوڕ و باوک، واتا ئەو بونبەستەی کە محەمەد موەفەقی قسەی لێ دەکات بونبەستێکی جوانی ناسانە نیە و بونبەستێکی وجوودییە و تەنها هۆکار بۆ گەڕانەوە بۆ منداڵدانی دایکی ئەمەیە. دۆخی ئێستای بەرەی چوار تەکنەلۆژیا یان حکوومەت نیە و بونبەستی ئەم بەرەیە بنەماڵەیە و تەنها تیشک ئەخرێتە سەر بنەماڵە و ئەو سێگۆشە ئۆدیپییە، بۆیە ئەم شێعرە پێشکەش کراوە بە دایکی و قسەی باوکیشی زۆری تێدایە».

دواتر کاوان محەمەدپوور دەستی بە قسەکردن کرد و زیاتر قسەی لەسەر جۆرە جیاوازەکانی ئەزموونی مرۆڤ کرد و پێی وابوو کە شاعیر لە ئەم کتێبەدا تێکەڵ بە ئەزموونی دەروونی نابێت. بەگشتی پێی وابوو کە مرۆڤی ئەم سەردەمە ئەزموونی دەروونی جیدی و دوور و درێژی لێ سڕاوەتەوە و هەموو ئەزموونەکانیان ئەزموونی ڕۆژانەیە.

بەشێک لە وتارەکانی کاوان محەمەدپوور:

«ئەم سەردەمە بۆتە کاتی تیژتێپەڕ و نابەردەوام و شاعیریش لەگەڵ ئەم بەڕوومەت بوونی ئەزموونەکان ماوەتەوە و ناڕواتە ناخی ئەزموونە دەروونییەکانەوە. «ئاگامیێن» دەڵێت: «هەر گەشتیارێک کە دەڕوات شوێنێکی گەشتیاری ببینێت، لەجیاتی ئەوەیکە ئەزموونی لێ وەرگرێ، بە مۆبایلەکەی ڕەسمی لێ دەگرێ». شاعیر پێویستی بە مەعریفەتێک هەیە، مەعریفەتێکی فەرهەنگی، مەعریفەتێک کە دوو سەری هەیە، یەکێکیان سەرێکە کە پێوەندی بە ئارایە و فنوونی ئەدەبی هەیە و ئەوەیکە ئیستعارە بزانێت و خوێنەری ئەدەبیات بێت و لە قافیە تێگەیشتبێت. لە لایەکی دیکەوە ئەبێ مەعریفەتێکی فەرهەنگی هەبێت لەسەر فەرهەنگ و مێژوویەک کە تێیدا هەیە و ئەو دوو بوارە تێکەڵ دەکات لەگەڵ زەوقی ئەدەبی خۆی. ئێستا ئەگەر شاعیر ئەو مەعریفەتە ئەدەبییەی نەبێت، قەت ناتوانێت ئەو ئەزموونە دەروونییە فەهم بکات و لێی تێبگات و گۆڕانکاری بکاتە سەر ئەزموونی خوێنەر. ئەو شێعرانە جیهانێکی تەواو وێران دەردەخات. شاعیر بەدوای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی خۆیە و خۆی بشارێتەوە و خۆی دەرباز بکات. ئێستا هۆکاری گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی لە شاعیردا چیە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە سەرچاوەی ئەو ئەزموونە دەروونییانە لە ئەو سەردەمە دەبینێ. شاعیر لە ئەم شێعرانەدا بەردەوام شکست دەخوات و ئەم دۆڕان و شکست خواردنانەیە کە شیعر پێک دێنێت».

دواتر دوکتۆر ئومێد وەرزەندە دەستی بە قسەکردن کرد و سەرەتا بە بیرەوەرییەکی مێژوویی لە باشووری کوردستان وتارەکەی دەست پێکرد. بیرەوەرییەکە ئەمە بوو: «فایەق بێکەس شێعرێکی نووسیبوو بۆ شاری سلێمانی و خەڵکی سلێمانی نابوویانە سەر شانیانەوە و لەنێو شارەکەدا هەموویان پێکەوە ئەو شێعرەیان دەخوێندەوە. لە هەمان کاتدا «عەبدوڵڵا گۆران» دوو سێ کتێب لەژێر باڵیدا بوو و سەیری ئەو قەرەباڵغییەی دەکرد. بەگشتی ئێستا مێژوو قەزاوەتی خۆی دەکات و ئێستا عەبدوڵڵا گۆران ئەبینین و جێگە و پێگەی فایەق بێکەسیش. مەبەستم ئەوە بوو کە زۆر کەس هەیە کە بە دەیان کتێبەوە نابن بە خاوەن دەنگ و هەندێ کەسیش هەیە کە بە یەک کتێبەوە ئەبن بە خاوەن دەنگ».

ناوبراو پاشان وتارەکانی گواستەوە بۆ ناوەرۆکی کتێبەکە و بەم شێوە درێژەی بە وتەکانی دا:

«پوختەی ئەم کتێبە ئەبێتە ئەم دێڕەی کە هەڵبژێردراوە بۆ ئەم کتێبە. لێرە سێ  سەروشەمان هەیە: گۆرانی ، تەنیایی ، داهۆڵ. بەبێ ئەوەی ناوەرۆکی دەقەکە بخوێنینەوە، دەتوانیت بە ڕوانینێکی نیشانەناسانەوە بڕویتە هەناوی دەقەکەوە کە ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کتێبە. ناوبردن لە خەیام و هێدایەت و… لەسەر کاریگەری ئەوان لەسەر شاعیر نیە بەڵکو لێرەدا شاعیر لێرەدا خەریکی سازکردنی دیالۆگە لەگەڵ ئەو کەسایەتیانە. لەگەڵ ئەوەدا نیم کە شاعیری ئەم شێعرانە ڕووخابێت. من هێڵێکی ناسک دەکێشم لەنێوان نێهیلیسم و ئەبزۆردیسمدا. لە یەکێکیان دا مەعنا بوونی نیە بەڵام لە ئەوی دیکەدا مەعنا ئەگۆڕدرێت. هەوڵی محەمەد موەفەقی بۆ دۆزینەوەی مەعنا، هەوڵێکی نێهێلیستی نیە بەڵکو هەوڵێکی ئەبزۆردیستییە.  واتا تۆ دڵنیای کە لە شوێنێک لە گۆشەیەک شتێک بە ناوی مەعنا هەیە بەڵام هەوڵی تۆ بۆ دۆزینەوەی مەعناکانە کە هەوڵێکی ناکام و بێ سەرەنجامە. پێم وایە هەوڵ بۆ گەڕانەوە بۆ منداڵدانی دایک لە ناخی هەر مرۆڤێکدا هەیە».

پاش تەواوبوونی وتاری ڕەخنەگران، «کاک هیوا شامحەمەدی» بە ژەندنی ئامێری سێ تار و خوێندنی گۆرانی «خاڵۆڕێبوار» لە کۆڕەکە بەشدارییان کرد. دواتر خودی شاعیر هاتە سەر ستەیج و بەشی کۆتایی شێعری «شێتخانەی ژمارە ۵۴۶»ی خوێندەوە. کۆتایی مەراسیمەکەش بە ئیمزای شاعیر لەسەر کتێبەکە بۆ بەشداربووان و گرتنی وێنە تێپەر کرا.

 گزارش تصویری اختصاصی خانه کتاب کردی

.هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «سایت خانه کتاب کردی” مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *