خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ژنانەنووسی لە ئەدەبیاتی کوردیدا

ژنانەنووسی لە ئەدەبیاتی کوردیدا

ژنانەنووسی لە ئەدەبیاتی کوردیدا / نینا کەریمی

پێشەکی:

چەمکی زمانی ژنانە و ژنانەنووسی لە حەفتاکاندا و پاش بڵاوبوونەوەی کتێبی ”ژوورێک بۆ خۆت” لە نووسینی ”ڤیرجینیا وۆڵف”[۱]، لە ئەوروپادا سەری هەڵدا و گەشەی سەند و هەرچەند کە ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوادا بە یەکێک لە بابەتە فەرامۆشکراوەکان هەژمار دەکرێت بەڵام هەنووکە یەکێک لە جدیترین داڵغەکانی ژنە نووسەرانی وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەکانە. زمانی ژنانە پتر لەوەی کە باس لە بەکارهێنانی زمان بە شێوازە گشتییەکەی (چنین و هەڵبژاردنی وشەکان) بکات، جیهانبینییەکی تایبەت بە ژنان دەخاتە بەر باس. وۆڵف وەکوو یەکێک لەو کەسانەی بوێریی ئەوەی هەبووە بۆ یەکەم جار لەو بارەیەوە قسە بکات لە کتێبەکانی ”سێ‌گینی” و ”ژوورێک بۆ خۆت”دا بە وردی پێداچوونەوەی لەسەر جیاوازیی نێوان جیهانبینیی ژن و پیاو کردووە. جگە لەمەش ڕخنەگرانی هان داوە تاکوو بە شێوازێکی تایبەت لێکۆڵینەوە لەسەر ئەدەبیاتی ژنان بکەن و بە دۆزینەوەی تایبەتمەندییە دووبارەبووەکان، لە هۆکاری جیاوازیی ڕوانگەی نووسەرانی ژن و پیاو تێ‌بگەن. ئامانج لە نووسینی ئەم وتارە شیکردنەوەی ئەم تایبەتمەندییانە لە ناو نووسراوەکانی ژنانی چیرۆکنووسی کورددا بووە و هەر بۆ ئەم مەبەستەش دوو کۆمەڵە چیرۆکی ”عاشقەکەی من ژنی هەبوو/ ۲۰۲۰/ چاپەمەنی گوتار”  لە نووسینی ”ڤیدا قادری” و ”زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە/ ۲۰۲۱/ چاپەمەنی ماد” لە نووسینی ”خەدیجە جاوید” خراونەتە بەر باس.

باسە سەرەکییەکان:

وۆڵف لەو بڕوایەدا بوو کە ژنان و پیاوان تەنانەت ئەوکاتەی وا سەیری شتێکی یەکسان دەکەن، تێگەیشتنێکی جیاوازیان سەبارەت بەو شتە هەیە؛ بۆ نموونە: لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ وێنەی زانکۆیەکدا، ڕەنگە لە هزری ژنێکی خوێندەواری هاوسەردەمی وۆڵفدا کە لە ماڵەوە و لە ژێر چاودێری مامۆستای تایبەتیدا پەروەردە کراوە، تەنها چۆنیەتی چنینی مێز و کورسییەکان وێنا بکرێت بەڵام لە هزری ئەو پیاوانەی کە لەو کەشەدا خوێندوویانە و لە ڕووداو و بەسەرهاتەکانیدا بەشدارییان کردووە، بە هۆی وە بیر هێنانەوەی بیرەوەرییەکان، گێڕانەوەیەکی زەینی دێتە ئاراوە. لە ڕاستیدا ئەزموونی لە دەرەوەی ماڵ بوون و تاقیکرنەوەی شتە نوێیەکان ئەو هەلەی بە پیاوان بەخشیوە کە ئەندێشە و بیرکردنەوەیەک تێکەڵ بە بیرەوەرییان هەبێت لە حاڵێکدا کە ژنان لە ڕووبەڕووبوونەوە کورتخایەنەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگە و ئامێرە نوێیەکاندا دەرەفەتی قووڵبوونەوەیان دەست نەکەوتووە. هەر بۆیە لە زۆربەی بارودۆخەکاندا، ژنە نووسەرێکی ئەو سەردەمە تەنها ڕۆ چووەتە ناخی خۆیەوە، یان ئەوپەڕی دەستی کردووە بە خەیاڵپەروەرییەکی دوور لە ڕاستی و هەر ئەمەش قووڵایی و ڕاستگۆیی دەقی ژنانەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە؛ ڕێک وەکوو قسەکردن سەبارەت بە بیرەوەرییەک کە هەرگیز ڕووی نەدابێت.

ڤیرجینیا وۆڵف

کەواتە زۆر ئاساییە کە ژنان بۆ تێگەیشتن و باس کردن لە دنیایەک کە تێیدا دەژین، وشەیەکی ژینراو و پڕبەپێستیان  نەبووبێت، چونکە بە هۆی کەمئەزموونی لە بەشداریکردن لە کۆمەڵگە و دەربڕینی هەستەکانیان، دەسەڵات و بڕشت و وشەگەلێکی کەمتریان هەبووە بۆ بەکارهێنان. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بابەتەش نەبوونی مێژوویەکی نووسراوە بۆ ژنان؛ مێژووی ژنان پشتی بە یادگەی بیستراو و وتراوی ئەوان بەستووە، چونکە لەبەر هەندێ هۆکار بۆ نموونە نەبوونی ژوورێک بۆ خۆیان، بەهەند وەرنەگیران لە لایەن کۆمەڵگاوە، هەروەها باو بوونی پێناسەی ئافرەتی باش و ئافرەتی خراپ، درەنگتر لەوەی وا پێویست بووە دەستیان بە نووسین کردووە. هەر ئەمەش ڕێگەی بۆ نووسەرانی پیاو خۆش کردووە تاکوو وێنەیەک لە ژنان ئاراستە بکەن کە لەگەڵ خودی ڕاستەقینەیان یەک ناگرێتەوە، بەڵام دواتر بووە بە هۆی دروستبوونی نەریتێکی ئەدەبی و تەنانەت شێوازێکی ڕەفتاری کە خودی نووسەرانی ژنیش لە یەکەم ئەزموونی نووسینیاندا، ئەو نەریت و شێوازەیان پەیڕەو کردووە و هەر ئەوەشیان بەرهەم هێناوەتەوە. هەڵبەت جۆری دەستپێڕاگەیشتن و پەیوەندیی پیاوان لەگەڵ ژنانی هەر کۆمەڵگەیەکەکیشدا ڕۆڵێکی تایبەتی لە نووسین و پێناسەکردنی ژنانی ئەو وڵاتەدا هەبووە؛ بۆ نموونە وۆڵف لە کتێبی ”ژوورێک بۆ خۆت”دا  سەبارەت بە پیاوان دەڵێت:”ئەوان بۆ نووسینی ژنە خزمەتکارێکی ڕەشپێست، سەرەتا پێویستە ئەو خزمەتکارە بیگەیەنن بە ئاستی کۆنتێس یان شازادەیەک”. چونکە نووسەرانی ئەو سەردەمە تەنها لەگەڵ چینی بۆرژوا و خوێندەواردا هاتوچوویان هەبووە، هەر بۆیە لە ڕۆمانەکانی سەردەمی کلاسیکدا تەنها ژنانی چینی سەرەوەی کۆمەڵگە و دەسەڵاتداران، گرنگیییان پێدراوە وەکوو ”ئاننا کارێنینا”ی ”تۆلستۆی”[۲]. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بۆ نموونە لە ئێراندا ئەو ژنانەی بۆ یەکەم جار دەبن بە سۆبجێکتی چیرۆکەکان: سواڵکەرەکان، ژنانی دڵڕفێن و تەفرەدەر، مردووشۆرەکان و سۆزانییەکانن چونکە تەنها ئەم چینە توانیویانە لە دەرەوەی سنووری ژوورەکانیان، بەرسەرهاتێکییان بۆخۆیان هەبێت و لە هەمان کاتیشدا دەستی نووسەریان پێ ڕابگات. بۆ نموونە یەکەم ژنێک کە لە ئەدەبیاتی گێڕانەوەیی ئێراندا دەر دەکەوێت “عەلەویە خانم” لە نووسینی ”سادق هیدایەتە” کە بە ژنێکی لەشفرۆش هەژمار دەکرێت.

 لە زۆربەی ئەم بەرهەمانەدا، پۆلینبەندیی ژنی باش و ژنی خراپ بەردەوام بەرهەم دێتەوە. ژنی باش وەکوو ژنێکی فیداکار و لەخۆبردوو کە هەموو ژیانی خۆی فیدای ئەندامانی بنەماڵەکەی، کە زۆر کاتیش ئەمەگناس نین، دەکات تاکو ئەوان (بەتایبەت نێرینەکان) بگەن بە ئاواتەکانی خۆیان وەکوو ”دایکی”ی ”ماکسیم گورکی”[۳]، هەروەها ژنی خراپ واتە ژنێک کە بە دوای حەز و ویستەکانی خۆیدا دەڕوات هەر بۆیە دەبێت بە هۆکاری هەڵوەشانەوەی بناغەی ژیانی خۆی، بنەماڵەکەی و لە ئەنجامدا کۆمەڵگەش، بۆ نموونە ”ئاننا کارێنینا”.

 لە لایەکی دیکەشەوە پەیوەندییەکی دوولایەنە لە نێوان نووسەر و کۆمەڵگەدا بوونی هەیە؛ واتە ئەو نووسەرەی وا لە چوارچێوەی باوەڕی زاڵ و قایمی پیاوسالارانەدا گەشەی کردووە، ئێستا بە قبوڵکردنی ڕۆڵی باڵادەستێکی لێزان و ڕێکخەرێکی دڵسۆز و جێی متمانە، بێ ئەوەی لەو ڕەوتەی کە تاکوو ئێستا بە سەر کەلتوورەکەیدا زاڵ بووە بکەوێتە گومانەوە، دیسانەوە هەر ئەو سیکلە پڕ لە کەموکۆڕییە بەرهەم دەهێنێتەوە و ئەمجارە خوێنەریش دوای دەکەوێت.  هاوکات ئەگەر نووسەرێک بە هۆی ئاشنابوون بە کەلتوورەکانی تر یان هاتوچوونێکی ڕووناکبیرانە، دیمەنێکی جیاوازی لە ژن پیشان دابێت، کۆمەڵگه هەر لە چوارچێوەی لێکدژی (سۆزانی / پیرۆز)دا لێکدانەوەی بۆ کردووە و هەڵیسەنگاندووە. وەکوو ”مادام بواری” لە نووسینی ”گوستاڤ فلۆبەر[۴]

دواهەمین خاڵی گرنگ جۆری ڕۆڵوەرگرتنی ژنانە لە چیرۆکەکاندا، کە بێ جیاوازی بەردەوام لە پەیوەندی لەگەڵ پیاواندا پێناسە کراوە. لەم ساڵانەی دواییدا فرەچەشنیی ڕۆڵی ژنان لە ئەدەبیاتی داستانیدا، نەک تەنها بە هۆی ڕۆڵگێڕانی کۆمەڵایەتی ئەوانەوە، بەڵکوو بە هۆی هاتنی کۆمەڵێکی زۆر لە ژنانی نووسەر بۆ ناو دنیای ئەدەبیات ڕووی داوە. ژنانێک کە ڕووبەڕووی دنیایەکی گەورەتر بوونەتەوە و بڕیارە لە ڕوانگەی خۆیانەوە قسە بکەن.

بە پێ ئەو شتانەی وا باسمان کرد ئەگەر بمانەوێت ئەو بابەتانەی وا جێگەی سەرنجی ژنانن و لە نووسینەکانیاندا بەردەوام دووبارە دەبنەوە، پۆلینبەندی بکەین دەتوانین بە کورتی ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بدەین:

قەیرانی شوناس:

ژنە نووسەرەکان بێ پشتبەستن بە هیچ مێژوویەکی نووسراو یان نەریتێکی ئەدەبی، هەوڵ دەدەن خۆیان بنووسنەوە. ئەوە شتێکی سروشتییە کە ئێستا کە لە میانەی مێژوودا بە خۆ هاتوونەتەوە و ڕووبەڕووی زللەی زانیاری بوونەتەوە، بە دوای ئەوەدا بچن کە ئاخۆ کێن و چین؟ ئەوان پێویستە سەرەتا تاکێتیی خۆیان بە دەست بهێننەوە و بەدەست هێنانەوەی تاکێتی بڕێ جار تا چەند جیل دواتریش دەخایەنێت. هەر ئەم بابەتەش بووە بە یەکێک لە سەرەکیترین بابەتەکانی چیرۆکی ژنان و تەنانەت دەشتوانین بڵێین لە ناو چیرۆک و نووسینەکانی ئەواندا، زۆرترین ڕێژەی دووبارەبوونەوەی هەیە. کەواتە نووسینەکانی ژنان زۆر شوناس‌تەوەرن و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی مێژووی بینراو و بیستراوی دایک و داپیریانەوە، کە ئەویش لە ژێر مەترسیی لەبیرچوونەوە و چەواشەبووندایە، شوناسی لەیادکراوی خۆیان بدۆزنەوە. یەکێک لە شاکارەکانی ئەم بوارە ڕۆمانی ”بەرەو فانۆسی دەریایی” لە نووسینی ”ڤیرجینیا وۆڵف”ە. لەو نموونانەش کە لەم وتارەدا لێکۆڵینەوەمان لە سەر کردوون دەتوانین بەم بابەتانە ئاماژە بدەین:

”ئەی بە ڕاست من بۆچی دەژیم؟… دایکت بە دەنگێکی بەرز و بە لەحنێکی تەوساوییەوە دەڵێت: ئەوە دیسانەوە بیری گەمژانە هات بە مێشکتدا؟ ڕادەچڵەکێیت. نا کەس لەوێ نییە و دەنگی دایکت تەنیا خەیاڵێکە و گاڵتە بە عەقڵت دەکات. دیسانەوە ئەو ڕستەیە دووبارە دەکەیتەوە: بیانووی من چیییە بۆ ژیان؟” (بیانوو، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل١٠٠)

” دیمەنی دەرێ زیاتر لەوەی بێزارکەر بێت بێواتایە! بەردەوام وا دەکا لە خۆت بپرسی: من کێم؟ بۆ لێرەم؟ لە چی ڕام کردووە؟ بۆ کوێ دەچم؟ چیم بە سەر دێت؟” (کەسێک تەشتێک ئاو نخوون دەکاتەوە، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل٣٩)

جەستە:

لە سەردەمی ”شەهرزاد”ەوە ژن بەردەوام لە ڕێگەی سێکشواڵیتەوە و تەنها لە ڕێگەی باسکردن لە سەر جەستەی توانیویەتی قسەی خۆی بکات. جەستە فاکتەری سەرنجڕاکێشان و لێسەندنەوەی دەسەڵاتی ئەو بووە؛ ڕێگریکەر و ڕێکەرەوە، هۆکاری غەزەب و ڕەحمەت، هەبوون و نەبوون و ڕێزگرتن و سووکایەتیپێکردنە. هەموو شتێکی ژن پەیوەندیی بە جەستەیەوە هەبووە. ژن لە ڕێگەی تایبەتمەندییەکانی جەستەیەوە پێناسە کراوە و ڕۆڵی لاوەکیی وەرگرتووە. هەر بۆیە ناتوانین بێ لەبەر چاوگرتنی جەستەی ژن، باس لەسەر سوبجێکتیڤیتەی ژنان بکەین. یەکێک لە بەرچاوترین بەرهەمەکان لەم بوارەدا کتێبی “ژنانی ئەلجەزایر لە شوقەکانیاندا”یە لە نووسینی ”ئاسیە جەبار”[۵].

بەڵام جەستە لە بەرهەمی ژنە نووسەرانی کورددا لە ڕێگەی دوو ڕووانگەی ناڕەزایی دەربڕین و ئێرۆتیکەوە لە گێڕانەوەدا دەر دەکەوێت.

”قورسە زۆر قورسە لە شوێنێکتدا هەست بە ئازار بکەیت، بەڵام نەتوانی دەستی پێوە بگریت و بیشیڵێیت” (من هێشتاش هەر هەم، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ٣٥)

” دەبێ ڕووت بمەوە و خۆم بدەمە دەست ئاو و خۆم لە ڕابردوو، لە پاشماوەی وجوودی ئەو، لە بۆنەکەی کە وەکوو مردووشۆرخانە بە مەڵاشوومەوە نووساوە، پاک بکەمەوە، شوێن پەنجەی لە سەر جەستەی کزم بە جێماوە. حەز ناکەم سەیری خۆم بکەم. چاو دادەخەم! دەترسم سەیری ئاوێنە بکەم کەسێکی تر ببینم! بە گۆشتەزوونی برینەکانمدا خۆم دەبینمەوە…” (کەسێک تەشتێک ئاو نخوون دەکاتەوە، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ٣٥)

” نەختێک سەیرم کردی و هاتمە سەر ڕانت پەنجەکانم لە سەر پیتەکان دانا. لێوت نووساند بە نەرمەورووژێنەکەی گوێمەوە و چرپاندت بە گوێمدا: بیڵێم؟ بە بەر کەوتنی لێوت و نەرمی گوێم ڕاچڵەکیام، تەزوویەکی ئارامبەخش بە سەرتاپای جەستەمدا هات و مووی جەستەم گرژ بوون بەڵام خۆمم لێی گەێل کرد و گوتم: ها؟ ئا. ئا. بیڵێ”. (سێو بوو یان هەنار، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ١٧)

سروشت:

سروشت یەکێک لەو بابەتانەیە کە ژنان زۆر حەزیان لێیەتی، چونکە هێشتا نادادوەری و جیاوازی دانان تێیدا سەری هەڵ نەداوە، لە لایەکی دیکەشەوە پێ دەچێت ژنان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئیستیعارییان لەگەڵ سروشتدا هەبێت چونکە لە بەرهەمی ژناندا بەردەوام گیانبەخشین بە سروشت دەبیندرێتەوە. وەکوو یەکێک لە بەرهەمە بەرچاوەکانی ئەم بوارە دەتوانین ئاماژە بکەین بە ڕۆمانی ”دیوار” لە نووسینی ”مارلێن هاوسهۆفەر”[۶].

لەو نموونانەش وا لێکۆڵینەوەمان لە سەر کردوون دەتوانین ئاماژە بە ئەمانەی خوارەوە بدەین:

” دایکم گەنمی چاندووە و پازدە ڕۆژە دیوێکی بە پەتوو تاریک کردووە و هەموو سپێدەیەک، بەر لە خۆرهەڵات، بە دەستی بە دەستنوێژەوە ئاوی لێ دەپژێنێ. بە زیکر و تەلیلە و سەڵەوات نێوی ئایش و فاتمانی لێ دێنێ و گەنمەکان پیرۆز و موبارەک دەکات” (دایکم گوڵە گەنمەکان موبارەک دەکات، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ٦٦)

”توند چنگم  بە داوێنی دایکە نوقڵێی زەویدا گرت! چنگم بە خۆڵی کۆڵان و گەڵا هەڵوەریوەکانی دار گوێزەکەدا گرت و لە دڵمەوە هاوارم کردە: دایکە زەوی! منداڵەکان چوونە کوێ؟ بۆ نایەنەوە؟” (نیگای هەشتەم، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ١١)

”ئارەزوو لە سەر چڵووکی دارتووەکەوە هاواری کرد: کاکە نازانی ئێرە چەند تووی گەورە گەورەی لێیە! دایکم بە تووڕەییەوە هاواری کرد: وەرە خوارێ کچە، بنت دەپژێ”. (بەرد دەبارێت، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ٧٥)

”باسی باخ هەنارت دەکرد و بە هەڵەدا چووبووی و وابزانم لەو تاریکییەدا نەتبینیبوو و سێوەکانت بە هەنار هاتبوونە پێش چاو و بە هەموو هێزتەوە دەتگوشین و چاوەڕێ  بووی شەق ببات و ئاوی هەنار بپرژێتە سەر بنمیچ و ڕەفەکانی کتێبخانەکەت” (سێو بوو یان هەنار، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ١٧)

منداڵی:

بەپێچەوانەی پیاوان کە لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیان زۆتر دەڕۆنە کۆمەڵگاوە و پتر کەشی دورەپشتی خۆیان دەناسن، ژنان زۆرترین زانیارییان سەبارەت بە شتەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵییان. سەردەمی بەر لە پێگەیشتن و دەستپێکردنی هەڵاواردن، بەر لە دوور خستنەوە بۆ ناو ژوورەکان، سەردەمی تێگەیشتنە قووڵەکان و بیرەوەرییە زیندووە بێدەمامکەکان کە لە چیرۆکی زۆربەیاندا ڕەنگ دەداتەوە. یەکێک لەو نموونانەی بەردەنگێکی زۆری هەبوو ڕۆمانی “ئانێ شێرلی لە گرین گەیبڵزدا” لە نووسینی ”لووسی ماد مونت گومێرییە”[۷].

بەڵام لەو دوو نموونەیەی وا لێکۆڵینەوەمان لە سەر کردوون دەتوانین ئاماژە بە ئەمانەی خوارەوە بکەین:

”پرسیاری دایکیان لێ کردبوو، ئەوەیکە دوایین جار لە کوێ دەستی لە دەستی دایکی بزر بووە؟ ئەمیش لە وڵامدا ڕووی گرژ کردبوو، گۆشەی لێوەکانی هێنابووە خوارەوە و دڵۆپە فرمێسکەکانی گەورەتر و گەورەتر بە سەر کۆڵمە لەڕ و لاوازەکانیدا شۆڕاوگەیان بەستبوو.” (کامەیان دایکم بوو، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ٥٨)

” من چاوم گرتبوو تاکوو ئەوان  بڕۆن خۆیان بشارنەوە و دواتر من بچم بیانبینمەوە و گڕیان بدەم. لە ناکاو کۆڵان پڕ بوو لە دەنگە دەنگ و قاو و قیژ! پێکەنینی هاوڕێیەکانم بڕا. بە دزی لە ژێرەوە سەیری باوکە ئاسمانم کرد، سەیری چاوە شینەکانیکە بە قەدەر دەرزی مشتەکانم بچووک ببوونەوە.” (نیگای هەشتەم، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ٨)

نیشتمان:

ئەزموونی ژێردەستەیی بۆ ئەو ژنانەی لە وڵاتەداگیرکراوەکاندا دەژین، تەنها لە ڕەگەز و خواستە فیمینیستییەکانییانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو بەشێکی گرنگی دەگەڕێتەوە بۆ شوناسخوازیی نەتەوەیی ئەوان. بۆ نموونە کوردبوونیش هێندەی ژنبوون، ژیانی ژنان دەخاتە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی خۆیەوە. هەر بۆیە گرنگیدان بە پرسی نیشتمان و خەباتکردن لە درێژەی باسی شوناسخوازیدا، لە چیرۆکی ئەو ژنە نووسەرانەی کە لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا دەژین زۆرتر دووبارە بوونەتەوە بە بەراوەرد لەگەڵ نووسەرانی تردا. وەکوو:

” لە قوتابخانە هەموو شتێک زۆر جیاوازە؛ لەوێ دەبێ بە ”شین” بڵێی ”ئابی”، بە ”دایک” بڵێی ”مادەر”، بە ”باوک”یش بڵێی ”پێدەر”. (دایە ئەو سنوورە نێزیکە بۆ وا دوورە، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل٥٣ )

”لە تاریک و ڕۆشنی بوولێڵی بەرەبەیاندا بە دوای جانتاکەیدا گەڕا و دۆزییەوە. دەنگی کرانەوەی زنجیرەی جانتاکە دڵی خۆش کردم. دەبێ چی بێت؟ تۆ بڵێی بووکەڵەیەکی قژکاڵی جل پەمەیی نەبێت؟ قژەکانی دادەهێنم و دەیچنمەوە. جلی بۆ دەدرووم… خڕە خڕ زەرفێکی ڕەشی دەرهێنا و لە پێشمدا هەڵیڕژاند. کۆمەڵێک قاپوورە فیشەک بوون! هەر ئەوە و ئیتر هیچ”.

(سێبەر، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ٥١ )

فۆڕمە دووپاتە بووەکان لە نووسینی نووسەرانی ژندا:

جگە لە ناوەڕۆک، هەندێک فۆڕمیش هەیە کە خاوەنی زۆرترین دووبارە بوونەوەن لە چیرۆکی چیرۆکنووسانی ژندا. لەوانە دەکرێت ئاماژە بدەین بە:

ئۆتۆبیۆگرافی:

ئۆتۆبیۆگرافی یان گێڕانەوەی بیرەوەری، شێوازێکە بۆ وەبیرهێنانەوە و بە فەرمی­ناسینی ئەو ڕێگایەی کە نووسەر گرتوویەتیە بەر. شێوازێک بۆ ئاشنایی لەگەڵ ئەو ئازارانەی وا چەشتوویەتی و ڕێز گرتن لێیان. وەکوو کتێبی ”ئەو جۆرەی وا من ژیام” لە نووسینی ”ئێما گوڵدمەن”[۸].

هەرچەند کە زۆربەی چیرۆکە کوردییەکان، لە ژیانی خودی نووسەر یان دەور و پشتییەوە وەرگیراون بەڵام بە گشتی لەم بوارەدا هێشتا دەقێکی بەرچاو نەخولقاوە.

نامە نووسین:

لە بەر ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر نامەنووسین تاقە شێوازێک بووە کە ژنان بتوانن لەو ڕێگەیەوە پەیوەندی بە دنیای دەرەوە بکەن، دەرفەتێک کە بێ دەمامک توانیویانە بنووسن و ئەو شتەی لە مێشکیاندایە دەری ببڕن، ئەم شێوازە بەردەوام وەکوو یەکێک لە فۆڕمە دڵخوازەکانی ژنانی نووسەر لە چیرۆکەکانیاندا دووبارە بووەتەوە. یەکێک لە شاکارەکانی ئەم شێوازی نووسینە چیرۆکی درێژی ”وەرگری نەناسراو” لە نووسینی ”کاترین کرێسمن تایلۆرە”[۹]. لەو بەرهەمانەی وا  لێیانمان كۆڵیوەتەوە، دەتوانین ئاماژە بدەین بە:

 ”بۆی دەنووسێت: ئۆستاد گیان، فریام کەوە خراپ شێواوم. زۆر سەیرە، بەڕاستی بێتام بووە ئەو دۆخەی ئێمە! دەڵێی دەستێکی کەیهانی لە گۆڕێ دایە و دەیەوێ تا ئەبەد لەو بازنە نەفرەتییەدا هەڵمان سووڕێنێ/ وڵامی دابووەوە: کچێ ڕەبی بە قوربانی ئەو حاڵە خراپەت بم. وەڵا هەر دەستی جاشەکان لە گۆڕێدایە، هیچ خەتای کەیهانی قوڕبەسەر نییە. با بتبینم بەو حاڵە خراپەتەوە”. (زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ٨٢،٨٣)

”گوتبووت بنووسە ئورشەلیم لە ناو ئاگر و خوێندا گەوزابوو. نووسیبووم باران باریوە. کانیاوەکان تەقیونەتەوە، باڤاریا بە خۆی و گرد و دۆڵییەوە تێرئاو بووە”. (سێو بوو یان هەنار؟، ئاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ١٨)

دانپێدانان:

ئاندرێ ماڵڕۆ

دانپێدانان لە ئەدەبیاتدا شتێکی جیاوازە لەگەڵ ئەو دانپێدانانەی لە ئایینی مەسیحییەتدا هەیە. وەک ”ئاندرێ ماڵڕۆ”[۱۰] دەڵێت: ”ئەگەر دانپێدانانی مەسیحی لێبوردن و لێخۆشبوونی بە دواوەیە، نووسەر بە دوای لێخۆشبووندا وێڵ نییە، ئەو ها بە دوای ئەوەی کە هەستی خوێنەر ببزوێنێت”. هەر بۆیە ”ئەلیزابس بڕاونینگ”[۱۱] لەو بڕوایەدایە کە ژنان زۆرتر دانپێدانان بە کار دەهێنن  و زیاتریش تێیدا دەتوێنەوە. ژن جۆرێک لە دۆڕان و بەدبەختی ئەزموون دەکات، هەست بە سووکایەتی کردنەکەی دەخاتە پێش چاو و بە هۆی ئەوەوە دەبیندرێت. ئەم کردارە شتێکی هۆشمەندانەیە. ڕۆمانی ”لە لایەن ئەوەوە” لە نووسینی ”ئالبا دێسێس پێدێس”[۱۲] نموونەیەکی باشە بۆ ئەم ژانرە. یان لە بەرهەمە کوردییەکاندا:

” من مام حەسەنم بە کوشت دابوو. ژنەکەی سەری نووساندبوو بە پەنجەرەی بەرانبەر تەختەخەوەکەم. جامی پەنجەرەکەی بە تف سواغ دابوو.” (ئەمڕۆش گوڵم بۆ بێنە، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ١١٣)

”چاوم مۆڵەقی شێوەی شەیتانی ئەو، خەریکە بێنە دەر لە کەللەی سەرم. پەلامارم دەدا! چنگی لێ دەگرم، بە ڕۆحی سپیدا ڕۆ دەچم، شێتانە چڕنووکی لێ دەگرم، جەستەی بۆگەنیوی لێک هەڵ دەتڵیشێنم! بڕوا ناکەم چۆن… بە جێی ئاو لە دووشەکە خوێن دێتە خوار! من جارێک ئەو کارەم کردووە کەواتە دیسان دەتوانم… هێرشی بۆ دەبەم!” (کەسێک تەشتێک ئاو نخوون دەکاتەوە، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ٤٥)

فاکتەرە دووبارەبووەکان:

دووبارەبوونەوەی هەندێک لە فاکتەرەکانیش لە بەرهەمی نووسەرانی ژندا حاشا هەڵنەگرە. لەوانە دەتوانین ئاماژە بە ئەم فاکتەرانەی خوارەوە بکەین:

حەزکردن بە لۆکەیشنی ناوەوە:

وەک دەڵێن لە سەردەمی ڕاودا، پیاوان بە هۆی هێزی ماسوولکەکانیەوە دەڕۆیشتن بۆ ڕاو و ژنەکانیش بە هۆی دۆخی جەستەیان، بەرپرسیاریەتیی بەدنیاهێنان وپەروەردەکردنی منداڵ و کەسانی لاوازتریان، لەو شوێنە پارێزراوانەی وا بۆ کۆبوونەوە دابین کرابوون، لە سەر ئەستۆ بووە. ئەم شێوازی ژیانە دواتر لەگەڵ دەرکەوتنی شارستانییەت پەرەی سەند و بە هۆی دیسکۆرسە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت لە ژێر کاریگەریی پیاوسالاریدا، بوو بە شتێکی ئاسایی و سروشتی. دوور خستنەوەی ژنانیش بۆ کونی ژوورەکان بوو بە هۆی ئەوەی کە سەبارەت بە جیهان ئەزموونێکی تەواو جیاوازیان هەبێت. هەرچەند ژنانی کورد بەتایبەت لە ژیانی وەرزێری و ئاژەڵداریدا بەردەوام شان بە شانی پیاوان لە مەزراکاندا کاریان کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ماڵ وەکوو پەناگایەکی ئەمن لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان پاراستوویانی. سەرەڕای ئەمە کابووسی دەرکردن لە ماڵ، کابووسێکی ترسناکە کە ئیتر شاربەدەری و دەرکران لە کۆمەڵگەشی بە دواوەیە. لەڕاستیدا ڕێزی ژن پەیوەندیی بە ماڵەوە و پشتگیرییەکانی بنەماڵەکەیەوە هەیە. هەموو ئەم شتانە و هەروەها شوێنی ئەو پیشانەی وا دواتر لە دەرەوەی ماڵ پێیان ڕادەسپێردرێت دەبێت بە هۆی ئەوەی کە لۆکەیشنی ناوەوە بە زۆری لە نووسینی ژنەکاندا ڕەنگ بداتەوە و کەڵکیان لێ وەربگیردرێت.

لە کۆی ١٩ چیرۆکەکەی کۆمەڵەچیرۆکی ”زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە”، ١١ چیرۆکیان کە بریتین لە چیرۆکەکانی ”دیوار”، ”بانگم دەکەی خانمی”، ”کەسێک تەشتێک ئاو نخوون دەکاتەوە”، ”دایە ئەو سنوورە نزیکە بۆ وا دوورە”، ”سمێڵە نەفرەتییەکانی ئاغای… ”، ”دایکم گوڵە گەنمەکان موبارەک دەکات”، ”زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە”، ”پەردە لادەدەم”، ”خۆرهەڵاتی لینگاولینگ”، ”بیست و حەوت کیلۆ باب” و ”خەڵات”، بەسەرهاتەکانیان لە لۆکەیشنی ناوەوە ڕوو دەدەن کە بریتین لە ماڵەوە و قوتابخانە و هتد.

هەروەها لە کۆی ١٠ چیرۆکی کۆمەڵەچیرۆکی ”عاشقەکەی من ژنی هەبوو”، حەوت چیرۆکیان کە بریتین لە : ”سێو بوو یان هەنار؟”، ”ڕۆئیا”، ”من هێشتاش هەر هەم”، ”سێبەر”، ”سەیران”، ”بیانوو” و ”ئەمڕۆش گوڵم بۆ بێنا”، لە کەشی ناوەوەی ماڵ، پۆلی قوتابخانە، یان ژووری نەخۆشخانەدا ڕوو دەدەن.

دووبارەکردنەوە:

دووبارەکردنەوە یەکێک لە بەرچاوترین شێوازە ڕێزمانییەکانە کە لە دەقی ژناندا بە زۆری دەبیندرێت. دووبارەکردنەوەی نازناو، ناو، کردار، ڕستە و پرسیار لەم دەقانەدا شایەنی لێقووڵبوونەوەیە. دووبارە کردنەوەی ئەم فاکتەرانە دەبێت بە هۆی زۆربوونی باری سۆزداری دەق و جەخت کردنەوە لە سەر ئەو بابەتانەی وا چییەتی و چۆنییەتییان بۆ نووسەر و کارەکتەر جێی پرسیارە. لە لایەکی دیکەوە توێژینەوەکان دەریان خستووە کە بە گشتی ژنان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا سێ هێندەی پیاوان پرسیار دەکەن.

”دایکم دەیگوت: ئاو! تۆ خەریکی دەستەکردنی ڕەیحانەکان بوویت. دایکم دەیگوت: ئاو! من سەیری تۆم دەکرد. دایکم دەیگوت: ئاو! تۆ سەیری منت نەدەکرد. دایکم ئیتر نەیگوت ئاو، شتێک وەک ئەجەل هات و دایکمی برد”. (ژنێک گیرفانی پڕ دەبێت لە بەرد، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ٩٥)

”تۆم هەبوو و تۆم نەبوو، لە باوەشتدا بووم و لە باوەشتدا نەبووم. هی تۆ بووم و هی تۆ نەبووم. وەکوو دەریا چۆن ئاسمان لە باوەش دەگرێ و دەیگوشێ و لە هەمان کاتیشدا بە قەد خوا لێی دوورە و لێی دوور نییە، لێم دووری و لێم دوور نیت”. (سێو بوو یان هەنار، عاشقەکەی من ژنی هەبوو،ل ١٦)

زمانی تەوساوی و نزاكردن:

بە کار هێنانی زمانی تەوساوی بە کارکردێکی لێکدژ بە تایبەت لە ئەدەبیاتی ژنانی ڕۆژهەڵاتدا، هێمایەکە لە خواستی تێگەیشتن لێیان بە بێ ئەوەیکە هەلی دروستبوونی دیالۆگێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ژنان و کۆمەڵگە لە ئارادا بێت. هۆکاری ڕوونەدانی ئەم پەیوەندییە ڕاستەوخۆیە دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک چەمک وەکوو حەیا و ئەخلاقی ژنانە کە دەست و پێیانی بەستووەتەوە. هەروەها لەبەر ئەوەی کە دەسەڵاتی گەیشتن بە خواستەکانی دڵی خۆیانیان (وەکوو خۆشەویستی و تۆڵەسەندنەوە) نەبووە بەردەوام پشتیان بە هێزە نەبەدی و غەیبییەکان بەستووە و دەتوانین ڕەنگدانەوەی ئەو پشتپێبەستنە لەو ڕستانەدا ببینینەوە کە بۆ نەفرەت لێکردن یان دوعاکردن لە چیرۆکی ژناندا بەکار هاتوون.  

”ڕووت سپی بێ! خوای گەورەت لێ ڕازی بێ! ڕۆڵەکەم چاکت کرد کوژاندتەوە” (دایکم گوڵە گەنمەکان موبارەک دەکات، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ٧١)

”دایکم ئانیشکی لە سەر ئەژنۆی دانابوو، دەستی خستبووە سەر ئەو هەورییە ڕەشەی لە ناو چاوانی ئاڵاندبوو. بە دەم هۆڵەهۆڵی گریانەوە دەیگوت: کچە داماوەکەم. کچە جوانەمەرگەکەم. خوا حەقت بسێنێ” (بەرد دەبارێت، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ٧٧)

”دایکم دەبێتە گریانەوە: خوا بۆی نەسازنێت شێتی کردووی” (من هێشتاش هەر هەم، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل٤٧)

شاعیرانەبوون:

بەکارهێنانی زمانی شیعراوی لە بەرهەمی ژناندا زۆر زۆرترە لە ئەو بەرهەمانەی وا پیاوان نووسیویانن. چڕبوونەوە لە سەر لایەنی هەست و ئیحساس دەبێت بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جیاواز و دروستبوونی پێچ و پەنای زمانیی زیاتر لە دەقدا. یەکێک لە بەرچاوترین نموونەکانی ئەو شێوازە نووسینە ڕۆمانی “وڵاتی هەڵووژەکان” لە نووسینی ”هێرتامۆلەر”ە. هەروەها لەو بەرهەمانەی وا لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردوون:

” من گوڵم بەبادا بوو یان تۆ کە هەوای مژینی هەناری گوشراو کەوتبووە سەرت و لەشکرێکت بۆ داگیر کردنی باخە هەنارێک خستبووە ڕێ و پێت وابوو باخی هەنار ئورشەلیمە و خۆت و سەربازە گاڵتەچییەکانت لە پشت دەرگای ژووری نووستنی مندا مۆڵ بوون؟” (سێو بوو یان هەنار، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ١٥)

” تۆش مەعدەنی بەرد بووی. ئێستا هەموو بەردەکان دەڵێی لە باخەڵمدا پێیان گرتووە و خەریکن تەق و تۆۆۆق دەمبەنە خوار، خوار، خوارتر! دایکم نەیگوتبایە ئاو، نەمدەزانی لە خەڵوەتی پەنجەرە ڕەیحان دەنێژرێت” (ژنێک گیرفانی پڕ دەبێت لە بەرد، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ٩٥)

ئەنجام

لە کۆتاییدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا ئەگەر دەقێک ئەم تایبەتمەندییانەی تێیدا نەبێت، دەقێکی ژنانە نییە؟ وڵامەکەمان زۆر ڕوونە. دیسانەوە دەبێت لە زاری وۆڵفەوە قسە بکەین: “بۆ هەر کەسێک کە دەنووسێت، بیرکردنەوە لە ڕەگەز شتێکی زیانبەخشە، ژنبوون یان پیاوبوون بە شێوەیەکی پەتی و رەها زۆر زیانبارە؛ دەبێت ژنانە ـ پیاوانە یان پیاوانە ـ ژنانە بین. بچووکترین جەختکردنەوە لەسەر هەر چەشنە ستەمێک بۆ ژن زیانبەخشە. نابێت ئاگاهانە وەکوو ژنێک قسە بکات چونکە هەرشتێک کە لە ڕووی دمارگرژیی ژنانەوە بنووسرێت مەحکوومە بە لەناوچوون و ناتوانێت گەشە بکات.” کەواتە تەنها تایبەتمەندی چیرۆکێکی باش، ڕاستگۆیی نووسەرە لە دەربڕین و گێڕانەوەکەیدا چونکە هەر لە ڕێگەی ئەم گێڕانەوە ڕاستگۆیانەیەوە بە بێ ئەوەی هەوڵێکی ئەوتۆی دابێت دەتوانێت سەرنجی خوێنەر بۆ  ئەو شتەی وا مەبەستیەتی خەڵک گوێی لێ بگرن، ڕابکێشێت.

هەروەها ئەمڕۆ کە ئینتەرنێت هەلی ئەوەی ڕەخساندووە کە هەمووان بە شێوەیەکی یەکسان دەستیان بە سەرچاوە زانستییەکانیان بگات و هەلی پەیوەندیکردن بە هەموو کەسێک لە هەر شوێنێکی دنیای پێ بەخشیوین، گرنگترین ئەرکی هەر نووسەرێک بەبێ لەبەر چاو گرتنی ڕەگەزەکەی، پەروەردەکردنی خۆیەتی بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت و هەوڵدانە بۆ گێڕانەوەی ئەو حەقیقەتە. وەسوەسەی ئەزموونکردنی ژانر و شێوازە نوێیە ئەدەبییەکان بێ ئەوەی بە پێی پێکهاتەی چیرۆکەکە پێویست بێت، هەروەها سوور بوون لەسەر دەربڕینێکی ژنانە یان پیاوانە هەندێ جار دەبێت بە هۆی لەبیرکردنی ئەم ڕاستیەی کە هەر مرۆڤێک چیرۆکێکی هەیە بەپانتایی مێژووی ژیانی و ئەگەر بتوانێت ڕاستگۆیانە بیگێڕێتەوە، دەتوانێت ببێت بە دەنگی ئەو کەسانەی وا دەنگیان بە هیچ شوێنێک ناگات و لە سووچێکی ئەم دنیایەدا لە ترسی لێ تێنەگەیشتن بە تاقی تەنها هەڵدەلەرزن.

سەرچاوەکان

—————-

بخشی‌زاده، معصومه، غلامی، حمیده، ١٣٩٢،  سال ششم، دوره چهارم، شماره پیاپی ٢٢، شعر زنانه و سبک و گویشی زنانه، فصلنامه تخصصی سبک‌شناسی نظم و نثر فارسی (بهار ادب)

بودریار، ژان، ١٣٨٩، وانموده ها و وانمود، ترجمه: پیروز ایزدی، تهران، نشر ثالث

تولستوی، لئو، ١٣٧٨، آنا کارنینا، ترجمه: سروش حبیبی، انتشارات نیلوفر

جاوید، خەدیجە، ١٤٠٠، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، چاپەمەنی ماد

حاتمی، فردوس، ١٣٩٩، زنان کورد: خشونت و ستم تقاطع یافته، اقتصاد و جامعه

شریعتی، سوسن ، ١٣٩٥، گزارش رونمایی کتاب چیزی به تابستان نمانده، سایت ادبیات اقلیت

دسس پدس،آلبا، ١٣٩٨،  از طرف او، ترجمه: بهمن فرزانه، نشر آگاه

کریسمن تایلور، کاترین،١٣٩٦، گیرنده شناخته نشد، ترجمە: بهمن داراشفایی، نشر ماهی

گورکی، ماکسیم، ١٣٩٨، مادر، ترجمه: علی اصغر سروش، انتشارات نگاه

فلوبر، گوستاو، ١٤٠٠، مادام بوواری، ترجمە: مهدی سحابی، نشر نیلوفر

قادری، ڤیدا، ١٣٨٩، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، چاپەمەنی گوتار

لو بروتون، داوید، ١٤٠٠، جامعەشناسی بدن، ترجمە: ناصر فکوهی، نشر ثالث

مونتگومری، لوسی ماد، ١٣٩٨، آنی شرلی در گرین گیبلز، ترجمە: سارا قدیانی، انتشارات قدیانی

مولر، هرتا، ١٣٩٩، سرزمین گوجه‌های سبز، ترجمه: غلامحسین میرزاصالح، انتشارات مازیار

نامعلوم، ١٣٨٨، هزار و یک شب، ترجمە: محمد ابراهیم اقلیدی، نشر مرکز

وولف، ویرجینیا ١٣٩٣، سه گینی،ترجمه: منیژه نجم عراقی، تهران، انتشارات چشمه

وولف، ویرجینیا ١٣٨٣، اتاقی از آن خود، ترجمه: صفورا نوربخش، تهران، نشر نیلوفر

وولف، ویرجینیا، ١٣٧٠، به سوی فانوس دریایی، ترجمه: صالح حسینی، نشر نیلوفر

هدایت، صادق، ١٣٥٦، علویه خانم، نشر جاویدان

Djabar Assia, 1999, Women Of Algiers In Their Apartment, university of Virginia Press.

 

ژێدەرەکان

————

[۱]. Virginia Woolf

[۲]. Leo Tolstoy

[۳]. Maxim Gorky

[۴] Gustave Flaubert

[۵] Assia Djabar

[۶]Marlen Haushofer

[۷]Lucy Maud Montgomery

[۸]Emma Goldman

[۹]Kathrine Taylor

[۱۰] Andre Malraux

[۱۱] Elizabeth Barrett Browning

[۱۲]Alba de Céspedes y Bertini

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

جایزە اتحادیە نویسندگان کورد بە کامران رحیمی اهدا شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *