
زیانەکانی وەرگێڕان
مەسعوود بابایی
۱-۲
بەگوێرەی لێشاوێکی وەرگێڕان لەم ساڵانەی دواییدا، بەتایبەت لە ساڵانی ۲۰۰۰ بەملاوە، دەروازەکانی جیهان باشتر بە رووی ئێمەدا کرانەوە. بەتایبەتی گەشەی چاپخانە و خواست لەسەر کتێب بەپێی هاتنە مەیدانی نەوە نوێیەکان و فێربوونی زمانە بیانییەکان برەوی بە کاری وەرگێڕان دا. هەر لەم ساڵانەدا بە دەیان کۆڕ و سیمینار لەبارەی داڕشتنەوەی پێناسە نوێیەکان لەبارەی وەرگێڕان و تەکنیک و سوودەکانی وەرگێڕان بەڕێوە چوون. مشتومڕ گەیشتە جێیەک، هەندێ کەس لەسەر ئەمە، کە ئایا وەرگێڕان هونەرە یان زانست، بەگژ یەکدیدا دەچوون. هەڵبەت ئەمە خوویەکی پەڕگیرانەی ئێمەی کوردە، کە لەسەر رایەک دەگەینە ئەوپەڕی دوو جەمسەری ناتەبا!
بەگوێرەی ئەزموونێک کە لە وەرگێڕاندا هەمە، رەنگە بە لای خوێنەرەوە سەیر بێت کە وەرگێڕێک باسی زیانەکانی وەرگێڕان بکات، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە پرسیارێکی پاش ئەزموونێکی دوورودرێژە کە دەبێ هەموومان بیری لێبکەینەوە. مەبەستی من لە زیانەکانی وەرگێڕان، باسکردن لە هەڵەکانی وەرگێڕان و ئەو زیانە نییە کە بە خوێنەر دەگات، بەڵکو مەبەستم زیانی وەرگێڕانە، تەنانەت ئەگەر وەرگێڕانی دەقێکێش روون و پاراو و پڕواتا و هاوسەنگ بێت!
دەتوانین لە پێناسەی وەرگێڕاندا بڵێین، وەرگێڕان پەیکاڵی (انطباق) دوو زەین و دوو زمانە لە دوو فەرهەنگی جیاوازدا. نزیککردنەوەی واتایی لە وشەوە تا رستە ئەرکی وەرگێڕە کە هیچکات بە «دەقاودەقی واتایی» ناگات، چونکە دەقاودەقی واتایی لە نووسیندا روودەدات نەک لە وەرگێڕاندا. هەڵبەت ئەم قسەیە بە تیۆریی راستە، هەرچەند لە نووسینیشدا کەمتر نووسەرێک دەتوانێت بە «دەقاودەقی واتایی» بگات.
زیانەکانی وەرگێڕان چین؟
پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە ئاخۆ زیانەکانی وەرگێڕان چین؟ چلۆن دەتوانین لە زیانەکانی وەرگێڕان بدوێین؟
هەر دەقێکی وەرگێڕدراو کار لەسەر دەقێکی سەرەکی دەکات، دەقی سەرەکی سەر بە فەرهەنگ و چاندێکە کە ئێمە دەیگوازینەوە بۆ زەین و زمانی خۆمان. ئەم دەقە لە ئاسۆیەکی کەلتوریی دیاریکراودا بەرهەم هاتووە و ئەزموونێکی مێژوویی کۆمەڵگەیەکە، کە لە پێڤاژۆی(پرۆسە) ئەزموونی پێوەژیودا بە ئاکام گەیشتووە. کەوابوو شتێک هەیە ئێمە پێی نەگەیشتووین و دەمانەوێت لە کورتترین رێگەدا جۆرێک لە ئەزموون لە جێیەکی دیکەی جیاوازەوە بگوازینەوە بۆ نێو زەین و زمانمان تا توانستێکی نوێی دەربڕین و زانینێکی نامۆ لە بۆتەی زماندا بە کۆمەڵگەکەمان بگەیەنین.
رەچاوکردنی دۆخی فەرهەنگیی زمان و رێڕەوی وشە – واتا دەبێ لە سینتاکسی زمانێک کە پێی وەردەگێڕین جێبەجێ بکەین. وەرگێڕان پێڤاژۆی «نیشتەجێکردن»ە؛ نیشتەجێکردنی بێگانەیەک لە کەلتورێکدا کە دەبێ ببێت بە «ناسیاو». مەبەستمان ئەوەیە دوو ئاسۆی واتایی جیاوازی کەلتوری لە هێڵێکی ئاسۆیی دەربڕینی زمانی خۆماندا نیشتەجێ بکەین. ئەم «نیشتەجێکردن»ە، دەبێ بێگانە بکات بە ئاشنا. لەم نێوەدا سیستمێکی نیشانەناسانەی فەرهەنگی هەیە کە بمانەوێ یان نا، دزە دەکاتە نێو زمانی ئێمەشەوە، واتە ناتوانین تێکڕای سیستمی نیشانەیی ئەو دەقە خۆماڵی بکەین، چونکە هەندێ توخمی تایبەتی کەلتوری هەن کە وەرناگێڕدرێن. ئەمانە بە ناسنامەی خۆیانەوە دەخزێنە نێو زەین و زمانی ئێمەوە. بە وەرگێڕانی سیستمێکی نیشانەناسی، جۆرێک لە باڵادەستی و هەژموونی ئەوی دیکە لە زمانی ئێمەشدا نیشتەجێ دەبێت.
لە وەرگێڕاندا ئێمە لەگەڵ دوو توخمدا بەرەوڕووین:
– توخمی وەرگێڕدراو
– توخمی وەرنەگێڕدراو
توخمی وەرگێڕدراو: ئەم توخمە بەشێکی زۆری دەق دەگرێتەوە کە لە وەرگێڕانیدا ئێمە پەنا بۆ «هاوتاکردنەوەی واتایی» دەبەین. ئێمە لە رێگەی «ماناکێشەکێ» واتە (تداعی معانی)، لە فەرهەنگی زمانیی خۆماندا هاوتا وشەییەکان دەدۆزینەوە. بەشێکی زۆری وشەکان خاوەنی وێنەیەکی هۆشەکین. ئەم وێنەیە «مێژووکردە» و دەروەست بە «لۆژیکی دیاردەیی»یە. هەرچەند هەندێ لە وشەکان بەرهەمی راڤەی ستوونین و بەرەنجامی تێڕامانن و خاوەنی کارکردن، وشەکانی وەک ژیر، ژیری، ئاوەز، زیرەکی و رۆح و…هتد، بەم چەشنەن. توخمی وەرگێڕدراو لە توانستی بەراوردکاریی وێنەییەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەک گوتمان لە رێگەی «ماناکێشەکێ»ەوە رەوتی مانابەخشین بە دەقی وەرگێڕدراو بەڕێوە دەبات.
توخمی وەرنەگێڕدراو: هەمیشە ئەزموونێکی دیاریکراو هەیە، کە ناتوانین وەریبگیڕین. هەر چاندێک بۆ خۆی خاوەنی شێوەژیانێکی دیاریکراوە کە تێیدا «ئەزموونی پێوەژیو»ی تایبەت بە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو بیچم دەگرێت. ئەم ئەزموونانە وەرناگێڕدرێن، لە جیهانی فەرهەنگیی ئێمەدا بەدیناکرێن. وەک دیاردەی سروشتیی تایبەت بە ناوچەیەک، میوەکان و خۆراک و داهێنانەکان، کە راستەوخۆ لەبەرانبەریاندا هیچ هاوتایەکمان بۆی نییە.
لە وەرگێڕاندا ئێمە بەرەوڕووی دوو رەوش دەبینەوە:
یەکەم :داڕشتن بەگوێرەی یاساکانی وشەڕۆنان لە رێزماندا.
دووەم: وەرگرتنی وشە و زاراوە و چەمک و بەکارهێنانی.
یەکەم: پرسیار ئەوەیە چ شتێک دەتوانێت لە داڕشتنی وشەییدا یارمەتیمان بدات. لە وەڵامدا دەبێ بڵێم کە سیستمی وێنایی زمان بەگوێرەی «کارکرد»، بۆ نموونە؛ لە نیشتمانەکەی ئێمەدا «گڕکان» نییە، لەکاتێکدا توانیومانە وشەیەک بۆ دیاردەیەک دابڕێژین کە لە جوگرافیاکەماندا نییە. سیستمی وێنایی دیاردەیەک یارمەتیمان دەدات تا ئێمە بە لێکدانی «گڕ» و «کان» وشەیەک دابڕێژین. ئەم داڕشتنە بەگوێرەی «ماناکێشەکێی» زمانی خۆمانە نەک زمانێک کە لێوەی وەردەگێڕین. لێرەدا ئێمە «هاوتا» دانانێین، بەڵکو «هاوتا» دادەتاشین. ئەم هاوتاکردنەوەیە لە «ئەزموونی پێوەژیو»ی ئێمەوە چاوگە ناگرێت و لە ئاسۆی فەرهەنگیی ژیانی جڤاکیشماندا نیشتەجێ نییە، بەڵکو ئێمە بەگوێرەی سیستمی وێنایی دیاردەکە لە زماندا واتایەک نیشتەجێ دەکەین، بە بێ ئەوەی هیچ واتادارییەکی فەرهەنگی و مێژوویی ئەو دیاردەیە لە فۆلکلۆری ئێمەشدا هەبێت. ئێمە هیچکات لە وێنای گڕکان لە دەوروبەری زنجیرە چیای فوجی یاما لە ژاپۆن یان پۆلیڤیا تێناگەین، هیچ پاشخانێکی ئوستوورە، یان ئەفسانەمان لەو بارەیەوە نییە و ناشتوانین بۆی دروست بکەین! مەبەستمان ئەوەیە ئێمە وێنا فەرهەنگییەکانی «گڕکان»مان نییە، تەنیا دەتوانین لە توێژینەوە مرۆڤناسانەکانی پاش وەرگێڕان ئەمە قەرەبوو بکەینەوە! مەبەستمان لە توخمی وەرنەگێڕدراو ئەو توخمانەن کە لە ئاسۆیەکی بێگانەی فەرهەنگییەوە دەخزێنە نێو فەرهەنگێکی دیکەوە، تەنانەت ئەگەرچی بەشێوەیەکی فۆرمالیش وەردەگێڕدرێن، بەڵام لەبەر نەبوونی نیشانەناسییەکی فەرهەنگی لە فەرهەنگی دووەمدا، لەگەڵ ئەوەی مانایەک لە زمانی دووەمدا وەردەگرن، بەڵام سیمای دووری خۆیان دەپارێزن. بۆ روونکردنەوەی نیشانەناسیی گڕکان، ئێمە دەبێ تەنانەت نیشانەناسییە فەرهەنگییەکانی «گڕکان»یش روون بکەینەوە. هەر بۆیە پاش وەرگێڕان پێویستە بۆ خۆماڵیکردنەوەی ئەم واتایە زێدەبارێکی کەلتوریش بهێنینە نێو کەلتوری خۆمانەوە! ئەم کارە پاش وەرگێڕان روودەدات. ئەوەی ئێمە لەم جۆرە توخمانەدا دەیکەین، وێناندنە لە زمانی خۆماندا کە لە رێگەی کەرەستە واتاییەکانەوە جێبەجێی دەکەین. ئامراز و وشەکانی زمانەکەمان لەم وێناندنەدا یارمەتیمان دەدەن بۆ سازاندنی چەمکێکی دوور لە کەرەستەیەکی نزیکدا. ئێمە هیچکات ناتوانین لە وەرگێڕاندا دیاردەیەک کە نیمانە وەک فەرهەنگی خاوەن دیاردەکە بگوازینەوە، ئەمە زیانی وەرگێڕانە دەبێ بە توێژینەوەی پاش وەرگێڕان لە چوارچێوەی دامەزراندنی زانستەکاندا تا رادەیەک قەرەبووی بکەینەوە.
دووەم: وەرگرتنی چەمک و زاراوەکان لە وەرگێڕاندا زیاتر لە وەرگرتنی ناوەکان فەزای زەینی داگیر دەکەن. چونکە ئێمە لە رێگەی ناوەکانەوە ئەوی دی دەناسین و لە رێگەی چەمکەوە بیر دەکەینەوە و بە زاراوەش سیستمێک شیدەکەینەوە. زیانی وەرگێڕان لەم ئاستەدا فراوانترە. لەنێوان دوو مرۆڤدا، کە یەکێکیان بیردەکاتەوە و ئەوی دیکە بیرکردنەوەی ئەو وەردەگێڕێت، مەودا و جیاوازییەکی زۆر هەیە، کۆمەڵگەیەک کە هزر بەرهەم دەهێنێت، بۆشاییە هزرییەکانی خۆی لە رێگەی وەرگێڕانی دەقەکانی کۆمەڵگەیەکی دیکە، پڕدەکاتەوە، بۆ نموونە فەلسەفەی ئەنگلۆساکسۆن بۆ روونکردنەوەی هەندێ چەمک و بابەتی فەلسەفی و ئەدەبی مێتۆدی هێرمێنۆتیکیی ئەڵمانی وەردەگرێت تا بتوانێت کەلێنەکانی هزرینی خۆی پڕبکاتەوە. ئەم جۆرە وەرگێڕانە، وەرگێڕانە بەگوێرەی پڕۆژە بە لەبەرچاوگرتنی پێگە.
جڤاکێک کە هزر بەرهەم ناهێنێت، لە پێگەی «پێگە»دا وەرناگێڕێت، بەڵکو وەرگێڕان لە پێواری «نووسین»دا دێتە کایەوە. لێرەدا شتێک بە ناوی کەلێن لە ئارادا نییە، بەڵکو «بۆشایی» هەیە. لێرەدا وەرگێڕان پڕکردنەوەی بۆشاییە نەک کەلێن، هەر بۆیە «وەرگێڕان وەک پڕۆژە» لێرەدا مانای نییە، بەڵکو زیاتر قەرەبووکردنەوەی «بەجێمان»ە و ئامانجەکە «کەمکردنەوەی مەوداکان»ە. لە «پڕکردنەوەی کەلێن»دا دەمانەوێت لە رێگەی وەرگێڕانەوە مەودایەک پڕ بکەینەوە تا هەردووک سەری بوارێک، یان خولگەی سیستمێکی هزری بەیەکەوە ببەستین. زیانی وەرگێڕان لێرەدا، بەمەرجی سەرکەوتنی چەمکسازیی، لانیکەم وەرگرتنی هەژموونی بیرکردنەوەی ئەوی دیکەیە. واتە ئێمە لێرەدا ناچارین بچینە ژێر باری پێوەندییەکانی هێزی گوتارێکی هزری، فەلسەفی، زانستی و…هتد. بۆ نموونە ناچارین رێگە بە مۆدێلێک، یان دەزگایەکی هزری بدەین تا لەگەڵ دەزگای هزریی ئێمەدا تێهەڵکێش ببێت. ئێمە لەم دۆخەدا زیانێک بە هۆشیارییەوە لەخۆ دەگرین تا بەو بارتەقایە سوودێک وەربگرین. ئەم وەرگێڕانە لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی دیاریکراودایە، بەڵام وەرگێڕان لە بۆشایی، یان لە پێواری نووسیندا، هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی مەودا یان بەجێمان. بە دەربڕینێکی دیکە «راکردن بۆ پێشەوە». مەبەستمان لە «نووسین» ئەرشیفکردنی کەلتوری کۆمەڵگە نییە. گەلان ئەدەبیات و مێژووی خۆیان دەنووسنەوە، تایبەتمەندییەکانیان تۆمار دەکەن و لەم رێگەوە «دەمێننەوە». ئێمە مەبەستمان نووسین وەک «گوتاری مانەوە» نییە؛ هەمووان دەتوانن خاوەنی ئەو جۆرە لە نووسین بن. مەبەست نووسینێکە بەرهەمهێنەری هزر و زانست بێت. لەبەر ئەوەی «زانین» دەسەڵاتە، ئەو زانینە بە هەر زمانێک بێت، دەبێتە مایەی باڵادەستی بۆ خاوەنی زمانەکە. ئەم نووسینە دروستکەری «پێگە»یە.
ترسی هێردەر، فەیلەسووفی ئەڵمانی، لە بزووتنەوەی وەرگێڕان لە ئەڵمانیای سەدەی هەژدە و نۆزدە لەوەدا بوو، کە وەرگێڕان دەتوانێت سەرلەبەری ناخودئاگایی کەلتوریی نەتەوەیەک داگیربکات، زەینێکی وەرگێڕدراو دروست دەکات کە لۆژیکی گوتاری باڵادەست وەردەگرێت و ناتوانێت بەشێوەیەکی رەسەنی خۆماڵی بیربکاتەوە. واتە وەرگێڕان، بیرکردنەوەی ئەوانی دیکە دەجوێتەوە. هەڵبەت بە بڕوای من، وەرگێڕان لە بۆشاییدا ئەم کاریگەرییە نالەبارەی هەیە، واتە ئەو کاتەی کە «نووسین» نەیتوانیبێت «پێگە»یەک دروست بکات، وەرگێڕان سەرلەبەری زەینی دەستەبژێری جڤاکی دادەتەنێت. ئەگەر «پێگە»مان هەبێت، واتە پێکهاتەیەکی هزریمان هەیە، کە بۆ بەیەکەوەبەستنی بیرکردنەوە کەلێنەکان، یان پچڕانەکانی خولگەی هزری بە وەرگێڕان پڕدەکاتەوە، بەڵام ئەگەر نووسین «پێگە»ی بۆ دروست نەکردبین ئێمە بۆ گەیشتن بە رۆحی سەردەم ناچار دەبین بۆشاییەکان پڕ بکەینەوە. واتە هێڵێکی ئاسۆییی وەک «پرد» دروست دەکەین تا بەنێو کاتدا گوایە خۆمان بگەیەنینە لای رۆحی سەردەم، بەڵام پردێک بەنێو بۆشاییدا کە تاریکی دەوروبەری تەنیوە تەنیا پەڕینەوەیەکی بێ توێشوو و هەگبەیە، ئێمە دەپەڕینەوە، بەڵام یەک دنیا کەرەستە و ئامرازمان لەپشتەسەری خۆمان جێهێشتووە، ئەو شتانەی کە نەمانتوانیوە بیاننووسین و بەجێمانهێشتوون و دەیانتوانی بە نووسین «پێگە»مان بۆ دروست بکەن. «نووسین» و «وەرگێڕان» دەبێ هاوشان بن. ئەمە کەلێنی نووسینە کە بواری وەرگێڕان و بابەتی وەرگێڕان دەستنیشان دەکات. واتە «نووسین» داڕێژەری «ستراتیژیی وەرگێڕان»ە. لەم دیدەوە ئەگەر بڕوانین نووسین وەک «پێگە» کەلێنەکان لە توخمە خۆماڵییەکاندا دەبینێت و بەپێی پێویست لە رێگەی وەرگێڕانەوە پڕیان دەکاتەوە. لەم رێگەیەوە توخمە خۆماڵییەکان بە تێپەڕینی کات دەتوانن توخمە بێگانەکان خۆماڵی بکەنەوە، بەڵام ئەگەر لە نەبوونی پێگەدا ئێمە دەست بۆ وەرگێڕان ببەین، جۆرێک لە تاریکی و لێڵی بەسەر زمان و هزرماندا زاڵ دەبێت. زەینی وەرگێڕدراو، یان وەرگێڕتەوەر، توانای بیرکردنەوەی نامێنێت، چونکە لە خاکی خۆیدا رەگی دانەکوتاوە.
بە مەرجی هەبوونی پێگە ئەرکی وەرگێڕان ئەوەیە فێری نووسینمان بکات. واتە بە بینینی کەلێنەکان فێری چنینی دەقی تۆکمەمان بکات.
خانە کتاب كُردی