خانه / اخبار و رویدادها / کورتەیەک لەبارەی خانەقا و ژیانی مەحوی

کورتەیەک لەبارەی خانەقا و ژیانی مەحوی

کورتەیەک لەبارەی خانەقا و ژیانی مەحوی

سەربەست باڵخێی

شێخ رەش، یەکێک لە زانا و ناودارەکانی کوردستان و ناوچەکە، لە ساڵەکانی ۱۷۰۰ لە گوندی باڵخدا ژیاوە، گوندی باڵخ یەکێکە لە گوندەکانی شارباژێڕ لە ناحیەی گاپیڵۆن، یەکێک لە کوڕەکانی شێخ رەش ناوی مەلا عوسمانە و بە مەلا عوسمانی گەورە ناسراوە لە ساڵی۱۷۵۰ لە گوندی باڵخ لەدایک بووە، لەگەڵ دروستبوونی شاری سلێمانیدا لەگەڵ شێخ مارف نۆدێ دێتە شاری نوێ، بەڵام بەرلەوەی کوڕەکەی لەدایک ببێ کۆچی دوایی دەکات، هەر بۆیە کە کوڕەکەی لەدایک بوو، ناویان لێنا عوسمان، واتە بە ناوی باوکیانەوە کرد.
عوسمان لە شاری سلێمانی گەورە بوو، پاشان بوو بە مەلا و بە مەلا عوسمانی باڵخێیی ناسرا، (مەلا عوسمانی باڵخێیی) بوو بەیەکێک لە زانا و ناودارەکانی شاری سلێمانی، ئەو مزگەوتەی لێی بوو بە مەلا، بە مزگەوتی مەلا عوسمانی باڵخێیی ناسرا، مزگەوتەکە لە ساڵی ۱۸۰۸ لەلایەن سلێمان پاشای بابان-ەوە درووستکراوە، مەلا عوسمان باڵخێیی لە ساڵی ۱۸۳۰ کوڕێکیان بوو ناویان نا محەمەد، محەمەد لە تەمەنی ۷ ساڵیدا لە حوجرەکەی باوکیدا بوو بە فەقێ و دەستی کرد بە خوێندن، لە تەمەنی هەرزەکاریدا شاری سلێمانی بەجێهێشت و بەدوای خوێندندا  دەستی بە گەڕان کرد و لای چەندین زانا و ناوداری ئەو سەردەمە وانەی مەلایەتی خوێند، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی، دوایی چووە بۆ بەغدا و لای موفتی زەهاوی زانا و ناوداری کورد خوێندنی تەواو کردووە و بڕوانامەی مەلایی وەرگرتووە.
مەلا عوسمانی باڵخێیی دوای گەڕانەوەی بۆ شاری سلێمانی بوو بە ئەندامی دادگا و کاری میریی دەستپێکرد، هەروەها بوو بە (مەحوی) و وەک شاعیرێکی گەورە ناوبانگی دەرکرد. لە ساڵی ۱۸۶۸  باوکی مەلا عوسمان باڵخێیی کۆچی دوایی کرد، بەوهۆیەوە وازی لە کاری میریی هێنا و لە هەمان مزگەوت بوو بە مەلا و وانەبێژ و هەر لەم مزگەوتەدا بوو بە خاوەنی نازناوی (حەزرەتی مەحوی) و بوو بە ئەستێرەیەکی پڕشنگداری ئاسمانی ئەدەبی کوردی.
لێرەوە مەحوی وەک شاعیرێکی گەورەی کوردستان و مامۆستایەکی دنیای سۆفیگەریی جیهان و زانا و شەرعناس و وانەبێژی خانەقا دەرکەوت، کە دەیان پیاوی گەورە و کەسایەتی ناودار لەسەر دەستی ئەودا پەروەردە بوون و خزمەتی کۆمەڵگای کوردستان و ناوچەکەیان کردووە. مەحوی دنیانەویست و دەروونبەرز و نیشتمانپەروەر بوو، ناو و ناوبانگی نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە وڵاتانی ناوچەکە و دنیای تەریقەتی نەقشبەندیدا دیار و بەرز بوو، زۆرجاران بۆ هەندێک پرسیار و گرێکوێرەی شەرعی، پەنایان بۆ دەهێنا و قسە و روونکردنەوەکانی بە هەند وەردەگیران و سەنەد بوون. 
بە زوویی ناوبانگی مەحوی گەیشتە لای سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی، سوڵتان دەنێرێ بەدوایدا و داوای لێ دەکات سەردانی بکات، مەحوی داواکەی پەسەند دەکات، بەڵام راستەوخۆ ناچێ بۆ ئەستەمبوڵ، سەرەتا دەچێ بۆ حیجاز، لەوێ فەریزەی حەج بەجێئەهێنێ و لەوێوە دەڕوات بۆ ئەستەمبوڵ، لەوێ دەچێ بۆ ئەو مزگەوتەی سوڵتان عەبدولحەمید نوێژی تێدا دەکات، ئێوارە سوڵتان و یاوەرانی دێنە مزگەوت، دەبینن کەسێکی نامۆ لەوێ نوێژ دەکات، سەرنجیان دەچێتە سەری، دوو لە یاوەرانی سوڵتان دەچنە لای و پرسیاری لێ دەکەن چ کارەیە و لە کوێوە هاتووە؟ دەردەکەوێ ئەو کەسە (مەحوی)یە، سوڵتان زۆر خۆشحاڵ دەبێ، پێشوازیەکی گەرمی لێ دەکات، پاشان سوڵتان داوای لێ دەکات پێش نوێژییان بۆ بکات، بەڵام مەحوی رەتی دەکاتەوە پێش نوێژیی بۆ سوڵتان بکات، پاش گفتوگۆ و موناقەشەیەک مەحوی رازی دەبێ پێش نوێژییان بۆ بکات، پاشان لەگەڵ سوڵتان و یاوەرانی دەڕوا بۆ دیوانی پاشایەتی و دەبێتە میوانی سوڵتان. لەو چەند رۆژەی میوانی سوڵتان دەبێت سوڵتان داوای لێ دەکات لە ئەستەمبوڵ بمێنێتەوە و کاری میریی بکات، بەڵام ئەو رازی نابێت و دڵی هەر لای شاری سلێمانی و خانەقاکەیەتی، پاشان سوڵتان بڕیار دەدات بڕێک پارە تەرخانبکات بۆ نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی خانەقاکە، بڕێکیش پارە بۆ مووچەی مانگانەی خۆی و بۆ خزمەتکردنی هەژاران تەرخانبکات.
مەحوی پاش چەند رۆژێک مانەوە لەلای رۆشنبیران و کەسایەتییە کوردەکانی ئەستەمبوڵ دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی و بە مورید و خۆشەویستەکانی شاد دەبێتەوە. لێرەوە لە مزگەوتەکەیدا کە بووە بە (خانەقای مەحوی)، درێژە بە کارەکانی خۆی دەدات. حەزرەتی مەحوی هەتا کۆتا رۆژەکانی تەمەنی لە خانەقاکەیدا بەردەوام بوو لە کارەکانی رۆژانەی خۆی لەگەڵ مورید و نوێژخوێنانی مزگەوت، بە هۆنراوە شاکارەکانی رەخنە لە نادادی دەسەڵات و دواکەوتوویی کۆمەڵگا دەگرێت. مەحوی ساڵی ۱۹۰۶ لە تەمەنی ۷۶ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە یەکێک لە ژوورەکانی خانەقای مەحوی-دا بە خاکی دەسپێرن.ئەو مزگەوتە و خانەقایە هەتا ئێستاش هەر خانەقای مەحوییە و شوێنێکی دیار و مەرقەدێکی پیرۆزە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

کۆچی دواییی نووسەری ناوداری کورد مامۆستا محەمەد ئەمین بۆزئارسلان

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *