
کۆچی دواییی نووسەری ناوداری کورد مامۆستا محەمەد ئەمین بۆزئارسلان

دوکتۆر فەرهاد شاکەلی
محەمەد ئەمین بۆزئارسلان [١٥-٩-١٩٣٤ تا ٢٢-١-٢٠٢٦] یەکێک بوو لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی کوردستانی باکوور. هەر لە تەمەنی لاوێنییەوە هەموو وزە و توانستی خۆی تەرخان کردبوو بۆ زانست و زمان و خەبات لە پێناوی نەتەوەکەیدا. هەر بەو هۆیەیشەوە زۆر جار لە لایەن دەستەڵاتدارانی ڕێژیمی ڕەگەزپەرستی تورکیاوە خراوەتە بەندیخانەوە و کتێبەکانی قەدەغە کراون و خۆیشی لە کار دەرکراوە و گوشاریان خستووەتە سەر ژیانی ڕۆژانەی. دواتر ناچار بوو تورکیا بە جێ بهێڵیت و ساڵی ١٩٧٨ ڕووی کردە سوێد و لە شاری ئوپسالا گیرسایەوە. لە ماوەی ٤٧ ساڵی ژیانیدا لە وڵاتی سوێد، هەموو کاتی خۆی تەرخان کردبوو بۆ نووسین و تەرجەمە و کاری فەرهەنگی. ڕۆژی ٢٢-١-٢٠٢٦ لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا کۆچی دواییی کرد و هەر لە شاری ئوپسالا نێژرا، بەڵام هەواڵی کۆچکردنەکەی درەنگتر بڵاو کرایەوە. مامۆستا بۆزئەرسلان ساڵانێک دۆستێکی زۆر نزیکم بوو و لە بەشێکی کارەکانیدا یارمەتیم دەدا و ئاسانکاریم بۆ دەکرد.
کە ساڵی ١٩٧٨ هاتمە سوێد، منیش یەکەم جار لە شاری ئوپسالا گیرسامەوە. یەک دوو مانگێک دواتر دەستم کرد بە خوێندنی زمانی سوێدی. وا ڕێك کەوت کە مامۆستا بۆزئارسلان و بەندە لە یەک خولی فێربوونی زمانی سوێدیدا دەمانخوێند و هاوپۆل بووین. دیارە پێشتریش، پێش ئەوەی خۆی لە نزیکەوە بناسم، دووراودوور دەمناسی و ناویم بیستبوو و دەمزانی نووسەر و خەباتکارێکی دڵسۆزە. دیار بوو ئەویش منی دەناسی و دەیزانی نووسەرم. ئیدی بە هۆی ئەو چەند مانگەی پێکەوە خوێندنمان، زیاتر یەکدیمان ناسی و هەر لەو کاتەیشەوە دۆستایەتییەکی گەرم و قووڵ لە نێوانماندا دروست بوو. ئەو کاتە دەیویست فەرهەنگێکی سیاسیی کوردی بنووسێت. حەفتەی یەک دوو جار دەهات بۆ ژوورەکەم [ئەو کاتە من ماڵ و منداڵم نەبوون، بە تەنیا دەژیام] و پرسیاری تێرم و زاراوە سیاسییەکانی لێ دەکردم، لە کوردیی ناوەندیدا چییان پێ دەگوترێ و چی بە کار دەهێنن. ئێستایش لە بیرمە، کاتێک پێم گوت بەرانبەر زاراوەی [تگرف، متگرف]ی عەرەبی (مامۆستا زمانی عەرەبیی باش دەزانی) لە کوردیی ناوەندیدا [پەڕگری، پەڕگر] بە کار دەبەین، هەر شاگەشکە بوو ئەوەندەی پێ جوان بوو.
یەک دوو ساڵێک دواتر من بارم کرد و چوومە ستۆکهۆڵم. مامۆستا لەوێیش سەری لێ دەداین. خۆی و خانمی دەهاتنە سەردانمان. ئەو کاتە لەسەر گۆڤاری ژین کاری دەکرد. [ژین] گۆڤارێک بوو، ساڵانی ١٩١٨-١٩١٩ لە ئیستانبووڵ بڵاو کراوەتەوە و پێم وایە پێنج ژمارەی لێ دەرچووە. نووسینەکانی بە کوردی و تورکی بوون. پیرەمێرد، عەبدولڕەحیم ڕەحمی، محەمەد شەفیق ئەرواسی، کامران بەدرخان، مستەفا یاموڵکی، لە نووسەرانی گۆڤارەکە بوون. نووسینە کوردییەکان، بەشی زۆریان بە کوردیی ناوەندی نووسراون. هەموو گۆڤارەکەیش بە ئەلفوبێی کوردی نووسراوە.
پرۆژەکەی مامۆستا بۆزئارسلان ئەوە بوو ئەم گۆڤار و نووسین و بەرهەمانە لە ئەلفوبێی کوردییەوە وەربگێڕێتە سەر ئەلفوبێی لاتینی-تورکی و تێکستە کوردییەکانیش بکاتە تورکی. من هەر ئەو کاتە زۆر چاک لەوە تێگەیشتم و ئەوەم بە ڕوونی بۆ دەرکەوت، کە کوردی باکوور، چ بەڵا و چ نەگبەتی و بەدبەختییەک بەسەر خۆیان و زمانە کوردییەکەیاندا هاتووە، بە هۆی وازهێنان لە ئەلفوبێی کوردی و بەکارهێنانی ئەلفوبێی لاتینی-تورکییەوە. لە ماوەی ئەو کارکردنەماندا دەیان و سەدان جار تووشی شتی سەیر دەبووین. ئەگەر وشەیەک دەنگی [ع]ی تێدا بووایە، مامۆستا بۆ ئەو دەنگە لە لاتینییەکەدا هیچی نەبوو بینووسێت بەرانبەری، ناچار دەبوو ئەگەر ڤاوەڵ [دەنگدار] بە دوویدا بهاتایە، خۆی لە [ع] دەبوارد و تەنیا ڤاوەڵەکەی دادەنا. دەنگی [ح]ی دەکردە [هـ]، دەنگی [غ]ی دەکردە [خ]، دەنگی [ڵ]ی دەکردە [ل]، دەنگی [ڕ]ی دەکردە [ر]. بەو جۆرە [عالەم، عەبدولڕەحیم، حەیدەریزادە، ئەحمەد، عیلم، عەدەد، مەعلووم] دەبوون بە [ئالەم، ئەبدولرەهیم، هەیدەریزادە، ئەهمەد، ئیلم، ئەدەد، مەئلووم].زمانی کوردی و تورکیی ئەو سەردەمە زمانی کلاسیک بوو، بێجگە لە وشە کوردی و تورکییەکان، سەدان وشەی عەرەبییان تێدا بە کار دەبران، ئیدی چارەنووسی ئەوانیش لە چارەنووسی وشە کوردییەکانی خراپتر بوو.
کە ئەو گۆڕینانە دەهاتنە پێشەوە بە مامۆستام دەگوت، کە ناکرێت وشەکانی زمانی کوردی لەبەر خاتری ئەلفوبێ بگۆڕین و تێک بدەین، دەبێ بە پێچەوانەوە، ئەلفوبێ خۆی لەگەڵ زماندا بگونجێنێت و نوێنەری هەموو دەنگەکانی زمان بێت. دەیگوت ”ڕاستە، ڕاستە، لێ ئەم چاوا بکن؟”. ئەگەر وا بێت، دەبێ زمان و فەرهەنگ و خوێندەواری و ئاوەز و شارستانەتی و مێژوو، هەر هەموو دیلی ئەلفوبێیەک بن، کە بە کەڵکی نووسینی زمانی کوردی نایەت و هەر بۆ ئەوە دروست کراوە کە پارچە پارچە بوون و دابەشبوونی نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی بە تەواوی بچەسپێت. دوای گۆڤاری [ژین]، ڕۆژنامەی [کوردستان]یشی وەرگێڕا.
کارەکانی مامۆستا هەر ئەوە نەبوو. ئەو بۆ یەکەمین جار، کە هێشتا لە تورکیا دەژیا، کتێبی [ئەلفابە]ی چاپ کرد بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆ کوردی باکوور، [شەرەفنامە]ی شەرەفخانی بدلیسیی تەرجەمەی تورکی کرد، [مەم و زین]ی ئەحمەدی خانیی وەرگێڕایە سەر ئەلفوبێی لاتینی-تورکی و تەرجەمەی تورکییشی کرد. لە سوێدیش کۆمەڵێک کتێبی منداڵان و چیرۆکی فۆلکلۆریی کوردیی بڵاو کردنەوە. کۆمەڵێک کورتەچیرکیشی بڵاو کردەوە، کە ناونیشانی [مەیرۆ] بوو. لەم ساڵانەی دواییدا، بۆ یەکەمین جار فەرهەنگێکی کوردی-کوردیی لە چەند بەرگێکدا بڵاو کردەوە.
مامۆستا بۆزئارسلان پیاوێکی زۆر کوردپەروەر و نەتەوەپەرست بوو. زۆر شانازیی بە مێژووی کوردەوە دەکرد. هاوینی ١٩٨٢ من و هاوسەرەکەم لە لەندەن دەژیاین. من ناسیاویم لەگەڵ مامۆستا تۆفیق وەهبیدا هەبوو، هەموو حەفتەیەکیش دەچوومە سەردانی. ئەو هاوینە مامۆستا بۆزئارسلانیش ماوەی مانگێک لە لەندەن ژیا، دەیویست زمانی ئینگلیزی فێر ببێت. کە بیستی من هاتوچۆی مامۆستا تۆفیق وەهبی دەکەم، تکای لێ کردم بیبەم بۆ لای و پێی بناسێنم. تەلەفۆنی مامۆستا وەهبیم کرد، کە سبەینێ دۆستێکی کوردی باکوور دێتە سەردانت. نیوەڕۆی سبەینی مامۆستا بۆزئارسلانم برد بۆ لای مامۆستا وەهبی. نزیکەی سەعات و نیوێک دانیشتین. هەردوولا بەو دیدارە زۆر دڵخۆش بوون. بە یادی زمانی تورکیی عوسمانی ماوەیەکی باشیش بە تورکی پێکەوە قسەیان کرد.
لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا، خوێندنگەی بەرزی خەڵک، لە دوڕگەی [بیسکۆپس ئارنوێ: Biskkops Arnö] بە هاوکاری و پێشدەستیی هاوڕێم کاک (بەختیار ئەمین) و بەڕێوەبەری خوێندنگەکە، کۆرسێکیان بۆ زمان و ئەدەبی کوردی کردەوە و نزیکەی ٢٠-٢٥ کورد ناوی خۆیان نووسی کە لەوێ بۆ ماوەی دوو حەفتە بخوێنن. ئێمەیش (مامۆستا بۆزئارسلان و بەندە) مامۆستای کۆرسەکە بووین.
نزیکەی پانزدە ساڵێک لەمەوپێش هاوسەرەکەی مامۆستا کۆچی دوایی کرد. ئەمە تا ڕادەیەک ژیانی مامۆستای سەخت کرد، بەڵام منداڵەکانی (بە تایبەت شیرینی کچی) زۆر یارمەتییان دەدا و خزمەتیان دەکرد. هەر لەبەر ئەوەی نەبمە بارگرانی بۆ ماڵی مامۆستا وازم لەوە هێنا لە ماڵ سەردانی بکەم. یەک دوو جار وامان ڕێک خست لە دەرەوە یەکتر ببینین و بچین لە قاوەخانەیەک یا ڕێستۆرانێک دابنیشین. ماوەی چەند ساڵێکیش وای لێ هات کە هەر هیچ ڕێک نەکەوت چاومان بە یەکدی بکەوێت. دوایین جار کە چاوم پێ کەوت، وا بزانم پارساڵ بوو. چووم بۆ کتێبخانەی گشتیی ئوپسالا، چوومە سەرەوە بۆ تەماشای کتێبەکانی بەشی زمانانی کوردی و فارسی و عەرەبی. لەوێ چاوم بە مامۆستا بۆزئارسلان کەوت. مامۆستا تەواو پیر بووبوو. چۆن و چاکییەکی گەرموگوڕمان کرد. وتم تازە لە کوردستان گەڕاومەتەوە، بە گەرمی هەواڵی هەلومەرجی کوردستانی لێ پرسیم. تاوێک پێکەوە وەستاین و دواتر ئەو ڕۆیشت و منیش چوومە تەماشای کتێبەکان. بە داخەوە ئیتر دوای ئەو جارە چاوم پێ نەکەوتەوە. حەفتەیەک لەمەوپێش، شەوێک کاک (ڕۆهات ئالاکۆم) تەلەفۆنی بۆ کردم و هەواڵی کۆچی مامۆستای پێ گەیاندم. خۆم نیوسەعات لەوەوپێش لە فەیسبووکدا خوێندبوومەوە.
یادی مامۆستا محەمەد ئەمین بۆزئارسلان هەر زیندوو بێت و زمان و فەرهەنگ و وشەی پیرۆزی کوردی هەر ڕەنگدار و جوان، گەشەدار و نەمر بن.(*)
خانە کتاب كُردی