آخرین خبرها
خانه / اخبار و رویدادها / لەپای چی دەنووسین؟

لەپای چی دەنووسین؟

لەپای چی دەنووسین؟

شێرزاد حەسەن

دەتوانین بەڕەهایی بڵێین پرسیارێکی وا رووبەڕووی هەموو نووسەرێک دەبێتەوە، لەسەر ئاستی خودگەرایی و هەم لەباری کۆمەڵایەتییەوە، لەنێو هەر جوگرافیایەکدا کە نووسین هەبێت، ئەم پرسیارە لەلایەن خوێندەوار و نەخوێندەوارەکانیشەوە ئاراستەی قەڵەم بەدەستان دەکرێت، ئەم پرسیارەش، بەتایبەتی یاخەگیری ئەدیبان دەبێتەوە، پەیوەست بەژانرە جیاوازەکانی وێژە و ئەدەبیاتەوە؛  شیعر، چیرۆک، شانۆ و رۆمان، سەرباری کۆی لقەکانی زانستەمرۆییەکان؛ فەلسەفە، سایکۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی… پرسیارەکەش رەوایە لەهەر کەسێکەوە بێت، هەر لەسەرەتاوە مەرجە دەرکی ئەوە بکەین مادام ژیان و زیندەگی مەردمگەل لەنێو دووجەمسەر و بازنەدا جێگیر و جێکەوتەبووە؛ کە ئەوانیش:تراژیدیا و کۆمیدیایە، کە دەکات مەرگەسات و بەزمەسات، هەڵبەتە دیوەتراژیک و دراماتیک و مەرگەساتەکە زاڵترە و پانتاییەکی بەرفراوانی داگیرکردووە بە بەراورد لەتەک کۆمیدیا و بەزمەسات.
بۆ هەمیشە وەڵامی جیاوازمان دەست دەکەوێت، لەسەر زاری نووسەرانی هەر حەوت کیشوەرەکەوە و زەقترینیان ئەم وەڵامە حازربەدەستە و باوەیە کە نووسەران کۆکن لەسەری، گوایە ژمارەی هەر زۆرینەی نووسەران وای دەبینن پەیامێکی پیرۆزیان هەیە بۆ مرۆڤایەتی کە مەرجە پەخش و بڵاو بکرێتەوە، پەیامێک کە سەرچاوەکەی لەخزمەتی مرۆڤپەروەرییەوە هاتبێت لەسەر ئاستی لۆکاڵی و هەم جیهانگیری کە بەقازانجی مرۆڤایەتی بشکێتەوە، نووسەرە ناودارەکان بروایان وایە هەر یەکە و بەجیا دەتوانێت بەشداربێت لەبونیاتی ئەو مێژووەی هەمانە، لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی و و فیکری و فەرهەنگی، بەواتا پشکی هاوبەشی هەبێت لەتەک هاوپیشەکانی خۆی، رۆڵی بەرچاو و سەنگین و دامەزراویان هەبێت لە پەرەپێدان بەکولتووری رەسەن و جێکەوتە و برەودان بەو کەلەپوورەی وەک میرات لە دایک و داپیران و و باوک و باپیرانەوە بۆ ئێمە بەجێماوە. بێگومان دەکرێت هەندێکیان پتر نارسیستانە حەز بکەن پێگەداربن و ناودەنگیان بگاتە هەمووان، لە روانگەی نووسەری هیندۆ ـ ئینگلیزی وەک (جۆرج ئۆرویڵ /۱۹۰۳ ـ ۱۹۵۰) کە رۆماننووس و ژۆرنالیست بوو، بڕوای وایە ئەم رۆحی نارسیستییە کە خۆپەرستییەکی تێدایە بۆ نووسەرانی لاو، چ مێینە بن و چ نێرینە، رەوایە بەر لەتەمەنی بیست، کە هێشتا هەرزەکار و فەریکە نووسەرن، بەڵام لەتەک هەڵكشاندنی تەمەندا مەرج ئەو خودویستی و خۆ بەزلزانینە فەرامۆش بکەن و ئیدی خاکەرا و گەردوونگەراییانە سەرگەرمی پەیامی خۆیان بن!.
یەکێک لە پاڵنەرەکانی  نووسین وا کەوتۆتەوە گوایە ژمارەیەکی بێ شوومار لە نووسەران بڕوایان وایە ناوەڕۆکی ئەدەبیاتی دونیا ئاماژە بەناڕێکی و گرفت و کێشەکانی مەردمگەل دەکەن، کە سیخناخە بەئاریشە و تەنگژەباری و دراما و تراژیدیا و کارەساتباری بەدرێژایی مێژوو، نموونەی بەرچاو بەرپابوونی جەنگ و شەڕە لەنێو هەر حەوت کێشوەرەکە، شکستی و نشوستی و داڕووخانی کوشندە لەسەر ئاستی رامیاری و مەزهەبگەرایی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فیکری و فەرهەنگی کە کۆتایی نایەت، وەک ئەوەی مرۆڤ لەنێو دڕندەکانی جەنگەڵ، لەهەموویان خوێناویتر و بڕندە و دڕەندەترین بێت و نەسرەوێت!.
هاوکات نووسەران لافی ئەوە لێدەدەن ئەوانیش لەتەک زانا و داناکانی زانستە مرۆیی و سرووشتییەکاندا هەوڵ دەدەن ماریفەت و زانیاری و ئاگاهی مەردمگەل دەڵەومەندتر بکەن، چ وەک خۆناسین و چ دونیاناسی بووبێت کە راستی و هەقیقەتی تێدایە، بەڵام مێژووی شەڕانگێزی زاڵترە بەسەر مێژووی ئاشتەواییدا، مێژوو پێماندەڵێت نووسەرانی وا هەبوون و هەن کە ‘ئایدیۆلۆژست’ بوون و پتر لەبەرەی دەستەڵاتداران بوون رۆڵیان هەبووە لە بەدکاری و نامرۆیی. ناچارین بگەڕێینەوە نێو مێژوو لە دێر زەمانەوە تاوەکو ئێستاکێ، گەر بگەڕێینەوە بۆ ئەفسانەکان و داستانەکان هەرچەندە دیوەجوانەکەی نەخشینە وەک دۆزینەوەی مانا و مرۆڤناسی، بارتەقای ئەوە و زیاتریش؛ دراماتیک و تراژیکە کە لەباری ئینسانییەوە مەردمگەل  گیرۆدەن بە دەست تەنگژەباری و مەرگەسات و وەیشوومە و ئافاتی نەبڕاوە.

 تۆماری کۆن و دێرین بەشێوە سەرەتایییەکەی لەنێو ئەشکەوت و دار و دیوار و ئاسەوارەکانی بەجێماون، دەیسەلمێنێت مەردمگەڵ بێ گرفتاری و ئاریشە نەژیاوە، دەستنووس و بەڵگە و ئەرشیف و ئارکیۆلۆژیا پێماندەڵێن مرۆڤ ئەوکاتە گیرۆدە و سەرگەردان دەبێت، کە لە سرووشت دێتە دەرەوە و گوایە بونیاتی مێژووێک دەنێت بەو کەڵکەڵە و خولیایەوە، گوایە دەبێت بەدامەزرێنەری شارستانی جۆراوجۆر، بەڵام وەک فەیلەسووف و بیرمەندی ئەلمانی”هێربرت مارکوز ـ
۱۸۹۸ – ۱۹۷۹ ” دەژنەوێت، شارستانییەتێک بووە کە لەسەر حیسابی کوشتنی ‘ئێرۆس’ە کە دەکاتە خوداوەندی خۆشەویستی و جوانی و ژیاندۆستی، شارستانییەتێک”تاناتۆس” پەرستبووە،خوداوەندی مەرگدۆستییە و هاوکاتیش پەیوەستە بەخودی رۆح ـ کوژی و تاریکپەرستی!
دەتوانین بڵێین پرسیارێکی واهی سەبارەت بە پاڵنەر و هۆکار و فاکتەرەکانی نووسین، زادەی هۆشیاری و کونجکۆڵی و مەراقێکی ئەندێشەمەندانەیە و خاوەن پرسیار و هەم وەڵامی جیاوازی نووسەرانە لەنێو جوگرافیا و میژووی جیاوازدا؛  کە دەکرێت لەنێو هەندێک بازنە و تۆڕی بەربڵاوی ئەدەبیاتدا یەکبگرنەوە، بەڵام بەرەهایی؟ نا. کڵێشەکان زۆرن و دەگۆڕێن سەبارەت بەچییەتی و چۆنییەتی و چەندییەتی و گرنگی ئەدەبیات لەسەری ئاستی دونیا. ناکرێت بیرمان بچێت ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین سیخناخە لە قەیران و تەڵزگە و کۆسپ و تەگەرەی نوێ بۆ خودی نووسین و داهێنان، گوایە سەردەمی کۆمیونیکاسیۆنی خێرایە و هێرشی ‘زیرەکی دەستکردە ‘ کە رەنگە ببێت بە قاندڕ و رکابەری داهێنانی ئەندێشەمەندانە و خۆرسکانە، نەک زادەی تەکنەلۆژیای تەکاندەر بە دیوە نەرینییەکەیدا. ئاخر لەسەرەتای سەرهەڵدانی خودی ئەدەبدا؛ وەڵامەکان بۆ دۆزینەوەی پاڵنەری نووسین بووە، سادە و ئاسان بوون، بەتایبەتی لە دێر زەماندا ئەدەبیات پتر زارەکی بووە؛ نەک تۆمارێکی کۆنکریتی و بەرجەستە و روون و دیار.
خودی دیاردەی پەیدابوونی ‘زیرەکی دەستکرد’ دوو تیم و بەرەی لە یەکتری جیا کردۆتەوە، تابوور و ئۆردوێک لە مەردمگەلی تەوەزەل و بێ بەهرە کە ئیدی دەتوانن لە نووسینی  پەخشانێکەوە بۆ نامەی ماستەر و دکتۆرا بکەونە سەر قاپ و خوانی ‘زیرەکی دەستکرد’ بۆ خۆ رزگارکردن لە عەقڵ و ئەندێشەمەندی و داهێنانی مرۆڤ ـ خوڵقێن، ئەوەیان لەباری ئاکادیمی ترسناکترە لەوەی خەمسارد بین بەرامبەر بەو هەزارەها ئامێر و رۆبۆتانە  کە جێگە بە خودی ئینسان جێلەق دەکەن و بۆ هەمیشە پتر لەبازنەی رۆح پەوروەری و فانتازیا و ئیستاتیکا و جوانناسی خۆیان دەدۆزییەوە!.
بێگومان هەر ئەدیبێکی داهێنەر لەژیر کاریگەری و هەلومەرجی پەیوەست بەو ژینگەیە نەخشە و پلانی خۆی دەبێت، کە دەکرێت سەر بەئایدیۆلۆژیایەکی کوشندە و مەرگهین بێت، یانژی پێچەوانەکەی بێت کە رۆحی هیومانیستی و ئاشتەوایی و دادپەروەری بکەن بەسەر مەشقی ژیان و زیندەگی شکۆمەندانە. ئەفسون و جوانی ئەدەبیات لەوەدایە بۆ هەمیشە بارمان دەکات بە پرسیارگەلێکی زۆر وا دەکات قایل و رەزامەند نەبین بە هەر وەڵام و کڵێشەیەکی ساز و ئامادەکراو کە دەستخەڕۆمان بکات، ئەدەبیات کانگا و سەرچاوەی گومانیشە سەبارەت بەخودی ئینسان خۆی و کۆی بەهاکان و ئایدیاکان کە لەهیچ پیرۆزکراون بەمەرجی پەک کخستنی عەقڵ و ئاوەز!.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

پیام دکتر یادگار کریمی رئیس پژوهشکده کردستان شناسی دانشگاه کردستان به جشنواره سراسری داستان مهاباد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *