خانه / اخبار و رویدادها / ســــایكــــــــۆلـــــۆژیـــــــــــای دەق

ســــایكــــــــۆلـــــۆژیـــــــــــای دەق

ســــایكــــــــۆلـــــۆژیـــــــــــای دەق

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

بەشێوەیەكی گشتی، ئەدەب بریتییە لە بە هونەریكردنی دەق. تێگەیشتن لە بنەماكانی هونەریش، خوێنەری نموونەیی و زیتەڵی دەوێت وەك ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمەكانی شكسبیر بەبێ زانیارییە هونەری شانۆ و دراما و كەرەستەكانی ئەنجام نادرێن و لەولاشەوە فەرامۆشكردن و پەراوێزخستنی دۆخە سایكۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژییەكان كارێكی قورس و لاسەنگ دەردەچێت. ئێدگار ئالان پۆ (۱۸۰۹-۱۸۴۹) لەو باوەڕەدایە دەق، جگە لەوەی ئامانجە، ئامڕازێكی فێركردن و پەروەردەییشە. واتە، گەر بمانەوێت شارەزایی لەژیان پەیدا بكەین، ئەوا پێویستە لەڕێگەی دەقەكانەوە بچینە نێو ئەزموونی ژیانەوە. بەمەش دەق دەروازەیەكی ئەكتیڤە بۆ گەشەی عەقڵی و مەعریفی و فیكریی و سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی تاك و كۆمەڵگا. هەر لەبەرئەمەشە ماسیۆ ئەرنوڵد (۱۸۲۲ – ۱۸۸۸) جەخت لەسەر گرنگی دەق دەكات بەوەی دەق لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەكی فەلسەفییە و جووڵە بەتۆڕی مێشك دەدات تا بتوانێت رەنگەكان جودا بكاتەوە، تەنانەت كۆدەكانی دەق لەهەندێک دۆخدا بۆشاییەكانی ئایین پڕ دەكەنەوە بەو پێیەی دەقە ئاینیەكانیش پێویستیان بەڕاڤەكردن و چەندێتی مانا هەیە. 
ئەم كارە بەبێ ئارگیومێنتەكان ئەنجام نادرێت. بەمانایەكی تر، دەق دەتوانێت تایبەتمەندییەكانی ئایین و زانست دەستنیشان بكات هەروەك چۆن شكسبیر یان دیستۆفسكی و بەلزاك …هتد، رۆڵی زانایانی سایكۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیایان بینیوە. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، دەقی ئەدەبی بەگشتی یەكسانە بەڕاستییەكان، یان بەگواستنەوەی رووداو و زانیارییەكان، هەر یەكە و بەپێی رێباز و ئایدیا و بۆچوونی خۆی، گەرچی مەرج نییە ئەمانە هەموو لەژێر چەتری یەك ئایدیۆلۆژیا وسایكۆلۆژیادا كۆبكرێنەوە. بۆنموونە، نالی، بەپێی رێبازی بیركردنەوە و نووسینەكانی، دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت تاكی كورد بێبەش نییە لە گوتار و رەوانبێژی و دەربڕین و زمانی شیعر، چونكە شیعر لای ئەم شاعیرە بریتییە لەهونەر و سنعەت و فێركردن و جوانی. بەڵام لای گۆران شیعر هەڵوێست و كارنامەیە، یان ئایدێۆلۆژیا و ورووژاندنە، یان بانگەوازە بۆ رەنگێك، یان ئازادكردنی دەق و ئایدیاكان و تێكەڵبوونی واقیعە بەئەندێشە. 
ئەمانە بەپێی قۆناغی دەقەكانی گۆران گوزارشتیان لێوە دەكرێت. كەواتە ئەزموونی دەق، بەپێی سایكۆلۆژیای نووسەرەكانیان، لەدۆخێكەوە بۆ دۆخێكی تر، یان لە نووسەرێكەوە بۆ نووسەرێكی تر جیاوازییەكان دروست دەكەن. بۆ نموونە ت . س ئیلیۆت .
( ۱۸۸۸ – ۱۹۶۵) ئەزموونە فیكریی و سۆسیۆلۆژیاكەی لە ئەزمونە ئەفسانەییەكاندا دەبینێتەوە و ئەزموونی مرۆڤایەتی بۆ ئەو لەئەفسانەكانەوە سەرچاوەی گرتووە و بۆتە واقعێكی مەعریفی و تەكنیكی لەدەقدا. بە ئاڕاستەیەكی تر، گەر دەق رێگەیەك بێت بۆ دەربڕین، ئەوا سایكۆلۆژیای نووسەر رۆڵێكی گەورە دەبینێت بۆ نزیكخستنەوەی پەیوەندی دەق و خوێنەر. ئەمە لای رۆمانسیزمەكان لەڕێگەی تیۆری بەبابەتیبوون (Subjective) ئەنجامدرا. خۆ ئەگەر دەق ئامڕازێكیش بێت بۆ بەدەستهێنانی ماناكان ئەوا سایكۆلۆژیای دەق رۆڵێكی گەورە دەبینێت بۆ نزیكخستنەوەی پەیوەندی نامە و خوێنەر هەروەك لای ریاڵیزمەكان لەرێگەی تیۆری مەبەستێتی 
(Objective) ئەنجام درا. 
نالی
رەخنەگر و شاعیری ئینگلیزی ئابیركرۆمبی 
(۱۸۸۱ – ۱۹۳۸) لەكتێبەكەیدا «بناغەی رەخنەی ئەدەبی.۱۹۳۲»، وای بۆ دەچێت، گرنگی دەق لەوەدایە  بتوانێت پەیوەندییەكان دروست بكات لەنێوان نووسەر و خوێنەر و گەیەنەر یان لەنێوان دەربڕین و وێنەكان و گەیاندن و خوێنەر. نووسەر لە لایەكەوە، لەڕێگەی وشە و دەستەواژەكانییەوە لەئەزمونێك دەدوێت، خوێنەریش ئەو وشانە دەبینێت كە وێنەی ئەزمونەكەی تێدایە. بەمەش ئەوەی نووسەر هەستی پێدەكات، خوێنەریش پێویستە هەستی پێبكات بەپێچەوانەوە دەق وەك كارنامەیەكی سایكۆلۆژیایی ناتوانێت چارەسەری كێشەی ماناكان بكات و بەڵكو لە فەزایەكی داخراوی بێ بەهادا دەسوڕێتەوە. واتە دەقی سەركەوتوو هەمیشە لە هەوڵی نمایشكردنی ماناكان و چارەسەركردنەكاندایە، چونكە بمانەوێت، یان نا، دەق موڵكی هەمووانە و جودا ناكرێتەوە بەپێی خواست و بەرژەوەندییەكان. هەر بۆ نموونە، ئەدەبیاتەكەی نالی خۆی بۆ خۆی رێبازێكە و توانای فراوانكردن و پەیوەندییكردنی هەیە. ئێستاش، دوای تێپەربوونی زەمەنێكی زۆر و هاتنەكایەی چەند رێبازێكی تر، ئەم رێبازە چێژێكی سایكۆلۆژیایی خۆی هەیە و بەخوێندنەوەیان وروژاندنێكی رۆحی بەرجەستە دەبێت، وەك ئەوەی بڵێیت رۆحیانەتی نالی هەمیشە بە زیندویی لەنێوماندا دەژیی و ئێمەی وەرگریش پێویستییەكی سایكۆلۆژی زۆرمان پێی هەیە، ئەویش لەپێناو پیرۆزراگرتنی هاوسەنگییە فیكرییەكان و رەوێنەی ئازارەكان كە بەچەندین شێوە و شێواز و بەشتی ناڕەحەت گەمارۆ دراون، هەروەك گەمارۆدانی مەڵبەندی نالی لە رۆژگارێكی وەك ئەمڕۆدا: 
داخڵ نەبی بە عەنبەری سارایی ( خاك و خۆڵ )
هەتا نەكەی بە خاكی ( سولەیمانی ) یا عوبوور
. . .             . . .
خاكی میزاجی عەنبەر و ، داری رەواجی عوود
بەردی خەراجی گەوهەر و ، جۆباری عەینی نوور
. . .            . . .
ئەهلێكی وای هەیە كە هەموو ئەهلی دانشن
هەم نازیمی عوقوودن و هەم نازیری ئوموور. .

كەواتە دەقەكانی نالی، وەك سەمفۆنیاكانی بتهۆفن دەمانخاتە جیهانێكی خەیاڵاویی پڕ لەهەست و جوانی و وزە، بێگومان بۆ ئەم چركە ساتەی تاكی كورد دەقە ریاڵیزمە ئاڵۆزەكان ئەم رۆڵە، وەك پێویست، نابینن. 

گۆران
كاتێك دەقە رۆمانسیزمەكانی گۆران دەخوێنینەوە، وەك هاوسەنگییەكی بابەتی، پیرۆزی مرۆڤ بە گشتی و تاكی كوردمان بەبیر دەخاتەوە. دیارە ئەمەش بەهۆی ئەو تەنگەشە سایكۆلۆژیایەوە دێت كە تاكی كورد ئەمڕۆكە لەڕێگەی جیهانە میتریاڵیزمەكانەوە تووشی بووە و هێزی دەسەڵاتیش، تەنها، بیر لەخواستەكانی خۆی دەكاتەوە بەبێ گوێدانە هەستی تێكڕای تاكەكان هەروەك چۆن شیعری «بووكێكی ناكام» بەجوانی و بەدرێژی باسی لێوە دەكات و بەرجەستەشی كردووە. ئەمەش بەو مانایەی، نالی و گۆران وەك دوو قۆناغی جیاواز هەستیان بە لێپرسراوەتی كارنامەكانیان كردووە و نوێنەرێكی نموونەیی تاكەكان بوون، چونكە هەردووكیان بەر لەوەی بیر لەخۆیان بكەنەوە ئەوا بیریان لە گرنگی زەمەنی دەقەكانیان كردۆتەوە، تا چەند كاریگەر دەبن بەسەر بوونی ماناكاندا. هەر لەبەر ئەمەشە رێنیە وێلك(۱۹۰۳ – ۱۹۹۵) گەورە رەخنەگری ئەمریكی، ئاماژە بەوە دەدا بەوەی دەق تەنها گێڕانەوەی ژیان نییە بەڵكو دروستكەری ژیانیشە. ئەمە زۆر لەجێگەی خۆیەتی. نالی و گۆران، كە دوو دامەزرێنەری دەقی ئەدەبی كوردی زێڕینن، توانیان وەك مەڵبەند و راهێنان و پڕۆسە، جووڵەیەكی بزێو بە ئەدەبیاتی كوردی ببەخشن و خوێنەر و جەماوەر بۆ خۆیان رابكێشن. گۆران لەڕێگەی دەقەكانیەوە هۆشیارانە مەدەنیەت و نامەدەنیەتی كۆمەڵگای كوردیمان بۆ دەستنیشان دەكات وەك ئەوەی، لەڕێگەی سایكۆلۆژیاوە، بیەوێت چیرۆكی كەسێتی كورد نیشان بدات. ئەم كارنامەیەش لەڕێگەی ئەزمونەكانیەوە جێبەجێ كردووە.هەر وێنەیەك لەوێنەی دەقە شیعرییەكانی پشتی بەئەزمونێك بەستووە. 

لەشیعری «ئافرەت و جوانی»  كە لەبنەڕەتدا سوودی لە شیعرە بەناوبانگەكەی شێللی  ( ۱۷۹۲ – ۱۸۲۲) بە ناونیشانیLoves philosophy بینیوە، پشتی بەئەزموونی تایبەتی خود بەستووە لە روانگەی ئەوەی هەر تاكێك ئازادە لە جۆری مامەڵە و دەربڕین. ئەوەتا لەكۆمەڵگایەكی نامەدەنی زەمەنی دەق، توانای گوزارشتی لەخودی خۆی هەیە و بەمافێكی خۆشی دەزانێت  كار لەسەر پڕەنسیبی خۆشەویستی بكات چونكە ئەم كارە لەبنەڕەتدا كارێكی سروشتی مرۆڤە و مەترسی لەسەر رەوشتە باوەكانی كۆمەڵگا دروست ناكات:
بەڵام تەبیعەت هەرگیزا و هەرگیز
بێ رووناكییە بێ بزەی ئازیز
كام ئەستێرەی گەش، كام گوڵی كێوی
ئاڵە وەك كوڵمی، گۆی مەمكی، لێوی
كام رەش ئەگا بە رەشی چاوی
بە برژانگی، برۆی، ئەگریجەی خاوی
كام بەرزی جوانە وەك بەرزی باڵای
كام تیشك ئەگاتە تیشكی نیونیگای
كام تاسە، كام مەیل، كام چاوەڕوانی
تەلیسماویە وەك هی دڵداری

لە شیعری «بووكێكی ناكام»یشدا پشتی بە ئەزموونی ململانێكان بەستووە لە نێوان چینی باڵادەست و چینی هەژار. شاعیریش، وەك پسپۆڕێكی سۆسیۆلۆژیا، راستییەكانمان بۆ دەردەخات گەرچی كۆتاییەكەش لەبەرژەوەندی پاڵەوان نەبێت، چونكە ئەو راستیەی لادروست ببوو هەژاران، بەنموونەی جووتیاران، لەو قۆناغەدا توانای بەرەنگاربوونەوەیان نییە، بەڵكو زۆریش لاوازن و دەسەڵاتی باڵاش پشتگیری پتەوی لە دەرەبەگ دەكرد و دەرەبەگیش لە بەرامبەردا خواستەكانی دەسەڵاتی باڵای جێبەجێ دەكرد، بەڵام شاعیر، تەواو گەشبینە و گەیشتبووە ئەو راستییەی ئەنجامی ئەم ململانێیە، لە كۆتایدا، لەبەرژەوەندی بەشخوراوەكاندا دەبێت، ئەوەتا، وەك نوێنەری بەشخوراوان، دەڵێت :
ئێستا هەرچی بڵێی نیعمەت و نازە
هەمووی ئەدا بە یەك دڵۆپ فرمێسكی تازە
لەبەر دەرگای چاوی رەشا بلەرزێ و بڵێ
دەستی زۆردار سەد سەر ئەكا ناگاتە دڵێ

لەشیعری «دیاری خوای شەڕ» یشدا كە ئەفسانە دەبێتە سەرچاوەلێگرتن(مرجع) بۆ كردنەوەی كۆدی زانیارییەكان، گۆران، وەك رپێنێنیشاندەرێك، دەیەوێت راستیەكانی شەڕەنگێزیمان بۆ ئاشكرا بكات دەرهەق بەلاوازەكان، دەگاتە ئەو بۆچوونەی شەڕ، هیچ كات، خوڵقێنەری بەها جوانەكان نیە و نابێت بەڵكو هۆكارێكە بۆ داڕمانی كەسێتی جوانی ماناكان. بەكارهێنانی هێز و دەسەڵاتیش بەپێی سستمێكی سیاسی دیاریكراو گەر لە بەرژەوەندیی تاكەكاندا نەبێت ئەوا لەئەنجامدا خوای چاكە (ئاهورامەزدا) هێمنانە توانای تێكشكانی پتەكانی خوای شەڕە (ئەهریمەن). 
لەشیعری «بەستەی نەبەز»دا، ئەم جارە ئایدیۆلۆژیا  لەجۆری سۆشیالیزمی دەبێتە سەرچاوەلێگرتن و گۆران وەك شۆڕشگێڕێك سەر بەم بلۆكە، دەیەوێت بانگەوازی ئایدیاكەی بەتێكڕای خەڵك بگەیەنێت وەك ئەوەی رۆڵی گەیەنەرێك ببینێت، یان شەرەفی پاڵەوانی چیرۆكی ئەو ئایدیایە بەخۆی ببەخشێت. پاڵەوانێك توانای ئازاردان و بەرگری هەبێت چونكە ئەم ئەزموونە ئەوەی بۆ شاعیر سەلماندبوو ئەنجامەكان پیرۆزن و فیداكارییەكان بەفیڕۆ ناڕۆن و ئایدیاكەش لەكۆتایدا یۆتۆبیایەك لەسەر تاكەكانی دروست دەكات:
من سەربازی ئامانجێكم: پیرۆزە،
فیداكاری رێگایەكم: بێگەردە،
رەنجێك ئەدەم رەنجی پیاوی دڵسۆزە،
لە رێیەكا بێباك ئەمرم: رێی مەردە !

 كاركردن لەسەر ئەم ئەزموونانەی ئاماژەمان پێدا، پشت بە دوو چەمكی سەرەكی دەبەستن :
یەكەمیان/ ئەوەی  دەدرێت بە فیكر.
دووەمیان / ئەوەی  فیكر پێشكەشی دەكات.
گۆران لە هیچ مانای دروست دەكرد، یان ئەو وێنانەی  لەلای تێكڕای خەڵكی بەهای نەبوو ئەم دەیخستنە نێو چوارچێوەی كارنامەوە، دواتریش بەپێی رێبازێك یان فەلسەفەیەك ماناكانی نمایش دەكرد. ئەویش لەلایەكەوە لەپێناو بەرزڕاگرتنی بەهاكان. لەلایەكی تریشەوە كۆكردنەوەی تاكەكان لەنێو بازنەیەكی مەعریفی و رۆشنبیریی و فیكری. هەر بۆ نموونەش، جوانی لای عەرەبەكان خۆی لە فۆڕمە زمانیی و رەوانبێژییەكاندا  دەبینیەوە، ئەم فۆڕمەش پێویست بوو لە خزمەتی ماناو نامەكانی ئایین دا بێت، چونكە خوداپەرستی بەبێ نەخشە تەلارسازییەكەی لە وشە و رەوانبێژی و مانا دروست نابێت. جوانی دەقیش لای نالی هەمان رێچكەی گرت و لەپشت چێژە زمانی و رەوانبێژییەكانەوە مانای گەورە بەدیدەكرێت، لای گۆران بە مرۆڤایەتییەوە. ئەوەشی هەردوو شاعیری بەیەكەوە گرێداوە ئۆنتۆلۆژیای هەڵوێستە هونەریی و فیكرییەكانە. هەستی و ناهەستییەكان بوون بەهەوێنی دەربڕینەكان، بەو پێیەی هیچ دەقێك بەبێ تەكنیك و ناوەڕۆك لەدایك نابێت. واتە، لەیەككاتدا بایەخدان بە ئەتەكێتی شیعر و شێوە دەربڕینەكان و دەقیش بەشێوەیەكی گشتی توانای دەربڕینی قۆناغە زەمەنییەكان و بارودۆخە سیاسی و فیكریی و سۆسیۆلۆژییەكانی هەیە و گوشارە سایكۆلۆژییەكانیش دەبنە هۆكاری تەقینەوەی دەقەكان. بەئاڕاستەیەكی تر، دەق لەبنەڕەتدا خۆی لەدوو جۆر مانادا دەبینێتەوە، یەكەمیان: مانایەكی فەرهەنگی و دووەمیان: مانایەكی سیمانتیكی، هەردووكیشیان تەواوكەری یەكن، ئەمە لەكاتێكدا گەر وەرگر و خوێنەر نموونەیی بن و گرێكوێرەی كۆدەكانی دەنگ وشە و دەستەواژەكان بكەنەوە و دواتر مانای جۆراوجۆریان پێببەخشن و لەمانایەكی وەستاویی قەتیسماوییەوە بیانگوێزێنەوە بۆ فرەڕاڤەیی.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

افزایش ۱۵ درصدی مشارکت در جشنواره کتاب و رسانه؛ کمیت موضوعیت ندارد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *