خانه / اخبار و رویدادها / ڕووخان و داگیرکردنی هەوێتی تاک له ناو جوغڕافیای سیاسەتی فاشیزم‌دا

ڕووخان و داگیرکردنی هەوێتی تاک له ناو جوغڕافیای سیاسەتی فاشیزم‌دا

ڕووخان و داگیرکردنی هەوێتی تاک له ناو جوغڕافیای سیاسەتی فاشیزم‌دا

یادداشتێک بۆ ڕۆمانی بەندەر فەیلیی بەختیار عەلی

فەرهاد بابۆڵی

گوورانی گێڕانەوەی ڕۆمانی بەندەر فەیلی بە پێچەوانەی زۆر ڕۆمانی مێژوویی و ئیدیۆلۆژیک کە دە بەستێنێکی گشتی و بە ڕوانگەی زەق‌کردنەوەی کەمایەسییه بەرچاوەکانی نەتەوەیی و پێشێلکارییه‌کانی دەسەڵاتی ڕەهای داگیرکار و فاشیزم بیچم دەگرێ، له دەوری زەق‌کردنەوەی ئازارەکانی تاک‌دا ڕوودەدات. چەمکی تاک لە نێو بازنەیەکی ئاوا بەرفرەوان و بەربڵاو‌دا کاتێک زۆرتر پڕ ڕەنگ دەبێ کە خۆ له هەر جۆره خوێندنەوەیەکی هێمایی و سەمبولێک بپاڕێزین. هەڵبەت تەواوی حەولی ڕۆمانیش ئەوەیه کە کەسایەتی بەندەر فەیلی وەک خۆی و وەک تاک ببیندرێ و ڕەوا نییه بە تەوزی بە سیلەی ئاوڕدانەوە له کەڵان ڕەوایەتێکی بۆ وێنە نەتەوەییەوە مەزەندەی بۆ بکرێ.

له دایک بوونی منداڵێک له زیندانی بەعس و گەورە بوونی لەو بەستێنە ترسناکە‌دا بە دوور لە باوەشی خێزان و شار و کۆمەڵگا وەک وەی وایه کە ڕۆمان بیهەوێ کەسایەتییەک له هیچ و کەشێکی بە‌تاڵ‌دا بخولقێ، کەسایەتییەک کە زمان و ڕەگەز و ناسنامەی دیار نییه و خەریکە له بۆشایی‌دا له دایک دەبێ. لایەنی تاک بوونی ئەو کەسایەتییه له سەرله‌بەری ڕۆمانەکە زەق کراوەتەوە و کاری بۆ کراوە. یانی نووسەر بەو پەرداختە ئەو جەمسەرەی هەڵبژاردووە کە له گێڕانەوەیەکی سواویی زوڵم‌تەوەری فاشیزم له قەبارەی نەتەوەیی‌دا خۆی قوتار کا و ڕۆمان ناکاتە کەرەستەی دەربڕین بۆ نووزە و ناڵاندنەکانی مێژوویی گەل و نەتەوەیەک.

مامەڵەی بەندەر فەیلی دەگەڵ مڕۆڤ پێش هەمووشتێک مامەڵەیەکی فەردی و بەتاک بوونێتی. کاتێک باس له چەمکەکانی زمان، نەتەوە، جوغڕافیا، فەرهەنگ و ئایین دەکەین خەریکە باسی لایەنی کۆمەڵایەتیی هەوێتی کۆی مڕۆڤ دەوڕووژێنین و ئەو یانی مڕۆڤ دە دووتوێی خوێندنەوەیەکی گشتی‌دا پێناسە دەکەین. پێناسەی لەو شێوەیه بۆ کەسایەتی ڕۆمان، زۆرتر کەسایەتییەکی تیپیکاڵی لێدەبێتەوە و ناتوانێ سەربەخۆیی و تایبەت‌بوونی خۆی دە نێو جیهانی ڕۆمان‌دا دەرببڕێ.

ڕۆمان وەک هەموو ژانره ئەدەبییەکان مەنتقی تایبەتی خۆی بۆ گێڕانەوە هەیه. دە نێو شێوازە جوداکانی ڕۆمانیش‌دا مەنتقی گێڕانەوەی جیاواز و سەربەخۆ خولقاوە و تەنانەت دەکرێ بڵێین له چوارچێوەی شێوازە هاوبەشەکانی گێڕانەوەش‌دا هەر ڕۆمانەی بە مەنتقی خۆی دەگوورێ. مەنتقی گێڕانەوەی ڕۆمانی بەندەر فەیلی نایهەوێ به ڕوانینێکی گشتی چاو له ماشێنی فاشیزمی بەعس بۆ چەوسانەوەی چەمکە زەبەلاحەکان بکا؛ ڕێک وەک ئەو کارەی کە دە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی‌دا کراوە و پرسی چەوسانەوەی نەتەوەیی بە ڕوونی پەروەردە بووە. بە پێچەوانە بەندەر فەیلی له هێز و دەسەڵاتی هەموو تێرمە گشت‌گیر و نەتەوەییەکان بەتاڵ دەبێ و تەنیا خەریکە باسی ئازارەکانی تاکی مڕۆڤ دەکا.

مڕۆڤێک کە بە زمان و نەتەوە و جوغرافیا نەبەستراوەتەوە و له هەموو شت بێ‌بەرییه. زیندان دیوارێکی ئەستوور و دوورەدەست بەدی دێنێ و کەسایەتی بەندەر فەیلی له ژنێکی دەستبەسەری له سێدارە‌دراوی فەیلی له دایک بووە و هەر لە وێش‌دا به بەندی و دەستبەسەری‌ دەمێنێتەوە. ڕاستە له زۆر شوێنی ڕۆمانەکە‌دا ئاماژە به فەیلی بوونی دایکی بەندەر کراوە و ئەوەش بۆتە هۆی تاوان و له سێدارەدانی، بەڵام کەسایەتی بەندەر چ لەو شتانە نازانێ و چ هەست و سۆزێکی تایبەتیشی بۆ ئەو تاوانە نییه.

ڕەنگە تەنیا پاڕادۆکسی لێک‌دانەوەکەمان ئەوە بێ کە ڕاستە ڕوانین له سیلەی پەروەردە کردنی کەسایەتیی ڕۆمانەکە ڕوانینێکی فەردییه بەڵام هێنانە گۆڕی تێرمی فاشیزم وەک دەسەڵاتێکی بێ‌سنووری سەرکوت و چەوسانەوە، ورووژانی قەوارەیەکی کەڵان‌ڕەوایەتانەیە و نکۆڵی لێناکرێ. هەڵبەت ئەو بۆچوونە ڕاستە، بەڵام بە چوونە ژووری نێو ڕۆمانەکە له لایەک دەردەکەوێ کە تەنانەت فاشیزمیش به گەندەڵی یەک لە دوای یەکی تاکەکان بەدی هاتووە و وەک دەستگایەکی گشتی دەردەکەوێ و لە لایەکی ترەوە ئەو فاشیزم و داگیرکارییەش تەنیا دە زەمەنێکی تایبەت‌ و له لایەن دەسەڵاتێکی تایبەتیش‌دا بوونی نییه و وەک پەتایەک هەموو دەورووبەری مڕۆڤی ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە و تەنانەت ڕووخانی دیواری زیندانەکانی بەعسیش ناتوانی له کۆڵ تاکەکانی کۆمەڵگای کاتەوە. بۆیە دەکرێ تەنانەت بۆ خودی فاشیزمیش خوێندنەوەیەکی مۆردی و فرە‌ڕەهەندمان هەبێ. فرە‌ڕەهەندی یانی ئەویکە چەمێکێک یا تێرم و زاراوەیەک لایەنی جودای لێدەکەوێتەوە و ئیدی ناکرێ تەنیا به ڕوانینێکی یەک‌دەست و گشتی لێی‌بڕوانین و پێویستە بۆ دۆزینەوەی شاردراوەکان، وەک تاک هەڵسووکەوتی دەگەڵ بکرێ.

بەندەر ماوەی بیست و سێ ساڵ بە نامرادی له زیندان‌دا دەمێنێتەوە. هەر چەند به شێوەیەکی کاتی و بەربەست و جارجاره، فێری هەندێک زانیاری کراوە بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیه کە ئەو وەک مڕۆڤێک له هەموو چەشنە ئازادی و مافەکانی بێ‌بەش بووە و ئیدی سەر بە هیچ زمان و ئایین و نەتەوەیک نییه؛ یانی چ فەزایەکی تایبەتی بۆ هەڵنەرەخساوە تا وەک هەموو مڕۆڤەکان قۆناغەکانی ڕوشتی جەستە و کەسایەتی و مەعریفەیی بپێوێ. ئەو کەسێکە پاش ئەوەیکە دوو جار لە ماوەی زیندانی بوونی‌دا دەرفەتی دەربازبوونی بۆ دەرەخسێ، کەچی به هۆی فێرنەبوونی مەهاڕەتەکانی ژیانێکی سەربەخۆ دەستە‌وەستان دەمێنێتەوە و ناچار به هاسانی دەستبەسەر دەکرێتەوە و دێتەوە بەندیخانە.

پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دامەزرانی دەسەڵاتی هاوپەیمانان له عێراق‌دا، ئەوجار بە هۆی سەیر و سەمەره‌بوونی چیرۆکی منداڵێکی ئاوا له بەندیخانە، بۆ جارێکی دیکە بەندەر دەکەوێتە زیندانی پڕۆپاگەندای میدیایی و گرێ‌بەستی کۆمپانیاکانی هەواڵنێری. ئەو پێشهاتە بە کورتی یانی ئەوەیکە ڕاستە ئاڵ‌وگۆڕی سیاسی و دەسەڵات ڕوویداوە بەڵام بۆ تاکی لێقەوماوی ئەو جوغڕافیایه ئەوەی ماوەتەوە هەر کۆیلەتی و بەندایەتییه.

ڕۆمانی بەندەر فەیلی به زەق کردنەوەی فەردییەتی تاکەکان لە کۆمەڵگایەکی داخراو و فاشیستی‌دا، ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە مڕۆڤەکان له سیستمێکی داخراوی سیاسی‌دا بەدەر له هەوێتییه جەمعێکان‌ وەک تاکیش، تەنانەت تاکێکی ڕووت و قووت، بە دایمە دەچەوسێنەوە.

سەرچاوە: بەندەر فەیلی ، بەختیار عەلی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است. 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

چاپ‌، محل‌ تلاقی روح هنرمند و دستان صنعتگر است

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *