خانه / اخبار و رویدادها / ناساندنێک بۆ كتێبی (شیعر و ئازادی) هەڤپەیڤینی شاخەوان سدیق لەگەڵ ڕێبوار سیوەیلی

ناساندنێک بۆ كتێبی (شیعر و ئازادی) هەڤپەیڤینی شاخەوان سدیق لەگەڵ ڕێبوار سیوەیلی

ناساندنێک بۆ كتێبی (شیعر و ئازادی) هەڤپەیڤینی شاخەوان سدیق لەگەڵ ڕێبوار سیوەیلی

كتێبی (شیعر و ئازادی) كاری هاوبەشی نێوان ڕۆژنامەنووس (شاخەوان سدیق) و نووسەر و لێكۆلەرو شاعیر (ڕێبوار سیوەیلی)ە، ئەم كتێبە قسەكردنە دەربارەی شیعر و بەسەر چوار تەوەر و باس دا دابەشكراون كە پێكهاتوون لە (شیعر خۆی، شیعری كلاسیك، شیعری نوێی كوردی، من شاعیر نیم) كە هەریەكە لەم بەشانەدا بە ووردی دەربارەی شیعر بەگشتی و شیعری كوردی بەتایبەتی كراوە.

لەم كتێبەدا شاخەوان وەك ڕۆژنامەنووسێك لەڕێگەی (۶۸) پرسیاری ئەدەبیەوە، ڕێبوار سیوەیلی دواندووە. كتێبەكە پێكهاتووە لە (۱۸۶) لاپەڕە، بە قەبارەی (۱۲ بە ۱۹)سانتیمە و لە لایان دیزاینەر (ئومێد محەمەد)ەوە كاری بەرگ و ناوەرۆكی بۆ ئەنجام دراوەو لە بەرهەمەكانی ڕێكخراوی (زەریاب) بۆ خزمەتگوزاریی كولتووریی و ڕۆشنبیرییە و كتێبەكە لە وڵاتی ئێران چاپكراوە.

دەربارەی كتێبەكە (شاخەوان سدیق) دەڵێت، ” وەك خوێنەرو وەك ڕۆژنامەنووسێك كە چەند ساڵێكە ئاشنای دونیای ئەدەبم و كاری میدیایش دەكەم بە پێویست و گرنگم زانیوە ئەوەندەی بۆم دەكرێت و كرابێت، نووسین لەسەر بەرهەمی نووسەران بنووسم و دیداریان لەگەڵدا سازبدەم، چونكە هەمیشە پێم وابووە، نابێت كاری نووسەرەكانمان بە دونیای بێدەنگیدا بڕوات و دەبێت قسەیان لەسەر بكرێت، پێشم وایە ئەنجامدانی دیداریش لەگەڵ نووسەراندا، دەبێتە هەوڵێك بۆ كردنەوەی دەرگا شاراوەو نهێنیەكانیان لە هەڵڕشتن و ئاشنابوون بە دونیابینیەكانیان لەمەڕ ئەدەب پەیوەست بە ژیانەوە. سازدانی ئەم دیدارەش لەگەڵ (ڕێبوار سیوەیلی)دا هەر لەم تێگەیشتنەوە بووە. بۆیە بەهیوام ئامانجەكەمان پێكابێت لە فراوانكردنی سەرچاوەیەكی زیاتر بۆ ناو كتێبخانەی كوردی و هەوڵێكیش بێت لە تێگەیشتن لە دونیای ئەدەبی ئەم نووسەرەی ئێمە و لە خوێنەوەشیدا سودێكی بۆ خوێنەرانی هەبێت.

لە پێشەكی ئەم كتێبەدا (ڕێبوار سیوەیلی) دەربارەی ئەنجامدانی دیدارەكەی دەڵێت” شاخەوان سدیق جگەلەوەی ڕۆژنامەنووس و نووسەرە، ئاواش پرسیاركەرێكی زۆر باشە. ئەو لە پرسیارەكانیدا زۆر شتی بۆ گوتن هەیە و پرسیار لای ئەو دەریچەیەكە بۆ چوونە ناو جیهانی دیكەوە، جهانی جوانی و تێگەشتن و هەستپێكردن. ئەو كوڕە گەنجە بەجۆرێك پرسیار دەكات و دایدەڕێژێت، هەستدەكەیت بە وردیی بیری لێكرۆدتەوە و چاوەڕێی وەڵامە. پرسیارەكانی ژۆرناڵیستیانە نین و بیریان لێكراوەتەوە. بۆیە من لە سێبەری پرسیارەكانی ئەم گەنجە خاوە بۆچوونەدا لە گرنگیی و پێگەی شیعر دەدوێم. شیعر، كە ڕۆژگارێكە سەدای گەردوونی بۆ مرۆڤایەتی دەگواستەوە و پردی پەیوەندیی بوو لە نێوان مەعنەوییەت و دنیاییەتدا. شاخەوان پرسیار دەكات، بەڵام هەمیشە لە هەوڵیشدایە كە من بخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و شپرزەیی و بێدەسەڵاتی. منیش لە میانەی بیركردنەوە لە پرسیارەكانی ئەو و داڕشتننەوەی وەڵامەكاندا، ئەو ناچار دەكەم لە زۆر قەناعەت و بیروڕای نەرێتی لەسەر شیعر مكوڕ بێت، یان پێیاندا بچێتەوە. كتێبەكە شەڕێكە لە نێوان ئەم پرسیار و وەڵامانەدا، كە هیچمان تیایدا براوە و دۆڕاو نین، چونكە هەریەكەمان لە خەمی شیعرداین. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە كتێبەكەمان ناونا: شیعر و ئازادی، ئەمەش لەبەر ئەوەی هەستدەكەین ئەمجۆرە پرسیار و وەڵامانەی ئێمە قسە و باسن لەسەر شیعرێك، كە لە دۆخێكی نائازاد و پەراوێزیدایە و ئازادیی خۆی لەدەستداوە..

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

سەرنجێک لەسەر “بیست‌وچوار چرکەی ژیانی شەهین”، دووهەمین ڕۆمانی چیا پەرویزپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *