خانه / اخبار و رویدادها / ناوەڕۆك لە کۆمەڵەچیرۆکی شەوێك بووم بەفریشتەدا

ناوەڕۆك لە کۆمەڵەچیرۆکی شەوێك بووم بەفریشتەدا

ناوەڕۆك لە کۆمەڵەچیرۆکی شەوێك بووم بەفریشتەدا

  ئەرشەد تەحسین

شەوێك بووم بەفریشتە كتێبێكی قەبارە مامناوەندە، لەدووتوێی ۱۲۳لاپەڕەدا ۱۲ چیرۆكی لەخۆگرتووە، ئەم كتێبە لەنووسینی دێرین جەمالە، ساڵی ۲۰۲۳ چاپكراوە، بەشێوەیەكی گشتی چیرۆكەكان هەڵگری پەیامی مرۆیین، گرفتە هەنووكەییە كۆمەڵایەتییەكان دەخەنەڕوو، چیرۆكەكان كورت و پوختن، سەرباری هەندێك هەڵەی چاپ و رێزمانی، بەزمانێكی سادە و رەوان نووسراون، هەڵگری كۆمەڵێك پەیامی جوانن و شایانی خوێندنەوەن.

گێڕانەوەی ئاسایی
چیرۆكەكانی ئەم كتێبە گێڕانەوەیەكی ئاساییان هەیە، رەوتی گێڕانەوە بەشێوەیەكی رەوان لەسەرەتاوە بەرەو كۆتایی دەچێت، سەرباری هەندێك هونەری فلاشباك و تێكەڵ گێرانەوە، بەشێوەیەكی گشتی نووسەر رۆڵی گێڕەڕەوە دەبینێت، هەندێكجار كارەكتەرەكانیش بەشداردەكات لەپڕۆسەی گێڕانەوە، هەروەك لەچیرۆكەكانی (خۆم خۆمم كردە كۆیلە)و(براكوژیی)دا نووسەر خۆی دەبێت بەپاڵەوان و لەگەڵ كارەكتەرێكی تری چیرۆكەكاندا بەشداردەبێت لەپڕۆسەی گێڕانەوە.

لەچەند چیرۆكێكدا لەگەڵ گێڕانەوەدا گفتوگۆ هەیە، ئەمەش لەچیرۆكی (كاتێك تابلۆیەك دەدوێت)و(خەونێكی بەئازار)دا بەرچاودەكەوێت، بەشێوەیەكی گشتی گێڕانەوە تەقلیدی و ئاسایین، نووسەر وەك ئەوەی بەسەرهاتێكی ئاسایی بگێڕێتەوە چیرۆكەكانی نووسیوە.

هاوسەریی و لێكەوتەكانی
پڕۆسەی هاوسەریی پێگەوگرنگی خۆی هەیە لەكۆمەڵگەكاندا، شێوازی ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیەش لەكۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكیتر جیاوازە و لەهەمان كۆمەڵگەش لەسەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكیتر گۆڕانكاری و جیاوازیی تێدا بەدیدەكرێت، لەم كتێبەدا كێشە و لێكەوتەكانی هاوسەرێتی ئاوڕی لێدراوەتەوە، لەچیرۆكی (بێهیوایی و ئامێزێكی ونبوو)دا منداڵێك بووە بەقوربانی خێزانێكی سەرنەكەوتوو، كاتێك كوڕێك لەهەندەران دەگەڕێتەوە وڵات و هاوسەرییەكی مەرجداری بۆ سازدەكرێ، پاشان كوڕەكە لەمەرجەكەی پەشیمان دەبێتەوە و هاوسەرییەكە هەڵدەوەشێتەوە، منداڵێكی شەش مانگە لەونێوەندەدا دەبێت بەقوربانی و لەسۆز و ئامێزی دایك بێبەش دەبێت و دەكەوێتە نەخۆشخانە.

لەچیرۆكی(خۆم خۆمم كردە كۆیلە)دا  بەهەمانشێوە باس لەكێشە و مەینەتییەكانی ژنێكی تووشبوو بەشێرپەنجە دەكات، لەپێناو هاوسەریی لەگەڵ ئەوكەسەی خۆشی ویستوە كەسوكاری لەدەستداوە، چونكە كەسوكاری رەزامەند نەبوون بەهاوسەرییەكە، بەڵام دوای هاوسەرییەكە لەگەڵیدا گۆڕاوە و ژیانی لێكردووە بەدۆزەخ،سەرباری نەخۆشییەكەشی سەرقاڵی كاركردنە بۆ ئەوەی تێچووی نەخۆشیەكەی دابین بكات.
باسكردنی گرفتەكانی هاوسەریی و لێكەوتەكانی دوای هاوسەرێتی لەم كۆمەڵە چیرۆكەدا بەردەوامە، لەهەردوو چیرۆكی(خەونێكی بەئازار)و(ئەو پەیامەی بەزیندوویی مایەوە )دا دیسان دەرەنجامی كێشەكانی هاوسەرێتی و خیانەت و هەڵوەشاندنەوەی خێزان تەوەری سەرەكی بەسەرهاتەكانن، ئەوە رووندەكاتەوە چۆن كاریگەریی قوڵیان لەسەر تاكی كۆمەڵگە هەیە و دەبنە برینێكی ساڕێژنەبوو.
لەلایەكی ترەوە، لەم كتێبەدا و لەچیرۆكی(كاتێك تابلۆیەك دەدوێت)دا باسی خۆشەویستی راستەقینە و بێ مەرج دەكات، باسی ئەوە دەكات دوو مرۆڤ بەڕاستی و بەبێ هیچ بەرژەوەندییەك یەكیان خۆشبوێت ئامادەن قوربانی بۆیەك بدەن.

دیاریدەی هەژاریی
هەژاریی، دیاریدەیەكی كۆمەڵایەتی، ئابووریی، مێژووییە، لەقۆناغە جیاوازەكانی مرۆڤایەتیدا هەبووە، هەژاریی كێشەیەكی هەناسەلێبڕە، دەكرێت بڵێین باوكی هەموو كێشەكانیترە، لەم كتێبەدا ئاوڕێكی جدی لەهەژاریی دراوەتەوە، لەچیرۆكی(دواهەناسەی مردووەیەك دەبێتە حەزی منداڵێك)دا باسی منداڵێك دەكات بەگەرمای هاوین بەجوتێك نەعلی دڕاو و قاچی تەپ و تۆزاوییەوە، بەشەڕواڵێكی دڕاو و كراسێكی كۆنەوە، بە تەبەدۆرێكەوە و لە كۆڵانەكاندا چلوورە دەفرۆشێت، بەڵام لەناكاو دەنگێك دێتەگوێی و پێیدەڵێت (بەملی شكاوت بەم نیوەڕۆیە كاتی چلوورە فرۆشتنە؟! ئیسراحەتت لێتێكداین، ئەوەندە هاوارت كرد، منداڵەكەمت بەخەبەرهێنا)لا۱۲، چ هەستێكی ناخۆش و ناخ هەژێنە؟ تەنانەت هێندە هەژار بیت و بەودۆخە چلوورە بفرۆشیت، خەڵكانێك هەبن ئەوەشت پێڕەوا نەبینن،  جیاوازییەكە چەند زۆرە لەنێوان منداڵێكی هەژار و منداڵێكی سامانداردا، هەردووكیشیان لەیەك تەمەندان، یەكیان هەموو پێداویستییەكی ژیانی بۆ دابینكراوە و ئەویتریان چلوورە فرۆشی پێ‌ رەوا نابینرێت.

جیاوازی چینایەتی
جیاوازی چینایەتی و نادادپەروەریی كۆمەڵایەتی، یەكێكیترە لەو بابەتانەی ئەم كتێبە، لەچیرۆكی (گومان لە روخساردا) جیاوازی چینایەتی بەئاشكرا باس دەكات، كارەكتەری چیرۆكەكە لەخۆی بەگومانە و رەشبینە بەوەی كەس خۆشی ناوێت، لەهەمانكاتدا كاربەدەست و ساماندارەكان لەبازاڕ و شوێنە گشتیەكان خەڵكی لێیانكۆدەبنەوە و خۆشەویستیان بۆ دەردەبڕن، بەهۆی جوانی و جیاوازی روخساری ئەو كەسانەوە نییە، بەڵكو جیاوازی چینایەتی وایكردوە.

لە چیرۆكی(شەوێك بووم بەفریشتە)دا دیسان جیاوازی چینایەتی بەدیدەكەین،  پیاوێكی بەتەمەن، رۆڵەكانی شەهیدبوون لەپێناو نیشتیماندا، كەسانێكیتر بەرهەمی خوێنیان دەخۆن، ئەمیش رۆڵەی لەدەستداوە، بێ لانە لەنێو زبڵخانەدا ژیان دەگوزەرێنێت، نادادیەكان هێندە زۆرن مەگەر تەنها بەچیرۆك ئاماژەیان پێ بكرێت.
بەكارەكتەركردنی شتە بێگیانەكان، یەكێكە لەهونەرەكانی چیرۆكنووسین، شێوەیەكی هونەریی ئێكجار بەرزە، لەم كتێبە و لەچیرۆكی (پینەدۆز)دا بەشێوەیەكی هونەریی باڵا نووسەر لەزاری جوتێك پێڵاوەوە چیرۆكی شەوە سوورەكان و چێژ وەرگرتن لەجەستەی ژن دەگێڕێتەوە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

افزایش ۱۵ درصدی مشارکت در جشنواره کتاب و رسانه؛ کمیت موضوعیت ندارد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *