خانه / اخبار و رویدادها / لە کووچە تەنگەبەرەکانی خانەقینەوە

لە کووچە تەنگەبەرەکانی خانەقینەوە

لە کووچە تەنگەبەرەکانی خانەقینەوە

بەختیار حەمەسوور

سەبارەت بەم چیرۆکەی بەرگەکەی وا لەبەر دەستی تۆی خوێنەردایە، نامەوێت باسێکی هەمەلایەن پێشکەش بکەم، بەڵکو هەوڵدەدەم بە چەند وردەسەرنجێک دەربارەی ئەوەی ئەم چیرۆکە چۆن و لە چ بەستێنێکدا بەرهەمهاتووە، بنووسم. چیرۆکەکە بۆ خۆی سەربەو جۆرە چیرۆکانەیە کە هەمووان دەتوانن لە خوێندنەوەی چێژ ببەن، دوورە لە هەر چەشنە ئاڵۆزی و سەختییەک، هەر ئەمەش وا دەکات زوو پردی پەیوەندی لەگەڵ خوێنەرەکەیدا دروست بکات. لەگەڵ ئەوەشدا خۆشخوێن و بزەهێنە، بەڵام لە نەستی خۆیدا هێندەش بێ وزە و ورە نییە، هەندێک شتی حەشارداوە، کە لەباری واتایی و جوانیناسییەوە ئەرکی خوێنەر قورس دەکەن. ئەگەر خوێنەر بەوردی چیرۆکەکە بخوێنێتەوە و سنووری چێژی پەتی تێپەڕێنێت، دەتوانێت هەندێک ئایدیا بدۆزێتەوە کە لە پشتینە (باکگراوند)ی چیرۆکەکەدا نوستوون، بەئاگاهێنانەوە و کەشفی ئەو نەگوتراو و نەنووسراوانە رۆڵی خوێنەر لە بارێکەوە دەگۆڕێت بۆ بارێکی تر، بە گوتەیەکی تر خوێنەر لە سنووری خوێندنەوەیەکی سەرپێیدا نامێنێتەوە و رۆڵی دۆزەرەوەیەک یاری دەکات.

لەم چیرۆکەدا دەنگی کەسانێک دەبیستین کە لە ئاسی گشتیدا نابیسترێن، پشتگوێ دەخرێن، یان خراون، بە واتایەکی دیکە، بەدەنگهێنانی دەنگەکانی چینی خوارەوەیە، ئەو دەنگانەی کپکراون و لە فەرامۆشیدان، خەڵکانی سادەدڵن، خەڵکانێکن پێگەیەکی بەرزیان نییە، ئەگەر هەشیان بێت وەها نەکەوتووەتەوە کە ببن بە پاڵەوان، بۆیە دەبینین هیچ پاڵەوانێک لەم چیرۆکەدا بوونی نییە، رەنگە بگوترێت ئەی خودی میرزا؟ میرزا پاڵەوان نییە، لە شتێکی تردا لەوانی تر جیایە و دواتر ئاماژەی بۆ دەکەم، دەرکەوتنەوەی لە کۆتایی چیرۆکەکەدا و بەو خەمگینییەوە، هەموو بۆچوونێکی بوون‌ بەپاڵەوان لەسەری پووچەڵ دەبێتەوە. لەم چیرۆکەدا هەمووان لە بازنەی خۆیاندا دەژین، چیرۆکی خۆیان دەور دەکەنەوە، لە نێوان خۆیاندا بارەوبار دەکەن، زمانێک پێکەوە گرێیداون، رەسمی نییە، دەتوانن تەنیا لەو رووبەرەدا هەبن، رەنگە کۆی ئەمانە یەکەم دەلالەتمان لەسەر دوو تێما، کە سیاسیبوون و پەراوێز خستنە، لەم چیرۆکەدا پێبدات، ئەمەش رێک لەو کاتەدایە کە دەزانین چیرۆکەکە لە شوێنێکدا روو دەدات کێشەی سیاسی لەسەرە، پەراوێز خراوە، لەسەر سنوورێکی ناسک وەستاوە، شارەکە خانەقینە کە ریشەیەکی مێژوویی پڕ لە کێشمەکێشی ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەیە.
لەباری هونەرییەوە، رەنگە شیاو نەبێت بۆ چیرۆکی لەم چەشنە داوای قورس و گرانمان هەبێت، چونکە بۆخۆی هیچ بانگەشە و هەڵنانێکی لەو شێوەیەی نییە، ئەگەر پرسیاری فۆرم، زمان، دیالۆگ، کارەکتەرسازیی و… دیکەی جومگەکانی گێڕانەوە لەم چیرۆکە بخوازین، پێم وایە باشترین وەڵامێک کە لێیەوە وەریبگرینەوە، هەر ناوەڕۆک بێت، مەبەستم ئەوە نییە بڵێم ئەم چیرۆکە چیرۆکێکی ناوەڕۆکتەوەرە، بەڵکو بەو مانایە کە هێز هاوێژی ئەم چیرۆکە لە ناوەڕۆکەکەدایە، بارستایی سەرجەم یەکە هونەرییەکانی لەوێدا خستووە. با یەک لەوانە تاقیبکەینەوە: بۆ وێنە فۆرم. فۆرمی ئەم چیرۆکە خۆڕسک و سروشتییە، لەسەر ریتمێک دەچێتە پێشەوە، هەنگاوبەهەنگاو، تووشی هەڵچوون و سەکتەی توندت ناکات، وردەچیرۆکەکان تا دەگەن بە لووتکەی درامی، ئارام و لەسەرخۆ دەچنرێن و رێدەکەن، نزیک بە فۆرمی حیکایەت. بۆ زمانیش ئەمە هەر دروستە. ڕەنگە لە رواڵەتدا رەخنەیەک لەپێش ئەم چیرۆکەدا راست بکرێتەوە؛ «هەندێک زیادە و لادانی هەیە، دەکرا گوشراوتر و پوختتر بێت»، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ ناوەرۆکەکەی تێدەگەین کە وانییە، ئەمە چیرۆکی کەسانی ئاساییە، کەسانێک کە تێگەیشتنیان سنووردارە، گێڕانەوەکانیان نەک ستوونی، بەڵکو ئاسۆیی و وەک دەزوولە و ریشاڵی رەگ بڵاوبوونەتەوە، چیرۆکی تر لەگەڵ خۆیاندا هاوپێچ دەکەن. گێڕەوەر کە خۆی سەر بە چیرۆکەکەیە و هەمووشتزانە، لەناو ئەو خەڵکەوە رسکاوە، لە دەرەوە نەهاتووە، سەر بە ئەوێیە، وەک ئەوان دەدوێت، ناتوانێ رستەکانی کورت و پوخت بکاتەوە، بە دەوری تەوەرەی سەرەکیدا دەوروخولیەتی، مەبەستەکەی لە گێڕانەوەی ترەوە هەڵدەپێچێت، بۆیە دەبینین فۆرمی چیرۆکەکە شلە، تۆکمە نییە، خاو رێدەکات، وەک ژیان کە لەوێ خاوە، سادەیە، شلە، ئەمە نەک نەبووە بە کێشە، بەڵکو فۆرمی شیاوی خۆیەتی، هەربۆیە دەبینین فۆرم و ناوەرۆک هاوتەریبی یەک دەچنەپێش و چیرۆک دەچنن. ئەمە وایکردووە ریتمی چیرۆکەکە گرژ و توند نەبێت و خاو و نەرم ببیسترێت، رەنگە باشترین نموونە کە لەم چەشنە چیرۆکەی نووسیبێت، بێگومان بە رەچاوکردنی ئاستی هونەریی لای هەردوو نووسەر، نووسەری فارس: غولام حسێن ساعێدی بێت، بە تایبەت لە هەردوو کۆمەڵەچیرۆکی «تازیەدارانی بەیەل» و «ترسولەرز»دا.
ئەم چیرۆکە لە منداڵدانی نەریتەوە دێت، نەریتێک کە نامۆدێرنە، بەڵام لە سەردەمی مۆدێرنیشدا درێژە بە ژیانی خۆی دەدات، ئەویش لە بەرگی چەشناوچەشندا. زەمەنی چیرۆکەکە نیو سەدەیەک لەمەوبەرە، هێشتا ئامێر و دەستکەوتە مۆدێرنەکان تەواو نەگەیشتوونەتە کوردستان، بەڵام لە بڵاوبوونەوەدان بە دنیادا، خۆیان نا، دەنگە دەنگەکانیان گەیشتووەتە ئێرە. لە دەرەوەی مێژوو، لە دەرەوەی ئەو هەرایەی لە دنیادا دەزرنگێتەوە، لەم چیرۆکەدا خەڵکانێک دەبینین کە لەگەڵ «وەهمێکی خۆش»دا سەروکاریانە، وەهمێک کە لە کەسێتیی میرزادا ئاڕاستە کراوە. میرزا لەوانی تر جیاواز نییە، ئەوە هەڵەیە پێمان وابێت میرزا جیایە، نا، ئەوە خەڵکەکەن ئەم رۆڵەی دەدەنێ، بەڵام میرزا خاوەنی خەسڵەتێکی ترە، پەیوەندی بە داڕشتنی کەسێتییەکەیەوە هەیە، ـ نەک پاڵەوانبوونی ـ میرزا لە تێکڕای کەسێتییەکانی ئەم چیرۆکە باشتر داڕێژراوە. ئێمە شایەدی ئەوەین میرزا هەر لە سەرەتای چیرۆکەکەوە فەوت دەکات و دنیای فانی بەجێ دەهڵێت، بەڵام لە لایەن خەڵکەکەوە، لە کەسێتییەکەی وەهمێک بەرهەم دەهێنرێت، لە شێوەی تارمایی یان سێبەر بەناو شاردا دێت و دەچێت، میرزا نییە، وەهمی بوون‌ بەمیرزایە، دەچێتە ماڵەکان و دەست بۆ حەرامترینەکان دەبات، ئەمە ئەو وەهمەیە کە بەسەر تەواوی چیرۆکەکەدا باڵکیشە. وەهمەکە پیرۆز تەماشا دەکرێت، زارەوزار دەڕوات، هەمووان ئومێدی لەسەر هەڵدەچنن، خۆیان و چارەنووسیانی ڕادەست دەکەن، زیادتر لەوە، پێی دەژین. ئەمە تایبەتمەندی کۆمەڵگەی نەریتییە، هیی ئەو خەڵکانەیە کە هێشتا هەوا و هەناسە لە نادیار و غەیبانییەتەوە وەردەگرن، ئەمان هاوهەنگاوی وەهم دەڕۆن، دەیکەن بە نیشانە و ڕووی تێ دەکەن، دەیپەرستن، دواتریش کاتێک کەسێک، تەنانەت ئەو کەسەی وەهمەکەی لەسەر ڕۆ نراوە، دەیەوێت دەستکاری ئەم «وەهمە پیرۆزە» بکات و رووی راستەقینەی پێشان بدات، لە بەرانبەریدا رادەوەستنەوە و قبووڵی ناکەن.
پشتیوان ئەحمەد، نووسەری ئەم چیرۆکە، لەپاڵ هەریەک لە هاوشارییەکانی، نووسەران: (ئەحلام مەنسوور و مامۆستا جەعفەر، هونەرمەندانی شێوەکار: ئیسماعیل خەیات و رەمزی قوتبەدین)، ئەمیش لە رێی هونەری گێڕانەوەوە، دەمانباتە خانەقین، هەندێک گۆشە و پەناوپەسێوی تاریک و لێڵی ئەو شارەمان پێشان دەدات، چیرۆکی کەسانێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ئەگەرچی کوردن، بەڵام بە رەفتار و گوفتاریاندا دیارە سەر بە کولتوورێکی ترن، لە هەناوی شارێکی ترەوە دێن کە جیاوازە لە شارە گەورەکانی کوردستان، تەنانەت لە زاریشیاندا، لەو زارەی کە بە ستاندار ناسراوە و تا رادەیەک چەسپیوە، جیان. چیرۆکەکە بەو شێوەزارەیەوە، بە پێگەی قورسی شوێن و نازناو و ئاوەڵناوەکانییەوە، پێمان دەڵێت لە جەرگەی خانەقین، لە کووچە تەنگەبەرەکانی ئەوێ، لەناو ماڵەکانەوە ئەم کەسانەش هەن، بە چیرۆکەکانیانەوە دەڕژێنە ئەدەبیاتی کوردییەوە، ئەو ئەدەبیاتەی فەرمی و ددانپێدانراوە، هاوکات لەگەڵ تێڕژانیان درزێک دەخەنە ئەو ئەدەبیاتەوە، ئەو ئەدەبیاتەی لە سێکوچکەی بابانەوە بناغەکەی داڕێژراوە تاکو ئێستا بەردەوامی هەیە و رەگ دادەکوتێت، بەڵام ئەم ئەدەبیاتە، کە سەر بە ئەدەبیاتی پەراوێزانە و تەواو دەرگیری سیاسەتە، لە شوێنێکی چکۆلە و چەپەکەوە دێت، لەگەڵ خۆیدا نامۆییەک دەهێنێت، هەمان تام و بۆی ئاشنا نادات کە هەیە، نەپۆڕە، لەگەڵ سەلیقەی سەپاودا ناگونجێ، رەچاوی رێزمان و خاڵبەندیی دەزگا و ئەکادیمییەکان ناکات، بەڵام بوونی هەیە، رەنگێکی ترە، دەنگێکی ترە.
دواجار دەکرێت کەوانەیەک بکەینەوە بێئەوەی دایبخەین: رەنگە بتوانرێت ئەم چیرۆکە لە چوارچێوەی «ئەدەبیاتی کەمینە»دا بخوێنرێتەوە، ئەمەش باسێکی سەربەخۆیە و واباشە بۆ توێژەرانی بەجێی بهێڵین.

* حیکایەتی ئەبووگونی و میرزای باوکی، چیرۆک، نووسینی: پشتیوان ئەحمەد، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی ۲۰۲۴

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

«آرش زره تن لهونی» استاندار کردستان شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *