کۆڕی زانیاری کورد؛ مێژوویەکی کورت و خەرمانێکی زێڕین
پ.د.ئاراس محەمەد ساڵح
سەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستەم بۆ کورد قۆناغێکی گرنگی سیاسی و رۆشنبیریی و کەلتوری بووە، بە رێکەوتنی شۆڕشی کوردستان لەگەڵ حکومەتی بەغداد بارودۆخێکی سیاسی و فەرهەنگی هاتۆتە پێشەوە، کوردستان لە هێرش و پەلاماری سەربازی رزگاری بووە، بزاڤی رۆشنبیریی و کەلتوری گەشەی زۆری کردووە، دوو ساڵ پێش رێکەوتنەکە زانکۆی سلێمانی دامەزراوە، بە کردنەوەی زانکۆی سلێمانی یەکەم زانکۆ لەسەر خاکی کوردستان کراوەتەوە.
هەموو ئەو پێشهاتانە رۆڵی گەورەیان بینیوە لە گەشەکردنی کۆمەڵی کوردی لە زۆر رووەوە، سەرکردایەتی کورد زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەدا کردووە، لەگەڵ رێکەوتنەکەدا تەنها داوای چەند پۆست و کابینەی وەزاری نەکردووە، بەڵکو پێداگیری لەسەر داوا فەرهەنگی و رۆشنبیرییەکانی کوردی کردووە، ئەم داوایەی کورد لەوکاتەدا خزمەتی زۆری بە بزاڤی زمانەوانی و ئەدەبی و رۆشنبیریی و زانستی کورد کردووە.
کۆڕی زانیاری کورد
لە دوای رێکەوتنی کورد و حکومەتی عیراقەوە ژمارەیەک یەکێتی و کۆمەڵە و رێکخراوی کەلتوری و رۆشنبیریی دامەزراون، کۆڕی زانیاری کورد یەکێک بووە لەوانە، لەدوای رێکەوتنەکەوەو لەماوەی چەند مانگێکی کەمدا نووسەران و ئەکادیمییەکانی ئەوکاتەی کورد زۆر دڵسۆزانە و لێبڕاوانە کەتوونەتە هەوڵی پێکهێنانی دامەزراوەیەک لەسەر شێوەی (المجمع العلمي العراقی) کە لە ساڵی ۱۹۴۷ وە دامەزرابوو، پاش هەوڵێکی زۆر لە رۆژی ۳۰/۸/۱۹۷۰ (کۆڕی زانیاری کورد) خەونی لە مێژینەی دڵسۆزانی کورد لە شاری بەغداد دامەزراوە.
دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کورد لەوکاتەدا بێ کێشەو ئاستەنگی گەورە نەبووە، بەڵکو هەر لە دیارییکردنی ناوەکەی و دروستکردنی بینا و دیدوبۆچوونی جیاوازی نووسەران و هەڵوێستی بەعس و حکومەتی عیراقەوەو دەیان بەربەست و کۆسپی تری لە بەردەمدا بووە، ئەوەی تێبینی دەکرێت هەندێک لەوانەی رەخنەیان لە بەرهەم و کارەکانی کۆڕ گرتووە زۆر دڵڕەقانە رەخنەیان گرتووەو هیچ شتیکی جوانی کۆڕیان نەبینیوە.
بەڵام لەگەڵ هەموو کێشەو ئاستەنگەکاندا ئەندامانی کۆڕ زۆر لێبڕاوانە بەردەوام بوون و کۆڵیاننەداوە، لەبەرامبەر رەخنە و پێشنیارەکاندا بە هەستێکی زانستییەوە مامەڵەیان کردووە، ئەوەی جێگەی گومان نییە هەندێ لە ململانێکان لەسەر پۆست و ئایدۆلۆژی سیاسی بووە، بەشێکیش بابەتی زانستی و بۆچوون و رای جیاوازبووە، ئەمەش لەناوەندی رۆشنبیریی و ئەکادیمیدا شتێکی سروشتییە.
کار و ئامانجەکان
کۆڕی زانیاری بە ئامانجی خزمەتی (زمان، مێژوو، کەلتور)ی دامەزراوە، لەوکاتەدا دەیان کێشەی زمان و رێنووسی کوردی هەبووە، لە بابەت و مێژوو و کەلتوریشەوە چەند هەوڵێکی تاکەکەسی نەبێت کاری وەها نەکراوە شایانی مێژوو و کەلتوری کورد بووبێت.
کۆڕ لەسەرەتای دامەزراندنیدا چەند لیژنەیەکی زمان و رێنووس و کەلتور و مێژووی دروستکردووە، هەریەکە لەو لیژنانەش بەرنامە و کاری تایبەتی بۆ دیارییکراوە. لیژنەی زمان چەند کتێبیکی لەبارەی زاراوەی کارگێڕیی و زانستییەوە چاپ و بڵاوکردۆتەوە، هەرچەندە راسپێراون کە فەرهەنگێکی گەورەی کوردی-کوردی ئامادە بکەن، بەڵام ئەو فەرهەنگە نەنووسراوە، بێگومان ئەگەر کۆڕ ئەو کارەی بکردایە دەبووە یەکێک لە شاکارەکانی ئەو دامەزراوەیە.
لە رووی رێنووسی کوردییەوە، هەوڵێکی زۆریانداوە رێنووسێکی یەکگرتوو دابنێن و هەموو نووسەران پەیڕەوی بکەن، لەدوای هەوڵێکی زۆر جۆرێک لە رێنووسیان داناوە کە هەتا ئەوکاتە باونەبووە لەناوەندی نووسینی کوردییدا، ئەویش دانانی سەرو بۆرو ژێر بووە بۆ نووسینی کوردی لەسەر شێوە رێنووسی عەرەبی، بەڵام ئەم هەوڵەیان هەرزوو رووبەڕووی رەخنەی زۆر بۆتەوەو لە کۆتاییدا کۆڕی زانیاری خۆشیان وازیان لێهێناوەو جێگیر نەکراوە.لیژنەی مێژووش کەوتوونەتە هەوڵی کۆکردنەوەو سەرچاوەی مێژووی کورد و نووسینەوەی مێژوو بەشێوەی ئەکادیمی، هەتا دامەزراندنی کۆڕی زانیاری، نوسینەوەی مێژووی کورد هەوڵی تاکەسی و بەشێوەی گێڕانەوەی ئاسایی بووەو بەپێی میتۆدێکی زانستی نەنووسراوەتەوە، هەروەها لیژنەکە بڕیاری وەرگێڕانی کتێبی شەرفنامەی داوە، ئەم کتێبە لەلایەن هەژاری موکریانییەوە کراوەتە کوردی، جگە لەم بەرهەمە چەند کتێب و توێژینەوەیەکی تر لەلایەن پسپۆڕانی مێژوەوە نووسراوە.
لیژنەی کەلتوریش هەنگاوی باشیانناوە، چەند لیژنەیەکیان دروستکردووەو ناردویانن بۆ ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی وشە و حەکایەت و پەندی پێشیان و گۆرانی و شانامە و مەتەڵ و زۆر بابەتی تر، ئەم لیژنانە دەیان بابەتی کەلتوری و دەستنووس و بابەتی فۆلکلۆریان کۆکردوەتەوەو ڕادەستی کۆڕ کراوە.لەلایەن کۆڕەوە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دامەزراندووە، ئەم لیژنەیە سەردانی وڵاتانی کردووە بۆ کۆکردنەوەی سەرچاوەو نووسین لەبارەی زمان و مێژووی کوردەوە، بۆ پەیوەندییکردن بە ناوەندە ئەکادیمی و کەلتورییەکانەوە، لەهەمانکاتدا بۆ بەشداری لە کۆڕو کۆنگرە زانستییەکاندا، هەر لەرێگەی پەیوەندییەکانەوە ژمارەیەک ئەکادیمی کوردی دەرەوە کراونەتە ئەندامی کۆڕ.
یەکێکی تر لە کارەکانی کۆڕ پێکهێنانی کتێبخانەیەکی تایبەت بووە، لە ماوەیەکی کەمدا ئەو کتێبخانە دامەزراوە لەلایەن کەسایەتی و ناوەندە رۆشنبیریی و کەلتوریەکانی سەدان کتێب و دەستنووسی گرانبەهای پێشکەشکراوە، لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا بووەتە یەکێک لە کتێبخانە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە، لە ساڵی ۱۹۷۴داو دوای چوار ساڵ لە تەمەنی کۆڕ زیاتر لە ۱۲ هەزار کتێبی هەمەجۆری تێدابووە.
بەهەوڵی دڵسۆزانی کۆڕ چاپخانەیەکی تایبەت بەخۆیان دامەزراندووە، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کارئاسانی زۆری کردووە بۆ چاپکردنی بەهەمەکانی کۆڕ بەشێوەیەکی شایستە، بەو چاپخانەیە جگە لە گۆڤاری کۆڕ ژمارەیەکی زۆر کتێبی بەنرخی پێ چاپکراوە.
دەرچوونی گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد، شاکارێکی کەم وێنە بووە لە ناوەندی رۆشنبیری کوردییدا، دەرکردنی گۆڤاری کۆڕ هەنگاوێکی گرنگ بووە لەو قۆناغەدا، ناوەندی رۆشنبیریی و ئەدەبی کوردی هەتا ئەوکاتە خاوەنی گۆڤارێکی ئەکادیمی بەو قەبارەیە نەبووە، لە ساڵی ۱۹۷۳ یەکەم ژمارەی دەرچووە، بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی گۆڤاری کۆڕ جێگەی دڵخۆشی و هاتنەدی ئاواتی زۆرێک لە نووسەران بووە، هەرزوو پەسەندیانکردووەو نرخاندوویانە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕەخنە بەدەر نەبووە.
کۆڕی زانیاری کورد لەو ماوە کەمەدا خزمەتی زۆری کردووەو هەنگاوی گەورەی ناوە، بەڵام لەگەڵ تێکچوونی نێوانی کورد و حکومەتی عیراق، سەرانی بەعس هەوڵی بەرتەسکردنەوەی مافە کەلتورییەکانی کوردیانداوە، کۆڕی زانیاریش لەو رێگرییانە بەدوور نەبووەو لە ساڵی ۱۹۷۸ کراوەتە دەستەیەکی سەر بە کۆڕی زانیاری عیراق و ئەو سەربەخۆیەی پێشووی نەماوە.
یەکێک لە خاڵە ئەرێنیەکانی کۆڕ ئەوەبووە لە دوای ساڵێک، هەر ئەندامێک بەرهەمی نەبووبێ لابراوەو کەسێکی تر لە شوێنی دانراوە، ئەمەش لەلایەک پاڵنەر بووە هەموو ئەندامێکی هەوڵی نووسینی بەرهەمی زانستی بدات، لەلایەکی ترەوە کۆڕ نەبۆتە شوێنی کەسانی بێبەرهەم، لەهەمانکاتدا رێگەی خۆشکردووە کەسانی خاوەن توانا بڕۆنە پێشەوە.
ئەم دامەزراوە کەلتوریە توانیوییەتی بەشی زۆری نووسەران و ئەکادیمییەکانی ئەوکاتە لە دەوری خۆی کۆبکاتەوەو هەوڵەکانیان یەکبخات بۆ خزمەتی زمان و کەلتور و مێژووی کورد، لەو بوارەشدا خزمەتی زۆرو شایانیان ئەنجامداوە، دەتوانین بڵێین پێکهێنان و دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کورد قۆناغێکی گرنگ و هەنگاوی مەزنە لە مێژووی بزاڤی رۆشنبیر و کەلتوری کوردا.
لە مادەی چوارەمی سیستمی ناوخۆی کۆڕدا هاتووە: کۆڕ دەتوانێت لە رێگاکانی دانانی فەرهەنگ و دەرکردنی گۆڤار و بڵاوکردنەوەی کتێب و پەیوەندی رۆشنبیریی و خەڵاتکردنی توێژەران و هاوکاری دارایی دانەران وەرگێڕەکان و دامەزراندنی کتێبخانە و گرتنی کۆڕو لێکۆڵینەوە کار بۆ ئامانجەکانی بکات.