مام جەلال لە کۆمەڵێک توێژینەوەی زانستیدا
رۆژی شەممە ۲۱ی ۹ی ۲۰۲۴ له رێوڕهسمێكدا کە له بهغدا بەڕێوەچوو، تهواوی بەرهەمەکانی یەکەمین دیداری نیشتمانی بۆ سەرۆک جەلال تاڵەبانی، کە لە دووتوێی کتێبێکدا چاپکراوە، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
رێوڕهسمهكه بە ئامادەبوونی باڵیۆز، د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و د. ئیبراهیم بەحرلعلوم، سەرۆکی دامەزراوەی بەحرلعلوم و ژمارەیەکی زۆر لە نووسران و رۆشنبیران بەڕێوەچوو.
ئەم کتێبە، ۶۵۵ لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (الاعمال الكاملة للملتقى الوطني الأول للذكرى السادسة لرحيل الرئيس جلال طالباني) چاپکراوە، لە کۆتایی کتێبەکەشدا چەند پاشکۆیەکی دەوڵەمەند بە وێنە و بەڵگەنامە لەخۆ دەگرێت. سەرجەم ئەو وتار و بابەتانەی لەخۆگرتووە، کە ساڵی رابردوو لە یەکەمین دیداری نیشتمانی بۆ سەرۆک مام جەلال لە شاری نەجەف بەڕێوەچوو. بابەتەکان بریتیبوون لە دەیان توێژینەوەی توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ لەبارەی رۆڵی سەرۆک مام جەلالەوە لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی و ئەدەبی و فیکریدا.
هەردوو دامەزراوەی بەحرلعلوم و دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، سەرپەرشتی ئامادەکردن و لەچاپدانی کتێبەکەیان کردووە.