خانه / اخبار و رویدادها / نێزامی ئەکدەشی و خوێندنەوەی لاپەڕەیەک لە مێژووی کورد

نێزامی ئەکدەشی و خوێندنەوەی لاپەڕەیەک لە مێژووی کورد

نێزامی ئەکدەشی[۱]  و خوێندنەوەی لاپەڕەیەک لە مێژووی کورد[۲]

 

عادڵ محەمەدپوور

بەستێنەی بابەتەکە      

بە تێڕامان و خوێندنەوەی وردی بەرهەمەکانی[۳] حەکیم نێزامی گەنجەیی(١٢٠٩-١١٤١ز)، شاعیر و چیرۆکبێژی  ئێرانی سەدەی شەشەمی کۆچی مانگی و سەدەی دوازدەی زایینی  و ئەو سەرچاوە پێوەندیدارانە کە لە بارەی ژیان، زمان و تەرزی هزری و شێوازی ئەم شاعیرە باس و لێکۆڵینەوەیان کردووە؛ هەست دەکەیت کە ڕۆحێکی ژیان و ژیاریی کوردیی ئەو دەمە لە فۆرماسیۆنی هۆنراوەکانیدا هەڵدەقوڵێت. ئەو سەرچاوانە بڕێکیان بۆ (ئەکدەش)ی بوونی نێزامی بۆچوونی جیاوازیان هەیە. دوکتۆر زەڕین کووب لە کتێبی «پیر گنجه در جستجوی ناکجا آباد» و دوکتۆر بێهرۆزی سەروەتیان لە «آیینه غیب نظامی گنجەیی»، پێداگری لەسەر کاردانەوەی ڕۆحیی زمانی دایکی (ڕەییسەی کورد) لەسەر دەقەکانی ئەو پێنج دەفتەرە شیعرییە (خمسە نظامی)  دەکەن بە تایبەت لە تێکستی «لەیلی و مەجنوون». ئەم دوو لێکۆڵەرە تەنانەت پێیانوایە، لەوەدا کە نێزامی بە شانازییەوە لە دایکی و بنەماڵەکەی و خاڵە عومەر وەک دەسەڵاتدارێکی توکمە، جێگە و پێگەدار و سەرناس ناو دەهێنێ و لە لەیلێ و مەجنووندا شینیان بۆ دەگێڕێت، بەڵام هەر بەو ڕیتم و هەست و سۆزەوە لە باوکی و بنەماڵەکەی ناو نابات و تەنیا بە رواڵەت باسیان دەکات و زوویش دەیانخاتە بۆتەی نسیان و فەرامۆشییەوە.

بەڵام کەسێکی وەک «ر. آزاده» دەمارگیرانە و زێدەڕۆوانە، پێداگری لەسەر «رۆحی تورکانە»ی نێزامی دەکات کە گواێێ ئەمە شای ئەخستان بووە کە نێزامی هانداوە، کە بە زمانی پارسی شیعر بڵێت[۴] و بۆ چەسپاندنی وتەکەی پەنا دەباتە ئەم بەیتە شیعرە:

تُرکی صفت وفای ما نیست

تُرکانه سخن سزای ما نیست…[۵]

لە ڕاڤەی ئەم بەیتەدا، دوکتۆر سەروەتیان، پێیوایە کە «تُرکانە سخن» ڕۆحی تورکانە نیە و وتەی تورکانەیە. بە وتەی ئەم نووسەرە لێکدانەوەی واتایی دێڕەکە، ئاوایە: «ئەخستان شا، شای ئەخستان داوای داهێنان و هۆندنەوەی چیرۆکی لیلی و مەجنوون لە نێزامی دەکات و نێزامی بە دڕدونگییەوە چارەنووسی فێردەوسی دەخاتە بەرچاو بە نموونە پاساو دەیهێنێتەوە کە گواێی پاش هۆنینەوەی شانامە و پاشگەزبوونەوە لە خەڵات بە پێی وەعدە، سوڵتان مەحموود غەدری لێکردووە. ئەویش دەترسێت کە ئاوا خەسارێکی لێبدرێت. شایش لە وەڵامدا دەڵێت: بزانە، وەفای ئێمە وەک سیفەتی ترکی نیە ـ ئێمە وەک مەحموودی غەزنەوی بێ وەفا نین و تۆیش نێزامی وەک فیردەوسی نیت کە مافی خۆتت لێ زەوتکرا. ئێمە (سخن ترکانە) واتە وتەی پاڵەوانی و ڕەزمیمان ناوێت، بەڵکوو داوای هۆنراوەی بەزمی و لیریکا (Love lyric) وەک لەیلێ و مەجنوونت لێدەکەین. نێزامی ئەم واتایە لە هەفت پەیکەردا ئاوا ڕوون کردوەتەوە و دەڵێت:

در سخا و سخن چە می پیچم

کار بر طالعست من هیچم

نسبت عقربیست با قوسی

بُخل محمود و بَذل فردوسی. [۶]»

لە سەر پێداگری د. سەروەتیان لە ئایینەی غەیبدا و ئەم وتە پارادۆکس و دژەبۆچوونانە کە باسمان کرد، نووسەری ئەم وتارە کەڵک وەردەگرێت و لەم ئەدەبە شاکارە جیهانییەدا لە سەر کوردبوونی نێزامی کە هێشتاش بە لێڵی ماوەتەوە و هەر وەها ڕەنگدانەوەی ڕۆحی زمانی دایکیی، پێداگری دەکات. هەرچەند نێزامی ئەو پێنج دەفتەرەی بە زمانی فارسی نووسیوە، بە لێکدانەوە و شیکاری ئەو بەرهەمانە، وێڕای باری ئەدەبی دۆزەکە، هەندێ لایەنی مێژوویی گەلی کورد و دەسەڵاتدارێتی ئەم نەتەوەش ڕوون دەکرێتەوە. دەلوێ شارەزایانی مێژوو، لەم سووژە کەڵک وەربگرن و بەرگێکی تری زێڕین بخرێتە سەر ئانالیزی مێژووی نەتەوەیی. بە پێی ئەو سەرچاوە مێژوویی و ئەدەبیانە کە لەم بارەوە نووسراون و ڕۆچوون بە ناواخنی دەقەکانی نێزامیدا (بە تایبەت لەیلێ و مەجنوون) تا ڕادایەک توانیومانە ئەو ڕۆحە نەسرەوتەی نێزامییە و بنەماڵەکەی و بەرگێک لە مێژووی کورد لەو سەردەمەدا کە تۆزێ بێوەفایی ڕۆژگار شەمزاندبوووی، نیشان بدەین.

 

دیمۆگرافی شاری گەنجە

(نێوان سەدەکانی ۳ تا ۶ی کۆچی مانگی)

شاری «گەنجە» کە زێدی شاعیر بووە، دەکەوێتە ئەوپەڕی ڕووباری ئەرەس لە ویلایەتی «ئەران». ئەران دەڤەرێکی ڕازاوە و سەرسەوز و پڕ داهات بووە کە پانتایی نێوان ئەرەس تا ڕووباری «کور» دەگرێتە خۆی. ئەم ناوچە هەر لە مێژە دونگەی تۆبەکاران، خوادۆزان و جیهادگەرانی توندڕۆ و دەمارگیری موسوڵمان بووە. بۆ ئەوەی گەنجە لە سەر سنووری بەشێک لە دنیای ئیسلام و دنیای خاچ پەرەستیدا واقیع بووە، لە هەر ئاقارێکی ئیسلامییەوە، لە کورد، تورک و عەرەب و… لەم دەڤەرەدا بۆ پاراستنی قەڵەمڕەوی ئیسلام و بەشداری لە جیهادی ئیسلامی، گلێر دەبنەوە. لەم سەروبەندەدا کە ویلایەتی فەلەستین، شام و میسر کەوتبوونە ژێر تازیانەی شاڵاوی دنیای خاچ پەرەستییەوە، لە ئەراندا بە چۆڵەختێی دەوڵەتی ڕۆمی رۆژهەڵات ـ بیزانس ـ مەسییحییەکانی ڕووس و گورجی و ئەرمەنی و پەیتا پەیتا لە ژێر تەنگە تاو، پاڵەپەستۆک و ڕووکردی دەمارگرژانەی ئایینیدا، پەلاماری (گەنجە، شمکوور، بەیلەقان، بردەع و تفلیس) دەدرا و وێڕای کوشتن و بڕینی دانیشتوان؛ ماڵ و سامانیان تاڵان دەکرا. لە ئاوەها کەش و هەوا و ئەتمۆسفێرێکی کۆمەڵایەتی، دینی و فەزایەکی ئاڵۆسکاودا؛ سەرقاڵبوون بە وتنەوەی چیرۆکی کۆن، عاشقانە و غەنایی کە بە چیرۆکی گاوران، ئاورپەرستان و لادینان نێو دەبرا دۆزێکی دژبەر و هەڵویستێکی ناتەبا و رووکردێکی پەسەند نەکراو و ناساز دەدرایە قەڵەم. بەڵام نێزامی بە پێچەوانەی ئاوەها فەزایەک، دەستی دایە نەریتشکێنی و شتی جیاواز وتنەوە، کە بتوانێت زاڵ ببێت بە سەر ئەم دابە کۆن و ڕزیوەدا. سروشتی بوو کە لە گلێرگەیەکی دواکەوتوو، لەرزۆک و پۆپۆلیستی ئەو مەودا زەمەنیەدا، شاعیر بەلایەنگری وتنەوەی ئەفسانەی(زەند، زەردەشت، پەریان و نەریتی کۆنی موغان و تەنانەت نائەخلاقی و دزێو) … تۆمەتبار بکرێت. بەڵام هەرکات کە شیعرەکانی بۆ جەماوەر دەخوێندەوە، وەک شیعرەکانی «سۆفۆکلس» کە لە دادگای ئاتندا لە سەر نەیاران، دژبەران و ڕەخنەگران، کاردانەوەی باشی هەبوو و تەسدیقی هونەرەکەیان دەکرد، ئەوانیش سەری کوڕنش و هەستی ئەرێنییان بۆ هونەرەکەی نێزامی دا دەنەواند.

«کورد، دەیلەم، تورک و عەرەب لە چوار قوڕنەوە بۆ بەشداری بە قەولی خۆیان «جیهاد» خنرابوونە ئەم شارەوە. هەموو جۆرە ئاکار، سەلیقە و داب و نەریتی تەنانەت دزێو و سەرسووڕهێنەریان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو، هەندێکیان هەڵگری ڕق و کینەی دێرین لە هەمبەر یەکتر بوون. ڕێژەی کوردەکان لە چاو نەتەوەکانی دی، دەرکەوتی پتر بوو، تەنانەت لە دەسەڵاتی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو. بە وتەیەک لە سیاسەتوانی و ولایەتداریدا، هەموویان بۆ کورد پیازیان پاک دەکرد و لە ژێر سێبەری ئەواندا بوون. ئەران یانێ جێگای ئاریاییەکان و کەسانێک زمانیان ئاریایی بوو، یانێ زۆرتر مەبەست کوردەکان و زمانی کۆنی ئازەری بوو – نە ترکی – کە خۆی لە حەوزەی زمانەوانیدا باسێکی تری جیاوازە[۷]

 

مێژووی دەسەڵاتدارێتی کورد

لە ئازەربایجان، ئەرمەنستان و ئەبخاز و…

 

نێزامی لە (هفت پیکر و شرفنامە) وێڕای تۆمارکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و جوغرافیایی ئاماژەی بە هەندێ چەمکی مێژوویی بە تایبەت مێژووی ئەسکەندەر کردووە. بە بۆچوونی ئەو لەو کاتەدا، ولایەتی (ئەبخاز، گەنجە، ئالان، ارگ و دەربەند) و… هەموویان سەر بە وڵاتی ئێران بوون. نێزامی دەڵێ: لە ویلایەتی ئەبخاز، کوردێکی بە رەچەڵەک مادی بە ناو (دەوال) ی، دەسەڵاتدار بووە و هەموو ئەرمەنستانیش لە ژێر سۆڵتەی ئەم سەرۆکەدا بووە و زۆریش ئازا، بوێر، هەڵکەوتە و رۆستەم ئاسا بووە:

در ابخاز کُردیست مادی نژاد

که از رزم رستم نیارد به یاد

(دوالی) به نام آن سوار دلیر

برآرد دوال از تن تندشیر

دلیران ارمن هواخواه او

کمر بسته بررسم و بر راه او…[۸]

 

لە شەڕێکدا کە ئەسکەندەر لە گەڵ ڕووسەکاندا دەیکات، کوردەکانی ئەبخاز و ئەرمەنستان بە سەرکردەیی و فەرماندارێتی و قارەمانێتی دەوالی باڵی دەستە ڕاستی لەشکری ئەسکەندەر دەبن. ئەگەریش ئەو کارەساتە لە زەمان ئەسکەندەردا ڕاست نەبووبێت بەڵام لە زەمان خودی شاعیردا رەنگە ئەفسانەی ڕووت نەبێ و بەڵکوو کاکڵێکی مێژوویی ببێت بۆ باس و ڕاڤەی باشتر کە دەکرێت بە وردی چاوی لێبکرێ. لەبارەی ئازایەتی و بوێریی دەوالی و کوردە بەشداربووەکان لەم شەڕەدا کە هێزی نەیار دەهێننە تەنگەتاو، ئاوا دەدوێت:

ز پولادشان الماس تیغ

به خورشید روشن درآورد میغ

جداگانه از مرکب هر گروه

حێاری برآورد مانند کوه

دوالی و کُردان ایران زمین

سوی میمنه گرم کردند کین … [۹]

بە وتەی نێزامی هەر لەم شەڕە دەسبەیەخە و تاک بەتاکەدا، کوردەکان لەگەڵ پێکهاتەی سپای شاڵاوگەری ڕووس، قەراخانی، فەغفووری، خەزرانیەکان و… بەشەڕ هەڵدێن و لە ئاکامدا دوژمنان تێکدەشکێن و زۆربەیان دەکوژرێن و تووناوتوون دەکرێن:

دگر ره یکی روسی گربه چشم

چوشیران به ابرو درآورده خشم

سلاح آزمایی درآموخته

بسی درع را پرده بردوخته…

به یک ضربتش جان زتن برکشید

به جل برقعش برقع اندرکشید

دگر روسیی بست برکین کمر

همان رفت با او که با آن دگر … [۱۰]

 

«ساڵەکانی ۳۳۳ ی کۆچی مانگی، بردەع کە ناوەندی کۆنی ویلایەتی ئەران بوو لە لایەن دزە دەریایی و شاڵاوگەرەکانی ڕووسەوە کاول کرابوو و پێشتر لە ساڵی ۲۴۰ کۆچی شاری گەنجەیش لە نێوان رێگای بردەع ـ تفلیسدا بونیات نرابوویەوە. پاش ساڵانێک لە هەموو بوارێکدا، رێژەی، ڕسکان و پەرەسەندنی بە خۆیەوە دیتبوو. ماوەی ۲۵۵ ساڵ (۳۴۰ تا ۵۹۵ ک) ناوەندی دەسەڵاتدارێتی کورد ـ ڕەوادییەکان و ئەحمەد یەلیەکان و شەدادییەکان ـ دا بووە. لەم ماوەدا کە کوردەکان دەسەڵاتیان بەسەر گەنجەدا بوو، لە زۆر لایەنەوە گەشەی کردووە و حەشامەتی لە رێژەیەکی زۆردا بووە، تەنانەت کرابووە ناوەندێکی سەرسنووری بازەرگانی  …[۱۱]» .

مێژوو پێمان دەڵێت کە ماوەی دوو سەدە و نیو لە دەسەڵاتدارێتی کورد لە ئازەربایجانی ئێران و شۆرەوی پێشوودا تەنیا بە گەنجە قەتیس نەمابوویەوە، بەڵکوو سانەکوردەکان جگە لە گەنجە دەسەڵاتیان بە مل ئەرمەنستان، ئەبخاز، هەردەوێڵ (اردبیل) و مەراغەدا و … دەشکایەوە، لەم مەودا زەمەنیەدا دەسەڵاتێکی ئەوتۆی سیاسی و کەلتووریان هەبووە.

ڕەوادیەکان بە ڕەچەڵەک کورد بوون کە لە ناوینی سەدەی چوارەمدا «ئانی» ناوەندی ئەرمەنستانیان بەدەستەوە بووە و تەنانەت ئەم وڵاتەیان – واتە گەنجە – لکاندبووە سەر قەڵەمڕەوی ناوەندی خۆیانەوە. ئەم کوردانە بە پێی هەستیاری و هەڵوێستی خاڵی هاوبەندی ئایینی و دیانەتییەوە لە گەڵ سەلجوقیە تورکەکاندا هاویکارییان کردووە و دژ بە خاچ پەرەستەرۆمییەکان خەباتیا نواندووە. ناوی هەندێکیش لەم سانە کوردانە ئەمانەن:

محەممەد کوڕی شەداد (۳۴۰ ـ ۳۴۴ ک) ـ لەشکری کوڕی محەممەد (۳۶۰ ـ ۳۶۸ ک) ـ فەزلوون کوڕی محەممەد (۳۶۸ ـ ۳۷۵ ک) ـ مووسا کوڕی فەزلوون (۴۲۳ ـ ۴۲۷ک) و…

جگە لەمانە: مەنوچێهر کوڕی ئەبولسوار و کوڕەکانی فەزلوون و مەحموودی خۆش‏چێهر و کۆڕەکانی مەحمود کە تا ساڵەکانی ۵۹۵ ی کۆچی لە ئەرمەنستان بە ناو حکوومەتی شەدادیەوە، دەسەڵاتی سیاسیان هەبووە[۱۲]».

جگە لە دەسەڵاتدارێتی کوردەکان لە (گەنجە و ئەران و ئەرمەنستان و بردەع) و… دا لە ئازەربایجانی ئێرانی ئەمڕۆدا، بە تایبەت لە مەراغە، حکوومەتیان کردووە. ئەم سانە کوردانە بە «ئەحمەدیەلیان» ناسراو بوون:

«ئەحمەدیەلیان بە ڕەچەڵەک کوردی رەوادین کە سەرلقی ئەم هۆزە» ئەحمەد کوڕی ئیبراهیم کوڕی وەهسوودانی ڕەوادییە». شاری مەراغە دەسەڵاتی سیاسی و کولتووری ئەم هۆزە بووە کە سەرەتای ساڵی شەشی کۆچی دەسەڵاتیان بە مل ئازەربایجاندا شکاوەتەوە و تا سەردەمی (طغرل) درێژەی هەبووە.

پاش ئەحمەد یەل کوڕەکەی (ئاقسنقەر) کە لە لایەن سوڵتان مەحموود لە سانەسەلجووقییەکانی عێراق پلەیەکی باڵای هەبووە، حکوومەتی کردووە. پاش (ئاقسنقەر) کوڕەکەی (نیرالدین ارسلان آبه خاس به‏گ) و پاشان (فلک الدین) و (علاءالدین) کۆرپە ئەڕسەلان لەم بنەماڵەدا ناسراو بوون و دەسەڵاتیان هەبووە. کۆرپە ئەڕسەلان لە سەردەمی (طغرل) دا دەسەڵاتی ئەوتۆی هەبووە و یەکێکیش بووە لە پێهەڵدان و پیاهەڵچنینەکانی (ممدوح) نێزامی گەنجەیی[۱۳]». بۆ زانیاری تەواوتر بڕوانن سەرچاوەی سەرەکی ئەم باسە[۱۴].

 

نێزامی ئەکدەشیی خەڵوەت نشین

 

نێزامی لە دەڤەری ئەران لە شاری گەنجە لە ساڵی ۵۳۵ ی کۆچیدا لە لە بنەماڵەیەکی سەرناسی تۆکمە و خاوەندەسەڵاتی کورد لەدایک بووە. ناوی ئەلیاس بووە و بڕێکیش بە ئووەیس ناوی دەبەن بەڵام بێ گومان هەڵەیە، باوکیشی ناوی یۆسف بە رواڵەت ترک زمان و دایکیشی «ڕەییسەی کورد» بووە کە ئەمە دەگەیەنێ کە نێزامی دووڕەگە بووە (باوک ترک و دایک کورد) کە خۆی لە خەسرە و و شیریندا بە «ئەکدەش» پێناسە دەکات:

نێزامی اکدشی خلوت نشین است

که نیمی سرکه نیمی انگبین است [۱۵]

 

(اکدش) یانێ دوورەگە، مرۆڤ یان گیانلەبەرێک کە لە دوو رەچەڵەک پێکهاتبێ. نێزامی خۆی دەڵێ: «نێزامی کە ئێستا تەنیا و گۆشەنشینە، دوو ڕەگە و دوو ڕەچەڵەکە؛ نیوێکی سرکەیە و نیوێکی تری هەنگوێن». بە پێی دەروونشیکاری شیعرەکانی، بەوا کە بە راشکاوی ناوی لە تورک نەهێناوە و تاریف و پیاهەڵدانی بۆ نەکردوون ئەو دیوە سرکەئامێزە، لەتی باوکی بوە؛ واتە لایەنە رەچەڵەکە تورکەکەی. بەڵام بەوا کە لە شیعرەکانیدا بە شانازییەوە ناوی دایکی (ڕەییسەی کورد) دەبا و بە خاڵە عومەری کە بنەماڵەیەکی سەرناسی خاوەن دەسەڵاتی کورد بوون دەنازێت، ئەو دیوە هەنگوێنە، کەرتی بنەماڵەی پڕ شانازی دایکی بووبێ کە کورد بوون:

گر مادر من رئیسه‏ی کُرد

مادر صفتانه پیش من مرد

از لابه گری که را کنم یاد

تا پیش من آورد به فریاد

زان بیشترست کاس این درد

کان را به هزار دم توان خورد

با این غم و رنج بی کناره

داروی فرامُشیست چاره

ساقی پی بارگیم ریش است

می ده که ره رحیل پیش است

آن می که چو شور در سر آرد

از پای هزار پر در آرد … [۱۶]

 

واتە: «ئەگەر ئاوا کە دایکم سەرۆکی کورد بوو، دایکانە لە لامدا ماڵاوایی کرد، ئیتر گریان و هاوار بۆ کێ بەرز بکەمەوە؛ کە بێ بە هانامەوە، خەفەت لە رادەی خواردنەوە پترە و قووڵایی ئەم کۆستە لە باڵای راستمان بەرزترە، جامی ژارئامێزی ئەم ژانە، تەنانەت بە هەزار هەناسە هەڵنالووشرێ؛ کەوابوو ئەی ساقی ئەو شەرابە پڕکە کە دەمانباتەوە ئاسمانەکان».

لەم شیعرانەدا خاڵێکی بەرچاو و بەرجەستە دەبینرێت، ئەویش کە لە ڕوانگەی جوانی ناسی و بەرجەستەگی و فۆڕێگراندینگی واژەدا، دەنگ ئاماژەی (ڕەییسەی کورد) لە سەروای شیعرەکەدا هێمایەکە بۆ دەلالەتی بەرجەستەکردنی رەچەڵەکی دایکی کە خاوەن دەسەڵاتدارێتی ئەوتۆ لە گەنجە و دەڤەرەکەدا بوون. بۆ ئەوەی دواتر دەسکاری شیعرەکەی نەکەن؛ نێزامی وشیارانە ڕەییسەی کوردی سەروا هێناوە بۆ زەقی و ڕاشکاوی و دڕدونگ نەبوونی پەیامەکەی.

بەوەی کە بە کورد بوونی خۆی شانازی کردووە و پاش مەرگی خاڵە عومەری کە وەک دایکی نە تەنیا کەسایەتییەکی بەرز، هونەرمەند و خاوەن بەهرە و چێژی هونەری هەبووە، بەڵکوو هاندەر و هەڵخڕێنەر و هاریکار و مایەی شانازی و هیوا بووە بۆ ئەو کە بە گوڕ و گڕێکی سۆزئامێزی تایبەتەوە، دەیلاوێنێتەوە و شینی بۆ دەگێڕی و نەبوونی ئەم کەسایەتییە لە بنامەڵەدا بە کۆستێکی گەورە و ژانێکی جەرگبڕ دەزانێ:

گر خواجه عمر که خال من بود

خالی شدنش وبال من بود

از تلخ گواری نواله ام

درنای گلو شکست ناله ام

نحلی که به شهر خرمی کرد

آن شهد ز روی همدمی کرد

از شادی همرهان کشد مور

آن را که ازو فزون بود زور

می ترسم از این کبود زنجیر

کافغان کنم او شود گلوگیر

ساقی ز خُمِ شرابخانه

پیش آر میی چو ناردانه

آن می که محیط بخش کشتیست

همشیره ی شیره ی بهشتیست. .. [۱۷]

 

«دیاردەی کورد لە دەڤەرەکانی گەنجە و ئەران و تەنانەت ئەرمەنستان و گورجستان، وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، لەو کاتانەدا نیشانەی دەستی باڵای دەسەڵاتدارێتی ئەشرافێتی کورد بووە کە چەشنێک باڵا دەستی توێژی کورد لەو وڵاتەدا دەژمێردرا. کوردەکان لە بردەع و تفلیسدا خاوەن حەیسییەتی کولتووری توکمەی بەرچاو بوون. لەم ساڵانەدا (۵۱۵ ک) کە تفلیس کەوتبووە ژێر سەیتەرەی گورجییەکان، رێژەی حەشیمەتی کوردان بەرچاو بووە، تەنانەت خۆیان لە قەومی (عاد) ەوە دەبەستەوە. لە بردەعدا دەروازەی شار بە ناو کوردەوە ـ باب الاکراد ـ نێودێر کرا بوو. کە تا ساڵەکانی دواییدا، بازاری حەوتوو لەو شوێنەدا ساز دەکرا[۱۸]».

 

باری ئەدەبیی دەڤەرەکە

 

سەردەمی دەسەڵاتدارێتی کوردە شەدادییەکاندا، وێڕای ئاڵۆزی و ناتەبایی باری پارادۆکسیکاڵی دەڤەرەکە بە هۆی نیشتەجێ بوونی کەمایەتییە جۆراوجۆرەکان، گەنجە ناوەندێک دەژمێردرا بۆ گەشە و سەرهەڵدانی شیعر و ئەدەبی فارسی. شێوازی شیعری ئازەربایجان[۱۹] لەم سەر و بەندەدا لە لایەن خاقانی و فەلەکی شیروانی و موجیری بیلەقانی لە ژێر سەنتەرێتی شرواندا، لە فراژوو بوون و ڕسکاندا بووە. ئەم قوتابخانە لە ژێر کاردانەوەی ئەبولعەلای گەنجەیی هەڵایسابوو و بە دەمەتەقێی شاعیرانەی پوورخەتیبی گەنجەیی و مەهەستی گەنجەیی شاعیران و بێژەرانی دەرباری سانی سەنجەر، ئەم شارەی کردبووە لانکەی ڕسکانی فەرهەنگ، ئەدەب و شیعر کە لە خانەبەندی شێوازناسی شیعری فارسیدا، ناسراوە بە «شێوازی شیعری ئازەربایجان».

پاش ئەم سەروبەندە و لەژێر کاردانەوە و سێبەری ئاوا فەزایەکدا، ناوی نێزامی گەنجەویش دەکەوێتە سەر زارانەوە. وێڕای هەبوونی ئەو حەشیمەتە شاعیرە، هەر کەسێک و غەریبەیەک دێتە ئەم شارەوە و بۆ «ملک الشعرای» شار دەپرسێت، قامکی ئاماژە بۆ بنەماڵەی «ئەلیاس کوڕی یۆسف» درێژ دەکرێتەوە. نێزامی بە وتەی مێژوونووسان گواێی لەم ساڵانەدا کونجی دوورە پارێزی بۆ خۆی دیاری کردبوو – لە ئەدەبی فارسیدا ناسراوە بە ئەدەبی سەر ئەژنۆ (زانو) واتە تێڕامان، موراقەبە و سلووکی ڕۆحی – بە قەولی زەڕین کووب «لەم سەروبەندەدا ئەگەرچی نێزامی تەمەنی هێشتا چل ساڵانە بوو بەڵام قورسی و هەیبەتی پیاوێکی توکمەی بە ساڵاچووی لە گوتار و کرداریدا بەخۆیەوە گرتبوو. لە ئاستی جوانی ناسی و ڕەوانبێژیی شیعریدا[۲۰]، شێوازێکی بەرزی هەبووە کە کەس نەیدەتوانی لاسایی بکاتەوە. پێچەوانەی شاعیرانی سەردەم، تەنانەت لە قەسیدەوتنەوەدا کە دیاردەی شێوازی شیعری ئەو سەردەمە بوو، ستایش و پیاهەڵدانی بۆ دەسەڵاتدارانی نەدەکرد[۲۱]».

 

 

قورسایی زمانی دایکی

 

لە سەر کورد بوونی دایکی  و بنەماڵەی دایکی نێزامی، باسمان کرد و ڕوونکرایەوە کە بنەماڵەیەکی سەرناس و خاوەن ژیار و ژیانی ئەو سەردەمە بوون و تەنانەت دەسەڵاتدارێتی ناوچەکەیان بە دەستەوە بووە و ئەم ڕووکردە کۆمەڵایەتی – مێژووییە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ چەسپاندنی چەشنێکی دەسەڵاتدارێتی ژن سالاری و مەدەنییەتی کورد لەو دەمانەدا کە مافی ئافرەتیان پاراستووە. سێبەری ئەم باڵادەستیەی ڕەییسە لەسەر هۆنراوەکانی نێزامیدا دیارە. زمانی شیعرەکانی ئەگەرچی بەرواڵەت فارسین بەڵام بە پەیلوا و بۆچوونی نووسەری ئەم دەقە لە دوو ڕوانگەوە لەم تێکستانەدا، کاریگەرییەکانی زمانی دایکی بە سەر کورد بوونی نێزامیدا دەچەسپێت:

یەکەم: هەڵوێستی نەستی و ناخۆئاگای کۆیی شاعیرانەی نێزامی، هاوتەریب لەگەڵ هێمای ناوەڕۆکی و واتایی کوردانە، بە زمانی فارسی. زمانی دایک بۆ نێزامی (زمانی توانشی) کوردی و زمانی فارسی زمانی فەرمی شیعرەکانی بووە، ئەم ناتەباییە لە شیعرەکانیدا دەردەکەوێ کە دیارە زمانێکی قورس، ئیستعاریکی، ئیستەتیکی و مەدرێسی بەکار هێناوە نە زمانێکی ئاسایی کە دیاردەی گوتاری – شەقامی خەڵکی پێوە دیار بێت. بەڵام ئەم پرسە هێشتا ساغ نەکراوەتەوە کە ئایا نێزامی بە زمانی کوردی هونراوەی داناوە یان نا؟ ئەگەر نەیهۆنیوەتۆ، بۆ؟ لەواش کە کورد خاوەن دەسەڵاتی ناوچەکە بوون ؟ بەڵام ئەگەری وڵامی ئەم کێشە لە بەیتێکدا ئاوا بەیان دەکا:

کاهن شمشیرم در سنگ بود

کوره ی آهنگریم تنگ بود[۲۲]

 

«دەستەواژەی (آهن در سنگ) درکەیە(کنایە)، واتە کوتاندنی ئاسن لە بەرد، رەنگە هەر ئەوە بووبێت کە بە هەڵوێستی شاعیرانە و هێمای واتای ڕۆحی کوردانەوە دژوار و ئاستەنگ بووبێ، بە زمانی فارسی شیعر بڵێتەوە، کوتاندنی بەرد لە ئاسن درووسترە بۆ پەیامی درکەکە».

«بە پێچەوانەی قەترانی تەبرێزی لە شیعرەکانیدا بە کێشەی زمانی فارسی بۆ خۆی کە ترک زمانە ئاماژە دەکات و ئەوە بوو بۆ راستکردنەوەی داڕشتنی شیعرەکانی پەنا دەباتە ناسرخەسرەو.[۲۳]» بەڵام نێزامی بە ڕاشکاوی بەم ڕووکردە ناتەبا و پارادۆکسیکاڵە، ئاماژەی نەکردووە و وەک هەر ئازەربایجانییەک کە بە زمانی فارسی دەری خوێندۆیەتی و لەگەڵ واتا و ڕمووزی ئەم ئەدەبدا ئاشنا بووە. مەبەست لە کێشەکە، ناشارەزایی لە زمانی فارسیدا بووە ـ نەک ئەدەبی فارسی ـ لەم دانووساندنە هونەرییەدا، بۆ زاڵ بوون بە مل زمانی فارسیدا، ئازاری ڕۆحی زۆری کێشاوە و پێویستی بە قامووس و کتێبخانە و ئامێری تری فێرکاری زمانی فارسی هەبووە[۲۴]».

دووەم: هەندێ دەستەی واژەی کوردی لە (خەمسەدا) بە تایبەت لە لەیلێ و مەجنووندا و نموونەیان لە پاشکۆی ئەم وتارەدا پێشکەش دەکرێت.

 

 

نێزامی تاقانە چیرۆک بێژی لیریکای فارسی

 

پێش لە نێزامی ئەگەرچی چیرۆکبێژی هۆنراوە باوی هەبووە و شاعیرانێک وەکوو (ئەبولمۆئەیەدی بەلخی، بەختیاری، فێردەوسی، عەیووقی، عونسوری و فەخرەدین ئەسعەد گورگانی) و… لەم پانتاییەدا خاوەنی ئەزموون و شێوە و شێوازی تایبەتین، بەڵام خاڵێکی هەرە سەرەکی و شاز و بەرچاو کە نێزامی لە هێڵی هونەری و ئەدگار و شێوازی ئەوانیدی جیادەکاتەوە، دەسەڵاتی ئیستەتیکی و هۆنەری بە مل چیرۆکبێژیدایە بەچەشنی وردبینانە لە پانتای لیریکا و ژانێرە بەزمییەکاندا کە نە تەنیا ئەدگار و شێواز و ئوسلووبی خۆی جیا دەکاتەوە، بەڵکوو دەبێتە سەرچەشنێک بۆ ئەزموونی شیعری چیرۆکبێژی پاش خۆی ئەویش لە حەوزەی حەزانە شیعری عاشقانە (Lovelyric) کە ڕەنگە دوای فەخرەدین ئەسعەدی گورگانی لە وەیس و ڕامیندا، یەکەم شاعیر بێت کە دیاردەی ئێرۆسیەت و دیمەنە هەوەسی و حەزئامێزەکانی تەغەزول و ئەوینی دەرەکی لە پانتای رۆمانە شیعردا باو کردووە بەڵام نە بەو خەسییەتەوە کە لە دیمەنە ڕاشکاوەکانی وەیس و ڕامیندا هەن…

لە سەدەی حەوت و سەدەکانی دواییدا، شاعیرانێک وەکوو (خاجووی کرمانی، ئەمیرخەسرەوی دێهلەوی، کاتبی تەرشیزی، جامی، هاتفی، مەکتەبی شیرازی، عورفی و وەحشی بافقی) و… لەسەر ڕێچکەی هونەری و هێڵی شێوازناسانەی نێزامی بەرهەمی لیریک و بەزمی دەخوڵقێنن بەڵام هەر هەموویان لە جەغزی لاساییکردنەوە و ژاواندنەوی ئوسلووبی نێزامیدا قەتیس دەمێننەوە. ناشتوانن دەقی جیاوازتر لەم ژانێرە شیعرییەدا بخوڵقێنن. ئەم ڕووکردە هونەرییە ڕەنگە تەنیا ئەدگارێک بێ کە نێزامی بە خۆیەوە دەبینێ و سەرمەشق و سەرچەشنێک بن بۆ نەوەی پاش خۆی و تەنانەت ئەدەبی دەستەبژێری بەزمی جیهانی. هەر ئەم خاڵە تایبەتییە بووە هۆی ئەوەی نێزامی لە پانتایی شیعری لیریکا و بەزمیدا بەشێوەی هۆنراوەی درێژ، لە ئەدەبی جیهانیدا خاوەن پەنجە و جێگا و شوێن بمێنێتەوە و دەقەکانی ڕاڤە و ناسکاری بکرێن و وەک دەقەکانی خانای قوبادی بۆ کوردی هەورامی وەربگێڕدرێنەتە سەر زۆربەی زمانەزیندووەکان. تەنانەت لە لایەن سینماکارانی جیهانییەوە، سناریۆ و فیلمنامەیان لەسەر بنووسرێت و دەراوێک بۆ ئەدەبی فارسی بکاتەوە بە ناو ئەدەبی دراماتیک[۲۵].

بێ گومان ئەگەر نێزامی توانیویەتی بە چەشنێکی زیندوو و بزاوتوو چەمکی عەشق بۆ خوێنەران، ئاوا نیشان بدات ئەم کارە سەرگرتەیە لە تێکەڵی و ئاوێتەیی هارمۆنیای فۆرم و واتا. تاقانە شاعیرێکە کە لەم ئەدگارە هونەرییەدا توانیویەتی سەرکەوتوو بێت. عەشقێک کە نێزامی نواندوویە ئەگەرچی رووکردێکی گشتییە بۆ هەمووان، ڕەنگە هەرکەس بە چەشنێک چێژی ئەوینی چەشکە کردبێت بەڵام کە بە دیمەنەعەشقامێزەکانی ئەو (لە لەیلێ و مەجنوون و خەسرەو و شیرین) دا ڕۆدەچین و لێکیان تێڕادەمێنین بۆمان دەردەکەوێت کە دەڵێی هەوەڵجارە کە ئاوا دەرکەوتێتی هەستیاری عەشق بەو خاوێنیەوە دەبینین و چەشکەی دەکەین. تەبایی و هارمۆنیای فۆرم و واتا ڕووکردێکی دەسەڵاتی هونەری نێزامییە کە کاردانەوەی جادووانەی خۆی بۆ هەمیشە لە سەر دڵان و مێشکانی ئاخێوەرانی حەزانە شیعرەوە دادەنێت و هەتا هەتایی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە لە پانتایی هۆنینەوەی هونەری چیرۆکبێژی و ڕۆمانە شیعریدا، نێزامی گەنجەیی بووە داهێنەر و خوڵقێنەری زمانی تایبەتی و چەشنی دەربڕینی تایبەت بە خۆی لە پانتایی غەنا و ئێرۆس و لیریکادا.

 

 

نموونەی واژە و دەستەواژەی زمانی دایکیی و راڤەکردنیان:

 

بە وتەی د. سەروەتیان: ئەگەر وشە کوردییەکان لە بەرهەمەکانی نێزامی کۆ بکرێنەوە و لە ڕوانگەی ئیتیمۆلۆژی و مێژووی زمان و زاراوە ناسییەوە لێک بدرێنەوە؛ تەنانەت هۆز و تیرەی دایکیی شاعیر، ڕوون دەبێتەوە[۲۶]. لێرەدا تەنیا بۆ بەدەستەوەدانی نموونە ئاماژە دەدرێتە چەندین وشەی کوردی کە لە ناواخن لەیلێ و مەجنوونی نێزامیدا خەمڵێنراون:

گلالەکان:

گلالە، هەمان گلارە، گلێنە، گلێرە و بیلبیلەی چاوە، هەندێ لەکوردەکانی ئازەربایجان، گلارەی پێدەڵێن. گلالە بەپێی جێگۆڕکێ فۆنۆلۆژی (ل) بووەتە (ر). (کان) یش ئەمڕازی کۆیە کە ئێستایش مۆرفێمێکی ئەکتیوی کوردییە، پاشگرە بۆکۆکردنەوە و واتاسازی ناوی تاک. چاوەکان، کۆڕەکان، کچەکان و…

گوهر به گلالەکان بر افشاند

وز گوهرکان شه سخن راند[۲۷]

گەوهەر (خوازەیە بۆفرمێسک)ی لە گلێنەی چاوان دەپژاند. واتە دەستی کرد بە گریان و باسی لە کوڕەکەی شا کرد. گەوهەری دووەمیش مەبەست کوڕەکەی شای ئەخستانە.

گلالەدار: گوڵاڵە، لە هەورامیدا (ل) گۆڕدراوە بە (ر) گۆراڵێ. لە زمانی فارسیدا ئاوا دەستەواژەیەکمان نیە کە پێکهاتبێ لە: گوڵ + الە بەڵکوو لێکدراوێکی ڕووتی کوردییە.

باغ ار چه گل و گلاله داراست

از عکس رخت نواله خوارست[۲۸]

گلاله: گوڵاڵە، لێرەدا خوازەیە بۆ بسک و زوڵف

چون دید که دیلم است خاموش

کردش ز گلاله گوردین پوش[۲۹]

گلاله تاک: (زلف تاک) ـ خوازەیە بۆ گەڵامێو

بر فرق چمن گلاله ی تاک

پیچیده شود چو مار چحاک[۳۰]

(درکەیە بۆ گەڵا پێچراوە و وشک بووەکانی لقە مێو)

مانده شدن: ماندوو بوون، شەکەت بوون، مانیای هەورامی، خەسە بوون.

چو مانده شد از عذاب و اندوه

سجاده برون فکند از انبوه[۳۱]

ناوک: ناوکی سۆرانی، نەهەی هەورامی، ناف، کونی تیر، جۆرێ تیرە کە کونێکی ئاسنین وا لە ناوەڕاستیا.

با قد کمان این جهانگیر

در مجری ناوک افتد آن تیر[۳۲]

دل دادن در …: دڵ دان لە پێناو… تەعبیرێکی درکەئامێزی کوردییە:

چۆن دڵت دێ … لەم دێڕەدا دەڵێ: چۆن دڵت دێ بەناحەق خوێنی ئەو دوو سە بێگوناحە برێژی.

دل چون دهدت که بر ستیزی

خون دو سه بیگنه بریزی[۳۳]

شوی کردن: شوو کردن، شووکەردەی هەورامی، مێردکردن

غمخواره ی او غمی دگر یافت

کز کردن شوی او خبر یافت[۳۴]

بگری: هەرمانی ئەمرکردنی دووەم کەسی تاک، بگری (سۆرانی)، بگرەوە (هەورامی)

افتاد پدر از کار، بگری

بگری به سزا و زار بگری[۳۵]

گیا: گیاە، گیای کوردی

این قوم گیای آن کیانند

بر جای کیان نگر کیانند[۳۶]

کلیچه: کولیچە، کولیچێ هورامی

آورد سبک گعام در پیش

بریان و کلیچه از عدد بیش[۳۷]

دیار: دیدار، دیار، لێرەدا مەبەست ئەو تەعبیرەکوردیەیە کە: دەڵێن دیارت نیە!  یانێ بۆ دیتنی زۆر تامەزرۆ بووم.

رنجور تنست یا تنومند

هستم به دیارش آرزومند[۳۸]

چون راه دیار دوست بستند

بر جوی بریده پل شکستند[۳۹]

مەولەوی لەم بارەوە دەڵێ:

دڵ دیار نیەن های نە کەردەبۆ

وە خزمەت ئازیز تەشریف بەردەبۆ[۴۰]

سرین: سەرینی سۆرانی، سەرنگای هەورامی، بالشت

گه ریخت سرشک بر سرینش

گه دیده نهاد بر جبینش[۴۱]

سیماب سرین: خوازەیە بۆ سەری ڕازاوە و کڵاوزەڕدار، لێرەدا ڕەنگە مەبەستی ئافرەتی کڵاوزەڕدار بێت.

شمشاد نسیم و ارغوان خد

سیماب سرین و خیزران قد[۴۲]

بوری: مەبەست ئەسپ یان هێسری مەیلەو سوور یان کاڵە، هەسەرە بۆرێ(هورامی)، هێسرە بۆرێ(سۆرانی) یان ئەسپی بۆر

بوری به هزار زور می راند

بیتی به هزار درد می خواند[۴۳]

شیخانه: نسبەت بە شێخ، وەک شێخ، ئاکاری شێخانە، گۆرانی شێخانە

بر نجد شدی ز تیز وجدی

شیخانه و نه شیخ نجدی[۴۴]

شیوه / شیون: وەکوو / گریان، زاری

بر شوی ز شعری که خواندی

در شیوەی دوست نکته راندی[۴۵]

خال: خاڵ، خاڵۆ، لال، لالۆ، لالە

گر خواجه عمر که خال من بود

خالی شدنش وبال من بود[۴۶]

نموونە لە هەڵبژاردەی مخزن الاسرار دکتر بهروز ثروتیان، انتشارات توس، ۱۳۷۲

زنگله: زنگولە، زەنگ، زەنگڵەی هەورامی

طفل شب آهخت چو بردایه دست

زنگله ی روز فراپاش بست[۴۷]

(کاتێ کە شەو وەک زاڕۆیەک دەستی ئەهاوێ بۆ دایکی، دایکیشی – بۆ سەرقاڵکردنی – هەتاو وەک زەنگڵەیەک بە پایەوە دەبەستێ.)

پله: پەلە، کەل و پەل، شتوومەکی پیرەژن، پارە و سەرمایەی کەم، بسک و گیسو، بەشی دووەمی جۆرێ ئەتباعە، وەک دەڵێن: شڕە و پڕە، چیز میز، قرت و فرت مێتافۆڕە بۆ شتی زۆر گچک و بێ بایەخ.

بر پله ی پیره زنان ره مزن

دست بدار از پله ی پیرزن[۴۸]

سرسری: سەرسەری، سەتحی، سەرچڵ، بێ بیرکردنەوە، وازوازی

چونکه نسخته سخن سرسری

هست برگوهریان گوهری[۴۹]

پارینه: پار، پارەکە: ساڵی رابردوو

نوردل و روشنی سینه کو؟

راحت و آسایش پارینه کو؟[۵۰]

سەرچاوەکان:

  1. ثروتیان بهروز. (۱۳۶۳). بهروز، لیلی و مجنون. تهران: انتشارات توس.
  2. ثروتیان بهروز. (١٣٦٩).آیینه غیب نظامی گنجه ای. تهران: موسسە نشر کلمە

٤. ثروتیان بهروز. (۱۳۷۲). گزیدەی مخزن الاسرار. تهران: انتشارات توس

  1. زرین کوب عبدالحسین. (۱۳۷۲). پیر گنجه در جستجوی ناکجاآباد. تهران: چاپ مهارت
  2. صفا د. ذبیح الله. (۱۳۶۶،). تاریخ ادبیات ایران جلد۲٫ تهران: انتشارات فردوس
  3. کسروی احمد. (۱۳۰۸). تاریخ شهریاران گمنام. ج۳
  4. مدرس عەبدولکەریم. دیوانی مەولەوی تاوە گۆزی.

١٠. آیتی عبدالحمید. (۱۳۶۳). داستان خسرو و شیرین.  تهران: سخن پارسی (۸)

۱١. یوسفی د. غلامحسین. (١٣٦٧). چشمه ی روشن. تهران: انتشارات علمی

۱٢. هەژار مۆکریانی. (١٣٦٩). هەنبانە بۆرینەی. تاران: سروش

  1. زرین کوب د. غلامحسین. (۲۵۳۵). باکاروان حله\ تهران: انتشارات جاویدان

 

[۱] – ئەکدەش(یکدش، ایکدش) ڕەگەزێکی زمانیی تورکییە، واتە دوو ڕەگە بوون. نێزامی دایکی کورد و باوکی تورک بووە. درێژەی وتارەکەدا بەربڵاوتر لەم بارەوە باس دەکەین:

نظامی اکدشی خلوت نشین است

کە نیمی سرکە نیمی انگبین است

( بۆ زانیاریی زۆرتر بڕواننە ثروتیان بهروز، آیینەی غیب نظامی گنجەیی، ل ٢٠)

[۲]– ئەم وتارە پێشتر نووسراوە  بڵاوکراوەتەوە و  لە ژێر سەردێڕی: مێژوو، کورد، نێزامی گەنجەیی، ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی، براوەی وتاری لێکۆڵینەوەیی فێستیواڵی نێونەتەوەیی گەلاوێژ بووە لە سلێمانی

[۳] – بەرهەمەکانی ناسراون بە خمسەی نظامی یا  پنج گنج و  پنج منظومەی نظامی کە بریتین لە:

١) مخزن الاسرار (٥٧٠ ق)

٢) خسرو و شیرین (٥٧٦ ق)

٣) لیلی و مجنون (٥٨٤)

٤) هفت پیکر (٥٩٣ ق)

٥) اسکندرنامە خۆی دوو بەشە: شرفنامە و اقبال نامە (٥٩٩ یا بە روایتی بین ٦٠٧ و ٦١١ ق)

 

[۴] – بڕواننە کتێبی شرح زندگی و هنر نظامی گنجوی، انتشارات آکادمی علوم باکو، ۱۹۷۹٫ م»

[۵] – ثروتیان بهروز، بهروز، لیلی و مجنون، ل ٤٩

[۶] – ثروتیان بهروز، آیینه غیب نظامی گنجه ای، ص۲۹

[۷]– زرین کوب عبدالحسین، پیر گنجه در جستجوی ناکجاآباد، ص۸

[۸] – شرفنامه، ۷۰/۳۵، بە نەقڵ لە کتێبی ئایینەی غەیب نێزامی گەنجەیی، ل ١١

[۹] – شرفنامە، ۱۸/۵۳)، هەمان سەرچاوەی پێشوو

[۱۰] – ثروتیان بهروز، آیینه غیب، ص۱۲

[۱۱] – زرین کوب عبدالحسین، پیر گنجه در جستجوی ناکجاآباد، ص ٨

[۱۲] – صفا د. ذبیح الله، تاریخ ادبیات ایران جلد۲، صص ۴۵ و۴۴

[۱۳] – هەمان سەرچاوەی پێشوو

[۱۴] – تاریخ شهریاران گمنام، ئەحمەدی کێسرەوی

[۱۵] – ثروتیان بهروز، آیینه غیب، ص۲۲

[۱۶] – ثروتیان بهروز، آیینه غیب، ص۲۲

[۱۷] – ثروتیان بهروز، لیلی و مجنون، ۱۳۶۳،

[۱۸] – زرین کوب، عبدالحسین، پیر گنجه در جستجوی ناکجاآباد، ص۱۵

[۱۹] – سبک آذربایجان

[۲۰] – ئیستەتیک و رێتۆریکی هونەری

[۲۱] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، پیر گنجه در جستجوی ناکجاآباد

[۲۲] – ثروتیان بهروز، مخزن الاسرار

[۲۳] – بۆ زانیاری پتر بڕواننە سەفەرنامەی ناسرخەسرەو

[۲۴] – ثروتیان بهروز، آیینه غیب نظامی گنجه ای

[۲۵] – ئەدەبی نواندووییی

[۲۶] – ثروتیان بهروز، آیینه غیب نظامی گنجه ای، ل ٣٠

[۲۷] – سەروەتیان بێهرووز، لیلی و مجنون، بند ۸، بیت۳، ص۶۳

[۲۸] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۱۹۲

[۲۹] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۳۱۵

[۳۰] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ٣٢٣

[۳۱] – – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ١٠٣

[۳۲] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۵۷

[۳۳] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۱۶۴

[۳۴] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۱۸۹

[۳۵] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۲۰۴

[۳۶] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۲۰۷

[۳۷] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۲۴۸

[۳۸] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۲۵۲

[۳۹] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۹۷

[۴۰] – مودەڕێس مەلا عەبدولکەریم، دیوانی مەولەوی، ل ۲۳۶

[۴۱] – هەمان سەرچاوەی پێشوو لەیلی و مجنون، ل ۳۲۸

[۴۲] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۲۸۵

[۴۳] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۱۴۱

[۴۴] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۱۴۱

[۴۵] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۳۰۰

[۴۶] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۷۵

[۴۷] – سەروەتیان بێهرووز، مخزن الاسرار، ل ٧٧

[۴۸] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، مەخزەن…، ل ١٤٦

[۴۹] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، مەخزەن…، ل ۶۳

[۵۰] – – هەمان سەرچاوەی پێشوو، مەخزەن…، ل ۷۵

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

تلاش همدان پیام برای معرفی ظرفیت‌های گردشگری سه استان غربی کشور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *