خانه / اخبار و رویدادها / کتێبی «مژاوا» بە قەڵەمی جان دۆست وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی سۆرانی

کتێبی «مژاوا» بە قەڵەمی جان دۆست وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی سۆرانی

کتێبی «مژاوا» بە قەڵەمی جان دۆست وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی سۆرانی

کتێبی ڕۆمانی «مژاوا» بە قەڵەمی جان دۆست کە پێشتر بە زمانی عەرەبی و کوردی کورمانجی بڵاو کرابووەوە، ئەم جارە لە لایەن «سارا خەنشا»وە و بە بەراورد لەنێوان ئەم دوو زمانە (عەرەبی و کوردی کورمانجی)، وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی سۆرانی و لە لایەن چاپخانەی مادیار چاپ و بڵاو کرایەوە.

ناساندنی نووسەر:

«جان دۆست» نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی کوردە کە لە ساڵی ۱۹۶۵ی زایینی لە شاری کۆبانی لە کوردستانی سووریا لەدایکبووە. ناوبراو لە زانکۆی حەلەب بەشی بایۆلۆژیی خوێندووە بەڵام بە ئاکام نەگەیشتووە و لە نیوەدا وازی لێھێناوە. ئەم نووسەرە لە ساڵی ۲۰۰۰ەوە لە وڵاتی ئەڵمانیادا دەژی.

جان دۆست چالاکی خۆی سەرەتا بە شێعرەوە دەست پێکرد و دیوانی «قەڵای دمدم»ی لە ساڵی ۱۹۹۱ لە ئەڵمانیا بڵاو کردۆتەوە. پاشان «دیوانی جان»ی لە دوبەی و ئەستەمبوڵ بڵاو کردۆتەوە و چەندین کتێبی لە کوردییەوە بۆ عەرەبی وەرگێڕاوەتەوە وەکوو: «مەم و زین»ی ئەحمەدی خانی، «عادات و ڕسووماتنامەی ئەکرادییە»ی مەلا مەحمووی بایەزیدی و هتد. جێگای ئاماژەیە کە ڕۆمانی «مژاوا»یشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و هەروەها دوو ڕۆمانی بە زمانی عەرەبی نووسیوە کە بریتین لە: «دم عای المئذنه» و «عیشق المترجیم». لە چالاکی دیکە بواری وەرگێڕانی جان دۆست ئەبێ بە وەرگێڕانی دوو ڕۆمانی «مەهاباد بەر بە ئوڵەمپیادا خودێ» و «پەڕ»ی سەلیم بەرەکات ئاماژە بکەین. جگە لە ئەمانەش کتێبی «الحدیقە الناصریە»ی لە فارسییەوە کردۆتە عەرەبی و «قاموس بدائع اللغە»ی لە فارسییەوە کردۆتە کوردی.

ناساندنی وەرگێڕ:

سارا خەنشا ساڵی ۱۳۵۹ی هەتاوی لە گوندی «بێمزورتێ» سەر بە شاری شنۆ لەدایکبووە. لە شاری شنۆ خوێندنی قوتابخانەی تەواو کردووە و لە زانکۆی تەورێز کارناسی زمانی عەرەبی و پاشان لە تاران قۆناغی ماستەری تەواو کردووە. ناوبراو لە ساڵی ۱۳۹۵ەوە لە شاری شنۆ دەستی کردووە بە فێرکاری ڕێزمان و ڕێنووسی کوردی و تا ئێستا پۆلێکی زۆر باشی لە لاوانی ئەو شارەی فێری ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی کردووە. هەروەها گەلێک بابەت و وتاری لەسەر ڕۆمانەکانی ئەدەبیاتی کوردی و جیهانی نووسیوە و چەند کتێبی لە فارسی و عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوەتەوە کە هەندێکیان بریتین لە:

کتێبەکان:

۱ـ سەرەتایییەکانی شاخەوانی، لە هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

 ۲ـ بەفر و سەهۆڵ، ئەو کتێبەش لەسەر بابەتی شاخەوانییە و لە هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە. 

٣ـ خۆشەویستی خەیاڵی، لە سوید لەلایەن چاپخانەی ۴۹ کتێبەوە چاپ و بڵاو کراوتەوە.

  ۴ـ هەرمان، ساتی ئەوینە، لە سوید لەلایەن چاپخانەی ۴۹ کتێبەوە چاپ بڵاو کراوەتەوە.

 ۵ـ غەمنامەکانی یاسەمین، ئامادەی چاپ. * تێبینی، کتێبەکانی ژمارە ۳ و ۴ و ۵ هەر سێ، کۆمەڵەشێعری نوێن و هی ڕووناکبیری گەورەی عەرەب (غادە سەمان)ن کە لە عەرەبییەوە  و هەر بە شێوەی شێعری نوێ لە لایەن خاتوو سارا کراون بە کوردی.

وتارەکان:

۱. ژنایەتی و ڕوانگەی فیلسووفانی ڕۆژاوا سەبارەت بە ژن، (لە کۆڕ و کاناڵی خاتوونانی کتێبی شنۆ بڵاو و پێشکەش کراوە).

۲. ململانەی مەرگ و ژین لە ڕۆمانی هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان، (لە کۆڕ و کاناڵی خاتوونانی کتێبی شنۆ بڵاو و پێشکەش کراوە).

۳. گێڕانەوە، خەیاڵی مێیینەیی و زمانی ژنانە لە ڕۆمانەکانی (وڵاتی هەڵووژەکان و ئەمن چراکان دەکوژێنمەوە و شونپێی باران)دا. (لە حەوتەنامەی سیرواندا بڵاو بووەتەوە).

۴. کارکردی زمان لە گێڕانەوەی (زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرەدا)، (لە سەردەشت کۆڕی ناساندن و پەردەلادان لە کۆمەڵەچیرۆکی زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرەدا بڵاو و پێشکەش کراوە).

۵. لێکدانەوەی هێرمنۆتیکی لەسەر ئەلف\ یای (ڕەزا عەلیپوور)، (لە حەوتەنامەی سیرواندا چاپ و بڵاو بووەتەوە).

۶. لێکدانەوەی کۆمەڵەچیرۆکی (زایەڵەی شارێکی سووری شاناز جەوانشیر) لە ڕوانگەی نیشانەناسیی بارتەوە، (لە ماڵی کتێنی کوردی بڵاو بووەتەوە).

۷. کۆمێدیی ڕەش و چۆنیەتیی ڕەنگدانەوەی لە ڕۆمانی (از راحیل بانوی یهودی چە خبر؟)، (لە ماڵی کتێبی کوردی بڵاو بووەتەوە)

سارا خەنشا ئێستەش خەریکی وەرگێڕانی ڕۆمانی (أنقاض الأزل الثاني) لە نووسینی (سەلیم بەڕکات)ە، کە نووسەرێکی کوردی عەرەبنووسی کوردستانی سووریایە و خەڵکی قامیشلۆیە و ناوبراو ئەو کتێبەی ئەو لە عەڕەبییەوە دەکات بە کوردی.

دەربارەی کتێبەکە:

مژاوا  تراویلکەی خەونێکی دووری مرۆڤی کوردە کەوا هەرچەند لێی نزیک دەبێتەوە دیسانیش هیچ پێگەیشتنێک لەگۆڕێدا نییە.

مژاوا یەکەم ڕۆمان و بەرهەمی ناوازەی “جان دۆست”ە، کەوا مێژوو و ڕووداوە سرنجڕاکێش و دڵتەزێنەکانی کورد دەکاتە چەقی ڕۆمانەکانی و خەیاڵ و هزر و زمان و پێنووسە سێحراوی و  شێعراوییەکەی بە دەوریاندا خەرمانە دەدەن و شەبەنگیان درز دەکاتە تانوپۆی خوێنەرانی و لە ناخەوە دەیانهەژێنێت.ڕۆمانەکە لە مەهاباد و لە سەردەمی کۆماردا ڕوو دەدات و کۆتایی پێ دێت. بەکورتی مژاوا گێڕانەوەیەکی ئەو سەردەمانەیە.

جان دۆست تێ کۆشاوە لەم ڕۆمانەدا تەواوی لایەنە دیار و نادیارەکانی ئەو بڕگەیه و ڕووداوە گرینگ و مێژوویییەکانی ئەو سەردەمی بە هەموو پارچەکانییەوە  بخاتە بەردەم خوێنەر، هەرچەند چەقی ڕووداوەکان مەهاباد و کۆماری کوردستانە. کاتێک ڕۆمانەکە دەخوێنیتەوە پڕ دەبی لە مەهاباد و کوردستانی ئەو دەمانە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووداو و کەسایەتییە ڕاستەقینە و خەیاڵییەکانی ئەودەم ڕووبەروو دەبیتەوە. هەرچەند جان دۆست هەوڵی داوە کەسایەتیی مرۆڤی کورد بنرخێنێ و بە تەواوی چاکە و خراپییەکانیەوە باسی بکات و ئەوەی ئەو کەسایەتییە چ ئەودەم و چ ئێستەش گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و زۆربەی  دۆڕان و نسکۆکان گرێدراوی کەسایەتیی مرۆڤی کوردن.

مژاوا لەگەڵ ئەوەی خەریکە بەشێکی گرینگ لە مێژووی کورد دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەوین و خۆشەویستیی دوو دڵدار وەک چەمکێکی گرینگ بە نیشتمان و خۆشەویستییەکەی گرێ دەدات، بە شێوەیەک کە نەمامی هەردووکیان پێکەوە و هاوکات لە خاکی نیشتمان سەر وەدەردەنێن و چرۆ و چووزەرە دەکەن و کە دێن بە حاسڵات بگەن، هەرەس دێنن و بە شۆرەکات دەگەن .

لە ڕاستیدا و بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەندێشە و هزری هاوچەرخ دیسانیش بە خێڵ و هۆزی دەدۆڕێنێ.

بەو شێوازە ڕۆمانی مژاوا لە ناخی خۆیدا بە هیوای سەرکەوتنی ئەو خەونەی لە هەزارەی ئەندێشەی مرۆڤی ئێمەدا لە کۆتاییی خۆیدا بەردەوام بە تراویلکە گەیشتووە و ئەو کەسانەی دیسانیش لە کۆتاییی شکانێکی تردا لە قووڵاییی مژێکدا ون دەبن، ڕەنگە لە نیشتیمانێکی مژاویدا دیسانیش ڕۆژێک گڕی هیوایەک لە قووڵاییی ئەم مژستانەوە  بانگیان بکات.

لە پشتی کتێبەکەوە ئەم تێکستە نووسراوە:

مژاوا، خواستی بێئاکامی کۆمارێکی ونبوو لەنێو مژێکی دووردایە، مژاوا ڕاکردنی ئەویندارێکی تینوو و ئەمەگداری خولیاکانییەتی لە نادیارەوە و نیشەجێبوون لە وڵاتێک لە مژدا بۆ گەیشتن بە ئەوینەکەی. کەسێک کەوا لە هەر شوێنێک ناونیشانێک لە ئەویندارەکەی یان ئەویندارە لەدەستچووەکەی ببێنێت، بە چاوی موژدە و مزگێنییەک لێی دەڕوانێت و بەرەو ڕووی دەچێت.

مژاوا له ڕاستیدا گێڕانەوەیەکی تری کۆماری کوردستانە، کەوا سەرەتا لەدایکبوونی هیوا و ئاواتە دوورەکانی مرۆڤی کوردە و لە درێژەی تێپەڕینی کات، کاڵبوونەوە و هەرەسهێنانی خەون و ئاواتەکانی ئەوە.

مژاوا بەگشتی له خولیایەکی مژاوی دەچێت.

ئەحمەد عەبدولحەکیمی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است. 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

تلاش همدان پیام برای معرفی ظرفیت‌های گردشگری سه استان غربی کشور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *