شیکاریی هێزی فۆکۆیی و دۆخی کافکایی لە ڕۆمانی ”بەزمی بزن”دا
سارا خەنشا
هاوکات لەگەڵ گۆڕانی مۆدێرنیتە لە ڕەوتێکی هزری و فەرهەنگی بەرەو سیستەمێکی ڕامیاری – کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئەوەی ناکرێ حاشا لە ئەنجامە سازێنەر و دەسکەوتە مەزنەکانی ئەو ڕەوتە بکرێت، بەڵام مرۆڤی هاوچەرخ زۆرتر لە هەمیشە بە ئەستەمبوونی ڕزگاریی ژیوار و ژیانی خۆی زانی. لێکەوتەکانی مۆدێڕنیزاسیۆن و ڕوخساربەندییەکانی مۆدێڕنیتە، لەگەڵ لەناوچوونی شوناسی تاکەکەسی، بڕوا ڕەسەن و ئوستوورەیییەکان، یەکسانسازی، هاوچەشنکردن، هێزی سیستەم چاوەدێری بەسەر گشت ڕەهەندەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی کەسەکاندا دەکات و خۆی تێ هەڵدەقورتێنێت (تورن، ١٣٨٠:١٩، بە گێڕانەوە لە (بی نظیر)). بیرکردنەوە و سرنجدان بە هێزی فۆکۆیی و دۆخی کافکایی وەک دوو بەرهەم و لێکەوتەی جیهانی مودێڕن و دوو ڕەوت کە لە بەستێن و پانتاییی خۆیاندا لە ڕەهەندەکانی فەلسەفی، ئەدەبی، کۆمەڵناسی و ڕامیاریدا، مێکانیزمەکانی هێز و هێژموونیی لێکەوتەکانی مودێڕن و چۆنیەتیی کۆیلەبوونی مرۆڤ لە هەزارتوێی پێچەڵاوپێچی ئەم جیهانە لێک دەدەنەوە و بەرهەڵستی ئەم ڕەوتە دەبنەوە و هەوڵ دەدەن، ڕێگەچارەیەک بۆ ڕزگاریی مرۆڤ بدۆزنەوە.
میشێل فۆکۆ، فەیلەسووفی بەناوبانگی فەرەنسایی وەک مێژوونووس و مرۆڤناس، کاریگەرییەکی زۆر قووڵی لەسەر زۆریەک لە بوارە هزرییەکان داناوە. ئەو لە توێژینەوەکانیدا، لەسەر گوتار و بەکارهێنانی هێزی لە ڕۆژاوا لە سەدەکانی نێوەڕاست دەکۆڵێتەوە. ئەو هێزەی کە فۆکۆ لێی دەدوێت، تەنیا لە ڕێگەی دەسەڵات و چینی دەسەڵاتدار، باوک و … بەکار نایێت، بەڵکوو نیشان دەدات کە ”چۆن هێز لە هەناوی پێوەندییەکانی ڕۆژانەدا لەنێو کەسەکان و دامودەزگاکان دەست بەکار دەبێت. ئەو لەباتی ئەوەی کە هێز تەنیا بە شێوەیەکی نەرێ، وەک شتێکی سنووردانەر و سەرکوتکەر چاو لێ بکات، بەڵگە دێنێتەوە کە هەوڵە سەرکوتخوازەکان، تەنانەت لە بەرتەسکترین دۆخی خۆشیاندا لە ڕاستیدا بەرهەمهێنەرن، چونکە دەبنە هۆی بەدەرکەوتنی شێوەگەلێکی نوێ لە هەڵسوکەوت، نەک ئەوەی کە هێندێک لە شێوەکانی هەڵسوکەوت لەبرەو بخەن یان سانسۆڕیان کەن” (میلز، ١٣٩٢:٦٠، بە گێڕانەوە لە (بی نظیر،١٣٩٨: ٢٥)).
دۆخی کافکایی، هاوئاراستە و لەژێر کارتێکەریی فەلسەفەی ئێگزیستانسیال هەڵبەت لە ڕەگەزی چیرۆکی، لەسەر مرۆڤی کێشەدار چڕ دەبێتەوە و دەپەرژێتە سەر مشتومڕ، دڵەراوکێ، تەنیایی، دژوازی و دیلییەکانی مرۆڤ. چیرۆکی دۆخ لەوانەیە لەگەڵ فرانتس کافکا دەستی پێ کردبێت، یان لەلایەن ئەوەوە پەرەی پێ درابێت و قووڵ بووبێتەوە، شێوەنووسینێک کە میلان کۆندار، چیرۆکە کافکایییەکان و هێندێک جاریش چیرۆکە پراگییەکانی پێ دەڵێت (کۆندرا، ١٣٨٠:١٨٩). چیرۆکی دۆخ، مرۆڤی نامۆ لە خۆ، ونبوو و غەریب، لە بەرزەخی ژیانی مۆدێڕن، لە دژوازییەکان، لە دۆخە قەیراناوییەکان و هێندێ جار شێتانە، وێنا دەکات؛ مرۆڤێک کە لە بۆنەکانی ئەم ژیانەدا لە داڵانە پێچەڵاوپێچەکانیدا سەرلێشێواو و دڵساردە، نە ڕێگای دەرچوونی هەیە و نە دەتوانێت لێی تێ بگات.
هێزی فۆکۆیی و دۆخی کافکایی لەگەڵ پێکهاتە و مێکانیزمە جیاواز و دیاریکراوەکانی هەردوو ڕەوت، خاڵی هاوبەش، ئاراستەمەندی و دەرەنجامی هاوشێوەیان هەیە کە بە هۆی یەکترپۆشی و هاوتاییی سازدەر و گوزارەکانی هەردوو ڕەوت یان پێواژۆ، دەرەتانی هاونشینیان لە شرۆڤە و لێکدانەوەی دەقێک دەڕەخسێنن. ئەم وتارە سەرەتا تیشک دەخاتە سەر بنەما هزرییەکانی فۆکۆ و ئەندێشە و ڕوانگەی کافکا لەمەڕ چەمکی هێز، مێکانیزمەکانی و ئەو دۆخە مرۆڤییانەی کە لە هێزی مۆدێڕن پێک هاوتووە. دواتر پێوەندیی ئەو دوو ڕوانگە و گۆڕەپانە، تەتەڵە دەکات و دواتر ڕۆمانی(بەزمی بزن) بەو دوو ڕوانگەیە دەخوێنێتەوە.
لە ڕاستیدا کەسایەتییەکانی”بەزمی بزن” سووژەگەلێکن کە لە وڵاتێکی بێدەنگ، تاریکەسەڵا کە دەوراندەوری بە چیمەنتۆ و کانزا گیراوە، لەژێر نیگای سەرانسەربینی هێز و ئامادەبوونی بەردەوامی سیخوڕەکانی مۆدێڕنیتە، ڕۆژگار تێ دەپەڕێنن. گشت هاووڵاتیان دەستی چاودێریی هێزن کە بەسەر تایبەتیترین ساتەکانی ژیانی کەسایەتییەکانی ڕۆمان چاوەدێری دەکەن و خۆیان تێ هەڵدەقورتێنن. ئەم لێکۆڵینەوەیە دەری دەخات کە چۆن هێزی مۆدێڕن لەگەڵ تێکنۆلۆژیی تەکووزی[۱]، سووژە دەخەنە دۆخێکی قەیراناوی (سووژە لە قەیراندا). ڕایەڵەی هێز بە ڕوانینی زنجیرەپلەیی، سزاخوازی (کیفرمندی)، کەشی سیخوڕی، تەمبێ، هەڕەشە، مۆرکلێدان و تاوان هەڵبەستن بەدوای سازدانی شارۆمەندێکی ملکەچ و گوێڕایەڵ لە کەسایەتییەکانی ڕۆمانە. هەڵبەت هێندێک لە کەسایەتییەکانی ڕۆمان، نەکارە[۲] نینە و وا نییە مل بۆ ڕووداوەکان دانوێنن، بەڵکوو خۆ ڕادەگرن و بەرهەڵستیان دەبنەوە و لە بەرانبەر ئەو دۆخانەدا کاردانەوەیان دەبێت.
پێواژۆی هێز و تێکنۆلۆژیی تەکووزی
لە ئەندێشە و هزری فۆکۆدا، هێز پێواژۆیەکە کە لە گشت بۆنەکان و لە وردترین مێکانیزمەکانی دانوستانی کۆمەڵایەتیدا هەیە و تەنانەت لەسەر دەروونیترین ئەزموون یان ویستە شاراوەکانیشدا کارتێکەرە. هێز بە پەرەدانی ڕایەڵەییی خۆی لە ڕێکخراوەکان، بڕواکان، مۆدەکان، نمایشەکان، وەرزشەکان، پێوەندیی خێزانی و تایبەتی خۆی ڕێک دەخاتەوە، خۆی دەچەسپێنێت، خۆی دەگونجێنێت و بە جێگۆڕکێ، گۆڕانکاری، گۆڕانی جێگە و فرەییی خاڵەکانی پەستان، خۆی دادەڕێژێتەوە و باشتر دەکات (فوکو. ١٣٩٣: ٥٠- ٤٩ و ٤٤). ڕەگەزی ئامادەبوونی هێزی مۆدێڕن، ڕێژە و ڕێکارەکانی پەرەسەندن و بەرهەمهێنانەوەی، جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ هێزی نەریتی هەیە، لە پێکهاتەی نەریتیدا، هێز شتێک بوو کە دەبینرا و خۆی دەردەخست. لە ڕاستیدا بەشێکی زۆر لە هێژموونی و دەسەڵاتدارێتییەکەی قەرزداری نیشاندانی هێز و دیتران بوو، ئەم هێزە بۆ سەر کەسانێک بەکار دەهێنرا کە دەیانتوانی نەبینرێن و لە تاریکیدا بمێننەوە. بەڵام تێکنۆلۆژیی تەکووزی کە یەکێک لە گرینگترین تەکنیکەکانی هێزی مۆدێڕنە، بەنەدیوکردنی خۆی بەکار دێت و هێزەکەی لە نادیاربوونیدایە. پڕەنسیبی بینراوبوون و لێڕوانین، بەسەر سووژەکاندا- ئەو کەسانەی کە هێزیان بۆ بەکار دەهێنرێت- دەسەپێنرێت (فوکو، ١٣٨٨:٢٣٤). لە ڕاستیدا باشترین شێوەی چاوەدێری و گرنگترین ڕێکاری تەکووزیی هێز، گەڵاڵەی سەرانسەربین (Panopticon)ی جرێمی بێنتام (Jeremy Bentham)ە.
تەکووزبوون جۆرێک هێزە، ڕایەڵەیەکی پێچەڵاوپێچ و ئاڵۆز لە پێوەندییەکان، سیستەمێکی یەکپارچە کە لەگەڵ کۆمەڵێکی تەواو لە ئامێرەکان، تەکنیکەکان، شێوەکانی ڕوانین، هەڵسەنگاندن، وەسفکردن، فێرکاری و ڕێکاردا بەدوای جێگیرکردنی سزای تەکووزییە.
تێکنۆلۆژیی تەکووزی پێوەندییەکی واتاداری لەگەڵ جەستەی مرۆڤ و زاڵبوون بەسەریدا هەیە کە بە پشتبەستن بە پڕەنسیبی بینراوبوونی سووژە (ڕەگەزی چاوەدێری و ڕوانین)، دەپڕژێتە سەر ڕێکوپێک و لەبارکردنی سووژەکان و پەروەردەکردنی جەستە دەستەمۆیەکان. پڕەنسیبی بینراوبوون، هەم دەرەتانی چاوەدێریی بەردەوام و ورد و کۆنتڕۆڵی چڕ دەڕەخسێنێت و هەم گوزارەیەکی تری تێکنۆلۆژیی تەکووزی، واتا سزای سازگارکەر (بهنجارساز) دەستەبەر دەکات. لە شێوازەکانی چاوەدێریدا، بەسەر هەڵسوکەت و کردەوەی سووژەکان\ شارۆمەندان چاوەدێری دەکرێت و هەڵسوکەوتی سازگار، ستایش دەکرێت و هان دەدرێت و هەڵسوکەوتی ناسازگار و لادەرانە تەمبێ و ئازار دەدرێت (فوکو. ١٣٨٨: ٢٣٩). تێکنۆلۆژیی تەکووزی هەموو تانوپۆی لەشی کۆمەڵگا دەتەنێت و بە سزای ڕێسامەند لە ڕێگەی تەمبێ، هەڕەشە، سووکوچرووککردن، سووژەسازی و تاوان هەڵبەستن، سووژەکان پۆلێن دەکات (زنجیرەپلەیی) و ئەم کارە ئەگەری مەودادانان و دادوەری دەڕەخسێنێت.
پێکهاتە و فەلسەفەی چیرۆکی دۆخ
چیرۆکی دۆخ، کاردانەوەیەکی بەرهەڵستانەیە بەو لێکەوتە و ڕوخساربەندییانەی مۆدێڕنیتە کە لە ڕێگەی سەروەریی ئاوەز، دەسەڵاتی ڕێکخراوە و سیستەم بەسەر کەسەکان، هێزی چاوەدێری، دەست تێوەردان و پاڕادایمی یەکسانسازی، شوناسی تاکەکەسی و ژیانی تایبەتیی کەسەکانی داماڵیوە و لەنێوی بردووە (تورن، ١٣٨٠: ١٩، بە گێڕانەوە لە (بی نظیر، ٢٨)). هەر چیرۆکێک بە ئافراندنی دۆخێک دەست پێ دەکات، بەڵام کاتێک دەبێتە چیرۆکی دۆخ کە دەسەڵاتێکی زۆردارانە و بەهێزی بەسەر تەواوی ڕەهەندەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی کەسایەتییەکانی نێو چیرۆکدا دەبێت و لەسەر هەموو هەستی و بوونی کەسەکە کارتێکەریی دەبێت. ئەم دۆخە، پێوەندییەکی تایبەت لە مرۆڤ و جیهان وێنا دەکات، پێوەندییەک کە مرۆڤ نەتەنیا تێیدا پاڵەوان نییە بەڵکوو تایبەتیترین و تەریکترین ڕوویەکانی ژیانیشی، دەکەوێتە ژێر نیگای مێغناتیسیی ناوەندەکانی هێز. ئەو لە کەشێکی پۆلیسی و سیخوڕانەدا دەژیێت، دۆخگەلێک کە هەم شوناسی تاکەکەسیی پاڵەوانەکە هەڵدەلووشێت و هەم ڕێگاکانی دەربازبوون لە دۆخەکەی بەسەردا دەبەستێت. ڕەگەزی دۆخ لە لایەک لەگەڵ هێز و زۆریی دەرەکی و لە لایەکی ترەوە، لەگەڵ بێدەسەڵاتی و داماویی ئەو مرۆڤەی کە ڕێگای دەربازبوون لە دۆخەکە، لە دەرەوەی بازنەی هێز و توانای خۆی دەبینێت، پێناسە دەکات. چیرۆکی دۆخ – هەم لە واتا بوونناسی و فەلسەفییەکەیدا و هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتی- ڕامیاری-یەکەیەوە- بە شێوەیەک دادەڕێژرێت، هەتا داماوی و بێچارەییی مرۆڤی پێ نیشان بدات. بەزۆری دۆخەکانی چیرۆکی دۆخ لەگەڵ هەڵەیەک دەست پێ دەکەن، هەڵەیەک کە هیچ پێوەندییەکی بە ژیانی ڕابردووی کەسەکان و کردەوەکانیانەوە نییە. ڕووداوەکان لەسەر بنەمای پێوەندییەکانی هۆ و هۆکرد (علی و معلولی) ناچنە پێش و تەمومژاوی و ناڕوونن.
هاوئاراستەییی سازدەرەکانی هێزی فۆکۆیی و دۆخی کافکایی
چیرۆکی دۆخ، جیهانێک وێنا دەکات کە لە فەلسەفەی ئێگزیستانسیال، کۆمەڵگای تۆتالیتێر و لە هێزی فۆکۆییدا پەرەی ستاند و قووڵ بووەوە و رووی دا؛ جیهانێکی داڵان ئاسا، ڕێکخراوەیەکی گەورە و پێچەڵاوپێچە کە نە ڕێگای دەربازبوونی هەیە و نە دەتوانی لێی تێ بگەیت. جیهانێک کە هۆکارە چارەنووسسازە دەرەکییەکانی، ئەوندە بەهێزن کە پاڵنەرە ناوەکییەکان، بێکێش و بێنرخ و بێبەها دەبن و مرۆڤی وێڵکراو لەو دۆخەدا، لە جیهانێک کە بووەتە داو، ناچار دەبێت ملکەچی یاسا و ڕێساگەلێکی تایبەت بێت؛ یاساگەلێک کە نازانێت لەلایەن کێوە و لە چ سەردەمێکدا دانراون، یاساگەلێک کە هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ سەرچاوە مرۆڤییەکان نییە و ناڕوونن (کوندرا، ١٣٨٠: ١٩٠- ٧٥). دەڵێی زۆرێک لەو چەمک و کلیلواژانەی کە لە دەزگای هزریی فۆکۆدا تەتەڵە کراون و شی کراونەتەوە، ساڵانێک پێش لە جیهانی چیروکیی کافکادا – لە ڕەگەزی کافکایی- داڕێژراون و دوابینییان بۆ کراوە و لەوانەیە ئاگاداریش کرابنەوە. ”’نیگای مێغناتیسیی ناوەندەکانی هێز، بەدواچوونی ناهومێدانەی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی تاوانەکەی، دەرکران و دڵەڕاوکێی دەرکران، مەحکوومبوون بە سازانخوازی، خوو و خدەی تارماییئاسای کارە ڕاستەقینەکان و ڕاستیی جادووییی دۆسە، دەستدرێژیی بەردەوام بۆ سەر ژیانی تایبەتی و هتد، هەمووی ئەو ئەزموونانەی کە مێژوو لە تاقیگا گەورەکەی خۆیدا لەگەڵ مرۆڤی کردووە، کافکا چەند ساڵ بەر لەوی لە ڕۆمانەکانیدا کردوویەتی (کوندرا. ١٣٨٠:٢١٣). بەدڵنیایییەوە هێزی ڕۆنراوی فۆکۆ و مێکانیزمەکانی لە پەیکەر و لەشی کۆمەڵگادا لەگەڵ جیهانی چیرۆکیی کافکا، هێندێک جیاوازیان هەیە، بەڵام هەم فۆکۆ و هەم کافکا مرۆڤێکی سەرلێشێواو و قەیراناوی وێنا دەکەن کە لە پەپکەی هێزی مۆدێڕندا دیل بووە و لەژێر نیگای سەرانسەربینی ئەم چاوەدێرە بەردەوامەدا، کۆنتڕۆڵ دەبێت و چاوەدێری دەکرێت هەتا بە ڕێکار و شێوازگەلێک ببێتە شارۆمەندێکی دەستەمۆ و ملکەچ. زۆربەی چەمکە هاوبەشەکان وەک هێزی نهێنی و هەزارتوێژ، ڕێژە و ڕێکارەکانی پەرەسەندنی، ئامادەبوونی بەردەوام لە تایبەتیترین ساتەکاندا، چاوەدێریی هێز، چاوەدێری و دەست تێ وەردانی هەمیشەییی هێز و دەستە بەهێزەکانی، کەشی پۆلیسی و سیخوڕئاسا، هاوشێوە و یەکدەستکردن و ستاندنی شوناسی کەسەکان و سڕینەوەی تاکێتی، سووژەسازی، تاوان هەڵبەستن، مۆرکلێدان، گوێلەمستی و خاڵەکانی خۆڕاگریی سووژەکان، ئەم دوو ڕەوتە لێک نزیک دەکاتەوە.
بەکارهێنانی بنەما تیۆرییەکان لە لێکدانەوەی ڕومانی ”بەزمی بزن”دا
١- چاوەدێریی هێز
پڕەنسیبی بینراوبوون و نیگای سەرانسەربینی، گرینگترین ئەسڵە لە تێکنۆلۆژیی تەکووزی و دەستەبەری وەدیهاتنی ئامانجەکانیەتی. لە کۆمەڵگای تەکووزدا گشت پێکهاتەکان و وردترین هەڵسوکەوتەکان دەبێ لە بەرچاو بن. هەر بینایەک لە کۆمەڵگای تەکووزیدا شوێنێکە لە خزمەت شانۆ (نمایش) و پلەبەندیی هێز و بەهێزکردنی پڕەنسیبی چاوەدێری و سەرانسەربینی (فوکو، ١٣٨٨:٢١٦). ئەم پڕەنسیبە هەم دەسەڵاتدارێتی و هێژموونی هێز زۆرتر دەکات، هەم چاوەدێریی بەردەوام و دەرەتانی کۆنتڕۆڵی بەردەوام و سزای تەکووزیی سووژەکان دەستەبەر دەکات و هەم بەستێنی پلەبەندی و دادوەریی سووژەکان دەڕەخسێنێت. ”فۆکۆ نیشان دەدات کە تەکنیکەکان و ڕێکخراوە پێشکەوتووەکان بە ئامانجە جیاوازەکانیانەوە، چۆن ڕەگەڵ یەک دەکەون و وردە وردە، بنەماکانی سەرانسەربینی بەکار دێنن بۆ ئەوەی سیستەمێکی مۆدێڕنی هێزێکی ڕێسامەند بئافرێنن (هەمان: ١٢٢). میلان کۆندرا لەسەر ئەمە جەخت دەکاتەوە کە ئەوەی وا کافکای ئازار دەدات، نەهامەتیی تەنیایی یان تەریکی نییە، بەڵکوو دەستدرێژیکردن بە تەنیایی و تەریکییە، هیچ شارۆمەندێک مافی ئەوەی نییە کە شتێک لە حیزب یان دەوڵەت، بشارێتەوە، هێز زۆرتر لە پێشوو لێڵ و مژاوی دەبێت و ڕوونبێژی و لەبەرچاوبوونی بۆ سووژەکانی دەوێت (کوندرا، ١٣٨٠: ٢٠٤- ٢٠٥).
لە ڕۆمانی ”بەزمی بزن”دا تێکنۆلۆژیی تەکووزی بە یارمەتیی دەستە بەهێزەکانی وەک: وەزیرەکان، ڕاوێژکارەکان، ژێنێڕاڵەکان، هاریکارەکان و هاوڕێیەکان و بەگشتی گشت شارۆمەندانی سیوداد ترخیو کە چاوەکانی سەرۆک بوون و لە گشت ڕێکخراوە و ئۆرگانەکان بە ڕێکار و مێکانیزمە جیاواز و جۆراوجۆرەکان، بەسەر گشت شاردا چاوەدێرییان دەکرد و لەژێر ڕکێفی خۆیاندا بوو. دەتوانی ئامادەبوونی وردەدەماراسای پاژەکانی پازێلی دەسەڵات، لە گشت دانوستانەکان و هاتوچۆیەکانی کەسایەتییەکانی ڕۆماندا ببینی. لە هێزی فۆکۆیی و دۆخی کافکاییدا، چاوەدێریی هێز بە چێکردنی کەشێکی پۆلیسی – سیخۆری، چاوەدێری بەسەر تەنیاترین و تایبەتیترین ساتەکانی ژیانی سووژەکاندا هەیە.
ئۆرانیا دوای ٣٥ ساڵ دووری و گەڕانەوەی بۆ سانتۆ دۆمینیگۆ بەم شێوەیە کەش، پێکهاتە و ڕەنگوڕووی شار دێنێتەوە بەرچاوی، ”یادش نمی آید کە وقتی دختر بود و سانتو دومینگو، سیوداد تروخیوی نامیدە می شد، چنین هیاهویی در خیابانها شنیدە باشد. شاید آن روزها این هیاهو اصلا وجود نداشت. شاید سی و پنج سال پیش کە شهر سە چهار برابر کوچکتر و عقب ماندە و پرت افتادە بود و احترامی آمیختە بە ترس در برابر رئیس، ژنرالیسیمو، ولی نعمت، پدر ملت، عالی جناب رافائل لئونیداس تروخیو مولینا، آن را همیشە دستخوش رعب و بردگی می کرد و کزکردە در خود نگە می داشت، ساکتر از این بود و جوش و خروش کمتری داشت.” (ل ١٢-١٣، یوسا)
لە ڕاستیدا هیچ ڕووداو و خاڵ و بابەتێک لە چاوەدێریی هێزی نەدیو و نادیار ناشاردرێتەوە و بوونی هێز لە گشت تانوپۆیەکانی ژیاندا هەست پێ دەکرێت و ئەم ڕستانە ئەو بوون و چاوەدێرییە بەردەوامی هێز دەسەلمێنێت، ””برادر لوئیزاگیل یکی از خرابکارهای ١٤ ژوئن است. می دانستی؟” ”خیر، عالی جناب” ”حالا می دانی.” سینەای صاف کرد و بی هیچ تغییری در صدایش گفت: ”توی این مملکت کلی زن هست. یکی دیگر پیدا کن.” ”بلە، عالی جناب.”’ … (ل ٥٦، یوسا)
١-١ سزای تەکووزی
پڕەنسیبی سەرانسەربینی یان چاوەدێریی گشتگیر لە هەناوی سیستەمە تەکووزەکانەوە، مێکانیزمێکە بۆ کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی وردی سووژەکان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی سزای تەکووزی. سزای سازگارساز بە چڕبوونەوە لەسەر وردترین هەڵسوکەوتەکان و کردەی سووژەکان بەپێی جۆری لادان، سەربزێوی و لادان لە نۆڕم و بەهاکان، لە شێوازە جۆراجۆرەکانی سزادان کەڵک وەردەگرێت تا هەم تاکەکان دەستەمۆ و سازگار بکات (کەمکردنەوەی لادانەکان) و هەم بە دانانی کردە تاکەکەسییەکان لە بواری هەڵسەنگاندن و کەشی جیاوازیدانان، سووژەکان لە یەکتر جیا کاتەوە و بە پێوانی تواناکان، سووژەکان بخاتە نێو ڕایەڵەیەکی زنجیرەپلەیی (فوکو، ١٣٨٨: ٢٢٢-٢٣١). فۆکۆ، شێوازەکان، جۆراوجۆری و بەرفراوانیی تەمێ لە سەرچەشنی هێزی تەکووزیدا، تێپەڕین لە جۆرێک هونەری تەمێکردن بەرەو جۆرێکی دیکەی هونەری تەمێکردن دەزانێت، سەرچەشنێک کە لە کۆتاییدا بتوانی لە هەر شتێک بۆ تەمێکردنی بچووکترین شتەکانیش کەڵک وەرگری و ئەوەی کە هەرکەس خۆی لەنێو چنگی گشتایەتییەکی سزاوەرگرتن – سزاداندا ببینێتەوە (فوکو، ١٣٨٨: ٣١٩ و ٢٣١).
بۆ نموونە یەکەم سزای (ئامادیتۆ) ئەوە بوو کە سەرۆک ڕێگەی پێ نەدا لەگەڵ لوئیزیتا گیلی خۆشەویستی، ژیانی هاوبەشی پێک بێنێت و دواتر ناچاری دەکەن بە دەمانچە لە مێشکی زیندانییەک بدات و ژیانی لێ بستێنێت. هەر بەوەندەش ڕازی نابن و سزا و وردکردنەکەی هەتا ئەوپەڕی خۆی دەبەن کاتێ (ئابس گارسیا) پێی دەڵێت: ”دلت نمی خواهد بدانی طرف کی بود؟” ”بهتر است ندانم جناب سرهنگ” ”’اگر آدم نمی دانست طرف چە کسی بودە کار چقدر راحت بود. ستوان پیش من ادا درنیار. شترسواری کە دولا دولا نمی شود. طرف توی ماجرای ١٤ ژوئن بود، برادر نامزد سابقت، انگار. لوئیزاگیل، مگر نە؟” (ل ٧٢، یوسا). هەر وەک دەبینین قۆناغ بە قۆناغ سزاکە ئاڵۆزتر دەبێت، بەو وتەیەی ساڵوادۆر کە بە ئامادیتۆی دەڵێت: ”آن آدم می توانست هر کسی باشد. بەات دروغ گفتە، می خواستە خردت کند، می خواستە فکر کنی بیشتر از اینها درگیر شدەای، بیشتر از اینها بە بردگی افتادەای” (ل ٧٣، هەمان) دەسەڵات دەست بە پڕۆژەی سڕینەوەی ئەو دەکات و بەرەو سووژەبوونی دەبات.
١-٢ پێواژۆی بوون بە سووژە
تاک لە جیهانی کافکایی و فۆکۆییدا، گۆڕەپانی کردارەکانی بە شێوەیەکی ناخهەژێن سنووردارە، ناسین و لێکدانەوەی تاک، تەنیا لە ڕێگەی ڕێکخراوە، هێز و دۆخی لە ئارادا ڕێی تێ دەچێت. بە وتەیەکی تر، سووژە لەنێو زمان، گوتاری هێز، ڕێکخراوەکان، دەستەکانی تێکنۆلۆژیای هێز و لە چوارچێوەی مێژوییدادروست دەبێت (کوندرا، ١٣٨٠: ٧٤). لە گوتاری فۆکۆییدا چەمکی دێکارتیی سووژە – سووژەی یەکانگیر- تێک دەشکێت، سووژەی دێکارتی سووژەیەکە کە بوونی بە هێز و توانایییەکەیەوە گرێ دراوە، بۆ ئەوەی کە خۆی تاک، سەربەخۆ و جیاواز لە دیتران بزانێت، چونکە دەتوانێت بیر بکاتەوە و بەڵگە بێنێتەوە، لە کاتێکا سووژەی ئەندێشەی فۆکۆ، سووژەی نێو قەیران و سووژەی لە دۆخی بووندایە. (میلز، ١٣٩٢: ٤٦، بە گێڕانەوە لە (بی نظیر،٣٣)). بوون بە سووژە بەرهەمی پێوەندییەکانی هێز و هەڵگری ملکەچی و گوێڕایەڵییە. ”وشەی سووژە دوو واتا لەخۆ دەگرێت: یەکیان بە واتای گوێڕایەڵی ئەوی تربوون بە هۆی کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری و پێوەندارێتی و، ئەوی تر بە واتای دەربەست و پابەندی شوناسی خۆبوون لە ڕێگەی ئاگایی و خۆناسییەوە. هەردوو واتا دەرخەری بوونی جۆرێک هێزن کە گوێڕایەڵ و گاڵتەجاڕن” (فوکو، ١٣٨٥: ٣٤٨). ئامانج و کارکردی هێز، ملکەچکردن و خۆبەدەستەوەدانی ڕووتی سووژەکانە.
لە ڕاستیدا گشت کەسایەتییەکانی نێو ڕۆمان کەوتوونەتە نێو داوی پازێڵێکی بەهێز کە وردە وردە هەر هیچ شتێک لە ماڵ و سامان و تەنانەت ژن و منداڵ هیی خۆیان نامێنت و هەمووی هیی باوکی نەتەوە و سەرۆکە و گشتیان شوناسی خۆیان لێ سەندراوەتەوە و بوونەتە ئەو سووژەیەی کە سەرۆک دەیهەوێت و حەزی لێیە و تەنانەت لەوەش تێ دەپەڕن و پێیان خۆشە و وا بیر دەکەنەوە کە ئەم دۆخە و بوون بە سووژە، بەرژەوەندیی ئەوانی تێدایە. ئۆرانیا لە (ل ٨٩، یوسا)دا ئەم دۆخە بەم شێوەیە وێنا دەکات: ”پدر، مگر همچو چیزی امکان دارد؟ آدم بافرهنگ و تحصیل کردە و باهوشی مثل دۆن فروئیلان چطور همچو چیزی را تحمل کرد؟ او با شماها، با همەتان چە کردە بود؟ بەاتان چە چیزی دادە بود کە … تو و همەی آدمهای دست راست و دست چپش، عین کهنەی حیض شدە بودید؟ ” و هەروەها دوایین چەمکەوشەی ٨٩ ئەم دۆخە بەم شێوەیە پشتڕاست دەکاتەوە: ”تو، اورانیا، سر در نمی آری، هر چند خیلی چیزها از آن دوران فهمیدەای. در آغاز بعضی از چیزها رخنەپذیر بە نظر می آمد، اما بعد از خواندن، گوش دادن، تحقیق کردن، فکر کردن بالاخرە توانستی سر دربیاوری کە چطور میلیونها آدم، لە شدە زیر بار تبلیغات و نبود اطلاعات، خو کردە بە توحش بە زور تلقین و انزوا، محروم از ارادەی آزاد و حتی از کنجکاوی، بە سبب ترس و عادت بە بردگی و چاپلوسی، قادر بودند تروخیو را پرستش کنند. نە این کە فقط از او بترسند، بلکە دوستش داشتە باشند، همان طور کە بچەها بالاخرە دلبستەی پدر و مادر مقتدر می شوند، بە خودشان می باورانند کە شلاق و کتک بە صلاحشان است، محض خیرخواهی است.” هەر وەک دەبین هێژموونی لەم بەشەدا بەجوانترین شێوە خۆی دەنوێنێت.
١-٣ تاوان هەڵبەستن و زنجیرەپلەییکردنی سووژەکان
وەرچەرخانی هێزی تەکووزی لە سزا و ئازاری جەستەیییەوە بەرەو ئازاری ڕووح و گیان و بەرفراوانبوونی بازنەی سزا و تەمبێ لە تاوانباران بەرەو لادەران و ڕێساشکێنان، چەمک و واتای تاوان و تاوانکاریی گۆڕی. ئەم وەرچەرخانە بەباشترین شێوە لە ئازار و ئەشکەنجەی (سالوادۆر)دا وێنا کراوە: ”می خواست بگوید خانوادەاش هیچ رابطەای با کارهای او ندارند، …، کە ناگهان موج برق بلندش کرد و محکم بە صفحەهای فلزی و تسمەها و حلقەهایی کوفت کە میخکوبش کردە بود. تمام پوستش سوزن سوزن شد، توی سرش هزاران گلولەی آتشین ترکید، بە خود شاشید، تغوط کرد و هر چە در شکم داشت بالا آورد … استخوانها و عضلاتش درد می کرد و سوزشی تاب ناپذیر در بیضەها و مقعدش احساس می کرد، انگار پوستش را کندە بودند. اما تشنگی عذابش از همەی اینها بیشتر بود … ” (ل ٥٢٠، یوسا). ئەم ئەشکەنجەیە وردە وردە بەرەو ئازاری ڕووحی دەچوو، لەو کاتەوە کە لاشە پڕ لە برین و ئازارەکەی (گواریونکس)ی برایان فڕێ دابوو پاڵ ئەو و دواتر بە بینینی باوکی، ژێنێڕاڵ (پیرو استرلا) و خەمساردییەکەی لەمەڕ ئەو، ئازارەکەی زۆرتر بوو: ”’اما ژنرال بە جای آنکە از دیدن این موجود مفلوک کە پسرش بود متاثر شود، از سر بیزاری نعرە کشید: ”من تو را نمی شناسم. تو پسر من نیستی! قاتل! خاێن! …”’ (ل ٥٢٢، یوسا). ”آیا پیرمرد تظاهر می کرد؟ یا تعصب تروخیستی پدرش از مهر پدری نیرومندتر بود؟ این تردید جز در مواقع شکنجە، پیوستە آزارش می داد” (ل ٥٢٣، هەمان). ئەو ئازارە ڕووحییە بە وێناکردنی (میگل آنخل بائس دیاس) کاتێ سەرە بڕاوەکەی کوڕە گەورەکەی ناسیبووەوە، مێشکی سالوادۆری تێک دابوو: ”در کابوسهای خود می دید کە لوئیسیتو و کارمن الی را سر بریدەاند. توی خواب جیغ می کشید و هم سلولیهایش را آزار می داد” (٥٢٦، هەمان). ئەوپەڕی وەرچەرخانی هێزی تەکووزی لە ئازاری جەستەیی بەرەو ڕووحی سالوادۆر کاتێ دەبینین کە ڕامفیس ڕۆژنامەی (ال کاریبە)ی وێ دەدات هەتا ئەو نامەیەی کە باوکی بۆ ڕامفیسی نووسیوە، بخوێنێتەوە: ”ژنرال پیرو استرلا، بز را ”بزرگترین دومینیکنی” خواندە و بە خود بالیدە کە دوست او، محافظ او و دست پروردە او بودە و با اشاراتی اهانت آمیز از پسرش یاد کردە، از ”جنایت پسری گمراە” حرف می زند و از ”خیانت پسرم کە بە ولی نعمت خود پشت کرد” و بە تمام خانوادە هم خیانت کرد. بدتر از همە این ناسزاها بند آخر نامە بود: پدرش با خاکساری گزافەآمیزی از رامفیس تشکر می کرد کە بە او پول دادە تا بتواند بعد از مصادرەی اموالش بە علت دست داشتن پسرش در قتل تروخیو، بە زندگی ادامە دهد” (ل ٥٢٧-٥٢٨، هەمان). ئەمە بوو بە هۆی ئەوە کە ڕووح و ڕەوانی سالوادۆر ورد و هەراش بێت و هەرگیز نەتوانێت سەری بەرز کاتەوە و بە وتەی گێڕەڕەوە بوو بە تەرمێک کە هەنگاوی هەڵدێنا و تەنانەت بینین و لەباوەشکردنی ژن و منداڵەکەشی نەیانتوانی ئەو سەهۆڵەی دەوراندەوری دڵ و گیانی داگرتبوو، بتوێنێتەوە.
لە ڕوخساربەندیی نوێدا، ڕێکخراوەکان، سەرچەشن و چەمکەکان، شوناسێکی نوێیان پێ دەدرێت و باری واتایی و بایەخییان پێناسەیەکی نوێی بۆ دەکرێت. کۆمەڵگا تەکووزییەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێسا و یاساکان، کۆنتڕۆڵکردنی هەڵسوکەوتی سازگار، دادوەریکردن و پۆلێنکردنی تاکەکان، کەڵک لە ئامێرەکانی مۆرکلێدان و تاوان هەڵبەستن وەردەگرن. لەو ڕەوتەدا، شێوەکان و مێکانیزمەکان بە شێوەیەک کار دەکەن و پاژەکانی پازێڵ بە شێوەیەک دادەنرێن کە سووژە، هەم تاوانەکە قەبووڵ دەکات، چونکە مەحکوومبوون لەبەر هیچ و پووچ بەڕاستی لەتاقەتنەهاتووە و هەم ژیانی ڕابردووی خۆی بەوردی دەپشکنێت هەتا هۆیەک بۆ سزاکەی بدۆزێتەوە. لە لۆژیکی کافکاییدا و لەژێر نیگای مێغناتیسی ناوەندەکانی هێزدا ”ئەو کەسەی کە سزا دەدرێت، هۆی سزاکەی نازانێت، پووچی سزاکەی ئەوندە تاقەتپڕووکێنە کە تۆمەتبار بۆ دەستەبەرکردنی تەناهی، دەیهەوێت پاساوێک بۆ ئازار و ڕەنجەکەی بدۆزێتەوە، سزا بەدوای تاواندایە” (کوندرا، ١٣٨٠: ١٩٣). لە بەشی١٣ی ڕۆماندا، عەقڵی کول (سێناتۆڕ ئاگۆستین کابرال) لەدوای ئەو نامەیەی کە بە دژی ئەو لە ستوونی ”قسەی خەڵک”دا -کە پڕخوێنەرترین و سامناکترین ستوونی (ال کاریبە) بوو، چونکە بابەتەکانی لەلایەن کۆشکی نەتەوایەتییەوە دەهات و گوشارپێوی گشت وڵات بوو- بڵاو بووەوە و وەک سەرۆکی سەنا لە پلە و پێگەی خۆ دوور خرایەوە و بە ناپاکی و دزی و بەڕێوەبەرێکی نەشیاو و بێمشوور تاوانبار کرا (ل ٣٠٦ و ٣٠٧، یوسا)، لە زەین و مێشکی خۆیدا بەداوی هۆ و هۆکاردا دەگەڕێت: ”آخرین باری کە رئیس را دیدە بود کی بود؟ پریروز، وقت پیادەروی او. کسی صداش نکردە بود تا همراه رئیس قدم بزند، رئیس تمام وقت با ژنرال رومان و ژنرال اسپائیلات بود، اما با همان آدابدانی همیشگی با او خوش و بش کردە بود. واقعا کردە بود؟ بە حافظەاش فشار آورد. آیا چیز تلخی در آن نگاه خیرەی ترسناک کە انگار از لایەی ظاهر می گذشت و تا اعماق روح مخاطب نفوذ می کرد، دیدە بود؟ یک جور سردی یا خشکی وقت جواب دادن بە سلام؟ نشانەهای اخم؟ نە، هیچ چیز غیرعادی بە یادش نمی آمد” (ل ٣٠٨، یوسا). هەروەها لە (ل ٣٠٩)دا بەم شێوەیەی وێنا دەکات: ”آگوستین توی آن چند سال یکسر از خودش می پرسید چە کردە بود کە ترخیو یک شبە از دستش عصبانی شدە بود و با آدمی کە یک عمر بەاش خدمت کردە بود مثل نجسها رفتار می کرد.” هەر وەک دەبینین سێناتۆڕ بەدوای تاوانی خۆیدا دەگەڕێ و ژیانی ڕابردووی دەپشکنێت. سێناتۆڕ بۆ وەرگرتنەوەی پلە و پێگە و مافەکانی لە هەموو دەرگاکانی حوکوومەت دەدات و لە جێگری سەرۆکی سەنا کە دانیشتنی سەنای هەڵوەشاندووتەوە، دەست پێ دەکات؛ کینتانیا بەم شێوەیە پێی دەسەلمێنێت کە چۆن بە شێوەیەکی پلەیی لە گشت ناسناو و پلە و پێگەکان شۆردراوەتەوە و وەک کۆتەرەیەکی نێوبەتاڵی لێ هاتووە: ”خودت خوب می دانی چە خبر است، عقل کل، خودت را بە نفهمی نزن. ملتفت نشدی کە از سە چهار روز پیش روزنامەها دیگر بە تو ”جناب اشرف” نمی گویند و فقط بە یک ”آقا”اکتفا می کنند؟” (ل ٣١٥، یوسا). دواتر کە بۆ سەردەرهێنان لەو دۆخەی تێی کەوتووە بەرەو ماڵی سێناتۆر (هێنری چرینووس) دەچێت، شوفیرەکەی ئاگاداری دەکاتەوە کە فوولێکسی واگۆنداری ڕەشی ئاسایش بە شوێنیانەوەیە و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی دیسان لە مێشکیدا بەدوای ئەو تاوانەی کردوویەتی و بووەتە هۆی تێکەوتن لەو دۆخەدا، بگەڕێت: ”چی کردووە؟ چ قسەیەکی کردووە؟ چ هەڵەیەکی کردووە؟ بەم زووانە کێی بینیوە؟ خەریکن وەک کەسێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن کە نەیاری دەسەڵاتە. ئەویش ئەو، ئەو!” (ل ٣١٩، یوسا). کەواتە سزایەکەی بە ستاندنەوەی ناسناوەکەی و دوورخستنەوەی لە سەرۆکی سەناوە دەست پێ دەکات و دواتر لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەنا ڕادەسپێردرێت هەتا سەبارەت بە بێمشووری و ناپاکی و کەڵکوەرگرتنی خراپ و بێجێی لە دەسەڵات لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت و لە هەموو شوێنێکەوە ئاسایش بە دوایەوە بێت و لە ئێنیستیتۆی تروخیو و یانەی گەشت و سەرگەرمییەکان و حیزبی دۆمینیکێن دەرکرێت و تانەت هەژمارە بانکییەکانیشی ببەسترێت و لە هەر بوون و کەسایەتییەک بەتاڵ کرێت (ل ٣٢٧، یوسا). لە کۆتاییدا عەقڵی کول، بە وتەی خۆی ئامادەیە هەر کارێک بکات هەتا قەرەبووی ئەو کار و هەڵە نەزانستە و بەبێ قەستەی بکاتەوە، کە سەرۆکی ئازراندووە؛ تەنانەت بۆ ئەوەی دڵی سەرۆک و پێگەیەکە بەدەست بێنێتەوە، کچە تاقانە و تەنیا هۆی ژیانیشی قوربانی دەکات و بەرەو دۆزەخێکی دەنێرێت کە هەتا هەتایێ لێی دەرباز نابێت.
لە پێواژۆی هێزدا لە پڕۆژەی سووژەسازی بە ڕێکار و مێکانیزمە جیاوازەکانی وەک، تاوان هەڵبەستن، مۆرکلێدان، ناو و ناسناوی نوێ لێنان، ستاندنەوەی شوناس و دانی شوناسی ساختە، هاوشێوە و یەکسانکردنی سووژەکان، پۆلێنیان دەکەن، هەتا دادوەری، مەودادانان، چاوەدێری و لە کۆتاییدا سزادانیان وردتر و ڕێکتر جێبەجێ کرێت (فوکو، ١٣٨١، ٢٢٨-٢٢٩).
٢- ملکەچی و خاڵەکانی بەرەنگاری
کەسایەتییەکان لە دۆخەکانی چیرۆکیدا بە دۆزینەوەی هۆ (علت) و تێگەیشتن لە هۆکاری (دلیل) ڕوودانی ڕووداوەکە، بارتەقای توانایی و زانایی خۆیان، بۆ دۆزینەوەی ڕێگای دەربازبوون هەنگاو دەنێن. بەڵام دۆخ لە چیرۆکی دۆخدا، لەناکاو و نەخوازیار ڕوودەدات و لە زۆربەی کاتەکاندا بە هەڵەیەک، دەست پێ دەکات. بێهۆکاربوونی ڕووداو، دۆخەکە تەمومژاوی و لەچارنەهاتوو نیشان دەدات. بە واتایەکی تر هەموو هەوڵ و مشوورلێخواردنەکانی کەسایەتییەکانی چیرۆک بۆ دەربازبوون لە دۆخەکە، بێهۆ و بێئەنجام دەمێنێتەوە و ڕەنگە قەبووڵکردن و بڕواپێکردن پێی، بەرگەگرتنی بارودۆخەکە ساناتر دەکات. لە هەوڵ و تێکۆشانی هێزی تەکووزی و بەڕێوەبەرانی ئاشکرا و شاراوە، بۆ ملکەچ و دەستەمۆکردنی سووژەکان، جاری وایە سووژەکان سەربزێوی دەکەن، ڕادەکەن و لە نۆڕم و ڕێساکان لادەدەن. بە وتەیەکی تر بەرهەڵستی ملکەچی، خۆبەدەستەوەدان و بوون بە سووژە دەبنەوە و کاردانەوەیان دەبێت. ئەو ڕێکارانە لە پێواژۆی هێز، خاڵی بەرەنگارییان پێ دەکوترێت. هێز بەرەوپیلی خۆڕاگری و یاخیگەرییەکان دەچێت، چونکە خاڵەکانی بەرەنگاری پێوەندییەکی واتاداریان لەگەڵ چییەتیی هەبوونیی (وجودی) پێکهاتەی هێزدا هەیە، خاڵەکانی بەرەنگاری، دەبنە هۆی بووژانەوە، بەرهەمهێنانەوە و چوونە سەری کارامەییی خاڵەکانی گوشار. هەرچەندە خاڵەکانی بەرەنگاری زۆرتر بن، پێواژۆی هێزیش لەگەڵ زۆربوون و گۆڕان و جێگۆڕکێی خاڵەکانی گوشار، هێزێکی زۆرتر بەکار دێنێت (فوکو، ١٣٨٥: ٣٦٥).
سوتوان (ئانتۆنیۆ دۆلاماسا) و بنەماڵە و خزموکەسەکەی دوای سێ ساڵ شەڕی چەکدارانە و مشتومڕ و دوژمنایەتی لەگەڵ (تروخیو)، لە کۆتاییدا خۆی و براکەشی بریندار دەبن. لەو کاتەدا هەر وەک دەزانین ئانتۆنیۆ بە جێی ئەوەی کە خۆی ڕادەست کات نامەیەک بۆ باوکی دەنووسێت و داوای لێ دەکات بە هیچ شێوە بنەماڵەکەی، لەبەر لێخۆشبوون، خۆیان لەلای (تروخیو) بچووک نەکەنەوە (ل ١٢٨، یوسا). لە ڕاستیدا ئانتۆنیۆ دوای تێکۆشان و شەڕێکی زۆر لە بەرانبەر دۆخی بەهێز و زۆردار و دەسەڵاتی زاڵدا، بەو پێشنیارەی (تروخیو): ”خب. بیا و با من کار کن. این جوری گاهی اوقات فرصت تیراندازی هم داری، بەات مقام مهمی در یکان آجودانهای نظامی محافظ خودم می دهم. این جور، هەر وقت از من ناامید شدی، با یک گلولە کارم را تمام می کنی” (ل ١٢٩، یوسا) جۆرێک دەستەوەستان و کڵۆڵ دەبێت و دەڵێت: ”دلاسای جوان من من کنان گفت:”آخر من کە ارتشی نیستم” (ل ١٢٩. هەمان) و بەو شێوەیە خۆی لەگەڵ دۆخەکە ڕێک دەخات. بە پێی وتەی گێڕەڕەوە، ئەوە یەکەمین سەرەتی و یەکەمین شکانی ئانتۆنیۆ بە دەستی مامۆستای یاریکردن بە بێتاوانان، گەمژەکان، نەزانان و کەڵکوەرگرتنی خراپ و بێئامان لە زێدەخوازی و چاوچنۆکی و گەوجیی پیاوان بوو (ل١٢٩، هەمان). کەواتە پێواژۆی هێز بۆ ئەوەی کە ئەویش بێنێتە نێو کایەی هێز، پلە و پێگەی سوتوانی و دواتر سەروانی لە دەسەڵاتدا پێ دەدات و دەیکات بە بەشێک لە پەیکەری هێز. ئانتۆنیۆ لە تووڕەیی و ڕقی زۆرەوە ددانی دە چیڕەوە برد: هەرگیز ئەوندە لێهاتوو نەبووە کە دەست لە کارکردن بۆ ئەو هەڵگرێت. چ لە ئۆنیفۆڕمی ئەرتەشدا و چ لە جلوبەرگی تایبەتیدا کە زۆرتر لە بیست ساڵ، لە کەڵەکەکردنی ماڵ و سامان و هێزی وەلی نێعمەت و باوکی نەتەوەی نوێدا یارمەتی دابوو. ئەوە گەورەترین شکانی ژیانی بوو. هەرگیز نەیزانیبوو چۆن دەتوانێت خۆی لە دەست ئەو داوانەی کە ترۆخیۆ بۆی دادەناوە، ڕزگار بکات (ل ١٣٣، هەمان). هەڵبەت پێواژۆی هێز، جۆرێک لەسەر مێشک و ئیڕادە و بڕیاری تاکەکانی دۆمینیکێن و ئانتۆنیۆ شوێنی دانابوو، کە تەنانەت دوای کوشتنی برا خۆشەویستەکەشی کاتێ ڕووبەڕووی هێز دەبێتەوە، سڕ و دەستەوەستان دەبێت و ناتوانێت هیچ کارێک بکات: ”چیزی پیچیدەتر و مبهمتر از ترس بود: فلج شدن، کرخ شدن تصمیم، عقل و ارادەی آزاد، چیزی کە این مرد با سر و وضعی کە از بس آراستە بود دیگر مسخرە بە نظر می آمد، با آن صدای نازک و چشمهای افسون کنندەاش بر مردم دومینیکن، از فقیر و غنی، باسواد و بی سواد، دوست و دشمن، تحمیل می کرد، و همین بود کە باعث شد آنتونیو همان طور زبان بستە و بی حرکت، آنجا بایستد و بە آن دروغها گوش بکند، تنها شاهد آن دوز و کلک باشد، ناتوان از این کە آرزوی خودش را بە عمل آورد و بە او حملە کند و بە سور ساحرگان کە دیگر تاریخ این مملکت شدە بود، پایان دهد” (ل ١٤٥، یوسا). سەرەڕای ئەمە دەسەڵات بۆ ئەوەی ئانتۆنیۆ زۆرتر بەرێتە ژێر ڕکێفی خۆی و وای لێ بکات کە بە خۆی و خەڵک بپەژرێنێت کە ئەگەر ئەم دۆخە لەگەڵ هیزدابوون نییە، چییە؟ بە دانی مۆڵەت و ئیمتیازیی چێکردنی شاڕێی نێوان سانتیاگۆ و پۆئرتۆپلاتای، درێژە بە زاڵبوونی ئەم هێزە دەدات. گێڕەڕەوە، ئەو دۆخەی کە ئانتۆنیۆی هەڵلووشیوە و وای لێ کردووە هەست بکات بەشێک لەو سەودا و دانوستانەیە، بەم شێوەیە وێنا دەکات: ”او بود کە توجیهات تروخیو را قبول کردە بود، و حتی پیشنهاد معاملە را، آن نوالەی نکبت کە بە او امکان می داد هزار هزار پسو بە جیب بزند، و این جوری خشم و کینەی خودش را فرو بدهد و در قتل تاویتو شریک جرم – بلە شریک جرم – بشود” (١٤٦، یوسا). هەمووی ئەوانە مرۆڤ لە بناخە و بنەمایەکەی هەڵدەکەنێت و لە خۆی نامۆ دەکات و ئیتر نازانی کێیە و چی دەوێت!
لە ڕاستیدا هێز، ڕێک بەو هێز و توانایییەکەی کە خەریکی ملکەچکردن و دەستەمۆکردنی سووژەکانە، بەو هێزیشەوە، بەرەوپیلی سەربزێوی، بەرهەڵستی و خاڵەکانی بەرەنگاریش دەچێت؛ چونکە بە جۆرێک هەم پانتاییی دەسەڵات و ئازادیی سووژەکان لەنێو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا دەستەبەر دەکات و هەم خۆی بەرهەم دێنێتەوە و دادەڕێژێتەوە، چونکە بۆ ملکەچکردنی سووژە، خاڵەکانی گوشاری خۆی پەرە پێ دەدات و بازنەی هێز و دەسەڵاتدارێتیی خۆی گەورەتر دەکات. گشت هەوڵ و تێکۆشان و شەڕی کەسایەتییەکانی ڕۆمان بەتایبەت دەستەی ڕەشکوژیی ترۆخیۆ بۆ دەستەبەرکردنی ئەو شتانەی لەدەستیان داوە و بێبەشنەبوون لە بوون و کەسایەتی و سەربەستی، بە کاردانەوەی ڕێکخراوە و دەستەکانی هێز، بە شێوەگەلێکی جیاواز سەرکوت دەکرێن؛ گشت پیلانەکان و ڕا و تەگبیرەکانیان بەو کەش و دۆخە سەرانسەربینییەوە سەرجەم تاکەکان و کۆمەڵگای دۆمینیکێنی تەنیبووەوە، دوایین هەوڵ و خۆڕاگرییەکانیان تێک دەشکێنێت و بە شێوەیەک دۆخی سەپاو قەبووڵ دەکەن؛ هەرچەند نەخشە و پلانەکانیان ئەو جۆرەی کە بە هیوای بوون بە ئەنجام نەگەیشت و ئەو هەمووە مەرگ و ئازارەی بە دواوە بوو، بەڵام هەوڵ و هەنگاوەکانیان یاریدەدەری گۆڕانی دۆخەکە بووبوو (ل ٥٣٠. یوسا). سالوادۆر هیچ هیوایەکی بە ژیان نەبوو، ئەو ڕق و کینەی قووڵی ڕامفیسی لە ڕوخساریدا دیتبوو. دەیزانی تۆڵەی باوکی هەتا دوایین هەنگاو دەکاتەوە. هەر بۆیە لەبەرخۆیەوە دەیکوت: ”مردن تەنیا ڕێگەی گەیشتن بە تەناهی و ئاسوودەیییە” (ل٥٣٣، یوسا).
لە ڕاستیدا ڕومانی ”بەزمی بزن” ترس و تەنیایی و داماوی و بێدەسەڵاتیی مرۆڤی مودێڕن بەگشتی و کۆمەڵگای دۆمینیکێن بەتایبەتی وێنا دەکات کە لە پەپکەی هێز و دۆخی تێکنۆلۆژیی تەکووزی– هێزی فۆکۆیی و دۆخی کافکایی-دا گیری کردووە؛ دۆخێک کەوا نە دەتوانێت لێی تێ بگات و نە دەتوانێت لێی دەرباز بێت. نیگای مێغناتیسی و هەبوونی وردەدەماراسای ناوەندەکانی هێز لە پەیکەرەی شاردا، کەسایەتییەکانی چیرۆک لەنێو پەپکەیەک لە چاوەدێریی گشتگیردا بەند دەکات. ئامانجی ئەم سیستەمە واتا کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی بەردەوام لە پێواژۆی سزای تەکووزیدا لە ژیانی کەسایەتییەکانی نێو ڕۆمان و کۆمەڵگەی دۆمینیکێندا وەدی دێت؛ ئەم پێواژۆیە وردە وردە بە ڕەخنەکردن لە ماڵ و ژیانی تایبەتیی کەسایەتییەکان، مۆرکلێدان و تاوان هەڵبەستن، بەستێنی بەسووژەبوونیان ئامادە دەکات و بە بوختانگەلێک وەک: کوشتن، ناپاکی، گەندەڵی و حاشاکردن لە نەبوونیان و چاولێکردن و هەڵسوکەتکردنی ئاژەڵاسای زۆردار لەگەڵیان، هەم شوناس و کەسایەتییان هەڵدەلووشێت و هەم پێواژۆی بەسووژەبوونیان تەواو دەکات. لە ڕاستیدا هێز و دۆخی چەقبەستووی مودێڕن لەو ڕۆمانەدا لە سێ ئاستدا وێنا دەکرێت: لە ئاستێکدا بەرەنگاریی کەسایەتییەکان تێک دەشکێندرێت و کەسایەتییەکان بە وەرگرتنی پلە و پێگە لەنێو دەسەڵاتدا، دەچنە نێو یاریی هێز و دەبن بە دارەدەستی زۆردار و لە ئاستی دووەمدا، کەسایەتییە سەربزێوەکان بە قەبووڵکردنی ئەو خاڵە کە ئیتر هیچ دەرەتانێ بۆ ڕزگاربوون نییە، هێندێکیان بە جێی مەرگی هەنگاوبەهەنگاو لە دۆخێکی قەیراناوی و هەزار توێدا، مەرگی ساتی هەڵدەبژێرن، هەتا بە جۆرێک خۆیان ڕزگار بکەن و هێندێکیان ئەم هەلەیان بۆ ناڕەخسێت، هەرچەن لە بەندیخانەدا هەوڵیشی بۆ دەدەن و بە مەرگیی هەنگاوبەهەنگاو و ئازارەوە کۆتایی بە ژیانیان دێنن و ئەو چەن کەسەی کە بەڕواڵەت دەربازیشیان دەبێت، هێزی مودێڕنیتە هەر بەسەر ژیانیاندا زاڵ دەبێت و مەحکووم بە تەنیایی و بێمتمانەیی و ترسێکی هەتاهەتایی دەبن. کەواتە لە هەر گۆشەنیگایەکەوە، زاڵبوون و باڵادەستیی هێز و دۆخی جیهانی مودێڕن بەگشتی و کۆمەڵگای دۆمینیکێن، بەسەر بوون و دۆخی ڕامیاری و کۆمەڵایەتیی مرۆڤدا دەبینڕێت و هەروەها بە شێوەگەلێکی جیاواز وەبیرمان دێنێتەوە کەوا مرۆڤ لەگەڵ گشت بەرەپێشچوون و دەسکەوتە سەرسووڕهێنەرەکانی، چەندە داماو و کڵۆڵە و چەندە لەنێو ئەو داڵانە پێچەڵاوپێچەی دەستکردی خۆیدا، لە کۆت و بەند کراوە و سنووری بۆ دانراوە.
سەرچاوەکان:
-
- فوکو، میشل، (١٣٨٥)، ”سوژە و قدرت”، میشل فوکو، فراسوی ساختگرایی و هرمنوتیک، ترجمە حسین بشیریە، تهران: نی ٣٤٣- ٣٦٥.
-
- فوکو، میشل (١٣٨٨). مراقبت و تنبیە: تولد زندان. ترجمە نیکو سرخوش و افشین جهاندیدە، تهران: نی.
-
- فوکو، میشل (١٣٩٣). نقد و قدرت (بازآفرینی مناظرە فوکو و هابرماس)، گردآورندە و ویراستار مایکل کلیی، تهران: اختران.
-
- کوندرا، میلان، (١٣٨٠)، هنر رمان، ترجمە پرویز همایونپور، تهران: گفتار.
-
- برتنس، هانس، مبانی نظریەی ادبی. ترجمە محمدرضا ابوالقاسمی، تهران: ماهی.
-
- مکاریک، ایرناریما، دانشنامەی نظریەهای ادبی معاصر، ترجمە مهران مهاجر و محمد نبوی.
-
- یوسا، ماریو بارگاس، سور بز، ترجمە عبداللە کوثری، تهران: انتشارات علم.
-
- بی نظیر، نگین، (سازوکارهای قدرت فوکویی و موقعیت کافکایی در رمان ”شهربندان”)، نشریە علمی جستارهای نوین ادبی، شمارە ٢٠٦، پاییز ١٣٩٨.
-
- عاملی رضایی، مریم، تحلیل مناسبات قدرت از دیدگاە فوکو در داستان شیر و گاو کلیلە و دمنە، فصلنامەی پژوهشهای ادبی، شمارە ٥٨، زمستان ١٣٩٦.
-
- ملایی، احمد؛ محمودی، محمدعلی؛ زهرازدادە، محمدعلی، نقد فرهنگی رمان مدیر مدرسە جلال آل احمد از منظر گفتمان و نظریە قدرت میشل فوکو، نقد و نظریە ادبی، شمارە ٤، پاییز و زمستان ١٣٩٦.
-
- فرزانە دهکردی، جلال؛ فرهادی، رامین، واکاری قدرت فوکویی و جامعەی زندان گونە در نمایشنامە پاسبانهای مهربان کاریل چرچیل، پژوهش ادبیات معاصر جهان، دورە ١٨، شمارە ٢، پاییز و زمستان ١٣٩٢.
-
- البرزی، رضا؛ حیدرزادگان نازیلا، سمفونی مردگان، خوانش فوکویی، رخسار زبان (نقد زبانی و ادبی)، سال چهارم، شمارە ١٥، زمستان ١٣٩٩.
- طاوسی، سهراب، بوف کور؛ متن معطوف بە قدرت خوانش فوکویی بوف کور نوشتە صادق هدایت، فصلنامەی علمی- پژوهشی نقد ادبی، شمارە ٢١، بهار ١٣٩٢.
[۱] . وشەی تەکووزی بۆ (انضباطی) بەکار هاتووە.
[۲] . وشەی نەکارە بۆ (منفعل) بەکار هاتووە.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.