کۆبەرهەمى مامۆستا «هەژار» بڵاوکرایەوە
بە ناوی کارسازی بەندەنەواز
مامۆستا ماجێد مەردۆخ ڕۆحانی
ڕۆژێ کە مامۆستا هەموو کتێب و نووسراوەکانی پێم ئەسپارد، جحێلێک بووم و وەکوو هەموو هاوساڵەکانم، بە هێندێک خەیاڵ و ئارەزووی دوورەدەست لە سەر و دڵدا؛ کە ئەمجار ئاواتێکی تریش هاتە پەنا و تەنانەت رۆیشتە سەرووی هەمووانە: «بەشکوو ئەمانەتداری باش بم و بتوانم وا بکەم ئەو نووسراوە ناوازە، نازدارانە – کە هەر کام کۆڵەکەیەکی بێبەدیلی زمان و وێژمانن – وەک شیاوە، بگاتە دەستی خاوەنی و چاو و دڵی میللەتێکی پێ ڕۆشن ببێتەوە و بگەشێتەوە»
مامۆستا «هەژار» و ماجد مەردۆخ ڕۆحانی
لەو رۆژەوه هەتا ئەوړۆ، واتا له ماوەی سیوپێنج ساڵاندا، بەشێکی بەرچاو له کار و ژیانم، بۆ گەییشتن بەو ئاواته چووه و زۆربەی کات و ساتم له خزمەتی ئەو خۆشەویستانه تێپەر بووه و به خزمەتگوزارییانەوه ڕامبواردووه.
لەم ساڵانەدا، به یاریی تاکی توانا گەنجینەی نەختینەی کتێبی”هەژار” زیاتر له هەر بەرهەمێکی ئەدەبی و هونەریی تر له هەموو کوردستاندا ناسرا و پێشوازی لێ کرا و درەوشایەوه. بەو بۆنەوه، منیش بەشی خۆم، دڵخوشی و ئوقره و ئارامێکم بەنسیب بوو که دیاره به هیچ دەوڵەت و سەروەتێکی نادەم تەنیا مایەوه خۆزگەیەک! که ئەویش بەم کز بوونی باری ئابووریی وڵات و ئەم دەسکورتیی خەڵکەوه، ئاواتیکی هەیهات بوو.
_ کام خوزگه؟
ئەوەی که رۆژی بهاتایه سەرجەمی ئەو بەرهەمانه به شێوازێکی ڕازاوه له چاپ بدرێن و له پەنا یەک ڕێز بکرین و ببنه جێی شانازی و هۆی شان و شکۆی کورد و کوردستان …
به بڕوای من، جێگه و پێگەی مامۆستا هەژار له زمان و ویژەی کوردیدا، به بێ لایەنگری، هاوشانه لەگەڵ ئی “فیردەوسی” و ” سەعدی” پێکەوه سەبارەت به زبان و ئەدەبیاتی فارسی بەم بۆنەوه ئاشکرایه که وەج و بایەخی ئەو کۆ بەرهەمەم پێ چەنده و چەندم له لا خۆشەویسته، به کورتی: وادەزانم نەک هەر تا ئێستا له مێژووی وێژەماندا گەوهەری تاقانەی وا دەرنەکەوتووه. پێم دژواره تازه دایکی نیشتمان ڕۆڵەیەکی وامان بۆ بێنێتەوه که شیعر و بەتایبەت پەخشانی، له هەموو بوارێکدا، شاکاری بێوێنه بێ.
کاتێ که داده مەعسووم هاوسەری دڵئاگا و هێژای مامۆستا هەژار هەموو کتێب و نووسراوەکانی مامۆستای، پێشکەش به زانستگای کوردستان کرد ئومێدێک له ناخمدا سەری هەڵدا و پێشنیارێکم لەو بارەوه، پێشکەشی زانستگا کرد؛ که بەراوردێکی ڕادەی تێچووی ئەو پێشنیاره تێیگەیاندم وا باشتره جارێ سەری قسەکه بنێمەوه و تا دەروێکمان لێ دەكرێتەوه ، باسی لێ نەکەمەوه! بەڵام هه رچۆنێک بێ لەبەر خۆمەوه ڕۆژێک چەند ســـــاعەت خەریکی پێداچوونەوه و بژار و ئامادەکردنی کتێبان دەبووم، بۆ چاپێکی لەبارتر و ئەوه خوایه بۆ کارێکی به کارتر!
سەرەتای هاوینی ئەوساڵ، له گەرمەی کاری تێکخستن و ڕێککردنی «فەرهەنگی سەرچاوه”دا بووم كه له لایەن دامەزراوەی خاڵەوه ڕێزدار مامۆستا تەوفیق کەریم پێی ڕاگەیاندم که به نیازن – ئەگەر دەســـــت بدا- سەرجەمی نووسراوەکانی مامۆستا هەژار له چاپ دەن و بڵاوکەنەوه ئەو ناوەنده ،پێشتر کۆبەرهەمی مامۆستایان شێخ موحەممەدی خاڵ و مەسعوود موحەممەدی پێشکەش به کتێبخانەی کوردی کردووه.
_ئەی خوایه تۆ چەند کارسازی و چەنده بەنده نەوازی
زۆر زوو لەگەڵ زانستگا پێکهاتن و قەرار درا و گرێبەست نووسرا و واژۆ کرا و کار سەری گرت!
هەموو کارێکم وەلا نا و کەوتمه سەر کاری ئامادەکردنی «کۆبەرهەمی هەژار»
ئەم کتێبه که ئیستا به ده ستتانەوه و دەیخوێننەوه چەپکێکه لەو گوڵستانه و دانگێکه له و خەرمانه؛ بەم تێبینییەوه که پێداچوونەوەیەکی ورد و قووڵ بۆ زۆربەیان کراوه و تەنانەت هێندێکیان پیت و فۆنتیشیان بۆ تازه بۆتەوه.
نایشارمەوه؛ ئێستا که به دڵی خۆمدا دەروانم دەبینم لەو ناخەیدا داخوازێکی تریشی پێ ماوه!:
ئەگەر بۆم بڕەخسێ هەموو ئەو کتێبانه بخوێنمەوه و تۆماری بکەم؛ دەزانم ئەوەش بۆخۆی کاره و خێری زۆره. بەڵام با بزانین چۆن دەبێ جاری زۆر شوکرانەبژێری ئەم دەسکەوتەم.
بۆ بەرهەم هاتنی ئەم کۆبەرهەمه چەند بە ڕێزیک به دڵسۆزی و هاودڵی، هاتنه مەیدانەوه.
لێرەدا یادێک و سپاسێکیان:
مامۆستا “تەوفیق کەریم” ماڵی ،ئاوا کەبەردی بناغەی کارەکەی دانا و تا دارەڕاش هەر دەستی پێوه بوو.
کاکی لەکارزان و رۆح سووک ڕێدار ئەحمەد که به هەموو توانییەوه له هیچ کارێکی پێویست خۆی نەبوارد.
دۆستی دێرین و برای نازەنینم کاک «موحیەددین کەریمیان« که بەو پەری دڵاواییەوه شەوی دایه دەم ڕۆژەوه و هەموو بڕوبیانوویەکمی بڕی و یەک به یەک کتێبهەکانی به یەک دەستوور ڕیکوپێک و له بار کرد.
دۆست و رۆڵەی خۆشەویستم کاک «ئومید حەیدەری» که له کاتێکی تەنگدا دەستی گرتم و نەیهیشت لێم بتەرازێ. بەڕیزان کاک «زامدار ئەحمەد» و کاک «حەیدەر عەبدوڵڵا» که درێغییان له هاودڵی و هاودەنگی و هاوکاری نەکرد.
له کۆتاییدا و له هەموو حاڵدا سپاسی بێ نیازی جێ، نیاز که…
سنه، گەلاوێژی ١٤٠٣ هەتاوی (٢٠٢٤ز)
براتان ماجد مەردۆخ ڕۆحانی
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.