پان… رۆمانێک لە نێوان ململانێی ئەوین و ئارەزوودا
راهۆز کامەران
«شەوانی هاوین و ئاوی مەنگ و دارستانی خامۆشی بێکۆتایی، نە هیچ هاوارێ، نە هیچ تەپەی پێیەک بە رێگەکاندا، دڵم دەڵێی پڕە لە شەرابی سوور…» لە رۆمانەکەوە.
«کنوت پدرسوون» کە دواتر بەهۆی هەڵەیەکی چاپەوە ناوەکەی بۆ ئەبەد دەگۆڕێت بە «کنوت هامسوون» لە ۱۸۵۹ لە خێزانێکی گوندنشینی نەرویج لە دایکبووە، دایکی ناوی «تۆرا پێدەرسوونTora Pedersen». هامسوون خوێندنێکی پچڕ پچڕ و نا رێکخراوی هەبووە، نەیتوانیوە لە رێگەی خوێندنەکەیەوە هیچ بەدەست بهێنێت، ساڵێک لێرەو دووان لەوێ خوێندویەتی و هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە، زیاتر کەسێک بووە بەرهەمی ئەزموون و خوێندنەوە و ئەندێشەکانی خۆی بووە، بەشێکی زۆری گەنجیی دەربەدەر و برسی بووە، ساڵانێک لە نێوان ئەمەریکا و ئەوروپای خۆرهەڵات لە راکردندابووە و دواتریش لە باکووری نەرویج گیرساوەتەوە.
هامسوون بە یەکێک لە پێشەواکانی بزوتنەوەی شەپۆلی هۆش لە ئەدەبدا دادەنرێت، لە رێبەرە کاریگەر و یەکەمینەکانی ئەو قۆناغەی ئەدەبی مۆدێرنە، ئەو دەیگوت ئامانجی ئەدەبی مۆدێرن دەبێت وردەکارییەکانی ئەقڵی مرۆڤبێت، دەیگوت نووسەران دەبێت وەسفی «چپەی خوێن و سکاڵای مۆخی ئێسک» بکەن. ئەو نووسەرێکی یەک شێواز نەبوو، ساڵی ۱۹۲۰ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی وەرگرت و ئەویش خەڵاتی نۆبڵەکەی بەخشی بە گۆبڵز(وەزیری راگەیاندنی هیتلەر) بەمەش هێندەی تر دڵی نەرویجییەکانی لەخۆی زوویرکرد. چیرۆکی پەیوەندیی هامسوون بە نازییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی جەنگی جیهانیی، کاتێک ئەڵمانیا نەرویج داگیر دەکات، هامسوون بەخۆشەویستییەوە دەربارەی ئەمە ستایش دەکات و دەنووسێت، خۆی وەک لایەنگری نازییەت نیشاندەدات و کاتێکیش هیتلەر دەمرێت، هامسوون لە رۆژنامەیەکی ناوداری نەرویجدا وتارێک دەنووسێت و وەک «پێشەنگی مرۆڤایەتی ناوی دەهێنێت» ئەمەش وەک پەڵەیەک بەمێژووی بیرکردنەوە و هەڵوێستی هامسوونەوە ماوەتەوە. خاڵی سەرنجڕاکێشی گێڕانەوەی هامسوون ئەو دابەشبوونە ناوەکییەیە بەسەر سروشت و هاوکات دنیای نوێدا روودەدات لە کارەکانیدا. ئەو چەندە رۆمانتیکییانە دەگێڕێتەوە، چەند جڵەو بۆ هەست و تێکەڵبوونی ناوەکیی شلدەکات هاوکات هێندەش شرۆڤەکارانە دەربارەی ئەخلاق و رێکەوت و بەرەو پێشچوونەکانی ژیانی شار و شارستانیەتەکان وردەکارانە دەگێڕێتەوە. ئەو چەند وەستایەکی شارەزایە لە دەروون و دنیای ناوەوەی مرۆڤ و چەند کاریگەرە بە دستۆیفسکی هێندەش لە دنیای ماددی و شارستانییەتی نوێ و دەرکەوتە نوێیەکانی سەرمایەداریی و کاریگەریان بەسەر مرۆڤەوە خوێندکاری مارکسە و شارەزایانە دەنووسێت.
کنوت هامسوون لەیەکەم ئەو نووسەرانەیە کە رۆمانەکانی لەدەوری «من» دەسوڕێنەوە، منێکی بە رواڵەت ئاسایی، بەڵام لەناوەوە دەوڵەمەند، فرە رەهەند، گۆشەگیر و خاوەن تێبینی و سەرنج لەسەر ئەوانیتر. تۆماس گلانی ناو رۆمانی «پان» نموونەیەکی دیاری ئەو کارەکتەرانەیە.
رۆمانی پان لە روانگەیەکەوە چیرۆکێکی خۆشەویستیی پڕ ململانێیە دەربارەی تۆماس گلان و ئێدڤاردای پاکیزە، چیرۆکەکە لە ساڵی۱۸۵۵ لە وڵاتی نەرویج لە هاوینێکدا روودەدات، وەک دوو بەش نووسراوە، بەشی یەکەم وادەردەکەوێت بیرەوەریی گلان بێت و بەشی دووەمیش وادیارە لەلایەن بکوژەکەیەوە لە هیندستان نووسراوە.
تۆماس گلان راوچییەکی تەنیایە لەگەڵ سەگەکەی ئیزۆپ، دوو بە دوو لە کوخێکدا لەناو دارستانێکدا دەژین، گلان کەسێکی کۆمەڵایەتی نییە و پێی باشترە لە بیابان و دارستانەکاندا، بە راوکردن و رامان لە چواردەوری کاتەکانی بباتە سەر، رۆژەکانی لەگەڵ تفەنگ و سروشت و سەگەکەیدا تێپەڕێنێت، بۆیە بەشە یەکەمینەکانی رۆمانەکە، بە رامان و وردبوونەوە لە سروشت و گیا و باڵدار و هەستکردن بە جوانییەکانی ناوچەکە دوور لە تێکەڵبوون بە خەڵکی دەچێتە پێشەوە، بەقوڵبوونەوە لە زەوی وەک بەرجەستەبوویەکی ئەبەدی و تێکەڵبوو بە وجودی خودی گلان.
کارەکە سەر رێژە لە وەسفی شیعریی و هاڕمۆنیای بارکراو بە مەزاجییەت و تاکایەتی دەڕواتە پێش، لەناکاو دروستبوونی چەشنێک پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بۆ گلان لەگەڵ خەڵکانی شارۆچکەیەکی نزیک ئەو کوخەی لێی دەژی، هاوچەشنی راکێشانی ئەنکیدۆ بۆ ناو شارستانی رایدەکێشێتە ناو ژیانی کۆمەڵەوە و ساتەکانی پڕدەکات لە دوودڵی، راڕایی، هەستگەلی دژبەیەک… وای لێدەکات بەشداریی ئاهەنگەکانی شەوانە و گەشتەکان بکات، ئەوانی دی بناسێت و لەگەڵیاندا بخوات و بخواتەوە و گفتوگۆ بکات، بەڵام ئەم بەشدارییانە تۆماس گلان خۆشحاڵ ناکەن، بەرکەوتنی ئەو سروشتە کێوی و نا رێکخراوەی ئەو، ئەو تەنیاییە دێرین و دەق گرتووەی لەگەڵ ئەوانیتر هەر جارەو دڵشکان و نائومێدییەکی زیاتر لە دەروونیدا دروستدەکات. هەر ئێوارە خوانێک، هەر گەشتێکی بەکۆمەڵ، بەهۆی ئیرەییە زۆرەکەیەوە لە ئێدڤاردای کچی بازرگانەکە، ئێدڤاردا ماک، ئەو کچەی خۆشەویستییەکی ناساز، منداڵانە و پڕ بێنەوبەردە لە نێوانیاندا گەشە دەکات و هیچیشیان لەویتریان ناگەن. چین چین نائومێدی لەسەر یەک لە ژیانیدا هەڵدەچنێت. پەیوەندییەکانی تۆماس گلان بەوانیترەوە پەیوەندیی شەهوەت ئامێزن، بۆنموونە ئێڤای ژنی ئاسنگەرەکە پێویستییەکی قوڵی نەبوونی خۆشەویستی دەیبەستێتەوە بە تۆماس گلانەوە، هاوچەشنی سۆنیای ناو خاڵەڤانیا بە دکتۆرەوە، شتێک لە فۆڕمی بێ پەنایی، بێ کەسی و تەنیاییەکی قورسدا، بەڵام بۆ تۆماس گلان، پەیوەندییەکان، پێکەوەبوون و راموسانەکان، هیچ نین بێجگە لە کات بەسەر بردن و چێژ.
لەپاش تێکەڵبوونی زیاتری گلان بە ئێدڤاردا و دروستبوونی چەشنێک پەیوەندیی سۆزداریی نا رێکخراوی پڕ لە بانگهێشت و یەکتر رەتکردنەوە لە نێوانیاندا، پاشتر هاتنە ناوەوەی دکتۆر ئەسترۆڤ بۆ ناو رووداوەکان و شەوە ئاهەنگەکان، وروژاندنی گومانی گلان و سەرنج راکێشانی ئێدڤاردا، جۆرێک هەست بەکەمی کردن و پرسی گرنگی چینایەتی دێتە کایەوە. ئەسترۆڤ – دکتۆرە، سەر بە دنیای نوێ و شارستانییە، ئامادەیی ئەو ئامادەیی زۆر رێکاری شارستانیانەیە بۆ مامەڵەکردنی کۆمەڵایەتی، پێچەوانەی گلان کە تەواو کێوی و نا رێکخراو و شەهوەت پەرستانە لە هەموو شتێک دەڕوانێت، ئەمەش بۆ تۆماس گلان لەبەرامبەر ئێدڤاردا و دکتۆر و پاشتریش بارۆندا سەرهەڵدەدات و هەمان ئەو سێکوچکەیەی ناو خاڵەڤانیا دێتە کایەوە کە خوێنەرانی چێخەف لە خاڵە ڤانیادا لەنێوان، ڤانیا و سۆنیا و یەلینا و دکتۆردا دەیبینن.
ڤانیا دڵی بە یەلیناوەیە، یەلینا ژنێکی هاوسەردارە(ژنی پرۆفیسۆرە) و هیچ مەیلێکی بۆ ڤانیا نییە، راڕا و دڵ شکاو لە پیریی و دڵپیسی مێردەکەی، چەشنێک مەیل و هەست بەنزیکیی بۆ دکتۆر جار جار دایدەگرێت و دەیشارێتەوە، دکتۆر عاشقی یەلینایە، سۆنیا عاشقی دکتۆرە و دکتۆر نایبینێت!
لێرەشدا، ئێڤا عاشق، یان پێویستییەکی قوڵ دەیبەستێتەوە بە گلانەوە، گلان خۆشی ناوێت و بە روونیی دیارە ئێڤا بۆ ئەو بێ لە پەیوەندییەکی جەستەیی هیچی تر نییە، ئەم عاشقی ئێدڤاردا ماکە و خۆشەویستییەکەیان هیچ شایەن بە تێگەیشتن نییە، لەولاشەوە تارادەیەک پەیوەستیی ئێدڤاردا بە دکتۆرەوە دەبینین و ئاوا پەیوەندییەکان لەناو ناکامیی و تێنەگەیشتنێکی قوڵدا دێن و دەچن. جیاوازییە چینایەتییە تۆخەکانی نێوان کارەکتەرەکان و هاتنی بارۆن بۆ ناوەوە و بەدەستهێنانی ئێدڤاردا ماک، بەجۆرێک تەواو ئەوە رووندەکاتەوە کە هێز و پارە و دەسەڵات لە دنیای نوێدا هاوکێشەکان یەکلایی دەکەنەوە. کنوت هامسوون لە رێگەی فەزا سازیی و کارەکتەر چنینێکی وردەوە ئەمەی ئێجگار باڵا نیشانداوە.
ناونیشانی رۆمانەکە، «پان» تەواو پێوەستە بە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی تۆماس گلانەوە، کلیلێکی گرنگە بۆ روونتر بینینی دیوە پەنهانەکەی کارەکتەری سەرەکیی رۆمانەکە کە گلانە. پان لە میسیۆلۆجیای یۆنانیدا خواوەندی دەرودەشت و کێوی بوونە و بە سروشتە کێوی و راوچییەکەی، مەیلە زۆرەکەی بۆ ژن و دوورکەوتنەوەی لە قەرەباڵغیی ناسراوە، لە سەرچاوەکاندا بە کوڕی هێرمس ناو هێنراوە و ناسنامەی دایکیشی بابەتی ناکۆکیی بووە و لە زۆر سەرچاوەدا پێنێلۆپ بە دایکی دادەنرێت. پان لەبری ئەوەی لەگەڵ خواوەندەکان لە ئۆڵۆمپیوس نیشتەجێ بێت، رۆژەکانی لە دارستانەکانی ئەرکادیا بەتەنیا و لەناو کێوەکاندا بەسەردەبات، نزیکیی لەگەڵ دیۆنسیۆس هەبووە و پێکەوە شەرابیان خواردووەتەوە، عاشقی سێرنێکس بووە، لە ئەڤینی ئەودا فلوتی ژەنیوە، ئەو تا ئێستاش وەک مێتافۆڕێکی گرنگی پێش شارستانییەت و خۆدانە دەست رۆتین و بەندوباوی کەلتور بەکاردەهێنرێت. هامسوونیش لە هۆشیاریی قوڵی خۆیەوە ناوی ئەوی وەک تابلۆیەک بە دیواری پێشەوەی رۆمانەکەیدا هەڵواسیوە و لە پێشچاوی خوێنەراندا وەک پێشگۆییەک دایناوە.
رۆمانی پان لەلایەن وەرگێڕ و فلوتژەنی جوانی کورد «هاودەم ساڵح جاف»ەوە کراوە بە کوردییەکی رەوان و بێ گرێ و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاویکردووەتەوە. رۆمانەکە کورت، سەخت، شاکارێکی پڕ هەست و دڵشکانە، کارەکە بە هێمنی و وردییەکی لە رادە بەدەرەوە نووسراوە، هەموو شتێک تیایدا ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەیەکی زۆر لە سروشت، لە ئاکار و خووە دەروونییەکانی مرۆڤ لە لایەن نووسەرەوە و ئەمەش وای لە کارەکە کردووە، سەخت بێت لە یەک رەهەندەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت و پێویستیی بە بینینێکی گشتگیرتر هەیە بۆ رۆمان و ئەدەبیات.هەر لەبەر ئەمانە من پێشنیاری خوێندنەوەی ئەم شاکارەتان بۆ دەکەم.