خانه / اخبار و رویدادها / پێکهاتەی داستانی- شانۆیی «دارەپیرە»ی جەلال مەلەکشا

پێکهاتەی داستانی- شانۆیی «دارەپیرە»ی جەلال مەلەکشا

پێکهاتەی داستانی- شانۆیی «دارەپیرە»ی جەلال مەلەکشا

توێژەر: عەلی سوهرابی

سنە – سەرماوەزی ۱۴۰۳

پوختە

داستانی دارەپیرە لە شەستەکاندا (۹/۲/۱۳۶۷) کە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران و کوردەواری تووشی قەیرانی ناوخۆ و شەڕی دەرەکی بوو لە دایک ئەبێ.

بە هۆی دۆخی هەستیاری ڕامیاری و سانسۆر، شاعیر- جەلال مەلەکشا- لەم چیرۆکەشیعرەدا مەجبوور بووە لە نماد و سەمبول بۆ درکاندنی مەبەستی خۆی کەڵک وەرگرێ. شاعیر دەیهەوێ نیشتمانی خۆی و مێژووی پڕ لە کەند و کۆسپی، بە زمانێ سەمبولیک، وەک شانۆیەکی نەتەوەیی بنوێنێ.

دارەپیرە لە باری ناوەرۆک و بابەتەوە تێکراری و چەندپاتە کراوە و لە باری پێکهاتەی شیعرییەوەش لە چوارچێوەی شیعری نوێدا پێناسە دەکرێ. وەک چیرۆکەشیعریش دەتوانین توخمگەلی داستانی بۆ بڕازێنینەوە و تەنانەت زەرفیەتگەلی شانۆییشی بێنینە ئاراوە و وەک دەڤرێکی شانۆیی کە هۆکارگەلێ هونەری هەیە بیخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە، تا لەم ڕێگەوە ئامادەکاری بکرێ بۆ شانۆکار و فیلم‌ساز و ئەنیمەیشێنکارەکانیش کە بتوانن گەشەی پێ بدەن و وەک ئەسەرێ هونەری بینوێنن.

لەم وتارەدا توخمە داستانی- شانۆیییەکان وەک: پێناسە، کێشمەکێش و قەرقەشە، گرێی شانۆیی، قەیران، هەڵپەسێراوی، چارەدۆزی، کارەسات و… زەق دەکرێنەوە و بە شێوازێکی بەینەڕشتەیی جوانکارییەکانی دارەپیرەی جەلال مەلەکشا لە بواری؛ پەیام، ناوەرۆک، فۆڕم و ڕاڤە، تاووتوێ دەکرێ.

 

وشە سەرەکییەکان

داستانی دارەپیرە، جەلال مەلەکشا، پێکهاتەی داستانی-شانۆیی، ڕەوایەتی شاعیرانە، سەمبول، مۆمیایی ئەدەبی، چیرۆکەشیعر.

پێشەکی

جەلال ڕەحیمی ناسراو بە جەلال مەلەکشا- ۲۸ی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۳۰ کۆچی هەتاوی- لە گوندی «مەلەکشا»ی سەر بە شاری سنە لەدایک بووە و لە ۱۱ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۹۹، کۆچی دوایی دەکات و لە هەمان گوند ئەسپەردەی خاک دەکرێ. مەلەکشا شاعیر، نووسەر، ڕەخنەگەر، چالاکی ڕامیاری، کۆمەڵایەتی و ڕۆژنامەنووس و لە ئەندامانی کانوونی نووسەرانی ئێران بوو.

شیعری داستانی دارەپیرە یەکێ لە گرینگترین شیعرەکانی جەلال مەلەکشا شاعیری هاوچەرخی کوردە کە وێنەیەکی تراژیک و خوازەیی لە وڵاتی کوردستان و دانیشتووانی دەنوێنێ. لەم شیعرەدا کوردستان شوبهێندراوە بە دارێکی پیر کە ساڵەهایە لە بەرامبەر ڕەنج و شەڕ و بێ‌عەداڵەتی ڕاوەستاوە.

ئەم شوبهاندنە، هەم سەمبولی کەونارایی و ڕەسەنایەتییە، هەم نیشاندەری برین و زەبر و زەنگێکە کە ئەم دارە بەساڵاچووە لە درێژەی مێژوودا تەجرەبەی کردووە. جەلال مەلەکشا لەم چیرۆکە شیعرەدا لە وێنەگەلی نمادین و زمانێ هەستیارانە بۆ نواندنی بارودۆخی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ڕامیاری کوردستان کەڵکی وەرگرتووە.

ئەم شیعرە بە زمانی ڕەسەنی کوردی سۆرانی هۆنراوەتەوە و بە بۆنەی ناوەرۆکی ڕامیاری و کۆمەڵایەتیی کەوتووەتە بەر چاو و ستایشی کۆمەڵگا. (ویکی پێدیا/فواد انصاری)

نزار قەبانی شاعیری هاوچەرخی عەرەب ئەڵێت: حەقیقەت دوو بەشە. بەشێکی لە ڕابردوودایە کە مێژوو لە بارەیەوە ئەدوێ. بەشی دووهەمیشی -کە گرنگترە- لە داهاتوودایە و هونەر لەم بەشەی -حەقیقەت- کە لە داهاتوودا خۆی حەشار داوە هەواڵ ئەدات پێمان.

 

پێشینەی چیرۆکەشیعری کوردی

چیرۆکەشیعر یان ئەو جۆری ئەدەبییەی کە تێکەڵی چیرۆک و شیعرە، لە ئەدەبی کوردیدا پێشینەیەکی دەوڵەمەندی هەیە، کە بە شێوەیەکی ئەوتۆ لەگەڵ کەلتووری کوردی لە پەیوەندیدایە. ئەم شێوە ئەدەبییە، لە چیرۆکی وتەیی (ڕەوایی/شەفاهی) کوردی هەتا ئەدەبی نووسراو (مەکتووب) بە شێوەیەکی تایبەت لەخۆ دەگرێ.

١- چیرۆکەشیعر لە ئەدەبی زارەکی و وتەییدا

لە وێژەی وتەیی و زارەکی کوردیدا، چیرۆکەشیعر بە شێوەی مەنزووم زۆر باو بووە. ئەم شیعرانە بە زمانێ سادە و مۆسیقایی بەیان کراون و بابەتگەلی ئاشقانە، قارەمانی، حەماسی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ناویاندا درکاون. نموونەگەلی تایبەتیان ئەمانەن:

٭ لاوکەکان: ئەو شیعرانەن کە بە شێوەی چیرۆک، دڵداری لاوان یان قارەمانان باس دەکەن.

٭ بەیتەکان: شیعرە درێژەکانن کە زۆر جار باسی قارەمانانی نەتەوەی کورد یان کەسایەتییە ئوستوورەیییەکان دەکەن.

٭ چیرۆکە مەنزوومە حەماسییەکان: وەک مەم‌وزین، سیامەند و خەج و… کە بەشێکی گرنگی فەرهەنگی وتەیی کوردن.

٢. چیرۆکەشیعر لە نووسراوەکاندا (ئەدەبی مەکتووب)

بە گەشەی نووسین و چاپکردنی ئەدەبی کوردی، چیرۆکەشیعریش بە شێوازێ پێشکەوتووتر لە جاران هاتە ئاراوە. چەند نموونەی جیاوازی ئەم جۆرە چیرۆکە شیعرانە:

– مەم و زین: شاکاری ئەحمەد خانی (١٦٥٠-١٧٠٧)، کە یەکێکە لە شاخەکان و تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی کلاسیکی کوردی. ئەم شیعرە، چیرۆکی مەزنی ئەشقی تراژیکی مەم و زین بە شێوەیەکی تێکەڵی چیرۆکبێژی و فلسفەی قووڵی مرۆڤانە باس دەکات.

– شیرین و فەرهاد: ئەم چیرۆکەیش لە ئەدەبی کوردیدا بوونی هەیە و ئەشقی شیرین و فەرهاد باس دەکات کە بە شێوەی مەنزووم وتە دەکرێت.

– شیعرەکانی نالی و وەفایی: ئەو شاعیرە گەورانە لە هەندێ لە شیعرەکانیاندا لە چیرۆکەشیعری ئاشقانە کەڵکیان وەرگرتووە.

٣- ناوەرۆک و تایبەتمەندییەکانی چیرۆکەشیعر لە ئەدەبی کوردیدا

– ئەشق و حەماسە: زۆربەی چیرۆکەشیعرەکان لەسەر ناوەرۆکە ئاشقییەکانە، بەڵام زۆر جار تێکەڵی حەماسە و جەنگاوەری دەبن.

– ئاواز و مۆسیقا: زۆربەی چیرۆکە شیعرەکانی کوردی بە ئاواز و هەڵبەست خوێندراون و زۆر جار لە مەراسیمەکاندا لەگەڵ ساز و ئامێرەکان ئیجرا دەکرێن.

– زمانی سادە و ڕەنگین: چیرۆکەشیعرەکانی کوردی بە زمانی ئاسان بەڵام قووڵ و شاعیرانە بەکار دەهێنرێن.

– پەیوەندی بە مێژوو و ئوستوورەوە: ئەم شیعرانە ڕیشەیان لە تاریخ و ئوستوورەی خەڵکی کوردایە و پێناسەی نەتەوەیی و فەرهەنگی لە خۆیاندا ئەنوێنن.

٤- چیرۆکەشیعر و کاریگەریی لەسەر ئەدەبی نوێی کوردی

لە ئەدەبی نوێی کوردیشدا،کاریگەری چیرۆکەشیعر هەر دەبینرێ.شاعیران و نووسەرانی هاوچەرخ لە تەکنیکەکانی ئەم جۆرە ئەدەبییە کەڵک وەردەگرن و بابەتەکانیان نوێ دەکەنەوە. وەک؛ شێرکۆ بێکەس،عەبدوڵڵا پەشێو، بەختیار عەلی، فەرهاد پیرباڵ و جەلال مەلەکشا و…

چیرۆکەشیعر یەکێکە لە بەشە ئەدەبییەکان کە نەتەنیا وێژە،بەڵکو شناسی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردی پێناسە کردووەو بەشێکی گرنگ لە فەرهەنگی ئێمەی پێکهێناوە.

 

ڕەوش‌ناسی

ئەم وتارە بە شێوازێکی بەینەڕشتەیی (شیعر- چیرۆک- شانۆ) دەیەوێ توخمە پێکهێنەرەکانی «داستانی دارەپیرە»ی جەلال مەلەکشا بە پێی پاژبەندی دوکتور تەقی پوورنامداریان شی بکاتەوە کە بریتین لە: ۱- پەیام ۲- ناوەرۆک ۳- فۆڕم ۴- ڕاڤە

هەروەها پێکهاتەی مۆدێرنی داستانی- شانۆیی دارەپیرە و زەرفییەتگەلی شانۆییشی شرۆڤە دەکات.

 

ئه‌لف) پەیام Theme

مەبەست لە پەیام یان تێم (Theme)، ئەو هزر و بیرۆکە ناوەندی و ئەسڵییەی شاعیر و هونەرمەندە کە لە ناواخن و چوارچێوەیێکی تایبەت ڕاڤە دەکرێ.

پەیام لە واقیعدا جەوهەرەی ئەسڵیی کارێکی ئەدەبییە. (میرسادقی، ۲۶۶)

لە ڕێی ئەم توخمەوەیە کە بواری ئەندێشە و هزری نووسەر و هونەرمەند ڕۆشن ئەبێتەوە بۆمان.

پەیامی سەرەکی و ئەندێشەی بنەڕەتی «چیرۆکەشیعری دارەپیرە» ئەم پەند و مەتەڵۆکەیە، وەک کورد ئەڵێ: «دارێ پوازی لە خۆی نەبێ قەت ناقڵیشێ!»

تێمی ئەسڵی «خەیانەتە» ئەویش خەیانەت بە نیشتمان (دارەپیرە).

جەلال مەلەکشا خێڵی دوژمن پاڵپشتی ئەم خەیانەتە دەزانێ. هەر بۆیە خێڵی دوژمن بە ئارەزووی دڵی خۆیان و بەو جۆرە وا مەبەستیانە پواز بۆ گیانی دارەپیرە (نیشتمان) دائەتاشن.

لقیان بڕی/ لقی لار و خواروخێچ و بێ‌ئەمەگیان/ بە بەڵێنی درۆ کڕی!/ دایانتاشی/ تیژیان کرد و…/ بوو بە پواز!/ وتیان پێی چۆن خەیانەت کا…

ئەم شیعرە ڕاشکاوانە پەیامێ کۆمەڵایەتی- ڕامیاری لە خۆدا حەشار داوە. دارەپیرە نمادی کوردستانە، هەر بۆیە دەردەمێژوویییەکانی ئەم خاکە و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی شارەزایانە دەنوێنێ. ئەم پەیامە گازندانە دەتوانێ لە چوارچێوەیێکی شانۆییدا بە شێوەی مۆنۆلۆگ بێنە سەر تەختەی شانۆ.

 

بێ) ناوەرۆک (محتوا)

ناوەرۆک کۆمەڵێ لق‌وپۆپە کە لە دەوری پەیامی سەرەکی (=خەیانەت) شین ئەبێ و هونەرمەند و شاعیر بە پەرەپێدانی پەیام لە ناوەرۆکی چیرۆکدا، هێز و کارتێکەری پەیام زۆرتر ئەکا. بۆ نموونە، لەم چیرۆکەشیعرەدا بەربەرەکانە و ململانەی پواز، پیرەدار، داس، کوتک، تەور، باڵندەکان، با، زستانی گژ و دڕ، مێژوو، شاعیر و… هەموو پێکەوە ناوەرۆک دروست ئەکەن.

ئەم چیرۆکەشیعرە، وەک باقی ئاسەوارە شیعرییەکانی مەلەکشا، پەیامگەلی بەهێز لە بارەی پێناس و شناس، خۆڕاگری و بەربەرەکانێ لەگەڵ دژوارییەکاندا ئەدرکێنێ. ئەم شیعرە شانۆیییە هەڵگری پەیامگەلێ قووڵی کۆمەڵایەتی و ڕامیارییە کە نزیکی دەکاتەوە لە سەبکی شانۆی ئیعترازی و بەرهەڵەستانە. وەک ئاسەوارە شانۆیییەکانی «بێرتۆڵد برێشت» کە بە زمانێ هونەری و شاعیرانە بەیان کراوە.

پێ) قاڵب (form)

قاڵب، چوارچێوە یان پێکهاتە، بریتییە لە ئاراستەکردنی پەیام و ناوەرۆک لە نەزم و تەکووزییەکی تایبەت و زمان و بەیانێکی تاقانە کە لە زەوق و کارامەیی و داهێنانی شاعیر و هونەرمەند سەرچاوەی گرتووە. لە واقیعدا فۆرم و پێکهاتە جل‌وبەرگێکە دەکرێتە بەر پەیام و ناوەرۆک.

لەڕاستیدا چیرۆک و داستانە کۆنەکان لە نەخشەیەکی یەکسان پەیڕەوی ئەکەن دەسپێکیان ئاوایە:

هەبوو نەبوو.. هەرواکە چیرۆکی دارەپیرە سەرەتای بەو جۆرەیە؛ «هەبوو نەبوو… ساڵانی زوو/ لە سەر یاڵی بەرزی مێژوو/ پیرەدارێک بەساڵاچوو، ڕاوەستا بوو!»

جا بە دوای ئەوا ڕووداوەکان هەر ئەو جۆرەی کە هەن، لە چیرۆکەکەدا دێن. ئیدی ڕاوی و بێژەر دەست لە قاڵب وەرنادەن. بەڵام لە داستان و چیرۆکە هاوچەرخەکاندا گۆڕانکاری لە فۆڕم و پێکهاتە ئەبیندرێت.

هونەرمەندانی هاوچەرخی جیهان بە کەڵک وەرگرتن لە قاڵبە دەروونییەکان، (پلان، شێوەڕوانین، لەحن و…) تازەیی ئەبەخشن بە ئاسەوارەکانیان و کاریگەری نووسراوەکانیان زیاتر ئەکەن.

ئەم گۆڕانکارییە لە ئەدەب و وێژەوە گەیشتووەتە شانۆ و سینەماش کە لەم وتارەدا لەسەر هەندێکیان باس ئەکرێ و تایبەتمەندییەکانی ئەخرێتە ڕوو.

ئەو هۆکارانەی کە توانایی و پتانسیەلی چیرۆکە شیعری دارەپیرە وەک دەقێکی هونەری -کە ئامادە بە شانۆیی‌کردنە- دەخاتە ڕوو، ئەمانەن: ۱- پێناسە (=تعریف)، کێشمەکێش و قەرقەشە ۲- گرێی شانۆیی (=گرەافکنی)، ۳- قەیران (=بحران)، ۴- هەڵپەسێراوی (=تعلیق) ۵- چارەدۆزی (=گرەگشایی) ۶- کارەسات (=فاجعە)، ۷- ئاکام و دۆخی کۆتایی. بەرەبەرە دەپەرژینە سەر ئەم هۆکارانە.

 

تێ) ڕاڤە یان تەعبیر (Approach)

گەورەیی کاری هونەری و ئەدەبی لە ڕاڤە و تەعبیردا مەعلووم ئەبێت. ڕاڤە، شێوازی هەڵسوکەوت و شێوەی کەڵک وەرگرتن لە بابەت، ناوەرۆک و فۆرم بە دیزاینێکی هونەرییە. لەم بەشەدا هونەرمەند شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆی لەگەڵ سەرجەم نووسراوەکە و بیرۆکەی چیرۆک و شانۆکە دەرئەبڕێ.

تەعبیر، بە شێوازی ڕوانینی هونەرمەند بۆ جیهان، گرێ دراوە. جیاوازی هونەرمەندان و نووسەران ئەگەڕێتەوە بۆ ڕاڤە و تەعبیریان.

لە داستانی دارەپیرەی مەلەکشا، پیرەدار لە کاتێکدا خەریکن بنبڕی ئەکەن و لە نێو خوێنا ئەگەوزێ، ئەم وشانەی هاتە زارا…/ من نامرم… لە ناو خوێنا ئەژێمەوە/ وەک چووزە و چرۆ لە سەر کۆتەی خۆما دەڕوێمەوە.»

پیرەدار کە سەمبولی نیشتمانە، ئەگەرچی بە ڕواڵەت بنبڕ دەکرێ، بەڵام ئەمە بە مانای شکست بۆ نیشتمان نییە، بەڵکوو شاعیر لە ئێپیزۆدی ئاخردا ئاوا کۆتایی بە داستانەکەی دێنێ:

«کاتێ چوومە سەرمەزاری دارەپیرە/ بە چاوی خۆم ئەوەم بینی/ گۆپکە و چووزەی چەتری تازە!»

لە داستانی دارەپیرەدا، مەلەکشا تەنیا بە نیازی بەیانی ئامانجەکانی خۆی -کە نیشتمان‌پەروەری و خۆڕاگرییە- لە چیرۆک کەڵک وەردەگرێ و بیسەر و خوێنەری چیرۆکیش ئەو شتەی لە مێشکیدا ئەمێنێتەوە دەسکەوت و لێکدانەوەی شاعیر و هونەرمەندە لە کۆتایی چیرۆکەکەدا. کە ئەم دەسکەوتە لە داستانی دارەپیرە «ژیانەوەی دووبارەی نوێی نیشتمانی چەوساوەیە ئەویش بە شێوازێکی ڕەمزئالوود «بە چاوی خۆم ئەوەم بینی/ گۆپکە و چووزەی چەتری تازە»یە.

من داستانی دارەپیرە، وەک مۆمیایییەکی ئەدەبی و ڕەوایەتێکی شیعری ئەبینم نە وەک تەعبیرێ شاعیرانە.

چون ئەم هۆنراوە نە تەنیا بەرهەمێکی هونەرییە، بەڵکوو هەڵگری بیرەوەرییەکان، ئازار و ژان و پێناسەی مێژوویی کوردستانە کە لە فۆڕمی سەمبولیک و بە زمانێ شاعیرانە، هەتاهەتایی بووەتەوە.

بە واتایێکی دیکە، ئەم چەمکە ئەدەبییە -مۆمیایی ئەدەبی- پارێزەری مێژوو و کەلەپووری نەتەوەیەکە لە قاڵبی وشەکاندا. بە جۆرێ کە شیعر وەک ئەسەرێکی بەردەوام، ڕیشەگەلی فەرهەنگی و دەرد و ڕەنجی کوردستان زیندوو ڕادەگرێ.

هۆکارگەلی ئەم تەعبیرە (مۆمیایی ئەدەبی) ئەمانەن:

١- هەتاهەتایی‌بوونی پێناسە و فەرهەنگی کورد: یانی شیعر دەڤرێکی فەرهەنگی و مێژوویییە بۆ پاراستنی ڕەنجەکانی ئێستە و ڕابردوو.

٢- نمادگەرایی بەهێز، دارەپیرە وەک سەمبولی زیندووی مێژوویی: نیشاندەری برینەکانی کوردستانە و پاراستنی ئەم نمادە لە شیعردا، بە مانای پاراستنی فەرهەنگ و مێژووە.

٣- نواندنی دەرد و خۆڕاگری: هەر ئەو جۆرە کە مۆمیایییەکان هەڵگری بیرەوەرییەکان و چیرۆکی ڕابردوون، ئەم چیرۆکەشیعرەش ژان و دەرد و خۆڕاگری خەڵکی کورد بۆ جیلی داهاتوو دەگێڕێتەوە.

کەواتە «داستانی دارەپیرە» بەرزتر لە شیعرێکی ئاسایییە و دەتوانین بڵێین «مۆمیایییەکی ئەدەبی»یە کە لە بەرامبەر فەرامۆشی و ژبیرکەری مێژوویی خۆ ڕادەگرێ.

«ئالێن» ڕەخنەگری فەڕانسەوی ئەڵێ: هەر مرۆڤێ دوو لایەنی هەیە؛ لایەنێکی مێژوویی و لایەنێ کە شیاوی ئاسەواری داستانییە. یانی ئەو شتەی کە لە مرۆڤ دەبینرێت و بەرچاوە، لایەنی مێژووە. بەڵام لایەنی خەیاڵی یان ڕۆمانتیک؛ هەست و خەون و خولیاکان و خۆشی و خەم و کەسەر و تەنیایییەکانییەتی، کە ئەدەب و شەرم بەربەستە بۆ بەیانیان، دەبێتە لایەنی داستانی (وا باشە لەم بابەتەدا بڵێین لایەنی شیعری) بۆ دەڵێم شیعر نە داستان؟!

چون «ڕۆڵان بارت» ئەڵێ: ‌‌«شیعر شتێک بەیان ناکات، بەڵکوو حەشاری ئەدا و کەتمانی دەکات.» جەلال مەلەکشا لە دارەپیرەدا شێوەی ڕەوایەتەکەی ‌«تەعبیرێ شاعیرانە» و سەربەمۆر نییە، بەڵکوو «ڕەوایەتێکی شاعیرانە»یە لە مێژوویەکی دووپاتە و چەندپاتە، کە زەمانێکی خەتی تیایە هەر بۆیە شیعرەکەی دەکاتە گێڕانەوەیەک بۆ مێژوو.

وتمان «زەمانی خەتی» تایبەتمەندی ئەم مۆدێل‌زەمانە ئەمەیە کە بە شێوەی بەردەوام لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا و پاشان بۆ داهاتوو حەرەکەت دەکات و گەڕانەوەی بۆ ڕابردوو نییە و ئەم چەمکە لە فەرهەنگ و فەلسەفەگەلێ کە بە پێشکەوتن و ئاڵوگۆڕی بەرەبەرە باوەڕیان هەیە دەبینرێت کە بە تەواوی زەمانی خەتی لەم چیرۆکەشیعرەدا بەدی دەکرێ.

بۆ ئەوەی بە جیاوازی «ڕەوایەتی شیعری» دارەپیرە لەگەڵ تەعبیری شاعیرانە باشتر حاڵی بین با بڕوانینە ئەم دێڕەی مەولەوی فارس «هر کبوتر می‌پرد بە جانبی/ وین کبوتر جانبِ بی‌جانبی» کە کۆتر لە نیو دێڕی دووهەمدا، هەمان کۆتری نیو دێڕی ئەوەل نییە (جانب بی‌جانبی) تەعبیرێ شاعیرانە و شیعرییە کە پارادۆکسێ وەک (جانب بی‌جانبی) کارەساتێ شیعری ساز کردووە. هەر بۆیە ئەم شیعرە بە ئەژماری بەردەنگەکانی، تەعبیری جیاوازی لێ دەکرێت. هەر بۆیە ئەمە ئیدی ڕەوایەتێ شیعری نییە، بەڵکوو تەعبیری شاعیرانەیە کە چەندین مانا و بەرداشتی لێ دەکرێ و ناتوانین ئەو کارەساتە مێژووییە کە مەولەوی کردوویەتی بە کارەساتێ شیعری (حادثەی شعری) تەرجەمەی بکەینەوە.

 

وێکچوونی «داستانی دارەپیرە» لەگەڵ چیرۆکە کۆنەکان

ئەو خاڵانەی کە داستانی دارەپیرە هاوبەش دەکات لەگەڵ چیرۆکە کۆنەکان ئەمانەن:

١- هەبوونی قارەمان (Hero): قارەمانی سەرەکی لەم چیرۆکەشیعرەدا، دارەپیرەیە، کە تەواوی سەروەری و ژیری و دڵسۆزی یەک مرۆڤی لە خۆ گرتووە. هەرچەند لێرە وەک درەختێک نواندراوه. دارەپیرە سەمبولی نیشتمانێکی کەونارایە کە کاتی خۆی «دەنگ و چریکەی باڵندەکان/ لە ئامێز و لە نێو شاخ و پەل و پۆیدا/ تاڵی ژینی لە یادی ئەو ئەبردەوە…!»

دارەپیرە سەد قۆناغی دیبوو بە چاو/ باروبنەی سەد کاروانی ڕاپێچابوو/ دارەپیرە، زریان و شەختە و ڕەشەبای/ سەدان کەڕەت بەزاندبوو!»

یارمەتیدەرانی قارەمانی داستانەکە ئەمانەن؛ باڵندەگەلی نافەرمان (خەڵکی ئازادیخواز و شوڕشگێڕی کۆمەڵگا)، مێژوو، با (ڕاوی مێژوو) دەشتی سووتاو (کۆمەڵگای چەوساوەی کوردەواری) و شاعیر (جەلال مەلەکشا).

لە بەرامبەر قارەمان و یاوەرانی، دژە قارەمانگەلێ هەن وەک:

فەرمانڕەوا، پواز (نمادی مرۆڤی خائین)، داس و کوتک و تەور (نمادی بەرفەرمان و پیاوەکانی حاکم) زستان (نمادی فەزای گژ و دڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە زیاتر شکست ئەخۆن، سووک و چرووکن و بێ‌بایەخ و ئەبنە دەرسی تەمێکاری بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا.

ئەوەی جێی سەرنجە، مەلەکشا شارەزایانە و زیرەکانە ئەمانەی وەک قارەمان و دژە قارەمان کە تایبەتمەندی شانۆن بەکار هێناوە شیعرەکەی لە دەقێکی ئەدەبییەوە هێناوەتە ئاستی تەجرەبەیەکی شانۆیی.

٢- موتڵەق‌گەرایی: لەم چیرۆکە شیعرەدا، مەلەکشا توانیویەتی قارەمانەکان بکاتە سەمبولگەلێ کە تایبەتمەندی و خووگەلی ئینسانی لە خۆیاندا بنوێنن، کە خوێنەر و بینەر تووشی جۆرێ هەمزادپێنداری دەبێت.

٣- نەگۆڕی وەستایی (=ایستایی): یانی لەم چیرۆکەشیعرەدا قارەمان و دژەقارەمان لە درێژایی داستانەکەدا ناگۆڕدرێن لە ئەوەڵەوە چۆن بوون هەروا دەمێنن؛ دارەپیرە هەر خۆشەویست و لەبەردڵانە و پواز و دار و دەستەیشی تا کۆتایی هەر خائین و سپڵە ئەمێننەوە. «ڕێی کەوتن و پواز وتی: ئەی من نابەن؟/ گەورەکەیان وتی: لاچۆ…/ لاچۆ لە بەرچاوم بۆگەن/ قەت نەمدیوە خاین بەخۆ/ بێژگە هۆرەی سپڵە وەک تۆ/ تفی لێکرد…/ بە شەپان و بە تێهەڵدان/ فڕێی دایە ناو زبڵدان!»

٤- سەرسووڕێنەری: یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی چیرۆکە قەدیمییەکان، بوونی کەسایەتی و کارەساتی سەیر و سەمەرەیە. بەڵام لەم داستانەدا بە پێچەوانە، مەلەکشا، بە جێی ئوستوورە سازکردن لە قارەمان (دارەپیرە) ئەوی زیاتر وەک قارەمانێکی واقیعی ناساندووە. زیاتر لایەنی خۆڕاگری و کەونارایی‌بوونی ئەوی زەق کردوەتەوە. دارەپیرە تێگەیشتووە، ئامۆژگارە «وتی: لقە مەڕۆ، مەبە دارەدەست/ قەیناکە هەر ماوەت ماوە…/ باوەشی من هێشتا بۆ تۆ ئاوەڵایە!/ لەگەڵما بە لە بەرامبەر ئەم بەڵایە! مەڕۆ لقە! جێم مەهێڵە/ دەشتی سەوزی باوانی خۆت/ بە ئاموور و نیری بێگانە مەکێڵە…! وەرگەڕێوە بۆ خۆت ئەڵێم/ من نامرم…/ لە ئەوپەڕی مەرگیشەوە هەر دێمەوە!/ مێژوو حوکمت لە سەر ئەدا/ دوژمن خاکی خەیانەتت بە سەر ئەکا/ فریو مەخۆ، داوی نەیار بپچڕێنە/ تف لە سیمای عەرنەمووت کە/ هەڵبرووسکە و چاوی دوژمن قاڵاوپووت کە…!»

لە داستانی دارەپیرەدا، بە ڕواڵەت هەرکام لە کوتک و تەور داس و پواز و پیرەدار، تایبەتمەندییەکانی خۆیان دەنوێنن بەڵام لە کۆتاییدا چارەنووسێ ئینسانییان دەبێ و فەرهەنگی ئینسانی دادەمەزرێ و ئاکامێ ئەخلاقی کە بە سوودی مرۆڤەکانە سێبەر دەخاتە سەر داستانەکە بە جۆرێ کە ڕاوی (شاعیر) هیوا و ڕەمز و ڕازێ دەبینێ کە؛ هەمیسان ڕوانەوە و سەوزبوونی خەڵفی ئومێد، بە جێی مەرگ و نەمانە. «وتم چیە؟ چی قەوماوە؟/ لە دوای مەرگی دارەپیرە/ جگە خوێن و ئەشک و ماتەم/ چیمان ماوە؟/ وتیان نابێ بیدرکێنین/ نهێنی و ڕەمز و ڕازە،/ دەبێ بە چاو خۆت بیبینی! کاتێ چوومە سەر مەزاری دارەپیرە/ بە چاوی خۆم ئەوەم بینی/ گۆپکە و چووزەی چەتری تازە/!»

 

پێکهاتەی شانۆیی دارەپیرە

چیرۆکەشیعری دارەپیرەی جەلال مەلەکشا جەنبەگەلی شانۆیی دەوڵەمەندی لەخۆ گرتووە کە دەتوانین بەم شێوەی خوارەوە تاوتوێی بکەین.

١- دۆخی سەرەتایی/ پێناسە

دارەپیرە لەسەر یاڵی بەرزی مێژوو ڕاوەستاوە و سەری ناوەتە کۆشی خەیاڵ و بیر لە ژین دەکاتەوە و ‌«با لاپەڕەی گەڵاکانی وەک کتێبی کۆنی مێژوو ئەدا لاوە/ ڕووداوانی یەکە-یەکە/ بە گوێی دەشتا ئەخوێندەوە/ ورەی دەشتی/ لە نێو خوێنی ڕووداوانا ئەژوێندەوە!»

لەم چیرۆکەشیعرەدا کێشمەکێشی سەرەکی لەنێوان ئومێد و نائومێدیە. شەڕ لە سەر پێناسە و شناسە لەگەڵ خۆفرۆشی و ناڕەسەنایەتی، کە هەر ئەم بگرە و بەردە لە نێوان دارەپیرە و پوازدا کەش‌وهەوایەکی دراماتیک و شانۆیی بە شیعرەکە دەبەخشێ.

 

٢- کێشمەکێش و قەرقەشە

هۆرە کەوتە بەردەمیان و/ پیرەداریان گەمارۆ دا/ دارەپیرە هەناسەی ساردی هەڵکێشا/ وتی: لقە، مەڕۆ مەبە بە دارەدەست/ قەیناکە هەر ماوەت ماوە…/ باوەشی من هێشتا بۆ تۆ ئاوەڵایە/ لەگەڵما بە، لە بەرامبەر ئەم بەڵایە/ مەڕۆ لقە جێم مەهێڵە/ دەشتی سەوزی باوانی خۆت/ بە ئاموور و نیری بێگانە مەکێڵە/ بەڵام هۆرەی ویژدان‌تۆپیو/ پووزەی تیژی نا سەرسینگی دارەپیرە/ … هەلی وا قەت دەست ناکەوێ/ لە سەر فەرمان دەتکووژم و/ داخم بە سەرتا ئەڕێژم/ خێڵی دوژمن،/ بە هەڕەشە و گەلەکۆمە/ هورووژمیان بۆ دارە برد!/ دارەپیرە گوێی نەلەقان/ تەنانەت چاوی نەنووقان/ قووڵتر لە جاران دەماری،/ بە نێو ناخی خاکا چەقان!»

یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەم شیعرە شانۆیییە، کێشمەکێشێ دەروونی و دەرەکییە، کە دارەپیرە دەست بە یەخەیە لەگەڵی. کێشمەکێشی دەروونییەکەی سەبارەت بە قەبووڵکردنی ڕەنج و برین و ژان و برکی ڕابردووە و کێشمەکێشی دەرەکیشی، ڕووبەڕووبوونەوەیەتی لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و مێژوویی کوردستان. ئەم خاڵە و باقی خاڵە دراماتیکەکان دەتوانێ بکرێتە شانۆنامە یان شانۆ.

٣- گرێی شانۆیی (گرەافکنی): فەرمان ئەدرێ ‌«دارەپیرە بقڵیشێنن/ کۆتەی ئەنجن- ئەنجن کەن/ بۆ زستانی سۆبەی کۆشکی فەرمانڕەوا/ ڕەگ و ڕیشەی دەربهێنن./ فەرمان درا، لە بەر ئەوەی/ دارەپیرە پەنای یاخی و جەردەکانە/ لەبەر ئەوەی سێبەری وی/ مۆڵگەی گەڵاڵە و پیلانە/ لەبەر ئەوەی هێندێ باڵندەی نافەرمان/ کردوویانە بە هێلانە/ باڵ و پسێو دارەپیرە/ مەتەرێزی یاخیەکانە!/ بیتڵیشێنن، هەڵیپاچن/ چیلکەی کەن و / بە سێدارەی یاخی‌بوونیا هەڵیواسن!»

خێڵی دوژمن/ هەڕەشە و گەلەکۆمە/ هورووژمیان بۆ دارە برد!/ دارەپیرە گوێی نەلەقان/ تەنانەت چاوی نەنووقان/ قووڵتر لە جاران دەماری،/ بەنێو ناخی خاکا چەقان!/

٤- قەیران (بحران)

«داس و کوتک و تەور هاتن/ لە سێبەری دارەپیرە/ ئیستێکیان کرد»

نەیاران لەم بەشەدا خەریکی پیلان‌ڕێژی بۆ دارەپیرە دەبن.

٥- هەڵپەسێراوی (تعلیق)

خێڵی دوژمن ماندوو بوون و/ لە سێبەری دارەپیرە ڕاکشان و/ کەوتنە ڕاوێژ و تەگبیران/

بەردەنگ دڕدونگ و چاوەڕوان دەمێنێتەوە کە ئاکامی کار دەبێتە چی.

٦- چارەدۆزی (گرەگشایی)

گەورەکەیان وتی یاران!/ وەک کورد ئەڵێ: ‌«دارێ پوازی لە خۆی نەبێ ناتڵیشێ!»

بیر و ڕاتان کۆ کەنەوە، ناشێ نەبێ!/ پوازێ لە خۆی پەیدا کەن و دایتاشن و/ ئیتر ئێوە کارتان نەبێ…!/ لقیان بڕی/ لقی لار و خواروخێچ و بێ‌ئەمەگیان/ بە بەڵێنی درۆ کڕی! دایانتاشی،/ تیژیان کرد و…/ بوو بە پواز!/ وتیان پێی چۆن خەیانەت کا… هۆرە کەوتە بەردەمیان و / پیرە داریان گەمارۆ دا./

 

٧- کارەسات (فاجعە)

دوای دەمەقاڵەیەک و وتووێژی زۆر لە نێوان دارەپیرە و پوازدا دەرئەکەوێ کە ئامۆژگارییەکانی دارەپیرە لە سەر پواز کاریگەری نییە و سوورە لە سەر قەڵەشاندن و کوشتنی دارەپیرە. لە ئاکامدا «پوازی نەیار… وەک سەگی هار/ قەپی کردە ناقی دارا/ خێرا هاتن، داریان دا بەر/ دارەکەیان بنبڕ کرد و/ بۆ ئاگری کوورەی کۆشکی سوڵتانیان برد.»

«ڕێی کەوتن و پواز وتی: ئەی من نابەن؟/ گەورەکەیان وتی: لاچۆ…/ لاچۆ لە بەر چاوم بۆگەن!/ قەت نەمدیوە خاین بە خۆ/ بێژگە هۆرەی سپڵە وەک تۆ/ تفی لێکرد…/ بە شەپان و بە تێهەڵدان/ فڕێی دایە نێو زبڵدان!/ ئەوان چوون و…»

پوازی خاین سووک و چرووک دەکرێت و دەستمزی ناپیاوی و خەیانەت بە نیشتمانی لە نەیاران وەردەگرێ و ئاو ئەکرێ بە مل ئاورا. جا دوای ئەوە شینگێڕی بۆ دارەپیرە دەگیرێ.»

٨- ئاکام و دۆخی کۆتایی: لە وێستەگەی ئاخری ڕیوایەتی دارەپیرە؛ «مقۆمقۆ کەوتە چیا …!/ باڵندەکان، هەواڵێکیان بۆ یەک ئەبرد!/ پیرۆزبایی سەرکەوتنیان لە یەک ئەکرد!/ وتم چیە؟ چی قەوماوە؟/ لە دوای مەرگی دارەپیرە/ جگە خوێن و ئەشک و ماتەم/ چیمان ماوە؟/ وتیان: نابێ بیدرکێنین/ نهێنی و ڕەمز و ڕازە/ دەبێ بە چاو خۆت بیبینی!/ کاتێ چوومە سەر مەزاری دارەپیرە/ بە چاوی خۆم ئەوەم بینی/ گۆپکە و چووزەی چەتری تازە!»

 

ئاکامی وتار

ئەوەی لە ئاکامی ئەم وتارەدا پێویستە داکۆکی لەسەر بکرێتەوە ئەمەیە کە؛ داستانی دارەپیرە چیرۆکەشیعرێکی نوێیە کە ناواخن و ناوەرۆکێ دووپاتە و چەندپاتە و کۆنی «خەیانەت» و «نیشتمان‌فرۆش»ی تیا بەدی دەکرێ. مەلەکشا «ڕەوایەتێکی شاعیرانە» لە مێژووی کوردستان دەگێڕێتەوە کە زەمانێکی خەتیی تیایە، بۆیە شیعرەکەی دەکاتە گێڕانەوەیەک بۆ مێژوو نە «تەعبیرێ شاعیرانە». ئەم نووسراوە هەوڵێکە لە نێوان شیعر و چیرۆک و شانۆدا و بە شێوەی بەینەڕشتەیی بابەتەکە تاوتوێ کراوە و توێژەر بەم ئاکامە گەیشتووە کە داستانی دارەپیرە زەرفییەتگەلی دراماتیک و داستانی تیا دەبینرێت و دەتوانێ ببێتە هەوێنێ بۆ سازکردنی ئەنیمەیشن و شانۆ، ئەڵبەت بە گەشەپێدانی تایبەت. هەروەها زمانێکی پاراو بە کەڵک وەرگرتن لە سەمبولگەلێ خاس، لە خزمەتی پێکهاتەی چیرۆکەشیعرەکە دایە.

لەم چیرۆکەشیعرەدا «کات و شوێن» ڕەها و ئازادە؛ بە وتەیەکی دیکە؛ بە پێچەوانەی ئاسەواری داستانی-شانۆیی کە بە یەک زەمان و شوێنی تایبەتەوە بەستراونەتەوە، کەچی دارەپیرە لە بازنەیەکی زەمانی بێ‌کۆتایی و بێ‌پایاندایە کە ئەم تایبەتمەندییە لە شانۆگەلی سەمبولیک یان فەرامێژوویی زۆر کەڵکی لێ‌وەردەگیرێ.

دارەپیرە دەگونجێتە نێو ئەدەبی خۆڕاگری و بەردەنگ هان ئەدا بۆ بەرخۆدان. چون لای شاعیر ژیان، ئومێد و ململانێ و بەرخۆدانە.

 

شیعری داستانی دارەپیرە بەرھەمی جەلال مەلەکشا

سەرچاوەکان

١- اسکولز، رابرت، عناصر داستان، ترجمەی فرزانە طاهری، نشر مرکز، تهران، ١٣٧٧.

٢- سهرابی، علی، بازآفرینی جنبەهای نمایشی تاریخ بیهقی، نشر افراز، تهران، ۱۳۹۴٫

۳- شاکلی، فرهاد، داستان کوتاە مُدرن کُردی، ترجمەی منیژە میرمکری، نشر آریوحان، تهران، ١٣٩٩.

۴- فرزاد، عبدالحسین، دربارهٔ نقد ادبی، نشر قطره، تهران، ١٣٧٦.

۵- مەلەکشا، جەلال، کۆی بەرهەمە شیعرییەکان، پەخشانگەی پانیز، تاران، ١٣٩٣.

۶- میرصادقی، جمال، ادبیات داستانی، نشر صفا، تهران، ١٣٦٦.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

سەرهەڵگرتن مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت، نوێترین بەرهەمی داستان بەرزان

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *