خانه / اخبار و رویدادها / رەهەندی پەروەردەیی لە رۆمانی ‌ (شاری‌ مۆسیقارە سپییەکان)ی‌ (بەختیار عەلی)دا

رەهەندی پەروەردەیی لە رۆمانی ‌ (شاری‌ مۆسیقارە سپییەکان)ی‌ (بەختیار عەلی)دا

رەهەندی پەروەردەیی لە رۆمانی ‌ (شاری‌ مۆسیقارە سپییەکان)ی‌ (بەختیار عەلی)دا

د. هەرێم عوسمان

رەهەندی پەروەردەیی لە رۆمانی‌ (شاری‌ مۆسیقارە سپییەکان)ی‌ (بەختیار عەلی)دا، نامەیەکی دکتۆرای(چرا بیلال)ە، ساڵی ۲۰۲۲ بە سەرپەرشتی (پ.د. محەمەد بەکر) پێشکەشی کۆلێجی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەدینی کردووە. نامەکە پشتی بە میتۆدی وەسفی شیکاری بەستووە و لە سێ بەش، کە هەریەکە لە دوو تەوەرە پێکهاتوون.

۱
بەشی یەکەم، (بنەماکانی پرۆسەی پەروەردەکردن)، لە سەرەتا چەمک و زاراوەی پەروەردە و مێژووی پەروەردە دەخاتەڕوو، Education کە واتای لێوەرگرتن یان لێدەرهێنان دەگەیەنێت، هەروەها وەک فێرکردن، خوێندن، رۆشنبیری و زانست و زانیاری و فەرهەنگیش دێت. لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرددا دوو مانای سەرەکی پەروەردە و فێرکردنی پێدراوە. لە کوردیشدا پەروەردە وەک بەخێوکراو، رەنێوهێنراو، هەروەها گیاندار یان هەر جۆرە رووەکێک کە بە رەنج بەرهەمهێنرابێ بەکاردێت. پەروەردە لایەنێکی گرنگ و سەرەکییە لە دیاریکردنی شوناسی مرۆڤبوون و شێوازی مانەوەیدا، لەبەرئەوە پەیوەندیی بە چەندین رەهەندی دەروونی، کۆمەڵایەتی، سروشت و ژینگەی تاک و رۆشنبیرییەوە هەیە. هاوکات پەروەردە فرەپسپۆڕییە لەسەرجەمی کایەکاندا بە تایبەت لە فەلسەفە، ئاین، کۆمەڵناسی و سیاسەتدا. کەواتە شێوازی ژیانی مرۆڤ وابەستەیە بە جۆر و شێوازی پەروەردەوە. جۆن دیوی دەڵێ: (مەبەست لە پەروەردە بریتییە لە خودی ژیان نەک ئامادەکاری بێت بۆ ژیان، پەروەردە خۆی گەشەکردن و فێرکردن و بنیاتنان و تازەکردنەوەی پرۆسەی کۆمەڵایەتی و ئەزموونەکانە). رۆسۆ لای وایە پەروەردە سێ سەرچاوەی هەیە، کە دەبێ پێکەوە بگونجێنرێن: (سروشت، خەڵک و شتەکان). 
سەبارەت بە مێژووی پەروەردەش پەیوەستە بە مێژووی ژیانەوە، کە سەرەتا ئەزموونەکان و لاساییکردنەوەیان (لاسایی بە تەمەنەکان) بنەما بووە، بەڵام دواتر بەپێی پێویستیی ژیانی تاک و سیستەمی کۆمەڵایەتی رێک خراوە، ئەم رێکخستنە پەروەردەی تەنیا لە خێزاندا قەتیس نەکرد، بەڵکو بواری بۆ کەسانی شارەزا و ناوەندی تایبەتی کردەوە کە رۆڵ ببینن لە پەروەردەکردنی تاک و کۆمەڵدا. کەواتە لە حوجرەو مزگەوتەکانەوە بۆ قوتابخانە و باخچەی ساوایان تا زانکۆکان پانتایی پەروەردەکردنیان فراوان کرد، لە ئێستاشدا پەروەردە بەشێکە لە فەلسەفەی بەڕێوەربردن و دەوڵەتداری. دواتر باسی ئاڕاستەکانی پەروەردە لەڕووی ئاینی، فەلسەفی، دەروونزانی دەکات، کە ئاین رۆڵی کارای لە پەروەردەی رۆحی، دەروونی و جەستەیی مرۆڤدا بینیوە. پەیوەندیی پەروەردە و فەلسەفەش هێند بەناویەکدا چووە، کە ئێستا کایەی (فەلسەفەی پەروەردە)ی لێکەوتووەتەوە، لەبەرئەوە «دیوی» دەڵێ: (دەتوانین پێناسەی فەلسەفە بکەین بەوەی تیۆرێکی گشتییە بۆ پەروەردە).
پاشان مەڵبەندەکانی پەروەردە لە کوردستان دەخاتەڕوو، کە بەهۆی هەڵکەوتی جوگرافییەوە سروشتێکی چیایی و دەشتاییمان هەبووە، لەبەرئەوە سەرەتا پەروەردە زیاتر ئەزموونخواز و پیشەیی بووە و خێزانیش ناوەندی سەرەکیی بووە. هەروەها مزگەوت و حوجرە و دەزگا و کەناڵە نوێیەکانیش دەورێکی گرنگیان بینیوە و توێژەریش ئاماژەیان پێدەکات.
تەوەرەی‌ دووەمی‌ بەشی‌ یەکەم تایبەتە بە بنەما تایبەتییەکانی‌ ئەدەب و پەروەردە. ئەم بابەتە خۆی‌ لە پەیوەندی‌ی نیوان ئەدەب و پەروەردەدا دەبینێتەوە، کە ئەدەبی پەروەردەیی چالاکییەکی قوڵ و فراوانی لەخۆگرتووە. هەروەها باسی جۆرەکانی‌ ئەدەبی‌ کوردیی‌ لەناویدا، ئەدەبی پەروەردەیی دەکات، کە دەقە ئەدەبییەکانی وەک ئەفسانە، شیعر و پەندەکان هەڵگری‌ ناوەڕۆک و پەیامی‌ پەروەردەیین.

۲
بەشی‌ دووەم: تایبەتە بە رۆمانی‌ پەروەردەیی، کە بنەما و بابەت و شێوازەکانی‌ رۆمانی‌ پەروەردەیی دەخاتەڕوو. توێژەر پێیوایە رۆمان رۆڵێکی هەمەکارەی هونەریی دەبینێت، بواری دروستکردنی جیهانێکی تێهەڵکێش لە واقیع و خەیاڵ دەڕەخسێنێت کە بواری پەروەردە تیایدا گەلێک کارایە. کەواتە رۆمان وەک ئینساکلۆپیدیایەکە کە پرۆسەی‌ پەروەردەی دەروونی و مەعریفی و کۆمەڵایەتی و ئیستاتیکی بەرجەستە دەکات، رۆماننووسانی جیهان لە رێگەی رۆمانەوە دەوریان لە پەروەردەکردنی تاک و کۆمەڵدا بینیوە. هەرچی رۆمانی پەروەردەییە لە کورددا پانتاییەکی فراوانی هەیە، کە جۆرەکانی رۆمانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، دەروونی، فەلسەفی، رۆشنبیری و…هتد، دەوریان لە پەروەردەکردنی تاک و کۆمەڵی کوردەواریدا هەبووە. لێرەدا توێژەر بابەت و جۆرەکانی پەروەردە لە رۆمانی کوردیدا دابەش دەکات:
یەکەم: پەروەردەی دەرونی، کە نموونەی رۆمانەکانی شێرزاد حەسەن دەهێنێتەوە. دووەم: پەروەردەی کۆمەڵایەتی، نموونەی چەندین رۆماننووسی وەک ئیبراهیم ئەحمەد، موکری، عەبدوڵڵا سەراج…هتد، دەهێنێتەوە. سێیەم: پەروەردەی ئاینی، نموونەی رۆمانەکانی عەبدولکەریم فەتاح دەهێنێتەوە. چوارەم: پەروەردەی فەلسەفی، لەم بەشەدا رۆمانەکانی کاروان کاکەسور و بەختیار عەلی بە نموونە دەهێنێتەوە. پێنجەم: لە بواری پەروەردەی سیاسیشدا چەند رۆماننووسی وەک رەحیمی قازی، حوسێن عارف و غەفور ساڵح دەهێنێتەوە. شەشەم: پەروەردەی ئەدەبی و هونەری، بە نموونەی شازادە و شاعیری خوسرەو جاف. پاشان باسی شێوازی پەروەردەیی لە رۆمانی (شاری مۆسیقاره‌سپیه‌كان) دەکات، کە پێیوایە بەپێی سروشتی کەسایەتییەکان و باس و رووداوە جۆراوجۆرەکان دارێژراوە، بەتایبەت لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی، هزری، دەرونی و هونەری و خێزانی، هەروەها چەندین بەهای ئاکاری وەک خۆشەویستی، وەفاداری، لێبوردەیی، راستگۆیی، هاوڕێیەتی، قوربانیدان و هاریکاری لە کەسایەتی کاراکتەرەکاندا بەرجەستەن، هەروەک چەندین رەوشت و لادانی رەوشتی و پەروەردەیی هەن. توێژەر پێیوایە رۆماننووس ویستویەتی جوانی بەرجەستە بکات، لەبەرئەوە لەناو خراپی و شەڕ و ناشیرینی و لادانە پەروەردەییەکاندا، جیهانێکی نموونەیی پڕ لە جوانی و بەهای رەوشتی وێنا کردووە، کە جوانییەکانی ژیان بنەمان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی پەروەردەی تاک و کۆمەڵ. رۆمانەکە واقیعی کۆمەڵگای کوردی لە ۱۹۷۰ تا پاش راپەڕین بە شێوەیەکی هونەری نیشاندەدات، کە تیایدا ئەنفال و کوشتن و شەڕ و وێرانخوازییەکان لەناو ژیانی تاک و کۆمەڵدا بەرجەستە دەکات و پێمان دەڵێت ژیان و ئەخلاق لەناو جەنگدا چۆنە، ئێمە دەکەوینە کوێی جەنگەوە، هونەر چ رۆڵێک دەگێڕێت. هەروەها توێژەر رای وایە رۆماننووس لەناو تەکنیک و رووخسار و رەگەزەکانی رۆمانەکەدا تەوزیفی لایەنی پەروەردەیی کراوە، لەبەرئەوە کەسایەتی رۆشنبیر، زانا، هونەرمەند، بیرمەند و…هتدی هەڵبژاردووە، هەروەها مامۆستا و قوتابی – مناڵی هەڵبژاردووە، وەک ئەوەی مامۆستا مناڵ و قوتابی فێری بەهاکان بکات. 
توێژەر لە پەروەردەی مناڵەوە لە رۆمانەکەدا دەستپێدەکات کە جەلادەتی کۆتر و سەرهەنگ قاسم ئەو رۆڵە دەبینن و ئیسحاق لێوزێڕین، رۆڵی پیر و عارف و مامۆستایەکی بە ئەزموون دەبینێت کە جارێکی تر ئەم دوو مناڵە دروستدەکاتەوە، هەروەها دکتۆر موسای بابک جگە لەوەی پزیشکە، هاوکات رۆشنبیرێکی گەورەشە کە کاریگەریی لەسەر جەلادەت دادەنێت.

۳
بەشی سێیەم، لە تەوەری یەکەمدا جۆرەکانی پەروەردە لە رۆمانەکەدا باس دەکات، بە پەروەردەی دەروونی دەستپێدەکات و پێیوایە لایەنی دەروونی بەشێکی دانەبڕاوی کەسایەتییە، بەپێی پەرەسەندنی کەسێتییش قۆناغی دەروونی جیا جیا دەردەکەوێت. جەلادەتی کۆتر لە مناڵییەوە دایک و باوکی دەمرن، لەبەرئەوە بۆشاییەکی دەروونی گەورەی هەیە، سوهەیلەی براژنیشی کە نموونەی ئافرەتێکی خراپی پەروەردەکردنە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەروەردەی دەرونی جەلادەت هەیە، سەرهەنگ قاسمیش لەلایەن دایک و باوکییەوە خراپ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دۆخی دەروونی دەشێوێت، باوکی ئامێرەکانی دەشکاند، نەیدەهێشت بڕواتە دەرەوە…دەرگای لێ دادەخست، جەلادەت و سەرهەنگ لەم دوو دۆخە هاوشێوەیەدا رادەکەن و پەنا دەبنە بەر ئیسحاق لێوزێڕین، ئەمیش پەروەردەیان دەکات، وەک دروستکردنەوەی دوو مرۆڤی نوێ، کە نەرمی و ئارامی و بڕوابەخۆبوون، ئەوەی لە ژیانی خێزانیدا نەیانبووە، لای مامۆستاکەیان دەیانبێت، ئەمەش سەرەتایەکە بۆ ئەم دوو مناڵە کە بتوانن رۆچن بەناو خۆیاندا و لە خۆیان نزیک ببنەوە: (قوتابییە ئازیزەکانم، هەزاران جادەی نهێنی و شاراوە لەناخی مرۆڤدا هەیە، ناوەوەی ئینسان پڕە لە چاوی تر…)، ئەم مامۆستایە چاوەکانی ناوەوەیان دەکاتەوە و هۆشیارییان دەکات لە خودی خۆیان تا بارە دەروونییە نالەبارەکەی ناو خێزانیان تێپەڕێنن. دواتر نموونەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و ئاینی دەهێنێتەوە، کە ئیسحاق وەک عارفێکیش دەوری پەروەردەکارێکی ئاینی دەبینێت. هەرچی پەروەردەی فەلسەفییە گفتوگۆکانی مامۆستا ئیسحاق و قوتابییەکانی لەسەر چەمکی جوانی و زانین وەک پەروەردەکارێکی فەلسەفی دەرخراوە. پەروەردەی سیاسیش وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی رۆمانەکە لە واقیعی رووداوەکانی ئەنفال و خەباتی چەکداری و کۆڕەو و گەندەڵی شێوەبەندکراوە. کۆتایی تەوەری یەکەم بە باسی پەروەردەی هونەریی کۆتایی دێت.
لە تەوەری دووەمدا توێژەر چەند بەهایەکی پەروەردەیی لە رۆمانەکەدا دەخاتەڕوو، کە دیارترینیان بەها کۆمەڵایەتی، مەعریفی، مرۆیی و هونەرییەکانە. بەهای خۆشەویستی کە چەندین شێوەی لە رۆمانەکەدا پێدراوە، پەیوەستە بە بەهای ئاکاری، مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ئاینیش. خۆشەویستی رووداوێکە کە ژیانی کەسایەتییەکان دەگۆڕێت، گۆڕانیش هەمیشە رەهەندێکی پەروەردەیی هەیە. لەبەرئەوە جەلادەت کە عاشقی دالیا دەبێت سەرجەمی جیهانبینی دەگۆڕێت. بەهای رێز و مامەڵەی جوان لەگەڵ هاوڕێیەتی دوو لەو بەهایانەن کە لە رۆمانەکەدا ئامادەیی بەرچاویان هەیە، برا و براژنی جەلادەت نموونەی بێڕێزین، هاوڕێیەتی جەلادەت و سەرهەنگ نموونەی باڵای پەیوەندیی هاوڕێیەتین، کە وەفا و قوربانی و زەمینە بۆ یەکتر دەرەخسێنن بۆ داهێنان، تا دەگاتەوە ئەوەی لەپاش مەرگی سەرهەنگ، جەلادەت بەدوای هەقی مەرگیدا دەچێت. لەکۆتاییدا توێژەر باسی چەند بەهایەکی تری وەک ئارامی، لێبوردەیی، دادگەری و بڕوابەخۆبوون و…هتد دەکات، لە ئەنجامەکانیشیدا ئەوە دەخاتەڕوو، کە بەختیار عەلی چ لەڕووی تەکنیک و لایەنی هونەری بێت یان لەڕووی ناوەڕۆک و هزرییەوە، ئەوا زەمینەی بۆ بواری پەروەردە رەخساندووە، بەجۆرێک کە رۆمانەکە پەیامی قوڵی پەروەردەی تێدایە. هەروەها پێیوایە رەهەندی پەروەردەیی لە رۆمانەکەدا بەپێی سروشتی بابەتەکان و جۆری رووداوە جۆراوجۆرەکان  بەرجەستە کراوە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

نامزدهای نهایی هفدهمین دوره جایزه ادبی جلال آل‌احمد معرفی شدند

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *