هەژار و ئەرکی پاسەبانی زمان لە وەرگێڕاندا
د. محەمەد ڕەحیمیان
مامۆستا هەژار وەکوو زمانه-وانێک، به بليمايەتی و نبووغێکی زمانيەوه، خۆی به کێشکچی زمان ئەزانێ و له کاتی وەرگێڕاندا، نه شاعيره و نه پەخشان-نووس، نه ناسيۆناليسته و نه نەتەوەپەرەست، نه سياسەتوانه و نه خەباتکار، بەڵکوو وەرگێڕێکی زمانه-وانه که خوليا سەرەکيەکەی، پێکهێنانی دەقێکی کوردی دەروەسته که کەسی کورد لەو دەقەدا، لواوی و توانسته ياسامەندەکان، ئيمکان و ئەگەره شاراوەکان، تەنگاوی و چەمەوازييەکان و هەر وەها لايەنه جوانيناسيەکانی زمانی کوردی بدۆزێتەوه.
له ستراتێژی هەژاردا به هۆی هوشياری زمانی و هەستياريەکی هزرمەندانه له پێناو زمان، هەم تێگەيشتنێکی باش و ورد له وردەکاريەکانی دەقی سەرەکی بوونی هەيه و هەم ريزەکاری و چەمەوازەيی و تەنگەژەکانی زمانی مەبەست له بەرچاو گيراوه و توانست و ئامادەگيەکانی زمانی، خۆيان نواندوه؛ تا ڕادەيەک که له مێژووی وەرگێڕان له وێژەی کوردیدا، وەرگێڕدراوەکانی هەژار و شێوازی وەرگێڕانەکەی، بووه به پێوەر و وەکوو نەريتێکی زمانی و سەرچەنێکی دەوڵەمەند، چوەته خەزێنەی زمان و ئەدەبی کورديەوه.
هەژار ديسان به پێي دەروەستی به زمان و نبووغی زمانی خۆی، بۆ تاقيکاری و دۆزينەوەی توانستەکانی زمانی کوردی، چەن دەقێکی ئێگجار گرينگ و به بواری تەواو جياوازەوه، بۆ وەرگێڕان هەڵئەبژێرێ: زمانی ئايينی قورئان، زمانی مێژوويي شەرەفنامه، زمانی ئەدەبی- فەلسەفي چوارينەکانی خەييام و زمانه تەحليلی و رەخنەئامێزەکەی شەريعەتی. دياره هەرکام لەم بوارانه، هەلێکی جياواز بۆ تاقیکاری زمانی کوردی ئەخولقێنن و وەکوو بابەتێکی جياکار، رێکارێکی جياوزيان بۆ وەرگێڕان پێويسته و چەفتی و چەتوونی تايبەتی خۆيان هەيه.
مەسعوود محەمەد سەبارەت به زمانپاراوی و دەسڕويشتوویی هەژار له وەرگێڕانی کتێبی شەرەفنامەدا دەڵێ: « … که دەمخوێندوەوه نەمدی نەفەسکورتی و يا بڕينی بێدەسەڵاتانه وه يا هەڵاتن له مانای مەبەس يا هەر کەم و کووڕيەک لەوانەی دەبن به هۆی دالەنگاندنی بەرهەمی ئەدەبی و هونەری. … ئەم شێوه نووسينەی مامۆستا هەژار، داهاتێکی تازه دەخاته کۆڕی ئەدەبی و هونەری کوردييەوه».
عەلائەدين سەجادی پێی وايه کتێبخانەی کوردی، به شەرفنامه کورديەکەی هەژار سامانێکی زۆری دەس ئەکەوێت و له دەقه سەرەکيەکه به هێزتری دەزانێت: «ئەگەر کورديەکه وەرگێڕانی فارسيەکه نەبوايه، ئەمتوانی بڵێم داڕشتن و به پێزی ئەم، گەلێ بەهێزتره له فارسيەکە. چونکه جگه لەوەی که به تەواوی ئەو مەعنا و مەفهوومانه که له ئەسڵه فارسيەکەيدا هەن عبارەته کورديەکە، هەمووی داوه به دەستەوه، هێز و پێزيکی ئەدەبيشی بەرانبەر به ئەسڵی زمانه کورديەکه هاتوەته ناوەوه».
له لای مامۆستا هێمن، مەبەستی سەرەکی هەژار له وەرگێڕانەکانیدا بووژانەوەی زمانی کورديه و بۆچوونێکی تايبەتی لەم بابەتەوه هەيه: «ئەو کتێبه به بۆره خزمايەتيش نەچوەته سەر فارسی و هەر زگماک کورديه و به کوردی رسکاوه. سەير لەوەدايه که دەڵێی شەرەفخان و هەژار لێکيان گێڕاوەتەوه»
له وەرگێڕانی هەژاردا، دەنگ و راوێژی هەموو زاراوه و بنزاروه کورديەکان رەنگ ئەداتەوه. به چەشنێک که هەر ئاخێوەرێکی کورد به هەر زاراوەيەک، دەنگ و رەنگ و راوێژی خۆی گوێ لێ دەبێت و دەقی وەرگێڕدراو، دەقێکی تاک رەهەندی و تاک دەنگی موکريانی نييه؛ بەڵکوو هەورامی و هەوشاری و سنەيی و کەلهوری و کرمانجی و هتد، هەريەک به پێی پێويست، هەست به لەحن و راوێژ و ريتمی زاراوەی خۆی له پاڵ زمانی پێوەردا دەکات. بەم شێوەيه کورديەکەی هەژار له وەرگێڕاندا دەبێته هۆی پێکهاتنی سەرچەشنێکی راس و رەسەن بۆ کوردی نووسين.
داگرتنی تەواوی بابەتەکە هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.