آخرین خبرها
خانه / اخبار و رویدادها / رۆمانی (پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو)ی کاروان عومەر کاکەسوور

رۆمانی (پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو)ی کاروان عومەر کاکەسوور

رۆمانی (پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو)ی کاروان عومەر کاکەسوور

کاتێ (ست ژیانەوە دڵاوێر یەزدانبەخش) تەمەنی دەگاتە شەست ساڵ، بڕیار دەدات لە رۆژی لەدایکبوونیدا خۆی بکوژێت. چەقۆیەک دەخاتە ناو جانتای شانی و بەرەو ئەو دەشتە دەچێت. رۆژی لەدایکبوونەکەی رێکەوتی کۆڕەو دەکات، ئەو رۆژەی سوپای بەعس هەولێر دەگرێتەوە. دانیشتووانەکەی دەربەدەر دەبن.(ست ژیانەوە) هەر لە گەڕەکی خۆیاندا دوو منداڵی ساوا، لە دوو شوێنی جیاوازدا دەدۆزێتەوە، سەرەتا کچێک و دواتر کوڕێک، لێرەوە پرسیارە بنەڕەتییەکە دەست پێ دەکات: ئایا کەسێک بڕیاری خۆکوشتنی دابێت، دەکرێت منداڵ هەڵبگرێتەوە و ببێتە دایک، لەکاتێکدا تەمەنی گەیشتووەتە شەست ساڵ؟!
 ئەوە یەکەمجاری نییە بڕیاری خۆکوشتن دەدات، بەڵکو پێشتریش بەردەوام هەوڵی داوە، بەڵام سەری نەگرتووە. هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە لە ناوەوە دوو بەشی جیاوازە، “پێی وایە بەشی راستەی سەرچاوەی هەموو بیرۆکەکانە، بۆیە مەرگ هەمیشە لای ئامادەیە و بە ئارەزووی خۆی هەڵی دەسووڕێنێت، بەڵام بەوەدا جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەوێتە ئەستۆی بەشی چەپەوە، بەو مانایەی پێویستە لە دەرەوە بخرێنە گەڕ، ئەوە رەوتەکە ناگاتە مەرگ، بەڵکو ئاڕاستەی پێچەوانە دەگرێت. دەتوانێت بڵێت ئەو پێنج دەیەیەی تەمەنی بریتی بووە لە هاوکێشەی (مەرگ/ ژیان)، واتە بەردەوام بەشی راست لە ناوەوە بڕیاری خۆکوشتنی داوە و بەشی چەپ هەڵیوەشاندووەتەوە، کە لەمەوە هەستێکی سەیر سەری هەڵداوە و نەیزانیوە چ ناوێکی لێ بنێت”. (ست ژیانەوە) مامۆستای وەرزشە و هەردوو منداڵەکەی دەباتە ئەو ژوورەی لە قوتابخانەکەیدا پێی دراوە. دەیەوێت لەوێ هەم ئاو و خۆراکیان بداتێ و هەم بڕیارێکی دروستیش بدات. بڕیاری ئەوەی ئایا خۆی گەورەیان بکات یان کەسانێک بدۆزێتەوە و بیانداتێ، دیارە ئەمەیش کارێکی سەختە. ئەوە لە کاتێکدایە وا فڕۆکەکان شار بۆردومان دەکەن. خەڵک بە لێشاو رێی کێوان دەگرن، تەنانەت باڵندەکان نایەنەوێت بمێننەوە. لە رۆژێکی وەهادا خەڵک منداڵ فڕێ دەدەن، بەڵام هەڵیانناگرنەوە. هەر بەو دوودڵی و نیگەرانییەوە دەیانباتە کێوان، بێ ئەوەی بگاتە ئەو باوەڕەی ئایا خۆی بکوژێت یان باقیی تەمەنی بۆ ئەوان تەرخان بکات؟ هەر لەناو ئەو نیگەرانییەدا مێژووی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی دەگێڕێتەوە، کە (پەروین)ی نەنکی و (یەزدانبەخش)ی باپیری لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هەولێر جێ دەهێڵن و دەچنە بەغدا. بەبێ رەزامەندیی کەسوکاریان هاوسەرگیریی دەکەن و خۆیان لەوێ دەشارنەوە. پارەیەکی زۆریشیان لێ دەدزن و لەوێ بازرگانیی کوتاڵی پێ دەکەن. بازاڕ شوێنی ململانێیە. هەندێجار دەگاتە ئەوەی بازرگانەکان پەنا بۆ کوشتنی نەیارەکانیان ببەن. (یەزدانبەخش) دەتوانێت ببێتە بازرگانێکی دیار. لە ماوەیەکی کورتدا هەم سامانەکەی گەورە دەکات و هەم دەستەڵاتی خۆیشی لە بازاڕدا دەسەپێنێت،   

لێرەوە پرسیارە بنەڕەتییەکە دەست پێ دەکات: ئایا کەسێک بڕیاری خۆکوشتنی دابێت، دەکرێت منداڵ هەڵبگرێتەوە و ببێتە دایک، لەکاتێکدا تەمەنی گەیشتووەتە شەست ساڵ؟!

بەڵام ئێوارەیەک لە دواوە پەلاماریدەدەن و دەیکــــوژن. لەمــەوە (پـــەروین) شوێنی دەگرێتەوە، لە کاتێکدا سێ منداڵی بەسەردا بە جێ ماوە. گەورەکەیان (دلاوێر)ە، کە دواتر دەبێتە باوکی ئەو (ست ژیانەوە)یەی وا ئەمڕۆ دوو منداڵی ساوای لە کۆڕەودا هەڵگرتوونەتەوە. (پەروین) لە شەڕەژندا دەکوژرێت. راستییەکەی هەر ژنێکی دیکەی کورد، کە بازرگانێکی بازاڕەکەیە و ناوی (گوڵچین مەگروون)ە، پەلاماری دەدات و دوای رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت، دەتوانێت بیخنکێنێت. (لەیلا)ی کچی (پەروین) دەرفەت دەهێنێت و بە شیشێک (گوڵچین مەگروون) دەکوژێت، بەڵام (لەیلا) خۆیشی بەرگەی دیمەنەکە ناگرێت و دڵی دەوەستێت. لەمەوە (دلاوێر) و خوشکێکی، کە ناوی (هالە)یە دەمێننەوە. (هالە) دەدەنە ژنێکی دیکە، ناوی (درەختشان)ە، دووکانەکەیش دەبات بەڕێوە. (دلاوێر) هەر لە منداڵییەوە مرۆڤێکی هەستیارە و ئەم رووداوەی دایکیشی، کە بە چاوی خۆی دەیبینێت، هەستیارییەکەی زیاتر دەکات. شیعر دەنووسێت و تەنیایە. کێشەی گەورەی ئەوەیە نابێت جەستەی بەر جەستەی کەسانی تر بکەوێت. لە گەڕەک و لە قوتابخانەدا وەک کوڕێکی ناسکی دەستەپاچە لێی دەڕوانن. رۆژانە دەکەوێتە بەر پەلاماری خەڵک. لەم رووەوە تووشی کۆمەڵێک کێشە دێت. لە رێی هاوڕێیەکی قوتابخانەیەوە، کە ناوی (سمکۆ پەنگرگر)ە دەچێتە ناو دنیای سیاسەتەوە. ئەگەرچی ئەو هەستیارییەی رێی لێ دەگرێت، بەڵام دواجار هەر تووش دەبێت. لە کۆلیجی یاسا دەخوێنێت و لەگەڵ شەش کەسی دیکەدا یەکەم شانەی کۆمۆنیستی پێک دەهێنن، بەو ئامانجەی ببێتە ناوکی پارتیی کۆمۆنیستیی عێراق. لە شانەکەدا سێ کورد هەن، کە (دلاوێر)، (دڵیهان) و (سمکۆ پەنگرگر)ن. سێ لەو ئەندامانە مێیینەن: (دڵیهان)، (هانا ئیلۆن)ی جوو و (ئەسمەهان ئاریاسان) کە ریشەی بنەماڵەکەی بۆ داغستان دەگەڕێتەوە. (یووسف تۆما) وەک ناوەکەی دەریدەخات کریستیانە. (سەمیر سامی) دەستگیرانی (ئەسمەهان)ە. (دڵیهان) کچی (گوڵچین مەگروون)ی بازرگانە، کە (پەروین)ی دایکی (دلاوێر)ی خنکاند. ئەگەرچی چاوەڕێ دەکرا لە ئاییندەدا ژنێکی وەک دایکی لێ دەربچێت، بەڵام دەبێتە ئەندامی شانەکە و دواتر دەبێتە هاوسەری (دلاوێر)یش، کەچی بەسەر (ژیانەوە)ی نۆبەرەیەوە دەچێت، کە لەمەوە (ئەسمەهان) بۆی دەبێتە دایک. واز لە (سەمیر سامی) دەهێنێت و شوو بە (دلاوێر) دەکات. هەموو ئەندامان دەگیرێن و لەژێر ئەشکەنجەدا دەمرن، تەنیا (ئەسمەهان) دەمێنێتەوە، چونکە ئامادەیە پاکانەنامە ئیمزا بکات و تا ماوە بە لای سیاسەتدا نەچێتەوە. (ژیانەوە) دەهێنێتە هەولێر و لەوێ گەورەی دەکات. ئەوە هێڵی گشتیی رۆمانەکەیە، بەڵام کۆمەڵێک هێڵی تایبەتیش هەن، کە هەر یەکەیان کۆمەڵێک چیرۆکی ورد لە خۆیان دەگرێت. لە دەقەکەدا چەندان شێوازی گێڕانەوە و تەکنیکی جیاواز بەکارهاتوون. دەیەها کارەکتەر تێیدا چالاکن و هەر یەکەی چیرۆکی خۆی هەیە، وەک چۆن هەر یەکەی لە دیدگەی خۆیەوە دەڕوانێت. زمانی رۆمانەکە چڕ و ئاماژەدارە، زمانێکە دەچێتە قووڵایی شتەکان و رەهەندە نەبینراوەکانیان دەردەخات، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش رەخنە لە تێگەیشتنەکان دەگرێت بەتایبەتی کاتێ یەکەم شانەی کۆمۆنیستی دادەمەزرێت. بە هەمان شێوە کاتێ (ئەسمەهان) لە هەولێر (فەرهاد زامکۆ) دەناسێت، کە پیاوێکە لە بواری سیاسەتدا کاردەکات و دەیەوێت (ئەسمەهان) بۆ دنیاکەی خۆی رابکێشێت. 

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

رۆمانی (پەنجەرەکانی ماڵێکی ناتەواو)ی کاروان عومەر کاکەسوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *