مێژووی سلێمانی لەدیدی میران ئەبراهام-ەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
رۆمانی(خانەقای میرزا) لە نووسینی میران ئەبراهام، یەکێکە لەو رۆمانە جوانانەی لە ماوەی پێشوودا خوێندمەوە و مایەی سەرنج و تێڕامانم بوو. هەربۆیە لەپاش خوێندنەوەی حەزمکرد چەند سەرنج و تێبینییەکی خۆم بنووسم، ئامانجی سەرەکیشم ناساندنی ئەم رۆمانە جوانەیە بە خوێنەری کورد.
پانۆرامایەک بەناو مێژووی شاری سلێمانییدا
دەتوانم بڵێم ئەم رۆمانە وەکو پانۆرامایەکی مێژوویی خێرایە بەناو مێژووی شاری سلێمانیدا، لە سەرەتای ساڵانی چلەکانەوە دەستپێدەکات هەتاوەکو کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی پێشوو. لێرەشدا نووسەر ماڵی(میرزا کەریم) دەکاتە مەیدانی رۆمانەکەی، پاڵەوانی سەرەکیی رۆمانەکەش شاعیر و تێکۆشەری ناسراوی کۆمۆنیست(جەلالی میرزا کەریم)ە.
سەرەتای رۆمانەکە لە ماڵی میرزا کەریم دەستپێدەکات، ئەم ماڵە کە نازناوی (خانەقای میرزا)ی لێنراوە، دەبێتە بنکەی سەرەکیی بۆ زۆرێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حزبی شیوعی و ئەدیبان و نووسەرانی شاری سلێمانی. هەر لێرەشەوە تیشک دەخرێتە سەر بەشێکی زۆری کار و چالاکییە سیاسیی و ئەدەبیی و فەرهەنگییەکانی ئەم شارە. هەروەها لە رێگەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی جەلالی میرزا کەریم-ەوە، کۆشکی رۆمانەکەی دروستدەکات.
جەلالی میرزا کەریم شاعیر و ئەدیب و رۆژنامەنووس و تێکۆشەرێکی دێرینی شاری سلێمانی بووە، لەرێگەی ئەویشەوە باسی ئەدیب و شاعیر و نووسەر و سیاسیی و بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شاری سلێمانی دەکات. باسی نوخبەی نووسەرانی کورد دەکات، وەکو(پیرەمێرد، قانیع، فایەق بێکەس و پاشانیش شێرکۆی کوڕی، کامەران موکری، حسێن عارف، د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ، عەلادین سەجادی و زۆری تریش). پەلیش دەهاوێت بۆ هەولێر و رۆژهەڵاتی کوردستان و باسی شاعیران و نووسەرانیان دەکات، لەوانە:(عەبدوڵلا پەشێو، سەعدوڵڵا پەرۆش، جەمیل رەنجبەر و عەبدولرەحمانی زەبیحی)
رووداوە سیاسییەکان
نووسەر لە رێگەی بەشداریی کردنی ئەندامانی ماڵی میرزا کەریم -ەوە لە چالاکییە سیاسییەکاندا بەتایبەتی لەناو رێکخستەکانی حزبی شیوعیدا، باسی تەواوی رووداوە سیاسییەکان دەکات هەر لەسەردەمی پاشایەتی، رژێمی قاسم و پاشان رژێمی بەعسەوە. هەروەها پانتاییەکی باشی بۆ جەنگ و ململانێکانی نێوان شیوعییەکان و پارتییەکان تەرخان کردووە.
رووداوە ئەدەبییەکان
بە حوکمی ئەوەی جەلالی میرزا کەریم شاعیر و ئەدیب و رۆژنامەنووس بووە، ئێمە ئاگاداری چالاکییە ئەدەبییەکان و بازنەی ئەدیبان دەبین. لەهەمان کاتیشدا تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان ئەدیب و نووسەرەکان لەو سەردەمانەی کە نووسەر باسیان دەکات، بەتایبەتی لە ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتاکاندا. هەروەها ئاگاداری رەوشی رۆژنامەگەریی دەبین لەبەغدا بەتایبەتی رۆژنامەی هاوکاری. هەورەها چالاکییە ئەدەبییەکان، لەوانە: روانگە و دامەرزاندنی کۆڕی زانیاریی کورد، یەکێتیی نووسەران و چالاکییە ئەدەبییەکان. نووسەر توانیویەتی لەرێگەی بازنەی پەیوەندییەکانی جەلالی میرزا کەریمەوە، هەڵوێستی نووسەران و شاعیرانی ئەوکاتە دەربخات، بەتایبەتی لەبارەی حزبەکانەوە، هەروەها جەنگ و ململانێ توندەکان کە لەناو نووسەران و ئەدیباندا دروست بووە.
بەرکەوتەی شارستانی
جگە لە رووداوە سیاسیی و ئەدەبییەکان، نووسەر توانیویەتی تیشك بخاتەسەر مەسەلەی چۆنێتی مامەڵەکردنی خەڵکی لەگەڵ شارستانیی مۆدێرندا بەتایبەتی تەکنۆلۆژیای نوێ، بۆ نموونە لەشوێنێکدا باسی ئەوە دەکات چۆن لە شاری کفری، دەروێشەکان و خەڵکانی ئایینی، دژی بەکارهێنانی گرامافۆن خۆپیشاندانیان کردووە و بە کارێکی شەیتانیان وەسفکردووە.
جووەکانی شاری سلیمانی
خاڵێکی گرنگی تر کە ئەم رۆمانە باسی دەکات، ژیانی جووەکانی ناو شاری سلێمانی و دەروبەریەتی، بەتایبەتی لەپاش بڕیاری دەرکردنی جووەکان لە عیراق. لێرەدا نووسەر تیشکی خستۆتە سەر یەکێک لە قۆناغە ناخۆش و تراژیدییەکانی ئەم شارە، کە پەیوەندیی بە یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکانی شارەوە هەبووە، ئەویش جووەکانە. لەم رۆمانەدا لە رێگەی چەند رووداوێکەوە ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە، هەندێک چاوچنۆک و تاڵانچی چۆن هەوڵیانداوە، دەست بەسەر سامان و ماڵی جووەکاندا بگرن و سوودیان لەو رووداوە وەرگرتووە، تاوەکو دەستبکەن بە تاڵانیی و بردنی ماڵی جووەکان.
شێخ لەتیفی حەفید
هەمیشە بنەماڵەی شێخ مەحمود بەشێوەیەکی پۆزەتیف لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا باسکراون، بەڵام ئەم بنەماڵەش وەکو هەموو دەسەڵاتدارێکی تر، لایەنی باش و خراپیان هەبووە. لەم رۆمانەدا باسی رووداوێک دەکات پەیوەندیی بە شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحمود-ەوە هەیە، کە چۆن جووتیارەکانی دەڤەری عەربەتی چەوساندۆتەوە و ئاوی لێگرتوونەتەوە، ئەوانیش هاتوون بۆ سلێمانی خۆپیشاندانیان کردووە، ئەویش نەک گوێی بۆ داواکارییەکان نەگرتووە، بگرە لە رێگەی پیاوەکانییەوە کەوتۆتە گیانی ئەو جووتیارە هەژارانە و لێیانداون و گاڵتەیان پێکردوون.
شیوعییەکان لە ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتاکاندا
سلێمانی وەکو شارێکی زیندوو، هەمیشە جێگەی ململانێی سیاسیی بووە. حزبە کوردی و عیراقییەکانیش هەوڵیانداوە ئەندام و لایەنگریان لەم شارەدا هەبێت. بەداخەوە لەو ململانێیەدا زۆرجار توندوتیژیی بەکارهاتووە، بەتایبەتی لە ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتاکاندا، لەلایەن پارتییەوە پەلاماری ئەندام و لایەنگرانی حزبی شیوعی دراوە. لەم رۆمانەشدا لە رێگەی گێڕانەوەی چەندین رووداوی دڵتەزێنەوە، باسی ئەو پەلاماردانانە دەکات بەرامبەر بە شیوعییەکان کراوە.
رۆڵی تورکیا لە کودەتای ۱۹۶۳ ی بەعسییەکان و مەنعەتەجەولی زەعیم سدیق دا
کودەتای شوباتی ۱۹۶۳ یەکێکە لە رۆژە خوێناوییەکانی مێژووی عیراق و باشووری کوردستان. نووسەر هەوڵیداوە تیشکێک بخاتە سەر ئەو رۆژە خوێناوییە، کە چۆن حەرەس قەومییەکان، خوێن و کوشتن و گرتنیان بە دیاریی بۆ خەڵکی شاری سلێمانی هێناوە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، باسی رۆڵی تورکیا دەکات لەم کارەساتەدا. جەلالی میرزا کەریم پاش چەندین ساڵ کتێبێکی بەردەست دەکەوێت، بە تورکی نووسراوە، بیرەوەریی چەند جەندرمەیەکی تورکییە باسی ئەو رۆژانە دەکەن و خۆیان بەشداربوون لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی سلێمانیدا، ئەمەش لەرووی مێژووییەوە خاڵێکی گرنگە و پێشتر باس نەکراوە.
چەند سەرنجێک
لەگەڵ بوونی چەند خاڵێکی جواندا، بەڵام ئەم رۆمانەش بەدەر نییە لە کەموکورتی و رەخنە. کاتێک خوێنەر رۆمانەکە دەخوێنێتەوە، هەست دەکات زیاتر ئەمە بیرەوەرییە نەک رۆمان، هێندە وردەکاریی تێدایە دەڵێیت بیرەوەریی جەلال میرزا کەریم-ە، چونکە ناوی کەسەکان و شوێنەکان و تەنانەت رووداوە مێژووییەکانیش، هەموویان راستەقینەن. بۆیە من کە ئەم رۆمانەم خوێندەوە وام هەستکرد ئەمە بیرەوەریی جەلالی میرزا کەریم بێت و نووسەر دووبارە دایڕشتبێتەوە، چونکە زۆرکەم رەگەزی رۆمانی تێدایە، بۆ نموونە (رەگەزی کتوپڕ، گرێی ئەدەبی، و دیالۆگ و مۆنۆلۆگ) هیچ لەمانەی تێدا نییە، ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە.
خاڵێک کە مایەی سەرنجم بوو بەشی کۆتایی رۆمانەکەیە، ئەو کاتەی جەلالی میرزا کەریم لە ئەمریکا(شیرکۆ بێکەس) دەبینێت، ئەم بەشە زیاتر دەڵێیت دادگایەکە نووسەر بۆ لێپرسینەوە لە شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو، دایناوە. لێرەدا رەخنەی توند لە شیرکۆ دەگرێت، هەروەها عەبدوڵڵا پەشێو-یش تاوانبار دەکات بەوەی شیعرێکی جەلالی میرزا کەریمی بردووە.
من نازانم هۆکاری چییە، نووسەر ئەم بەشەی وا داڕشتووە؟ ئایا ئەمە لە بیرەوەرییەکانی جەلالی میرزا کەریم دا هاتووە، یان هەر خۆی بەوجۆرە دایناوە؟ ئەمەش لەکاتێکدا شیرکۆ بێکەس چەند ساڵێکە کۆچی دوایی کردووە و ناتوانێت بەرگریی لەخۆی بکات. ئەم شەڕفرۆشتنە بە مردوو کارێکی جوان نییە و دوورە لە ئاکاری ئەدەبییەوە، بەڵام سەبارەت بە عەبدوڵڵا پەشێو ئاساییە، چونکە ئەو خۆی ماوە و دەتوانێت بەرگریی لەخۆی بکات و تۆمەتی دزینی شیعری جەلالی میرزا کەریم رەتبکاتەوە.
لەکۆتاییدا دەتوانم بڵێم ئەم رۆمانە یەکێکە لەو کارە ئەدەبیانەی لەرێگەیەوە دەتوانین بەشێک لە مێژووی شاری سلێمانی-مان دەستبکەوێت، هەروەها ئاگاداری خەبات و تێکۆشانی شاعیر و نووسەر و خەباتگێڕی ناسراو(جەلالی میرزا کەریم) بین. هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ رۆماننوس(میران ئەبراهام) دەخوازم.