خانه / اخبار و رویدادها / کتێبی «ڕێگەیەکی دیکە» چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی «ڕێگەیەکی دیکە» چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی «ڕێگەیەکی دیکە» چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی «ڕێگەیەکی دیکە» لە نووسینی لازۆ ئازاد و لە لایەن چاپخانەی کارۆ لە شاری سلێمانی چاپ و لە وڵاتی بەریتانیا بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە کە لە نۆ بەش و ۶۶ لاپەڕە پێکهاتووە، کتێبێکی زانیاری و هۆشدارییە کە قسە لەسەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ناو ژیانی خێزانی دەکات. بۆ نووسینی ئەم کتێبە نووسەر پشتی بەستووە بە سەرچاوەی ئەکادیمی و داتا و ئاماری دەزگای تاوان لە هەرێمی ئینگلەندی بەریتانیا و بەشێکی تر لە زانیارییەکان لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە بەدەست هێنراوە. بە وتەی نووسەر: «ئەم کتێبە هاوکاری خوێنەر دەکات کە پێوەندی ناتەندروستی خێزانی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان و دایکان و منداڵان بناسێتەوە و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی کەسەکە و هەروەها شێواز و فۆرمەکانی ئەم دیاردە ناتەندروستە خێزانییەمان پێ دەناسێنێت. ئەم کتێبە خوێنەر ئاشنا دەکات بە زانیاری یاسایی و هاوکاری و خزمەتگوزاری بۆ قوربانیانی ئەم دیاردەیە لە بەریتانیا».
جێگای ئاماژەیە کە ئەم کتێبە بۆ هەموو ژنانی کورد لە بەریتانیا بێبەرانبەرە و دانیشتوانی ئەم وڵاتە دەتوانن لە ڕێگەی پەیجی فەرمی لازۆ ئازادەوە لە فەیسبوک) لازۆ ئازاد – (Lazo Azadزانیاری لەسەر شێوازی دەستکەوتنی کتێبەکە بەدەست بھێنن. کتێبی «ڕێگەیەکی دیکە» تا ئێستا لە کۆنفرانسی زمانی دایک کە «ڕێکخراوەی کانگا» لە لەندەن سازی کردبوو و هەروەها لەڕێگەی سیمینارێکەوە کە لە لایەن «ڕێکخراوی خێزانی ئاسوودە» لە بیرمێنگهام بڵاو کراوەتەوە و بە خەڵک ناسێندراوە. هەروەها کۆمەڵەی کولتووری بیرمێنگهام لە ڕێکەوتی ۱۴ی حوزەیران چالاکییەک بۆ ئەم کتێبە بەڕیوە دەبات.

ناساندنی نووسەر:

لازۆ ئازاد ساڵی ۱۹۸۵ لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی وپاشان تا پۆلی دووی ناوەندی لە دواناوەندی ژینی کچان بووە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ەوە لەگەڵ خانەوادەکەیدا کوردستانیان بە جێ هێشتووە ولە وڵاتی سوید خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی، بەشی وێژەیی تەواو کردووە. پاشان لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی نیومان لە بەریتانیا خوێندوویەتی و ناونیشانی خولی خوێندنەکەی «کارکردن لەگەڵ منداڵ و گەنج و خێزان» بووە، لە ساڵی ٢٠١٥دا بەکالۆریۆسی بە دەست هێناوە و ناونیشانی تێزی بەکالۆریۆسەکەی «بۆچی ژنان لە ئینگیلتەرا ڕاپۆرتی توندوتیژیی خێزانی ناکەن – لە دیدێکی پیشەگەرانەوە» بووە. لە ساڵی ٢٠١٩ لە هەمان زانکۆ لە بواری «کارکردن لەگەڵ گەنجان و کۆمەڵگا»دا بڕوانامەی ماستەری بە دەست هێناوە.

ناوبراو پێش ئەم کتێبە، دوو کتێبی دیکەی لە چاپ داوە کە بریتین لە:

* کتێبی «شازادەی کۆشکی ڕەش»، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە ساڵی ٢٠١٣دا بڵاویان کردووەتەوە.

*کتێبی «نووسینەوەی هەزار و یەک خەون»، ناوەندی غەزەلنووس لە ساڵی ٢٠١٦دا بڵاویان کردووەتەوە.

هەندێک لە کارانی لازۆ ئازاد:

لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٩ ئەندامی دەستەی نووسەرانی بێسنوور بووە لە شاری بێرمینگهام لە بەریتانیا.

لە ساڵی ٢٠١٢دا خەڵاتی دووەمی فێستیڤاڵی گەلاوێژی بۆ دەقی (کوژراوەکان) وەرگرتووە.

لە هەردوو دیداری فیلمی کوردی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤دا لە شاری بێرمینگهام ئەنجامدرا، سەرپەرشتیاری هونەری و ئەندامی بۆرد بووە.

لە ساڵی ٢٠٢٤ لە یادی ٢٣٩ ساڵەی شاری سلێمانیدا خەڵاتی ڕێزلێنانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی پێبەخشراوە.

لازۆ ئازاد بە بەردەوامی و بە خۆبەخشانە بە زمانی کوردی زانیاریی دەربارەی خوێندن لە بەریتانیا و هەروەها دەربارەی خزمەتگوزارییەکانی شاری بێرمینگهام بۆ هاونیشتیمانیان بڵاو کردووەتەوە.

دەقەکانی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییەکانی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کراونەتەوە، وەک پاشکۆی کوردستانی نوێ، ڕەخنەی چاودێر، ئەدەبی سەردەم، گۆڤاری هەنار، باران و ماڵپەڕی باڵندە.

هەروەها هۆنراوەکانیشی بۆ زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و ئیسپانی و دانی وەرگێڕاون. یەکێک لە هۆنراوەکانی لە کتێبی «لەشی من هیی تۆ نییە» کە ئەنتۆلۆژیایەکی شاعیرانی مانچستەر و سلێمانییە، لە یادی ڕۆژی جیهانیی وەرگێڕان لە ساڵی ٢٠٢١دا لە سلێمانی بڵاو کراوەتەوە.

لە ئێستادا، لازۆ ئازاد ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیارانی ڕێکخراوی کانگایە لە لەندەن، ئەندامی بۆردی فێستیڤاڵی فیلمی کوردییە لە بێرمینگهام هەروەها لە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتیدایشدا ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتیە.

ئامادەکردنی هەواڵ: ئەحمەد عەبدولحەکیمی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

چوارەمین کۆڕەشێعری ساڵانەی کــوردیی «تا زرێبـار و دێڕێک»

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *