خانه / اخبار و رویدادها / کتێبی (بەکورتی) خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد

کتێبی (بەکورتی) خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد

کتێبی (بەکورتی) خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد

هەمزە قادر ژاژڵەیی

کتێبی (بەکورتی) لە نووسینی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە و بریتییە لە ۱۰۴ بابەتی  کورتی جۆراوجۆر، زیاتر بیرەوەرییە لەگەڵ هەندێک زانیاری و بۆچوونی کەسیی خۆی  دەربارەی رووداوەکانی رۆژ، ساڵی۲۰۲۴ لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی لەسەر ئەرکی کافیە سلێمان بە تیراژی۲۵۰۰ دانە، بەسەرپەرشتی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکە چاپکراوە، ئاکۆ غەریب لە جیاتی مۆزەخانەکە، پێشەکییەکی کورتی بۆ نوسیووە، کتێبەکە لە  ۲۷۴ لاپەڕە پێکدێت.
هێرۆ خان هەوڵیداوە بە کوردییەکی رەوان و سادە بنووسێت و کێشەکان یان ئەنجامەکەی زۆر بەکورتی ئاماژە پێداوە. ئەو لە خێزانێکی خوێندەواری رۆشنبیر و سیاسیی وەکو مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد پەروەردە بووە و کاریگەریی مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵای خاڵیشی لەسەر بووە. هەم ئاستی زۆر بەرز بووە و بەزوویش تێکەڵی خەبات و  کاری سیاسیی و چالاکیی رێکخراوەیی و حزبی بووە و نەیتوانیوە بە ویست و توانای خۆی درێژە بە خوێندن بدات. ئەو هەم لە ماڵەوە بۆ خوشکەکانی و لە ژیانی خێزانی لەگەڵ مام جەلال و هەڤاڵانی پێشمەرگە،  زۆر خۆنەویست بووە و کەمترین داواکاریی تایبەتی هەبووە و بە نان و چایەک قەناعەتی کردووە. زۆر گوێی بە جلی ئاڵا و واڵا نەداوە و بە شێوەیەک هەستی ناسک و میهرەبانە، کە حەز ناکات تەنانەت مشک و کوللەش بکوژێت، ئەو حەزی بە تێکەڵاوی سروشت و دنیای دەرەوەیە و دەتوانێت ماوەیەکی باش بەدیار دڵۆپەی باران و سەمای گەڵایەک و گمەی کۆترێک رابمێنێ و چێژیان لێ دەبینێ. کەم خۆرە، ماستاو و درۆکردن نازانێ، بەڵام زۆر موراعاتی کەسی بەرامبەر دەکات و زۆر نەگاتە تینی، خەڵک ناشکێنێتەوە، زۆر رقی لە دەست ماچکردنە، بەڵام بە شانازییەوە دەستی دایک و باوکی شەهیدانی ماچ کردووە.
هێرۆخان لە ژیانیدا هەزاران کەسی بینیوە و ناسیووە و تێکەڵاوی زۆر کەس و خانەوادەش بووە، بەڵام ناوی زۆری نەنووسیوە، لە سیاسییەکان، دکتۆر لەتیف رەشید و جەبار فەرمان و کافیە سلێمان و خەجۆ، لە هونەرمەندان، حسێن میسری و باست حەمە غەریب، لە کەسانی ئاساییش، رەحمان چۆمانی و شەهید فاروقی زۆر خۆشویستووە. 
ئەو زۆر رقی لە درۆ و ماستاوکردن و خۆبردنەپێشەوەیە و پێیوایە ئەوە جۆرێک لە کۆیلایەتی دروست دەکاتەوە. لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی ژنانی کوردستانە، هەروەها دەزگا و تەلەفزیۆنی خاک و گۆڤاری خاک و کۆمپانیای سولی فیلمی دامەزراندووە و هاوکاریی زۆری سەنتەری گەنجانی کردووە.
 لە هەر شوێن و وڵاتێک شتێکی جوان و پێشکەوتووی بینیبێ، گریانی بۆ حاڵی کورد هاتووە و هەوڵی زۆری بۆ داوە، ئەو بەگشتی هەستی ناسکە و حەزی لە ئاواز و گۆرانی خاوە و لەگەڵ دەنگی شەجەریان دەچێتە دنیای خەیاڵەوە و روحی تێر دەکات،
ئەو پێیوایە، کورد لە نەتەوەکانی تر دواکەوتوتر نییە و لە زۆر رووەوە، لە پێشەوەیە و تاڕادەیەکی باش، ژنان ماف و سەربەستییان هەیە، لە باسێکدا دەڵێت: (لە ساڵانی هەشت سەدەکان، دوو ژنی ئەوروپایی بۆئەوەی بتوانن بنووسن، ناچاربوون ناوی خۆیان گۆڕیوە بۆ ناوی پیاو، فەرەنسییەکەیان بەناوی جۆرج ساند و بەریتانییەکەیان بەناوی جۆرج ئێلیۆت، بەڵام ماه شەرەف خانم، بەناوی مەستورەی ئەردەڵانی شیعر و بابەتی مێژوویی نووسیوە.)
ماوەتەوە بڵێین خۆزگە هێرۆخان هەموو نووسین و بیرەوەرییەکانی چاپ و بڵاودەکردەوە، چونکە دەبنە سەرچاوەیەکی مێژوویی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و عیراق و خەڵکی کورد دەتوانن سوودیان لێوەربگرن، خوێندنەوەیان چێژێکی زۆر بە خوێنەر دەگەیەنێ و لە رووی زمان و رێنووس و وشەسازییشەوە، سوودی زۆری دەبێت.
لە کۆتاییدا داواکارم لە خوای گەورە، تەندروستی باش بکات و بەزوویی بگەڕێتەوە بۆ ناو دنیای نووسین و رۆشنبیری.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

پیوند ادبیات و سینما درروز ادبیات کودک ونوجوان

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *