کتێبی «گەلاوێژی شاعیران» چاپ و بڵاو کرایەوە
کتێبی «گەلاوێژی شاعیران» (ژیان و بەرهەمی شاعیرانی کۆیە) لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی دابان وهاب سوارە چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە لە بەرواری ۷ی تەموز لە مەراسیمێکدا لە شاری کۆیە و بە بەشداری هەندێک لە زانایان و قەڵەم بە دەستانی شاری کۆیە بە خەڵک ناسێندرا.
دابان وهاب سوارە لەسەر ئەم کتێبە بە ماڵی کتێبی کوردی دەڵێت: «ئەم پەرتووکە پێکهاتووە لە ۳۸۰ لاپەڕە کە باسی ۸۳ شاعیری شاری کۆیە و دەوروبەری شاری کۆیە دەکات. کتێبەکە پێک دێت لە ئەو شاعیرانەی کە کۆچی دواییان کردووە و ئەو شاعیرانەی کە ئێستاش لە ژیاندا ماون. هەر یەکەیان کورتەیەک لە ژیاننامە و بەرهەمە شیعری ئەو شاعیرانە لەگەڵ وێنەی شاعیرەکان لە کتێبەکەدا دانراوە».
دابان لە درێژەی قسەکانیدا بە ماڵی کتێبی کوردی دەڵێت: «ئەم کتێبە بەرگی یەکەمە و بەشێک لە شاعیرانی کۆیەی تێدایە و تەنها ئەوەندەی تێدا جێ بۆتەوە. هەر شاعیرێک کە ناوی لەنێو ئەو کتێبەدا هەیە، هەموو نازناوی شاعیریەتییان پاراستووە و پارێزگارییان لە ئەو نازناوە کردووە. لە ئەم کتێبەدا بەشێکی زۆری شاعیران ناویان نەهاتووە کە ئەمە بە مانای ئەوە نیە کە شاعیر نەبووبێتن، نەخێر ئەوانیش زۆر بەتوانا بوون بەڵام دەست نەگەیشتن بە سەرچاوە بوو بە هۆی ئەوە کە بەرهەمەکە دەوڵەمەندتر نەکەن و هیوادارم لە بەرگی دیکە ناوی ئەو شاعیرانە بهێنین کە لە بەرگی یەکەمدا ناویان نیە.
دابان لە کۆتاییدا وتی: «ئامانجم لە ئەم پەرتووکە ئەوەیە کە بتوانم خزمەتێک بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی بکەم و بتوانم ئەو نەوانەی کە لەژێر دەستی مندا پەروەردە دەبن، ئاشنای ئەو شاعیرانە بن کە لە شاری کۆیەدا هەیە و ئەم پەرتووکە لە شوێنانی دیکەی کوردستان بڵاو ببێتەوە کە هەموو کوردستان ئاشنای شاعیرانی شارەکەم بن».
شیاوی باسە کە جگە لە پێشەکی نووسەر، پڕۆفیسۆر دەریا حەوێزی پێشەکییەکی لە ئەم کتێبەدا نووسیوە کە لە سەرەتاوە دانراوە. هەروەها دابان وهاب سوارە کە خۆی کاری شێوەکاری دەکات، وێنەی هەندێ لە ئەو شاعیرانەی لە کتێبەکەدا کێشاوە.
ناساندنی نووسەر:
دابان وهاب سوارە کوێخا محەمەد ساڵی ۱۹۹۶ی زایینی لە گوندی پێبازۆکم سەر بە شاری کۆیە لەدایکبووە. ناوبراو دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی کۆیەیە کە ساڵی ۲۰۱۸-۲۰۱۷ کۆلێژی تەواو کردووە. دوای تەواوکردنی کۆلێژ لە قوتابخانەی نەوەی دواڕۆژی بنەڕەتی ئینگلیزی ناحوکمی کاری فێرکاری زمان و وێژەی کوردی کردووە و تا ئێستاش بە کاری وانەبێژی لەو قوتابخانانە بەردەوامە. جگە لە کاری مامۆستایەتی ماوەی حەوت ساڵە سەرقاڵی کاری وێنەکێشانە و بەشداری چەندین پێشانگای شێوەکاری شاری کۆیە و شارە جیاوازەکانی تری کوردستانی کردووە. لەبواری خۆشنوسیشدا هەڵگری بڕوانامەی «خەتی نەسخ»ە و لە خولە جیاوازەکانی تایبەت بە خۆشنووسی خزمەت بە فێرخوازانی شاری کۆیە دەکات.
پێشەکی نووسەر لە سەرەتای کتێبەکە:
قەڵەمی حەوت ڕەنگ نووسەر و شاعیری گەورەی شاری کۆیە مامۆستا کەریم شارەزا لە بەرگی دووهەمی کتێبی «کۆیە و شاعیرانی»دا دەڵێ: «کاروانی شێعر و شاعیران لەم شارە ناپسێتەوە… نەوە دوای نەوە گڕی شیعر هەڵدەستێتەوە». گومان لەوەدا نییە کۆیە خاوەنی سەدان هەڵکەوتەی نووسەر و بەهرەمەندە لە هەموو بوارەکانی نووسیندا. کۆیە لە ڕابردوو و لە ئێستادا سەدان شاعیری تێدا هەڵکەوتووە نەبوونی سەرچاوەی پێویست و دەست نەگەیشتن بە ژیاننامە و بەرهەمەکانیان هۆکار بووە لە ئاماژە پێکردنیان لەم پەرتووکە. جێگەی ئاماژە پێدانە بەشێک لە شاعیران تا ئێستا دیوانی چاپکراویان نییە. بەڵام بە پێویستم زانی ئەم پەرتووکە دەوڵەمەندتر بکەن بە ژیاننامە و بەرهەمە شیعرەکانیان. ئەگەر بەپێی خزمەت لێکی بدەینەوە ساڵانێکی زۆر خزمەتیان کردووە. بەڵام بە ھۆی هەر هۆکارێک بووبێت نەیانتوانیوە بەرهەمە شیعریەکانیان لە دووتوێی کتێبێکدا بە چاپ بگەێنن. ئامانج لەم پەرتووکە زیندووکردنەوەی بەرهەمی شاعیرانی کۆچکردوو و ناساندنی ژیاننامە و بەرهەمی شاعیرانی زیندووی ئەم شارە بە نەوەکانی داھاتوومان. درود بۆ گیانی پاکی کەڵە شاعیرانی کۆچکردوو و هیوای تەمەن درێژی و هەرمان بۆ شاعیرانی لە ژیاندا ماون. ئومێدوارم توانیبێتم بەم بەرهەمە مەڵۆیەکم خستبێتە سەر خەرمانی ئەدەبیاتی کوردی و خزمەتێکی بچووکی شاعیرانی شارەکەم کردبێت. هەر بەرهەمێک لەهەر بوارێک کە ئەخوڵقێت بێ کەم و کۆڕی نابێت. ئەم بەرهەمەش بەدەر نییە لە کەم و کۆڕی و هەر کەم و کۆڕییەک درکی پێبکرێت لەلایەن خۆێنەران و ئەدیب دۆستان لە چاپی داهاتوو هەوڵی چاککردنی دەدرێت.
لە پشتی بەرگی کتێبەکە ئەم تێکستە نووسراوە:
کاروانی شیعر و شاعیران لەم شارە ناپسێتەوە، نەوە دوای نەوە گڕی شیعری هەڵدەستێتەوە.
ئامادەکردنی هەواڵ: ئەحمەد عەبدولحەکیمی
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.