کۆڕی پەردەلادان لە کتێبی «هەڵمێکی گەوجی بەنەوش» لە سنە بەڕێوە چوو
کۆڕی پەردەلادان لە کتێبی «هەڵمێکی گەوجی بەنەوش» یەکەم بەرهەمی شاعێر ئەحمەد کەریمی ناسراو بە هەڤاڵ، رۆژی پێجشەممە ۱۳ی خەرمانانی ۱۴۰۴ هەتاوی لە کافە کتێبی «کاڵ» لە شاری سنە بەڕێوە چوو.
لە ئەم کۆڕەدا وەک میوان ؛چەند شاعیری بەناوبانگ و چەند نووسەری هێژا و زۆرێک لە خوێندکارەکانی زانکۆکان و ئەدەب دۆستان بەشدارییان کردبوو و وەک پەنێلێکی ئەدەبییش ؛سێ بسپۆڕی ئەدەبیات و ڕەخنەگر بەڕێزان دوکتۆر بەیان عەزیزی ، دوکتۆر کامبیز کەریمی و دوکتۆر عەلی سەهامی کتێبەکەیان ناساند و هەڵیانسەنگاند .
مامۆستا کامبیز کەریمی پێی وابوو کە ئەم کتێبە هەر لە پێشەکیە شێعراوییەکەی، خۆی لە هاوجیلەکان و هاودەورەکانی خۆی جیا کردوەتەوە و ئەدەبیات بە تاقە ڕێگەی نەجات دەزانێت و پاشتر وتی هەڵمێکی گەوجی بەنەوش هەم لە بارەی ناوەڕۆکەوە جیاوازە و هەم لە باری فۆڕمیکیشەوە قسەی پێیە و دەبێ وەک کارێکی نوێ و باش بخوێنرێتەوە .
دوکتۆر سەهامییش ئاماژەی بە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شێعرەکان کرد و گوتی هەڵمێکی گەوجی بەنەوش هەر لە یەکەم شێعرەکەیەوە جۆرێک دەست پێ دەکات کە بەردەنگ وای لێ دێ بوەستێت و درێژە بدا بە خوێندن تا بزانێت چی ڕوو دەدات و پاشتر گوتی ئەم بەرهەمە بە کەڵک وەرگترن لە هەمباری مەعریفەتی و زانستی پێشووی شاعێر و بەردەنگ وکۆمەڵگا و کۆڵێک ئووستوورە دەیەوێت وێنەیەکی زیندوو لە خۆی و کۆمەڵگای خۆی درووست بکات و پیشانی بدات، پاشان باسی وشەسازییەکانی شاعێر و بڕێ کاتیش دەرچوون لە نەریتە ڕێزمانییەکان بە شێوەیەکی جوانی کرد و پێیان بوو کە ئەم بەرهەمە لە باری فۆڕمیشەوە ئاخناوە لە تێکنیک و جوانیسازیی فۆڕمی.
دوکتۆر بەیان عەزیزیش بە ئاماژە کردن بە پێنج خاڵی سەرەکی ئەم بەرهەمە گوتەکانی خۆی پێشکەش کرد ۱: لەخۆ گرتنی مانا ۲: ئاخناو لە ڕەمزی کرداریی ۳: ڕەمزی کولتووری ۴: بەردەنگ و کارکردی ۵: ڕەمزی هێمایی .
لە نێوان قسەکانیش شاعێر هەڤاڵ چەند شێعرێکی خۆی پێشکەشی میوانەکان کرد.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.